وەستانی بەرهەم کاریگەری دەبێت لە سەر دووبارە دەستکردنەوە بە بەرهەم ؟

Draw Media

2023-03-31 08:32:25



درەو:
تایبەت بە (روونبین)

دوای ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم وەستا لە بەرواری ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ و پاشان بەهۆی نەبوونی ئەمبار بۆ هەڵگرتنی نەوتی بەرهەم هاتووە لە رۆژی ٢٦ ی ئازار کێڵگەی هەولیڕ کە کۆمپانیای فۆرزا پەترۆلیۆم( پێشو ئۆرێکس) خاوەن پشک و کۆمپانیای سەرکارە لەکێڵگەکەدا رایگەیاند ئەمباری کێڵگەکە پڕ بووە و بەرهەمیان راگرتووە و کێڵگەکە داخراوە.  بەرهەمی کێڵگەکە لەو کاتەدا ١٤،٢٠٠ بەرمیل نەتی رۆژانەبوو. پاشتر کۆمپانیاکانی تری نەوت کە لە کێڵگەکانی هەرێم ڕایان گەیاند کە تا چەند رۆژێک توانای ئەمبارکردنیان هەیە و هەندیکیشیان هەفتەیەک. هەروەها رۆژی ٢٩ی ئازاریش دوو لە گەورە ترین کێڵگەکانی پارێزگای دهۆک،  کێڵگەی تاوکی و فیشخاپور بەرهەمیان وەستا، ئەو دوو کیلگەیە بەیەکەوە بەرهەمیان ١٠٧ هەزار بەرمیل بوو داخران. لە چەند رۆژەی ئایندەشدا پێشبینی وەستانی بەرهەمی یەک بەیەک کێڵگەکانی تر دەکرێت گەر هەناردە دەست پێنەکاتەوە.

زۆرجار پرسیاری ئەوە دەکرێت کە ئەگەر کێڵگەیەک دابخرێت و بەرهەمی بووەستێ، ئاسان و ئاسیی دواتر بەرهەم دەست پێدەکاتەوە؟ ئایا وەکو قوفڵی بەلوعە وایە کەی ویستت بیگریتەوە یان نەخێر پرۆسەیەکی ئاڵۆزە؟ ئایا زیانی دەبێت بۆ کێڵگە نەوتییەکان یا نا؟ 

روونبین ئەم پرسیارەی ئاراستەی پرۆفیسۆری یاریدەدەر بەرێز دکتۆر فوئاد محمد قادر کرد کە دکتۆرای لە جیۆلۆجیای نەوتدا هەیە و مامۆستای زانکۆیە لەزانکۆی سلێمانی  ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت:

وەستانی بەرهەم بەدڵنیای  کاریگەری دەبێت، و کاریگەریەکەشی پەیوەستە بەوەی بۆ ماوەی چەندە بەرهەم دەوەستێ. تا  ماوەی وەستانەکە زۆربێت کاتی زۆرتری دەوێت تاوەکو بیرەکە  بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. کاریگەرییەکەی بەندە بە بارودۆخی حەشارگە نەوتییەکانەوە (Reservoir) پێی دەوترێ بارودۆخی  پیترۆ فیزیک. پەیوەستە بە کونۆچکە ( Porosity) و توانای تێپەڕاندن (Permebility) بەردەکانەوە، دواتر پەیوەستە بە جۆری نەوتەکەوە.

لێرەدا قسەمان لەسەر نەوتە، ئایا جۆری نەوتەکە  نەوتی قورسە یان نەوتی سوکە  واتە خەستی  (Viscosity) یەکەی زۆرە یا کەمە. تا خەستی زۆر بێت موعالەجەو چارەسەرکردنی زیاتری ئەوێ و کێشەی زۆرتر دروست دەکات.

نەوت کەوەستا، نیشتن (Precipitation) روئەدات، بەشە قورسەکان لە کنۆچکە بچوکەکان  ئەنیشێ دواتر جوڵەی نەوتەکە قورستر دەبێت، کاتی دەوێت, چارەسەری پێویستە، شوشتن و ئەسیدایز وئەو تەکنیکانەی پێویستە، واتە پرۆسەیەکی دوورو درێژی پێویستە تا بیرێک بالانسی راگیردەکەن. لە چ ئاستێکدا چەن بەرهەمی هەبێت بەپێی بارودۆخی بیرەکە، بەپێی ئەو فشار وپرێشەرەی لە حەشارگەکەدا هەیە، کاتێک بەرهەم دەوەستێت ئەو باڵانسانە هەمووی تێک دەچێت.

لە حاڵەتێکی داینامیکییەوە کە ئەوەستێ دەچێتە دۆخێکی ستاتیکیەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک ١٠ رۆژ ، یان ٢٠ رۆژ مانگێک، گرفت بەدوای خۆیدا بەجێ دەهێڵێت.   جارێکی تر پێویستە بە تەجروبە و سیمولەیشن و بە مۆدێل  تا ئەگەنە دۆخێکی جێگیر و ئەزانن چەند لەتوانای ئەو بیرەدایا  رۆژانە بەرهەم بهێنێ ، کە بەرهەمەکەی پاکبێت و ئاوی کەمی لەگەڵا بێت و فشاری زۆر دانەبەزێت. ئەمانە هەمووی کاتی دەوێت و ئیشی ئەوێ و تێستی دەوێت. کاتێک بەرهەم دەوەستێت، دواتر دەبێت ئەو ڕیوشوێنانەی کەلەسەرەوە باسکرا بگیرێتەبەر بۆ دەستپێکردنەوە.

بەگشتی نەوت هەیە سوکە گازی تواوەی زۆر تیایە کە پێی دەوتریت گازی هاوتا (Associated gas) ئەمانە ئاسانتر دێنەوە سەردۆخی خۆیان. نەوتیش هەیە قورسە ئەی پی ئای (API)ە کەی نزمە ئەمانە گرفت زیاتر درووست دەکەن. هەروەها کێڵگەهەیە کاپ گازی هەیە ،گازی ئازادی(free gas) هەیە لەسەرو نەوتەکەوە، کە پاڵ بەنەوتەکەوە دەنێت وە لەژێریشەوە هەموو کێڵگەکان ئاوی هەیە، حەشارگەی ئاو (Water Reservoir)ی پێ دەوترێت کواڵێتی ئەمانە هەمووی کاریگەری هەیە. لەسەرو ئەمانە هەمویەوە جۆری حەشارگەکە  هەم لە رووی بەردەوە توانای تێپەڕین و کونیلەکان (Permebility Porosity and ) هەم وەکو بارودۆخی هایدرۆکاربۆن و نەوتەکە کە فشاری بەرزە یا ن نزمە، وە ئایا بەرهەمی سرووشتییەو خۆی دێتە دەرەوە یا پەمپ بەکار دەهێنرێت یان ئینجێکشن بەکار دەهێنرێت.

ئەمانە هەمووی بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزە. ئەندازی بەرهەم هێنان ( Production Engineering) تەحەکومی پێوەدەکەن دوای ئەوەی خاسێتە جیۆلۆجییەکانی داخڵ دەکەن و دەیزانن، ئەوکاتە پلان دادەنێن بۆ دەرهێنانانی نەوت.

خاڵێکی تر کە بەهۆی وەستانی بەرهەمەوە درووست دەبێت ئەوەیە کە H2S جیا دەبیتەوە.  رێژەیەکی کەم لەم H2Se تەنانەت لەناو بۆرییەکان کێشە  دروست دەکات و بڵق  و جیابوونە دروست دەبێت.

کاتێک نەوتەکە وەستا لە ناو بۆرییەکاندا جا چ بۆری ناو بیرەکە بێت یان بۆری گواستنەوەبێت ئەم گازانە زەرەی خۆی دەدات بەتایبەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە. نەوت نیشتن و تەرسب روودەدات، نەوتی قورس چ لەناوبۆری یان لەناو بەردەکان خۆیدا و لە حەشارگەکەدا نیشتن ڕوو دەدات و ئەمانە بەدڵنیای دوای وەستان کاتی دەوێت بگەڕینەوە دوخی خۆی. لەوانەیە لە هەفتەیەک بۆ دە رۆژ بۆ مانگ تا دوو مانگی بوێت، پەیوەستە بە جۆری بیرەکەوە کاتی دەوێت تا بگەڕینەوە بۆ دۆخی بەرهەم هێنانی پێشوو. بۆنمونە ئەگەر مانگێک وەستا، لەوانەیە هەندی بیر مانگی زیاتری بوێت تا بچێتەوە دۆخی خۆی، هەرلەسەرەتاوە دەتوانن بەرهەم بێنن بەڵام بەبڕی کەم تا ئەگەنە ئەو باڵانسەی  کە ویستویانە.

 بەپێی زانیارییەکان ئێستا لە کێڵگەی شێخان کە کێڵگەیەکە نەوتەکەی قوردسە  کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن بیرەکانی  خستووەتە سەر کەمترین ئاستی بەرهەم  (مینیمەم چۆک) بۆ ئەوەی بیرەکان کێشەی گەورەیان بۆ دروست نەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand