Draw Media

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی "ناردنی پارەی بۆ هەرێم هەڵوەشاندەوە"

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی "ناردنی پارەی بۆ هەرێم هەڵوەشاندەوە"

2023-01-25 12:01:40


(درەو): 
دوای بڕیارەكەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان، لە گورزێكی نوێدا ، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی بۆ ناردنی پارەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە (نادروست) لێكدایەوە. 
لەسەر سكاڵای مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە (نادروستبوونی) بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، بەو بڕیارەشەوە كە تایبەتە بە (200 ملیار) دینارەكەی پشكی هەرێمی كوردستان. 
ئەم هەنگاوەی دادگای فیدراڵی لەكاتێكدایە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی سەبارەت بە پشكی هەرێم لە بودجەی 2023ی عێراقدا‌و بڕیارە مانگی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەكە بگاتە پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكردنی. 
بەمدواییە فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بڕی (400 ملیار) دیناری پشكی هەرێم بۆ دوو مانگ خەرج بكات، بەڵام تائێستا پارەكە نەگەیشتووە‌و پێدەچێت بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە كێشەی زیاتر بۆ ناردنی پارەكە دروست ببێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی نەوت‌و بەشە بودجەی هەرێمەوە لەگەڵ حكومەتی ناوەند ناكۆكە، ئەم ناكۆكییە چەند ساڵێكە بووە بە تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدادو لە بایەخی كەیسی ناوچە كێشە لەسەرەكانی كەمكردوەتەوە. 
شوباتی ساڵی رابردوو كاتێك پارتی‌و یەكێتی دابەشبوون بەسەر جەمسەرە ناكۆكەكانی ناو ماڵی شیعەدا، دادگای فیدراڵی دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، بەشێوەیەكی كتوپڕ حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵایەكەوە دەركرد كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوەی لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم تۆمار كرابوو. 
بەپێی ئەو حوكمە، دادگای فیدراڵی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە‌و داوا دەكات هەرێم نەوت‌و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات. 
لە ساڵی 2014وە هەرێمی كوردستان دەستیكرد بە جێبەجێكردنی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"، لەچوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا، دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداد، حكومەتی هەرێم دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ، لەوكاتەوە بەرپرسانی عێراقی لەدژی هەرێم كەوتنە جوڵەو دەڵێن هەرێم بەپێی دەستوری مافی ئەوەی نییە بەشێوەی سەربەخۆ نەوت بفرۆششێت. 
حكومەتی هەرێم دان بە بڕیارەكەی مانگی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵیدا نانێت‌و بە بڕیارێكی "سیاسی" ناوی دەبات، ئەمە یەكێكە لەو كێشانەی كە بە میرات بۆ كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی بەجێماوە. 
پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بەشدارن لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق‌و بەپێی ئەو رێككەوتنەی لایەنە بەشدارەكانی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی كردویانە، دەبێت لەماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەكاربوونی كابینەكە، یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی، محەمەد شیاع سودانی دەڵێ من لەتوانامدا نییە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەدژی هەرێمی كوردستان هەڵوەشێنمەوە، بۆیە تاكە چارەسەر ئەوەیە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دەربچێت‌و لەو یاسایەدا دەسەڵاتی هەریەكە لە حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم بەسەر سامانی نەوت‌و غازدا دیاری بكرێت. 
نیوەی ئەو كاتەی كە بۆ ناردنی یاساكە بۆ پەرلەمان دیاریكراوە، تەواو بووە‌و هێشتا كابینەی محەمەد شیاع سودانی رەشنوسی یاساكەی ئامادە نەكردووە. 
بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكی لایەنەكانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا كە پێكهێنەرەكانی حكومەتن، گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ كرا، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) لەو كۆبونەوەیەدا سەرەتای ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەبارەی یاساكە دەركەوتووە، یەكێتی داوا دەكات لە یاساكەدا مافی ئەوە بە پارێزگاكان بدرێت مامەڵەی سەربەخۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەنددا بكەن.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand