پاشەکشە لە دەرگاوەو هاتنەژورەوەی ئەمریکا لە پەنجەرەوە

Draw Media

2022-07-17 19:07:44



د.خالید هاشم: ڕاپۆرتی ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوە پلاندانان
لە عەرەبییەوە: درەو میدیا

سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا "جۆ بایدن" بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی (13 – 16 ی تەموزی 2022)، دەکرێت خاڵی وەرچەرخان سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بێت بەرامبەر ناوچەکە. جارێکی تر ناوچەکە ببێتەوە جێی بایەخی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا،  بەتایبەت دەربارەی کۆمەڵێک کەیسی گرنگی پشتگوێخراو کە بوماوەیەکی درێژە ئەمریکییەکان گرنگییەکی ئەوتۆیان پێی نەدەدا بەدیاریکراویش لە سەردەمی "باراک ئۆباما" و ساڵی (2008)ەوە بەدواوە.
لەلایەکی ترەوە ئامادەگی عێراق بەنوێنەرایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران ئاماژەیە بە وەرچەرخانی گرنگ لەپەیوەندی عێراق و ئەمریکا لەلایەک و وڵاتانی عەرەبیش لەلایەکی ترەوە، چونکە عێراق ماوەیەکی دورودرێژە بەشداری لە لووتکەیەکی وەهادا نەکردووە، ماوەیەکی زۆرە عێراق لەپەراوێزدایەو نەیتوانیوە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بگێڕێت کە لەگەڵ توانا ئابووریی و سیاسیە مەزنەکەی هەیەتی بگونجێت.
ئەمە جگە لەوەی "جۆ بایدن" لە دوایین بانگەشەی هەڵبژاردنەوە خۆی لە قسەکردن لەسەر پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوور گرتووە، جگە لە چەند حاڵەتێکی کەم نەبێت، وەک دۆسیەی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کە "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆکی پێشوو لە ساڵی (2018) لێی کشایەوە و ئەم هەڵوێستەی بایدن تا ئەم دواییانە بەردەوام بوو .
هه‌روه‌ها لە هەمان ئه‌م چوارچێوه‌یه‌دا، عێراق چیتر له‌ ئه‌جێندای ئه‌مریكادا ئامادەییەکی ئەوتۆی نەمابوو، ئەگەر پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادا بکەین، کە هەر چوار ساڵ جارێک بۆ دیاریکردنی ئەولەویەت و ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهانی دەردەچێت، بۆمان دەردەکەوێت کە عێراق لەو بەڵگەنامەیەدا ئامادە نییە. لە بەڵگەنامەکانی ئاسایشی نیشتمانی 2010 و 2014 و پاشان 2018 و 2022، خوێنەری ئەو بەڵگەنامەیە بوونی عێراق بە پەراوێز دەبینێت لە پرسە تایبەتەکانی پەیوەست بە تیرۆر، یان ئەوەی عێراق سەرچاوەی مەترسی نییە، هەر بۆیەش عێراق ماوەیەکی زۆرە لە ئەولەویەتەکانی ئەمریکادا ئامادەنەبووە.
ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو خواست و مەیلە ئەمریکییە بوو کە گرنگی بە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی نەدات، ئەم قەناعەتەش لە نێو ژمارەیەک بازنەی بڕیاردانی ئەمریکی ڕەنگیدابوویەوە، کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا کەمتر گرنگ هەیە، و چیتر ئەو گرنگییە ڕێژەییەی نییە کە پێشتر بۆ سیاسەتی ئەمریکا هەیبوو، تێڕوانینەشیان کۆمەڵێک هۆکاری لە پشتەوەبوو ئەوانیش؛
1.    كەمبوونەوەی پێویستی ئەمریكا بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەم بەهۆی هەمەچەشنكردنی سەرچاوەی هاوردەكردنی نەوتەوە، هەمیش بەهۆی پشتبەستنی زۆری بە سەرچاوەكانی دەرەوەی ناوچەی كەنداوی عەرەبی. وەک کەنەدا و مەکسیک و نەیجیریا، هەروەها دۆزینەوە زەبەلاحەکانی ئەو وزەیەی کە پێی دەوترێت  نەوتی بەردین (زەیتی سەخەری) لە ئەمریکا، و دەستپێکردنی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی بە ستانداردی ئابووری، (ئەمریکا ئێستا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا بە تێکڕای 18 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا)، ئەمەش وایکرد ئەمریکا بگاتە حاڵەتێکی خۆبژێوی وزە، بەپێی خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەدرێت کە ئەمریکا دەبێتە هەناردەکاری نەوت لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٥ تا ٢٠٣٠، پاشان پێویست بە هاوردەکردنی نەوت لە دەرەوە ناکات، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
2.    پاشەکشەکردن لە بایەخە زۆرەکانی ئەمریکا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستراوەتەوە بە ئاراستەکانی ڕای گشتی ئەمریکاوە کە چیتر وەک جاران پەرۆشیان نییە سەبارەت بە دەستێوەردانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا یان چالاکیەکی زۆر تێیدا، بەهۆی ئەو تێچووە ئابووری و مرۆییەی کە ئەمریکا لە لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی بۆ سەر عێراق دای،  ئەمەش بە ڕوونی لە ڕۆڵ و کاریگەریی سنوورداری ئەمریکا لە سەردەمی دوای بەهاری عەرەبیدا دیار بوو سەرباری ئەوەی بەشێکی بەرفراوانی ڕای گشتی لە وڵاتانی عەرەبی و هێزە سیاسییە جۆراوجۆرەکان هەر ڕۆڵێکیان بۆ ئەمریکا ڕەتکردەوە و بە بێمتمانە و گوماناوی لە نیەتەکانی وەسفیان دەکرد.
واتە: تێگەیشتنێکی ئەمریکی هەیە بۆ ئەو ڕۆڵە سنووردارەی کە دەتوانێت لە ناوچەکەدا بیگێڕێت، سەرباری و پێشوازی لێنەکردنی. پاشان هەندێک بازنەی حکومەتی ئەمریکا، لە نمونەی ئەوانەش وەزارەتی دەرەوە، گەیشتوونەتە قەناعەتێکی لەو جۆرەی کە پێویست ناکات ڕۆڵی زیاتر لەوە بگێڕن کە هەیە.
3.    کەمکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکان. بێگومان ئاستی بەرزی کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا و ئەو فشارانەی کە ئیدارە جیاوازەکانی پێشوو ڕووبەڕوویان بووەتەوە، وایکردووە کە بەشداریکردن لە شەڕە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یان بەردەوامبوون لە دۆخی لەتبوونی ئەمریکادا قورس بێت. جگە لەوەش، زیادبوونی ڕێژەی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووەتە هۆی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئامانجە ستراتیژییەکانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. لە جیاتی ئەو ئامانجە تەقلیدیانەی پەیوەستن بە پاراستنی ڕۆیشتنی نەوت، ئاسایشی ئیسرائیل، پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەریی ڕووسیای میراتگری یەکێتی سۆڤیەت، زیاتر گرنگی بە چۆنیەتی بەدەستهێنانی سەقامگیری لەم ناوچەیەدا بووە، بە پشتیوانیکردن وڵاتانی دۆست لە بەرامبەر سەرهەڵدانی بزووتنەوە تیرۆریستییە توندڕەوەکان بەبێ ئەوەی هێزی بەرن و تێوەبگلێن.
سەرەتا بە بەردەوامی پابەندبوون بە بژاردەی بەشدارینەکردن لە ڕووی سەربازییەوە لە ناوچەکەدا، دواتریش گرنگیدان بە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو، نەگرتنەبەری ستراتیژییەکی گشتگیر، پاشان گرنگیدان بەو وڵاتانەی لە ناوچەکەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرس و قەیرانەکانی ناوچەکە ڕاستەوخۆ، ئه‌مه‌ش بووە هۆی گۆڕانی ژینگه‌ی ستراتیجی ناوچه‌كه‌، بۆ نموونه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا، له‌ حاڵه‌تی دوژمنایه‌تییه‌وه‌ بۆ حاڵه‌تی هاوكاری، و دواتریش گواستنه‌وه‌ بۆ ئاستێكی جیاواز كه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ئاساییه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ.
4.    کەمبوونەوەی توندی هەڕەشە تیرۆریستییەکان کە لەم دواییانەدا لە ناوچەکەوە سەرچاوە دەگرن، و سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی تیرۆر کە لە ناوخۆی ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرێت، پەیوەستە بە مەیلی ڕەگەزپەرستیەوە، ئەمانە پاڵنەربوونە لە کشانەوەکە. جگە لەوەش ئیسرائیل چیتر پێویستی بە ئامادەبوونی راستەوخۆی ئەمریکا نییە لە ناوچەکەدا بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی، چونکە هەست بە دۆخێکی ئاسایشی بێ وێنە دەکات کە لە پێشهاتەکانی ناوچەکە لە ساڵانی ڕابردوودا سەرچاوەی گرتووە.
5.    ناتوانرێت ئەو تێڕوانینەی بۆ ئاسیا هەیە جیا بکرێتەوە بەتایبەت مەترسی ئەمریکا لە پەرەسەندنی کاریگەریی چین لەو کیشوەرە، کە دەبێتە هۆی سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی ئەمریکا لەسەر کیشوەرەکە، یان دوورخستنەوەی لە هاوکێشە سیاسییەکان و جێهێشتنی سەرکردایەتییەکەی بۆ چین، ئەمەش بۆ ئەمریکا جێی مەترسییەو پێویستی بە دووبارە دابەشکردنەوەی پلەی بەرژەوەندی و توانا ستراتیژییەکانی ئەمریکا هەیە، بەشیوەی دووربوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیک بوون ئاسیا.
لێرەوە، بایەخپێدانی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاشەکشەکی ڕونی پێوەدیاربوو، لە بەرامبەریشدا، گرنگیپێدانی بۆ كیشوەری ئاسیا زیادی كرد، جا چ بەشداریكردن لە بەرهەمی گەشەكردنی ئابوری بەم كیشوەرە، یان وەستانەوە بەڕووی بەرزبوونەوەی ئاستی كاریگەریە ستراتیژیەکانی چین لەم ناوچەیە، کە هەڕەشە لە بوونی ئەمریکا دەکات لە کیشوەری ئاسیا، بووەتە سەرچاوەی سەرەکی هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا. بۆیە ئێمە ڕووبەڕووی ئەو شتە دەبینەوە کە بە ستراتیژی "هاوسەنگکردنەوە بەرەو ئاسیا و بانسفیک" ناسراوە.
هەر ئەو هۆکارانەو دەکرێت هۆکاری دیکەش هەبن کە ئەمریکا بڕیاریدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنووردار بکات.

بەڵام ئێستا پرسیارەکە ئه‌وه‌یه‌، بۆچی ئیدارەی بایدن بڕیاریدا بگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەردانی ناوچەکە بکات؟

بۆ وه‌ڵامی ئه‌مه‌ دەتوانرێت بڵێین کۆمه‌ڵێک دۆسییه‌ی گەورە هەن کە پاڵ به‌ گەڕانەوەی ئەمریکاوه‌ ده‌نێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەنگە دیارترینیان ئه‌و دۆسییانه‌ بریتی بن لە:

1.    سەرهەڵدانی وزە لە جیهان: هەروەک پێشتر ئاماژه‌ی بۆکرا کەمبوونەوەی پێویستی ئەمریکا بە نەوتی ناوچەکەو نزیکبوونه‌وه‌ی بە خۆبژێوی پاڵنه‌ربوو بۆ جۆرێک له‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؛ به‌ڵام له‌ ئێستادا ئەمەریکا به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا درکی بەوە کردووە کە هێشتا پێویستی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەوەش بەهۆی تێکچوونی دۆخی خستنه‌ڕوو و خواست لەسەر نەوت لە بازاڕی جیهانی و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌کاندا، به‌هۆی ئەو سزایانەی کە بەسەر رووسیادا سەپێندران، کاریگه‌ر‌ی گه‌وره‌یان لەسه‌ر بەرزبوونەوەی خواستی نه‌وت له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا به‌جێهێشت و ده‌ره‌ئه‌نجامه‌که‌شی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی لێکه‌وته‌وه‌ بۆ ئاستێکی پێوانه‌یی، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وانه‌ ڕەنگدانەوەی هەبوو له‌سه‌ر گۆڕانکاری دیدی ئەمریکا، چونکه‌ بووە هۆی شەپۆلێکی بێ وێنەی هەڵاوسان کە بەکارهێنەری ئەمریکی ڕۆژانە پارەی زیاتری بۆ به‌خه‌رج ده‌دات. بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ و  زیاتر له‌وه‌ش چانسی پارتی دیموكرات و "جۆ بایدن"ه‌ بۆ مانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی پارته‌که‌ له‌ كۆنگرێس كه‌ بڕیاره هه‌ڵبژاردنه‌که‌ له‌ تشرینی دووه‌می 2022 به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌که‌ی بێت.
پێشتر لەم جۆرە حاڵەتانەدا ئەمریکا داوای لە دۆستەکانی لە ناوچەکە دەکرد نەوتی زیاتر بخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە لە پێناو پڕکردنەوەی خواست، دواتریش نرخەکەی کەم بکەنەوە، بەڵام ئەمجارەیان جیاوازە لە پێشوو، ئیدارەی بایدن بۆی دەرکەوتووە  سەرکردەکانی ناوچەکە (دەرکەوتنی سەرکردەی نوێی وەک شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان) ئەمجارەیان پێویستیان بە جۆرێک لە هاوسەنگی هەیە ، و قەناعەتێک لەنێو ئەم سەرکردە نوێیانەدا هەیە، کە دەبێت پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بێت، چونکە پێویستی ئەمریکا بە وڵاتانی ناوچەکە کەمتر نییە لە پێویستی وڵاتانی ناوچەکە بە ئەمریکا، بۆیە پێویست بوو بۆ بایدن سەردانی ناوچەکە بکات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی نەوتدا بکات، هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە کە شانشینی سعودیە سەرۆکایەتی دەکات، ئەمجارەیان جیاوازە، و پەیوەستە بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ناوچەکە.
لێرەوە گەڕانەوەی بەرژەوەندی ئەمریکا بۆ ناوچەکە و سەردانەکەی بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەڵامێک بوو بۆ ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، کە خەریکە خۆیان بەسەر گۆڕەپانەکەدا دەسەپێنن.

ئەوەشی سەبارەت بە عێراقە، کە وڵاتێکە خاوەنی توانایەکی گەورەی نەوتە، لە بازاڕەکانی وزەدا لە ئاستی جیهانیدا کێبڕکێ کارێکی گەورەیە، بۆیە دەکرێت عێراق بەشداری بکات لە بەدەستهێنانی سەقامگیری نەوت لەسەر ئاستی جیهان، ئەگەری ئەوە هەیە کە عێراق هاوبەشێکی بەهێز بێت لەم پرسەدا؛ چونکە ئابوورییەکەی وابەستەی نەوتە.
مەلەفی نەوتی عێراق لەو بیرۆكە بنەڕەتی و بەپەلەیە كەمتر نییە كە سەردانەكەی بایدن بۆ سعودیە بڕیاری لەسەر درا. بەڵام رەنگە تایبەتمەندی عێراق زۆر جیاواز بێت لە لایەنەكانی دیكەی كۆبوونەوەكە، بەو پێیەی هێشتا ئەمریكا وەك مەرجەكانی رێككەوتننامەی ئاسایشی ئەمریكا و عێراقی ساڵی (2008) لە عێراق دەڕوانێت، کە ڕێککەوتنەکان وێنەی عێراق بەرتەسک دەکەنەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیداو لە قاڵبی دەدەن، جا چ ڕێککەوتنی ئەمنی بێت، چ ئابووری بێت یان ستراتیژی، بەتایبەت ئەو گرێبەستانەی کە حکومەتی عێراق لەگەڵ چین لە بواری وەبەرهێنانی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی ئابووریدا واژۆیان کردووە، خواستی ئەمریکای لەسەر نەبووە. هەر بۆیە بینیمان ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێنەپڕی بە "عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق" لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لێرەدا مەلەفی وزە و وەبەرهێنان و ئابووری ئامادەیە لە بازنەی گرنگیدانی ئەمریکا بە سەردانەکەی بایدن بۆ ناوچەکە و یەکێک لە ئامانجەکانی کۆبوونەوەکە. لێرەدا دۆسییەی وزە و وەبەرهێنان و ئابوری لە چوارچێوەی پرسە جێبایەخەکانی ئەمریکاو سەردانەکەی بایدن بوو بۆ ناوچەکە و یەکێک لە ئامانجەکانی چاوپێککەوتنەکانی بووە.

2.    پرسی ئێران: پێدەچێت دانوستانەکانی ڤییەننا کە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەستی پێکرد، گەیشتبێتە بنبەست و لایەنە جۆربەجۆرەکانیش دەستیان کردووە بە گەڕان بە دوای شوێنێکی بەدیلدا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە دۆحەی پایتەختی قەتەر شوێنی بەدیل دەبێت بۆ کۆبوونەوە ناڕاستەوخۆکان، لە نێوان واشنتۆن و تاران، کە جارێکی دیکە هیوای بەبەر ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنی نێوانیان کردەوە.
لەم کەش و هەوایەدا، سەردانەکەی بایدن بۆ ناوچەکە بە مەبەستی دڵنیاکردنەوەی دۆستەکانی ئەمریکا دێت، کە لەوانەیە ئیحتیفازیان هەبێت سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان لەسەری، کە ئەنجامەکەی بەکارهێنانی داهاتی نەوتی ئێرانە بۆ زیادکردنی چالاکییەکانی و ئەوانیش بە مەترسی لەسەر سەقامگیری وڵاتانی خۆیان و ناوچەکەی دەزانن.
لەنێو ئەو پەیامانەی کە بایدن لەگەڵ خۆیدا هێنابووی ئەوەیە ئەوە هەبوو کە لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا، دۆستەکانی ئەمریکا دڵنیا دەکاتەوە، کۆمەڵێک بەدیل تاوتوێ دەکرێت، وەک مانەوەی گەمارۆکانی سەپێنراوەکانی سەر ئێران، زیادکردنی هاریکاری سەربازی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هەر هەڕەشەیەکی ئێران بۆ سەریان، وەک دامەزراندنی سیستەمێکی ئاسمانی. یەکگرتوو لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا؛ بۆ بەرەنگاربوونەوەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەڕەشەکانی تر، و دامەزراندنی تۆڕێکی چاودێری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.
سەبارەت بە عێراقیش، ئەگەری ئەوە هەیە ئەمجارەیان بە بەهێزی ئامادە بێت لە کۆبوونەوەکانی لوتکەدا کە بە ئامادەبوونی بایدن بەڕێوەدەچێت، بە مومارەسەکردنی ڕۆڵی نێوەندگیری؛ بەمەبەستی هێنانەدی بۆچوونی نزیکتر لەسەر دۆسیە مشتومڕئامێزەکانی نێوان سعودیە، کە نوێنەرایەتی وڵاتانی کەنداو دەکات، لە لایەکەوە، وڵاتی ئێران لە لایەکی ترەوە. ئەمەش بە ڕوونی لە هەردوو سەردانە یەک لە دوای یەکەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سعودیە و ئێران دەرکەوت. لەناو هەواڵەکاندا ئەوە هەبوو کە کازمی لە سەردانەکەیدا تاوتوێی ئەجێندای لوتکەی داهاتووی ڕیازی کردووە، واتە عێراق لەگەڵ میحوەرێک یان میحوەرێکی تردا نابێت، هەروەها خاڵێکی بەهێز و سەرنجڕاکێشە بۆ عێراق کە ئەو ڕۆڵە بگێڕێت کە چەندین ساڵە نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵەی نێودەوڵەتییەی هەبێت، ئەمەش عێراق دەپارێزێت لە هەر کاردانەوەیەک، ئەگەر ململانێ یان ناکۆکییەکی ناوچەیی لە داهاتوودا ڕووبدات.

3.    گەڕانەوەی ئەمریکاو سەرلەنوێ بایەخدان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بنەمایەک بۆ هاریکاریی ناوچەیی: لە ئەنجامی پاشەکشەی ڕۆڵی ناوچەیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ کە بووە هۆی سەرهەڵدانی بۆشایییەک کە هەردوو وڵاتی چین و ڕووسیا بەدوای پڕکردنەوەیدا دەگەڕێن، بۆیە ئەمریکا هەوڵدەدات هاوپەیمانی وڵاتە دۆستەکانی بکات لە ناوچەکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی سەرهەڵداوە و ئەمەش دوای زیادبوونی هەژموونی وڵاتانی ئێران و تورکیا لە ناوچەکەدا لە ساڵانی ڕابردوودا، و گۆڕینی پێکهاتەیی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی؛ بەهۆی ڕێککەوتنی ئاشتی ئیبراهیمی. بۆیە بیرۆکەی سەرلەنوێ بەیەخدانەوەی ئەمریکا بە ناوچەکە _لە نێویشیاندا ئیسرائیل_ دەستی پێکردەوە، ئەم ئاراستەیەش وا سەرهەڵداوە جارێک ئیسرائیل بخرێتە نێو سیستمێکی پارێزگاری ئەمریکاوە لە دەرەوە، جارێکیش ببێتە هۆی زیادکردنی هاوکاری نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە لە پرۆژە دوو قۆڵییەکاندا. 
ئیدارەی بایدن کار بۆ تەسککردنەوەی بۆشای و  ناکۆکەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکات سەبارەت بە دیاریکردنی سنووری دەریایی نێوانیان؛ بۆ ئاسانکاری لە گەڕان بەدوای غازدا لە ناوچەکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هەروەها ئەمریکا پشتگیری لە پلانەکانی هاریکاری نێوان میسر و ئیسرائیل و یەکێتی ئەوروپا دەکات؛ بۆ هەناردەکردنی غاز بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.
سه‌ردانه‌كه‌ی بایدن بۆ سعودیه‌ش شاهیدی به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لوتكه‌دا ده‌بێت كه‌ شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز بانگهێشتی كردووه‌، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاوكاری كه‌نداو و شای ئوردن و سه‌رۆكی كۆماری عه‌ره‌بی میسر و سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق وەزیر.
سه‌ردانه‌كه‌ی بایدن بۆ سعودیه‌ش لە‌ سەر بانگهێشتی شا سه‌لمان بن عەبدولعەزیز ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لوتکە به‌ ئاماده‌بوونی سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاوكاری كه‌نداو و شای ئوردن و سه‌رۆكی كۆماری عه‌ره‌بی میسر و سه‌رۆك وەزیرانی حكومه‌تی عێراق گەواهی ئەو ڕاستییەن.

سەبارەت بە پێگەی عێراق له نێو ئەو هاریكارییه ناوچەییەی كه لەلایەن ئەمریكاوه دادەمەزرێنرێت، ئەمریكا تا ئێستاش له كۆمەڵێك بنكەی سەربازی لە عێراق هەیە و پارێزگاری لێ دەكات، كه توانای كاریگەری راستەوخۆیان له سەر هاوسەنگی هاوكێشە ئەمنیەكان له ناوچەكەدا هەیه، کە شەرعیەت دروست دەکات بۆ بوونی ڕێککەوتنی ئەمنیی ئەمریکا و عێراقی لە هەمان کاتدا خزانی عێراق بۆ نێو ڕێککەوتنێکی گەورەتر لەسەر ئاستی ناوچەکە.
لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا لەدەرەوەی ئەو پاڵنەردانە نەبوو کە بووە هۆی لێکنزیکبوونەوەو ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی عێراق و میسر و ئوردن لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی چوار لوتکەی هاوبەشەوە کە لە قاهیرەی ٢٠١٩ دەستی پێکرد و بووە هۆی پێکهێنانی ئەنجومەنێکی هاوبەشی ئەو سێ وڵاتە، دووەمیان لە ئەمریکا لە ئەیلوولی 2019، سێیەمیان لە عەمان 2020، چوارەمیان لە بەغدا 2021، وزە و بازرگانی و وەبەرهێنان بووە ناونیشانیانی لێکنزیکبوونەوەکان، کە ناوی "شامی نوێ"ی لێنرا.
بۆیە دەتوانرێت بوترێت ڕەنگە ئەو نەزمە نوێیەی جیهانی کە ئەمریکا دەیەوێت سەرکردایەتی بکات. دانانی هێڵ بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز لە عێراقەوە بۆ ناوچەی کەنداوی عەقەبەی ئوردن لەسەر دەریای سوور، و لەوێشەوە بۆ میسر، پاشان بۆ بازاڕە جیهانییەکان لەگەڵ هاوبەشی ئەمریکی بەدواداچوونی بۆرییەکانی نەوت و گاز بێت.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand