Draw Media

كێ بەرپرسە لە دۆسیەی نەوتی هەرێم ؟ 

كێ بەرپرسە لە دۆسیەی نەوتی هەرێم ؟ 

2023-03-31 12:39:00


 راپۆرت: درەو
لەكاتێكدا هەموو جیهان چاوی لەوەیە حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێككەوتن بكات‌و هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە، لە هەرێمی كوردستان هەموو ئەو دەزگایانەی بۆ ئیدارەی نەوت دیاریكراون ناكاران، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە "وەكالەت" بەڕێوەدەبرێت، ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت‌و غاز لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا یەكجار كۆبوەتەوە‌و ئاشتی هەورامیش كە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە، بێدەنگی هەڵبژاردووە، وردەكاری زیاتر لەبارەی بەڕێوەبردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەم راپۆرتەدا. 

وەفدەكانی هەرێم كێن ؟
ماوەی هەفتەیەكە توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرتووە، ئەمە بووەتە مانشێتی سەرەكی میدیاكانی جیهان. 
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان رێژەی 0,5%ی كۆی گشتی هەناردەی نەوت لەسەر ئاستی جیهان پێكدەهێنێت، راوەستانی هەندێك كاریگەری لەسەر بەهای نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دروستكردووە. 
لەكاتێكدا جیهان چاوی لەسەر گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانە سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، لە هەرێمی كوردستان پۆستە هەستیارەكانی تایبەت بە كەرتی نەوت بەتاڵن و ناكاران. 
لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس‌و راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن توركیاوە، حكومەتی هەرێم دووجار وەفدی ناردووە بۆ بەغداد بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە میكانیزمەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت. 
وەفدی یەكەم 26ی ئەم مانگە سەردانی بەغدادی كرد‌و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبووەوە، وەفدەكە (كەمال محەمەد) وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت سەرۆكایەتی دەكرد‌و پێكهاتبوو لە هەریەكە لە:
•    ئومێد سەباح- سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
•    فارس عیسا- سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغداد
•    شێخ باز- سەرۆكی كۆمپانیای كار (كۆمپانیای كار خاوەنی خاوەنی رێژەی 40%ی بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە، سەرباری ئەمە كێڵگەی "خورمەڵە" كە گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێمە لای كۆمپانیایە) 
سێ رۆژ لەمەوبەر هەر بۆ مەبەستی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، حكومەتی هەرێم وەفدێكی تری ناردەوە بۆ بەغداد، وەفدی ئەمجارە (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی سەرۆكایەتی دەكرد‌و پێكهاتبوو لە هەریەكە لە: 
•    كەمال محەمەد- وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت
•    ئومێد سەباح- سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت‌و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هیچ كامیان پسۆڕییان لەبواری نەوتدا نییە. 
سەرباری ئەمە، لە هەردوو وەفدەكەی حكومەتدا، نوێنەرانی یەكێتی نیشتمانی غائب بوون، تیمی یەكێتیی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران كشاوەتەوە.

وەزیر بەوەكالەت !
كەمال محەمەد وەزیری كارەبایە، لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی (كەمال ئەتروشی)یەوە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەوەكالەت وەرگرتووە، واتا لە یەك كاتدا دوو وەزارەت بەڕێوەدەبات كە هەردووكیان لە قەیراندان، ئەو بڕوانامەی بەكالۆریوسی لە (ئەندازیاری كارەبا)دا هەیە. 
لەساڵی 2005وە لە هەرێمی كوردستان پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دروستكراوە، واتە 18 ساڵە هەرێم وەزارەتی تایبەت بە نەوت‌و غازو سامانە سروشتییەكانی تری هەیە.
لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەنیا دوو وەزیری بەخۆوە بینیوە، یەكەمیان (ئاشتی هەورامی)یە كە ماوەی زیاتر لە (14 ساڵ) وەزیری بووە، ئەوی تریان (كەمال ئەتروشی)یە كە تەنیا ماوەی ساڵێك‌و چوار مانگ لە وەزارەت مایەوە‌و دەستی لەكاركێشایەوە. 
كەمال ئەتروشی رۆژی 6ی كانونی دووەمی 2021 سوێندی یاسایی خواردو دەستبەكاربوو، رۆژی 26ی ئایاری 2022 دەستی لەكاركێشایەوە‌و هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی هێشتا بە ناڕووی ماوەتەوە، نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی بۆ نەخۆشی‌و وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی گەڕاندەوە، بەڵام هەندێك لە سەرچاوەكانی تر لەناو حكومەتەوە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان بۆ دەستوەردان لە كاروباری وەزارەتەكەی لەلایەن كەسە نزیكەكانی مەسرور بارزانییەوە گەڕاندەوە، ئەتروشی لەوكاتەوە تائێستا خۆی هیچ قسەیەكی نەكردووە.  
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم  كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات لە 10ی تەموزی 2019 دەستبەكاربوو، ئەم كابینەیە هەر لەسەرەتاوە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەبەتاڵی بەجێهێشت‌و دوای ساڵ‌و نیوێك پۆستەكەی پڕكردەوە.
رۆژی (5)ی ئۆكتۆبەری 2020 كاتێك لە پەرلەمانی كوردستان پرسیار لە مەسرور بارزانی كرا لەبارەی ئەوەی بۆچی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پڕنەكردوەتەوە، ئەو وتی:" خۆم حەزم دەكرد لە وردەكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاگادار بم، بۆیە پۆستەكەم پڕنەكردوەتەوە.. بەدوای كەسێكدا دەگەڕێم كە جێگەی متمانەبێت بۆ ئەوەی دۆسیەكە بەڕێوەببات". 

وەزارەتی ناو جانتا !
ئاشتی هەورامی كە زیاتر لە 14 ساڵ وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو، ناوێكی ناسراو بوو لای بەرپرسانی عێراقی، بەڵام ئێستا ئیتر ناوی كوژاوەتەوە. 
بێدەنگی ئاشتی هەورامی لەم كاتەدا كە نەوتی هەرێم توشی قەیرانێكی گەورە بووە لەكاتێكدایە، هێشتا ئەو بە تەواوەتی دەستی لە دۆسیەی نەوتی هەرێم نەبڕاوە‌و بە فەرمی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە. 
مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دورخستەوە، بەڵام بەتەواوەتی دەستی لەناو دۆسیەی نەوتی هەرێمدا نەبڕی، مەسرور بارزانی بۆ یەكەمجار لە مێژووی حكومەتی هەرێمدا، پۆستێكی نوێی بەناوی "یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت" لە دەرەوەی یاسا كارپێكراوەكان داتاشی، ئاشتی هەورامی كرد بە "یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە‌و سامانە سروشتییەكان".
ئاشتی كە پێشتر بینای نەبوو، دۆسیەی سامانە سروشتییەكان لە جەنتاكەیدا هەڵگرتبوو، دوای دورخستنەوەی لە پۆستەكەی، وەزارەتەكەی بردە ناو بینایەك لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بیناكە دەكەوێتە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لەناوچەیەك لە پشت كۆشكی (باكینگهام)، ئەوكاتەی هێشتا پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕنەكرابووەوە، ئاشتی لەم بینایەدا ژمارەیەك فەرمانبەری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و راوێژكاری بیانی لەگەڵدابوو‌، لەوێوە دۆسیەی نەوتی بەڕێوەدەبرد. لەمەشدا دەسەڵاتی لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وەردەگرت، ئەوەش بەپێی فەرمانێك كە رۆژی 24ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی بە نهێنی‌و بە زمانی ئینگلیزی بۆی دەركردبوو. لەم فەرمانەدا مەسرور بارزانی هەموو دەسەڵاتەكانی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەخشی بەخۆی‌و دواتر لە خۆیەوە گواستیەوە بۆ ئاشتی هەورامی. 
ئاشتی هەورامی لە نێچیرڤان بارزانییەوە نزیك بوو، كاتێك نێچیرڤان بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی حكومەت بوو، لە یەكەم هەنگاودا مەسرور بارزانی هەوڵیدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كۆنترۆڵ بكات كە سەرچاوەی 77%ی داهاتی حكومەتی دابین دەكرد، دورخستنەوەی ئاشتی هەورامی بەپلەی یەكەم دورخستنەوەی دەستی نێچیرڤان بارزانی بوو لەناو داهاتی سەرەكی هەرێمی كوردستاندا، نێچیرڤان كە ئەندازیاری رێككەوتنی 50 ساڵەی نەوت‌و غاز بوو لەگەڵ توركیا، ئێستا ئیتر وەكو جاران كۆنترۆڵی بەسەر وەزارەتی سامانە سروشییەكاندا نەماوە. 
لە كۆتایی سەرۆكایەتییە 17 ساڵییەكەی نێچیرڤان بارزانیدا لە حكومەت، بۆ یەكەمجار وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بوو بە خاوەنی یەكەمین بینای خۆی، بیناكە دەكەوتە نزیك بانكی كوردستانەوە لە هەولێر، بەڵام كاتێك نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بەجێهێشت، بیناكەی كرد بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم‌و جارێكی تر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بێ ماڵ كردەوە.

ئەنجومەنی نەوت‌و غاز چی بەسەرهات ؟
ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام وەكو تەحەدایەك بۆ دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی كوردستان رۆژی 29ی حوزەیرانی 2022 یاسای نەوت‌و غازی هەمواركردەوە. 
پارتی پرۆژەی هەموارەكەی پێشكەش كردبوو، ئامانجی ئەوە بوو ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت‌و غاز سەرلەنوێ‌و بەپێكهاتەیەكی تازەوە كارا بكاتەوە. 
لەم هەموارەدا، پەرلەمانی كوردستان لە بەرژەوەندی پارتی ئەندامێكی نوێی بۆ ئەنجومەنی هەرێمی نەوت‌و غازی كوردستان زیاد كرد‌و (ئومێد سەباح)ی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كرد بە ئەندام لە ئەنجومەنەكەدا. 
ئێستا پێكهاتەی ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت‌و غازی هەرێم بەمشێوەیە: 
•    مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت: سەرۆكی ئەنجومەن
•    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت: جێگری سەرۆكی ئەنجومەن
•    كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت: ئەندامی ئەنجومەن
•    ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی- ئەندامی ئەنجومەن
•    دارا رەشید وەزیری پلاندانان- ئەندامی ئەنجومەن
•    ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران- ئەندامی ئەنجومەن
ئەم ئەنجومەنە كە خۆی پێشتر ماوەی سێ ساڵ هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردبوو، لەدوای هەمواری یاساكە‌و كاراكردنەوەی تەنیا یەك كۆبونەوەی كردووە كە ئەویش رۆژی 30ی حوزەیران بووە، واتە رۆژێك دوای پەسەندكردنی هەمواری یاسای نەوت‌و غاز لە پەرلەمانی كوردستان. 
ئەم ئەنجومەنە كە دەبوو لەم دۆخە هەستیارەدا كۆببێتەوە‌و بڕیاری پێویست بدات بۆ رزگاركردنی نەوتی هەرێم، هیچ رۆڵێكی نییە. 
گفتوگۆكانی ئەمدواییەی نێوان حكومەتی هەرێم‌و وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن، وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی تایبەت بە نەوت‌و غازی خۆی هەبێت‌و دەیەوێت ئەمەش لەناو یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵدا بچەسێنێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand