درەو: بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی بۆ چارەکی یەکەمی 2023؛ لەو کێڵگە نەوتیانەی کە گرێبەستی هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تێکڕای ڕۆژانە زیاتر لە (94 هەزار 719) بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە، بە جۆرێک لە کێڵگەی فیشخابور و (49 هەزار 478) بەرمیل، لە تاوکێ لە (44 هەزارو 400) بەرمیل و لە بەعشیقە زیاتر لە (841) بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە. ئەمە لە کاتێکدا کۆمپانیاکە لە چارەکی کۆتایی ساڵی (2022)، بە تێکڕای رۆژانە لە کێڵگەی فیشخابور (59 هەزار 360) بەرمیل، لە تاوکێ (47 هەزارو 136) بەرمیل و لە بەعشیقە زیاتر لە (هەزار و 326) بەرمیل دەرهێنرابوو، پێکەوە (107 هەزار و 822) بەرمیل نەوتیان تێدا بەرهەمهێنرابوو. بەم پێیەش ئاستی بەرهەمی تێکڕای رۆژانەی هەرسێ کێڵگەکە بڕی (13 هەزار و 103) و بە ڕێژەی (12%) دابەزیوە. بەرهەمی کاری (دی ئێن ئۆ) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان بهپێی نوێترین ڕاپۆرتی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی، بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی گرێبەستی کێڵگەکانی نەوتی (فیشخابوور و تاوکێ) کە بە گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوە، لەگەڵ کێڵگەی نەوتی بەعشیقە، کە کۆمپانیاکە لە هەرسێ کێڵگەکە گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. بە تێکڕا ڕۆژانە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی (94 هەزار و 719) بەرمیل نەوت بەرهەمهێنراوە، بە جۆرێک؛ یەکەم: ناوچەی گرێبەستی تاوکێ: هەردوو کێڵگەی نەوتی (فیشخابور و تاوکێ) دەگرێتەوە، لە بەر ئەوەی هەردوو کێڵگەیەکە بە یەک گرێبەست دراوە بە کۆمپانیا پشکدارەکان بۆیە بە ناوچەی گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوەو (75%) پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی و (25%) کۆمپانیای گنێڵ ئێنێرجی تورکی وەبەرهێنانی تێدا دەکات. هەردوو کێڵگەیە پێکەوە لە چارەکی یەکەمی (2023) دا بە تێكڕای رۆژانە (93 هەزار و 879) بەرمیل نەوتیان لێ بەرهەم هێنراوە، بە جۆرێک؛ 1. کێڵگەی نەوتی فیشخابور: لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە تێکڕای رۆژانە لە کێڵگەی فیشخابور (49 هەزار و 478) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی چوارەمی (2022)دا، بەرهەمی کێڵگەی ناوبراو بە تێکڕای رۆژانە بریتی بووە لە (59 هەزار و 360) بەرمیل نەوتی خاو. 2. کێڵگەی نەوتی تاوکێ: لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە تێکڕای رۆژانە لە کێڵگەی تاوکێ (44 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی چوارەمی (2022)دا، بەرهەمی کێڵگەی ناوبراو بە تێکڕای رۆژانە بریتی بووە لە (47 هەزار و 136) بەرمیل نەوتی خاو. دووەم: کێڵگەی نەوتی بەعشیقە: یەکێکی دیکەیە لەو کێڵگە نەوتیانەی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی پشکی (64%) تێدا هەیە و (16%)ی پشکەکانیشی دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) و (20%)ی پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو گەیشت بە قۆناغی بەرهەمهێنان. بەپێی داتاکانی کۆمپانیا نەرویجییەکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە تێکڕای رۆژانە لە کێڵگەی نەوتی بەعشیقە تەنها (841) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی چوارەمی (2022)دا، بەرهەمی کێڵگەی ناوبراو بە تێکڕای رۆژانە بریتی بووە لە (هەزار و 326) بەرمیل نەوتی خاو. کەواتە لە سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتیانەی کە کۆمپانیای (DNO) گرێبەستی هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تێکڕای ڕۆژانە زیاتر لە (94 هەزار 719) بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە، ئەمە لە کاتێکدا کۆمپانیاکە لە چارەکی کۆتایی ساڵی (2022)، بە تێکڕای رۆژانە لە هەر سێ کێڵگەکەدا (107 هەزار و 822) بەرمیل نەوتیان تێدا بەرهەمهێنرابوو. بەم پێیەش ئاستی بەرهەمی تێکڕای رۆژانەی هەرسێ کێڵگەکە بڕی (13 هەزار و 103) و بە ڕێژەی (12%) دابەزیوە. تایبەت بە وردەکاری ئاستی بەرهەمی ئەو کێڵگە نەوتییانەی کۆمپانیای (DNO) گرێبەستی هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی. تایبەت بە بەرهەمی ئەو کێڵگانەی کۆمپانیان (DNO) کاریان تێدەکات لە چارەکەکانەی (یەکەم، دووەم، سێیەم و چوارەمی 2022 و چارەکی یەکەمی 2023)، بڕوانە چارتی هاوپێچ؛ بەرهەمی ئەو کێڵگانەی کۆمپانیان (DNO) کاریان تێدەکات لە 2022 – چارەکی یەکەمی 2023 سەرچاوەکان - DNO ASA, Q3 2022 Interim Results Presentation; https://www.dno.no/media/zpiakonn/q3-2022-interim-results-presentation.pdf - DNO ASA, Q1 2023 Interim Results Presentation; https://www.dno.no/media/rmnbyi1o/q1-2023-interim-results-report.pdf
درەو: د. سامان فەوزی مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ لە یاسای راگەیاندن میوانی گفتوگۆی (درەو) بوو لەگەڵ ژمارەیەم رۆژنامەنووس و مامۆستای زانكۆ گفتوگۆی "رێنماییەكەی وەزارەتی رۆشنبیری"كرا (سبەی شەو دەقی گفتوگۆكە بڵاو دەكرێتەوە) لە گفتوگۆكەدا خاڵە باش و خراپەكانی ئەو رێنماییە خرایە روو كە چەند رۆژێكە لەلایەن رۆژنامەی وەقایعی كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە. د. سامان فەوزی ئاماژەی بە خاڵە لاوازو خراپەكانی ناو رێنماییەكەی وەزارەتی رۆشنبیریكرد و وتی "ئەو رێنماییە بەكەڵكی هەمواركردن و دەستكاریكردنیش نایات بۆیە پێویستە رەتبكرێتەوەو خاڵەی مەترسیداری زۆری تێدایە بۆ رۆشنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن" خاڵە لاوازو خراپەكانی ئەم رێنماییانەی وەزارەتی رۆشنبیری: • لەبەر ئەوەی پەرلەمانت نیە یاساییەك دەربكات بۆ رێكخستنی كاری میدیا حكومەت فرسەتیان هێناوە بۆ دەركردنی ەو رێنماییە، جۆرێك لە كێشە هەیە كە میدیای ئەلكترۆنی هێناویەتیە ئاراوە، حكومەت پێوایە دەبێت رێكبخرێت. • بەڵام دەبێت دەستەیەكی سەربەخۆ هەبێت ئەو رێنماییانە دەربكات نابێت سەربە حكومەت بێت، خەلەلەكە لەوێوەیە كە وەزارەتی رۆشنبیری ئەو كارە بە ئەركی خۆی دەزانێت لەكاتێكدا میدیا دەسەڵاتی چوارەمە نابێت لەژێر رەحمەت و ركێفی دەسەڵاتی دووەمدا بێت، ئەی ئێمە ناڵێین جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان ئەوە كەی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانە. • لە رێنمایەكەدا ناونیشانەكان شتێكە بەڵام ناوەڕۆكەكە بووە بە شتێكی دیكە لە رووی شكڵیەوە ئیشكالیەتی زۆرە ، بابەت هەیە ئیتیكیە بەڵام لەم رێنماییەدا وەكو یاسا مامەڵەی لەگەڵ كراوە كە ئەمەش گرفتە • بەپێی مادەی نۆیەم، ئەم رێنماییە بواری رۆژنامەگەری و رۆژنامەنوسان ناگرێتەوە، بەڵام ئەی بۆ دوایی پێناسەی رۆژنامەنووس دەكات، تێناگەین مەبستی چیە.؟ • مەسەلەی مۆڵەت، زیاتر لە 100 ساڵە لەفەرنسا مۆڵەتی رۆژنامەگەری نەماوە، ئاخر شوێن كوردستان بوو كە لە یاسای رۆژنامەگەریدا مۆڵەتی نەهێشت، هەرچەندە بۆ تەلەفزیۆن جیاوازە، دەڵێت مۆڵەت لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی رۆشنبیریە بەڵام دوای رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ، ئەوە ئیشكالیەتی زۆر درووست دەكات. • رسوماتێكی زۆر دانراوە، لە مادەی حەوتدا سەتەلایت (40) ملیۆن دینار، تەلەفزیۆن (20) ملیۆن، رسوماتی كۆمپانیاكانی پەخش (30) ملیۆن دینارە، ئەمە لێدانە لە میدیای ئازاد كە ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە بدات بەشێك لە میدیاكان ناتوانن ئەو بڕە پارەیە بدەن. • لە مادەی چوارەم بڕگەی چوار باس لە بەنا بردن بۆ ناوزڕاندن و جنێودان و بێزاركردن دەكات، كەس نازانێت مەبەستی لە بێزاركردن چیە؟ ئەو چەمكانە تەفسیری جیاواز هەڵدەگرێت. • مادەی چوارەم بڕگەی 17 باس لەوە دەكات پێوەرەكانی ناوەڕۆكی میدیایی، فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەربە حكومەتی هەرێم دەری دەكات، ئەمە كێشەی گەورەیە، واتا حكومەت بە میدیاكان بڵێ چیبكەن و چی دابەزێنن. • لە مادەی 11 دا دەڵێت بۆردێك درووست دەكرێت لە نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و رۆشنبیری و فەرمانگەی میدیا وزانییاری بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێنماییە، واتا حكومەت خۆی رێنماییەكە بەسەر رۆژنامەنووساندا جێبەجێ دەكات. • لە مادەی 13 بڕگەی دووەم باس لە داخستنی ئامرازی بڵاوكردنەوەی ئەلكترۆنی و پەیجی تۆڕی كۆمەڵایەتی، ئەمە سزایەكی زۆر توندەو وەكو ئیعدام وایە بۆ رۆژنامەگەری. • لە مادەی 12 بڕگەی 12، دەڵێت ئاشكراكردنی دۆكیۆمێنتەكانی حكومەتەوە مۆڵەتی بڵاوكردنەوەی گشتی نیە، واتا لەمەودوا نابێت هیچ بەڵگەو دۆكۆمیۆمێنێكی حكومەت بڵاوبكرێتەوە هەموو ئەوانەی گەندەڵی و خراپەكاری ناو حكومەت نابێت بڵاوبكرێتەوە. • لە رێنماییەكەی وەزارەتی رۆشنبیری چارەسەری بۆ میدیای سێبەر ئەوانەی كەسی پشتیانەوە دیار نیەو كارەكتەری پشتیەوە نازانرێت كێیە، تەشهیر دەكات و پەلاماری ئەم و ئەو دەدات، كە دەبوو لەهەمو زیاتر چارەسەری بۆ ئەو بابەتەی تیا بوایە بەهیچ جۆرێك باسی ئەوەی نەكردووە. • لە نێوان رەتكردنەوەو هەڵوەشاندنەوەو هەمواركردنی ئەم رێنماییەی وەزارەتی رۆشنبیریدا من لەگەڵ ئەوەم ئەو رێنماییە بەتەواوی رەتبكرێتەوە لەبەر ئەوەی نازانی دەستكاری كوێی بكەیت. خاڵە باشەكانی ئەو رێنماییە (هەرچەندە لەو شوێنانەی خاڵی باشی تێدایە نیوەناچڵە) • مەسەلەی فریكوێنسی، رێكخستنی پێدانی مافی خاوەندارێتی لەسەر فریكوینسی، • دەبێت دەزگاكانی راگەیاندن راوێژكاریان هەبێت (راوێژكاری یاسایی، راوێژكاری كۆمەڵایەتی) هەرچەندە زەحمەتە بۆ بەشێك لە میدیاكان بتوانن ئەو راوێژكارانە دابنێن • پێوەرە گشتیەكانی بڵاوكردنەوەی كۆمێنت و كورتە نامە
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیستەمەوە، ساڵانی قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزم و دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ تا ئەمڕۆ، دەکرێت دوو شێوازی دەوڵەت لە ناوچەکەدا لەیەکتری جیابکەینەوە. یەکەمیان دەوڵەتێکی سێنتراڵی تاکحیزبیی موخابەراتیی سوپایی بەھێزە، خاوەن دەسەڵاتێکی ڕەھاو توندوتیژ کە کۆی تواناکانی بڕیاردان لەدەستی خۆیدا کۆدەکاتەوەو بەشێوەیەکیش کایەی سیاسیی قۆرخدەکات شتێک بەناوی ژیانی سیاسییەوە ناھێڵێتەوە. واتە دەوڵەتێک دروستدەبێت بەبێ کایەی سیاسیی. ئەم جۆرە لە دەوڵەت لە بەشێکی زۆری ناوچەکەدا دێتەکایەوە، بەڵام فۆرمە ھەرە خراپ و پەڕگیرو تۆتالیتارییەکەی لە ئەزموونی بەعس لە عێراقدا بەرجەستە دەبێت. دەوڵەتەکانی تر کەم تا زۆر شتێک لەم مۆدێلە بەعسییەیان تێدابوو، بەڵام بەھەمان رادەی بەعس توندوتیژو کۆنترۆڵکەر نەبوون و وەک ئەو کایەی سیاسیی وێرانناکەن. مۆدێلی دووھەمی دەوڵەت لە ناوچەکەدا، مۆدێلێک کە لەدوای بەھاری عەرەبییەوە دروستدەبێت، مۆدێلی دەوڵەتی فاشیل، یان دەوڵەتی شکستخواردوە، بە ئینگلیزیی failed state. لێرەدا جۆرێک لە دەوڵەت دروستدەبێت کە توانای حوکمڕانیکردنی دانیشتوانی وڵاتەکەو پاراستنی سنورو ھێشتنەوەی سەروەریی و دابینکردنی خزمەتگوازرییە سەرەکییەکان و کۆکردنەوەی تواناکانی توندوتیژیی لە دەستی خۆیدا، لەدەستئەدات. وڵاتەکانیش بە کردەوە دابەشدەبن بەسەر چەندان دەوڵەتۆچکەو گروپی حوکمڕانی ناوچەیی بچوکی خاوەن میلیشیاو ھێزی نادەوڵەتیی تایبەتدا. نموونەی ئەم جۆرە لە دەوڵەت لەئێستادا لە سوریاو یەمەن و لیبیاو سودان و لوبنان و تا ڕادەیەک لە عێراقدا، ئامادەیە. خاڵی ھاوبەش لە ھەردوو مۆدێلەکەدا ئەوەیە ئێمە لەبەردەم جۆرێک لە دەوڵەت و شێوازێک لە حوکمڕانیداین کە نوێنەرایەتی هیچ ھێزێکی کۆمەڵایەتیی ناکات، بێ ھیچ جۆرە رێکەوتنێکە لەگەڵ کۆمەڵگادا، لە پەیوەندییەکی رەعیەتئاسادایە بە دانیشتوانەکەیەوە، ئەوەیش لە وڵاتەکەدا ھەیەو ئامادەیە بە موڵکی خۆی و موڵکی نوخبە دەسەڵاتدارو پارتە سیاسییە حوکمڕانەکە، دەزانێت. دان بەوەدا نانێت هێزی جیاواز لە کۆمەڵگادا هەن و ئەم ھێزانە خواست و خولیاو خەونی جیاوازیان هەیە کە کۆکردنەوەیان بەیەکەوە پێویستی بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی ھەیە بتوانێت وەک ھاوبەشێکی یاسایی و سیاسیی و رەمزیی لەنێوانیاندا ئامادەو دەستبەکاربێت. بە کورتییەکەی شێوازی دەوڵەت و حوکمڕانیی لە ھەردوو مۆدێلەکەدا دەوڵەت و حوکمڕانییەکی ستەمگەرن و دیدێکی رەعیەتگەرانەیان بۆ کۆمەڵگا ھەیە کە مرۆڤی بێماف و بێرێز بەرھەمدەھێنێت. شتێک بەناوی گرێبەست یان رێکەوتنی کۆمەڵایەتییەوە لەنێوان خەڵک و حوکمڕاناندا لەئارادا نییە، مەگەر ئەو ”سەوداگەرییە دەسەڵاتگەر“ە نەبێت، ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیدەڵێن authoritarian bargain، کە وادەکات دەوڵەت لە قۆناغێکدا بۆ پەکخستنی سیاسییانەی کۆمەڵگا، بەڵێنی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بدات. سەودایەک تیایدا دەسەڵاتدارن، بۆ نموونە. دەڵێن ئێمە موچەتان بۆ دابیندەکەین، ئێوەش بێدەنگبن و ئیتاعەتی ئێمە بکەن. ھەم بزاوتە ناسیۆنالیستییەکانی ناوچەکەو ھەم بزاوتەکانی ئیسلامی سیاسیی لەسەر ئەم ھێڵە دەڕۆن، ھەردووکیان پێ لەسەر نەبوونی جیاوازیی ناوەکیی دادەگرن و یەکێکیان کۆمەڵگا وەک ھەڵگری یەک شوناسی ئەتنیی و ئەویتریان یەک شوناسی دینیی وێنادەکەن. لەمەشدا باز بەسەر ئەو ھەموو جیاوازییە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی و دینیی و نادینیی و ئەخلاقیی و رەمزییانەدا ئەدەن کە لەناو سەرجەمی کۆمەڵگاکانی ناوچەکەدا ئامادەیە. وەک سەمیر ئەمین دەڵێت ناسیۆنالیزمی عەرەبی دیدێکی رۆمانسیانەی هەیە، باوەڕی بە بوونی چینەکان و ململانێی چینایەتی نییە، ناسیۆنالیزمێکی موتڵەقگەرە، ئەگەرچی کۆمەڵگاکەی بە رەعیەتی خۆی دەزانێت کەچی سیفەت و تایبەتمەندێتی رەھا بە نەتەوەکەی دەبەخشێت، وەکو نەتەوەی ھەڵبژێردراو و دەگمەن و پیرۆز نمایشی دەکات. ھاوکات وێناکردنێکیش بۆ دەرەوەی خۆی دروستدەکات تیایدا دەرەوەو کەسانی لەخۆی نەچوو وەک کەسان و دەرەوەیەکی ھەڕەشەکەرو مەترسیدارو ناحەز دادەڕێژێت. بەبۆچونی من ئەم دیدەی سەمیر ئەمین بۆ سەرجەمی بزاوتە ناسیۆنالیستەکانی ناوچەکە ڕاستە. بزاوتە ئیسلامییەکانیش کەم تا زۆر بە ھەمان رێگادا دەرۆن. ئەمانیش رەفزی خۆرئاواو رەفزی فیکری رۆشنگەریی دەکەن و وێناکردنێکی تەواو نێگەتیڤ و رەشیبینانەیان بۆ دەرەوەی ئیسلام، ھەیە. جیھان بۆ دیندارو بێدین دابەشدەکەن، لەناو دیندارانیشدا جیھان بۆ ئیسلام و نائیسلام دابەشدەکەن و فەزلی موسڵمانان بەسەر ناموسڵماناندا دەدەن. لەم دۆخەدا جۆرێکی بیمار لە نارسیزم و ھەڵئاواسانی «زاتیەتی ئیسلامی» گەشەپێئەدەن و باس لەوەدەکەن ھەموو جیھان توشی ئیفلاسبوونێکی سیاسیی و ئەخلاقیی و بەھایی بووەو نۆرە ھاتۆتە سەر ئیسلام دەوڵەت و شارستانیەتێکی رزگارکەر، دروستبکات. لە وێناکردنیشیاندا بۆ دەوڵەت پێ لەسەر شمولیەتی ئیسلام دادەگرن و بەرگریی لەوەدەکەن کە ئیسلام هەم دینەو هەم سیاسەت، ھەم دەوڵەتەو ھەم کۆمەڵگا، ھەم یاسایەو ھەم ئەخلاق، ھەم ئابورییەو ھەم کولتور، ھتد.. بە کورتییەکەی، باس لەوەدەکەن ئیسلام نەک تەنھا دینێکی جیاوازە کە پێویستە دەوڵەتی تایبەت بەخۆی دروستبکات، بەڵکو مۆدێلێکی شارستانی جیاوازیشی ھەیە کە دەتوانێت ھەموو مرۆڤایەتی ڕزگاربکات. لەم دیدگایەدا دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامیی، دەوڵەتی شەریعەت، ھەم ھەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی دین و ئەو خودە ئیسلامییە فوتێکراوەی باسمکرد، ھەم بۆ ڕزگارکردنی ھەموو مرۆڤایەتیی خۆیشی. ھەمو ئەمانە لە دۆخێکدا تیایدا ئیسلامی سیاسیی لەناو خۆیدا بزاوتێکی دابەش و پارچەپارچە و یەکتری تەکفیرکەرن، تەنانەت ھەندێکجار سڵاوکردن لەیەکتر بە حەرام و بە دەرچوون لە فەرمایشتەکانی خودا، دەزانن. ھەم بزاوتە ناسیۆنالیستەکان و ھەم بزاوتە ئیسلامییەکانیش لەناوچەکەدا گەشە بە بڵاوبوونەوەی کولتوری ترس لە جیهان و ترس لە ئەویتری لەخود نەچو، جیاواز، ئەدەن. لەپاڵ بەرھەمێنان و بڵاوکردنەوەی ئەم ترسەدا هاوکات خۆیان وەک ئەلتەرتاتیڤی ھەموو شارستانیەتییەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتی، نمایشدەکەن. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لەناو ھەردوو مۆدێلەکەدا لە دەوڵەت بە خەستی ئامادەیە، ھەم لەناو ئەو دەوڵەتانەدا کە تا ئەم ساتە دەتوانن مەرکەزیی و بەھێزبن، ھەم لەناو ئەو دەوڵەتە شکستخواردوانەشدا کە لەناوەوە بەسەر چەندان ئیمارەت و گروپ و تائیفەی دژ بەیەکدا دابەشبوون. ھەردوو مۆدێلەکەش تەواو دژ بە ھەموو شتێکن بچێتە دەرەوەی خەونە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینییەکانی ئەوانەوە. ئەمە وادەکات ھەردوو مۆدێلەکە لە دۆخی دژایەتییەکی گەورەی بەهاکانی ڕۆشنگەریی و بەها لیبرالییەکاندا بن کە پێ لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی و ئازادیی و کەرامەتی مرۆڤەکان دادەگرن. بە بۆچوونی من هیچ گەشەکردن و گۆڕانکارییەکی مانادار لە دونیای ئێمەدا بەبێ ئامادەگیی بەرفراوانیی ئەم دوو جۆرە لە بەها، بەهاکانی ڕۆشنگەریی و بەها لیبرالییەکان، نایەتەکایەوە. رەفزکردنێکی چەپگەرانەی ئەم بەھایانە لەژێر ناوی ئەوەدا کە گوایە ئەو بەھایانە بەشێکن لە «سیستم،ی کاپیتالیزم، یان رەفزکردنێکی دینییانەیان لەژێر ناوی ئەوەدا تەسلیمبوون بە خۆرئاواو کولتوری خۆرئاوا، رەفزکردنێکی ناعەقڵانیی و مەترسیدارن. ھەموو ئەوانەی لە مارکسدا تەنها دژە کاپیتالیستێک ئەبینین، ھەموو ئەوانەیش لە دیندا کۆمەڵێک ھەڕەشە بە جەھەنەم و ھەندێک بەڵێن بە بەھەشت، دەبینن، دەچنە ناو ھەمان ھاوکێشەوە: ھاوکێشەی بە بچوک و کەمنرخ تەماشاکردنی مرۆڤ. بەبۆچونی من مارکس تەنھا دژەکاپیتالیست نەبوو، بەڵکو ڕۆشنگەرو لیبرال و تیۆریستێکی کۆمەڵایەتییی و سیاسییش بوو کە خوازیاری دروستبوونی جیھانێکی باشتری لە جیھانی ئەمڕۆ ھەبوو. دینیش تەنھا ھەڕەشە بە جەھەنەم و بەڵێن بە بەھەشت نییە، بەڵکو دەتوانێت ئامرازی دروستکردنی مرۆڤێکی مافپەروەرو جیاوازیی قبوڵکەرو ھێمن بێت. بە گەڕاندنەوە بۆ پرسی دەوڵەت لە ھەردوو فۆرمەکەیدا دەکرێت جارێکی تریش پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە پرسیاریی ئازادیی مرۆڤ لەناو ھەردووکیاندا پرسیاری ژمارە یەکە. بەڵام پرسیاری ئازادیی وەک پرسیارێکی دەرونیی نەفسیی نا، بەڵکو وەک پرسیارێکی سیاسیی کۆمەڵایەتیی. لە دونیایەکی وەک دونیای ئێمەدا پرسیاریی ئازادیی بەھیچ مانایەک پرسیارێکی سایکۆلۆژیی نییە، ئەوە نییە لە خۆمان بپرسین ئایا مرۆڤ دەتوانێت ئازادبێت یان ناتوانێت، ئیرادە بەشێوەیەکی بابەتی ئازادە یان سنوردارە، پرسیاریی ئازادیی لە دونیای ئێمەدا پرسیارێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە. سیاسییە بەمانای ئەوەی خوازیاریی دروستبوونی جۆرێک لە دەوڵەت و حوکمڕانییە کە ئازادییە سیاسیی و مەدەنییەکان دەستەبەربکات، واتە مرۆڤ ئازادبێت لەبەرامبەر دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسییدا. ئازادیی کۆمەڵایەتیش مانای ئازادیی مرۆڤ لەبەرامبەر ڕایگشتىی و کۆمەڵگاو دین و کەلەپورو کولتوردا. ئەم دۆخە وادەکات پرسیاری ئازادیی لە دونیای ئێمەدا بە پلەی یەکەم پرسیار بێت سەبارەت بە چییەتی دەوڵەت و کۆمەڵگاو دین و رۆڵی ھەریەکێکیان لە ژیانی مرۆڤەکاندا وەک تاکەکەس. پرسیاری ئازادیی لای ئێمە پرسیاریشە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان تاکەکەس و کۆمەڵگا، تاکەکەس و ڕایگشتیی، تاکەکەس و خودا، یان نوێنەرەکانی خوداو ئەوانەی بەناوی خوداوە دەدوێن. ھەموو ئەمانە، بەجۆرێک لە جۆرەکان، پەیوەندییەکی گەورەو ڕاستەوخۆیان بە شێوازی دەوڵەت و سیستمی حوکمڕانییەوە، ھەیە. ئەو حوکمڕانییەی لەئێستای ئێمەدا هەیەو ئامادەیە، حوکمڕانییەک نییە، بەرجەستەکەری ئازادیی و هۆشیاریی بێت، بەڵکو ھێزی خۆسەپاندن و ناچارکردن و نائازادییە، شێوازێکە شوێنی تاکەکەسی وەک تاکەکەسێکی تاک، وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و ئازادیی، وەک کەسێک خۆی سەروەری خۆی بێت، تێدانییە. دەوڵەت و حوکمڕانیی لێرەدا دەزگایەکن بۆ ئەوەی ئازاد بیت، پێویستە بچیتەدەرەوەی، دژی بیت و لەو فۆرمەی ئەمڕۆیدا قبووڵینەکەیت.
درەو: تیمی باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەی هۆڵەندا لە بەغداو هەولێر سەردانی ئۆفیسی سەرەكی (درەو)یانكرد و گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و پرسی ئازادی رادەربڕینكرا لەهەرێمی كوردستان. تیمەكەی باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەی هۆڵەندا پێكهاتبوون لە ( پارت هۆڤمان، سكرتێری یەكەمی كاروباری سیاسی و مافەكانی مرۆڤ، یەلی یۆخام سكرتێری دوومی كاروباری سیاسی و مافەكانی مرۆڤ، یاسر كوتی راوێژكاری پێشكەوتوو لە كاروباری سیاسی و مافەكانی مرۆڤ). گفتوگۆیانكرد لەسەر پرسی هەڵبژاردن، (درەو) وەك دامەزراوەیەك كە زۆرترین راپۆرت و شیكاری بۆ پرسی هەڵبژاردن كردووە، كێشەو ئاستەنگەكانی بەردەم هەڵبژاردنیان بە ئامارو داتا خستەڕوو، سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی سەر میدیاو میدیاكاران (درەو) بە ئامارو داتا پاشەكشەی ئازادی رادەربڕین و زیادبوونی پێشێكارییەكانی خستەروو
درەو: ئەمڕۆ دادگای هەولێر بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی و هەشت كەسی تر بەتۆمەتی تیرۆركردنی هاوكار جاف دەركرد، بەم بڕیارە خاڵێكی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی و تیمی یەكێتی لە حكومەت شكستیهێنا. رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری 2022 لە شاری هەولێر بۆمبێكی چلكێندراو بە ئۆتۆمبێلەكەی ( عەقید هاوكار جاف) فەرماندەی دژە تیرۆری یەكێتیدا تەقیەوەو گیانی لەدەستدا. لەدوای تیرۆركردنی هاوكار جافەوە كێشەو گرژیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی زیاتر بوون، بە جۆرێك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و تیمی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیانكرد. لە یەكەم كۆبوونەوەی دوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، كە لە رۆژی 14ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بڕیاردرا كێشە ئەمنییەكانی نێوانیان لە رێگەی لیژنەیەكی هاوبەشەوە چارەسەر بكرێت. لە بڕگەی سێیەمی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە: لەبارەی كێشە ئەمنییەكان، بڕیاردرا لیكۆڵینەوەیەكی هاوبەش لەڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتمەند لە دەزگا پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە دۆسییە ئەمنییەكان بە گشتی دوور لە دەستوەردانی سیاسی، ئەنجامبدرێت و دواتر ڕێكاریی یاسایی بگیرێتەبەر. هەروەها لە كۆبوونەوەی رۆژی 28ی كانوونی دووەمی 2023ی نێوان مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بڕیاردراوە كە كێشە ئەمنیەكانی نێوانیان بسپێرن بە لینەیەكی ئەمنی هاوبەش بە چاودێری و ئامادەبوونی لایەنی سێیەم. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) تا ئێستا لیژنە هاوبەشەكە دەستبەكار نەبووەو هیچ كێشەیەكی ئەمنی لە نێوان هەردوولا یەكلانەكراوەتەوە لەو ماوەیەی كە گرژییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بەرەو هێوربوونەوە چوو، تیمی یەكێتی گەڕانەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران . دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای هەولێر سەبارەت بە بڕیاری لە سێدارەدانی فەرماندەكانی دژە تیرۆری یەكێتی لە كاتێكدایە، چەند رۆژێكە ناكۆكی لە نێوان پارتی و یەكێتی سەبارەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كورستان و بودجەی 2023ی عێراق سەری هەڵداوەتەوە.
درەو: بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە (6/11/2022) ەوە تا ئێستا ماوەی (7) مانگە پەرلەمانی كوردستان نایاساییە، واتە جیاوازی ئەو شەش مانگەی موچەكانیان كە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە سەرجەمی دەكاتە (3.395.300.000) سێ ملیار و سێسەد و نەوەت و پێنج ملیۆن و سێسەد هەزار دینار. ئەو شەش پەرلەمانتارانەی كە لەدوای (6/11/2022) سوێندی یاساییان خواردووە دەبێت موچەكانیان بگەڕێننەوە كە دەكاتە (102) ملیۆن دینار. ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەدوای (6/11/2022) ەوە چوار مانگ موچەیان وەرگرتووە كە دەكات (82) ملیۆن دینار. نامەیەك بۆ دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەنادەستوری بوونی پەرلەمان بەتەمای چین؟ تكایە یاسای چاكسازی كە خۆتان دەرتان كردووە لەسەر خۆتانی جێبەجێ بكەن بەڕێز/ سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێز/ جێگری سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێز/ سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێزان/ ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان پاش سڵاو و رێز... دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نادەستوری بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، لەلایەك جێگەی نیگەرانی و لەلایەكی تر مایەی دڵخۆشیە، جێگەی نیگەرانیە بەوەی نەدەبوو دوای سی و یەك ساڵ ئەزموون و حوكمرانی، بەم شێوازەی ئێستا دامەزراوە یاساییەكانی هەرێم، بەتایبەت بەرزترین دامەزراوەی وەك پەرلەمان بكەوێتە بەر تانەو تەشەری بەغداو بە نادەستوری دابنرێت، ناوبانگی هەرێم و حوكمرانیەكەی لەبەر چاوی هاوڵاتیانی خۆی و دۆست و هاوپەیمانەكانی لەكەدار بكرێت، هۆكاری سەرەكی بڕیارەكەش خودی پەرلەمانە كە بووە مایەی ئەوەی ساڵێكی تەمەنی بە نادەستوری هەژماربكرێت و هەرێمیش بخاتە بۆشایی یاساییەوە. لەلایەكی ترەوە مایەی دڵخۆشی و پێشوازی لێكردنە، چونكە بڕیارەكە دەرەنجامی خەمساردی لایەنە سیاسییەكان (بەتایبەت پارتی و یەكێتی)ە، چونكە نە پەرلەمان و نە ئەو دوو هێزە گوێیان لە هاوار و تكای خەلكانی دڵسۆز و یاساناس نەگرت، هەر بۆیەش لە بەغداوە وەستێنران! ئەگەر گوێیان بگرتایە، هەڵوەستەیەكیان لەسەر هۆشدارییەكانی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسلخانەكان بكردایە، ئەگەر گوێیان لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بگرتایە لە بری تاوانباركردنیان! ئەگەر بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمیان لەبەرچاو بگرتایەو تۆزێك راستگۆبوونایە لەگەڵ ئەو دروشمانەی بەناوی دیموكراسیەوە بانگەشەیان بۆ دەكرد! چی پێویستی دەكرد بەغدا بێت و مێزی یارییەكی سالێ قلب بكاتەوە بەسەر پەرلەماندا؟ ئەگەر پەرلەمان بەپێی یاسا و پەیرەو كاری بكردایەو ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكردایە، ئەگەر لە سالی 2019 ەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كارا بكردایەتەوە، چۆن دادگەی فیدراڵی دەیتوانی بڕیارێكی لەم شێوەیەی لەسەر دەربكات و بە ناچاری بیوەستێنێ! وێڕای ئەوەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و هاوپەیمانەكانیان لە شەو و رۆژێكدا بەیەكەوە تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردەوە، كەچی لەگەڵ ئەو هەموو نزیككەوتنەوەشیان لەیەكتری، نەیانتوانی لەماوەی ساڵێكدا لەسەر هەڵبژاردن رێكبكەون، چونكە ئەگەر لەسەر هەلبژاردن رێك بكەوتنایەو بە بیانوی جیاجیای بێ بنەما پەكی دانیشتنەكانی پەرلەمانیان نەخستایە؟ سەرەنجامیان بەم رۆژە نەدەگەیشت؟ هەموو ئەمانە هۆكاری دەرچوونی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی و بەنادەستوری ناساندنی پەرلەمان و دروستبوونی بۆشایی یاسایین لە هەرێمی كوردستان و بەرپرسیاری یەكەمیش پارتی و یەكێتی و خودی پەرلەمانی كوردستانن. ئەگەر بەهۆی ئەو بڕیارەوە هەستی تاكێكی كورد بریندار بوبێت، دەبێ لەو راستیە تێبگەین كە بڕیارەكەی دادگە پەرلەمانی هەڵنەوەشاندۆتەوە وەك هەندێك كەس و لایەن بۆ جولاندنی هەست و سۆزی خەڵكی بانگەشەی بۆ دەكەن، بەڵكو دادگا هەڵەیەكی راستكردۆتەوەو یاسایەكی پەرلەمانی هەڵوەشاندۆتەوە كە بەنادەستوری تەمەنی خۆی پێ درێژكردبوویەوە. واتە بڕیارەكە نەك پەرلەمانی بچوك نەكردۆتەوەو لە هەیبەتی نەداوە، بە پێچەوانەوە گەورەیی پەرلەمانی دەرخستوەو و سەنگ و ئیعتیباری بۆ گێڕاوەتەوە. بۆیە نەك جێگەی داخ نیە بەڵكو خەڵكی كوردستان دەبێت سوپاسگوزار بن كە بەو بڕیارە چونكە مافێكی زەوتكراویا بۆ گێڕدرایەوە و بەپێی یاساو پەیرەو چوار ساڵ جارێك مافی دەنگدانیان هەیە. كەواتە خودی پەرلەمان و بڕیارە نایاساییەكانی خۆیەتی بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی نەك بڕیاری دادگا. پوختەی بڕیارەكە ئەوەیە لە (6/11/2022)ەوە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی بەنادەستوری داناوە، هەموو ئەو كارانەی پوچەڵ كردۆتەوە كە پەرلەمان لەو رێكەوتە بەدواوە كردوونی، وەك: درێژكردنەوەی تەمەن، سوێندخواردنی ئەندامانی تازە، دەركردنی یاساو بڕیار، ئیمتیازی پەرلەمانتاران، هەر هەموویان دەبێ هەڵوەشێنەوە. ئەوەی جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانە، پێنج رۆژ بەسەر دەرچوونیدا تێپەڕیوە، كەچی تا ئێستا پەرلەمان هیچ هەڵوێستێكی لە بەرامبەر ئەو بڕیارە چارەنوسسازە دەرنەبڕیوە كە لە دژی دەرچووەو كۆتایی بەتەمەنی خولەكەی هێناوە! نە قبوڵی كردووەو نە رەتی كردۆتەوە! سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كەوتوونەتە سوڕی متبوون و بێدەنگیەوە كە شەرمێكی سیاسیی گەورەیە، ئەگەر دادگا غەدری لێكردوون دەبێ رەتی بكەنەوە، ئەگەر غەدریش نیە دەبێ بەفەرمی پێشوازی لێبكەن و رێكارەكان دەست پێبكەن. تاكە رێگە لەبەردەمی پەرلەماندا جێبەجێكردنی بڕیارەكەو دەست پێكردنی هەنگاو و رێكارەكانە، ئەركی سەر شانیانە بۆ راستكردنەوەی خەمساردی و پێشێلكاری و ئەو هەڵانەی كردیان، تا رەوشەكە لەوە ئاڵۆزتر نەكەن، بۆ ئەوەی تەنگژەو قەیرانی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان نەخولقێنن و هەرێم رووبەڕووی كێشەی زیاتر نەكەنەوە. كێشەی زیاتر بۆ موچەو بودجەی خەلكی كوردستان دروست نەكەن، لێرەوە بوەستن و بەردەوام نەبن لەسەر ئەو پێشێلكاری و كارە ناپەیڕەویانەی كردوویانە، دواجار هەوڵی هێنانەوە سەر رێچكەی ئاسایی و یاسایی دامەزراوەكانی هەرێم بدەن، پەیوەست بن بە بڕیارەكەی دادگە و یاساكانی خۆیانەوەو ئەم هەنگاوانە بنێن: 1-پەرلەمانی كوردستان لە (6/11/2022)ەوە تەمەنی یاسایی بەسەر چووە، دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامەكانی لەو رێككەوتەوە هیچ سیفەتێكی پەرلەمانییان نەماوە. ئەوەی لە پەرلەماندا سیفەتی یاسایی هەبێت و كارە كارگێڕییەكانی ناو دامەزراوەكە رایی بكات تەنها سەرۆكی دیوانە. 2- لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستەی سەرۆكایەتی و سەرجەم ئەندامان سەردانی پەرلەمان بكەن، دوای دەستلەكار ترازانیان وەك ئەندامی پەرلەمان، ئەوانەی خوازیارن خانەنشین بكرێن لەلایەن سەرۆكی دیوانەوە نوسراویان بۆ بكرێت بۆ وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی بۆ رایی كردنی مامەڵەكانیان، ئەوانەشی نایانەوێت خانەنشین بن نوسراویان بۆ بكرێت بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ سەر كاری پێشوویان. 3-لە ئەگەرێكدا پەرلەمان ئەو نوسراوەی نەكرد، پێویستە لە ماوەی هەفتەیەكدا ئەو پەرلەمانتارانەی پەرۆشی چاكسازی و سەروەریی یاسان، خۆیان بەتاك دوای مامەلەكانیان بكەون و بەپێی یاسا ئەنجامی بدەن. 4-لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامان پێویستە پەیوەست بن بە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 یاسای (چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان) كە ئەم خولەی پەرلەمان خۆیان دەریانكردووە، یاساكە لەسەر خۆیان جێبەجێ بكەن و پێشێلی نەكەن، لە دوای (6/11/2022)ەوە لە وەرگرتنی موچەو ئیمتیازاتەكانیان پەیوەست بن بەیاساكەوە، لەو رێككەوتەوە بە خانەنشین هەژمار بكرێن و جیاوازی موچەكانیان بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی، چونكە بەپێی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی ماوەی شەش مانگ موچەی زیادەیان وەرگرتووە. سەبارەت بەوانەش كە لە چەند مانگی رابردوودا خانەنشین كراون، ئەوانیش خۆیان بەدوای مامەڵەكانیانەوە بن بەپێی یاسای چاكسازی. 5-ئەوانەی لەدوای رێكەوتی (6/11/2022)ەوە بۆ جێگرتنەوەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان لەماوەی نادەستوریبوونی پەرلەماندا سوێندیان خواردووە، بەپەرلەمانتار هەژمار ناكرێن و هیچ ئیمتیازێكی پەرلەمانتاریش نایانگرێتەوە، بۆیە بەزووترین كات نوسراویان بۆ بكرێت بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ سەر كاری پێشویان. 6-بەپێی یاسا كاتێك پەرلەمانتاران خانەنشین دەكرێن موچەی شەش مانگیان وەك ئیكرامیە پێدەدرێت كە بڕی (52.000.000) پەنجاو دوو ملیۆن دینارە، بۆ ئەوەی بار قورسی لەسەر ئەندامان دروست نەبێت، پێشنیار دەكەین ئەو بڕە پارەی بەزیادەوە لە موچە وەریانگرتووە لەو ئیكرامیەیە لێیان بگێڕدرێتەوە. ئەمە لەكاتێكدا سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێر و (8) ئەندامی تر بەهۆی ئەوەی لە خولەكانی پێشوو پەرلەمانتار بوونە، ئیكرامیەیان وەرگرتووەو بەپێی یاسا لەم خولەدا ناتوانرێت دووبارە بۆیان خەرج بكرێتەوە. 7-لە نزیكترین ماوەدا ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان خانو و شوقەكانی پەرلەمان رادەست بكەنەوە تا لە ئێستاوە بۆ ئەندامانی خولی شەشەم نۆژەن بكرێتەوەو ئامادە بكرێت. 8- ئەركی هەریەك لە دامەزراوە فەرمیەكانی: (دیوانی چاودێری دارایی)، (دەستەی دەستپاكی) و (داواكاری گشتی)یە كە چاودێری و بەدواداچوون بۆ پرۆسەكە بكەن، بۆ ئەوەی هەم یاسای چاكسازی پەرلەمان و هەم بریاری دادگای فیدرالی سەبارەت بە ئیمتیازی پەرلەمانتاران جێبەجێبكرێت. داواكارین دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارە بەڕێزەكان، بەوانەشەوە كە پەرلەمانیان بەجێهێشتبوو و بایكۆتیان كردبوو، یا ئەو بەڕێزانەی نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردبوو و دەنگیان لەسەر نەدرابوو، لە زووترین كاتدا ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر، بەپێچەوانەوە ئێمە وەك ئینستتیوتی پەی چاودێری هەنگاوەكانیان دەكەین، وێرای دەستخۆشی لەوانەی هەنگاوەكە جێبەجێ دەكەن، ناوی ئەو ئەندامانەش بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەین كە پەیوەست نەبن بەو یاسایەی خۆیان دەریان كردووە. هەر بۆ بەرچاو روونی بەڕێزیشتان، لە لیستێكی هاوپێچدا بڕی ئەو بودجەیە دەخەینە روو كە بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و یاسای چاكسازی كە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕدرێتەوە. لەگەڵ رێزدا وردەكاری خەملاندنی موچەی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان كە بە بەپێی یاسا پێویستە بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی بۆ بەرچاو روونی بڕی ئەو بودجەیە دەخەینە روو كە بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 یاسای (چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان) كە هەمان ئەو ئەو پەرلەمانتارانەی ئەم خولەی ئێستا پەسەندیان كردووە، لە دوای (6/11/2022)ەوە وەك موچە وەریانگرتووە، پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە، خۆی لەم بڕگانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە: 1-ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی بریتین لە سێ كەس، بڕی موچەكانیان مانگانە: (سەرۆك: پانزە ملیۆن دینار)، (جێگری سەرۆك: سیانزە ملیۆن دینار)، (سكرتێر: یانزە ملیۆن دینار)، ئەم سێ بەرێزە گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین خزمەتیان تەواوەو سەرجەم موچەی خانەنشینی وەربگرن، ئینجا موچەكانیان دەبێت بە نیوە. واتە بۆ هەر مانگێك: (سەرۆك: حەوت ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار)، (جێگر: شەش ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار) و (سكرتێر: پێنج ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار) بگێڕنەوە، كە بۆ شەش مانگ (سەرۆك: چل و پێنج ملیۆن دینار)، (جێگر: سی و نۆ ملیۆن دینار) و (سكرتێر: سی و سێ ملیۆن دینار)، بەمەش كۆی ئەو بڕە پارەی هەرسێكیان بۆ شەش مانگ بە زیادە وەریانگرتووە دەبێ بیگێڕنەوە، دەكاتە (١١٧.000.000) سەد و حەڤدە ملیۆن دینار. 2-موچەی ئەندامان كە مانگانە (8.200.000) هەشت ملیۆن و دووسەد هەزار دینارە، ئەو ئەندامانەی گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی (51) ئەندامن كە تەمەنیان (45) ساڵ و بەسەرەوەیە، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین ئەوانە هەر هەموویان مەرجی خزمەتیشیان تەواوەو دوا میچی موچەكەش وەربگرن، موچەی هەر یەكێكیان دەگاتە رێژەی 50% كە بڕی (4.100.000) چوار ملیۆن و سەد هەزار دینارە، واتە هەر یەكێكیان دەبێ بۆ هەر مانگێك بڕی (4.100.000) چوار ملیۆن و سەد هەزار دینار بگێڕنەوە، بەمەش هەر ئەندامێك بۆ شەش مانگ دەبێت (28.700.000) بیست و هەشت ملیۆن و حەوتسەد هەزار دینار بگێڕێتەوە، واتە بە تێكڕای (51) ئەندامەكە بۆ شەش مانگ دەبێت (1.254.600.000) یەك ملیار و دوو سەد و پەنجاو چوار ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە. 3-ئەو ئەندامانەی نەگەیشتونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، واتە لە خوار (45) ساڵەوەن، ژمارەیان (49) ئەندامە، موچەی مانگانەیان (8.200.000) هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە، موچەی خانەنشینی هەر یەكێكیان دەگاتە رێژەی 25% كە بڕی (2.000.000) دوو ملیۆن دینارە لە مانگێكدا، بەپێی ئەمەش دەبێت مانگانە (6.200.000) شەش ملیۆن و دوو سەد هەزار دینار بگێڕنەوە، واتە هەر یەك لەو ئەندامانە بۆ هەر شەش مانگ دەبێت (43.400.000) چل و سێ ملیۆن و چوارسەد هەزار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕێتەوە. بەمەش كۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی دەبێت هەر (49) پەرلەمانتارەكە بۆ شەش مانگ بیگیچڕنەوە دەگاتە (1.822.600.000) یەک ملیار و هەشتسەدو بیست و دوو ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار. 4-ئەو ئەندامانەی كە دوای (6/11/2023) سوێندی یاساییان خواردووە، بەپێی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی هیچ ئیمتیازێكی پەرلەمانتاری نایانگرێتەوە، (6) ئەندامن، یەكێكیان لە (30/11/2023) سوێندی یاسایی خواردووە، بەپێی ئەمەش ناوبراو موچەی پێنج مانگی وەرگرتووە بۆ هەر مانگێك (8.200.000) هەشت ملیۆن و دووسەد هەزار دینار، كۆی پێنج مانگی دەكاتە (41.000.000) چل و یەک ملیۆن دینار، پێنج ئەندامەكەی تریش لە (15/3/2023) سوێندی یاسایان خواردووە، واتە هەریەكەیان موچەی یەک مانگ و نیویان وەرگرتووە كە كۆی موچەی هەریەكێكیان لەو ماوەیەدا دەكاتە (12.300.000) دووانزە ملیۆن و سێسەد هەزار دینار، كۆی ئەو بڕە پارەیەی ئەو شەش پەرلەمانتارە دەبێت بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی بریتیە لە (102.500.000) سەد و دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار. 5-ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە (1/3/2023) لە پەرلەمان نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پەسەند كرا، كە پێنج ئەندام بوون، واتە چوار مانگ لە تەمەنی نایاسایی پەرلەمان موچەیان وەرگرتووە. هەر پێنج ئەندامەكەی یەكگرتوو گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین خزمەتیشیان تەواو بێت و بالاترین موچەی خانەنشینی وەربگرن، هێشتا دەبێت مانگانە هەر یەكێكیان (4.100.000) چوار ملیۆن و دووسەد هەزار بگێڕێتەوە، كە كۆی گشتی ئەو بڕەپارەیەی بە هەر پێنجیان دەبێت بیگێڕنەوە خەزێنەی گشتی بریتیە لە (82.000.000) هەشتاو دوو ملیۆن دینار. 6-هەریەكە لە پەرلەمانتاران (كازم فاروق) و (عەلی حەمە سالح) كە لە (1/3/2023) نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پەسەند كرا، ، واتە چوار مانگ لە تەمەنی نایاسایی پەرلەمان موچەیان وەرگرتووە. ناوبراوان هیچ كامیان نەگەیشتۆتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، بۆیە هەریەكەیان مانگانە دەبێت (6.200.000) شەش ملیۆن و دوو سەد هەزار دینار بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی، واتە هەر یەكەیان (18.600.000) هەژدە ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار بگێڕنەوە، بەپێی ئەمەش بە هەردووكیان و ماوەی سێ مانگ دەبێت (49.600.000) چل و نۆ ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی. 7-بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە (6/11/2022) ەوە تا ئێستا ماوەی (7) مانگە پەرلەمانی كوردستان نایاساییە، واتە جیاوازی ئەو شەش مانگەی موچەكانیان كە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە سەرجەمی دەكاتە (3.395.300.000) سێ ملیار و سێسەد و نەوەت و پێنج ملیۆن و سێسەد هەزار دینار. 8-ئەم بڕە پارەیەی دەستنیشانكراوەو پێویستە بگەڕێتەوە تەنها خەملێنراو و گریمانەیە، چونكە زۆر لەوە زیاترە، لەبەر ئەوەی ئەگەر بەپێی یاسای چاكسازی بچینە ناو وردەكاریەوە، بەشێكی زۆرتر لە ئەندامان مەرجی خزمەتیان تەواو نیە و ئەو موچەی بۆ خانەنشینی ئێمە لێرەدا گریمانەمان بۆ كردووە كەمتر دەبێتەوە. 9-لە حالەتی خەرجكردنی موچەی مانگی مایس كە تا ئێستا نەدراوە، ئەگەر بۆ پەرلەمان خەرج بكرێت، ئەو كاتە زۆر لەوە زیاتر دەبێت، كە موچەی زیادەی مانگێكی دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران دەكاتە (581.600.000) پێنج سەدو هەشتاو یەك ملیۆن و شەشسەد هەزار دینار، بەپێی ئەمەش ئەو كاتە بڕی (3.976.900.000) سێ ملیار و نۆسەد و حەفتاو شەش ملیۆن و نۆسەد هەزار دینار بە نایاسایی بەهەدەر دەچێت، كە پێویستە بگێڕدرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی. 10-هەندێك لەو ئەندامانەی ناڕازیبوون لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پێشتر لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە لێدوانیان دابوو كەوا لەدوای (6/11/2022)ەوە موچەكەیان وەرنەگرتووە، ئێمە وەك ئینستتیوتی پەی هیچ بەلگەیەكی فەرمیمان لەبەر دەست نەبووە، هەر بەرێزێك ئەگەر بەڵگەی هەبێت دەكرێ ئاگادارمان بكاتەوە تا بیخەینە روو، بۆ ئەوەی مافی پێشێل نەكرێت. ١١-ئەو پەرلەمانتارانەی پێشتر رایانگەیاندبو گوایە لەدوای (6/11/2022)ەوە مەچەیان وەرنەگرتووە، پرسیارێک دێتە کایەوە ئاخۆ موچەکانیان گێڕدراوەتەوە بۆ سەر خەزێنەی گشتی یاخود خراوەتە سەر ئەژمارەکانیان. کە ئەمە ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە بەدواداچونی بۆ بکەن.
(درەو): ئێران داوای لە پارتیو یەكێتیی كردووە، هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات چەك بكەنو لە دوو ئۆردوگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێرو سلێمانی جێگیریان بكەن، یان لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەربكرێن، هەردوولا رەزامەندن، بەڵام بەر لە جێبەجێكردنی داوایان كردووە قاسم ئەعرەجی بچێتە واشنتۆنو ئاگاداریان بكات، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان روبەڕووی فشاری ئەمریكا نەبێتەوە. دوو مەرج ! رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانو هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای گشتی ئاسایشی هەرێم لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی تارانیان كرد. ئەم سەردانە بۆ تاوتوێكردنی دواین رێوشوێنەكانی تایبەت بە ئاسایشی سنورەكان بوو، مەبەست لە ئاسایشی سنور، رێككەوتنێكی ئەمدواییەی عێراقو ئێرانە كە ناوی لێنراوە "كۆنوسی ئەمنیی"، رێككەوتنەكە تایبەتە بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان بە ئێرانەوە. چوار رۆژ لەمەوبەرو بەر لەوەی بچێت بۆ تاران، قاسم ئەعرەجی سەردانی سلێمانی كردو لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو ئێران بەڕێكەوت، ئەعرەجی مانگێك پێشتریش بۆ هەمان مەبەست چووە هەولێر. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتووە، لە سەردانەكەی تاراندا، عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كە بەمدواییە لە شوێنی (عەلی شەمخانی) دەستبەكاربووە، دوو داواكاری خستوەتە بەردەم وەفدە ئەمنییە هاوبەشەكەی حكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستان، كە ئەمانەن: • داواكاری یەكەم: هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان چەك بكرێنو لە دوو ئۆردوگای سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسنوری سلێمانیو هەولێر دابنرێن. • داواكاری دووەم: یاخود یەكجاری ئەو حزبانە چەك بكرێنو لەناو خاكی هەرێمی كوردستانو عێراق بكرێنە دەرەوە. هیوا ئەحمەد بە نوێنەرایەتی یەكێتییو رێبەر ئەحمەدیش وەكو نوێنەری پارتی گوێیان لە دواین هەڵوێستی ئێران بووە سەبارەت بە چارەنوسی پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵاتو بەپێی زانیارییەكان بە داواكارییەكانی ئێران رازی بوون، بەڵام داوایان كردووە پەلەیان لێ نەكرێت. كوردستان لەنێوان تارانو واشنتۆندا بەر لە سەردانەكەی تاران، رێبەر ئەحمەد بە قاسم ئەعرەجی راگەیاند، هەرێمی كوردستان پابەندە بە رێككەوتنی كۆنوسی ئەمنیی نێوان عێراقو ئێرانەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، ئێستاو دوای داواكارییەكانی ئێران، پارتیو یەكێتیی داوایانكردووە وەفدێكی ئەمنی عێراق سەردانی ئەمریكا بكاتو لەبارودۆخەكە ئاگاداریان بكاتەوە، بۆ ئەوەی لەحاڵی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئێراندا، ئەمریكا فشار لە هەرێمی كوردستان نەكات. هەمان سەرچاوە ئاشكرایكرد، لەسەر داواكارییەكەی پارتیو یەكێتیی، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی واشنتۆن بكات. هەرێمو نیگەرانییەكانی ئێران لەدوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو كە بەهۆی كوژرانی كچە كوردێكەوە بەناوی "ژینا ئەمینی" سەریهەڵدا، كۆماری ئیسلامی ئێران دەستیكرد بە بۆردومانكردنی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەمە هەرێمی تۆمەتبار كرد بەوەی رێگەی داوە لە سنورەكانییەوە چەك بگوازرێتەوە بۆ خۆپیشاندەران لەناو خاكی ئێران، حكومەتی هەرێم لەكاتی خۆیدا ئەم تۆمەتەی رەتكردەوە، بەڵام لەوكاتەوە ئێران فشارێكی تری بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە. بەمدواییە كە یادگەی نیشتمانی بارزانی لە دهۆك كرایەوە، بەرپرسانی ئێرانی بەشێوەیەكی كتوپڕ مەراسیمەكەیان بەجێهێشت، ئەمە وەكو ناڕەزایەتییەك بوو دژی بانگهێشتكردنی سەركردەی حزبەكانی رۆژهەڵات بۆ ئەو مەراسیمە. بەهۆی ئەم نیگەرانییەوە، چەند رۆژێك دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی عێراقی لە تاران بانگهێشتكردو ناڕەزایەتییەكەی پێگەیاند، دواتر ئاژانسی "میهر"ی ئێران ئاشكرایكرد، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی كونسوڵگەری ئێرانیان كردووە لە هەولێرو بەفەرمی داوای لێبوردنیان كردووە سەبارەت بە رووداوەكەی مەراسیمی كردنەوەی یادگەی بارزانی. كۆماری ئیسلامی تەنیا لە بوونی هێزەكانی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم نیگەران نییە، ناو بەناویش هەرێم تۆمەتبار دەكات بەوەی بووەتە لانەی سیخوڕەكانی ئیسرائیل، رۆژی 13ی ئازاری 2022، تۆپخانەكانی ئێران ماڵی (شێخ باز) بەڕێوەبەری كۆمپانیای (كار گروپ)یان لە هەولێر بۆردومان كردو رایانگەیاند، چەند بەرپرسێكی ئیسرائیلییان لەو شوێنەدا كردوەتە ئامانج. موشەكبارانەكەی ماڵی شێخ باز، پەیوەندییەكانی بارزانیو ئێرانی ئاڵۆزتر كرد، بەڵام رۆژی 10ی نیسانی 2022، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە هەولێر چاویان بە وەفدێكی ئێرانی كەوت كە (حەسەن دانایی فەڕ) باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق سەرۆكایەتیی دەكرد، میدیاكانی پارتی ئەم هەواڵەیان لەكاتی خۆیدا شاردەوە، بەڵام كونسوڵگەری ئێران لە هەولێر وێنەی دیدارەكانی بڵاوكردەوە. ئەوكات ئێرانییەكان لە بارزانی نیگەران بوون، هۆكاری نیگەرانییەكەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە بارزانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدر كردبوو، كۆماری ئیسلامی ئەمەی بە هەوڵدان بۆ تێكدانی ناو ماڵی شیعەی عێراق وێنا دەكرد، هەروەك لێكدانەوەیان بۆ هاوپەیمانێتییەكە ئەوە بوو گوایا پارتیو سوننەكان بەشێكن لە پرۆژەیەكی هەرێمی بۆ پەرتكردنی ناو ماڵی شیعە لە عێراقو ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران دروستدەكات، بەڵام بە كشانەوە سەدر لە پرۆسەی سیاسی ئەم گرێیە كرایەوەو ئارامی بۆ پەیوەندییەكانی هەردوولا گەڕایەوە. ئێستا پارتیو یەكێتیی هاوبەشن لە حكومەتی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، كە ژمارەیەك لایەنی شیعەی نزیك لە ئێرانن، بۆیە ئێران زیاتر فشارەكانی لەسەر بوونی هێزەكانی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم توندكردوەتەوە.
(درەو)- راپۆرتی رۆیتەرز شازادەی جێنشینی ئوردن دوێنێ بەبۆنەی هاوسەرگیرییەكەیەوە ئاهەنگی سازكرد، ئاهەنگێك كە تەماشاكەرێكی زۆری هەبوو، سەركردەكانی ئەو وڵاتە ئومێدەوارن ببێتە هۆی بەهێزكردنی هاوپەیمانێتییە ناوچەییو جیهانییەكانیان. سەركردەكانی ئوردن لە مێژە وەك پایەیەكی سەقامگیری لە ناوچەیەكی ناسەقامگیردا، لە پاڵپشتی خۆرئاوا بەهرەمەند بوون. شازادە حسێن (28 ساڵ) كە شا عەبدوڵای باوكی لە ساڵی 2009وە وەكو شازادەی جێنشین دیاریكردووە، هاوسەرگیری لەگەڵ (رەجوە ئال سەیف)ی (29 ساڵ)دا كردووە كە كچە تەلارسازێكی سعودیەو نەوەی خێزانێكی گەورەیەو خێزانەكەی پەیوەندییان لەگەڵ خێزانی دەسەڵاتداری سعودیەدا هەیە. ئوردن لەمێژە بۆ پاڵپشتی ئابورییەكەی پشت بە خۆرئاوا دەبەستێت، بەجۆرێك گەورەترینی ئەو وڵاتانەیە كە یارمەتیی لە ئەمریكاو ئەوروپا وەردەگرێت، چاودێران هیواخوازن هاوسەرگیرییەكەی شازادەی جێنشین ببێتەهۆی نزیكبوونەوە لەگەڵ سعودیەداو قورساییەكی ناوچەیی دروستبكات. محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە بەشداری لە ئاهەنگەكەدا نەكرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو بەوپێی قسەی بەرپرسانی ئوردنی چاوەڕان دەكرا بەشداری بكات. بەڵام مێزی خوانەكە پڕبوو لە ئەندامانی خێزانە شاهانەكان لە ئەوروپاو ئاسیاو كەسایەتییە دیارەكانی ئەمریكا لەنیویشیاندا جیل بایدن خانمی یەكەمی ئەمریكا، هەروەك هەریەكە لە شازادە ولیام شازادەی بەریتانیاو خاتوو (كەیت)ی هاوسەریشی بەشداربوون. دواین چەندین ساڵ لە ئاڵۆزی پەیوەندییەكانیان، دواین سەردانی شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ ئوردن ساڵێك لەمەوبەر بوو، ئەمەش لەكاتی خوێدا ئومێدی ئەوەی زیندووكردەوە سەردانەكەی ببێتە هۆی باشكردنی پەیوەندییەكانو كردنەوەی دەرگا بەڕووی پاڵپشتی زیاتری ئابوری. هەروەك هاوسەرگیرییەكە هەنگاوێكی گرنگیشە لەبەردەم شازادە حسێندا بە ئاڕاستەی وەرگرتنی تەختی پادشایەتیی، بەرپرسانو ئەوانەی ئاگاداری كاروبارەكانن دەڵێن شا عەبدوڵا هەست بە دڵنیایی دەكات كە ئێستا سەقامگیری وڵاتەكەی زیاتر جێی خۆی دەگرێت. شا عەبدوڵا ساڵی 2004 زڕبرای بچوكەكەی (شازادە حەمزە)ی لە شازادەی جێنشینیی خست، دواتریش شازادە حەمزە تۆمەتباركرا بە پلانگێڕیی بۆ لادانی پادشا لە پیلانێكدا كە لە دەرەوەی وڵاتەوە رێكخرابوو، بەڵام سەرباری ئەمەش ئوردن ئەو ئاڵۆزییانەی بەخۆوە نەبینی كە بووە هۆی لادانی زۆرێك لە سەرۆكو سەركردەكانی ناوچەكە، تاڕادەیەكیش لەو نائارامییانە دەربازی بوو كە ناوچەكە لە دەیەی رابردوودا بەخۆیەوە بینی. تاج لە چەند ساڵی كەمی رابردوودا، شازادە حسێن كە دەرچووی زانكۆی جۆرج تاونی ئەمریكاو ئەكادیمیای شاهانەی (ساندهێرست)ی سەربازییە، بەشێوەیەكی زیاتر ئەركەكانی پادشای داهاتووی وڵاتی گرتووەتە دەست، وڵاتێك كە ژمارەی دانیشتوانەكەی دەگاتە 11 ملیۆن كەس. شازادە حسێن چاوی بە سەركردەكانی جیهان كەوتووە، لەوانە جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا، مانگی رابردوو لەمیانی بەڕێوەچوونی لوتكەی عەرەبی لە شاری جەددەی سودیە، شانبەشانی باوكی رۆیشت بۆ ئەوەی سڵاو لە شازادەی جێنشینی سعودیە بكات، شازادە حسێن بەبەردەوامی دەبینرێت سەرۆكایەتی كۆبونەوەی ئۆرگانە حكومییەكان دەكات. بەگوێرەی نەریتی خێزانی هاشمی، ئاهەنگە گشتییەكان لەوكاتەوە دەستپێدەكات كە شازادە حسێنو هاوسەرەكەی لە كۆشكی زەهران لە عەممان، گرێبەستی هاوسەرگیرییان دەبەستن. دەیان هەزار كەس لە خەڵكی ئوردن لەسەر ئەو شەقامە ریزیان بەست كە كاروانی بوكو زاواكە بە ئۆتۆمبیلێكی سپی كراوەی رەنج رۆڤەر پێیدا تێپەڕی، تا گەیشتە كۆشكی حسەینییە بۆ ئامادەبوونی لە خوانی فەرمیدا لەگەڵ سەدان میوان. سەرباری كەموكورتییەكانی سیستەمی پادشایەتیی، زۆرێك لە هاوڵاتیانی ئوردن دەڵێن پێیان باشە ئەم سیستەمە لە وڵاتەكەیان بەردەوام بێت، بۆ ئەمەش ئاماژە بە ساڵانی ململانێ لە عێراقو سوریا دەكەن وەكو دوو وڵاتی دراوسێ. عالیە ئیبراهیم كە مامۆستایە لە خوێندنگەیەكی تایبەت لە عەممان دەڵێ، بەڵای ئەوانەوە خێزانی هاشمی زامنی ئارامی وڵاتن. خواستی واشنتۆن بۆ هاوپەیمانێكی سەقامگیر لەناوچەیەكی پڕ لە ئاڵۆزیی بەو مانایە دێت كە دەبێت چاو لە چاكسازییە دیموكراسییەكانی ئوردن دابخات كە بەشێوەیەكی هێواش بەڕێوەدەچێت، هەروەك دەبێت چاوی خۆشی كوێر بكات لە تۆماری خراپی ئوردن لەبواری مافەكانی مرۆڤدا. ئەمریكا لە ئوردن چەندین بنكەی سەرباری هەیەو لەوێ بەشێوەیەكی سیستماتیك راهێنانی هاوبەش ئەنجام دەدات. ئابوری شانشینی ئوردن دوای چەندین ساڵ لە خاوبوونەوەی گەشەو بەرزبوونەوەی ئاستی بێكاریی، بەشێوەیەكی هێواش گەشە دەكات، ئەمەش لەچوارچێوەی نوێترین پرۆگرامی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵاتە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەژێر فشاری خراپی دۆخی بژێویدا، ساڵی رابردوو زۆرێك لە خەڵكی ئوردن رژانە سەر شەقامەكان دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی، ئەم خۆپیشاندانانە گرژیو كوژراوی بەدوای خۆیدا هێنا. هەندێكیش رەخنەیان لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەی شازادەی جێنشین هەیە، وەكو بەهەدەردانی سامانی گشتی ناوی دەبەن، لەنێو ئەوانەدا عەبدوڵا فایز كە سەربازێكی خانەنشینەو لە یەكێك لە گەڕەكەكانی دەوروبەری عەممان بە پاشەكەوتێكی كەم دەژی، دەڵێ:" چۆن هەست بە خۆشبەختی بكەین كە بۆ باشكردنی ژیانی رۆژانەمان تێدەكۆشین؟ ئەمە ئاهەنگی هاوسەرگیری شازادەیە نەك ئاهەنگی ئێمە".
درەو: راپۆرتی پێگەی (الطاقة) تائێستا قەیرانی راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەجێی خۆیەتی, دوای تێپەڕبونی بە كۆمەڵێك ئاڵۆزیدا, كە دیارترینیان, هەڵبژاردنەكانی توركیاو هەوڵەكانی ئەنقەرەیە بۆ سازشكردن بەلایەنی عێراقی و كۆتابهێنان بە سزایەی دادگای ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس بەسەر توركیادا سەپاندی, كە بە بڕەكەی (1)ملیارو (471) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت, بەهۆی پێشێلكردنی رێككەوتنی ساڵی (1973)ی نێوان عێراق و توركیا. بەگوێرەی دەقی رێككەوتنەكە, كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق"سۆمۆ" هەژموونی تەواوەتی دەبێت بەسەر ناردنی نەوت لەڕێی هێڵی عێراق_توركیا, كە توركیا لەساڵی (2014)دا, پێشێلی ئەمەی كرد, كاتێك رێگەیدا نەوتی هەرێم بەبێ رەزامەندی بەغداد هەناردەبكرێت. نەبیل مەرسومی پسپۆڕی نەوتیی عێراقی دەڵێت: زیانەكانی عێراق لەئەنجامی راگرتنی هەناردەی نەوتی كوردستان و كەركوك لەماوەی دوو مانگی رابردودا, بە نزیكەی (2)ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت, بەهۆی راگرتنی زیاتر لە (470)هەزار بەرمیل نەوتی مانگانە, كە لەو كێڵگانەوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكران, لەڕێی بەندەری جەیهانەوە. كەمكردنەوە لەبایەخی بڕیاڕی ناوبژیوانی مەرسومی لەلێدوانەكەیدا ئاماژە بەوەدەكات, هەندێك لایەنی توركی هەوڵدەدەن لەبایەخی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی كەمبكەنەوە, پێشبینیشی كردووە, لەكۆتایدا لایەنی توركی ملكەچی بڕیاڕەكەی دادگا ببێت, بەڵام لەگەڵ هەندێك دەستی دەستی كردن, بۆ فشاركردن لەعێراق لەپێناو بەدەستهێنانی سازشكردن. ئەو پسپۆڕەی بواری نەوت پێشیوایە, سێ هۆكار هەن توركیا ناچاردەكەن پابەندی بڕیاڕەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ببێت: یەكەم: بڕیارەكانی دادگای كۆتایی و پابەندكەرن و دەبێت جێبەجێبكرێن لەلایەن هەردوو لایەنی ناوبژیوانیەكە. دووەم: هەوڵی توركیا بۆ ئەوەی رێڕەوێكی ئارام و باوەڕپێكراوی هێڵی بۆری نەوت و غازبێت, كە ئەوەش وادەكات گوێڕایەڵبوونی بۆ بڕیارەكانی ناوبژیوانی و جێیەجێكردنی كارێكی گرنگ بێت بەو ئاڕاستەیە. سێیەم: توركیا لەو وڵاتانەیە كە واژوی لەسەر رێككەوتنی لیستی وزە كردووە, كە تێپەڕبونی بۆری نەوت و غاز و ناوبژیوانیكردن لەباریەوە, گرنگترین خاڵەكانێتی. هەوڵەكانی توركیا بۆ فشاركردن لە عێراق دكتۆر نەبیل مەرسومی دەڵێت: حكومەتی توركیا لە ئێستادا بە هەموو توانایەوە كاردەكات بۆ سود وەرگرتن لەڕێككەوتنی پێشوی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان, بۆ ئەوەی زۆرترین بڕی ئەو سزایەی سەپاوە بەسەریدا بیخاتە ئەستۆی هەرێم, رەنگە رێككەوتنێكی نا راگەیەندراویش هەبێت لەنێوان حكومەتی توركیاو هەرێم لەو بارەیەوە. دەشڵێت: توركیا هەواڵی سازشكردن بە عێراق دەدات, لەنمونەی كەمكردنەوەی قەبارەی سود لەسەر ئەو پارەی قەربووەی بڕیارە بیدات بەعێراق, یاخود زامنكردنی بەردەوامیی ئەو پارە زۆرەی كە لەهەرێمی كوردستانی وەردەگرت وەك (رسومات)ی تێپەڕبونی نەوت, پێش دەرچونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی و نەگەڕانەوەی بۆ رسوماتەكانی پێشوو, كە (1)دۆلارو (12)سەنت بووە بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی عێراق كە بە بۆری توركیادا تێپەڕیووە. توركیا رەنگە پەنابباتە بەر راكێشانی بۆریەكی نوی لەخاكی توركیاوەو تەرخانی بكات بۆ نەوتی هەرێم, كە ملكەچی رێككەوتنی ئێستای هێڵی بۆری نەوت نەبێت لەگەڵ عێراق, ئەنقەرە هەوڵی ئەوەش دەدات بانكێكی توركی بۆ گلدانەوەی داهاتی هەناردەكراوی نەوتی هەرێم دیاریبكات, یاخود بۆری نەوت لەڕێی سوریاوە رابكێشێت. بەوتەی ئەو پسپۆڕە, رەنگە عێراقیش هەوڵی زیندوكردنەوەی هێڵی كەركوك و بەنی یاسر بدات, بەڵام توركیا هەوڵی دروستكردنی بەربەست دەدات بۆی, بگرە ئەگەر هەیە پەناش ببات بۆ بەكارهێنانی شێوازی تری فشاركردن لەسەر عێراق, كە رەنگە سیاسیبێت, یاخود لەڕێی دۆسیەی ئاوەوە. هەڵبژاردنەكانی توركیا مەرسومی رونیدەكاتەوە, هەڵبژاردنی توركیا رۆڵی هەبوو لەدواخستنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان, بەهۆی ئەوەی ئەم دۆسیەیە لەچاوەڕوانی ئەوەدا بوو, كێ دەچێتە كۆشكی كۆماری و بۆچونی بۆ رێككەوتن لەگەڵ لایەنی عێراقی چۆن دەبێت. توركیا لەهەوڵی دیراسەكردنی ئەو زیانانەشدایە كە بەر هیڵی بۆری نەوتی عێراقی توركی كەتووە, بەهۆی ئەو بومەلەرزەیەی زستانی ئەمساڵ لەو وڵاتەی دا, بڕوای خۆشی پیشانداوە بەوەی حكومەتی داهاتوی توركیا, بتوانێت چارەسەری قەیرانی نەوتی كوردستان بكات لەگەڵ حكومەتی عێراق. ئەو پسپۆڕە عێراقیە ئاماژەی بەوەشداوە, كۆمەڵێك بژاردە لەبەردەست بەغداددایە, لەپێشیانەوە, گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە بۆ پاڵاوتگەكانی باكور, بەتایبەت كەركوك و زیادكردنی توانای هەناردەكردن لەباشورەوە. مەرسومی جەختیشكردووە: عێراق لەئێستادا پارەیەكی زۆر لەدەستنادات بە بەراورد بەو بڕەی لە بودجە بڕیاری لێدراوە, بەهۆی كۆتوبەندەكانی (ئۆپێك+) كە پشكی بەرهەمهێنانی عێراقی بە رێژەی (430) بەرمیلی رۆژانە كەمكردووەتەوە, ئەوەش وایكردووە هەناردەكردنی نەوتی عێراق هاوتای ئەو ژمارانەبێت كە لەبودجەدا هاتووە. ئومێدی خۆشی پیشانداوە بەوەی, ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بگاتە زیاتر لە (3) و (700)هەزار بەرمبل نەوتی رۆژانە, دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان. مەرسومی ئاشكراشیكردووە: عێراق لەئێستادا هەوڵی زیندوكردنەوەی سێ هێڵی نوێ دەدات, لەوانە: - هێڵە كۆنەكەی لەگەڵ سوریا. - هێڵە كۆنەكەی لەگەڵ سعودیە. - خستنەكاری بۆری نەوتی بەسرە_عەقەبە بۆ گواستنەوەی یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە. هەروەها هەوڵی پەرەدان بەتوانای هەناردەكردن دەدات لەڕێی ئاوەوە, لەپێناو زیادكردنی بڕێكی زۆرتر لەهەناردەكردنی نەوت, یەتایبەت دوای بەردەوامبونی راگرتنی نەوتی عێراق لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیەوە. سەرچاوە: پێگەی الطاقة
(درەو): مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتبكرێتەوە، نایەوێت ئەمە ببێت بە پێشینەیەك بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو دادگایە بڕیاری تر بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، مەسرور بارزانی داوا دەكات تا دوای پەسەندكردنی بودجەی 2023ی عێراق پارتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەكەی دادگا یەكلانەكاتەوە، نێچیرڤان بارزانیش لەگەڵ ئەوەدایە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكە بكرێتو كۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات "هەڵبژاردنی پێشوو كۆمسیۆنی عێراق كردی و پارتی زۆرترین دەنگ و كورسی هێنا". بارزانی دژی بڕیارەكەی دادگایە ! دوێنێ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە، جێگرانی سەرۆكی پارتی (نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی) بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا. ئەم كۆبونەوەیە كە دوێنێ بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێكردنی لێكەوتەكانی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بوو سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو) كەوتوون، لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا، مەسعود بارزانی سور بووە لەسەر ئەوەی دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بەڕێوەببات، ئەمە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە كە دانیشتنی رۆژی 22ی مانگی رابردووی پەرلەمانی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنەكەی كوردستان هەڵوەشاندوەتەوە. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا، مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدا بووە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان رەتبكرێتەوە، بەڵام مەسرور بارزانی داوایكردووە، پەلە نەكەن لە وەڵامدانەوەی توندی دادگای فیدراڵی تا ئەوكاتەی بودجەی 2023ی عێراق پەسەند دەكرێتو پشكی هەرێم تێدەپەڕێت، لەم نێوەندەدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەوەدا بووە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگادا بكرێت، بۆ ئەمەش نێچیرڤان بارزانی بەڵگەی ئەوەی هێناوەتەوە كە هەڵبژاردنەكانی پێشتری هەرێمی كوردستان هەر لەلایەن كۆمسیۆنەكەی عێراقەوە بەڕێوەبراوەو پارتیش براوە بووە. ئەگەر پارتی بۆچونەكەی نێچیرڤان بارزانی پەسەند بكاتو مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بكات، دەبێت نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم بە فەرمی نوسراوێك ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكاتو تێیدا داوایان لێ بكات لە وادەی دیاریكراودا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببەن. بەڵام لەبەرامبەردا، مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی وای دەبینێت ئەگەر پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی ببن، بۆ هەموو كەیسێكی تر دادگاكە بڕیاری خۆی بەسەر هەرێمدا دەسەپێنێتو ئەمە دەبێت بە بنەما، بەتایبەتیش كە پێشتر لە بەیاننامەیەكدا خۆی دادگاكەی بە (محكمە الپورە)ی پێشووی بەعس ناوبردووە. یەكێك لە بڕیارەكانی كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوە بوو، جارێ بەرپرسانی پارتی خۆیان لە هەر لێدوانێك سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بپارێزن تا ئەوكاتەی پارتی بەتەواوەتی هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە یەكلادەكاتەوە. پارتی پابەند دەبێت ؟ پێشبینی دەكرێت، دوای تێپەڕینی بودجەی 2023 لە پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یەكلابكاتەوە. دوای كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسیی، ئەمڕۆ فوئاد حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەغداد سەردانی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای فیدراڵی كرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كوردستان پرسو راوێژی لەگەڵ سەرۆكی دادگا كردووە. لەلایەكی ترەوە، پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی وا دەكات لە داهاتوودا هەرێمی كوردستان جارێكی تر نەتوانێت لە هیچ بارودۆخێكدا تەمەنی پەرلەمان درێژبكاتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە 31 ساڵی رابردوودا بەهۆی بارودۆخی شەڕی ناوخۆییو ناكۆكییە سیاسییەكانەوە (8) جار تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكراوەتەوە. بەهۆی ئەوەی ئێستا سیستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان پەرلەمانییە، هەر جۆرە درێژكردنەوەیەكی تەمەنی پەرلەمان بەواتای درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێمو كابینەی حكومەتیش دێت، چونكە سەرۆكی هەرێمو كابینەی حكومەت لەناو پەرلەمانەوە متمانەیان پێدەدرێت.
شیكاری: درەو: # لە ساڵی (1992) (ملیۆنێک و 112 هەزار) کەس مافی دەنگدانی هەبووەو یەکێتی (423 هەزار) دەنگی بە ڕێژەی (38%) کۆی گشتی دەنگدەرانی بەدەستهێناوە. # لە دواهەڵبژاردندا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (3 ملیۆن و 486 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، یەکێتی (215 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (17%)ی کۆی گشتی دەنگدەران، لە سێ پارێزگاکەی هەرێم، واتا لە نێوان 1992 -2021 یەكێتی بەنزیكەی (50%)ی دەنگەكان كەمیكردووە # ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە یەکەم هەڵبژاردنەوە تا دوا هەڵبژاردنی گشتی بە ڕێژەی (214%) زیادیان کردووە، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان (208 هەزار و 517) دەنگی بە ڕێژەی (49%) کەمی کردووە. # لەیەكەم هەڵبژاردندا یەكێتی لە سلێمانی (207 هەزارو 168) دەنگ بەرێژەی (%60) دەنگی بەدەستهێنابوو، لە دوایین هەڵبژاردندا (124 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (32%) بەڵام لە (8%)ی دەنگی ئەو كەسانەی هێناوە كە مافی دەنگدانیان هەبووە . # لەیەكەم هەڵبژاردندا یەكێتی لە هەولێر (148 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (44%)، لەدوایین هەڵبژاردندا یەکێتی لە هەولێر (65 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (15%) بەڵام لە (4%)ی دەنگی ئەو كەسانەی هێناوە كە مافی دەنگدانیان هەبووە # لە دوای ساڵی (1992)ەوە لە هەرێمی کوردستان (12) هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچووەو یەکێتی بەشداری سەرجەمیانی کردووە. # یەکێتی (3) جار بە شێوەی هاوپەیمانی و (9) جار بە لیستی سەربەخۆ بەشداری کردووە. پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا پوختە؛ لە ساڵی (1992)ەوە (12) هەڵبژاردنی گشتی (پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان)، بەڕێوە چووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان بەشداری کردووە، کە لە (9) هەڵبژاردنیان بە لیستی سەربەخۆ و (3) هەڵبژاردنیان بەشێوەی هاوپەیمانی چووتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە سێ پارێزگاکەی هەرێم مافی دەنگدانیان هەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەک نەیتوانیوە بە هەمان ئاست ژمارەی دەنگەکانی بەرز بکاتەوە، بەڵکو بە ڕێژەیەکی گەورە دەنگەکانی دابەزیوە، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە (19/5/1992) بەڕێوەچوو (ملیۆنێك و 112 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (423 هەزارو 833) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (38%) کۆی گشتی دەنگدەران. بەڵام لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10/10/2021) بە ڕێوەچوو، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی كوردستان توانیویەتی تەنها (215 هەزارو 316) دەنگ بەدەستبهێنێت بەرێژەی (6%)ی کۆی گشتی دەنگدەران. بەم پێیەش ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان لە یەکەم هەڵبژاردنەوە تا دوا هەڵبژاردنی گشتی بە ڕێژەی (214%) زیادی کردووە، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان (208 هەزار و 517) دەنگی بەڕێژەی (49.2%)ی دەنگەکانی کەمی کردووە ، (بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1))، لە خوارەوە پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرجەم هەڵبژاردنە گشتییەکان ڕوونکراوەتەوە. خشتەی ژمارە (1) پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا چارتی ژمارە (1) تێبینی؛ لە خولی دووەم و سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکێتی لەگەڵ لایەنی دیکە لە هاوپەیمانیدابووە، بۆیە ژمارەو ڕێژەی دەنگەکانی ئاماژەی پێ نەدراوە. یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان 1. خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان لە 19/5/1992 بەرێوەچوو. 2. ( ملیۆنێك و 112 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (971 هەزارو 593) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (87%). 4. یەکێتی نیشتمانی کوردستان زەحمەتکێشان لە لیستێکدا بەشداریان کردوو (423 هەزارو 833) دەنگیان بەدەستهێنا. - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (207 هەزارو 168) دەنگ بەرێژەی (%59.9) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (148 هەزارو 352) دەنگ بەرێژەی (44.4%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (15 هەزارو 148) دەنگ بەرێژەی (7.7%) - دەنگی یەکێتی لە سنوری كەركوك (53 هەزارو 129) دەنگ بەرێژەی (60.3%) چارتی ژمارە (2) دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان 1. خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/1/2005 بەرێوەچوو. 2. ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 753 هەزارو 919) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (75.6%) 4. سەرجەم حزبەكان جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی) لەچوارچێوەی لیستی (نیشتمانی دیموكراتی كوردستان) بەشدار بوون كە (ملیۆنێك و 570 هەزارو 663) دەنگیان بەدەستهێناو (104) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/1/ 2005 بەڕێوەچوو. 2. ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 753 هەزارو 919 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (75.6%) 5. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (765 هەزارو 544) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛ - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (485 هەزارو 718) دەنگ بەرێژەی (65.9%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (244 هەزارو 343) دەنگ بەرێژەی (37.7%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (35 هەزارو 483) دەنگ بەرێژەی (9.3%) چارتی ژمارە (3) چوارەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1. هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/1/2005 بەرێوەچوو. 2. (2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 753 هەزارو 919) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (75.6%) 4. سەرجەم حزبەكان جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی) لەچوارچێوەی لیستی (هاوپەیمانی كوردستان) بەشدار بوون كە (2 ملیۆن و 175 هەزارو 551) دەنگیان بەدەستهێنا و (75) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. پێنجەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە 25/7/2009 بەرێوەچوو. 2. ( 2 ملیۆن و 518 هەزارو 773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە 3. (ملیۆنێك و 876 هەزارو 196) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.5%) 4. یەکێتی و پارتی لە چوارچێوەی لێستێكدا بەناوی (لیستی كوردستانی) بەشدارییان كردوو (ملیۆنێك و 76 هەزارو 370) دەنگیان بەدەستهێناو (59) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. شەشەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1. هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 7/3/ 2010 بەڕێوەچوو. 2. (2 ملیۆن و 590 هەزارو 274) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 938 هەزارو 754 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.8%) 4. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (396 هەزارو 237) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛ - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (237 هەزارو 379) دەنگ بەرێژەی (28.47%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (124 هەزارو 632) دەنگ بەرێژەی ( 18.3%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (34 هەزارو 226) دەنگ بەرێژەی ( 8.06%) چارتی ژمارە (4) حەوتەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە 21/9/2013 بەرێوەچوو. 2. (2 ملیۆن و 803 هەزارو 283) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 950 هەزارو 130) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74%) 4. هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5. یەکێتی نیشتمانی كوردستان (350 هەزارو 500) دەنگی بەدەستهێناو (18) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد. هەشتەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1. هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو 2. ( 2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (2 ملیۆن و 128 هەزارو 167 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (78%). 4. یەکێتی نیشتمانی كوردستان (500 هەزارو 410) دەنگی بەدەستهێنا، بە جۆرێک؛ - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (294 هەزارو 265) دەنگ بەرێژەی (33%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (168 هەزارو 688) دەنگ بەرێژەی (23%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (37 هەزارو 457) دەنگ بەرێژەی (7%) چارتی ژمارە (5) نۆیەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان 1. هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو. 2. ( 2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (2 ملیۆن و 161 هەزارو 38 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (80%) 4. یەکێتی نیشتمانیی كوردستان (528 هەزارو 122)دەنگی بەدەستهێنا ، بە جۆرێک؛ - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (318 هەزارو 723) دەنگ بەرێژەی (35.2%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (168 هەزارو 603) دەنگ بەرێژەی (22%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (40 هەزارو 796) دەنگ بەرێژەی ( 8.1%) چارتی ژمارە (6) دەیەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1. هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو. 2. (3 ملیۆن و 758 هەزارو 896) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 795 هەزارو 686 ) كەس دەنگیاندا 4. یەکێتی نیشتمانیی كوردستان (364 هەزارو 638) دەنگی بەدەستهێنا. بەجۆرێک؛ - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (259 هەزارو 378) دەنگ بووە. - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (79 هەزارو 745) دەنگ بووە. - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (25 هەزارو 215) دەنگ بووە. چارتی ژمارە (7) یانزە؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو. 2. ( 3 ملیۆن و 85 هەزارو 461) كەس مافی دەنگدانی هەبووە 3. (1 ملیۆن و 845 هەزارو 979 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (59%) 4. هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5. یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (319 هەزارو 912) دەنگی بەدەستهێنا و (18) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كرد. دوانزە؛ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) 1. هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو 2. (3 ملیۆن و 486 هەزارو 787) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (1 ملیۆن و 232 هەزارو 897 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (35.4%) 4. یەکێتی نیشتمانی كوردستان (215 هەزارو 316) دەنگی بەدەستهێنا، بەجۆرێک؛ - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی (124 هەزارو 414) دەنگ بەرێژەی (31.6%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر (65 هەزارو 862) دەنگ بەرێژەی (14.8%) - دەنگی یەکێتی لە پارێزگای دهۆك (25 هەزارو 40) دەنگ بەرێژەی (6.3%) چارتی ژمارە (8) * هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەكان لە ساڵی 2000 لە دەڤەری سلێمانی و لە 2001 لە دەڤەری هەولێر بەڕێوەچوو
(درەو): دوو رۆژ بەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان تێپەڕیوە، چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێم هێشتا بێدەنگن، ئەمڕۆ سەرۆكی دادگای فیدراڵی بە فوئاد حسێنی وتووە: با سەرۆكی هەرێم داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات. فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، ئەمڕۆ سەردانی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی كرد. ئەم سەردانە دوای دوو رۆژ دێت لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. دوای سەردانەكەی، لەوتەیەكی كورتدا فوئاد حسێن وتی: باسی هەڵبژاردنمان كردووە لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدراڵی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا فوئاد حسێن بە سەرۆكی دادگای فیدراڵی وتووە: كوردستان بە چ شێوازێك هەڵبژاردن بكات، سەرۆكی دادگای وەڵامی داوەتەوە كە بڕیاری دادگا روونەو دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەكە بەڕێوەببات، بۆ ئەمەش پێویستە سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكات پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەببات. ماوەی دوو رۆژە دادگای فیدراڵی عێراق پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كوردستان وەكو ئەندامی پەرلەمان چالاكی دەكەنو وێنەی خۆیان بڵاودەكەنەوە. تائێستا چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی حكومەت، ئەنجومەنی دادوەریی) هیچ قسەیەكیان لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی نەكردووەو دیار نییە هەرێم پابەند دەبێت بە بڕیارەكەوە یاخود نا. لە ئەگەری پابەندنەبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە، واتا سازدانی هەڵبژاردن لەرێگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستانەوە، كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم روبەڕووی كێشەی یاسایی دەبێتەوە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵو وا لێكدەدرێتەوە حكومەتێكی ناشەرعییە، چونكە پێچەوانەی رێوشوێنەكانی دادگای فیدراڵی دروستبووە. جگە لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم، پارتیو یەكێتیی وەكو دوو لایەنی سەرەكی ناكۆك لەبارەی هەڵبژاردن، هێشتا هیچ قسەیەكیان لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەكردووە، سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوە دەكەن پارتی لە بڕیارەكە نیگەرانە، بەڵام نایەوێت لەم كاتەدا هیچ قسەیەك بكات بۆ ئەوەی كێشە بۆ تێپەڕبوونی پشكی هەرێم لە بودجەی 2023ی عێراق دروست نەبێت. یەكێتیش خۆشحاڵە بەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە بەڕێوەببرێت، چونكە بەمدواییە دادوەرێك كراوە بە سەرۆكی كۆمسیۆنەكەی عێراق كە لە سلێمانییەوە كاندیدكراوە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریكردووە، رۆژی 6ی هەمان مانگ بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەبچێت، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی كۆمسیۆنەكەی عێراق لە یەككاتدا هەردوو هەڵبژاردنەكە بەڕێوەببات، بەڵام دوێنێ سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبەردەم لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقدا وتی:" لەڕووی هونەرییەوە ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنەكە لەیەككاتدا بەڕێوەببەن"، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ شەش مانگ دواتر دوادەكەوێتو دەكەوێتە مانگی ئایاری ساڵی داهاتووەوە. پارتی و یهكێتیی سهرباری ئهوهی رۆژی 22ی ئهم مانگه لهسهر كاراكردنهوهی كۆمسیۆنی ههڵبژاردنی كوردستان چوونه ناو شهڕی دهستهو یهخهو شهڕی میدیاییهوه، بهڵام بهپێچهوانهی ئهوكاتانهی كه قوباد تاڵهبانی و تیمی یهكێتیی له كۆبونهوهكانی حكومهت كشانهوه، هێشتا پهیوهندییهكانیان توشی دابڕان نهبووه، ئهمڕۆ پارتی لهسهر چهندین ئاستی پیرۆزبایی یادی دامهزراندنی له یهكێتیی كرد، ئهمه ئاماژهیهكه بۆ ئهوهی تاڕادهیهك ههردوولا لهسهر دواخستنی ههڵبژاردن كۆكن، بهڵام هیچ لایهكیان نایهوێت بهشێوهیهكی فهرمی بهرپرسیارێتییهكهی بگرێتهئهستۆ. لهحاڵی دواخستنی ههڵبژاردندا، تا ساڵی داهاتوو پارتی سهرۆكایهتی ههرێم و سهرۆكایهتی حكومهتی بهدهستهوه دهمێنێت، یهكێتیی كه تهنیا پۆستی سهرۆكی پهرلهمانی بهدهستهوه بوو، ئهم پۆستهشی بهدهستهوه نامێنێت و بهتهنیا چاوی له جێبهجێكردنی ئهو رێككهوتنه دهبێت كه قوباد تاڵهبانی لهبارهی ئیدارهدانی داهات و خهرجیی لهگهڵ مهسرور بارزانی كردویهتی بۆ گهڕانهوهی تیمی یهكێتیی بۆ ناو كۆبونهوهكانی حكومهت.
(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئایاری نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 306ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (102 ملیۆن و 436ھەزارو 387) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 305ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,3) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی نیسانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 796ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت ( 98 ملیۆن و 634 ھەزارو 947) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 288 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (79) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.
راپۆرتی: گۆران دوكانی- ئەمریكا "بەشی یەكەم" "پێشەكی" ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ هەموو نەتەوە جیاوازەكان گرنگترین ووڵاتی ستراتیژی سەرئەم زەمینەیە بۆ دروستكردنی لۆبی سیاسی و ئابوری و نەتەوەیی و فەرهەنگی و كەلتوری، بەڵام كورد لەمەشدا نەیپێكا! زۆرینەی كوردەكان لەنزمترین ئاستی ئەم ووڵاتە عوزمایەدا دەژین! "كورد لەكوێی ئەمەریكا دەژی؟" بەپێی زانیاریەكانی ماڵپەڕی The Tennessean نزیكەی 20 هەزار كورد بەتەنها لەشاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنسی دەژین، ئەمەش گەورەترین ڕێژەی دانیشتوانی كوردە Kurdish Community لە ئەمەریكادا ئەمە جگە لەشارەكانی دیكەی ویلایەتی تێنسی وەك شارەكانی مێمفس و ناكسڤێڵ و...هتد، شاری ناشڤێڵ كە بە كوردستانی بچووك Little Kurdistan ناسراوەو ماوەیەك لەمەوبەر بە دەستەخوشكی شاری هەولێریان ناساند، ناشڤێڵ پایتەختی ویلایەتی تێنسیەو هاوكات گەورەترین شاری ویلایەتەكەشە، بەڵام شاری ناشڤێڵ لەسەر ئاستی ئەمەریكادا 40هەمین شاری گەورەیە كەژمارەی دانیشتونی 1,315,000 كەسە بەپێی تازەترین ئاماری ساڵی 2023. ئەوەی پێویستە بیزانین شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنسی كە گەورەترین ڕەوەندی كوردی لێیە لە كوێی پێشكەوتنەكانی ئەمەریكادایە؟ "ئابووری" شاری ناشڤێڵ و دەوروبەری لەڕوی ئابووریەوە بەرهەمی گشتی ناوخۆیی Gross Domestic Product (GDP) یەكێكە لەو شارە ئابووری لاوازانەی ئەمەریكا كە لەڕیزبەندی ژمارە 29دایە، واتا نزمتر لە 50% بەمانایەكیتر لەكۆی 50 ویلایەت و شارو ناوچەی دیكەی ئەمەریكا 28 شوێنی باشتر لەڕوی ئابووریەوە لە شاری ناشڤێڵ هەیە. "كەلتووری" ویلایەتی تێنسی كە زۆرترین كورد لێ نیشتەجێیە خودی ئەمەریكیەكان خۆیان بە بەشێكی دانیشتوانی ئەم ویلایەتە دەڵێن هێڵبیڵی Hillbilly واتا خەڵكی شاخاوی و دەشتەكی دواكەوتو (هەرچەند ئەم وشەیە نیگەرانیەكی زۆری لای بەشێك لە خەڵكی ئەمەریكا دروست كردوە) "هێڵبیڵیەكان كێن؟" هیڵبیلی Hillbilly زاراوەیەكە (زۆرجار سووكایەتیپێكردنە) بۆ ئەو كەسانەی كە لە ناوچە گوندنشین و شاخاوییەكانی ئەمریكادا دەژین، بە پلەی یەكەم لە ناوچەی ئەپالاچین. لەگەڵ كۆچكردنی خەڵك بۆ دەرەوەی ناوچەكە لە سەردەمی خراپیی ئابووریی گەورەدا، ئەم زاراوەیە لەگەڵ ئەوان بەرەو باكوور و ڕۆژئاوا بڵاوبووەوە. سەرچاوە: "ویكیپیدیا" تێبینی/ ویلایەتی تێنسی و شاری ناشڤێڵ دەكەونە ناوچەی ئەپالاچینەوە كە ژمارەیەك لە هێڵبڵیەكانی تیادە دەژین. هەروەها ویلایەتی تێنسی یەكێكە لەو ویلایەتانەی ئەمەریكا كەخەڵكانێكی Redneck ڕێدنێكی تێدا دەژی بەتایبەت شاری ناشڤێڵ و دەوروبەری. "بەكێ دەوترێت ڕێدنێك؟" مل سوور یان گەردن سوور Redneck زاراوەیەكی سووكایەتیپێكردنە بە شێوەیەكی سەرەكی، بەڵام بە تایبەت نییە، بۆ ئەمریكییە سپی پێستەكان بەكاردێت كە بە چەقۆكێش و نائاسایی هەستیان پێدەكرێت، پەیوەندییەكی نزیكیان بە سپیپێستە گوندنشینەكانی باشووری ئەمەریكاوە هەیە. ڕەنگە مانای ئەوان لە سووتاوی خۆرەوە سەرچاوەی گرتبێت كە لەسەر ملی جووتیاران دۆزرایەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی نۆزدەهەم. سەرچاوە: "ویكیپیدیا" "گروپە كوردە مافیاكەی شاری ناشڤێڵ" نەتەوەكانی دیكەی جیهان كە لەئەمەریكادا دەژین جگە لەوەی داهێنان و پێشڤەچون بەخۆیانەوە دەبینن هاوكات كاردەكەن بۆ پێكەوەژیان و ڕاهاتن لەناو ئەو ژینگە هەمەجۆرە سیاسیە، ئابووریە، كەلتوریە، فەرهەنگیەی ئەمەریكادا كەچی لەم شارەی ئەمەریكا كە زۆرترین ڕێژەی كوردی لێ نیشتەجێیە كۆمەڵێك چەتەو مافیای گەنجی كورد نازناوی كوردیان لای ئەمەریكیەكان بەگشتی و خەڵكی ویلایەتی تێنسی و شاری ناشڤێڵ ناشرین كردبوو بە دروستكردنی گروپێكی مافیای كوردی بەناوی (باندی شانازی كورد) Kurdish Pride Gang كە كاری ئەم گروپە كوشتن و چەتەو دزێتی و ڕێگری بوو بەرامبەر خەڵكی شارەكە، تاكو لەم ساڵانەی دوایدا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركران. لەهەمووشی سەیرتر بەشێك لەكوردەكانی شاری ناشڤێڵ شانازیان بەم تاقمە چەقۆكێش و مافیایەوە دەكرد. ببینن گەورەترین ڕۆژنامە لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا (نیویۆرك تایمز) چی دەربارەی ئەم گروپە مافیا كوردەی شاری ناشڤێڵ دەڵێت: "دوای زنجیرەیەك تاوانی گەورەو خۆكوشتنی تۆمەتبارێكی هەرزەكار و چوار دەستگیركردنی پەیوەست بەهەوڵی كوشتنی پۆلیسێك، باندی شانازی كورد بووەتە مایەی شەرمەزاری و بێزاری قووڵ!" "سەلامەتی" بەشێك لەشارەكانی ئەمەریكا هەر لەكۆنەوە بەشاری تاوانكاری ناسراون و بۆ ژیان كردن سەلامەت نین هەربۆیە گرنگە لەئەمەریكادا ئەو شارەی لێی دەژیت لەڕووی تاوانەوە شارێكی سەلامەتبێت هەروەك خودی ئەمەریكیەكان خۆیان شوێنی نیشتەجێبون و تەنانەت لە ئیش و كاروباری ڕۆژانەشدا بۆهەر شتێك دەڵێن: سەلامەتی پێش هەرشتە First Safety بەڵام لەویلایەتی تێنسیدا لەدوای شاری ناشڤێڵ شاری مێمفس دووەم شاری گەورەی ویلایەتەكەیە كەبەشێك لە كوردەكانی ویلایەتی تێنسی جگە لەشاری ناشڤێڵ لەشاری مێمفێس دەژین، لەكاتێكدا شاری مێمفێس بەپێی داتاكانی تاوان لە ساڵی 2023دا دووەمین شارە لەسەر ئاستی هەموو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا كە زۆرترین ڕێژەی تاوانی تێدا ئەنجام دەدرێت!، شاری ناشڤێڵیش لەسەر ئاستی 100 ترسناكترین شاری ئەمەریكادا كە تاوانیان تێدا ئەنجام دەدرێت لەڕیزبەندی ژمارە 45دایە!، تەنانەت لە هەردوو شارە گەورەكەی ویلایەتی میزۆریشدا (سانت لیویس و كەنساس سیتی) كە ژمارەیەك كوردی زۆری لێ نیشتەجێیە بەڵام ئەم دوو شارە لە پلەی پێنجەم و شەشەم ترسناكترین شاردان لەسەر ئاستی هەموو ئەمەریكادا. "پرسیار" ئێستا زانیمان گەورەترین ڕەوەندی كوردی لەكوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا دەژین، لەكاتێكدا باسی نەتەوە ڕۆشنبیرو پێشكەوتوەكانی دیكەی جیهان ناكەین كە لەئەمەریكادا دەژین تەنها باسی چەند نەتەوەیەكی جیهانی سێهەم (هەژارنشین) دەكەین، بۆ نموونە: گەورەترین ڕەوەندی نیپاڵی و بەنگلادیشیەكان لە ئەمەریكادا لە شاری نیویۆرك سیتیە! گەورەترین ڕەوەندی ڤێنزویلیەكان لەشاری مەیامیە، گەورەترین ڕەوەندی فلیپینی لەشاری دایڵی كالیفۆرنیایە، تەنانەت گەورەترین ڕەوەندی ئەفغانی لەشاری فریمۆنتی كالیفۆرنیایە كە بەدووری تەنها 25 خولەك دەكەوێتە نێوان هەردوو شاری سان فرانسیسكۆی ناسراو بە شاری ئایتی لەسەر ئاستی جیهان و دۆڵی سلیكۆن Silicon Valley كە دەكەوێتە شاری سان هۆزەی شوێنی دامەزراوە تەكنەلۆجیاكانی جیهان و گەورە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا لە نموونەی گوگڵ و ئەپڵ و فەیسبووك و یاهۆو ئەمەزۆن و تێسڵاو سەنتەری زانكۆی ستانفۆردو سەنتەری توێژینەوەی ناسا. تەنانەت توركەكان گەورەترین ڕەوەندیان دەكەوێتە شاری پاترسنی ویلایەتی نیوجەرسی كەتەنها 22 مایەڵ لە سەنتەری بازرگانی جیهانی نیویۆركەوە دورە!، فارسەكانیش گەورەترین ڕەوەندیان لەشاری لۆس ئەجڵیسی ویلایەتی كالیفۆرنیایە. سەرچاوەكان: - ماڵپەڕی The Tennessean - ماڵپەڕی Macrotrends - ماڵپەڕی Wikipedia - ماڵپەڕی The New York Times - ماڵپەڕی World Population Review
درەو: بڕیارە رۆژی 11/6/2023 دادگای فیدراڵی لە سەر سكاڵاكانی یەكێتی كۆببیـَتەوە كە تایبەتە بە پرسی (كورسی كۆتاكان، سیستمی هەڵبژاردن و یەك بازانەیی، تۆماری دەنگدەران) لە سەرەتای ئەم مانگەدا یەكێتی لە رێگەی سەرۆكی فراكسیۆن و بریكارنامەكانیەوە ژمارەیەك سكاڵای لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تۆماركردووە، كە تایبەتن یاسای هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان: - كورسی كۆتاكان لە هەرێمی كوردستان - تۆماری دەنگدەران و سیستەمی تۆماری پەڕاوی - سیستەمی هەڵبژاردن و یەك بازنەیی لە هەرێمی كوردستان بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بڕیارە رۆژی 11/6/2023 دانیستنی دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو سكاڵایانەی یەكێتی بەڕێوەبچێت. دوێنێ دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان راگەیاندو بە نادەستوری لەقەڵەمدا، هەموو ئەو بڕیار و یاسایانەی بە پوچ ناوبرد كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەركراون.
