Draw Media

ئەمریكاو خۆرئاوا چەكەكانیان لە ئۆكرانیا تاقیدەكەنەوە

ئەمریكاو خۆرئاوا چەكەكانیان لە ئۆكرانیا تاقیدەكەنەوە

2023-01-17 07:34:10


درەو:

 ئۆكرانیا, بۆ ئەمریكاو خۆرئاواییەكان بەر لەوەی هێڵی پێشەوەی بەریەكەوتنی ناڕاستەوخۆی ڕوسیاو هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)بێت, تاقیگەیەكی گرنگی تاقیكردنەوەی تواناو كاریگەری چەك و كەرەستە سەربازییەكانیانە, كە پەیتاپەیتا ڕەوانەی سوپای ئۆكرانیای دەكەن, وێڕای هەڵسەنگاندنی توانای سەربازییەكانی ڕوسیا, دەرفەتێكی گرنگیشی بۆ ڕەخساندون, بۆ سەرلەنوێ‌ برەودان بە پیشەسازی چەك و سود وەرگرتن لەكەمكوڕییەكان. 

جەنگی ئۆكرانیا, دەرفەتی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانی ڕەخساند, دیراسەی تواناو كاریگەری ئەو چەك و سیستەمانە بكەن كە پێشكەش بە (كیێڤ)یان كردووە, بەجۆرێك گەرمەی جەنگی نێوان سوپای ڕوسیاو ئۆكرانیا, بۆ ئەوان "تاقیگەی تاقیكردنەوە"ی, توانا سەربازییەكانیان بووە, ئەوەش بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن). 
جەنگی ئۆكرانیا"دەرفەتێكی گونجاو" بوو بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو وڵاتانی خۆرئاوا, بۆ هەڵسەنگاندنی هێزی چەكەكانیان و ئەو سیستمە تایبەتانەی پێشكەشی (كیێڤ)یانكردووە لەسەر زەمینی واقیع, هاوكات دیراسەكردنی چەك و جبەخانەی سەربازیی مۆسكۆ. 
بەگوێرەی سەرچاوەكە, ئەفسەرانی پرۆسەكانی ئەمریكا و بەرپرسانی تری سەربازی, بەدواداچونیان بۆ ئاستی سەركەوتنی ڕوسیا كردووە لە بەكارهێنانی فرۆكەی درۆنی هەرزان بەهای ئێرانی, لەوێرانكردنی ژێرخانی ووزە لە ئۆكرانیا.
تاقیگەی چەكەكان
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەزانیارییە هەواڵگرییەكانی خۆرئاوا ڕایگەیاندووە: "بەدڵنیایی و بەتەواوی ماناكان جەنگ لە ئۆكرانیا تاقیگەی چەكەكانە, لەبەر ئەوەی ئەو چەك و كەرەستانە پێشتر بەكارنەهێنرابوون لەجەنگی نێوان دوو وڵاتی پێشكەوتوو لەڕووی پیشەسازییەوە", وتوشەیەتی: "ئەوە تاقیكردنەوەیە لەجیهانێكی ڕاستەقینەدایە".
بەگوێرەی كەناڵی (سی ئێن ئێن ), جەنگ ئۆكرانیا سەرچاوەیەكی ناوازەبووە بۆ دەرخستنی ئاستی كاریگەری هەندێك لەسیستمەكانی تایبەت بە سوپای ئەمریكا.
ئەفسەرێكی پرۆسەكانی ئەمریكا كە ئاگاداری ڕوداوەكانی جەنگی ئۆكرانیایە وتویەتی: هەندێك لەو سیستمانەی ئەمریكا پێشكشەی (كیێڤ)ی كردووە, لەنمونەی فرۆكەی بێفرۆكەوانی Switchblade 300  و موشەكی ئەندازەكراو بۆ كردنە ئامانجی سیستمی ڕاداری دوژمن, كاریگەرییەكی كەمتر لەچاوەڕوانكراویان هەبووە لەگۆرەپانی جەنگ, هاوكات دیراسەیەكی نوێی سەرنتەری توێژینەوەكانی بەریتانیش ئەمەی دووپاتكردووەتەوە.
لەبەرامبەردا, موشەكی جۆری" M142 هیمارس" سەركەوتنی یەكلاكەرەوەی بەدەستهێناوە, هەروەك بەرپرسان وانەی بەنرخیان لەجەنگەكە دەستكەوتووە, لەبارەی تێكڕای چاككردنەوەی ئەو سیستمانەكە پێوێستیانە, ئەگەر بەشَوەیەكی چڕ بەكاربهێنرێن.    
بەرپرسێكی بەرگری ڕایگەیاندووە: ئەو ڕێگایەی ئۆكرانیا پیادەی كردووە لەبەكارهێنانی موشەكی "هیمارس" كە ژمارەكەی سنورداربووە, بۆ دروستكردنی پشێوی لەڕیزەكانی سوپای ڕوسیا, لەڕێی بوردومانكردنی پێگەكانی سەركردایەتی و گەنجییەكانی پێداوێستی, سەرسوڕهێنەر بووە, ئاماژەی بەوەشكردووە: سەركردە سەربازییەكان بۆ ماوەی چەندین ساڵی تر دیراسەی دەكەن. 
جەنگ لەئۆكرانیا وێنەیەكیشی لەبارەی چۆنییەتی كاركردنی تۆپهاوێژی"هاوتزەر" پێشكەشكردووە, كە بەشێكی گرنگی هێزی ئۆكرانیای پێكهێناوە, بەرپرسێكی تر بەرگری ئاشكرایكردووە: وردی و كاریگەری ئەو تۆپهاوێژانە, كەمدەبنەوە دوای تەقاندنی گولەیەكی زۆر لەماوەیەكی زەمەنی كەمدا.  
لەم باریەوە بەرپرسەكە دەڵێت: یەكێك لەو وانانەی كە ئەمریكا وەریگرتووە لەم ململانێیەدا ئەوەیە " سیستمی هاوتزەر بووە بە بەشێك لەڕابردوو". 
ڕاشیگەیاندووە: وێڕای ئەو كێشەیە, جوڵەپێكردنی ئەو سیستمە بەشێوەیەكی خێرا زۆر قورسە بۆ خۆبەدوورگرتن لە ئاگری دوژمن, لەجیهانێكدا كە فرۆكەی بێقڕۆكەوانی تیادا بڵاوبوتەوە, "زۆر قورسە خۆحەشاردان". 

وانەكانی جەنگ
ئۆكرانییەكان داهێنانێكی تەكتیكیان كردووە, كە بووەتە جێی سەرنجی بەرپرسانی خۆرئاوا, لەنمونەی, سەركردە سەربازییەكانیان لەهەفتەی یەكەمی جەنگدا, چالاكییەكانیان گونجاندووە لەڕێی پێكهێنانی تیمی بچوك لە هێزی پیادە, كە توانیویانە بەهاوكاری موشەكی "ستینگەرو جافلین"ی سەرشان, هێرش بكەنە سەر تانكەكانی ڕوسیا لەكاتی پێشرەِویكردنیاندا. 
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دیراسەی ململانێ و جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆكرانیای كردووە, بۆ بەدەستهێنانی وانەی گەورەتر لەبارەی چۆنییەتی هەڵگیرساندنی جەنگ لەنێوان دوو دەوڵەتی پێشكەوتوو لە سەدەی بیست و یەكدا.
ئەوەی پەبوەستە بە وانە سود لێوەرگیراوەكان, جیم هیمز پەرلەمانتاری دیموكراتەكان لەویلایەتی كۆنیتیكت و ئەندامی لیژنەی هەواڵگری لەئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت:"كتێبێك لەبارەی ئەم بابەتەوە دەنوسرێت".

پێشخستنی پیشەسازی سەربازی
جەنگی ئۆكرانیا "دەرفەتێكی باش"بوو بۆ بازرگان و وەبەرهێنەرە سەربازییە ئەمریكییەكان بۆ دیراسەكردنی پێشخستنی سیستمەكانیان.
كۆمپانیای  ئامادەكردنی پیشەسازییە سەربازییەكان  BAE Systems ڕایگەیاندووە: سەركەوتنی ڕوسیا لەبەكارهێنانی فرۆكەی "كامیكازی", هانیداوە بۆ سەرلەنوێ ئەندازەكردنەوەی ئۆتۆمبیلی جەنگی گولەنەبڕو, قەڵغانەكەی پتەوتركردووە بۆ پاراستنی سەربازەكان, لەهێرشی فرۆكەی بێفڕۆكەوان.
بەپرسانی حكومەتی ئەمریكی لەبواری پیشەسازی سەربازیدا, هەوڵیانداوە بۆ تاقیكردنەوەی سیستم و چارەسەری نوێ‌, بۆ ئەو جەنگەی كە ئۆكرانیا تیایدا پێویستی بەهەموو هاوكارییەكە.
لەڕۆژەكانی یەكەمی جەنگدا, ئاژانسی هەواڵگری جوگرافی نیشتمانی (NGA), كە ئاژانسێكی پشتیوانی هەواڵگری سەربە وەزارەتی بەرگری ئەمریكایە, پێنج فرۆكەی بچوكی نۆڕینی كێش سوك و خاوەن وردییەكی بەرزی ڕەوانەی سەركردایەتی پرۆسە تایبەتەكانی ئەمریكای كردووە لە ئەوروپا, بۆ ئەوەی بیخاتە خزمەتی ئۆكرانیاوە.
ئەو درۆنە نوۆڕینانەی كە كۆمپانییایەك بەناوی Hexagon  دروستیكردون, بەشێك نەبوون لەوەی ناودەبرێت بە تۆماركردن لەوەزارەتی بەرگری, كە ئاماژە بە "سروشتی ئەزموونیی" بۆ جەنگی ڕوسیاو ئۆكرانیا دەكات.
تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن) ڕونیكردووەتەوە, (ڕۆبەرت شارپ) بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری جوگرافی نیشتمانی, بە ئاشكرا لەوكاتەدا قسەی كردووە لەبارەی ئەو فرۆكانە و, ئاشكرایكردووە, ویلایەتە یەككگرتووەكانی ئەمریكا ڕاهێنانی بە "هاوبەشێكی سەربازیی" كردووە لە خۆرئاوا لەسەر ئەو سیستمە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا, چەندین بەرپرسی هەواڵگری و سوپای ئەمریكا هیوایان خواستووە,  كاری لەپێشینەی وەبەرهێنەرانی بواری پیشەسازی چەك ببێتە دروستكردنی فرۆكەی بێفرۆكەوانی كەم تێچوو و لەوانەی بۆ یەكجار بەكاردەهێنرێن, بەوتەی سەرچاوەكە, یەكێك لەو بەرسانە ڕایگەیاندووە:"هیوادارین فرۆكەی بێفرۆكەوانی هێرشبەری یەك ئاراستەیی دروست بكەین كە تێچووەكەی 10 هەزار دۆلار بێت".  

سەرچاوە: الحرە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand