Draw Media

لە خەرجی گشتی عێراقدا (15%) بۆ دەزگا ئەمنیەکان و (7%) بۆ دەزگا پەروەردەیە

لە خەرجی گشتی عێراقدا (15%) بۆ دەزگا ئەمنیەکان و (7%) بۆ دەزگا پەروەردەیە

2023-09-09 17:07:02



شیكاری: درەو

🔹 هێزی کار لە دام‌ودەزگاکانی ئاسایش و بەرگری (ملیۆنێک و 458 هەزار و 104) کارمەندەو (340 هەزار و 665) کارمەندی بە ڕێژەی (23%)ی زیاترە لەو هێزی کارەی لە دام‌ودەزگا پەروەردەییەکان کاردەکەن کە ژمارەیان (ملیۆنێک و 117 هەزار و 439) فەرمانبەرە.
🔹 هێزی کار لە دام‌ودەزگا ئەمنی و بەرگرییەکان (35%)ی هێزی کاری گشتی و دامەزراوە پەروەردەییەکان (27%)ی کۆی گشتی هێزی کار لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت پێکدەهێنێت، کە (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) کارمەندن.
🔹 بودجەی دام‌ودەزگا ئەمنی و بەرگرییەکان زیاتر (30 ترلیۆن) دینارە، لە کاتێکدا بودجەی گشتی دام‌ودەزگاکانی پەروەردە نیوەی ئەو پشکەیە کە بۆ  دام‌ودەزگا ئەمنی و بەرگرییەکان تەرخان کراوە.
🔹 بودجەی دام‌ودەزگاکانی ئاسایش و بەرگری رێژەی (15%)ی کۆی بودجەی گشتی دەوڵەتی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام بودجەی دامودەزگا پەروەردەییەکان (7%)ی بودجەی گشتی پێکدێنێت، کە کۆی گشتی بودجەی خەمڵێندراوی عێراق زیاتر لە (198 ترلیۆن) دینارە.
🔹 ڕێژەی خەرجی وەبەهێنان لە بودجەی دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکان (12%) پێکدەهێنێت، لە کاتێکدا خەرجی وەبەهێنان لە کەرتەکانی پەروەردە ڕێژەی (3.3%)ی بودجەی دامەزراوە پەروەردەییەکان پێکدێنێت.

سەرەتا
سەقاگیری و ئاشتی بۆ وڵاتان گرنگییەکی زۆر و تایبەتی هەیە، بەو پێیەی سەقامگیری هەوێنی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان و بەرزبوونەوەی ئاستی خۆشگوزەرانییانە، بە پێچەوانەی ناسەقامگیری و توندوتیژی، کە کۆمەڵگاکان بەرەو پاشەکشەو دواکەوتوویی دەبات و ئاستی خۆشگوزەرانیان دادەبەزێنێت.
لەو ڕوانگەیەی کە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان و بەرەوپێشبردنی خۆشگوزەرانییان لەگەڵ سەقامگریدا هەیە. دەبێت بەدوای ئەوەدا بگەڕێین، کە ئایا شێوازی ئەو سەقامگیرییەی کە بەدیهێنراوە، لەو رووەوەی کوێوەو چۆن سەرچاوەی گرتووە؟، کاریگەری لەسەر بەردەوامی و تەندروستی جۆری ئەو سەقامگیرییە هەیە. چونکە سەقامگیرییەک لە قوڵایی کلتور و تێگەیشتنی گشتی کۆمەڵگاوە سەرچاوەی گرتبێت، زۆر جیاوازە لەوەی سەقامگیرییەک بە زەبری هێز سەپێندرابێت.
چونکە ئەگەر ئامرازی زۆرەملێ و سەپاندن بەکار بهێنرێت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری، ئەوا پرۆسەکە بەردەوام نابێت و بە هەڵگرتنی ئەو ئامرازەی کە وەک هێز بەکاردەهێنرێت ناسەقامگیری سەرهەڵدەدات، ئەمەش ئەوەمان بۆ روندەکاتەوە کە سەقامگرییەک بە هێز بەدیهاتبێت، ئەوا ئاشتی و سەقامگیرییەکی کاتی دەبێت. چونکە ناچارکردنی کۆمەڵگا لەسەر هەر پرسێک، ناتوانێت رۆبچێتە ناوەوەی باوەڕی تاکەکان.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم سەرەتایەدا، تیشک دەخەینە سەر شێوازو ڕادەی بەردەوامیی ئاشتی و سەقامگری لە عێراقدا، بە دەستنیشانکردنی ئەو میکانیزمەی بۆ گەیشتن بەو سەقامگیرییە بەکارهاتووە. بۆ ئەمەش هەوڵی کاری فەرمی (حکومی) لەسەر چۆنیەتی بەدیهێنانی سەقامگری رووندەکەینەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی ئاراستەکردنی سامانی گشتی، کە ئایا حکومەتی عێراق ئاڕاستەی ئەمن و بەرگری (زۆرکردن، توندوتیژی) بۆ سەپاندنی ئاشتی کردووە بە میکانیزم؟. یان بەرەودان بە پەروەردەکردن (قەناعەتپێکردن، ناتوندوتیژی) بەکاردەهێنیت؟.
چونکە ئاراستەکردنی سامانی گشتی وێنەیەکی ڕوون دەدات بەوەی کە ئایا ڕادەی ئەولەویەتەکانی حکومەت لە ڕووی بەردەوامی و پاڵپشتییەوە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری، لە هەوڵی سەقامگیرییەکی بەردەوام و هەڵقوڵاوی کۆمەڵگایە، یان ئاشتی و سەقامگرییەکی کاتی؟
ئەمەش لە ئامارەکانی بودجەی گشتی بۆ ساڵی (2023) کە دوو ساڵی داهاتووتریش بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لەو رووەوەی کە حکومەت لە هەوڵی ئەوەدایە دەزگا ئەمنی و سەربازی و بەرگرییەکان بەهێز بکات بۆ درێژەدا بە سەقامگیری، یاخود پاڵپشتی کەرتی پەروەردە دەکات بۆ چەسپاندنی تۆوی پێکەوە ژیان لە ناخی تاکی عێراقیدا.

یەکەم؛ بودجەو هێزی کاری دەزگاکانی ئاسایش (ئەمن) و بەرگری لە عێراق
لەم بەشەدا تیشک دەخەینە سەر دام‌ودەزگا ئەمنی و بەرگرییەکان لە ڕووی هێزی کارو بڕ و ڕێژەی بودجەی تەرخان کراو بۆ هەریەکەیان بەم شێوەیە؛
1.    هێزی مرۆیی و چەکداری دەزگاکانی ئاسایش و بەرگری
جێگەی ئاماژە پێکردنە کە دام‌ودەزگاکانی ئاسایش و بەرگری لە عێراق تەنیا بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆوە سنووردار نابن، بەڵکو چەند دامەزراوەیەکی دیکەش دەگرێتەوە، کە هێزی مرۆیی هەر یەکێکیان بریتییە لە؛
‌أ.    هێزی مرۆیی وەزارەتی ناوخۆ بریتی‌یە لە (701 هەزار و 446) کەس.
‌ب.    هێزی مرۆیی وەزارەتی بەرگری بریتی‌یە لە (453 هەزار و 951) کەس.
‌ج.    هێزی مرۆیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بریتی‌یە لە (14 هەزار و 308) کەس.
‌د.    هێزی مرۆیی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقی بریتی‌یە لە (11 هەزار و 840) کەس.
‌ه.    هێزی مرۆیی دەستەی حەشدی شەعبی بریتی‌یە لە (238 هەزار و 75) کەس.
‌و.    هێزی مرۆیی فرقەی (12) بریتی‌یە لە (12 هەزار) کەس.
‌ز.    هێزی مرۆیی دەزگای دژە تیرۆر بریتی‌یە لە (23 هەزار 712) کەس.
‌ح.    هێزی مرۆیی دەستەی دەروازە سنورییەکان بریتی‌یە لە (2 هەزار 684) کەس.
‌گ.    هێزی مرۆیی دەستەی پیشەسازی جەنگی بریتی‌یە لە (88) کەس.
بەپێی ئەو داتایانەی ئاماژەمان پێدا، کۆی ژمارەی ئەو هێزە مرۆییەی لە دەزگا ئەمنی و سەربازیی و بەرگرییەکاندا کاردەکەن دەگاتە (ملیۆنێک و 458 هەزار و 104) کەس، کە (35%)ی کۆی هێزی کاری حکومەتی عێراق لە سەرجەم دام‌و دەزگا مەدەنی سەربازییەکان پێکدەهێنێت، کە ژمارەی گشتییان دەگاتە؛ (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) فەرمانبەر، بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق لە ساڵی (2023).
2.    بودجەی تەرخانکراوی دەزگاکانی ئاسایش (ئەمن) و بەرگری لە عێراق
پشکی تەرخانکراو بۆ خەرجی دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکانی دەوڵەت، کە دابەشبوون بۆ خەرجییەکانی بەگەڕخستن، خەرجی وەبەرهێنان و پرۆگرامی تایبەت.
ئەو بڕەی بۆ خەرجی  بەگەڕخستن تەرخانکراوە، بریتی‌یە لە؛ (26 ترلیۆن و 219 ملیار و 885 ملیۆن و 516 هەزار) دینار بە ڕێژەی (87%)، بڕی (3 ترلیۆن و 618 ملیار و 566 ملیۆن و 199 هەزار) دینار بە ڕیژەی (12%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان تەرخانکراوە، ئەو (1%)ی دەمێنێتەوە کە (188 ملیار 932 ملیۆن و 365 هەزار) دینارە بۆ پرۆگرامی تایبەت تەرخان کراوە.
واتە هەموو خەرجییەکان لە ساڵێکدا بڕی (30 ترلیۆن و 27 ملیار و 384 ملیۆن و 80 هەزار) دیناری بۆ تەرخان تەرخانکراوە، بۆ خەرجی ئەو دام‌و دەزگا ئەمنی و سەربازییانەی عێراق، کە لە خاڵی پێشتردا ئاماژەمان پێدا.
ئەو بڕە پارەیەش کە تەرخان کراوە بۆ خەرجی ئەو دام‌ودەزگا ئەمنی و سەربازییانە ڕێژەی (15%)ی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی (2023) پێکدەهێنێت، کە بڕەکەی بریتی‌یە لە (198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار) دینار.

دووەم؛ بودجەو هێزی کاری دامەزراوە پەروەردەییەکان
لێرەدا ئاماژە بە ژمارەو ڕێژەی هێزی کاری نێو دام‌ودەزگاکانی پەروەردەو فێرکردن دەدەین، هاوکات پشکی خەرجی ئەو دەزگایانە روندەکەینەوە لەنێو یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی (2023).
1.      هێزی کاری نێو دام‌ودەزگا پەروەردەییەکان
دیارە دەستی کارو هێزی مرۆیی نێو دام‌ودەزگاکانی پەروەردەو فێرکردن تەنها لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی (پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی) کورت نابێتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک دامەزروەی دیکەش دەگرێتەوە کە لەخوارەوە ئاماژەیان بۆ دەکەین، ئەوانیش؛
‌أ.    هێزی مرۆیی لە چوارچێوەی وەزارەتی پەروەردەو فێرکردن بریتی‌یە لە (963 هەزار و 949) فەرمانبەرو مامۆستا.
‌ب.    هێزی مرۆیی لە چوارچێوەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بریتی‌یە لە (150 هەزار و 212) فەرمانبەرو مامۆستا.
‌ج.    زانکۆی ئیمام ئەعزەم (هەزار و 540) فەرمانبەرو مامۆستا.
‌د.    زانکۆی ئیمام کازم بۆ زانستە ئیسلامییەکان (هەزار و 738) فەرمانبەرو مامۆستا.
‌ه.    جگە لەو دامەزراوانە کۆمەڵێک دامودەزگای زانستی و پەروەردەیی دیکە لە عێراقدا هەن، بەڵام لە یاسای بودجەدا ئاماژە بە میلاکات و ژمارەی هێزی مرۆیی تێیاندا نەکراوە، ئەوانیش؛ (ئەکادیمیای زانستی، دەستپێشخەری پەروەردەیی دەوڵەتی سەرۆک وەزیران و دەستەی عێراقی بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان)، هۆکاری ئاماژە نەدانیش بە ژمارەی کادرەکانیان ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە لە دام‌ودەزگاکانی دیکەی دەوڵەت فەرمانبەربن.
کەواتە لێرەوە ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە کە کۆی ژمارەی هێزی مرۆیی نێو دامەزراوە پەروەردەییەکان دەگاتە (ملیۆنێک و 117 هەزار و 439) فەرمانبەر کە دەکاتە (27%)ی کۆی دەستی کاری نێو سەرجەم دام و دەزگاکانی عێراق،  کە ژمارەی گشتییان دەگاتە (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) فەرمانبەر، بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق لە ساڵی (2023).
2.    بودجەی تەرخانکراوی دامەزراوە پەروەردەییەکانی عێراق
پشکی تەرخانکراو بۆ خەرجی دامەزراوە پەروەردەییەکانی دەوڵەت، کە دابەشبوون بۆ خەرجییەکانی بەگەڕخستن، خەرجی سەرمایەگوزاری (وەبەرهێنان) و پرۆگرامی تایبەت.
ئەو بڕەی بۆ خەرجی  بەگەڕخستن تەرخانکراوە، بریتی‌یە لە؛ (14 ترلیۆن و 722 ملیار و 492 ملیۆن و 901 هەزار) دینار بە ڕێژەی (96%)، بڕی (510 ملیار و 174 ملیۆن و 595 هەزار) دینار بە ڕیژەی (3.3%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان تەرخانکراوە، ئەو (0.7%)ی دەمێنێتەوە کە (111 ملیار 354 ملیۆن و 937 هەزار) دینارە بۆ پرۆگرامی تایبەت تەرخان کراوە.
واتە سەرجەم خەرجییەکان لە ساڵێکدا بڕی (15 ترلیۆن و 344 ملیار و 22 ملیۆن و 433 هەزار) دیناری بۆ تەرخانکراوە، بۆ خەرجی ئەو دام‌و دەزگا پەروەردەییانەی عێراق، کە لە خاڵی پێشتر ئاماژەمان پێدا.
ئەو بڕە پارەیەش کە تەرخان کراوە بۆ خەرجی ئەو دام‌ودەزگا پەروەردەییانە ڕێژەی (7%)ی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی (2023) پێکدەهێنێت، کە بڕەکەی بریتی‌یە لە (198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار) دینار.

سێیەم؛ بەراوردی دامەزاوە پەروەردەییەکان و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان لەرووی خەرجی هێزی کارەوە
بە بەراوردکردنی هەردوو تەوەری یەکەم و دووەم، ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە، کە ڕادەی گرنگیدان بە دام‌ودەزگا ئەمنی و سەربازییەکان لە رووی ژمارەی کاردمەند و تەرخانکردنی خەرجی بۆیان چەندە لە پێشترە لە رووی ئەو خەرجییانەی بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان تەرخان کراوە، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، کە چۆن هەوڵدەدرێت بە زەبری هێز سەقامگری و ئاشتی لە عێراق بەرقەرار بێت، تا ئەوەی لەرووی پەروەردەو فێرکردنەوە کلتوری لێبوردەیی و پێکەوە ژیانێکی سەقامگیرانە دەستەبەر بکرێت، بەراوردەکەش ئەوە دەردەخات کە؛
1.    هێزی کار لە دام‌ودەزگاکانی ئاسایش و بەرگری (ملیۆنێک و 458 هەزار و 104) کارمەندەو (340 هەزار و 665) کارمەندی بە ڕێژەی (23%) زیاترە لەو هێزی کارەی لە دام‌ودەزگا پەروەردەییەکان کاردەکەن کە ژمارەیان (ملیۆنێک و 117 هەزار و 439) فەرمانبەرە.
2.    هێزی کار لە دام‌ودەزگا ئەمنی و بەرگرییەکان (35%) هێزی کاری گشتی و دامەزراوە پەروەردەییەکان (27%)ی کۆی گشتی هێزی کار لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت پێکدەهێنێت، کە (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) کارمەندن.
3.    بودجەی دام‌ودەزگا ئەمنی و بەرگرییەکان زیاتر (30 ترلیۆن) دینارە، لە کاتێکدا بودجەی گشتی دام‌ودەزگاکانی پەروەردە نیوەی ئەو پشکەیە کە بۆ  دام‌ودەزگا ئەمنی و بەرگرییەکان تەرخان کراوە.
4.    بودجەی دامودەزگاکانی ئاسایش و بەرگری رێژەی (15%)ی کۆی بودجەی گشتی دەوڵەتی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام بودجەی دامودەزگا پەروەردەییەکان (7%)ی بودجەی گشتی پێکدێنێت، کە کۆی گشتی بودجەی خەمڵێندراوی عێراق زیاتر لە (198 ترلیۆن) دینارە.
5.    ڕێژەی خەرجی وەبەهێنان لە بودجەی دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکان (12%) پێکدەهێنێت، لە کاتێکدا خەرجی وەبەهێنان لە کەرتەکانی پەروەردە ڕێژەی (3.3%) بودجەی دامەزراوە پەروەردەییەکان پێکدێنێت.

 

ئەم بەراوردکردنە راستییەکی ڕوون ئاشکرا دەکات، کە ئاشتی و سەقامگری لە عێراقدا دۆخێکی سەپێندراوە، زیاتر لەوەی هەڵقوڵاوی دۆخی سیاسی، کلتوری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بێت، چونکە ئەولەویەت نەدان بە دامەزراوە پەروەردەییەکان بە بەراورد بە دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکان، بە تایبەت لەرووی ئەو خەرجییە زەبەلاحەی ئاراستەی دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکان دەکرێت، زۆر زیاترە لەوەی ئاراستەی دەمەزراوە پەروەردەییەکان دەکرێت. بەو مانایەی ئەو شێوازەی لە پلەی یەکەمدا بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە عێراقدا بەکارهاتووە، زۆرەملێ یە زۆرەملێیەوە زیاتر لەوەی ئارەزومەندانە بێت، ئەمەش مانای ئەوەیە کە سەقامگیری و پێکەوە ژیان لە کۆمەڵگادا ڕەگ و ڕیشەی نییە و بەڵکو پێکەوە ژیان دۆخێکی پەراوێزی وەرگرتووە، هەر بۆیەش زۆربەی جار ململانێ سیاسییەکان بەخێرایی بارگۆڕانی بەسەردا دێت و دەگۆڕێت بۆ توندوتیژی گەشەپێدانی ئاشتی سەقامگیری بەر هەڕەشە دەکەوێت.
ڕاستییەکان لە رووی لە پێشدانانی ئەمن و ئاسایش بەراورد بە پەروەردە، هەر ئەوە دەرناخات کە ئەو سەقامگیرییەی هەیە هێز سەپاندوویەتی، بەڵکو ئەوەش روندەکاتەوە کە دەوڵەت هێشتا بەردەوام دەبێت لەوەی سەپاندنی سەقامگیری لە رووی گرنگیدانی زیاتر بە دەزگا ئەمنییەکان زیاتر لە دەزگا پەروەردەییەکان، لە کاتێکدا پێچەوانەی ئەوە ڕاستە، چونکە بەشێک لە شارەزایانی پێیان وایە پەیوەندی نێوان (سەقامگری و ئاشتی) و (پەروەردە) پەیوەندییەکی ڕاستەوانەیە.

سەرچاوەکان
-    قانون رقم (13) لسنة 2023 "الموازنة العامة الاتحادية لجمهورية العراق للسنوات المالية (2023-2024-2025)"، جريدة الوقائع العراقية، العدد (4726)، بتاريخ 2023/6/26.
-    حامد عبد الحسين الجبوري، السلم في العراق بين الاكراه والاقناع ... قراءة في الموازنة، مرکز الفرات؛
http://fcdrs.com/economical/1871

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand