لە (400) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، هەرێم (85) هەزاری رادەستكردووە
2023-09-08 18:09:51
درەو:
لە (75) رۆژی رابردوودا هەرێمی كوردستان رۆژانە لەبری (400)هەزار بەرمیل نەوت (85) هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد كردووە، لە ماوەی (75) رۆژی رابردوودا هەرێم بە بەهای (300) ملیار دینار نەوتی رادەستی عێراق كردووە، لە ساتی وەستانی پرۆسەی نەوتی هەرێمەوە، بەغداد (ترلیۆنێك و 800 ملیار) دیناری بۆ هەرێم ناردووە، حكومەتی هەرێم دەڵێت "پابەندییەكانمان جێبەجێكردووەو بەغداد یاسای بودجە جێبەجێناكات"، بەغداش دەڵێت "پابەندییە داراییەكانمان بەرامبەر هەرێم جێبەجێكردووەو هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستنەكردووە".
كامیان پابەندنین؟
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە رۆژی 3/9/2023 بڕیاریدا، كە بۆ مانگەكانی (9،10،11) بڕی (500) ملیار دینار قەرز بداتە هەرێمی كوردستان بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە دوای كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: هەرێم هەرچی پێویست بووە و هەر پابەندییەك بەرامبەر حكومەتی فیدراڵ هەبێت لە چوارچێوەی یاسای بودجە و دەستوور جێبەجێی كردووە، لەگەڵ كەوتنەبواری جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق لە 2023/6/25 ، هەرێم پابەندییەكانی خۆی بە گوێرەی یاسای بودجە جێبەجێ كردووە، بەپێی یاسای بوودجەی عێراق پێویستە بەغدا مانگانە (تریلیۆنێك و 375 ملیار) دینار بنێرێت بۆ هەرێم كە (906 ملیار) دیناری بۆ مووچەیەی موچەخۆرانە.
لەبەرامبەردا باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: حكومەتی عێراق پابەندییە داراییەكانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێكردووە، ئەو پارانەی لە ئەستۆی هەرێمی كوردستاندایە لە سێ هێندەی پشكەكەی لە بودجەدا زیاترە بەپێی خەرجییە فعلییەكانی دەوڵەت، حكومەتی هەرێم داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی رادەست نەكردووە وەك ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە.
پابەندییە داراییەكانی هەرێم چین؟
هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا لە پاڵ شاییستە داراییەكانیدا، كە بەپێی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێم (تریلیۆنێك و 375 ملیار) دینارە بەڵام كۆمەڵێك پابەندیش دەكەوێتە ئەستۆی لەوانە:
* هەناردەكردنی بڕی (400) هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای نرخی فرۆشتنی كۆمپانیای سۆمۆ
* رێژەی ٥٠% لە داهاتی دەروازە سنوورییەكان ( هەرچەندە لە یاسای بودجە هەرێم پابەند كراوە بەرادەستكردنی سەرجەم داهاتە نانەوتییەكانی)
* قەرزی مانگانەی پابەندی بەرامبەر بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە بێ سوودی بانكی (الفوائد المصرفیە).
رادەستكردنی نەوت
بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی 12ی یاسای بودجەی عێراق هەرێمی كوردستان پابەندە بە رادەستكردنی (400) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە سۆمۆ، بەڵام بەهۆی راگرتنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركیا و رازی نەبوونی كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بەو بڕە پارەیەی بۆیان دیاریكراوە كە (6) دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك نەوت، هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد بكات.
كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان هەرێم ئاشكرایكرد" لە 25ی حوزەیران وەزارەتی نەوتی عێراق داوایكردووە ئێمە لە 50 هەزارەوە دەستپێبكەین تا 140 هەزار بەرمیل نەوت رادەستبكەین، ئێمە لە 25ی حوزەیراندا ئەو نەوتەمان رادەستی پاڵاوگەی (كار) كرد كە بۆ عێراق كار دەكات، ئێستا رۆژانە بە تێكڕا (85 هەزار) بەرمیل نەوت بە عێراق دەدەین، بەڵام لەوكاتەوە یەك دینارو یەك دۆلار بۆ بەرهەمهێنان خەرج نەكراوە، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی دەڵێن بۆ كرێی بەرهەمهێنانو گواستنەوە هەر بەرمیلێك 6 دۆلار حساب دەكەین ، ئێمە بۆ وەبەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت پێویستمان بە 24 دۆلارەو بۆ گواستنەوەش پێویستمان بە (7 دۆلار)ە، واتا تێكڕای خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت لە هەرێم (31 دۆلار)ەو بەو (6 دۆلار)ەی دیاریكراوە كۆمپانیاكانی هەرێم ناتوانن نەوت بەرهەم بهێنن".
لە رۆژی 25ی حوزەیرانەوە نەوت رادەستی بەغداد دەكەن سەرەتا 50 هەزارو لە ئێستادا گەیشتووەتە (85) هەزار بەرمیل لەكۆی (400) هەزار بەرمیل نەوت، واتا لەماوەی ئەو (75) رۆژەی هەرێم نەوتی رادەستی بەغداد كردووە (25ی حوزەیران تا 8ی ئەیلول) بە تێكڕا نزیكەی رۆژانە (65 -70) هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد كردووە، كۆی گشتی دەكاتە ( 5 ملیۆن و 250 هەزار) بەرمیل نەوت كە دەبوو (30) ملیۆن بەرمیلی رادەستبكردایە، كۆی داهاتەكەی كە بۆ هەر بەرمیلێكی ناوخۆ (41) دۆلارە، چونكە ئەو نەوتە لە كێڵگەی خۆرمەڵەیەو كۆمپانیای كار كاری تێدا دەكات و هەر لە پاڵاوگەی كار دەپاڵێورێت و بەرهەمەكەی دەنێردرێت بۆ موسڵ، كۆی داهاتی ئەو نەوتەی رادەستی بەغداد كراوە دەكاتە (215) ملیۆن دۆلار بە نزیكەی (300) ملیار دینار.
واتا هەرێمی كوردستان لە 25ی حوزەیرانەوە كە یاسای بودجە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە بە بەهای (300) ملیار دینار نەوتی رادەستی بەغداد كردووە.
لە كاتێكدا بەغداد لەو ماوەیەی كە نەوتی هەرێم راگیراوە لە 25ی ئازارەوە بڕی (ترلیۆنێك و 798 ملیار ) دینار پارەی بۆ هەرێم ناردووە، لە 25ی ئازارەوە كە نەوتی هەرێم وەستاوە لە بەغدادەوە بە سێ جار بڕٍی (400) ملیار دینار بۆ هەرێم نێردراوە كە دەكاتە (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار، رۆژی 2ی ئابی 2023 لە بەغدادەوە بڕی (598) ملیار دینار بۆ موچەی موچەخۆران گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان، كۆی گشتی ئەو پارەیەی لە دوای راوەستانی نەوتەوە گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان ( ترلیۆنێك و 798 ملیار) دینارە.
ئەمە لە كاتێكدا بڕی ئەو نەوتەی هەرێم رادەستی بەغدادی كردووە (5 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل)ە كە رۆژانە بە تێكڕا نزیكەی (70) هەزار بەرمیلە، بە پێی یاسای بودجە دەبوو هەرێم رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكات، كە كۆی گشتی لەو ماوەیە دەبوایە (30) ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەست بكردایە واتا تەنیا (17.5%)ی نەوتەكەی رادەستكردووە.
بە وتەی وتەبێژی حكومەتی عێراق تا ئێستا هەرێمی كوردستان داهاتی نانەوتیشی رادەست نەكردووە، وەك ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، داهاتی ناوخۆ بە تێكڕا مانگانە بە (308) ملیار دینار دیاریكراوەو بە وتەی وەزیری دارایی هەرێم بۆ مانگی ئاب داهاتی ناوخۆ (320) ملیار دینار بووە.