Draw Media

هەرێم لەبەردەم شەپۆلی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیدا

هەرێم لەبەردەم شەپۆلی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیدا

2023-01-26 10:31:20


راپۆرت: درەو 
مەسرور بارزانی بەمدواییە كە لە بەغداد گەڕایەوە گەشبین بوو، بەڵام دوێنێ رەشبینی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی باڵی بەسەر پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغدادا كێشایەوە، دوای بڕیارەكەی بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە حكومەتی عێراق، دادگای فیدراڵی ناردنی هەر بڕەپارەیەكی لە بەغدادەوە بۆ هەرێم راگرت، ئەم دۆخە نوێیە رەنگە پەسەندكردنی بودجەی 2023ی عێراق دوابخات‌و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد بباتە قۆناغێكی نوێوە، بەتایبەتیش هێشتا كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەسەر مێزی دادگایە‌و كۆتایی ئەم مانگە یەكلادەكرێتەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
 
كورد لەناو ناكۆكییەكانی شیعەدا 
هەرێمی كوردستان لەبەردەم شەپۆلێك بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقدا خەریكە  بەتەواوەتی لە  پەلوپۆ دەخرێت. 
سەرەتای جوڵەكانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی كوردستان لەوكاتەوە دەستیپێكرد كە بۆ یەكەمجار لە مێژووی عێراقی دوای كەوتنی سەددامدا، پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو لایەنی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بوون بە بەشێك لە كێشەو ناكۆییەكانی ناو ماڵی شیعە. 
ئۆكتۆبەری 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیی لە عێراق بەڕێوەچوو، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ماڵی شیعەی دابەشكرد بەسەر  دوو جەمسەردا، جەمسەری (موقتەدا سەدر) وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن‌و  جەمسەری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەممار حەكیم+ حەیدەر عەبادی)، جەمسەری یەكەم بە ئاڕاستەی دووركەوتنەوە لە ئێران‌و رۆیشتن بەرەو خولگە عەرەبییەكە، جەمسەری دووەمیش هاوپەیمانی نەریتی ئێران‌و مانەوە لەسەر هێڵە كۆنەكە. 
دابەشبوونەكەی ناو ماڵی شیعە، هەزوو كوردیشی دابەشكردەوە، پارتی لەگەڵ سەدرو یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی رۆیشتن. 
لەسەرو بەندی ئەو جەمسەرگیرییەدا كە پرۆسەی سیاسی لە عێراق پەكخستبوو، دادگای باڵای فیدراڵی دوای 10 ساڵ راگرتن، بەشێوەیەكی كتوپڕ حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵایەك یەكلاكردەوە كە وەزارەتی نەوتی عێراق لە ساڵی (2012)دا سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تۆماریكردبوو. 
دادگای فیدراڵی لە رۆژی 15ی شوباتی 2022دا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان‌و پابەندكردنی هەرێم بە رادەستكردنی نەوت‌و غازەكەی بە بەغداد. 
لەدوای كەوتنی سەددامەوە، ئەمە گەورەترین گورز بوو كە دادگای فیدراڵی لە حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەشاند، دادگایەك كە بەپێی دەستور ناتوانرێت تانە لە بڕیارو حوكمەكانی بدرێت. 
بەهۆی دابەشبوونی پارتی‌و یەكێتییەوە بەسەر ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعەدا، لەماوەی (40) رۆژداو لەنێوان 25ی كانونی دووەمی 2022وە بۆ 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی (7) بڕیاری دەركرد كە (4) بڕیان بە دیاریكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و لەرێگەی پارتیشەوە هەرێمی كوردستانی كردە ئامانج، بەتایبەتیش بڕیارەكەی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم.

نامەكەی مەسرور بارزانی بۆ بایدن 
حكومەتی ماوەتەوابووی مستەفا كازمی لەرێگەی وەزارەتی نەوتەوە دەستیكرد بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان.
دوای چەند چەندجارێك گفتوگۆ لەگەڵ وەفدی هەرێم لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیی، رۆژی 24ی ئازاری 2022 وەزارەتی نەوت پرۆژەیەكی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كرۆكی پرۆژەكە بریتی بوو لە: 
•    دروستكردنی كۆمپانیایەك بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیاكە ناوی لێبنرێت (KROC)، حكومەتی فیدراڵ خاوەندارێتی لێبكات، بەڵام بارەگا سەرەكییەكەی لە هەولێر بێت، لە یەكێك لە بانكە نێودەوڵەتییە متمانەپێكراوەكان حسابێك بكرێتەوە‌و داهاتی نەوت‌و غازی هەرێم بخرێتەسەر ئەو حساب بانكییە، بەپێی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا، لەو حساب بانكییە پارە بە هەرێمی كوردستان بدرێت.  
دوای ئەوەی هەرێم پرۆژەكەی رەتكردەوە، وەزارەتی نەوت دەستیكرد بە ناردنی ئیمێڵ بۆ ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی كوردستان كاریان دەكرد، داوای لێكردن گرێبەستی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق نوێ بكەنەوە، ئەگەر نا حكومەتی عێراق دەیانخاتە لیستی رەشەوە. 
ئیمێڵە بەردەوامەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خستە ژێر فشاری كۆمپانیاكانی نەوتەوە، مەسرور بارزانی لە تەموزی 2022دا بە ناچاری نامەیەكی بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا نوسی (لەوكاتەدا بایدن بە گەشتێك هاتە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست). 
نامەكەی مەسرور بارزانی كاریگەریی بەجێهێشت، لەسەر داوای ئەمریكییەكان حكومەتی مستەفا كازمی رێوشوێنەكانی دژی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان راگرت، تا ئەوكاتەی هەولێرو بەغداد لە پرۆژەیاسای بودجەی 2023دا چارەسەر بۆ بڕیارەكەی شوباتی دادگای فیدراڵی دەدۆزنەوە، واتە ئەوەی ئێستا روودەدات كێشەیەكی چارەسەرنەكراوی پێشترە كە لە بەغدادەوە زیندوكراوەتەوە.

نەوتی هەرێم لەنێوان عێراق‌و توركیادا  
بابەتەكە تەنیا پەیوەندیدار نییە بە هەرێمی كوردستانەوە، لەم پرسەدا توركیاش تێوەگلاوە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە دادگای پاریسی نێودەوڵەتی سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە‌و تۆمەتباری كردووە بەوەی بەبێ مۆڵەتی حكومەتی عێراق بۆری عێراق- توركیای لەناو خاكی توركیا بەكارهێناوە بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، رەنگە توركیا هۆكارە سەرەكییەكە بێت كە ئەمریكییەكان دەستوەردانیان كرد بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تا ئەوكاتەی بەرێككەوتن كێشەكە یەكلادەكرێتەوە.
رۆژی 23ی ئایاری 2022 هەوڵەكانی حكومەتی عێراق دژی هەرێمی كوردستان گەیشتە ئاستێك، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی پێشووی عێراق، باڵیۆزی توركیای بانگهێشت كرد‌و پێی وت" ئەگەر توركیا پابەند نەبێت، ئەوا داوا یاساییەكەی 2015ی بۆ زیندوو دەكرێتەوە كە عێراق لە دادگای پاریس لە دژی توركیا تۆماری كردووە". 
حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكات، دۆسیەكە لە دادگا لە یەكلایبوونەوەی نزیكبوەتەوە، عادل عەبدولمەهدی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرت‌و دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیا‌و هەرێمی كوردستان، بەڵام كەیسەكە دانەخراوە‌و هەڕەشەیە لەسەر توركیا.
بەرپرسانی توركیا دەیانەوێت هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر توركیا بكێشێتەوە‌و رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە جگە لە پەیوەندی ئابوری، كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)‌و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت

موچە لەدوای نەوت !
دوای جڵەوكردنی نەوت‌و غازی هەرێم بە بڕیارەكەی ناوەڕاستی شوباتی 2022، دوێنێ دادگای فیدراڵی بە بڕیارێكی نوێ، ناردنی بەشە بودجە‌و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بە بڕیارێكی تر جڵەو كردو رایگرت، ئەمە دووەم گورزی یاسایی بوو لە بەغدادەوە ئاڕاستەی هەولێر كرا.  
لەسەر سكاڵای مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (خۆی وەكو پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ دەناسێنێت، بەڵام دەوترێت نزیكە لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی)، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە (نادروستبوونی) بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، بەو بڕیارەشەوە كە تایبەتە بە (200 ملیار) دینارەكەی پشكی هەرێمی كوردستان. 
ئەم هەنگاوەی دادگای فیدراڵی لەكاتێكدایە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی سەبارەت بە پشكی هەرێم لە بودجەی 2023ی عێراقدا‌و بڕیارە مانگی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەكە بگاتە پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكردنی. 
بەمدواییە فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بڕی (400 ملیار) دیناری پشكی هەرێم بۆ دوو مانگ خەرج بكات، بەڵام تائێستا پارەكە نەگەیشتووە‌و پێدەچێت بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە كێشەی زیاتر بۆ ناردنی پارەكە دروست ببێت‌و پێشبینی دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەی 2023 لەئارادایە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی نەوت‌و بەشە بودجەی هەرێمەوە لەگەڵ حكومەتی ناوەند ناكۆكە، ئەم ناكۆكییە چەند ساڵێكە بووە بە تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدادو لە بایەخی كەیسی ناوچە كێشە لەسەرەكانی كەمكردوەتەوە. 

لێكەوتەكانی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ" 
لە ساڵی 2014وە هەرێمی كوردستان دەستیكرد بە جێبەجێكردنی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"، لەچوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا، دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداد، حكومەتی هەرێم دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ، لەوكاتەوە بەرپرسانی عێراقی لەدژی هەرێم كەوتنە جوڵەو دەڵێن هەرێم بەپێی دەستوری مافی ئەوەی نییە بەشێوەی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت. 
حكومەتی هەرێم دان بە بڕیارەكەی مانگی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵیدا نانێت‌و بە بڕیارێكی "سیاسی" ناوی دەبات، بڕیارەكەی دوێنێی داگاكەشی رەتكردەوە. 
كێشەی نەوت‌و بودجەی هەرێم یەكێكە لەو كێشانەی كە بە میرات بۆ كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی بەجێماوە. 
پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو هێزی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بەشدارن لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق‌و بەپێی ئەو رێككەوتنەی لایەنە بەشدارەكانی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی كردویانە، دەبێت لەماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەكاربوونی كابینەكە، یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی، محەمەد شیاع سودانی دەڵێ من لەتوانامدا نییە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەدژی هەرێمی كوردستان هەڵوەشێنمەوە، بۆیە تاكە چارەسەر ئەوەیە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ دەربچێت‌و لەو یاسایەدا دەسەڵاتی هەریەكە لە حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم بەسەر سامانی نەوت‌و غازدا دیاری بكرێت. 
نیوەی ئەو كاتەی كە بۆ ناردنی یاساكە بۆ پەرلەمان دیاریكراوە، تەواو بووە‌و هێشتا كابینەی محەمەد شیاع سودانی رەشنوسی یاساكەی ئامادە نەكردووە. 
بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكی لایەنەكانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا كە پێكهێنەرەكانی حكومەتن، گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ كرا، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) لەو كۆبونەوەیەدا سەرەتای ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەبارەی یاساكە دەركەوتووە، یەكێتی داوا دەكات لە یاساكەدا مافی ئەوە بە پارێزگاكان بدرێت مامەڵەی سەربەخۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەنددا بكەن.
پارتی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی دەستی هەبووە لە دەركردنی بڕیارەكەی دوێنێی دادگای فیدراڵیدا سەبارەت بە راگرتنی ناردنی پارە لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان، جگە لە یەكێتیی، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دادگای فیدراڵی بەوە تۆمەتبار دەكات بڕیارەكانی "ئێران" لەدژی هەرێم جێبەجێ دەكات.   

هەرێم لەبەردەم چەند بڕیارێكی تری دادگادا 
رادەستكردنی نەوت‌و راگرتنی ناردنی بودجە لە بەغدادەوە دواین‌و كۆتا حوكم نییە كە لە دادگای فیدراڵییەوە دژی هەرێمی كوردستان دەربچێت، چەند كەسێكی تر سەبارەت بە هەرێم لەسەر مێزی دادگای فیدراڵییە‌و رۆژانی داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدات، لەوانە: 
•    سكاڵایەكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و (یوسف محەمەد سادق) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی ئەم سكاڵایەوە دواخستووە بۆ رۆژی (31)ی ئەم مانگە‌و پێشبینی دەكرێت دادگا دژی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بڕیار بدات‌و ئەمەش هێندەی تر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد ئاڵۆز دەكات. 
•    سكاڵایەك كە بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی ماددە خۆراكییەكان لەسەر (كەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە (پێدانەدانەوەی پارەی فرۆشتنی كۆبونی خۆراك لە ساڵی 2014وە بۆ 2021)، دادگا یەكلاكردنەوەی ئەم كەیسەی لەسەر هەرێمی كوردستان بۆ رۆژی 30ی ئەم مانگە دواخستووە‌و لەحاڵەتی یەكلاكردنەوەیدا رەنگە هەرێمی كوردستان بخاتە ژێر قەرزێكی نوێی بەغدادەوە، ئەمەش هێندەی تر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد ئاڵۆز دەكات.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand