Draw Media

 كۆمپانیا توركییەكان (ملیارێک و 216 ملیۆن) دۆلایان لە نەوتی هەرێم دەستكەوتووە

 كۆمپانیا توركییەكان (ملیارێک و 216 ملیۆن) دۆلایان لە نەوتی هەرێم دەستكەوتووە

2023-04-01 09:00:33


شیكاری: درەو

لە ساڵی (2022)دا کۆمپانیا تورکییەکان بڕی (ملیارێک و 216 ملیۆن و 129 هەزار و 862) دۆلاریان لە پرۆسەی نەوتی هەرێم وەرگرتووە، بە جۆرێک؛
# زیاتر لە (618 ملیۆن) دۆلاری لە بری کرێی گواستنەوەی نەوت دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC).
#  (125 ملیۆن) دۆلار لە چارەکی یەکەمی (2022) لە بری دانەوەی قەرز دراوە بە کۆمپانیاکانی (TEC) و (TPIC)ی تورکی.
# (473 ملیۆن) دۆلار دراوە بە کۆمپانیای (گەنێڵ ئنێرجی) لە بری شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە لە کێڵگە نەوتییەکانی (تاوکێ - تەق تەق - سارتا).

یەکەم: دەستکەوتە داراییەکانی کۆمپانیا تورکییەکان لەساڵی (2022)
تورکیا لە ڕێگەی چەند کۆمپانیایەکەوە دەستی لەنێو پرۆسەی نەوتی هەرێمدایەو لە ساڵی (2022)دا ئەو کۆمپانیایانە بڕی (ملیارێک و 216 ملیۆن و 129 هەزار و 862) دۆلاریان لە پرۆسەی نەوتی هەرێم وەرگرتووە، بە جۆرێک؛ زیاتر لە (618 ملیۆن) دۆلاری لە بری کرێی گواستنەوەی نەوت دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC). (125 ملیۆن) دۆلار، هاوکات لە چارەکی یەکەمی (2022)دا لە بری دانەوەی قەرز دراوە بە کۆمپانیاکانی (TEC) و (TPIC)ی تورکی. (473 ملیۆن) دۆلار دراوە بە کۆمپانیای (گەنێڵ ئنێرجی) لە بری شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە لە کێڵگە نەوتییەکانی (تاوکێ - تەق تەق - سارتا). (بڕوانە خشتەکە).
جگە لەو کۆمپانیایانەی سەرەوە کۆمپانیای (پیت ئۆیڵ)ی تورکی لە دوو کێڵگەی نەوتی هەرێمدا پشکدارەو تەنها یەکێکیان گەیشتووە بە قۆناغی بەرهەمهێنان و شایستە داراییەکانی نەزانراوە، لەگەڵ ئەوانەش پارەی نەوتی هەرێم دەچێتە (هاڵک بانک)ی تورکی و دیار نیە بڕی ئەو قازانجە چەندە کە بانکەکە دەیکات. لە بەشەکانی داهاتوو بە وردی تیشک دەخەیەنە سەر چنگی تورکیا لە نێو پرۆسەی نەوتی هەرێمدا. 


دووەم: بۆری نەوتی هەرێم لە خاکی تورکیادا
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی (450) هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی وڵاتی دەرەوە دەکات سەرجەم ئەو بڕەش لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوەیە کە بە خاکی تورکیادا تێپەڕدەبێت.
بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2010)ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، کۆتایی  ساڵی (2013) بۆ یەکەمجار لە ڕێگەیەوە نەوتی هەرێمی کوردستانی گواستەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.
بونیادنانی بۆری نەوتی هەرێم، پرۆسەی نەوتی هەرێمی بردە قۆناغێکی دیکەوە. بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە لە سەرەتای ساڵی (2014) وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە پێشتر تەنها لە ڕێگەی تانکەر و بڕێکی کەم نەوت هەناردە دەکرا. بەڵام لەسەرەتای سەرپێکەوتنی بۆری نەوتی هەرێم، گۆڕانکاری گەورە بەسەر بڕو داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا هات.
ئه‌م هێڵه له سه‌رەتادا پلان وه‌هابووە که بۆ غازبێت، چونکه هێڵی نە‌‌وتی عێراق بوونی هه‌بووە. به‌ڵام لەبەر قه‌یران لەگه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندیداو دواکه‌وتنی ده‌رهێنانی غاز، بڕیاردرا بۆرییه‌كان بگۆڕدرێن بۆ نه‌وت. ته‌واوبوونی ئەو پڕۆژەیە بۆ تورکیاش گرنگ بوو، لەبەر ئەوەی پێویستیی بە نەوت و غازی سروشتی ئێران و رووسیا کەم کردەوە.
بەپێی زانیارییەکان کۆمپانیای کار بۆری نەوتی دروستکردووە و (40%) خاوەندارێتی بۆرییەکە هی کۆمپانیای ناوبراوە، پرۆژەکە نزیەکەی (600) ملیۆن دۆلار تێچوونەکەی بووە لە سنوری هەرێمی کوردستاندا.
(60%) بۆری نەوتی هەرێم خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای (رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە، کاتێک لە 2/6/2017 لە شاری (سانبترسبورگ)، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی لە کابینەی هەشتەم گرێبەستێکیان لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رۆسنەفرت واژۆ کرد، بەشێکی گرێبەستەکە فرۆشتنی (%60)ی بۆری نەوتی کوردستان بوو بە کۆمپانیای رۆزنەفت بە بەهای (1 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار. 
درێژی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان (896) کیلۆمەترە، لە سنوری هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەوە دەستپێدەکات و بەنێو بلۆکەکانزاییەکانی (هەولێر، بەردەڕەش، عەین سەفنی، جەبەل کەند، ئەلقوش، دهۆک و سلیڤانی)یدا تێدەپەرێت و دەگات بە (فیشخابور)، (221) کیلۆمەترە، بەم پێیەش (%24.6) بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستاندایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ هەردوو کۆمپانیای (کار و رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە.
ئەو بەشەی لە سنوری تورکیایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) دەگەڕێتەوە کۆمپانیای "بۆتاش" سەرپەرشتی دەکات. لە فیشخابوورەوە تا دەگات بە بەندەری جەیهانی تورکی (675) کیلۆ مەترەو (74.6%)ی درێژی بۆرییەکە پێکدەهێنێت.   
راکێشانی بۆری نه‌وت لە کوردستانه‌وه بۆ تورکیا، به سه‌ربه‌خۆ له تورکیا، کاریگه‌ری گه‌وره‌ی هەیە لەسەر دۆخی وزه، دۆخی ئابووری، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و تورکیا، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی نێوان تورکیاو عێراق. 

سێیەم: کۆمپانیا تورکییەکان لە  کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان
دوو گەورە کۆمپانیای بواری وزەی تورکی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هەردوو کۆمپانیای ناوبراو لە سەرەتاکانی دەستکردن بە پرۆسەی نەوت و پێش نوسینەوەی دەستوری عێراق لە ساڵی (2005) لە هەرێمی کوردستان دەستیان بەکارکردن کردووە بە جۆرێک، لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ دا حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی سلێمانی گرێبەستی نەوتی بۆ کارکردن لە بلۆکەکانی شاکەل و پەڵکانە لەگەڵ کۆمپانیای پیت ئۆیڵ ئیمزا کرد، ئەمە لە کاتێکدا بوو پێش ئەو ڕێککەوتە ئیدارەی سلێمانی گرێبەستی پێشتری هەبوو لەگەڵ کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی  و لە  ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٤دا هەمواری گرێبەستەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم/ ئیدارەی سلێمانی کردەوە.
لە ئێستادا هەردوو کۆمپانیاکە لە چەند کێڵگەیەکی کانزایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی هەرێم گرێبەست و پشکیان هەیە، بە جۆرێک؛
‌١. کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە لە کێڵگەکانی؛
-    بلۆكی تاوكێ: لە پارێزگای دهۆک، ده‌كه‌ویته‌ قه‌زای زاخۆوه‌و به‌گشتی ڕۆژهه‌ڵاتی قه‌زاكه‌ ده‌گرێته‌وه‌ و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (594) كیلۆمه‌تر دووجایه‌، کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی پشکی (25%)ی لە کێڵگەی ناوبراو هەیە. لە ساڵی (2022)دا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (107 هەزار 90) بەرمیل نەوت بووە.
-    بلۆكی ته‌ق ته‌ق: ده‌كه‌وێته‌ قه‌زای كۆیه‌و ناحیه‌ی ته‌ق ته‌ق و ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌، ڕووبه‌ره‌كه‌ی (951) كیلۆمه‌تر دووجایه‌. پشكی (44%)ی دراوه‌ته‌ (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی. لە ساڵی (2022)دا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (4 هەزار 490) بەرمیل نەوت بووە.
-    بلۆكی سارتا: لە پارێزگای هەولێر، كۆمپانیای (شیڤرۆن)ی ئه‌مریكی (50%)ی پشكه‌كانی له‌ كۆمپانیای (گنێڵ ئێنریجی) (30%)ی هه‌یه‌ و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. لە ساڵی (2022)دا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (4 هەزار 710) بەرمیل نەوت بووە.
-    جگە لەو کێڵگە بەهەمهێنەرانەی سەرەوە کۆمپانیای (گنێڵ ئێنریجی) گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەبوو لە هەردوو کێڵگەی گازی (بنەباوێ و میران) و خاوەنی (100%) ی پشکەکانی هەردوو کێڵگەکەبوون، بەڵام بە بیانووی ئەوەی زیانیان بەو کێڵگانە گەیاندووە حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە لە (10/12/2021) بڕیاریدا گرێبەستەکەیان هەڵوەشێنێتەوە.
هاوکات لە (کێڵگەی نەوتی قەرەداغ)یش لە سنوری پارێزگای سلێمانی کۆمپانیای (گنێڵ ئێنریجی) تورکی (40%)ی پشکەکانی پێدرابوو، بەڵام لە سەرەتای ساڵی (2023)ەوە ماوەی گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکەو حکومەتی هەرێم بەسەر چووەو و ئێستا کێڵگەکە لەژێر دەستی حکومەتی هەرێم خۆیەتی.

2. کۆمپانیای (پیت ئۆیڵ)ی تورکی، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە لە کێڵگەکانی؛
-    بلۆكی په‌ڵكانه‌: لە ناوچەی گەرمیان، قه‌زای دووزخورماتو ناحیه‌ی جه‌باره‌ و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و قه‌زایه‌ ده‌گرێته‌وه‌ ڕووبه‌ره‌كه‌ی (529) كیلۆ مه‌تر دووجایه‌، پشكی (20%)ی دراوه‌ته‌ (پیت ئۆیڵ)ی توركی. هێشتا 
-    بلۆكی چیا سورخ: لە ناوچەی گەرمیان، ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری سیروان و ناحیه‌كانی قۆره‌توو مه‌یدان له‌ قه‌زای خانه‌قین ده‌گرێته‌وه‌ تا سنوری ئێران و ڕووبه‌ری (938) كیلۆمه‌تر دووجایه‌ و پشكی (20%)ی دراوه‌ته‌ (پیت ئۆیڵ)ی توركی. بە پێی زانیارییەکان، لەتازە گەیشتووە بە قۆناغی بەرهەمهێنان و لە مانگی ئازاری ساڵی (2023) دا رۆژانە نزیکەی (2 هەزار) بەرمیل نەوت لە کێڵگەی ناوبراو بەرهەمهاتووە.

چوارەم: پارەی نەوت و هالک بانک
پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژمارەی تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکەکانی تورکیا، هەر بۆیە بینیمان لە ساڵی (2015) ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز بەنوسراوی ژمارە (٥٥٣) لەبەرواری (٣١ ی ئایاری ٢٠١٥)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدواین کۆبونەوەی خۆی کە (١٥ی ئەیلولی 2015) ئەنجامیدا بەنوسراوی ژمارە (٩٨٣) بڕیاریدا:
1.     پێویستە گشت داهاتەکانی هەناردەکردن وفرۆشتنی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان کەلەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە ئەنجام دەدرێت ڕاستەوخۆ لەحسابی بانکی کڕیاری نەوتی هەرێمەوە بخرێتە سەرتەنها حسابی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبانکی (هاڵک بانک) لەوڵاتی تورکیا بەبێ نێوەندگیری بانکی سێهەم، جگە لەوحسابەش نابێت هیچ حسابێکی بانکی تری هەبێت بۆ داهاتی هەنادەکردن وفرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە وەزارەتی دارایی وئابوری زانیاری تەواو لەسەر ئەو حسابە بەنوسراوێک ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بکات بەزووترین کات
2.    لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز ئاماژە پێدراولەسەرەوە، وەزیری دارایی وئابوری حکومەتی هەرێم بەڕێز (ڕێباز محمد حملان) کەسی ڕێگاپێدراو دەبێت بۆ ڕەفتارکردن وجوڵاندنی نەقدی لەسەر ئەوحسابە بەناوی حکومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاساو ڕێنماییە داراییە کارپێکراوەکان لەهەرێم .
3.    وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی وئابوری ئەم بڕیارە جێبەجێدەکەن لە ماوەیەکدا بەشێوەیەک کەلەبەرواری ١-١٠-٢٠١٥ تێپەڕ نەکات.
ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2015) دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرجەمی پارەی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی تورکیا کۆدەکرێتەوە، چەند جارێکیش ئەم پرسە لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە فشاری لەسەر دروست کراوە بەڵام پرۆسەکە بە هەمان شێوەی خۆی ماوەتەوە.

سەرچاوەکان
-    راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە (4) چارەکی ساڵی (2022)دا. 
-    درەو میدیا، بەرهەمهێنانی گه‌نێڵ ئەنێرجی تورکی لە ساڵی 2022، لینکی ماڵپەڕ؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11971
-    یادگار سدیق -  روونبین، داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی 2022، لینکی ماڵپەڕ؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11956
-    درەو میدیا، بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان، لینکی ماڵپەڕ؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9734
-    درەو میدیا، پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە بلۆکە نەوتییەکانی هەرێمدا، لینکی ماڵپەڕ؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9680
-    عەبدولڕەحمان عەلی رەزا، دیسانەوە هاڵک بانک، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە تۆڕی کومەڵایەتی فەیس بووک؛
https://ar-ar.facebook.com/1497770880440978/posts/1658359767715421/
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand