هەرێم رازی بوو نەوت رادەستی "سۆمۆ" بكات
2023-04-01 09:56:34
(درەو):
بە ئامادەبوونی فەرماندەی فەیلەقی "قودس"ی ئێران، حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنی كرد، قایل بوو بەوەی نەوت رادەستی "سۆمۆ" بكات، لەبەرامبەردا حكومەتی فیدراڵ بەڵێنیداوە پۆستی جێگری سەرۆكی كۆمپانیای "سۆمۆ" بدات بە كورد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، تا درەنگانێكی دوێنێ شەو، لە ماڵی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغداد، كۆبونەوەیەكی فراوان لەنێوان نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵ بەڕێوەچووە، لە كۆبونەوەكەدا ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی "قودس"ی سوپای پاسداران ئێران بەشداربووە.
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا هەرێمو حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنی بەراییان كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی توركیاوە.
رێككەوتنەكە بەمشێوەیە:
• حكومەتی هەرێم كوردستان قایل بووە بەوەی نەوتەكەی خۆی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات.
• لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ پێكبهێنرێت بۆ چاودێریكردنی پرۆسەی هەناردەو فرۆشتنو داهاتی نەوتی هەرێم.
• داهاتی نەوتی هەرێم بخرێتە حساب بانكییەكو وەكو ئەوەی هەردوولا لە رەشنوسی بودجەی 2023دا رێككەوتنیان لەسەر كردووە، حكومەتی فیدراڵ چاودێری حساب بانكییەكە بكات.
• نوێنەرانی هەرێم گلەییان هەبووە لەوەی كۆمپانیای "سۆمۆ" پشكی كوردی تێدا نییە، نوێنەرانی حكومەتی فیدراڵ قایل بوون بەوەی پۆستی جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای "سۆمۆ" بدرێت بە كورد.