دۆخی دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستان: هه‌ڵسه‌نگاندنێك له‌سه‌ر بنه‌ماى ئیندێكسی دیموكراسی
2023-09-09 14:13:09
هاوڕێ حه‌سه‌ن حه‌مه*
دۆخی دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستان: هه‌ڵسه‌نگاندنێك له‌سه‌ر بنه‌ماى ئیندێكسی دیموكراسی
پێشه‌كی
هه‌رێمی كوردستان له‌ڕوواڵه‌تدا ده‌كرێت وه‌ك هه‌رێمێكی دیموكراسی پۆلێن بكرێت، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا جه‌وهه‌رى دیموكراسی و به‌هاو بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانى دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستان لاوازن و هێشتا له‌دۆخی دهڵهمهییدان. له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئیندێكسی جیهانى بۆ دیموكراسی، كه ساڵانه بۆ پۆلێنكردنى وڵاتانى جیهان، له‌ڕه‌هه‌ندی دیموكراسیه‌وه، ئه‌نجامده‌درێت، هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ دۆخی دیموكراسی ده‌كه‌ین له هه‌رێمی كوردستان. له‌سه‌ر بنه‌ماى پۆلێنبه‌ندییه‌كه پشت به‌ست به ئاماژه دیموكراسی و نادیموكراسیه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه سیستمی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان به سیستمێكی تێكه‌ڵ پۆلێن ده‌كات، به‌م پێیه‌یه‌ش هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووى دیموكراسییه‌وه دوو هه‌نگاو له‌دواى وڵاته دیموكراسیه پێشكهوتووهكانهوهیه، یه‌ك هه‌نگاو له‌پێش سیستمه ته‌واو دیكتاتۆرهكانهوهیه. له‌كۆتاییدا، توێژینه‌وه‌كه به‌و ده‌رئه‌نجامه گه‌یشتووه كه هۆكارى سه‌ره‌كی نادیموكراسی بوونی سیستمی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌سته‌بژێرى فه‌رمانڕه‌وا له هه‌رێمی كوردستان، كه دیموكراسی وه‌ك مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى خۆیان ده‌بینن.
پۆلێنكردنى سیستمه سیاسیه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕه‌هه‌نده دیموكراسیه‌كان
ده‌زگاى (The Economist Intelligence Unit ) هه‌واڵگرى ئابوورى ساڵانه ئیندێكسی دیموكراسی بۆ پۆلێنكردنى وڵاتانى جیهان له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕه‌هه‌نده دیموكراسیه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه. ئیندێكسه‌كه پشت به كۆمه‌ڵێك بنه‌ماو پایه‌ی سه‌ره‌كی دیموكراسی ده‌به‌ستێت، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه وڵاتانى جیهان بۆ چوار جۆرى جیاواز پۆلێن ده‌كات، كه ئه‌وانیش بریتین له:
یه‌كه‌م/ سیستمه ته‌واو دیموكراسییه‌كان (full democracy): سیستمه دیموكراسیه پێشكه‌وتووه‌كان ئه‌و وڵاتانه ده‌گرێته‌وه كه پێشكه‌وتووترین وڵاتن له‌سه‌ر ئاستى جیهان له‌ڕووى په‌یڕه‌وكردن له بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانى دیموكراسی. به‌پێى ئیندێكسی دیموكراسی به‌گشتى سیستمه دیموكراسیه پێشكه‌وتووه‌كان خاوه‌نى ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ى خواره‌وه‌ن:
1- نه‌ك به‌ته‌نها مافه مه‌ده‌نی و ئازادییه سیاسییه‌كان پارێزراو ڕێزلێگراون، به‌ڵكو ئه‌م وڵاتانه خاوه‌نی كلتورێكی سیاسین پێشكه‌وتوون، كه له‌باره بۆ گه‌شانه‌وه‌و په‌ره‌پێدانى دیموكراسی، هه‌روه‌ها پشتیوانى پاراستنى مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كانه.
2- حكومه‌تێكی كارا‌و كاریگه‌ر له‌م وڵاتانه‌دا بوونی هه‌یه، كه تواناى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خواستى خه‌ڵكی هه‌یه.
3- ڕاگه‌یاندنه‌كان سهربهخۆو هه‌مه‌چه‌شنن.
4- سیستمی چاودێرى و هاوسه‌نگی (checks and balances)له‌م وڵاتانه‌دا زۆر به‌هێزه.
5- ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى سه‌ربه‌خۆیه‌و بڕیاره دادوه‌رییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێن.
6- مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان پارێزراو ڕێزلێگراون.
7- فره‌یی سیاسی بوونی هه‌یه.
8- دیموكراسیه پێشكه‌وتووه‌كان به به‌شدارى سیاسی ده‌ناسرێنه‌وه.
9- ئاڵۆگوڕی ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌یه.
10- هه‌ڵبژاردنه‌كان ئازاد‌و دادپه‌روه‌رانه‌ن.
دووه‌م/ سیستمه دیموكراسیه ناكامڵه‌كان(Flawed Democracy) : ئه‌و سیستمه سیاسیانه ده‌گرێته‌وه كه هه‌ڵبژاردن تێیدا ئازاد و داپهروهرانهیه، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردن له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجامده‌درێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، مافه مه‌ده‌نی و ئازادییه سیاسیه سه‌ره‌تاییه‌كان ڕێزلێگیراون. به‌ڵام ئه‌م سیستمانه هێشتا له چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی دیموكراسیدا كێشه‌یان هه‌یه له‌وانه:
1- ئازادیی ڕاگه‌یاندنه‌كان سنوردار ده‌كرێت.
2- كێشه‌ى حوكومڕانی له‌م سیستمانه‌دا بوونی هه‌یه.
3- كلتورى سیاسی پێشكه‌وتوو نیه.
4- ئاسته‌كانى به‌شدارى سیاسی لاوازه.
سێهه‌م/ سیستمه تێكه‌ڵه‌كان(“hybrid regime) : ئه‌و سیستمانه ده‌گرێته‌وه كه هه‌ندێك ڕوواڵه‌تى دیموكراسیان تێدایه، به‌ڵام هێشتا ڕه‌هه‌نده دیموكراسیه‌كانیان ده‌ڵه‌مه‌ن. به‌گشتى سیستمی تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌كی جیاده‌كرێته‌وه، له‌دیارترینیان بریتین له:
1- هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌ڵبژاردن ناڕێك و پێكی زۆری پێوه دیاره‌و له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجامنادرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ڕێگرى زۆر هه‌یه له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی ئازاد و دادپه‌روه‌رانه.
2- ئۆپۆزسیۆن بوونی هه‌یه، به‌ڵام فشارى حكومه‌ت له‌سه‌ر پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كان و كاندیده‌كان شتێكی باوه له‌م سیستمانه‌دا.
3- كلتورى دیموكراسی زۆر لاوازتره به به‌روارد به سیستمه دیموكراسیه ناكامڵه‌كان.
4- حكومه‌ت كارا‌و كاریگه‌ر نیه، به‌ڵكو حكومه‌ت لاوازه له پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان.
5- به‌شدارى سیاسی له‌م سیستمانه‌دا لاوازه ته‌نانه‌ت به به‌راورد به سیستمه دیموكراسیه ناكامڵهكانیش.
6- گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوه له‌م جۆره سیستمانه‌دا.
7- سه‌روه‌رى یاسا لاوازه، ته‌نانه‌ت به به‌راورد به سیستمه دیموكراسیه ناكامڵهكانیش.
8- كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی لاوازه.
9- به‌شێوه‌یه‌كی گشتى هێرش و فشار بۆ سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان له جۆره سیستمانه‌دا به‌ربڵاوه.
10- ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى لاوازه.
چواره‌م/ سیستمه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان-دیكتاتۆره‌كان(authoritarian regime): له‌م ده‌وڵه‌تانه‌دا، دۆخی فره‌یی سیاسی بوونی نیه، یان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی سنوردار كراوه. زۆرێك له‌و وڵاتانه‌ى كه ده‌چنه چوارچێوه‌ى ئه‌م پۆلێنه‌وه به‌ڕوونی ڕژێمه دیكتاتۆره‌كانن. له‌وانه‌یه له‌م سیستمانه‌دا هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ى فه‌رمی دیموكراسی بوونی هه‌بێت، به‌ڵام له‌ڕووى جه‌وهه‌رییه‌وه هیچ گرنگیه‌كیان نیه. هه‌ڵبژاردن، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامیش بدرێت، ئازاد‌و دادپه‌روه‌رانه نیه. مافه مه‌ده‌نی و ئازادییه سیاسیه سه‌ره‌تاییه‌كان ڕیزیان لێناگیرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه سنورداركراون. ڕه‌خنه‌گران له‌م سیستمه‌دا سه‌ركوت ده‌كرێن، چاودێرى قوڵ له‌م سیستمانه‌دا بوونی هه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى سه‌ربه‌خۆ نیه.
هه‌ڵسه‌نگاندێك بۆ دۆخی دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستان
له‌سه‌ر بنه‌ماى پۆلێنبهندییهكهى ئیندێكسی دیموكراسی، ده‌توانین سیستمی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان وه‌ك سیستمێكی تێكه‌ڵ پۆلێن بكه‌ین ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك:
یه‌كه‌م/ دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان: له هه‌موو قۆناغه‌كانى ژیانى سیاسی له هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی هه‌رێمی كوردستانه‌وه له ساڵى (1991) تا ئه‌مڕۆ، هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بوونى هه‌بووه، ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن ڕواڵه‌تێكی دیموكراسیانه‌ى به پڕۆسه‌ى سیاسی و سیستمی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان به‌خشیوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ناوه‌ڕۆكی پڕۆسه‌كه‌ى شێواندووه دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كانه. له هه‌رێمی كوردستان سه‌رجه‌م خوله‌كانى په‌رله‌مانی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ته‌مه‌نی خۆیان درێژكردۆته‌وه:
1- په‌رله‌مانى كوردستان له ڕێككه‌وتى (27/5/1995) بۆ یه‌ك ساڵ ته‌مه‌نی خۆى درێژكرده‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی دواخست.
2- په‌رله‌مانى كوردستان له ڕێككه‌وتى (3/6/1996) بۆ ماوه‌ى سێ مانگ ته‌مه‌نی خۆى درێژكرده‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی دواخست.
3- په‌رله‌مانى كوردستان له ڕێككه‌وتى (3/9/1996) بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ ته‌مه‌نی خۆى درێژكرده‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی دواخست.
4- په‌رله‌مانى كوردستان له ڕێككه‌وتى (15/4/1998) تا ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن ته‌مه‌نی خۆى درێژكرده‌وه.
5- په‌رله‌مانى كوردستان له خولی دووه‌میدا له ڕێككه‌وتى (13/5/2009) بۆ ماوه‌ى نزیكه‌ى دوو مانگ ته‌مه‌نی خۆى درێژكرده‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی دواخست.
6- په‌رله‌مانى كوردستان له خولی سێهه‌می په‌رله‌ماندا له ڕێككه‌وتى (30/6/2013) بۆ ماوه‌ى سێ مانگ ته‌مه‌نی خۆى درێژكرده‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی دواخست.
7- په‌رله‌مانى كوردستان له خولی چواره‌مدا له ڕێككه‌وتى (24/10/2017) بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ ته‌مه‌نی خۆى درێژكرده‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی دواخست.
8- په‌رله‌مانى كوردستان له خولی پێنجه‌مدا له ڕێككه‌وتى (9/10/2022) بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ و سێ مانگ هه‌ڵبژاردنه‌كانى دواخست و ته‌مه‌نی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى هه‌رێمی درێژكرده‌وه.
ده‌رئه‌نجام، له‌هه‌رێمی كوردستان هیچ هه‌ڵبژاردنێك بۆ په‌رله‌مانى كوردستان له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجامنه‌دراوه.
هاوشێوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان دواخراون و له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجامنه‌دراون. له‌ماوه‌ى (23) ساڵی ڕابردوودا، واته له‌ماوه‌ى ساڵانى (2000-2023) ته‌نها دوو هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانی هه‌رێم ئه‌نجامدراون، ئه‌وانیش له ساڵی (2005) و له ساڵى (2014) بوون.
هاوشێوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانى هه‌رێم، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌كانى هه‌رێمی كوردستانیش له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجامنه‌دراون و دواخراون. له‌ماوه‌ى (23) ساڵدا ته‌نها یه‌ك هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراوه، كه ئه‌ویش له ساڵى (2000)دا بووه.
ده‌رئه‌نجام، هه‌ڵبژاردن كۆڵه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دیموكراسیه‌و له‌پێناو ده‌ستاوده‌ستكردنى ئاشتیانه‌ى ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌نجامده‌درێت، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان هیچ هه‌ڵبژاردنێك بۆ په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌نجومه‌نی پارێزگانى هه‌رێم و ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانییه‌كان ئه‌نجامنه‌دراوه. به‌شێك له چاودێران درێژكرنه‌وه‌ى ته‌مه‌نی دامه‌زراوه‌كانی حوكومڕانى و دواخستنى هه‌ڵبژادنه‌كان ده‌گێڕنه‌وه بۆ ترسی ده‌سه‌ڵاتداران له ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن.
دووه‌م/ هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان ئازاد و دادپه‌روه‌رانه نیه: سه‌ربارى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن چه‌ندین كێشه‌و كه‌م و كورتی هه‌یه، له گرنگترین ئه‌و كه‌م و كورتیانه‌ش:
1- له سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كان له هه‌رێمی كوردستان ساخته‌كارى له‌لایه‌ن هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه ئه‌نجامدراوه.
2- لیستى تۆمارى ده‌نگده‌ران ناوی وه‌همی و دووباره‌ی تێدایه، له‌هه‌مانكاتدا ناوی مردووان له لیسته‌كه‌دا ڕهشنهكراوهتهوه.
3- هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسیه‌كان یه‌كسان و ڕه‌وا نیه، حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان خاوه‌نی ئابوورییه‌كی به‌هێزن و له‌هه‌مانكاتدا بوودجه‌ى حكومه‌تیان له‌به‌رده‌ستدایه، به‌م هۆیه‌وه ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌كی باشتر پشتیوانى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كانیان بكه‌ن، لێره‌شه‌وه زه‌مینه‌كه وه‌ك یه‌ك نیه بۆ سه‌رجه‌م حزبه سیاسیه‌كان.
4- به‌كارهێنانى پۆسته فهرمیهكانى حكومه‌ت له‌لایه‌ن حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه له‌كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.
ده‌رئه‌نجام، دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌م و كورتییه‌كانى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان وایكردوه هه‌ڵبژاردن نه‌توانێت ئامانجه سه‌ره‌كیه‌كه‌ى به‌دیبهێنێت، كه ئه‌ویش ده‌ستاوده‌ستكردنى ئاشتیانه‌ى ده‌سه‌ڵاته له هه‌رێمی كوردستان. له‌م باره‌یه‌وه د. هۆگر ئیبراهیم حه‌كیم نوسیویه‌تی: هەموو هەڵبژاردنەکان جگە لە نمایشێکی سیاسی؛ هیچی تر نەبوون، بە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکان پڕۆسەیەکی شکڵی بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە دەسەڵاتەوە نەبووە. هەر کاتێکیش هەڵبژاردن پەیوەندیی بە دەسەڵات و هاوکێشەکانیەوە نەبێت، ماناکەى خۆی لەدەست دەدا. بۆیە دەبینین هەڵبژاردنەکانی هه‌رێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکارییان نەکردووە، به جۆرێك له سه‌رەتای دامه‌زراندنه‌وه تا ئێستا هاوكێشه‌ی نه‌گۆڕ له هه‌ڵبژاردنه‌كان لایه‌نی ده‌سه‌ڵات بووه. تەنانەت لەسەر ئاستی خۆجێ و ئاستی شارەوانییە بچووکەکانیش هەست بە بوونی پێگەى هەڵبژاردن نەکراوە، ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا هەڵبژاردنەکان ئەنجام دەدران.
سێهه‌م/ فشارى ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن: له هه‌رێمی كوردستان پارتى و یه‌كێتى "بونیادێكی پاوهنكهریان دروستكردوه، بونیادێك تێدا كۆی سه‌رچاوه‌و سه‌رمایه گرنگه‌كانی وه‌ك ئابوری، سه‌ربازی، ده‌ستگایی، تد... له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه قۆرخكراوه. له هه‌رێمی كوردستاندا پارتی و یه‌كێتی هه‌ردووكیان كۆی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ڕێگه‌كانی گه‌شتن به سه‌رمایه جۆربه‌جۆره‌كانیان پاوهنكردووه. سه‌رمایه‌ی سه‌ربازی (هێز، چه‌ك، تد)، سه‌رمایه‌ی ئابوری (بودجه، داهاتی گومرگ، داهاتی ناوخۆ، تد)، سه‌رمایه‌ی ئیداری (ته‌عین، پله، راژه، به‌رزبوونه‌وه)، سه‌رمایه‌ی كولتوری (بڕوانامه، خوێندنی باڵا، تد) له‌ژێر ڕكێف و ئیداره‌دانی هه‌ر جوت حزبدان. به‌هۆى ئه‌م بونیاده پاوهنكهرهوه، پارتى و یه‌كێتى توانیوییانه له چه‌ندین ڕووه‌وه فشار له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن دروستبكه‌ن و چالاكی و جموجوڵهكانیشی سنوردار بكه‌ن، له‌وانه:
1- نانبڕینی كادر‌و لایه‌نگره‌كانى ئۆپۆزسیۆن، له‌دواى دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بە هەزاران ئەندام و لایەنگری بزوتنه‌وه‌كه لە كاروپۆست و پلەكانیان دورخرانەوەو نانبڕاوكران. به‌هۆى ئه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى حكومه‌تیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و كۆنتڕۆڵی ئابوورییان كردوه، هه‌ركات بیانه‌وێ ده‌توانن سزای لایه‌نگرو ئه‌ندامانى حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كان بده‌ن و نانبڕاوییان بكه‌ن.
2- به‌هۆى ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانى داهاتیان له‌به‌رده‌ستدایه، ده‌توانن كادر‌و كه‌سه دیاره‌كانى ناو ئۆپۆزسیۆن بۆ لای خۆیان ڕابكێشن.
3- ده‌توانن سه‌رچاوه‌ی دارایی ئۆپۆزسیۆن ووشك بكه‌ن ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت.
4- به‌كارهێنانى دادگا بۆ ده‌ستگیركردنى سه‌ركرده‌كانى ئۆپۆزسیۆن. بۆ نموونه، له‌كاتى خۆیدا دادگاى هه‌ولێر فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا، ڕێكخه‌ر گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ركرد. به‌هه‌مان شێوه، له ساڵى 2019دا شاسوار عه‌بدولواحێد سه‌رۆكى جوڵاتهوهى نه‌وه‌ى نوێ ده‌ستگیركرا. به‌هۆى لاوازى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و ده‌ستێوه‌ردانى پارتى و یه‌كێتى له كاروبارى دادگاكان، پارتى و یه‌كێتى هه‌ركات بیانه‌وێ ده‌توانن كه‌یسی یاسایی بۆ مه‌رامی سیاسی له‌دژى سه‌ركرده ئۆپۆزسیۆنه‌كان بجوڵێنن.
5- ده‌ستگیركردنى به‌رپرسانى نێو ئۆپۆزسیۆن. بۆ نموونه، له 6ى ئابی 2022دا به‌شێك له ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نی باڵاى نه‌وه‌ى نوێ به‌بێ فه‌رمانى دادوه‌ر ده‌ستگیركران.
6- داخستنى كه‌ناڵ و ڕاگه‌یاندنه‌كانى ئۆپۆزسیۆن. ڕاگرتنى په‌خشی كه‌ناڵى ئێن ئاڕتى له ساڵى (2017) و (2018) له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌كرێت وه‌ك نموونه بهێنرێته‌وه.
7- هێرشكردنه سه‌ر بنكه‌و باره‌گا حزبیه‌كانى ئۆپۆزسیۆن. سووتانى باره‌گا حزبیه‌كانى یه‌كگرتوو له بادینان باشترین نموونه‌یه له‌م باره‌یه‌وه.
8- ئه‌و بونیاده‌ی پارتى و یه‌كێتى دروستیان كردوه ڕێگره له‌به‌رده‌م گه‌شه‌و به‌رده‌وامێتى ئۆپۆزسیۆن، هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان ناتوانن بۆ هه‌میشه له ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتبن چونكه پێویستیان به‌وه‌یه بگه‌نه ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه‌ى داهات و ئابووریان هه‌بێت، كاتێكیش ده‌چنه نێو حوكومه‌ت زیاتر ده‌پوكێنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ى ناتوانن له‌و بونیاده مۆنۆپۆڵهدا ئایدیاكانیان جێبه‌جێ بكه‌ن، لێره‌وه دژیه‌كیان بۆ دروست ده‌بێت، ده‌رئه‌نجامیش ده‌پوكێنه‌وه. ڕه‌نگه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان باشترین نموونه بێت له‌م ڕووه‌وه.
چواره‌م/ كلتورى دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستان لاوازه: ئه‌م لاوازییه هۆكارى جۆراوجۆرى هه‌یه، به‌ڵام ڕه‌نگه پارتى و یه‌كێتى هۆكاره سهرهكیهكهبن، له‌به‌رئه‌وه‌ى:
1- پارتى و یه‌كێتى پشتیوانى له زیندوكردنه‌وه‌ى كلتورى خێڵ ده‌كه‌ن له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ى پێشكه‌شكردنى هاوكارى ماددی و دروستكردنى فه‌وج بۆ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان. به‌هێزبوونی كلتورى خێڵه‌كی و ناسنامه‌ى خێڵ له هه‌رێمی كوردستان ڕێگره له‌به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنى پڕِۆسهى دیموكراسی و به‌ها دیموكراسیه‌كان.
2- پشتیوانیكردنی گروپه سه‌له‌فیه‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌و گروپه سه‌له‌فیانه‌ى دیموكراسی و به‌شدارى سیاسی و خۆپیشاندان ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه، داواى گوێڕایه‌ڵی گشتى ده‌كه‌ن بۆ ده‌سه‌ڵاتى سیاسی. به‌هێزبوونى ته‌وژمی سه‌له‌فیه‌ت له هه‌رێمی كوردستان دیسانه‌وه ڕێگره له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ى دیموكراسی و دهستهودهستكردنى ده‌سه‌ڵات، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌ژێر سایه‌ی سه‌له‌فیه‌تدا ده‌سه‌ڵاتخوازی و دیكتاتۆرییه‌ت نه‌ش و نما ده‌كات.
پێنجه‌م/ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كارا‌و كاریگه‌ر نیه: دۆخی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه بۆ ناكاراییهتى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان. خزمه‌تگوزارییه گشتیه‌كان له هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ى زیاتر له سێ ده‌یه‌ی حوكومڕانی پارتی و یه‌كێتیدا له ئاستێكی خراپدایه. تا ئێستا هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ى دابینكردنى كاره‌بای نیشمانی هه‌یه، له هاویندا، به‌شێكی به‌رچاو له ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ى كه‌م ئاوییان هه‌یه، له وه‌رزی سه‌رماو سۆڵه‌دا كێشه‌ى نه‌بوونی سووته‌مه‌نی سه‌رهه‌ڵده‌دات، به‌شێك له ڕێگاوبانه‌كانى هه‌رێمی كوردستان تائێستا یه‌ك سایدن، به‌شێكیان كێشه‌ى نوێكردنه‌وه‌یان هه‌یه، به‌شێك له ناوچه‌كانى كوردستان خزمه‌تگوزارى گشتیان پێنه‌گه‌شتووه. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ى له‌ڕووى خزمه‌تگوزارییه‌وه جیاوازى له‌نێوان شار‌و ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت. شانبه‌شانى ئه‌م كێشه‌و گرفتانه، له‌دواى ساڵى 2014ه‌وه كێشه‌ى لێبڕینی مووچه، دواخستنى مووچه‌و ڕاگرتنى پله به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران سه‌ریهه‌ڵداوه. حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م كێشه‌و گرفتانه‌دا ناكاراییه، نه‌یتوانیوه ڕه‌گوڕیشه‌ى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. خۆپیشانهدان و ناڕه‌زاییه جه‌ماوه‌رییه به‌رده‌وامه‌كان له هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر نه‌بوون یان خراپی خزمه‌تگوزارییه گشتیه‌كان ئاماژهییهكی ڕووننن بۆ لاوازایی و ناكارایی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان له چاره‌سه‌ركردنى قه‌یران و باشتركردنى خزمه‌تگوزارییه گشتیه‌كان.
شه‌شه‌م/ گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوه له هه‌رێمی كوردستان: قورسه ئاست و قه‌باره‌ى گه‌نده‌ڵی به داتا‌و زانیارى بخرێته‌ڕوو له‌به‌رئه‌وه‌ى ڕێكخراوه جیهانیه تایبهتمهندهكانى بوارى گه‌نده‌ڵی له ئیندێكسهكانیاندا له‌سه‌ر بنه‌مای ناوچه‌و هه‌رێم قه‌باره‌و ئاستى گه‌نده‌ڵیان له عێراق دیاری نه‌كردوه تا ئێمه بزانین قه‌باره‌و ئاستى گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردستان له چ ئاستێكدایه، به‌ڵكو عێراقیان وه‌ك وڵاتێك وه‌رگرتووه، هه‌رێمی كوردستانیان له عێراق جیانه‌كردۆته‌وه. ئه‌گه‌رچی قورسه قه‌باره‌و ئاستى گه‌نده‌ڵی له هره‌ێمی كوردستان به ژماره‌و داتا بزانین، به‌ڵام زۆرێك له ڕاپۆرته‌كانى تایبه‌ت به گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردستان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردستان دیارده‌یه‌كی به‌رده‌وام و به‌ربڵاوه به‌جۆرێك بووه‌ته شێوازێك له كه‌لتوری ڕۆژانه بۆ خه‌ڵك له ڕایكردنی كاره‌كانیان. كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردستان به زۆری په‌یوه‌سته به كۆمپانیا و به‌رپرسی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات و نوێنه‌ره‌كانیان له حكومه‌ت، به دیاریكراوی له پرسی فرۆشتنی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی، داهاتی خاڵه سنورییه‌كان و داهاتی ناوخۆ و قاچاخچێتی و سه‌رانه‌وه‌رگرتن. به ووته‌ی سەرۆكی دەستەی دەسپاكی له هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها له 2022 ژمارەیەكی زۆر كەیسی گەندەڵی تۆمار كراون به‌جۆرێك 487 كەیسی نوێ تۆماركراوە و 226 كەیسی هەواڵدەریش هەبووە كە هەمووی دەكاتە 713 كەیس و ژمارەیەكی زۆرە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌دان كه‌یسی گه‌نده‌ڵی تر هه‌یه یان ده‌ستی بۆ نابرێت یان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیه‌وه ئاشكراكراوه كاری له‌سه‌ر ناكرێت و ناتوانرێت بكه‌رانی بدرێنه دادگا.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکى دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان لەبارەى بوونى گەندەڵى و ژمارەى دۆسێکانى گەندەڵى لە هەرێم، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا له ساڵی 2022دا، به‌م شێوه‌یه گوزارشت له ئاست و قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كات له هه‌رێمی كوردستان:
" گەندەڵی هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر هەرێمى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش داوا دەکەم دادگایەکی تایبەت بە گەندەڵی تەرخان بکرێت، تاوەکو یەکلاکردنەوەى دۆسێکان دوانەکەوێت، چونکە دۆسێ هەبووە لەپاش حەوت ساڵ لێکۆڵینەوەى لەبارەوە کراوە".
گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردستان له ئاستێكدایه كه هاوڵاتیانیش زۆر به‌ڕوونی هه‌ستى پێده‌كه‌ن. بۆ نموونه، له ڕاپرسیه‌كدا كه له ساڵى 2010 له‌هه‌رسێ پارێزگاى هه‌ولێر، سلێمانى و دهۆك ئه‌نجامدراوه، له‌سه‌دا 88ی به‌شداربووانى پارێزگاى هه‌ولێر و سلێمانى له‌و باوه‌ڕه‌دان گه‌نده‌ڵی كێشه‌یه‌كی مه‌ترسیداره له هه‌رێمی كوردستان. له‌سه‌دا 80ى به‌شداربووانى دهۆك پێیانوایه گه‌نده‌ڵی كێشه‌یه‌كی مه‌ترسیداره له هه‌رێمی كوردستان.
حه‌وته‌م/ به‌شدارى سیاسی له هه‌رێمی كوردستان لاوازه: دیاره به‌شدارى سیاسی ته‌نها به‌شداریكردن نیه له پڕۆسه‌ى دهنگدانداندا، به‌ڵكو به‌شدارى سیاسی سه‌رجه‌م فۆرمه‌كانى وه‌ك به‌شداریكردن له دروستكردنی حزب و ڕێكخراوه‌كان، به‌شداریكردن له خۆپیشاندان، به‌شداریكردن له گردبوونه‌وه‌و ناڕه‌زاییه جه‌ماوه‌رییه‌كان و به‌شداریكردن له مانگرتن و سه‌رجه‌م ئه‌و شێوه چالاكیانه ده‌گرێته‌وه كه بۆ مه‌به‌ستى كاریگه‌ری خستنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى سیاسی ئه‌نجامده‌درێت. له هه‌رێمی كوردستان به‌شداری سیاسی هاوڵاتیان تادێت لاوازتر ده‌بێت. ئه‌م لاوازییه‌ش ده‌سه‌ڵاتى سیاسی لێی به‌رپرسیاره، له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات ماف و ئازادییه سیاسیه‌كانى سنوردار كردوه. بۆ نموونه، له هه‌رێمی كوردستان هاوڵاتی سزای یه‌ك ساڵ زیندانى به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ى نیه‌تى به‌شداریكردنى هه‌بووه له خۆپیشانداندا. به هه‌مان شێوه‌یه، چالاكوان و به‌رپرسانى ئۆپۆزسیۆن ده‌ستگیركراون ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ى پێشوه‌خته نیه‌تى خۆیان بۆ به‌شداریكردن له خۆپیشانداندا ئاشكراكردوه، واته به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌شدارى خۆپیشاندان بكه‌ن ته‌نها نیه‌تی خۆیان بۆ به‌شداریكردن له خۆپیشاندان له ڕاگه‌یاندندا ئاشكراكردوه ده‌ستگیركراون.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئاستى به‌شدارى له هه‌ڵبژاردن و پڕۆسه‌ى ده‌نگدان له‌هه‌رێمی كوردستان زۆر دابه‌زیوه. بۆ نموونه، ڕێژه‌ى به‌شداری هاوڵاتیان له هه‌ڵبژاردنى 2018ى هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌دا 57.96 بووه. له هه‌ڵبژاردنه گشتیه‌كه‌ى 2021 عێراق ڕێژه‌ى به‌شدارى بۆ له‌سه‌دا 40 دابه‌زی. هۆكارى سه‌ره‌كی ئه‌م لاوازییه‌ش له‌دیدی خه‌ڵكه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناكاریگهربوونی به‌شدارى سیاسی له به‌دیهێنانى گۆڕانكارى سیاسی له هه‌رێمی كوردستان.
هه‌شته‌م/ ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی له هه‌رێمی كوردستان لاوازن: ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی به كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پڕۆسه‌ى دیموكراسی داده‌نرێن، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕاى زۆرى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی، ڕێكخراوه‌كان لاوازن. هۆكارى سه‌ره‌كی لاوازییهكهشیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتى سیاسی. هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار له چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه به‌شدارییان كردووه له لاوازكردنى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی:
1- به حزبیكردنى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، به‌تایبه‌ت هێشتنه‌وه‌ى سهندیكاو ڕێكخراوه پیشه‌ییه‌كانى وه‌ك مامۆستایان، كرێكاران، پزیشكان و باقی سه‌ندیكاكانى تر له‌ژێر هه‌ژموونی حزبدا.
2- به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى ئازادییه‌كان، به‌تایبه‌ت مافی خۆپیشاندان و جوڵه‌ى مه‌ده‌نی، ڕێكخراوه‌كان له‌ژینگه‌یه‌كی ئازاد‌دا ده‌توانن به چالاكییه مهدهنیهكانیان ئه‌نجامبده‌ن، له ژینگه‌یه‌كی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان كه ئازادییه‌كان بهرتهسككراونهتهوه، ڕێكخراوه‌كان ناتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
3- پێشكه‌شكردنى پشتیوانى دارایی به‌و ڕێكخراوانه‌ى كه نزیك له حزبی ده‌سه‌ڵاتدار، فه‌رامۆشكردنى ڕێكخراوه‌كانى تر، ئه‌مه‌ش وایكردوه ڕێكخراوه ڕاستهقینهكانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی نه‌توانن به ئه‌ركی خۆیان هه‌ستن.
هه‌شته‌م/ هێرش و فشار بۆ سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان له له هه‌رێمی كوردستان كێشه‌یه‌كی به‌ربڵاوه: پێشێلكاریی و فشاری ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان له هه‌رێمی كوردستان دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوه. به‌پێى ئاماریی پێشێلكارییه‌كانى سه‌نته‌رى میترۆ ته‌نها له ساڵى (2017)دا (419) پێشێلكارى جۆراو جۆر به‌رامبه‌ر (338) ڕۆژنامه‌نوس و ده‌زگاى ڕاگه‌یاندن له هه‌رێمی كوردستان تۆماركراون. له‌ساڵى (2018)دا (264) پێشلكارى به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراون. له ساڵى (2019) دا (231) حاڵه‌تى پێشێلكارى جۆراوجۆر به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامدراوه. له ساڵى (2020) دا (385) حاڵه‌تى پێشێلكارى جۆراوجۆر به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان و ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراون. له ساڵى (2021) دا (353) حاڵه‌تى پێشێلكارى جۆراوجۆر به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان و ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراون . لە ساڵی 2022دا (431) پێشێلكاری بەرامبەر بە (301) رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندنكراوە.
نۆیه‌م/ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له هه‌رێمی كوردستان لاوازه: ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رى له هه‌رێمی كوردستان لاوازه له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك:
1- هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ستێوه‌ردان له كاروبارى دادگاكان‌دا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ى:
o دیاریكردنى دادوه‌ره‌كان بۆ پۆسته دادوه‌رییه‌كان.
o ده‌ستێوه‌ردان له پله به‌رزكردنه‌وه‌ى دادوه‌راندا.
o له هه‌ندێك حاڵه‌تدا بڕیاره‌كانى دادگا فه‌رامۆش ده‌كه‌ن.
2- ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر هه‌ژموونی حكومه‌تدایه، نه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بێت.
3- هێزه چه‌كداره‌كان له هه‌رێمی كوردستان هه‌ندێكجار له‌سه‌رو یاساوه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، ملكه‌چ نابن بۆ بڕیاره‌كانى دادگا، به‌تایبه‌ت له‌و كه‌یسانه‌ى كه تاوانبار ئه‌فسه‌رێكی پله باڵاى هێزه چه‌كداره‌كان بێت.
ده‌رئه‌نجام، سه‌روه‌رى یاسا له هه‌رێمی كوردستان له ئاستێكی لاوازدایه، یاسا وه‌ك یه‌ك به‌سه‌ر هه‌موواندا جێبه‌جێ ناكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌رپرسانى باڵاى پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌روو یاساوه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن. له كۆنفرانسێكی هه‌واڵی تایبه‌ت به ڕه‌وشی مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌رى یاسا له هه‌رێمی كوردستان، ڕاپۆرتى ڕه‌وشی مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌رى یاسا بۆ ساڵى 2021 به‌ڕه‌شی پێشكه‌شكرا، سه‌رجه‌م لاپه‌ڕه‌كانى ڕه‌ش بوون، ئه‌ویش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ خراپی و مه‌ترسیدارى دۆخی سه‌روه‌رى یاسا‌و مافه‌كانى مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان.
ده‌رئه‌نجام
له هه‌رێمی كوردستان هه‌ندێك ڕوواڵه‌تى دیموكراسی وه‌ك فره‌یی سیاسی، به‌شدارى سیاسی، هه‌ڵبژاردن و ئازادی سیاسی بوونی هه‌یه. به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌م به‌هاو بنه‌ماییانه به ده‌ڵه‌مه‌یی بوونیان هه‌یه.
ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمی كوردستان له هه‌ردوو حزبی فه‌رمانڕه‌وا " پارتى و یه‌كێتى" ڕێگرن له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونى پڕۆسه‌ى دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وه‌ى ئه‌م بانگه‌شه‌یه پشتڕاستده‌كاته‌وه پشتبه‌ستنى پارتى و یه‌كێتییه به ئامڕازه نادیموكراسیه‌كان له به‌ڕێوبردنى هه‌رێمی كوردستان، كه ئه‌وانیش بریتین له دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان، سنورداركردنى مافه مه‌ده‌نی و ئازادییه سیاسیه‌كان، سه‌ركوتكردنى ڕژنامهنوسان، به‌رته‌سكردنه‌وه‌ى شێوازه‌كانى به‌شدارى سیاسی "خۆپیشاندان وگردبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كان"، بره‌ودان به كلتوره نادیموكراسیه‌كان له هه‌رێمی كوردستان و پشتیوانیكردنیان، به‌حزبیكردنى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ده‌ستێوه‌ردان له كاروبارى دادگاكان و لاوازكردنى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ری.
هۆكارى سه‌ره‌كی لاوازكردنى بنه‌ما دیموكراسیه‌كان له‌لایه‌ن پارتى و یه‌كێتیه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى پێیانوایه له حاڵه‌تى به‌هێزبوونی پڕۆسه‌ى دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌م هۆیه‌وه ڕێگرن له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌ى دیموكراسی.
هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوێك بچێته دواوه ده‌بێته هه‌رێمێكی ته‌واو دیكتاتۆری، به‌ڵام پێویستى به‌وه‌یه دوو هه‌نگاو بچێته پێشه‌وه بۆ گه‌یشتن به دیموكراسیه‌كی ته‌واو پێشكه‌وتوو. فشارى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و فشارى هێزه ناوخۆییه‌كان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم كاریگه‌ری باش له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى به‌دیموكراسی بوونی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌وه، هه‌رێمی كوردستان له دیكتاتۆرییه‌ت نزیك ده‌بێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان
DEMOCRACY INDEX 2022 FRONTLINE DEMOCRACY AND THE BATTLE FOR UKRAINhttps://issuu.com/saladeprensa/docs/democracy_index_2022
Public Survey of Iraqi Kurdistan Public Opinion Region.(2010). https://chmk.org/files/2018/04/IRI-Survey.-2010.-Survey-of-Iraqi-Kurdistan-Public-Opinion.pdf
Winthrop Rodgers. (2021). Simmering frustration and a demand for change: Public service protests in the Kurdistan Region. MEI. https://www.mei.edu/publications/simmering-frustration-and-demand-change-public-service-protests-kurdistan-region
Pring, C. (2015). Kurdistan Region of Iraq: Overview of corruption and anti-corruption. Transparency International.
Freedom House. 2021. Iraq: Freedom in the World 2021 Country Report. https://freedomhouse.org/country/iraq/freedom-world/2021
سەرۆکی دەستەى دەستپاکى: گەندەڵى هەڕەشەیەکى گەورەیە لەسەر هەرێمى کوردستان، 2022. https://rojnews.news/?p=293347
راپۆرتی رەوشی سەروەری یاسا و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە. 2021.
https://www.facebook.com/bmctv.krd/videos/2992685690953113
ئامارى پێشێلکارییەکان لە ساڵى 2017 دا. سه‌نته‌رى میترۆ. https://www.metroo.org/dreja.aspx?=hewal&jmare=1536&Jor=14
ئامارى پێشێلکارییەکان لە ساڵى 2018 دا. سه‌نته‌رى میترۆ.
https://www.metroo.org/dreja.aspx?=hewal&jmare=2368&Jor=14
https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=38973&babet=1&relat=1024
راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستان 2021. سه‌نته‌رى میترۆ.
https://www.metroo.org/dreja.aspx?=hewal&jmare=12387&Jor=14
ئامارى پێشێلکارییەکان لە ساڵى 2020 دا. سه‌نته‌رى میترۆ.
https://www.metroo.org/dreja.aspx?=hewal&jmare=4643&Jor=14
ئاماری پێشێلكارییه‌كانی 2019 به‌رامبه‌ر به رۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن. سه‌نته‌رى میترۆ.
https://www.metroo.org/dreja.aspx?=hewal&jmare=3101&Jor=14
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی: نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌یه‌وێت ببێته شوێنگره‌وه‌ی تاڵه‌بانی.
https://www.kurdistan24.net/ckb/story/21868-%D8%A6%D9%87%E2%80%8C%D9%86%D8%AF%D8%A7%D9%85%DB%8E%D9%83%DB%8C-%D8%B3%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%D9%83%D8%B1%D8%AF%D8%A7%DB%8C%D9%87%E2%80%8C%D8%AA%DB%8C-%D9%BE%D8%A7%D8%B1%D8%AA%DB%8C:-%D9%86%D9%87%E2%80%8C%D9%88%D8%B4%DB%8C%D8%B1%D9%88%D8%A7%D9%86-%D9%85%D8%B3%D8%AA%D9%87%E2%80%8C%D9%81%D8%A7-%D8%AF%D9%87%E2%80%8C%DB%8C%D9%87%E2%80%8C%D9%88%DB%8E%D8%AA-%D8%A8%D8%A8%DB%8E%D8%AA%D9%87%E2%80%8C-%D8%B4%D9%88%DB%8E%D9%86%DA%AF%D8%B1%D9%87%E2%80%8C%D9%88%D9%87%E2%80%8C%DB%8C-%D8%AA%D8%A7%DA%B5%D9%87%E2%80%8C%D8%A8%D8%A7%D9%86%DB%8C
هه‌ردی مێد. ده‌روازه‌یه‌ك بۆ تێگەیشتن له ئۆپۆزسیۆن له هه‌رێمی كوردستان. 2019.
https://www.zamenpress.com/Detail_wtar.aspx?jimare=639
په‌رله‌مانی كوردستان به ده‌نگی 80 په‌رله‌مانتار ته‌مه‌نی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی درێژكرده‌وه
https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=156474&babet=1&relat=1024
ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان کارادەکرێنەوە. 2019.
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/3009201912
هه‌شت ساڵه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌ڕێوه نه‌چووه. 2022
https://www.kurdiu.org/sp/b/508991
چارەنووسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە کاتێکی نادیار سپێردراوە. 2020
https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=17069
ئینفۆگرافیك: پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژدەكاتەوە "سەرجەم خولەكانی پەرلەمان تەمەنی خۆیان درێژكردووەتەوە".2022
https://www.facebook.com/watch/?v=1129975334601196
هۆگر ئیبراهیم حه‌كیم. سیستمی هەڵبژاردن و هاوکێشەکانی دەسەڵات لە هه‌رێمی كوردستان شێواز و سیناریۆ ئایندەییەکانی. 2022.
https://www.centerfs.org/electoral-system-and-power-equations-in-the-kurdistan-region/
“شەرعیەتی دیموكراسییان نەماوە” بڕیارێكی پەرلەمان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی لەبیربردووەتەوە
https://esta.krd/17852/
له‌م لینكه‌وه بڕوانه ڕاپۆرته‌كانی سه‌نته‌رى په‌ره‌پێدانى دیموكراسی و مافی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان: https://dhrd.info/%da%95%d8%a7%d9%be%db%86%d8%b1%d8%aa/
احمد، محمد مصطفي. "معاير عنلية لأجراء إىتخابات نزيهة الأىتخابات الدورة البرلمانية لعام 2009 في اقليم كوردستان العراق انموذجا". دراسات قانونية وسياسية، العدد7(2016):426-477
* مامۆستا له زانكۆی سلێمانی، خوێنكارى دكتۆرا له بوارى په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان