راپۆرتی: هێمن خۆشناو له توركیادا سیاسه‌ت زۆر به‌خێرایی و له چه‌ندین گۆشه‌وه به گۆڕانكاری خێرادا تێپه‌ڕ ده‌بێت. ده‌سه‌ڵات و په‌یوه‌ندیه‌كانی هێز سه‌رله‌نوێ داده‌ڕێژرێته‌وه. هه‌رسێ ئاراسته‌ی سیاسی جیاواز (هاوپه‌یمانی كۆمار/ده‌سه‌ڵات، هاوپه‌یمانی میلله‌ت/ئۆپۆزسیۆنی سیسته‌م و بلۆكی ره‌نج و ئازادیه‌كان كه هاداپ سه‌ركێشی بۆ ده‌كات ململانێ ده‌كه‌ن بۆ دیزاینكردنه‌وه‌ی دۆخی سیاسی و ئابووری. كاندیدبوونی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو بۆ سه‌ركۆماری! له‌گه‌ڵ لێدوانی كشانه‌وه‌ی مه‌ڕال ئاكشه‌نه‌ر سه‌رۆكی (İYİ PARTİ) له ئۆپۆزسیۆنی شه‌ش قۆڵیدا ،له‌ناو هاوپه‌یمانی میلله‌ت قه‌یرانێك هاته‌ئاراوه. به‌ڵام كاردانه‌وه‌ی رای گشتی و به تایبه‌تی فشاری ده‌نگده‌ری (İYİ PARTİ) ئاكشه‌نه‌ری ناچار كرد بگه‌ڕێته‌وه ناو هاوپه‌یمانی میلله‌ت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش وه‌كو بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه به ویست و ره‌زامه‌ندی نه‌بووه، به‌ڵكو له‌ناچاری بووه. له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاكشه‌نه‌ر له‌سه‌ر حسابی سه‌نگ و پێگه‌ی ئه‌م سیاسه‌تمه‌داره ژنه نه‌ته‌وه‌په‌رسته ده‌بێت. دوای كۆتایهاتنی قه‌یرانه چه‌ند رۆژیه‌كه‌ی هاوپه‌یمانی میلله‌ت، كه‌مال كلیچیدارئۆغڵو سه‌رۆكی پارتی گه‌لی كۆمار (CHP) به فه‌رمی بووه كاندیدی هاوپه‌یمانی میلله‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری داهاتووی توركیا. ئه‌مه‌ش گۆڕینی رێزبه‌ندی و كوتله‌به‌ندیه سیاسیه‌كانی له توركیادا زیاتر زه‌ق كرده‌وه. له‌دوای كاندید بوونی كلیچدارئۆغڵوش پێده‌چێت هه‌رسێ لایه‌نه ركابه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن، بۆ ئه‌وه‌ی رێژه و ژماره‌ی ده‌نگه‌كانیان زیاتر بكه‌ن، هه‌موو رێگا و میتۆدێك به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه. نموونه‌ی یه‌كه‌م: (HÜDA PAR) كه هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ئیسلامی كوردیه، داوای حوكمی شه‌ریعه‌ت ده‌كات، بۆ كورد داوای فیدڕالی ده‌كات و جه‌خت له خوێندن به زمانی دایك ده‌كاته‌وه، له‌سه‌ر داوای ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌چێته پاڵ پارتی بزوتنه‌وه‌ی میللی (MHP) و هاوپه‌یمانی كۆمار. تاكه مه‌رجی ئه‌م پارته‌ش بۆچوونه ناو هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان، ئازادكردنی دوو كه‌سه كه باوك و كوڕێكن، به‌ناوه‌كانی (شێخموس ئاڵپسۆی) و (محه‌مه‌د ئه‌مین ئاڵپسۆی). ئه‌م دوو كه‌سه له ساڵی 2000 له‌لایه‌ن دادگای ئاسایشی ده‌وڵه‌ت، به تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانی بكه‌ر نادیار له‌گه‌ڵ 32 ئه‌ندامی دیكه‌ی (حزبولڵا) به سزای له سێداره‌دان مه‌حكوم كراون. شێخموس ئاڵپسۆی ته‌مه‌ن 75 ساڵ فه‌رمانده‌ی باڵی ئه‌م حزبه بووه. نموونه‌ی دووه‌م: پارتی هه‌ره چه‌پی سۆسیالیست و رادیكاڵ، پارتی كرێكارانی توركیا (TİP) به مه‌به‌ستی خستنی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، به‌بێ مه‌رج ده‌چێته پاڵ (CHP) و پشتگیری له كاندیدبوونی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو ده‌كات، كه پارتی سیسته‌می كۆماری توركیایه به هه‌زاران چه‌پخواز و سه‌ركرده‌ی سۆسیالیستی ئه‌م وڵاته له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی (CHP) له سێداره دراون به نامرۆڤانه‌ترین شێوه له زیندانه‌كاندا سه‌ریان ناوه‌ته‌وه. (HDP) فیگوڕی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی سه‌رۆكایه‌تی كۆماره! له‌م قۆناغه‌دا ئاساییه ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی چاوه‌كان له‌سه‌ر پارتی دیموكراتی گه‌لان (HDP) بێت. زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه كه به‌بێ ده‌نگی ئه‌م پارته هیچ كام له كاندیده‌كان ناتوانن سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن. له‌م روانگه‌یه‌وه پێگه‌ی (HDP) له په‌یوه‌ندی و هاوسه‌نگیه سیاسیه‌كاندا له جاران زۆر زیاتر به‌هێزتر ده‌بێت. ده‌نگی كورد چ بۆ كاندیدی هاویه‌پمانی میلله‌ت بێ یان بۆ كاندیدی هاوپه‌یمانی كۆمار چاره‌نووسسازه. له‌م روانگه‌یه‌وه بڕیاری سیاسی (HDP) و ئه‌م لایه‌نه‌ی پشتگیری لێ ده‌كات چاره‌نووسی هاوسه‌نگیه‌كان یه‌كلایی ده‌كاته‌وه. بڕیاری داخستنی (HDP) له لایه‌ن دادگای ده‌ستووریه‌وه چی به‌سه‌ر دێت! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (HDP) بۆته كلیلی داخستن و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای سه‌ركۆماری داهاتووی توركیا، زۆربه‌ی نیگاكان ده‌چنه سه‌ر بڕیاری دادگای باڵای ده‌ستووری توركیا له‌مه‌ڕ داخستنی ئه‌م پارته. بڕیاری دادگای ده‌ستووری توركیا له مه‌ڕ (HDP) راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی هه‌یه به دواڕۆژی سیاسی له توركیادا. ئایا دادگای ده‌ستووری له نێوان ركابه‌ری سیاسی و پێوانه یاسایی و مافه‌كاندا چ هاوسه‌نگیه‌ك دروست ده‌كات، كامه‌یان ده‌كاته ئه‌وله‌ویه‌ت. له ئێستادا له‌باره‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا زۆرترین گفتوگۆ ده‌كرێت. له ئه‌جندای دادگای باڵای ده‌ستووری ده‌رباره‌ی (HDP) دوو مه‌سه‌له‌ی گرنگ هه‌یه، كه پێویسته ئاماژه‌یان پێبكه‌ین: یه‌كه‌میان: هه‌ڵگرتنی بڕیاری بلۆك كردنی سه‌رچاوه دارایه‌كانی (HDP) بوو، كه له 9 ئه‌م مانگه بڕیاری له‌سه‌ر دراوه. دووه‌مینیان: دواخستنی رۆژی پێشكه‌شكردنی پارێزبه‌ندی راسته‌وخۆی (HDP) له به‌رده‌م دادگای ده‌ستووری بۆ 11 نیسانی 2023. ئه‌م هه‌ردوو بڕیاره كه له‌لایه‌ن دادگای ده‌ستووری توركیا ده‌ركراوه، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به دواڕۆژی سیاسه‌تی توركیاوه هه‌یه. له روانگه‌ی (HDP) دۆخێكی سیاسی نوێ هاتۆته ئاراوه چ پسپۆرانی بواری ده‌ستوور و یاسا چ پسپۆرانی دۆخی سیاسی پێیانوایه ئه‌گه‌ری داخستنی (HDP) له‌م قۆناغه‌دا به‌ره‌و داكشانه‌وه ده‌چێت و به‌لانی كه‌م تا دوای پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌م پارته داناخرێت. كه‌چی تا پێش چه‌ند مانگێك زۆربه‌ی چاودێران به‌و كه‌سانه‌شه‌وه كه نزیكن له (HDP) پێیانوابوو كه گوشاره‌كان له‌سه‌ر دادگای ده‌ستووری بۆ داخستنی ئه‌م پارته به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چن و ئه‌گه‌ری داخستنی (HDP) له زیادبوون دایه. به‌ڵام له دۆخی سیاسی ئه‌مڕۆدا تا ئاستێكی به‌رچاو زه‌مینه‌ی داخستنی (HDP) له‌بارچووه. سه‌ردانی چاوه‌ڕوانكراوی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو بۆ لای ئه‌م پارته ئه‌وه‌نده‌ی دیكه پێگه‌ی ئه‌م پارته به‌هێزتر ده‌كات. له دۆخێكی به‌م شێوه‌یه بڕیاری داخستنی (HDP) له (11 مانگی نیسانی) داهاتوودا له‌لایه‌ن دادگای ده‌ستووری بڕیارێكی یاسایی نابێت و وه‌كو بڕیارێكی سیاسی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. له كاتێكدا كه یه‌ك مانگ ده‌مێنێت بۆ هه‌ڵبژاردن كه‌س ناتوانێ به‌رپرسیاریه‌تی بڕیارێكی له‌م شێوه‌یه له ئه‌ستۆدا بگرێت. ده‌نگده‌ری كورد، به‌شێكی گرنگ بوو له ده‌نگده‌ری پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (AKP)، به‌ڵام هاوپه‌یمانی (AKP) له‌گه‌ڵ (MHP) له ساڵانی رابردوودا، بووه خاڵی ره‌وینه‌ی ده‌نگده‌ری كورد له پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا. به له‌به‌رچاوگرتنی هاوسه‌نگیه سیاسیه‌كان له ئه‌مڕۆدا، داخستنی (HDP) به رێنمایی و گوشاری هاوپه‌یمانی كۆمار له‌سه‌ر دادگای ده‌ستووریدا، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه ده‌نگده‌ری كورد به‌تایبه‌تی له (AKP) ده‌ڕه‌وێنێته‌وه، به گوێره‌ی ئه‌م راپرسیارانه‌ی (AKP) له رێگای كۆمپانیای تایبه‌ت ئه‌نجامیداوه، داخستنی (HDP) كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی ده‌نگ و كورسیه‌كانی ئه‌م پارته له په‌رله‌مانی داهاتووی توركیادا. هه‌روه‌ها لێدوانی به‌رپرسانی (AKP) له‌مه‌ڕ راسته‌وخۆ تاوانباركردنی (HDP) به هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رێكخراوی به‌ده‌ر له یاسا له راستی دووره و ئه‌نجامی نابێت، ئاماژه‌یه به هه‌وڵی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا بۆ ده‌ستگرتن به ده‌نگده‌ری كورد و هه‌ڵمه‌تی رێگرتنه له دووركه‌وتنه‌وه‌ی به‌شێكی دیكه ده‌نگده‌ری كورد له (AKP). له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌گه‌ر (AKP) ده‌رهه‌ق به كێشه‌ی كورد خۆی له قسه‌ی سواوه ده‌رباز نه‌كات و بڕیاری رشت و یه‌كلاكه‌ره‌وه نه‌دات، ئه‌م جۆره لێدوانانه كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ده‌نگده‌ری كورد نابێت. گرنگ و پێویسته (HDP) به ناسنامه و ره‌نگی خۆی به‌شداری له هه‌ڵبژاردن بكات! پێویسته (HDP) كه له داڕشتنه‌وه‌ی هاوسه‌نگیه سیاسیه‌كانی توركیادا رۆڵێكی گرنگ له ئه‌ستۆ ده‌گرێت، سیاسه‌ت و ستراتیژی هه‌ڵبژاردن سه‌رله‌نوێ دابڕێژێته‌وه. له‌و كاته‌ی داخستنی ئه‌م پارته ئه‌گه‌رێكی به‌هێز بوو سه‌ركردایه‌تی ئه‌م پارته كۆمه‌ڵێك ئه‌لته‌رناتیفی خسته‌ڕوو، كه ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌یه‌كی ئاساییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ئێستادا دۆخه‌كه وه‌كو جاران نه‌ماوه و ئه‌گه‌ری داخستنی (HDP) كه‌متر بۆته‌وه، به‌ڵام دیسان هه‌بوونی ئه‌لته‌رناتیف له به‌رامبه‌ر هه‌ر دۆخێكی نه‌خوازراودا پێویسته و خۆ لادان لێی غه‌فڵه‌تێكی سیاسیه. ده‌بێت (HDP) بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان ئاماده بێت، هه‌رچه‌نده زه‌مینه‌ی سیاسی، یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تی پێگه‌یشتووه بۆ ئه‌وه‌ی (HDP) به ناسنامه‌ی خۆی به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بكات و زۆرینه‌ی وزه‌ی خۆی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ته‌رخان بكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌بێ ئه‌وه‌ی كات له‌ده‌ستبدات، ده‌بێت پڵانی (B و C) یشی هه‌بێت بۆ به‌شداریكردن. له‌وانه‌یه ناوه‌ندی بڕیاری (HDP) گه‌یشتبێته ئه‌و باوه‌ڕیه‌ی كه ئه‌گه‌ره‌كانی داخستنی پارته‌كه‌یان له ئه‌مڕۆدا له‌م په‌ڕی لاوازی دایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانن ئه‌م ریسكه بكه‌ن و بڕیار بده‌ن به‌ناوی (HDP) به‌شداری له هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن. بێگومان به‌شداری كردن له هه‌ڵبژاردن به‌ناوی (HDP) دینامیكی ده‌نگده‌ر و جه‌ماوه‌ری ئه‌م پارته ئه‌وه‌نده‌ی دیكه به‌هێزتر ده‌كات. له هه‌مان كاتدا به‌شداری كردنی هه‌ڵبژاردن به‌ناویكی جیاواز له ناوی (HDP) ده‌بێته هۆی له‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌ك ده‌نگ، به‌ڵام بارودۆخی سیاسی توركیا و ئه‌م گۆڕانكاریه خێرایه‌ی له سیاسه‌تدا رووده‌دات، تا ئاستێكی دیار ناوه‌ندی بڕیاری (HDP) ناچار ده‌كات په‌نا بباته به‌ر بژارده‌ی دووه‌مین كه به‌شداریكردنی هه‌لبژاردنه به‌ناوێكی دیكه. ئایا سه‌ردانی كلیچدارئۆغڵو ته‌نیا بۆ سه‌ردان كردنه!؟ بڕیاره كه‌مال كلیچدارئۆغڵو كاندیدی سه‌ركۆماری توركیا، رۆژی شه‌ممه (18 ئاداری 2023) سه‌ردانی (HDP) بكات. مه‌ڕال ئاكشه‌نه‌ر سه‌رۆكی (İYİ PARTİ)، پێشتر رایگه‌یاندووه كه ئه‌و دژی سه‌ردانی كلیچدارئۆغڵو نیه بۆ لای (HDP)، به‌ڵام له‌دژی هه‌موو سه‌ودایه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌م پارته ده‌وه‌ستێته‌وه، هه‌روه‌ها له دژی بانگهێشتنكردنی (HDP) ده‌بێت بۆ ناو ئۆپۆزسیۆنی شه‌ش قۆڵی. سه‌ره‌ڕای دۆخی له‌رزۆكی ناو هاوپه‌یمانی میلله‌ت، پێناچێت ته‌نیا بۆ سه‌ردان (HDP) میوانداری له كلیچدارئۆغڵو بكات، به پێچه‌وانه‌وه كورد له رێگای نوێنه‌ره‌كه‌یانه‌وه چه‌ند مه‌رجێك به به‌ر گوێی كلیچدارئۆغڵو ده‌چرپێنن. له دۆخی ئه‌مڕۆی توركیادا كه‌س به ئاشكرا ناوێرێت به ئاشكرا له‌گه‌ڵ (HDP) رێككه‌وتن بكات، (HDP) یش له‌مباره‌یه‌وه كێشه‌ی نیه، ئه‌وه‌ی گرنگه سه‌ودا و قسه‌كردن بێ، ئه‌گه‌ر له پشت ده‌رگا داخراوه‌كانیشدا بێت. جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ری (HDP) به ئه‌رێنی سه‌یری كه‌مال كلیچدارئۆغڵو و ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو سه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئیستانبۆڵ و كاندیدی جێگری سه‌ركۆماری داهاتووی توركیا ده‌كات. ئه‌گه‌ر هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو سه‌ردانی (HDP) بكه‌ن، په‌یامی سه‌ردانه‌كه به‌هێزتر و واتادارتر ده‌بێت. له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه نابێت پشتگیریكردنی (HDP) له كلیچدارئۆغڵو ته‌نیا بۆ خستنی ئه‌ردۆغان بێت، پێویسته داواكاری كۆمه‌ڵایه‌تی، كلتووری و سیاسی ده‌نگده‌ری (HDP) بگه‌یندرێته كلیچدارئۆغڵو. ده‌بێت سه‌ردانی كلیچدارئۆغڵو بۆ لای (HDP) ته‌نیا بۆ نه‌زاكه‌تی هه‌ڵبژاردن نه‌بێت. له رۆژانی رابردوودا سۆسیال میدیای نزیك له پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا، بانگه‌شه‌ی ده‌كرد كه له‌كاتی سه‌ردانی كلیچدارئۆغڵو (HDP) داوای وه‌زاره‌تێك ده‌كات، به‌ڵام (HDP) ره‌تیده‌كاته‌وه كه داواكاریه‌كی له‌م شێوه‌یان هه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌وان جه‌خت له سازش ده‌كه‌نه‌وه له‌باره‌ی كێشه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا. به كوورتی، پێكدادان و ناكۆكیه‌كانی ناو سیسته‌می سیاسی و ئیداری ده‌وڵه‌تی توركیا، هێز و رۆڵی (HDP) له‌ناو هاوسه‌نگیه‌كاندا زیاتر ده‌كات. كات كه‌مه و پڕۆسه‌كه به خێرایی ده‌ڕوات. له‌ناو ئه‌م تابڵۆیه‌دا ئایا (HDP) ده‌توانێ به هه‌ڵمه‌تی راست ئیداره‌ی پڕۆسه‌كه و سه‌رده‌مه‌كه بكات؟ بێگومان هه‌ڵومه‌رجی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له به‌رژه‌وه‌ندی (HDP) دایه!
(درەو): مەسرور بارزانی لەرێگەی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە نوسراو داوای لە وەزیرەكانی یەكێتیی كردووە بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت، وەزیرەكانی یەكێتیی وەڵامیان داوەتەوە‌و دەڵێن" ئەمە هەڵوێستە‌و بەردەوام دەبین لە بایكۆت تا چارەسەركردنی گرفتەكان". زیاتر لە پێنج مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان‌و سەرۆكی تیمی یەكێتیی لە حكومەت نەچوەتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران‌و (بایكۆت)ی كردووە، لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمیشەوە، واتە ماوەی سێ مانگە وەزیرەكانی یەكێتیی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایكۆتكردووە‌و تەنیا لە وەزارەتەكانیان دەوام دەكەن. رۆژی 27ی شوباتی ئەمساڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەرێگەی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوێك داوای لە وەزیرەكانی یەكێتیی كردووە بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، چوار رۆژ دواتر‌و بە دیاریكراوی لە رۆژی 2ی ئەم مانگەدا، وەزیرەكانی یەكێتی بە نوسراوێك وەڵامی نوسراوەكەی ئومێد سەباحیان داوەتەوە‌و لەبارەی بەشدارینەكردنیان لە كۆبونەوەكانی حكومەت دەڵێن: • هیچ پێشێلكارییەكی یاسایی‌و پەیڕەویمان ئەنجام نەداوە، بەردەوامین لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانمان‌و راییكردنی كاروباری وەزارەت‌و هاوڵاتیان. • ئامادەنەبونمان لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستە لەبەرامبەر نیگەرانی‌و سەرەنجەكانمان لەسەر رەچاونەكردنی پرەنسیپی هاوبەشیكردن لەبڕیاردان‌و شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەت‌و بەربەست لەبەرامبەر پیادەكردنی دەسەڵاتەكان.. چەندینجار ئەم گلەییانەمان بە نوسراو و لە كۆبونەوە هاوبەشەكانمان لەگەڵ تیمی وزاری پارتی بە پێشنیاری چارەسەرەوە خستوەتەڕوو، بەڵام بێ وەڵام ماونەتەوە. • بەپێی یاسا‌و دەستور، وەزیرەكان لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسیارێتییان دەكەوێتە ئەستۆ، بۆیە بەردەوام دەبین لەسەر هەڵوێستەكەمان تا چارەسەری گرفتەكان. لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)، یەكێتی جگە لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، ئێستا تەنیا (4) لە وەزیرەكانی یەكێتیی لە وەزارەتەكانیان دەوام دەكەن كە بریتین لە هەریەكە لە (بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ- محەمەد حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری- ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا- دارا ره‌شید وه‌زیری پلاندانان). وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل) دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوە‌و (رێباز بێركۆتی) بۆ شوێنەكەی كاندیدكراوە، خالید شوانی كە وەزیری هەرێم بوو، پۆستەكەی چۆڵكرد‌و پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت، یەكێتی (ئەحمەد عەسكەری) بۆ شوێنەكەی كاندید كردووە. بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی گۆڕانكارییە وزارییەكانەوە، تائێستا پەرلەمانی كوردستان كۆنەبوەتەوە بۆ متمانەدان بە وەزیرە نوێیەكان، بۆیە یەكێتیی ئێستا دوو پۆستی وزاری چۆڵ بووە. یەكێتیی بەفەرمی هۆكاری بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ "تاكڕەوی" مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەگەڕێنێتەوە، لەبەرامبەردا پارتی‌و مەسرور بارزانی هۆكاری نیگەرانییەكانی یەكێتیی بە دۆسیەی ئەمنییەوە دەبەستنەوە‌و دەڵێن كوژرانی عەقید (هاوكار جاف)و لێكۆڵینەكان لەو كەیسە سەرچاوەی نیگەرانییەكانی یەكێتین.
درەو: ئامادەكردنی: محەمەد كەریم محەمەد توێژەری پرۆژەی چاودێریی سیاسەتی باجی خانوبەرە لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان و رێكخراوی (NDI) ئەمەریكی ئەنجامدراوە باجی خانوبەرە بەتایبەتی و باج بەگشتی، بە سەرچاوەیەكی گرنگ لە سەرچاوەكانی دارایی حكومەت ئەژمار دەكرێت بۆ داراییكردنی خەرجی و پێداویستیەكانی، پاش داهاتەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، هەر لەبەر ئەوەشە كە، هەرێم لە ریزی حكومەتی كرێخۆردا پۆلێنكراوە. پاڵپشت بەو ڕاستیە، بوجەی هەرێمی كوردستان لە بناغەدا و بە پلەی یەكەم پشتبەستووبوو بە داهاتی كرێخۆری نەوت و ئەو بوجەیەی لە عێراقەوە بۆی دەهات و هاوكاری ووڵاتانی كۆمەكبەخش. بۆیە داهاتی باجەكان زۆر پلەدار نەبووە لە دروستكردنی كۆی بوجە و داهاتی حكومەت، هەر لەسەر ئەم بناغەیەشە كە، هاتنی داهاتی باجەكان بە تایبەتی باجی خانوبەرە بە ئاستێكی بەرچاو، شتێكی تازەیە و دەوروبەری ساڵی 2018 بوو بە بابەتی گرنگیپێدان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی پاش دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانیەكان و بەردەوامی تێچوونەكانی شەڕی داعش و بڕینی بەشە بووجەی كوردستان لە ناوەندەوە و زۆری ژمارەی ئاوارەی سوریا و ئێران و توركیا و عێراق لە كوردستاندا كە، ژمارەیان لە دوو ملیۆن كەس تێدەپەڕی. باجی خانوبەرە لە هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی 10% داهاتی ساڵانەی خانوبەرە مەزەندە دەكرێت (بێجگە لە دەستكەوتی فرۆشتنی خانوبەرە) و زەوی كشتوكاڵی كە، باجی خانوبەرە نایانگرێتەوە. لەم بڕەش ڕێژەی 10% دادەبەزێندرێت لە داهاتی ساڵانەی خانوبەرەكە لەبری تێچوونی چاكسازی بیناكان و سوانیان پێش مەزەندەكردنی بڕی باجەكە. ئەم باجە، لە 2018 وە چۆتە بواری گرنگیپێدانەوە لە هەرێمی كوردستاندا، بە پێی یاسای ژمارە 162 ی ساڵی 1959 ی عێراقی. سیمای ئەم باجەش وەك باجێكی ڕستەوخۆ (مباشرە) و كەرەسەییە (عینیە) و ڕێژەییە (نسبیە) و ناوچەییە (اقلیمیە) دێتە جێبەجێكردن. كاتێك ئەم باجە، مەزەندە دەكرێت كە باجێكی ڕاستەوخۆیە، چونكە ڕاستەوخۆ لەسەر پوختەی داهاتی ساڵانەی زەوی و خانوبەرە دەسەپێندرێت، دەوترێت كەرەسەتەییە، بەو ئاڕاستەیەی كە، چاوپۆشی لە باروزروفی كەسێتی باجدەر ناكات، ڕێژەییە، چونكە بە ڕێژەیەكی دیاریكراو لە پوختەی داهاتی ساڵانەی خانوبەرە وەردەگیرێت، و ناوچەییە چونكە هەموو خاوەن مڵكێك دەگرێتەوە كە، لە چوارچێوەی سنووری جوغرافیای سیاسی عێراقدایە، بێڕەچاوكردنی ڕەگەزی خاوەن موڵك عێراقیە یان بیانی، و باجێكە بەسەر هەردوو لایەنی كەسی و سروشتی‌دا (گبیعیە) دەسەپێندرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم باجە هەندێ لایەنی كەسێتی ڕەچاو دەكات، بە تایبەتی لە مڵكە نیشتەنیەكاندا، وەك ئەگەر خاوەن مڵك خۆی بەكاریهێنا یان دایك و باوكی یان هەركامێكیان یان یەكێك لە كوڕە خێزاندارەكەی. باجی خانوبەرە، نە بڕی ساڵانەكەی، نە هاوكاریەكانی لە كۆی بووجەی كوردستاندا، نە بڕی تێچوونی كۆكردنەوەی لە هەرێمدا نازاندرێت، چونكە لە ساڵی 2013 وە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت (2023)، بووجەی گشتی كوردستان لەلایەن حكومەتەوە ڕێكنەخراوە بۆ پەرلەمان، داهاتی باج ناڕونە، چونكە كۆكردنەوەی داهاتی بووجە و سەرفكردنی ئەو داهاتانە لە كەشوهەوایەكی تەمومژاوی و ناڕوون ئەنجام دەدرێت، هەرچەندە هەموو حیزبە ئۆپۆزۆسیۆن و خەڵك و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی زۆر داوای ڕونگەرایی لە بووجەدا دەكەن و پێداگری لەسەر دەكەن. ئەم نووسینە هەوڵدەدات وەكوەڵامدەرەوەیەك بێت بۆ هەندی لایەنی گرنگی باجی خانوبەرە و چۆنیەتی یان سیاسەتی جێبەجێكردنی لە ئابوری كوردستاندا. بۆیە پێویست دەكات چاودێری سیاسەتی باجی خانوبەرە بكرێت و هەڵوێستەكانی لە یاسا و ڕێنماییە تایبەتەكاندا بخرێتەڕوو. باجی خانوبەرە دیاریكراوە بە پێی یاسای ژمارە 162 لە 1959 كە، لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە و تا ئێستا نزیكەی 27 جار هەموار كراوە. كاتێك یاسا لە پەرلەمان دەردەچێت، مەبەست پەرلەمانی كوردستان و عێراقە و زۆر جار، گرنگی یاساكە و چۆنیەتی جێبەجێكردن و پەیكەربەندی بەڕێوەبردنی لایەنی جێبەجێكار و پلەی وەزیفی كارمەندە سەرەكیەكانیش لە دامەزراوەكەدا دیاریدەكات، هەروەها دەسنیشانكردنی توێژی كۆمەلایەتی كە، بە ئامانجی دەگرێت و ...هتد. هەموو یاسایەك كە، دەردەچێت، زۆر لایەنی گشتگیری پێوە دیار دەبێت، بۆیە پێویست دەكات یاساكە زیاتر ئامانجدار بكرێت و زیرەكانەتر بێت لە جێبەجێكردندا، ئەمەش لەلایەن دەستەڵاتی جێبەجێكردنی پەیوەندیدارەوە (وەزارەت یان دامەزراوە یان دەستە یان ...هتد) بە كۆمەڵێك ئاماژەپێكردن ئەنجام دەدرێت كە، لە زمانی یاسادا پێیان دەوترێت ڕێنمایی (تعلیمات). بەڵام سیاسەت، دێت بۆ پیادەكردنی یاسا و ڕێنمایەكان پێكەوە، بە واتای پیادەكردن و جێبەجێكردنی كردەیی یاسا و ڕێنماییەكان لە جێگا و كاتی دیاریكراوی خۆیدا لە چوارچێوەی كەمترین كات و تێچوون و ماندوبووندا چ بۆ دامەزراوەكە و چ بۆ توێژی بە ئامانجگیراو. لەوانەیە یاسا و ڕێنمایی بە تەواوی لەلایەن دامەزراوەیەكەوە جێبەجێبكرێت بەڵام هەڵە لە سیاسەتی جێبەجێكردندا هەبێت. لەوانەیە كڕینی پەرتووكی قوتابخانە، بۆ نموونە، بە پێی یاسا و ڕێنمایی یاساییبن لە ڕووی بڕ و جۆر و نرخ ..هتد، بەڵام هەڵە هەیە لە گەیاندنیان بۆ قوتابخانەكان لە كاتی دیاریكرا و گونجاو‌دا كە، بۆتە هۆی دواكەوتنی پرۆسەی خوێندن لەو قوتابخانانەدا هەرچەندە یاسا و ڕێنمایی بە تەواوی جێبەجێكراوە. بۆیە پێویستە ئاگامان لەو جیاوازیە بێت، لە هەمان كاتدا پێویستە جیاوازی بكرێت لە چاودێری سیاسەتی یاسایەك لەگەڵ سیاسەتی فەلسەفە كە، گشتگیرە بۆ هەموو یاساكان، بەڵام ئەوەكەی تر تەنها چاودێریە بۆ یاسایەكی دیاریكراو. لەسەر ئەم بناغەیە، ئەم نووسینە وەك توێژینەوەیەك دێت بۆ باڵاپۆشكردنی لایەنی زۆر و گرنگی جێبەجێكردنی یاسای باجی خانوبەرە و ڕێنماییەكانی لە هەرێمی كوردستان، بۆ نموونە ئایا سیاسەتی دیاریكردنی كارمەندەكانی باجی خانوبەرە لەو فەرمانگانەدا چۆنە؟ ئایا سیاسەتی فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە لە ڕوانگەی گەشەپێدانی هۆشمەندیی باجدان چۆنە؟ چ بۆ كارمەندەكانی خۆیان یان توێژی باجدەری خانوبەرە؟ ئایا سیاسەتی فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە چۆنە دەربارەی خەمڵاندنی بڕی باج لەسەر مڵكەكانی باجدەر؟ ئایا فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە چیان كردووە بۆ هۆشمەندكردنی فەرمانبەرەكانیان بە یاسا و ڕێنماییەكانی باجی خانوبەرە كە، یەكانگیربن لە ڕاو و بیروبۆچونی یاسایی؟ ئایا سیاسەتی ئەو فەرمانگانە چۆنە بۆ ڕاگرتنی تۆمارەكانی تایبەت بە باجی خانوبەرە و فۆرمە تایبەتەكانی باج و چۆنیەتی مامەڵەكردن پێیانەوە؟ یاخود سیاسەتی ئەو فەرمانگانە چۆنە لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ مامەڵەكانی باجدەری خانوبەرەوە و ئاستی ڕۆتین لەو فەرمانگانەدا چۆنە؟ هەروەها چەندین كێشەی تر كە، بە شێوەیەك لە شێوەكان كاردەكاتە سەر ڕێڕەوی مامەڵەكان لە جێبەجێكردنی یاسا و ڕێنماییە تایبەتەكانی. لە ئەنجامی باڵادەستی ناڕوونی و وونبوونی شەفافیەت لە ئابووری هەرێمدا چ لایەنی خەرجی چ لایەنی داهات بۆ ماوەی نزیكەی 9 ساڵی لەسەر یەك، بەهۆی ئامادەنەكردنی بووجە بۆ پەرلەمان، بۆیە دەستگەشتن بە هەردوولایەنی بووجە (داهات و خەرجی) لە دەرەوەی مومكیناتە و هیچ شتێكیان لێ نازاندرێت، هەمووشیان لە دەرەوەی ووردبینی و چاودێری ساڵانەدان تەنانەت لەلایەن پەرلەمانیشەوە. لەڕووی فەرمانبەرەوە، ئەو فەرمانگانە توانای مرۆیی زۆر باشیان هەیە لە ڕووی ئاستی خوێندەواری كە، نزیكەی نیوەیان ئاستی بڕوانامەی خوێندنی باڵان، ساڵانی ڕاژەیان بەرزەو لە 5 ساڵ كەمتر نیە ، تەمەنیان گەنجە و بەڵانسی ڕەگەزی كارمەندان بۆ ئاستێكی باش ڕەچاوكراوە. بەڵام دەربارەی ئاستی هۆشمەندی باجدان چ لای كارمەندان و چ لای باجدەری خانوبەرە، فەرمانگەكان كاریانەكردووە بۆ بەرزكردنەوەی ئەم هۆشمەندیە بۆ هەردوولایان، بۆیە ئەو فەرمانگانە نەیانتوانیوە سوودی گەورە لەو توانا گونجاوانە ببینن كە، لە بەردەستیاندایە. بەهەمان شێوە، لە ڕووی بەدواداچوون بۆ داهاتەكانی باجی خانوبەرە، ئەو فەرمانگانە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بونەتەوە لەلایەن باجدەری خانوبەرەوە و هەست بە مەغدووری و نەبوونی شەفافیەت دەكەن، تەنانەت لە هەندێ لە جومگەكانی مەزەندەكردنی بڕی باجدا، فەرمانبەرانیش هاودەنگن لەگەڵ هەڵوێستی باجدەراندا، چ وەك ئاگادارنەكردنەوەی ساڵانەیان لە بڕی باجی سەر مڵكەكانیان یان مەزەندەكردنی بڕی باجەكان یان پێشكەشكردنی ناڕازیبوون (الاعتراچ) لە بڕی باجی سەپاو و چەندەها كێشەی تری پابەند بە سیاسەتی باجی خانوبەرە. لە هەمانكاتدا، گەورەترین گرفت (تحدی) كە، بەرەوڕووی كارمەندەكانی ئەو فەرمانگانە دەبێتەوە، بریتیە لە نەبوونی یەك ڕا و یەك بیروبۆچوونە دەربارەی ئاستی تێگەشتنیان لە یاسای باجی خانوبەرە و ڕێنماییەكانی و پەیوەندیان، بە جۆرێك لە جۆرەكان، بە یاساكانی ترەوە ، بۆ نموونە، یاسای وەبەرهێنان 4/2006، یان یاسای باجی داهات و ..هتد، بەجۆرێك ئەم دووفاقیە لە ڕاو بۆچوونی باجدان لە نێو فەرمانبەراندا بە نەرێنی دەشكێتەوە بەسەر باجدەرەكاندا لە ئەنجامدانی مامەڵەكانی باجدانیان و دەیانخاتە نێو توولەڕێی تاریكی ڕۆتین و بەهەدەردانێكی زۆری كات و ماندوبوون و تێچوون لەو فەرمانگانەدا. لەلایەكی ترەوە، پشتگوێخستنێكی گەورەی ڕأی كارمەندان لەو فەرمانگانە بەدی دەكرێت، هەروەها پەراوێزخستنی ڕای توێژی باجدەران، بە جۆرێك باجدەران بێهیوابوون لە پێشكەشكردنی ناڕەزاییەكانیان (الاعتراچ) لە بڕی باجی مەزەندەكراو لەسەر مڵكەكانیان. تەنانەت هەندێكیان لەو بڕوایەدان كە، ئەو بڕی باجەی لەسەر مڵكەكانیان دەسەپێندرێت، هەڕەمەكیە و دیراسە بۆ نەكراوە و ئامانجی سەرەكی، تەنها، لە كۆكردەنەوەی داهاتدا چڕكراوەتەوە بە هەرچ شێوەیەك بێت جا یاسایی بێت یان بە شێوەی هەڕەمەكی یان بە ئامانجی پێشكەشكردنی ناڕازیبوونە بۆ ئەوەی ڕێژەی 50% باجی ساڵەكە بەفەرمی بە پێشەكی لە باجدەر وەربگرن ئینجا مامەڵەكانیان بۆ ڕایبكرێت. لەلایەكی ترەوە، مامەڵەكردن لەگەڵ تۆمارەكان و دۆكیومەنت و فۆرمەكانی تایبەت بە ئاگاداركردنەوەی ساڵانە لە باجی خانوبەرە یان تۆماری تایبەت بە (ڕەدیات) reimbursement ی مافی باجدەر، هەمووی ئەمانە مامەڵەیەكی تۆكمەی لەگەڵ ناكرێت و جێگای نیگەرانیە و كە، لە كۆتاییدا بە زیانی باجدەر كۆتایی دێت چ وەك سزای دواكەوتن یان گەڕانەوەی مافەكانی، یاخود دەستكاریكردن و كوژانەوە و كڕان و گۆڕینی داهاتەكانی كە، لە بەرژەوەندی حكومەت تۆماركراون لە تۆمارەكاندا بە تایبەتی تۆماری 5أ/داهات. دەربارەی سیاسەتی ئەو فەرمانگانە لە ڕۆتینی ناو فەرمانەگەكان، نووسینەكە، خاڵی نەرێنی زۆری لەسەری هەیە، چ وەك زۆری جومگەی ڕۆتین چ وەك سوودوەرنەگرتن لە تۆڕەكانی ئەلەكترۆنی بۆ بەستنەوەی فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە بە ناوەندی هەرێم و لق و فەرمانگەكانی تری باجەوە یان فەرمانگە پەیوەندیداركانی تری حكومەتەوە لە پارێزگەكانی هەرێمدا. دەرئەنجام، كەڵكەبوونی ئەو كێشانە و بەردەوامبوونی بۆ ماوەی دوور و درێژ، وایكردووە باجی خانوبەرە بە چاوی شك و گومان و سەرچاوەی هەست بە غەدركردن سەیر بكرێت لە لایەن باجدەرانەوە، دواتریش وونبوونی تەواوی متمانە بە حكومەت و ئیجرائەتە داراییەكانی بەرامبەر بە هاووڵاتیان، بە جۆرێك هەستی نیشتیمان پەروەرییان بەرامبەر باج و باجدان لكەدار دەكات بۆ ئاستێك كە كار بۆ خۆدزینەوە لە باج بكرێت بە هەرشێوەیەك لە توانایاندا بێت. دواجاریش، ڕاپۆرتەكە تێبینی كرد ئەو قەرەبالغیەی لەو فەرمانگانە دروست دەبێت بەهۆی باجدەرەوە نیە، بەڵكو بەشێكیان بە كاری فەرمانگەی ترەوە هاتوون بۆ نموونە وەك فەرمانگەی كارەبا، ئاو، خۆڵ، پشتگیری بۆ فەرمانگەی تۆماری خانوبەرە و ...هتد كە، دەكرا لە فەرمانكە تایبەتكەندەكانی خیان كاریان بۆ ڕاییبكرایە. ئەنجامەكان 1. سەرخانی فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە بەهێز و تۆكمەن لە ڕووی چۆنایەتی فەرمانبەرەكانی، چ لە ڕووی ژمارەی فەرمانبەرەوە، چ لە ڕووی گروپی تەمەن، قۆناغەكانی خوێندن و بەڵانسی ڕەگەز و هتد، بەڵام وەكو پێویست بەگەڕنەخراون و سود لە تواناكانیان وەرنەگیراوە. 2. ئیدارەی سیاسەتی هۆشمەندی باجی خانوبەرە لە كوردستاندا، لە ئاستی پێویستدا نیە، چ لەسەر ئاستی فەرمانبەران چ لەسەر ئاستی باجدەری خانوبەرە، بە نیشانەی زۆری ناڕەزایەتیەكان و دەستكاریكردنی تۆمارە بنەڕەتیەكان و دووفاقی لە ڕاوبیرو بۆچوون و دیدی فەرمانبەرانی باجی خانوبەرە بە تایبەتی لە كارە ستراتیژیە گرنگەكان لە جێبەجێكردنی یاسا و ڕێنماییەكانی باجی خانوبەرە. 3. ڕۆتینی كارگێڕی فەرمانگەكان لە ڕوانگەی هەردوو لای باجدەرەكان و فەرمانبەرەكانەوە، بە جۆرێك ئاستی ناڕازیبوون و بێزاری كەڵەكە بووە، كە ڕەنگە ببێتە جێگای هەوڵدان بۆ خۆدزینەوە لە باجدان بە هەموو شێوازێكی یاسایی و نایاسایی. 4. هەستكردنی باجدەری خانوبەرە لە هەرێمی كوردستان بە نادادپەروەری بڕی باجەكانی خانوبەرە و پێویستە ئەم ڕاستیە بەكەم نەزاندرێت، چونكە لە هەستكردن بە غەدر وناداپەروەریەوە سەرچاوەی گرتووە، و ڕەنگدانەوەی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری. 5. سیاسەتی باجی خانوبەرەی هەرێمی كوردستان، وادەردەكەوێت، هەموو تواناكانی لەسەر كۆكردنەوەی داهات لە باجدەر چڕكردۆتەوە ئەگەر لەسەر حسابی توانادارایەكانی باجدەری خانوبەرەش بێت، تەنانەت بە شێوازی نایاسایش، وەك نەگەڕاندنەوەی شایستەی باجدەر لە تۆماری ڕەدیات، پاكتاوكردنی ڕێژەی 50% پێشوەختەی باجی ساڵ بۆ ئەوەی مامەڵەكانی لە فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە بۆ بەڕێ بكرێت، یان بتوانێ مامەڵەی ناڕازیبوونی لە بڕی باج پێشكەش بكات، یان ئاستی بەرزی بێهیوابوون لە دەرئەنجامی پێشكەشكردنی مامەڵەی ناڕازی بوون و هتد. 6. كۆنی یاسای باجی خانوبەرە و هەمواركردنی بۆ نزیكەی 27 جار و نەگونجاوی بۆ ئێستای كوردستان، هۆكارێكی گرنگە بۆ سەرلێشێوانی فەرمانبەر و باجدەر، بە تایبەتی لە 1959 وە زۆر فاكتەری بنەڕەتی یاساكە گۆڕاوە وەك، ژمارەی باجدەری خانوبەرە، فراوانبوونی وەزیفەی عەقار و خانوو و هتد. 7. پێدانی پێشوەختەی باجی خانوبەرە بەڕێژەی 50% وەك لە یاساكەدا هاتووە نەگونجاوە چ لە ڕووی یاساییەوە چ لە ڕووی زەمەنەوە، چونكە ڕەنگە داهاتی خانوبەرەكە كە پێشوەختە پاكتاوكراوە گۆڕانكاری بەسەردابێت و مافی باجدەر قەرەبووناكرێتەوە بەتایبەتی كە، ئێستا تۆماری ڕەدیات ڕاناگیرێت و ڕەتكراوەتەوە. 8. نەبوونی شەفافیەت لە كۆی داهات و خەرجی باجی خانوبەردا بە تایبەتی بواری خەرجنەكردنەكەی بۆ نموونە بۆ گەشەی خزمەتگوزاری لە ناوچەكاندا وەك قیر و خاشاك و كارەبا و ئاو و ..هتد. 9. دەستەڵاتەكانی بڕیاردروستكەر لە فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە زۆر كەمە دەرئەنجام بۆتە هۆی لاوازكردنی پێگەی بڕیاردروستكەر لەو فەرمانگانەدا بۆ چارەسەری كێشە هەنوكەیی و ڕۆژانەكان. 10. لە ساڵانی داهاتوودا فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە دەگۆڕێن بە فەرمانگەی بەساڵاچوان چونكە ماوەی زیاتر لە 5 ساڵە فەرمانبەری تازەی بۆ نەهاتووە، كە ئەمانیش پێویستیان بە فێربوون ڕاهێنان هەیە، ئەمە لە داهاتودا دەبێتە گرفت بۆ قوڵبونەوەی قەیرانەكانی ئێستای ئەو فەرمانگانە. 11. وونبوونی كرۆكی هاووڵاتیبوونی باجدەر لە كۆی پڕۆسێسی سیستمی باجی خانوبەرەدا، بەو ئاڕستەیەی هەمیشە فەرمانبەر بە تایبەتی (لیژنەكان) خۆیان بە خاوەن ماف و لێزان و قسەڕۆشتوتر دەزانن لە باجدەر. ئەمەش لە كۆی پڕۆسێسی جێبەجێكردنی یاساكەدا ڕەنگی داوەتەوە بەشێوەیەك وەك دواندنی (مخاگبە) یەكتری بە دوو ئاستی جیاوازی بەرز و نزم، دەرئەنجام پەراوێزخستنی باجدەر و بەناوەندبوونی كارمەندی دروستكردووە لە سیستمەكەدا. بەشێكی زۆری كێشەكانی سیستمەكە لێرەوە سەرچاوەی گرتووە. پێشنیارەكان 1. لە بەرژەوەندی فەرمانگەكانی باجی خانوبەرەیە، كە گرنگی بدات بە ڕاهێنانی پیشەیی فەرمانبەرەكان بۆ كەمكردنەوەی دەلاقەی نێوان سیاسەتی باجی خانوبەرە و ناڕازیبوونی باجدەر. 2. كەمكردنەوی ئاستی بەرزی ڕۆتین لە فەرمانگەكانی باجی خانوبەرەی هەرێمی كوردستان، كارێكی هەنوكەیی و سترایژی و گرنگە، چونكە بۆتە سەرچاوەی بەهەدەردانی كات و ماندوبوون و تێچوون بۆ هەردوولای هاوكێشەكە، فەرمانبەران و باجدەران، سەرەڕای لكەداركردنی متمانە و بڕوا و ڕاستگۆیی نێوانیان. بۆیە بەستنەوەی ئەلیكترۆنی فەرمانگەكان لە ناوخۆیان و لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تری حكومەت كارێكی زۆر پێویست و هەنوكەییە بە تایبەتی، كە ئەو فەرمانگانە كادیری شیاوی بۆ دروستكردنی ئەم فەرمانگە ئەلیكترۆنیە هەیە، كە پەیڕەوكردنی ئەم سیستمە بەتەواوی فەرمانگەكان و باجدەر ڕزگار دەكات لە شێوازی كۆن و كلاسیكی لە تەبلیغكردن و سزا و دواكەوتن و نەبوونی شەفافیەت و مەزەندەكردنی بڕی باج و هتد. 3. زۆر لە بەرژوەندی فەرمانگەكانە، كە بتوانن متمانە و ڕاستگۆیی و دڵنیایبوون بگێڕنەوە بۆ باجدەری خانوبەرە و بنەبڕكردنی هەستی بەنامۆبوون لەبەر دەم ئەو فەرمانگانەدا بۆ ڕایكردنی مامەڵەكانیان، ئەمەش دەكرێت ئەنجامبدرێت بە كردنەوەی خولی تایبەت كە، چۆن فەرمانبەر مامەڵە لەگەڵ باجدەر و هاووڵاتیدا بكات هەر وەك چۆن كەرتی تایبەت دەیكات، چونكە لە كۆتاییدا بڕیاردەرەكان نەنگی ئەم كەموكوڕیەی فەرمانبەر لە ئەستۆ دەگرن. بەواتایەكی تر، گێڕانەوەی دبلۆماسیەت و گفتوگۆ بۆ بە ناوەندكردنی هاووڵاتی لە سیستمی باجداندا نەك پەراوێزخستنی وەك لە هەموو جومگەكانی سیستمی باجدا تێبینی دەكرێت. 4. گرنگی دان بە سیاسەتی ناڕازیبوون (الاعتراچ)، كە كرۆكی نەهێشتنی متمانەی نێوان باجدەر و فەرمانگەی باجە، ئەمەش تەنها بە كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و گرنگیدان بە ڕای باجدەر و شەفافیەت لە مەزەندەكردنی بڕی باجە لەسەر مڵكەكان و كەمكردنەوەی هەنگاوەكانی پڕۆسیجەرەكەیە. 5. خاڵی وەرچەرخان لە سیستمی باج كاتێك دروست دەبێت كە، حكومەت بە شەفافی ساڵانە بووجە بنێرێت بۆ پەرلەمان و پێگەكانی خزمەتگوزاریش لە بووجەدا دیاریبكرێت، لێرەوە پێگەی حكومەت و متمانەی بۆ ئاستێك دەگەڕێتەوە و هاووڵاتی هیوای بە دامەزراوە و سەروەری یاسا دروستدەبێتەوە ئەمەش بناغەی تۆكمەی حكومەتی ڕەشیدە، لێرەشەوە باجەكان بۆ ئاستێكی باش دۆستایەتی باجدەری بۆ دروست دەبێت هەر وەك ووڵاتانی ئەوروپا كە، باجدان بە پایەیەكی نیشتیمانسازی سەیر دەكەن. 6. هەمواركردنەوەی یاسای باجی خانوبەرە كە تەمەنی دەگاتە 63 ساڵ لە ووڵاتێكی تازە گەشەكردوودا كە، گۆڕانكاریە ئابووری و كۆمەڵایەتیەكان خێراتر تیایاندا ڕوودەدات، ئەمەش دەخوازێ یاسا و ڕێنماییەكان هەمیشە گونجاوبن لەگەڵ سروشتی ئەو گۆڕانكاریانە. 7. زۆر گرنگە ئەندام پەرلەمان و بڕیاردروستكەرەكان، خولی ڕاهێنان ببینن بە پێی تایبەتمەندێتی لیژنەكانی پەرلەمان و كاری بڕیاردروستكەرەكان بۆ ئەوەی هۆشمەندی پیشەییان تیادروستبكرێت كە، تواناسازی پێویستیان هەبێت و بتوانن تێكەڵاوی سیستمی زانیاریوەرگرتن و زانیاریدان ببن بە تایبەتی كارەكانی ڕێكخراوە ناحكومیەكان، چونكە كارەكانی ئەم ڕێكخراوانە ئەو كەلەبەرانە پڕ دەكەنەوە كە، لە نێوان حكومەت و خەڵكدا هەیە و دەستی حكومەت نایانگاتێ بۆ پڕكردنەوەیان بە تایبەتی لە بوارەكانی پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی و ئابوری. 8. گێڕانەوەی هاووڵاتی بۆ ناوەندی سیستم (بە ناوەنكردنی هاووڵاتی) نەك هەر لە فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە بەڵكو لە هەموو فەرمانگەكاندا، چونكە ئەسڵ فەرمانگە بۆ خزمەتی هاووڵاتیە لە ڕێگەی نوێنەرەكانیەوە لە هەر سێ دەستەڵاتەكەدا. ئێستا ئەم خاڵە لە سیستمی كوردستاندا پێچەوانە بۆتەوە بۆیە نامۆبوون جێگای نیشتیمانسازی گرتۆتەوە.
درەو: ئەمڕۆ (هانس ساندی)باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و تیمی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا سەردانی (درەو)یانكرد. باڵیۆزی هۆڵەندا لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند: ئەمرۆ زۆر خۆشحاڵ بووم بە سەردانی دامەزراوەی میدیایی (درەو) بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بابەتی (مەسەلەی ئازادی رادەربرین و رۆڵی میدیای سەربەخۆ)، سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند: زۆر گرنگە كە هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجام بدرێت، بە دڵنیاییەوە ئێمە جەخت لە بەرێوەچوونی دەكەینەوەو لایەنەكان هان دەدەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە نزیكترین كاتدا.
درەو: -(2021): بڕی (152 ملیۆن و هەزار و 154) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە - (2022): (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیلی فرۆشووە -جیاوازیەكە (7 ملیۆن و 596 هەزار و 742) بەرمیلە واتا. بەم بە ڕێژەی (5%) زیادیكردووە ........................ - (2021): بەرمیلێك نەوتی بە تێكڕا بە (59.49) دۆلار فرۆشتوە - (2022): بەرمیلێك نەوتی بە تێكڕا بە (84.99) دۆلار فرۆشتووە - واتا (25.5) دۆلار بەرزووبەتەوە بەرێژەی (43%) .......................... - (2021): داهاتی نەوت لەرێگەی بۆریەوە (9 ملیار و 37 ملیۆن و 887 هەزار و 22) دۆلار بووە - (2022): داهاتی نەوت (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار و 848) دۆلار بووە - واتا (3 ملیار و 293 ملیۆن و 530 هەزار و 826) دۆلار و بەڕێژەی (36%) زیادیكردووە.. .......................... داهات و خەرجی نەوت - (2021) كۆی داهات (9 ملیار و 125 ملیۆن و 987 هەزار و 56) لەو بڕە(3 ملیار و 964 ملیۆن و 814 هەزار و 502) دۆلار بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە نێو خەزێنەی گشتی حكومەت - (2022): (12 ملیار و 422 ملیۆن و 260 هەزار و 894) دۆلار بووە لەو بڕە (5 ملیار و 709 ملیۆن و 704 هەزار و 87) دۆلار و بە ڕێژەی (46%)ی گەراوەتە بۆ حكومەت - واتا لە ساڵی (2022)دا بڕی (ملیارێك و 744 ملیۆن و 889 هەزار و 585) دۆلار و بەڕێژەی (44%) زیادی كردووە بەراورد بە ساڵی (2021). خەرجی نەوتی هەرێم - (2021) خەرجی بریتی بووە لە (5 ملیار و 161 ملیۆن و 172 هەزار و 554) دۆلار و بە ڕێژەی (56%). - (2022) خەرجی بریتی بووە لە (6 ملیار و 712 ملیۆن و 556 هەزار و 807) دۆلار‌و بە ڕێژەی (54%) بەم پێیەش خەرجی پرۆسەی نەوت لە ساڵی (2022)دا بڕی (ملیارێك و 551 ملیۆن و 384 هەزار و 253) دۆلار و بەڕێژەی (30%) زیادی كردووە بەراورد بە ساڵی (2021) ............................ كرێی گواستنەوە (هەرێم – توركیا) - (2021)دا كرێی گواستنەوە (1 ملیار و 304 ملیۆن و 595 هەزار و 838) دۆلار بووە. - (2022) خەرجی دابەزیوە بۆ (892 ملیۆن و 948 هەزار و 508) دۆلار واتا خەرجی بە ڕێژەی (32%) و بە قەبارەی (411 ملیۆن و 647 هەزار و 330) دۆلار كەمی كردووە لە ساڵی (2022)دا بەراورد بە ساڵی 2021 - 2021 خەرجی (1) بەرمیل نەوتی هەناردەكراوی هەرێم بە تێكڕا (8.58) دۆلار بوە - (2022)دا دابەزیوە بۆ (6.18) دۆلار - واتا خەرجی گواستنەوەی بەرمیلێك نەوت بە ڕێژەی (28%) و بە قەبارەی (2.4) دۆلار كەمی كردووە لە ساڵی (2022)دا بەراورد بە ساڵێك پێشتر. - .............................. نرخی بەرمیلێك نەوت -2021: تێكڕای نرخی (1) بەرمیل نەوتی لە بازاڕەكانی جیهان بریتی بووە لە (70.68) دۆلار - (2022) تێكڕای نرخی بەمیلێك (100.78) دۆلار بوە. - واتا نرخی بەرمیلێك نەوت بە ڕێژەی (43%) و بە قەبارەی (30.10) دۆلار زیادی كردووە لە ساڵی (2022)دا بەراورد بە ساڵێك پێشتر. - 2021 تێكڕای نرخی (1) بەرمیل نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بریتی بووە لە (59.49) دۆلار - (2022)دا بەرزبووەتەوە بۆ (84.99) دۆلار - واتا بەرمیلێك نەوت بە ڕێژەی (43%) و بە قەبارەی (25.5) دۆلار زیادی كردووە لە ساڵی (2022)دا بەراورد بە ساڵێك پێشتر - 2021 : جیاوازی و هەزان فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ تێكڕای (1) بەرمیل نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوەبەراورد بە نرخی جیهانی بریتی بووە لە (11.19) دۆلار بووە - (2022): بەرزبووەتەوە بۆ (15.79) دۆلار. - واتا بەرمیلێك نەوت بە ڕێژەی (41%) و بە قەبارەی (4.6) دۆلار هەرزانكرنەكەی زیادی كردووە لە ساڵی (2022)دا بەراورد بە ساڵی (2021).
درەو: ئەمڕۆ مارك برایسۆن ڕیچاردسۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و ڕۆزی كەیڤ كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر و تیمی كونسوڵخانەی بەریتانیا سەردانی (درەو)یانكرد. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) باڵیۆزی بەریتانیا رایگەیاند: شانازییەكی گەورە بوو بە گەیشتنم بۆ سلێمانی ڕاستەوخۆ بێمە ئێرە بۆ دامەزراوەی میدیایی درەو بۆ ئاگادار بوون و بینینی ئەو كارە بەنرخە میدیاییانەی كە ئەنجامی دەدەن. سەبارەت بە دانوستانەكانی نێوان هەرێمی و بەغداد، رایگەیاند:گرنگترین شت ئەوە كە بەرەوپێشچوون هەیە لە دانوستانەكان و هەردولاش هێشتا بەردەوامن لە گفتوگۆكانیان سەبارەت بە هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان باڵیۆزی بەریتانیا رایگەیاند: هەندێك رێككەوتن و بەرەو پێشچوون هاتووەتە ئاراوە، هیوادارم بەم زووانە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت.
(درەو): دوای زیاتر لە مانگێك دانوستان‌و سەردانی وەفدەكانی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی نەوت ئاشكرا كرد لەناو بودجەی 2023ی عێراقدا، بەپێی رێككەوتنەكە، هەموو حساب بانكییەكانی تایبەت بە داهاتی نەوتی هەرێم دەدەخرێت‌و حسابێكی نوێ دەكرێتەوە‌و حكومەتی ناوەندی چاودێری دەكات. دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە پرۆژە یاسای بودجەی 2023ی تێدا پەسەند كرا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لێكتێگەیشتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان یەكێك لە هۆكارەكانی دواكەوتنی پەسەندكردنی پرۆژەی بودجە بووە". سودانی وتی:" گەیشتوینەتە رێككەوتنێكی گشتگیر لەبارەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغداد". بەپێی ئەوەی سودانی باسیكرد" حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ رێككەوتوون لەسەر ئەوەی تەواوی داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان‌و بەرهەمە نەوتییەكانی تر بخرێتە یەك حساب بانكییەكەوە، بەبێ هیچ جۆرە لێبڕینێك بۆ هیچ مەبەستێك، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان یان هەر كەسێك كە ئەو سەرپشكی بكات، دەسەڵاتی خەرجكردنی داهاتەكەی دەبێت‌و ئەم حساب بانكییە ملكەچ دەبێت بۆ چاودێری حكومەتی ناوەندیی‌و هەموو حساب بانكییەكانی تری تایبەت بە داهاتی نەوتی هەرێم دەدەخرێت". سەرۆك وەزیرانی عێراق هیچ زانیارییەكی نەخستەڕوو لەبارەی ئەوەی لەبری وەرگرتنی پشكی خۆی لە بودجەدا، هەرێمی كوردستان دەبێت داهاتی چەندێك لە نەوتی خۆی رادەستی بەغداد بكات، ئایا شێوازی لێبڕین "مەقاصە" هاوشێوەی ساڵانی رابردوو لەبارەی بودجە لەنێوان هەرێم‌و بەغداد بەردەوام دەبێت یاخود نا. سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد" لێكتێگەیشتنەكانی نێوان بەغداد‌و هەولێر لەسەر خاڵی روونن.. ئەگەر هەرناكۆكییەك لەنێوان هەردوولا دروستبوو، لیژنەیەكی هاوبەش هەیە پێشنیازەكانی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ بەرزدەكاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت". "ئەم لێكتێگەیشتنانە لەنێوان هەولێرو بەغداد جەخت لەسەر ئەوە دەكەن كە هەردوولا بە ئاڕاستەی پەسەندكردنی یاسای نەوت‌و غازدا دەڕۆن". ئەو پرۆژە بودجەی كە ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندی كرد زیاتر لە (197 ترلیۆن) دینارە، لەمە بڕی زیاتر لە (150 ترلیۆن)ی وەكو بودجەی بەكاربردن دیاریكراوە‌و بڕی زیاتر لە (47 ترلیۆن) دیناریش بۆ بودجەی وەبەرهێنان. كورتهێنان لە بودجەكەدا بە بڕی (63 ترلیۆن) دینار دانراوە، بۆ ئەمە تێكڕای داهات بە بڕی زیاتر لە (134 ترلیۆن) دینار‌و داهاتی نەوتیش بە بڕی (117 ترلیۆن) دینار دانراوە لەسەر بنەمای (70) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت، داهاتە نانەوتییەكانیش بڕەكەی زیاتر لە (17 ترلیۆن) دینارە، ئەمانە بەگوێرەی قسەی سەرۆك وەزیران. هەر لەم پرۆژە بودجەیەدا بڕی زیاتر لە (12 ترلیۆن) دینار تەرخانكراوە بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكانی حكومەت.
(درەو): پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بە (چوار بازنە) بەڕێوەبچێت، پێكهاتەكان دەڵێن 11 كورسییەكەی ئێمە دەبێت بە شێوەی (یەك بازنەیی) هەڵبژاردن یەكلابكرێتەوە، حزبی شیوعیش پێشنیازێكی كردووە‌و داوا دەكات (10) كورسی تری پەرلەمان تەرخان بكرێت بۆ شێوازی (یەك بازنەیی) بۆ ئەوەی دەنگی لایەنەكانی تریش لە شێوازی فرەبازنەیدا نەفەوتێت، یەكگرتوو و كۆمەڵ لە پەرلەمان كشاونەتەوە‌و ئامادەنین بەشداری كۆبونەوەكانی پەرلەمان بكەن لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بەڵام لە دەرەوەی پەرلەمان بەشداری كۆبونەوەكان دەكەن لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی و دواجار هەمواری یاساكەش دەبێت لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. گفتوگۆی نێوان لایەنەكانی لەسەر چۆنیەتی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان كوردستان چڕبووەتەوە. پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو لایەنی سەرەكی لەسەر ئەوە رێككەوتوون هەڵبژاردن بەشێوەی (چوار بازنە) بەڕێوەبچێت، واتە هەر پارێزگایەكی هەرێم بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت. بەڵام هەندێك لایەن دژی فرەبازنەیی هەڵبژاردنن بەدیاریكراویش (شیوعی- سۆسیال دیموكرات- زەحمەتكێشان- پارتی رەنجدەرانی كوردستان). ئەم لایەنانە ترسیان هەیە بەهۆی فرەبازنەییەوە دەنگەكانیان بەسەر بازنەكاندا دابەش ببێت‌و كورسی لە پەرلەمانی داهاتوو بەدەست نەهێنن. ئەبو كاروان ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی حزبی شیوعی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند" ئێمە پێشنیازمان كردووە 10 كورسی پەرلەمانی داهاتوو بەشێوەی یەك بازنەیی هەڵبژاردن یەكلابكرێتەوە‌و لەم بازنەیەدا (ماوەی بەهێز- باقی الاقوی) كورسییەكان بباتەوە". حزبی شیوعی كوردستان لە گفتوگۆی ژوری هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی چۆنیەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن كشایەوە، كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی دەڵێ" پارتی‌و یەكێتی خۆیان رێككەوتوون‌و پرسە خەسوانە بە ئێمە دەكەن، بۆیە ئێمە لە كۆبونەوەكان كشاینەوە". بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بڕیارە لە نزیكترین كاتدا سێ پارتە چەپەكە‌و حزبی سۆسیال دیموكرات كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەپارەی پێشنیازەكەی حزبی شیوعی سەبارەت بە تەرخانكردنی 10 كورسی بۆ شێوازی یەك بازنەیی هەڵبژاردن. لەپاڵ كێشەی ئەم لایەنانەدا، پرسی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان هێشتا لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا مشتومڕی لەسەرە، ئەمڕۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و نوێنەری پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ حزبە توركمانی‌و مەسیحییەكان كۆبونەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا سەرجەم پارتی توركمان‌و مەسیحییەكان جەختیان لەسەر ئەوەی كردووە (11) كورسی پێكهاتەكان بەشێوەی (یەك بازنە)ی هەڵبژاردن یەكلابكرێتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی داوای ئەوە دەكات كورسی پێكهاتەكان هاوشێوەی كورسییە گشتییەكان دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، بەڵام پارتی ئەم داواكاریە رەتدەكاتەوە‌و دەڵێ دەبێت پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لەسەر ئەم بابەتە بدەن. یەكێتی‌و لایەنەكانی تر پارتی تۆمەتبار دەكەن بەوەی لە دەرەوەی دەنگدەرانی سەر بەو پێكهاتانە دەنگ بۆ كاندیدی پێكهاتەكان دەدات‌و لەم رێگەیەوە دەنگی پێكهاتەكانی لەبەرژەوەندی خۆی كۆنترۆڵكردووە، بۆیە ئێستا پێشنیازێك هێنراوەتە پێشەوە كە داوا دەكات لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگ بۆ كاندیدی پێكهاتەكان نەدرێت، لەمەشدا هەڵبژاردنەكانی پێشتر لەبەرچاوگیراوە كە تێیدا كاندیدی پێكهاتەكان لەناو هێزە ئەمنییەكاندا دەنگیان بەدەستهێناوە‌و ئەم لایەنانە پێیانوایە لە دەنگدانی تایبەتدا بەدیاریكراویش لەناو هێزە ئەمنییەكاندا پارتی دەتوانێت دەنگدەران ئاڕاستە بكات بۆ دەنگدان بە كاندیدێكی دیاریكراو. ئەمڕۆ لەبارەی هەڵبژاردنەوە دوو كۆبونەوە كراوە، یەكەمیان كۆبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و نوێنەری پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان بوو لەگەڵ حزبە توركمان‌و مەسیحییەكان، دووەمیش كۆبونەوەی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی لایەنەكان بوو لە بارەگای پارتی لە هەولێر، ئەم كۆبونەوەیە بۆ گەڵاڵەكردنی ئەو رێككەوتنە بوو كە تائێستا لەنێوان لایەنەكان كراوە. لە كۆبونەوەی یەكەمدا لەگەڵ نوێنەری حزبە توركمان‌و مەسیحییەكان، نوێنەرانی (كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی) بەشدار نەبوون، ئەم دوو لایەنە یەكەمیان (بایكۆت)ی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كردووە‌و دووەمیشیان فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمان (دەستی لەكاركێشاوەتەوە) ئەمە وەكو ناڕەزایەتی دژی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە، هەردوو لایەنەكە واتە (كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی)، نوێنەرەكانیان بەشداری كۆبونەوەی دووەمی ئەمڕۆیان كرد كە كۆبونەوەی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی لایەنەكان بوو لە بارەگای پارتی. كۆمەڵ‌و یەكگرتوو لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم پشكیان هەیە‌و دەیانەوێت پارێزگاری لە پۆستەكانیان لەو دامەزراوە هەستیارەدا بكەن، بەتایبەتیش كە ئێستا پەرلەمانی كوردستان دەیەوێت كۆمسیۆنەكە كارا بكاتەوە‌و ئەركی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی پێ بسپێرێت. كۆمەڵ‌و یەكگرتوو دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بایكۆت‌و كشانەوەیان لە پەرلەمان راگەیاندووە‌و پەرلەمان بە ماوە بەسەرچوو ناودەبەن، بەڵام بەشدارن لە گفتوگۆی پرۆژەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، هەموارێك كە دەبێت دواجار لە پەرلەمانە "ماوە بەسەرچوو"ەكەدا دەنگی لەسەر بدرێت‌و پەسەند بكرێت‌و ببێت بە بنەما بۆ سازدانی هەڵبژاردنی نوێ.
(درەو): بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند" لە ئێستادا کرۆکی کێشەی نێوان پارتی و یەكێتی و نیگەرانی (مەسعود بارزانی) لە یەكێتی، پەیوەندی بە هەوڵێكەوە هەیە بۆ كوشتنی كوڕێكی مەسعود بارزانی. سەرچاوەکە وتی:" بارزانی گومانی لە چەند سەركردەیەكی یەكێتی هەیە"، بەڵام یەكێتیی تێوەگلانی لە ھەوڵێکی لەوجۆرە بەتوندی رەتدەكاتەوە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد" مەسعود بارزانی توڕەو نیگەرانە لە یەکێتیی، ئەمە ھۆکارەکەیە کە ئێستا نایەوێت سەركردەكانی یەكێتیی ببینێت". بەپێی ئەوەی بەرپرسەکەی پارتی بۆ (درەو)ی رونکردەوە، ھەوڵەکە بۆ کوشتنی (وەیسی بارزانی)ی کوڕی مەسعود بارزانی بووە، ئەو کەسەی ئەرکی کوشتنەکەی پێسپێردراوە کارمەندێکی دەزگای (دژەتیرۆری پارتی) بووەو ئێستا دەستگیرکراوە، تەواوی بەڵگەو ڤیدیۆکانی ئەم کەیسە خراوەتە بەردەم مەسعود بارزانی. لەبەرامبەردا سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتیی کە (درەو) قسەی لەگەڵدا کردووە، باسلەوە دەکات، ئەو بابەتە بەتەواوەتی لە یەکێتییەوە دوورەو بەپێچەوانەوە یەکێتیی ھەمیشە ھەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بارزانیدا ئاسایی بێت. تا ئەم دواییەش بە گوێرەی لێدوان و قسەی بەرپرسانی باڵای هەردوو حزب بە تایبەتیش مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی وادەركەوت كە كرۆكی كێشەكان پەیوەندی بە كوشتنی هاوكارجافەوە هەیە، بەڵام لەم دواییە كێشەكان سەریان كێشا بۆ ووروژاندنی پرسی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەلایەن دادگایەكی هەولێرەوەو ناكۆكی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لەسەر پرسی داڕشتنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵ و كشانەوەی تیمی یەكێتی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران .
درەو: تەنیا لە ماوەی چوار رۆژدا بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆوە (14) كەس گیانیان لەدەستداوەو دەیانی دیكەش برینداربوون 🔹رۆژی 8/3/2023 لە رێگای دەربەندیخان -سلێمانی بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆوە (4 ) كەس گیانیان لەدەستدا (2) ژن و (2 ) پیاو. 🔹 رۆژی 10/3/2023 لە ئاكری بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە (3) كەس گیانیان لەدەستداو (9) كەسی دیكەش برینداربوون. 🔹رۆژی 11/3/2023 لە رێگای كەر - دەربەندیخان بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە كەسێك گیانی لەدەستدا و دوو كەسی تریش برینداربوون. 🔹 رۆژی 12/3/2023 لە رووداوێكی هاتوچۆدا لە لە زینی وەرتێ (5) كەس گیانیان لەدەستداو (4) كەسی دیكەش برینداربوون. 🔹بەپێی ئاماری هاتوچۆی هەرێم لە 2022دا (3700) رووداوی هاتوچۆ روویداوە (445) كەس بەرووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوەو (7 هەزارو 225) كەسیش برینداربوون. 🔹لە ساڵی 2021 زیاتر لە (4 هەزار و 119) رووداوی هاتووچۆ تۆماركراوە، لە ئەنجامدا (662) هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە (7 هەزارو 220) كەسیش برینداربوون.
(درەو): پێش سەردانەكەی بۆ ئەمریكا، لەم هەفتەیەدا محەمەد شیاع سودانی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بڕیارە لەم هەفتەیەدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر كێشە هەڵوسراوەكانی نێوان هەولێرو بەغداد. لەسەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە، حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، حكومەتی هەرێمی بانگهێشتكرد بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەبارەی چۆنیەتی ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ. دەرچوونی ئەم یاسایە، یەكێكە لە خواستە سەرەكییەكانی پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو لایەنی بەشداری كورد لە كابینەی حكومەتی عێراقدا، لەچوارچێوەی رێككەوتنی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت كە ناویان لەخۆیانناوە "ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت"، سودانی بەڵێنی ئەوەی داوە لەماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوت‌و غاز دەربكات، كابینەی سودانی (100) رۆژ بەسەر دەستبەكاربوونیدا تێپەڕیوە. لەسەر بنەمای داواكارییەكەی سودانی، بەمدواییە دوجار وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان چوەتە بەغداد‌و ئەمڕۆش بۆ هەمان بابەت وەفدی حكومەتی هەرێم گەیشتەوە بەغداد. وەفدەكە پێشنیازی حكومەتی هەرێمی لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی رەشنوسی یاساكە خستوەتە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق، بەگوێرەی بەداواداچوونەكانی (درەو)و ئەو بەڵگانەی لەبارەی دانوستانەكانەوە دەستیكەوتووە، وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم نەوت بفرۆشێت‌و یاسای نەوت‌و غاز‌و ئەنجومەنی نەوت‌و غاز‌و بۆری تایبەت بۆ هەناردەی نەوتی تایبەت بەخۆی هەبێت. دانوستانەكان تائێستا بەردەوامن‌و هێشتا هیچ لایەك شكستی گفتوگۆكانیای رانەگەیاندووە. لەبارەی یاسای نەوت‌و غازەوە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ یاسایەكە كە دەبوو ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق پەسەند بكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی ناوەند لەسەر چۆنیەتی نوسینەوەی ئەم یاسایە، یاساكە تائێستا دەرنەچووە. محەمەد شیاع سودانی كاتێك لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستبەكاربوو، دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی لەبارەی چارەنوسی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان دەركرد بوو، لایەنەكانی شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەڵێنیان دا، ئەگەر كورد (پارتی‌و یەكێتیی) بەشداری حكومەتی نوێ بكەن‌و پشتیوانی لێ بكەن، ئەوا كابینەی نۆێی حكومەت لەماوەی شەش مانگدا یاسای نەوت‌و غازیان بۆ دەردەكات‌و چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەی نەوت‌و بودجەی هەرێم دەدۆزێتەوە. ساڵانی دوای روخانی رژێمی سەددام، كورد زۆر بە تەنگ دەرچوونی یاسای نەوت‌و غازەوە نەبوو، ئەمەش بەسودوەرگرتن لە ماددەی (115)ی دەستوری عێراق كە دەڵێ" هەر شتێك لە سنوری دەسەڵاتە (حەصری)یەكانی حكومەتی فیدراڵ‌دا ئاماژەی بۆ نەكرابێت، ئەوە دەبێت بە دەسەڵاتی هەرێم‌و پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، ئەگەر لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی‌و حكومەتی هەرێمیشدا ناكۆكی دروستبوو، ئەوا ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمە". بەڵام ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم یەكلاكردەوەو بەپێی ئەو بڕیارە یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوە‌و هەرێمی پابەندكرد بەوەی نەوت‌و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات. لەدوای دەرچوونی ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵییەوە، حكومەتی هەرێمی بەپێچەوانەی ساڵانی دوای روخانی رژێمی سەددامەوە ئێستا لە لایەنە عێراقییەكان زیاتر خوازیاری دەرچوونی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵە، چونكە بەبێ دەرچوونی ئەم یاسایە، پرۆسەی نەوت‌و غازی هەرێم لەبەردەم كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی نەوت‌و وڵاتانی كڕیاری نەوتدا هیچ كەڤەرێكی یاسایی نامێنێت. لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا (دوو) رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی ئامادە كراوە بەبێ ئەوەی هیچ یەكێكیان لە پەرلەمان پەسەندبكرێت: • یەكەم رەشنوسی پرۆژە یاسای نەوت‌و غاز لە رۆژی 15/2/2007دا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشكەشی پەرلەمان كرا، بەهۆی نەبوونی كۆدەنگی لەسەر رەشنوسەكە، بە هەڵپەسێردراوی مایەوە، ئەم رەشنوسە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكانی وڵاتی داوەتە دەست كۆمپانیای نیشتمانی نەوت، بەجۆرێ ئەنجومەنێكی فیدراڵی تایبەت بەو بابەتە سەرپەرشتی بكات‌و نوێنەری هەرێمی كوردستانی تێدا بێت‌و بە هەماهەنگی‌و راوێژ بڕیارەكان دەربچن. • دووەم رەشنوسی پێشنیاری یاسای نەوت‌و غاز لەرۆژی 17/8/2011دا لەلایەن لیژنەی نەوت‌و وزەی پەرلەمانەوە خرایە بەردەم پەرلەمان، ئەم پرۆژەیەش پەسەند نەكرا. ئەم پرۆژەیەش هاوشێوەی پرۆژەی یەكەم داوای زامنكردنی هەماهەنگیی‌و هاوبەشی دەكات لەنێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردن‌و گەشەپێدانی سەرچاوەكانی نەوتدا، بە هەمان شێوە ئەم پرۆژەیەش داوای پێكهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت‌و غاز دەكات بەجۆرێك نوێنەری هەرێم تێیدا ئەندام بێت. بەرپرسانی عێراقی، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بەوەی رێگر بووە لە تێپەڕاندنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، چونكە بەوتەی ئەوان هەرێمی بە سودوەرگرتن لە ماددەیەكی دەستور هەوڵیداوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر نەوت‌و غازدا بەسەر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدا سەربخات، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان لە ماددەی (115)ی دەستورە. لەبەرامبەردا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، هۆكاری دەرنەكردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی دەخەنە ئەستۆی حكومەتی ناوەندی‌و ئەمەش بەهۆكاری دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی هەرێم لە ساڵی 2007 دەدانێن. ئێستا كە دانوستانێكی نوێ لەسەر نوسینەوەی رەشنوسی نەوت‌و غاز هاتوەتە پێشەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە لایەنێكی خۆرئاوا بێتە ناو گفتوگۆكان، بۆ ئەمەش بەمدواییە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت سەردانی پاریسی كرد‌و سەرۆكی فەڕەنسای بینی. بەم بارودۆخەوە، ئەگەری رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ لەسەر یاسای نەوت‌و غاز ئەگەرێكی دوورەو رەنگە دەرگا لەسەر قۆناغێكی سەختتری ناكۆكی لەسەر بودجە‌و نەوت لەنێوان هەردوولا واڵا بكات.
درەو: ڕاپۆرتی فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەران # تۆمارکردنی شێرپەنجە لەڕووی دابەشبوونی جوگرافی بەپێوەری دابەشکردنی دانیشتوان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک، ئەوا؛ پارێزگای کەربەلا پلەی یەکەم دەگرێت بە (107.92) حاڵەت، پارێزگای هەولێر (105) حاڵەت و سلێمانیش پلەی سێیەم دەگرێت بە (102.66) حاڵەت. # تێکڕای توشبووان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک بۆ ڕەگەزی (نێر) سلێمانی بەرزترین ڕێژەی توشبووی بە جۆرەکانی شێرپەنجەی تێدا تۆمار کراوە، بە پێچەوانەی پارێزگای کەرکوک کەمترین ڕێژەی توشبووی تێدا تۆمار کراوە. # بەسرە زۆرترین بڕی شێرپەنجەی منداڵانی تێدا تۆمارکراوە، کەمترینیش لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی تۆمارکراوە. # پیاوان زۆتر توشی جۆرەکانی شێرپرنجەی (سییەکان، پرۆستات، قۆڵۆن و جگەر) دەبنەوە، ئافرەتانیش زیاتر توشی جۆرەکانی شێرپەنجەی (مەمک، خانە شێرپەنجەییەکانی قۆڵۆن، سییەکان و کۆئەندامی زاوزێ) دەبنەوە. پوختە شێرپەنجە، یەکێک لە ترسناکترین نەخۆشییەکانی سەردەم، گەورەترین ئاڵنگارییە کە تائێستا پێشکەوتن و گەشەسەندنە زانستی و تەکنۆلۆژییەکانی بواری زانستە پزیشکی و تەندوستییەکان لەبەرامبەریدا دۆشداماون. تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە یەکێکە لەو گرفتە سەرەکییانەی لە جیهاندا بەشێوەیەکی گشتی و لە عێراق بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دوایدا، لەڕووی رێژەی بەرزبوونەوەو فراوانبوونی ژمارەی توشبووان بۆ نێو سەرجەم ئاست و تەمەنە جیاوازەکان و بەتایبەتیش شۆڕبونەوەی بۆ نێو مناڵان، هەڕەشە لە تەندروستی مرۆڤەکان و کەرتی ته‌ندروستی دەکات. لەم راپۆرتەدا ئاماژە دەدەین بە ڕێژەی گەشەو دابەشبوونی ئاستەکەی لەڕووی جوگرافییەوە لە پارێزگاکانی عێراق و لەڕووی کات و بەربڵاوترین جۆرەکانی نەخۆشییەکە لەنێو ڕەگەزە جیاوازەکان. بەپێی داتا‌کان نەخۆشی شێرپەنجە لەنێو نەخۆشییە نەگواستراوەکان بە دووەم هۆکاری گیان لەدەستدان هەژماردەکرێت لە عێراقدا بەجۆرێک؛ رێژەی (11%)ی ئەوانەی بە نەخۆشی نەگواستراوە گیانیان لەدەستداوە هۆکارەکی شێرپەنجە بووە، بەتایبەتش لە ڕەگەزی مێدا. لەسەر ئاستی جیهانی دیسان شێرپەنجە پلەی دووەمی نێو نەخۆشییە نەگواستراوەکانی گرتووە، کە بەهۆیەوە مرۆڤەکان گیان لەدەستدەدەن، بەڵام سێ بەشی ئەوانەی بەهۆی نەخۆشییەکەوە مردوون دەکەونە ئەو وڵاتانەی داهاتی تاک تێیاندا نزمە. ئەوەشی جێگەی ئاماژەیە لە ساڵی (2020)دا حاڵەتەکانی مردن (10 ملیۆن) کەسی تێپەڕاندووە، زۆرترین مردنیش لە ڕەگەزی نێر بەهۆی شێرپەنجەی سییەکان و لەنێو ئافرەتانیشدا شێرپەنجەی مەمک بە بەربڵاوترین و کوشندەترین جۆرەکانی نەخۆشییەکە تۆمارکراون. بۆیە ئامۆژگارییەکان ئەوەن، لەئێستاوە ئامادەکاری بکرێت بۆ داڕشتنی پلان بە دەرکردن و داڕشتن و هەموارکردنی یاسا‌و رێنماییەکان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەو پاراستنی ئاو و خاک و خۆراک لە پیسبوون، کە بەشێکن لە هۆکارەکانی پشت تەشەنەسەندنی جۆرەکانی نەخۆشییەکە. پاشان کاربکرێت بۆ بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، بە دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ و دابینکردنی ئامراز‌و کەرەستە پێشکەوتووەکانی بوارەکە، هاوکات پێگەیاندنی کادری شارەزاو ڕاهێنراو و ئاست بەرز بۆ روبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە. یەکەم؛ توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمی کوردستان (2003 - 2021) وەک لە چارتی ژمارە (1)دا رونکراوەتەوە بەردەوام ئاستی تەشەنەسەندی نەخۆشی شێرپەنجە لە ساڵانی (2003 - 2020) رووی لە بەرزبوونەوەیە. بە جۆرێک پاڵپشت بە داتاکانی "ئەنجومەنی شێرپەنجەی عێراقی" لە ساڵی (2003)دا ژمارەی توشبووان بە نەخۆشی شێرپەنجە (11 هەزارو 248) حاڵەت تۆمارکراوە، واتە بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوانی عێراق (49.17) کەس توشی نەخۆشییەکە بوون. بەڵام لە ساڵی (2020)دا ژمارەی حاڵەتەکان بەرزبووتەوە بۆ (31 هەزارو 692) کەس، بەجۆرێک لە هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوانی عێراق (78.93) کەس توشی یەکێک لە جۆرەکانی نەخۆشییەکە بوون. هەروەک لە چارتەکە دیارە تێبینی ئەوەی دەکرێت کە لە ساڵانی (2007، 2008و 2009) قەبارەی تۆمارکراو توشبووان بە نەخۆشییەکە دابزیوە بۆ (47.8، 44.46 و 48.16) کەس بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوانی عێراق، ئەگەرچی بۆ ئەمە هۆکاری روون بەردەست نیە، بەڵام ڕەنگە حاڵەتەکان لەو ساڵانەدا وەک پێوست تۆمار نەکرابێتن. بەڵام بەگشتی ئەو بەرزبوونەوانە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی و جۆرێتی خواردن و بەڕێکردنی ژیانێکی ناتەندروست و بەرزبوونەوەی ڕێژەی جگەرەکێشان و بەکارهێنانی ماددە بێهۆشکەرەکان پیسبوونی ئاو‌و هەواو خاک و ژینگە بەگشتی و لە سەرو هەمووشیانەوە دەڕانەگەیشتن بەچارەسەری پێویستی پێداویستییە پزیشکییەکان. چارتی ژمارە (1) دووەم؛ دابەشبوونی جوگرافی توشبووانی شێرپەنجە لە سەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2020) ئامار و داتا فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لە ساڵی (2020)دا (31 هەزار 692) حاڵەتی نوێی توشبووان بە جۆرەکانی نەخۆشی شێرپەنجە لە پارێزگاکانی عێراق تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش بەڕێژەی (25%)ی لە پارێزگای بەغداد تۆمار کراوەوە لەدوای ئەویشەوە پارێزگای موسڵ بە ڕێژەی (7.92%)و پارێزگای سلێمانیش بە ڕێژەی (7.36%) پلەی سێهەمی گرتووە. هەر یەک لە پارێزگاکانی (موسەنا، میسان و دهۆک) کەمترین ڕێژەیان تێدا تۆمار کراوە بە (1.55%، 2.32% و 2.46%) حاڵەتەکانی شێرپەنجەیان هەبووە. (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) چارتی ژمارە (2) بەڵام لە رووی دابەشبوونی جوگرافی بە پێوەری دابەشکردنی دانیشتوان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک، ئەوا؛ پارێزگای کەربەلا پلەی یەکەم دەگرێت بە (107.92) حاڵەت، پارێزگای هەولێر (105) حاڵەت و سلێمانیش پلەی سێیەم دەگرێت بە (102.66) حاڵەت بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوانی پارێزگاکانیان. لە بەرامبەردا پارێزگاکانی (کەرکوک، موسەنا و دهۆک) کەمترین حاڵەتی شێرپرنجەیان تێدا تۆمارکراوە کە بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک (56.80، 57.30 و 57.37) توشبووی شێرپەنجەیان تێدا تۆمارکراوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) چارتی ژمارە (3) سێیەم؛ دابەشبوونی توشبووانی شێرپەنجە بەپێی "تەمەن" لە سەر ئاستی عێراق لە ساڵی (2020) پاڵپشت بە داتا‌کان وەک لە چارتی ژمارە (4)دا رونکراوەتەوە، لەساڵی (2020)دا لەسەر ئاستی عێراق (31 هەزارو 692) حاڵەتی توشبوون بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە تۆمارکراون، بە تێکڕای (78.93) حاڵەت بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک، تێبینی ئەوە دەکرێت لەنێو هەردوو ڕەگەزەکەدا بەتەمەنەکان زیاتر توشی شێرپەنجە بوون، بەتایبەتیش ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان (65 - 70) ساڵیدایە کە (6.11%) یان لە رەگەزی "نێر"و (5.5%)یان لە ڕەگەزی "مێ"ن. بەڵام بەپێی تۆمارەکان کەمترین حاڵەت لەنێو ئەو توێژەدا بڵاوبووتەوە کە تەمەنیان لەنێوان (10 بۆ 30) ساڵیدایە. چارتی ژمارە (4) چوارەم؛ دابەشبوونی توشبووانی شێرپەنجە بەپێی "رەگەز" لە سەر ئاستی عێراق لە ساڵی (2020) حاڵەتە تۆمارکراوەکانی نەخۆشی شێرپەنجە لەنیو هەردوو ڕەگەزی "نێر‌و مێ" جیاوازە، بەتایبەت هەندێک لە جۆری نەخۆشییەکە لەنێو ڕەگەزی نێر‌و چەند جۆرێکشی لەنێو ڕەگەزی مێدا بەربڵاوە. وەک چۆن پیاوان زۆرتر توشی شێرپەنجەی پرۆستات دەبن، ئافرەتان زیاتر ڕوبەڕوی جۆرەکانی شێرپرنجەی مەمک و هێلکەدان و کۆئەندامی زاوزێ دەبن. بەپێی دواین ئاماری ئەنجومەنی شێرپرنجەی عێراق لە ساڵی (2003 - 2020) زۆرتر ئافرەتان توشی جۆرەکانی نەخۆشی شێرپەنجە بوون تا پیاوان. بڕوانە (چارتی ژمارە (5)) چارتی ژمارە (5) لەکاتێکدا لەسەر ئاستی پارێزگاکان، پارێزگای بەغداد پلەی یەکەمی گرتووە بەڕێژەی (25.35%)ی توشبووان و لەو ڕێژەیەش (15.25%)ی ئافرەت و (10.10%) لە ڕەگەزی نێرن، لە پارێزگای موسڵ (4.38%)ی مێ و (3.55%) نێرن، لە پارێزگای بەسرە بە ڕێژەی (4.04%) لە ڕەگەزی مێ و (3.34%)ی توشبووان لە ڕەگەزی نێرن، بەڵام بەڕێژەیەکی نزیک لە هاوسەنگ لە پارێزگاکانی موسەنا، دهۆک و میسان توشبوون بە شێرپەنجە تۆمارکراوە. بڕوانە (چارتی ژمارە (6)) چارتی ژمارە (6) لە کاتێکدا تێکڕای توشبووان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک بۆ ڕەگەزی (نێر) سلێمانی بەرزترین ڕێژەی توشبووی بە جۆرەکانی شێرپەنجەی تێدا تۆمار کراوە، بەپێچەوانەی پارێزگای کەرکوک کە کەمترین ڕێژەی توشبووی بۆ هەردوو ڕەگەزەکە تێدا تۆمار کراوە بە پێوەری دابەشکردنی دانیشتوان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک. بڕوانە (چارتەکانی ژمارە (7 و 8)) چارتی ژمارە (7) چارتی ژمارە (8) پێنجەم؛ دابەشبوونی توشبووان بە (10) بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە ساڵی (2020) زیاتر لە دەیان جۆری نەخۆشی شێرپەنجە لە جیهان بەگشتی و لە عێراق هەیە‌و (10) بەربڵاوترین جۆریان لە عێراق لە ڕەگەزی نێرەوە بۆ ڕەگەزی مێ دەگۆڕێت، بەربڵاوترینیان بریتین لە شێرپەنجەی مەمک بەڕێژەی (19.74%)و بە تێکڕای (15.58) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. لەدوای ئەویشەوە شێرپرنجەی سییەکان بەڕێژەی (7.86%)و بەتێکڕای (6.2) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. شێرپەنجەی قۆڵۆنیش پلەی سێهەمی هەیە بە ڕێژەی (6.97%)و بە تێکڕای (5.5) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان، دواتریش شێرپرنجەی مێشک و دەمار ڕێژەی (6.21%)و بەتێکڕای (4.9) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. پاشان شێرپەنجەی خوێن دێت بە ڕێژەی (5.34%)و بە تێکڕای (4.22) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. بەدوایدا شێرپەنجەی میزڵدان دێت بە ڕێژەی (4.58%)و بە تێکڕای (3.61) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. ئینجا شێرپەنجەی غودەی لیمفاوی دێت بەڕێژەی (4.06%)و بە تێکڕای (3.21) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. ئەوەشی دەمێنێتەوە شێرپەنجەی پرۆستاتە بەڕێژەی (3.25%)و بەتێکڕای (3.4) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. بڕوانە (چارتی ژمارە (9)) چارتی ژمارە (9) بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پیاوان زۆتر توشی جۆرەکانی شێرپرنجەی (سییەکان، پرۆستات، قۆڵۆن و جگەر) دەبنەوە، ئافرەتانیش زیاتر توشی جۆرەکانی شێرپەنجەی (مەمک، خانە شێرپەنجەییەکانی قۆڵۆن، سییەکان و کۆئەندامی زاوزێ) دەبنەوە. شەشەم؛ دابەشبوونی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بە جۆرەکانی شێرپەنجە لە ساڵی (2020) بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجومەنی شێرپەنجەی عێراقی لە ساڵی (2020)، کۆی ئەو حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەوە گەیشتووە بە (10 هەزار و 622) کەس، واتە لەسەر ئاستی گشتی عێراق (19.83) کەس لەکۆی (100 هەزار) کەسێک بەهۆی شێرپەنجەوە گیانی لەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی مردنی پیاوان بە جۆرەکانی شێرپەنجە زیاتر بووە لە ڕێژەی مردنی ئافرەتان، هاوکات لەڕووی گیانلەدەستدان بەپێی تەمەنە جیاوازەکان زۆرتر بۆ کەسانی بەتەمەن کوشندەتربووە، تا ئەوانەی لە قۆناغی گەنجی و مناڵیدان. بڕوانە (چارتی ژمارە (10)) چارتی ژمارە (10) هاوکات وەک لە چارتی ژمارە (11) ئاماژەی بۆ کراوە، تێکڕای کۆی گیانلەدەستدانی توشبووانی شیرپەنجە بۆ ڕەگەزی نێر (21.26) کەس بووە بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی شێرپرنجەی قوڕگ و سییەکانەوە بووە بریتی بووە لە (5.52) حاڵەتی گیانلەدەستدان بۆ ڕەگەزی نێر لەکۆی هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. هاوکات (2.65) حاڵەتی گیانلەدەستدان بۆ ڕەگەزی نێر لە کۆی هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان بە هۆی شێرپەنجەی خوین و (2.43) حاڵەتی گیانلەدەستدان بۆ ڕەگەزی نێر لەکۆی هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان بەهۆی شێرپەنجەی مێشک و دەمارەوە بووە. چارتی ژمارە (11) تێبینی ئەوە دەکرێت تێکڕای کۆی گیانلەدەستدان بەهۆی تووشبوون بە بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لەنێو ڕەگەزی مێدا گەیشتووە بە (20.68) حاڵەت بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە ئافرەتان. تۆمارکردنی رێژەی مردن بەهۆی شێرپەنجەی مەمک بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە بە (6.75) کەس بۆ هەر (100 هەزار کەسێک)، پاشان شێرپەنجەی قوڕگ و سییەکان بە تێکڕای (2.75) بۆ هەر (100 هەزار کەسێک) پاشان شێرپەنجەی مێشک و دەمار دێت بە تێکڕای (2.08) کەس بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە ئافرەتان. بڕوانە (چارتی ژمارە (12)) چارتی ژمارە (12) لەکاتێکدا دابەشبوونی تێکڕای مردن بەهۆی شێرپەنجەوە بۆ (10) بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە لەسەر ئاستی عێراق، پارێزگای کەربەلا پلەی یەکەمی گرتووە، لە دوای ئەویش پارێزگای نەجەف و پاشان پارێزگای میسان و تا دەگات بە پارێزگاکانی هەولێرو موسەناو کەرکوک کە کەمترین مردنیان تێدا تۆمارکراوە. بڕوانە (چارتی ژمارە (13)) چارتی ژمارە (13) حەوتەم؛ بڵاوبوونەوەی بە (10) بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لەنێو مناڵاندا لە ساڵی (2020) کۆی ژمارە حاڵەتە تۆمارکراوەکانی جۆرەکانی شێرپەنجە لەنێو مناڵانی خوار تەمەن (15) ساڵ لەسەر ئاستی عێراق لە ساڵی (2020) گەیشتووە بە (هەزار و 740) حاڵەت بە ڕێژەی (5.49%)ی کۆی توشبووان کە بۆ سەرجەم دانیشتوانی توشبووی نێو تەمەنە جیاوازەکان بریتییە لە (31 هەزار و 692) حاڵەتی تۆمارکراو. ئەو ژمارەیەش واتە توشبوونی (11.46) منداڵ بە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان بۆ تەمەنی کەسانی کەمتر لە (15) ساڵ، بەشی زۆری ئەو ژمارەیەش لەنێو منداڵانی خوار (5) ساڵ تۆمارکراوە بە قەبارەی (12.13) حاڵەت بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە منداڵانی خوار تەمەن (15) ساڵ. ئەوەی جێگای ئاماژەیە قەبارەی توشبووانی نێر زیاتر بەراورد بە ڕەگەزی مێ، زۆرترین ڕێژەی توشبوونی بە جۆرەکانی شێرپەنجەی نێو مناڵان بریتین لە شێرپەنجەی خوێن و لەدوای ئەویش شێرپرنجەی مێشک و دەمار لەنێو مناڵاندا پلەی دووەمی گرتووە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقیش پارێزگای بەسرە زۆرترین بڕی شێرپەنجەی منداڵانی تێدا تۆمارکراوە، کەمترینیش لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی تۆمارکردنی نەخۆشییەکە لە نێو مناڵاندا. کەمترین حاڵەتەکانیش لە پارێزگاکانی کەرکوک و هەولێرو سەڵاحەدین تۆمارکراون لەنێو مناڵانی خوار تەمەن (15) ساڵ. بڕوانە (چارتی ژمارە (14)) چارتی ژمارە (14)
(درەو): راپۆرتی: زریان محەمەد - گەرمیان له‌ماوه‌ى 2 ساڵى رابردودا به‌هۆى وشكه‌ساڵیه‌وه، ژماره‌یه‌كى زۆرى جوتیارى گه‌رمیان كه دانه‌وێڵه‌یان چاندبو، توشى زیان بون، بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و زیانانه‌ش رێگه‌یه‌كى نوێی كشتوكاڵ و ئاودێرییان گرتوه‌ته‌به‌ر، كه سیسته‌مى ئاوپرژێن (موره‌شه)یه، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كه‌نه‌وه پرۆسه‌كه سه‌ركه‌وتو بوه. عوسمان عه‌لى محه‌مه‌د، جوتیار له گه‌رمیان، باس له‌وه ده‌كات: ئه‌م سیسته‌مى موره‌شه‌یه كه دامان ناوه به رێژه‌ى 80 بۆ %90 سودمان لێبینیوه، چونكه پارساڵ كه به موره‌شه ئاومان داوه له به‌رامبه‌ر 1 ته‌ن گه‌نم 35 ته‌ن به‌رهه‌مى هه‌بوه، به‌ڵام كه پێشتر ته‌نها پشتمان به باران به‌ستوه 1 ته‌ن ته‌نها 10 بۆ 12 ته‌ن به‌رهه‌مى هه‌بوه. ئه‌و سیسته‌مه‌ى عوسمان باسی ده‌كات، بریتییه له لێدانى بیر بۆ ده‌رهێنانى ئاوی ژێر زه‌وی و پرژاندنى ئه‌و به‌رهه‌می ئاوه‌یه له رێگه‌ى كۆمه‌ڵێك ئاوپرژێنه‌وه به‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ى كه چێنراوه به دانه‌وێڵه. به‌وته‌ى خۆیشی، ئێستا 50 دۆنم زه‌وی به‌م سیسته‌مه چاندوه و تێكڕاش نزیكه‌ى 60 هه‌زار دۆلارى (6 ده‌فته‌ر) له‌سه‌ر كه‌وتوه. هه‌ندێك له جوتیارانى دیكه، هه‌مان سیسته‌م بۆ ئاودێریی كێڵگه‌كانیان به‌كاردێنن، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ى ئاوه‌كانیان ئاوی سه‌ر زه‌وییه. ئەشرەف نامیق حەسەن، جوتیار لە گەرمیان، وتی: بۆ ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشتر کە وشکەساڵی بو، ٨٠ دۆنم زەویم کردوە بە بەراو بە شێوەی مورەشە ئاوی دەدەم کە پشت بە روباری سیروان دەبەستم، بۆ هەر ١ دۆنمیش ٣٥ کیلۆ گەنمم پێوە کردوە. به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، له سنوره‌كه‌دا 1 ملیۆن و 433 هه‌زار و 221 دۆنم زه‌وی كشتوكاڵیى بونى هه‌یه، له‌و رێژه‌یه‌ش 111 هه‌زار و 202 دۆنمى به‌راوه، هاوكات 5 هه‌زار و 753 جوتیار له سنوره‌كه سه‌رقاڵى چاندنى به‌روبومى دانه‌وێڵه و به‌تایبه‌ت گه‌نمن. به‌كاریگه‌ریی وشكه‌ساڵی و گۆڕانكاریی له دابارین و كه‌مبونه‌وه‌ى، كشتوكاڵی ده‌یمی له سنوره‌كه‌دا مه‌ترسی له‌سه‌ر دروست بوه. گۆران وەلی قادر، جوتیار لە گەرمیان، دەڵێت: ساڵانە ٢٥٠٠ دۆنم زەوی بەراو لەگەڵ ١٠٠ دۆنم زه‌وى دەیمى به گەنم دەچێنم، لە ساڵی ٢٠٢١ دا ٣٠ تۆن لە زەویە دەیمەکانمدا چاند هیچ بەرهەمێکم لێ هەڵنەگرتەوە، بەڵکو ٧٥ ملیۆن دینار زەرەرم کرد. بۆ ئەشرەف نامیق حەسەن دۆخه‌كه قورس‌تر بوه، وه‌كخۆى وتی: لە ماوەی ٢ ساڵی وشکەساڵی دا ٢٧٠ ملیۆن دینار زیانم كرد. ئه‌م زیانه‌ى كه جوتیاران ده‌یكه‌ن، به‌وته‌ى شاره‌زایه‌كى ئابوری به‌ته‌نها كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه دروست ناكات، به‌ڵكو لێكه‌وته‌ى له‌سه‌ر ته‌واوى كۆمه‌ڵگاش هه‌یه. د.ماردین مه‌حسوم فه‌ره‌ج، پسپۆرى ئابورى و مامۆستا له زانكۆى سلێمانى، ده‌ڵێت: كه‌مبونه‌وه‌ى به‌رهه‌مى دانه‌وێڵه له بازاڕدا و به‌تایبه‌ت له گه‌رمیان به‌هۆى وشكه‌ساڵیه‌وه، راسته‌وخۆ كاریگه‌ى ده‌بێت له‌سه‌ر پشكى داهاتى كه‌رتى كشتوكاڵ و داهاتى نیشتمانى، كه ئه‌مه‌ش خاڵێكى مه‌ترسیداره. ده‌شڵێت: كاتێك به‌رهه‌مى گه‌نم كه‌م ده‌بێته‌وه، جوتیاران په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر كارى دیكه، به‌تایبه‌ت كارى بازرگانى، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌رتى كشتوكاڵ په‌كى بكه‌وێت. شێوازی كشتوكاڵ له زه‌ویه ده‌یمه‌كان دا تائێستاش به رێگه ته‌قلیدییه‌كه ئه‌نجام ده‌درێت، كه ئه‌ویش ته‌نها پشت به‌ستنه به ئاوى باران، به‌ڵام ئه‌م رێگه‌یه زامن نییه، ئه‌ویش به‌هۆی كه‌مبونه‌وه‌ى باران و دوباره‌بونه‌وه‌ى وشكه‌ساڵی. "لە ماوەی ٢ ساڵی وشکەساڵیدا ٥٢٠ دۆنم زەویم چاند بە بەرهەمی گەنم، بە هەردو ساڵەکەوە ٦٥ ملیۆن دینار توشی زەرەر بوم، لە کاتێکدا ساڵانی پێش وشکەساڵیەکە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ تۆن گەنمم هەڵدەگرتەوە". عەلی رەشید کەریم، جاوتیار لە گەرمیان، وای وت. به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان له ماوه‌ى ساڵانى 2016 بۆ 2022 بڕى به‌رهه‌مهێنانى گه‌نم كه‌مى كردوه، هاوكات له هه‌مان ماوه‌دا ژماره‌ى جوتیاریش له به‌رهه‌م هێنانى گه‌نم كه‌مى كردوه. جوتیاران باس له‌وه ده‌كه‌ن كه تاوه‌كو ئێستا حكومه‌ت هیچ قه‌ره‌بویه‌كى نه‌كردونه‌ته‌وه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زیانیانه‌ى توشى بون له ماوه‌ى 2 ساڵى رابردوى وشكه‌ساڵیدا، به‌ڕێوبه‌رى كشتو‌كاڵى گه‌رمیانیش بابه‌ته‌كه پستڕاست ده‌كاته‌وه. گۆران وەلی قادر، جوتیار لە گەرمیان دەڵێت: "حکومەت هیچ قەرەبویەکی نەکردوینەتەوە نە بە مادی نە بە بنەتۆش". ئەشرەف نامیق حەسەن، جوتیار لە گەرمیان وتی: حکومەت ئەوەی کە پێشکەشی جوتیاری كردبێت بنەتۆ بوە وەک پاڵپشتیەک کە تۆنی بە ٨٠٠ هەزار دینار پێماندراوه، ئەوەشی بە بێبەرامبەر پێمان درا تەنها ٢٠٠ کیلۆ بوە. شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه ئه‌و جوتیارانه‌مان له ماوه‌ى 2 ساڵى رابردودا به‌هۆی وشكه‌ساڵیه‌وه توشى زیان بون، هیچ قه‌ره‌بویه‌ك نه‌كراونه‌ته‌وه. وتیشی: به 2 راپۆرت ئاراسته‌ى سه‌روى خۆمانمان كردوه له هه‌ردو ساڵه‌كه‌دا داواى 12 ملیار دینارمان كردوه به‌مه‌به‌ستى قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌یان، كه‌چى تاوه‌كو ئێستا هیچ وه‌ڵامێك نه‌دراوینه‌ته‌وه سه‌ربارى دروستكردنى بۆردێكى تایبه‌ت به وشكه‌ساڵى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كشتوكاڵه‌وه. هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: "ئه‌وه‌شى دراوه به جوتیار وه‌ك قه‌ره‌بو ته‌نها كارگه‌ى بنه‌تۆى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان 1 هه‌زار 200 ته‌ن گه‌نمى داوه به جوتیاران وه‌ك پاڵپشتیه‌ك كه بۆ هه‌ر ته‌نێك 214 هه‌زار دیناریان لێوه‌رگیراوه، هاوكات رێكخراوى فاو 28 هه‌زار و 200 ته‌ن گه‌نمیان دابه‌شكرد بۆ هه‌ر جوتیارێك 200 كیلۆیان به‌ركه‌وت كه 141 جوتیار سودمه‌ند بون". ژماره‌ى ئه‌و جوتیارانه‌ى له ساڵى 2020-2021دا به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه توشی زیان بون، 4 هه‌زار و 430 جوتیار بون. جیاواز له ناوچه‌كانى دیكه كه به شێوه‌یه‌كى رێژه‌یی توشی وشكه‌ساڵی بون، ئیداره‌ى گه‌رمیان به رێژه‌ى 100% وشكه‌ساڵی گرتویه‌تییه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان. ئه‌م دۆخه‌ى كه‌مبارانى و وشكه‌ساڵی، وایكردوه چیتر كشتوكاڵكردن له زه‌ویه ده‌یمه‌كانى گه‌رمیان دا به‌و شێوه ته‌قلیدییه‌ى كه هه‌یه، زامن نه‌بێت، به‌ڵكو پێویست به هێنانه ئاراى چاره‌سه‌ر و سیسته‌مى جێگره‌وه و نوێ بكرێت. عه‌بدولمته‌لب ره‌فعه‌ت، پسپۆرى بوارى ژینگه و مامۆستا له زانكۆى گه‌رمیان جەختی لەوەشکردەوە: یەکێک لە چارەسەرە گرنگەکان دروستکردنی بەنداوی ستراتیژیە بەشێوەی (گەورە و مامناوەند) کە گەرمیان پێویستی پێیەتی، چونکە قەرەبوی ئەو ئاوە دەکاتەوە کە لە ژێر زەوی بەکاردەھێنرێت، ھاوکات ئاوی سەرزەویش جوتیار دەتوانێت سودی لێببینێت و ئەتوانرێت کەناڵى داخراو دروست بکرێت بۆ گواستنەوەى ئاوى بەنداوەکە بۆ زەوییە کشتوکاڵیەکان بەمەبەستى فەراهەمکردنى ئاسایشى خۆراک لە ناوچەکە. پێیشیوایه كه گرنگه بۆ سنوره‌كه تەرزى نوێ لە دانەوێڵەکان هاوردە بکرێت یان بەرهەمبهێنرێت کە تواناى بەرگریکردنى هەبێت لە کەمبارانى و وشکەساڵى. له‌باره‌ى سیسته‌مى ئاوپرژاندنیش كه ژماره‌یه‌ك جوتیار له گه‌رمیان گرتویانه‌ته‌به‌ر، ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ وتى: ئه‌م رێگه‌یه كه له روى زانستیەوە پێى دەوترێت (ئاودانى تەواوکاریی) یەکێکی دیکەیە لە چارەسەرەکان. به‌ڕێوبه‌رى كشتو‌كاڵى گه‌رمیانیش سیسته‌مه‌كه به سه‌ركه‌وتو ده‌زانێت، باس له‌وه‌شكرد: له زۆربه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ى كه بارانیان كه‌مه پشتى پێده‌به‌ستن. شادیه حسێن، وتیشی: پێویسته له گه‌رمیان چیتر پشت به باران نه‌به‌ستین بۆ به‌رهه‌مى دانه‌وێڵه، چونكه به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕۆین كه ساڵانه توشى وشكه‌ساڵى ئه‌بین، باشترین چاره‌سه‌ر له ئێستادا رێگه‌ى زانستیه‌كانه و یه‌كێك له‌وانه سیسته‌مى ئاوپرژاندنه. ئه‌وه‌ى وایكردوه جوتیاران كه‌متر دودڵ بن له به‌كارهێنانى ئه‌م سیسته‌مه، ئه‌وه‌یه له ناوچه‌ى دیكه‌ش په‌یڕه‌و ده‌كرێت، له‌وانه‌ش: پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه. ستار مه‌حمود ساڵح، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى هه‌ڵه‌بجه، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: سیسته‌مى موره‌شه له ئێستادا به‌كارئه‌هێنرێت له‌لایه‌ن جوتیارانه‌وه، ئه‌م سیسته‌مه ته‌واوكارییه بۆ به‌رهه‌مى گه‌نم سه‌ركه‌وتوه، ئه‌و شوێنانه‌شى كه پشت به ئاوى باران نابه‌ستن هه‌ر گرنگى به‌م سیسته‌مه ئه‌ده‌ن، مه‌رجیش نیه له رێگه‌ى ئاوى ژێرزه‌ویه‌وه بێت، به‌ڵكو ده‌توانرێت له رێگه‌ى پۆند و به‌نداویشه‌وه ده‌بێت و ده‌توانرێت به‌كاربهێنرێت. به‌ڵام له گه‌رمیاندا زۆرترینی ئه‌و جوتیارانه‌ى سیسته‌مه‌كه‌یان به‌كارهێناوه، پشت به ئاوى ژێرزه‌وی ده‌به‌ستن، كه ئه‌مه‌ش رێگرى و ئاله‌نگاری خۆی هه‌یه، چونكه به‌پێى رێنماییه‌كانى حكومه‌ت هه‌ر جوتیارێك زه‌ویه‌كه‌ى له 20 دۆنم كه‌متربێت، ناتوانێت بیرى ئیرتیوازى لێبدات. حامد جومعه، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ژێرزه‌وى گه‌رمیان، جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه "به‌پێى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تمان بۆ بیرى كشتو‌كاڵى ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه گرێبه‌ستى كشتوكاڵیان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه تۆماریان هه‌یه و تاپۆن ده‌توانن بیری كشتو‌كاڵى لێبده‌ن به مه‌رجێك زه‌ویه‌كانیان له 20 دۆنم كه‌متر نه‌بێت، دورى نێوان بیره‌كانیش ده‌بێت له 450 مه‌تر كه‌متر نه‌بێت به‌پێى رێنماییه‌كان". ئه‌مه له كاتێكدایه به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ژێر زه‌وى گه‌رمیان، له سنوره‌كه‌دا 1 هه‌زار و 183 بیرى كشتو‌كاڵى بونى هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 27 هه‌زار و 809 دۆنم زه‌وى ده‌یمی به ئاوى ژێر زه‌وى بون به به‌راو. بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ئه‌و جوتیارانه‌ى كه زه‌ویه‌كانیان كه‌متره له 20 دۆنم، حامد جومعه ده‌ڵێت: ده‌توانن به چه‌ند جوتیارێكه‌وه بیرێك لێ بده‌ن و به‌هاوبه‌شى به‌كاریبێنن. ئەگەرچی بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی کارێکە کە پێویستە بە وریاییەوە بکرێت، بەڵام پسپۆڕێک پێیوایە ئەم سیستەمی ئاوپرژاندنە باشترە لە سیستەمەکانی تر. عەبدولمتەلب رەفعەت، وتی: بەکارهێنانى مەرەشە بۆ ئاودێرى رێگایەکى زانستییە وزۆر باشترە بەبەراورد بە رێگاى (جۆگە) ورێژەى بەهەدەردانى ئاو کەمتر دەکاتەوە. وتیشی: لە روى زانستیەوە بەکارهێنانى سیستمى پرژاندن ٧٠% لە ئاوى بەفیڕۆچو کەمدەکاتەوە، بەڵام پێویستە جوتیاران رێنمایى بکرێن لە چۆنیەتى بەکارهێنانى، چونکە جوتیارى وا هەیە ٢٤ کاتژمێر ئەو مەرەشانە ئەکاتەوە ئیش لە کاتێکدا تەنها ١ کاتژمێر پێویستە. ئه‌م رێگایه‌ى هه‌ندێك له جوتیارانى گه‌رمیان گرتویانه‌ته‌به‌ر، به رای پسپۆڕێكى ئابوری، رۆڵی ده‌بێت له‌گه‌شه‌دان به كه‌رتى كشتوكاڵی سنوره‌كه. د.ماردین مه‌حسوم فه‌ره‌ج، پسپۆڕى ئابورى و مامۆستا له زانكۆى سلێمانى، وتى: ئەم سیستەمی ئاوپرژاندنە سەرکەوتو دەبێت ئەگەر حکومەت پاڵپشتی بکات، چونکە سیستەمێکی گونجاوە بۆ روبەروبونەوەی وشکەساڵی، ئەمەش ئەبێتە پاڵپشتیەک بۆ جوتیار.
نوسینی: هێمن خۆشناو له به‌هاری ساڵی 2012 له ئه‌نقه‌ره له ئۆفیسی سه‌رۆكی پارتی گه‌لی كۆمار (CHP/جه‌هه‌په) دیمانه‌یه‌كی چه‌ند كاتژمێریم له‌گه‌ڵ (كه‌مال كلیچدارئۆغڵو) ئه‌نجامدا، كه تازه ببووه سه‌رۆكی ئه‌م پارته. ده‌قی دیمانه‌كه‌شم له ژماره (205) ی رۆژنامه‌ی رووداو له به‌رواری (2 نیسانی 2012) بڵاوكرایه‌وه. له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی دیمانه‌كه‌دا، كه‌چی ده‌شمزانی كورده، به‌ڵام به‌مه‌به‌ستی وروژاندن و ده‌ستخستنی زانیاریه‌كی جیاواز پرسیارم لێ‌كرد، كه ئایا كلیچدارئۆغڵو كورده یان نا؟ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسیاره بۆ ساتێك وه‌ستا، دواتر ده‌ستی برد بۆ ریكۆرده‌ره‌كه‌م و دایخست. سه‌یرێكی هاوڕێ كامیره‌مانه‌كه‌می كرد كه كوردێكی باكووری كوردستان بوو، تێیگه‌یشتم یه‌كسه‌ر داوام له كامیره‌مانه‌كه كرد تا كامیراكه‌ی داخات . دیسان سه‌یرێكی كامیره‌مانه‌كه‌ی كرد، ئه‌مجاره زانیم مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كامیره‌مانه‌كه له ژووره‌كه بچێته ده‌ره‌وه. به زمانێكی شیاو داوام له‌م هاوڕێیه‌م كرد بچێته ده‌ره‌وه. ئیتر له‌گه‌ڵ كلیچدارئۆغڵو به ئاماده‌بوونی سكرتێره‌كه‌ی كه ژنێك بوو (Off the record) بۆ ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێك درێژه‌مان به قسه‌كردن دایه‌وه. كلیچدارئۆغڵو له وه‌ڵامی ئایا كورده یان نا بێ ناوبه‌ر گووتی:" به‌ڵێ كوردم چی تێدایه، چی تێدایه!". ئیتر قسه قسه راده‌كێشێت، بۆ منیش پرسیار پرسیاری دیكه‌ی ده‌وروژێنێت. بۆیه ئه‌مجاره پێمگووت: ئه‌ی بۆ به ئاشكرا ناڵێی كوردم؟ له وه‌ڵامدا گووتی:" ........ كاته‌كه‌ی گونجاو نیه". ئه‌م وه‌ڵامه بۆ من وروژێنتر بوو، تا پرسیاری زیاتری لێبكه‌م و به‌ڵكو مانشێتێكی سه‌ره‌نجڕاكێشی له به‌ده‌ستبخه‌م. له‌م سۆنگه‌یه‌وه به‌ڵام به تۆنێكی جیاوازتر له پرسیاری پێشوو پێمگووت: ئه‌سه‌د جانان (كورده و په‌رله‌مانتارێكی پێشووی پارته‌كه‌ی كلیچدارئۆغڵو بووه) كه له‌ناو پارته‌كه‌ی به‌ڕێزتانه له جه‌ژنی نه‌ورۆزدا به جلی كوردی وێنه‌ی بڵاوكردۆته‌وه. ئایا رۆژێك دێت به‌ڕێزتان به هه‌مان شێوه له به‌رده‌م رای گشتی به‌جلی كوردی ده‌ربكه‌ون؟! به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی زه‌ق له وه‌ڵامدا گووتی:" سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌م جه‌ناوه‌ره (مه‌به‌ستی ئه‌ردۆغان بوو) رزگارمان بێت!" منیش گووتم: ئه‌م جه‌ناوه‌ره‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت گفتی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كوردی داوه؟ ئه‌مجاره‌یان به تۆنێكی تێكه‌ڵ له دیپلۆماسیه‌ت و توڕه‌یی، گووتی: به سه‌ركرده‌كانت بڵێ (مه‌به‌ستی سه‌ركرایه‌تی كورد بوو له هه‌رێمی كوردستان) سه‌د ساڵی دیكه‌ش تێبپه‌ڕێت، با چاوه‌ڕێی ئه‌ردۆغان نه‌كه‌ن پرسی كوردیان بۆ چاره‌سه‌ر بكات. ته‌نیا ئێمه ده‌توانین كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكه‌ین. لێره‌وه دیالۆگی من و كلیچدارئۆغڵو كۆتایی پێهات. وه‌ڵامه‌كانی كلیچدارئۆغڵو ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستبوون به به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه‌مان (Off the record) ئه‌گه‌ر چی له رووی مۆڕالیه‌وه بێ هیوایان پێوه دیاربوو، به‌ڵام له رووی سیاسیه‌وه به لۆژیكیم له قه‌ڵه‌مدا. چونكه هێشتا ته‌مه‌نی ئه‌م پیاوه له سه‌رۆكایه‌تی (CHP/جه‌هه‌په) دا دوو ساڵی پڕ نه‌كردووه، (كه‌مال كلیچدارئۆغڵو له 22 ئایاری 2010 له شوێنی ده‌نزی بایكاڵ بووه سه‌رۆكی CHP). له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی و ساڵانی دواتریش، مشتومڕێكی توند دروستبوو كه سه‌رچاوه‌ی له بیری نه‌ته‌وه‌په‌رستی ده‌گرت، زۆربه‌شیان پێیانوابوو كلیچدارئۆغڵو بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م حزبه ده‌ستنادات. هه‌روه‌ها له‌سه‌رده‌می ده‌ستبه‌كاربوونی كلیچدارئۆغڵو، له‌ناو پارته‌كه‌یدا گوتارێكی دژه كورد و دیموكراسی باڵاده‌ستبوو، گوتاری ئه‌م پارته به‌ناو سۆسیال دیموكراته له‌باره‌ی كورد هیچ جیاوازی نه‌بوو له‌گه‌ڵ گوتاری پارتی بزوتنه‌وه‌ی میللی (MHP). ئه‌وانه‌ی له ناوه‌ندی بڕیاری ئه‌م پارته‌دا بوون، كه‌سانی به‌رژه‌وه‌ندیخواز، دژه كورد، نه‌ته‌وه‌په‌رستی توندڕه‌وبوون. پارته‌كه‌ی كلیچدارئۆغڵو له پێوانه‌ی پارتێكی سۆسیال دیموكرات دوور بوو. له ساڵی 2010 تا كۆتایه‌كانی 2017، كلیچدارئۆغڵو ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریكی، دیزاینكردنه‌وه‌ی ناو (CHP/جه‌هه‌په) بوو، ئه‌وه‌نده خه‌ریكی ململانێی سیاسی و فكری نه‌بوو له‌گه‌ڵ پارته ركابه‌ره‌كانی، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (AKP) به سه‌رۆكایه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، كه له غیابی نه‌بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارادا، ده‌رفه‌ته‌كه‌ی قۆسته‌وه و ئه‌وه‌ی مه‌رامی بوو له گۆڕینی سیسته‌می سیاسی و تا بێ رۆڵ كردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و سوپا هه‌مووی جێبه‌جێكرد. له پڕۆسه‌یه‌كی چه‌ند ساڵیدا به خشكه‌یی و به‌بێ ده‌نگی، كه‌مال كلیچدارئۆغڵو سه‌ركه‌وتوو بوو، له گۆڕینی ناوه‌ندی بڕیار و گوتاری پارته‌كه‌ی. پارته‌كه‌ی به گوێره‌ی پێوانه‌كانی پارتێكی سۆسیال دیموكرات دیزاین كرده‌وه، ره‌وتی كه‌مالیزمی توندڕه‌وی له‌ناو پارته‌كه‌یدا خه‌ساند. ئه‌مڕۆ له‌ناوه‌ندی بڕیاری ئه‌م پارته چه‌ندین فیگوڕی دیموكراتخواز و مافپه‌روه‌ر وه‌كو (جانان كه‌فتانجیئۆغڵو، سه‌زگین تانڕیكولو، ئۆزگور ئۆزه‌ل و گورسه‌ل ته‌كین هتد...) جێگا ده‌گرن. هه‌روه‌ها له‌ناو ئه‌م پارته‌دا (ماسه‌ی رۆژهه‌ڵات) ده‌ستبه‌كاره، كه له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد، ره‌هه‌نده‌كانی و شێوازی چاره‌سه‌ری له رووی تیۆریه‌وه كار ده‌كات. ئه‌م ماسه‌یه له شه‌ش ئه‌ندامی سه‌ركرایه‌تی ئه‌م پارته پێكهاتووه كه دووانیان ژن و چواریان پیاون. ئه‌و ماسه‌یه تا ئێستا به‌ڵام وه‌كو سه‌رۆكی پارته‌كه‌یان به‌خشكه‌یی و دوور له هاشوهوشی میدیا چه‌ندین توێژینه‌وه و راپرسیان له ناوچه كوردیه‌كانی باكووری كوردستان ئه‌نجامداوه. ئه‌م ئاماژه و زانیاریانه‌ی له په‌ره‌گرافی سه‌ره‌وه‌دا خستمانه‌ڕوو، پشتڕاستی ده‌كاته‌وه، كه (CHP/جه‌هه‌په) ی كلیچدارئۆغڵو له‌باره‌ی كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ (CHP/جه‌هه‌په) كه‌ی پێش كلیچدارئۆغڵو جیاوازه. (CHP/جه‌هه‌په)ی كلیچدارئۆغڵو، كه ته‌نیا بۆ جارێكیش به ئاشكرا باسی كوردبوون و عه‌له‌ویبوونی خۆی نه‌كردووه، به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه و خه‌ریكی گه‌ڵاڵه كردنی بیرۆكه و پڵانێكه له‌باره‌ی ئه‌م كێشه‌یه. هه‌روه‌ها له ئێستادا ناكرێت پێشبینی ئه‌م پڵان و به‌رنامه‌یه بكه‌ین، چونكه تایبه‌تمه‌ندی كڕی بن بڕ كه كه‌مال كلیچدارئۆغڵوی پێ ناسراوه له ئێستادا زاڵه به‌سه‌ر كار و كاردانه‌وه‌كانی (CHP/جه‌هه‌په). كه دێینه سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی سیاسی كه‌مال كلیچدارئۆغڵوش ده‌بێت پێش هه‌موو شتێك ئاماژه به شێوازی كاری بیرۆكراتیانه‌ی بكه‌ین. كه‌سی بیرۆكرات به گشتی كه‌سێكی ترسنۆكه، خۆی به‌دوور ده‌گرێت له رێچكه‌شكێنی، كه ئه‌مه‌ش بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌یه‌كی وه‌كو كێشه‌ی كورد ئاسته‌نگێكی جدیه. كه‌مال كلیچدارئۆغڵو، كه له‌لایه‌ن چه‌ندین ناوه‌ند به (غاندی توركیا) به‌ناو ده‌كرێت، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان و سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی توركیا زۆر قسه ناكات، كه‌سێكی كڕه، به‌ڵام بن بڕه. ئه‌جندا و به‌رنامه‌كانی ئاشكرا ناكات، ئه‌گه‌ر ئاشكراشیان بكات به شێوازێكی دوور له هاشوهوشی راگه‌یاندنی ئه‌م سه‌رده‌مه بڵاویان ده‌كاته‌وه. له ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی كلیچیدار ئۆغڵو له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا، كه بڕیاره له 14 ئایاری 2023 ئه‌نجامبدرێت، یه‌كێك له‌و كارانه كه پێویسته به په‌له ئه‌نجامی بدات، رێكخستنه‌وه‌ی میدیا و راگه‌یاندنی توركیایه، كه له ده‌ستی گرووپ و هۆڵدینگه مشه‌خۆره‌كان دایه و ئه‌وانه ره‌وتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی وه‌كو كارتێك به‌كاردێنن، بۆ ئاراسته‌كردنی رای گشتی توركیا دژی كورد و دیموكراسی. كلیچیدارئۆغڵو به‌ر له ئێستا چه‌ندین جار دووباره‌ی كردۆته‌وه، له ئه‌گه‌ری چوونه سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ده‌ست به‌سه‌ر سامانی (پێنج چه‌ته‌كه) داده‌گرێت و رووبه‌ڕوی دادگایان ده‌كاته‌وه. مه‌به‌ست له‌و (پێنج چه‌ته) یه گرووپ و هۆڵدینگه‌كانی هه‌ریه‌ك له (جه‌نگیز هۆڵدینگ، كالیۆن گرووپ، كۆڵین هۆڵدینگ، لیماك هۆڵدینگ، ماكیۆڵ گرووپ)ﻩ، ئه‌م پێنج گرووپه كه په‌یوه‌ندی زۆر به‌تینیان له‌گه‌ڵ ئاكه‌په‌دا هه‌یه، كاریگه‌ریان له‌سه‌ر میدیا و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه له راده‌به‌ده‌ره. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته شوڤێنیه‌ی ئه‌مڕۆ دژ به كورد و عه‌له‌ویه‌كان له ئارادایه، ئه‌م ناوه‌نده سه‌رمایه‌داریانه له پشتیه‌وه ده‌وه‌ستن. لێدان له‌م پێنج گرووپه زه‌مینه‌ی ئاسایی بوونه‌وه‌ی دۆخی توركیا خۆشده‌كات و ره‌وتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه ده‌بات. ئه‌گه‌ر كلیچدارئۆغڵو وه‌كو به‌ڵێنی داوه ئه‌م پێنج چه‌ته‌یه رووبه‌ڕوی دادگا بكاته‌وه، مه‌ودایه‌كی زۆرباش ده‌بڕێت له جێبه‌جێكردنی ئه‌جنداكانی، كاتێك له‌م سۆنگه‌یه‌وه سه‌یری ره‌وتی گۆڕانكاریه‌كان ده‌كه‌ین، ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه بزوتنه‌وه‌ی كورد به باڵی سه‌ربازی و مه‌ده‌نی پێویستی به كلیچدارئۆغڵو هه‌یه و كلیچدارئۆغڵوش پێویستی به كورد هه‌یه. له ئێستادا ده‌نگی كورد ده‌گاته 13٪ له كۆی ده‌نگی هه‌موو توركیا، ئه‌گه‌ر سبه‌ی كاریزمایه‌كی وه‌كو سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشیش له زینداندا ئازاد بكرێت، پێشنینی ده‌كرێت ئه‌م رێژه‌یه بگاته ٪20 له كۆی ده‌نگی گشتی توركیا. ماوه‌ته‌وه بڵێین: ئایا كورد دۆخی خۆ كاندیدكردنی كلیچدارئۆغڵو و ئه‌گه‌ری بوونی به سه‌ركۆمار وه‌كو ده‌رفه‌تێك ده‌بینێت و كار بۆ قۆستنه‌وه‌ی ده‌كات؟ ئایا كه‌مال كلیچدارئۆغڵو (75 ساڵی) ده‌توانێ ئه‌جنداكانی بكاته ستراتیژ و كار بۆ جێبه‌جێكردنی بكات؟ یان ئه‌وه‌تا چۆن تا ئێستا عه‌له‌ویبوون و كوردبوونی خۆی شاردۆته‌وه، به‌هه‌مان شێوه ئه‌جندا و مه‌رامه‌كانی ده‌شارێته‌وه و تا ئه‌م رۆژه‌ی سه‌رده‌نێته‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یانباته ناو گۆڕه‌كه‌ی!
راپۆرت: درەو تاران‌و ریاز بۆ چین دوو سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی وزەن، باشبوونی پەیوەندییەكانیان‌و پاراستنی سەقامگیری لەناوچەكە بۆ پەكین پرسێكی زۆر هەستیارە، وێڕای ئەوەی چین ناوبژیوانێكی متمانەپێكراوە لەڕووی سیاسییەوە، لایەنداری هیچ لایەنێك نییە لەسەر حسابی لاكەی تر، بەپێچەوانەی ئەمریكا‌و وڵاتانی خۆرئاوا لەململانێیەكی توندان لەگەڵ ئێران، هاوكات سعودییەكانیش بێهیوابوون لەوەی ئەمریكا‌و خۆرئاوا سنورێك بۆ جەنگی چەندین ساڵەی یەمەن دابنێن، وردەكاری زیاتر لەبارەی رێككەوتنی نێوان سعودیە‌و ئێران‌و كاریگەرییەكانی لەسەر پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا‌و چیندا له‌م راپۆرته‌دا. مێژووی پەیوەندییەكانی سعودیە‌و ئێران دوای (7) ساڵ لەدابڕانی دیپلۆماسیی، پەیوەندییەكانی سعودییەو ئێران پێینایە قۆناغی نوێ، ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە مێژوویییەكی دورودرێژی هەیە، یەكەم دابڕانی دیپلۆماسی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1943) لەسەردەمی محەمەدڕەزا پەهلەوی شای ئێران، ئەوەش كاتێك بوو كە سعودییە حاجییەكی ئێرانی لەسێدارەدا، بەڵام لەوكاتەدا ناكۆكی ئایدۆلۆژی لەنێوان ئێرانی شیعەو سعودییەی سوننەدا نەبوو، وەك ئەوەی لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لەساڵی (1979)وە سەریهەڵداوە، كە لەم دواییانەدا چەندین بواری جیاوازی گرتەوەتەوە. لەدوای دەستپێكردنی جەنگی ئێران-عێراق‌و تۆمەتباركردنی ریاز بە پشتیوانیكردنی بەغداد لەلایەن تارانەوە، پەیوەندییەكانی ئێران‌و سعودییە هەڵبەزو دابەزی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، لەساڵی (2016)دا، ناكۆكییەكانی تاران‌و ریاز گەیشتە لوتكە، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی سعودییە زانای ئاینی شیعە (نەمر ئەلنەمر)یان لەسێدارەدا، لەكاردانەوەی ئەمەدا خۆپیشاندەرانی ئێرانی، باڵیۆزخانەی سعودییەیان لەتاران‌و كۆنسوڵگەری ئەو وڵاتەیان لەشاری مەشەهد سوتاند، بەوهۆیەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی سعودییەو ئێران بەتەواوی دابڕا. ئێران‌و سعودیە دوو هێزی گەورەی ئیسلامی ناوچەكەن‌و هەردووكیشیان دوو سەرچاوەی گەورەی نەوتن، خاوەنی پێگەی جیۆپۆلەتیكی‌و ستراتیژی گرنگن لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن‌و كەنداودا. بەر لە شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئێران‌و سعودیە دوو هاوپەیمانی سەرەكی ئەمریكا بوون، واشنتۆن پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتەكەی راگرتبوو، بەڵام كە شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران روویدا، ئیتر دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هات، ئێران لە دۆستی ئەمریكاوە چووە ریزی دوژمنەكانی، پاشان سیاسەتی هەناردەكردنی شۆڕشەكەی بۆ وڵاتانی تری ناوچە دەستپێكرد‌و ئیتر لێرەوە جەنگی ئایدۆلۆژی‌و مەزهەبی لەگەڵ سعودیە دەستپێكرد. لە ساڵی 1979وە تائێستا پەیوەندییەكانی سعودیە‌و ئێران لەناو ئاڵۆزیدان، بەجۆرێك: • ساڵی 1984 روبەڕووبونەوەی ئاسمانی لەنێوان فڕۆكەكانی ئێران‌و سعودیە روویدا، ئەمە لە لوتكەی جەنگی نێوان عێراق‌و ئێران‌دا روویدا، تائێستا وردەكاری ئەم رووداوە نەزانراوە، لەم رووداوەدا فڕۆكەكانی سعودیە بە پاڵپشتی ئەمریكا لە ناوچەی كەنداودا دوو فڕۆكەی ئێرانیان لە جۆری (F4 ) خستەخوارەوە. • ساڵی 1987 رووداوەكانی حەجی مەككە روویدا، ئەمە درزێكی گەورەی خستە پەیوەندی هەردوو وڵاتە ئیسلامییەكەوە، پێكدادان لەنێوان حاجییە شیعەكان كە زۆرینەیان ئێرانی بوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی سعودیە روویدا، لەم رووداوانەدا (402) كەس كوژران، (275) كەسیان حاجی سعودیە بوون‌و (85) كەسیان پۆلیسی سعودی بوون، لەدوای ئەم رووداوانەوە پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان ئێران‌و سعودیە پچڕا‌و سعودیە ژمارەی حاجیانی ئێرانی بۆ وەرزی حەج كەمكردەوە‌و ئێرانیش بۆ ماوەی سێ ساڵ حەجی بایكۆتكرد. • ساڵی 1991 جارێكی تر سعودیە‌و ئێران پەیوەندییەكانیان دەستپێكردەوە، بەڵام بەهۆی مانەوەی كاریگەری رووداوەكەی حەجی ساڵی 1987وە ئەم ئاسایكردنەوەیە سەری نەكێشا بۆ كرانەوەی سیاسی لەنێوان هەردوو وڵات‌دا. • رووداوی حەجی 1987 هێندە بە لای ئێرانییەكانەوە گەورە بوون لە ساڵی 1988دا ئایەتوڵا خومەینی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی لە پەیامێكدا رووداوەكەی وەكو "رەشەكوژی حەج" ناوبرد‌و وتی:" تەنانەت ئەگەر لە سەددام حسێن خۆش ببین‌و دۆزی قودس‌و تاوانەكانی ئەمریكا لەبیر بكەین، هەرگیز لە ئال سعود خۆش نابین". • ئەم ئاڵۆزییە لە پەیوەندی هەردوو وڵات بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسنجانی پۆستی سەرۆك كۆماری ئێرانی وەرگرت (1989- 1997)، رەفسنجانی پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ شازادە عەبدوڵا بن عەبدولعەزیز دروستكرد كە دواتر بوو بە پادشای سعودیە، ئەم پەیوەندییە كاریگەری لەسەر ئاسایبوونەوەی پەیوەندی هەردوو وڵات هەبوو. • ئەم باشبوونەی پەیوەندی هەردوو وڵات لەسەردەمی حكومەتی "ریفۆرمخوازەكان"ی ئێران‌دا بە سەرۆكایەتی محەمەد خاتەمی (1997- 2005) بەردەوام بوو. • لەگەڵ دەستبەكاربوونی حكومەتی كۆنەپارێزەكاندا بە سەرۆكایەتی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، جارێكی تر پەیوەندییەكانی ئێران‌و سعودیە ئاڵۆزی تێكەوتەوە، ئەحمەد نەژاد گوتاری "شۆڕشگێڕانە"ی گەڕاندەوە بۆ ناو فەرهەنگی سیاسی ئێران‌و ئیتر تۆنی دژایەتیكردنی ئەمریكا‌و هاوپەیمانەكانی لەناوچەكەدا بەرزبووەوە‌و كاریگەری رەفسنجانی بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێرانەوە نەما. • لەگەڵ سەرەتای هەزارەی سێیەمەوە، رۆڵی "فەیلەقی قودس"ی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، بەتایبەتیش دوای جەنگی ئەمریكا بۆ روخاندنی رژێمی سەددام، زیادی كرد. • یەكێك لەو رووداوانەی تر كە ناكۆكی نێوان تاران‌و ریازی قوڵتركردەوە، راگەیەندراوەكەی ئەمریكا بوو لە 11 ئۆكتۆبەری 2011دا لەبارەی پلانێكی ئێران بۆ تیرۆركردنی باڵیۆزی سعودیە لە ئەمریكا، واشنتۆن بۆ ئەم كارە پەنجەی تۆمەتی بۆ فەیلەقی قودس راكێشا، بەڵام تاران تۆمەتەكانی رەتكردەوە. • ئیتر لەوكاتەوە ئێران‌و سعودیە لە چەند گۆڕەپانێكی جیاوازی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەوانە (عێراق- یەمەن- لوبنان- سوریا) دەستیان بە شەڕی بە وەكالەت لەدژی یەكتر كرد. هەوڵەكانی عێراق لەساڵی (2021)دا بەغداد میوانداری دانوستانی نێوان سعودییەو تارانی كرد، بۆ كۆتایهێنان بە ناكۆكییەكان‌و لێكگەیشتن لەبارەی كۆمەڵێك دۆسیە، كە دیارترینیان جەنگی یەمەن‌و دۆسیە ئەتۆمییەكە بوو. لەماوەی دوو ساڵی رابردوو (پێنج) گەڕی دانیشتنی نهێنی لەنێوان بەرپرسانی ریازو تاران بەڕێوەچوو، ئەمە زەمینەی بۆ گەیشتن بەڕێككەوتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە خۆشكرد، دواجار هەردوو وڵاتی ناكۆك دوێنێ لە (پەكین)ی پایتەختی چین رێككەوتنیان ئیمزا كرد. هاتنەناوەوەی چین بۆ كۆكردنەوەی تاران‌و ریاز لەسەر یەك مێز بەم خێراییە، پێدەچێت تێیدا حساباتی وردی پەكین لەبەرچاوگیرا بێت، كە پێیوایە بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی چین لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەدی نایەت ئەگەر كۆتایی بە دابڕانی نێوان ئێرانی سعودیە نەهێنرێت وەكو دوو وڵات پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ چیندا هەیە. بۆچی چین ؟ راگەیاندنی رێككەوتنی نێوان ریازو تاران لە چینەوەن پێشهاتێكی چاوەڕواننەكرابوو، بەوپێیەی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا پەكین رۆڵێكی ئاشكرای نەبووە لەدانوستان‌و لێكنزیكردنەوەی تاران‌و ریازدا، بەڵام دەوترێت چین وەك هێزێكی گەورەی جیهانی، بەسەرپەرشتیكردن‌و زامنكردنی رێككەوتنێكی لەوشێوەیە، هێزو پێگەیەكی تریداوە بە گەرەنتیكردنی سەرخستن‌و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە. چین سەرەكیترین هاوبەشی بازرگانی سعودییەوەو تارانە، بۆ تاران چین دەروازەیەكی گرنگ بووە بۆ دەربازبوون لەو سزا ئابوری‌و داراییەی سەختەی كە ئەمریكا‌و وڵاتانی خۆرئاوا سەپاندویانە بەسەریدا. سعودییەكانیش دوای ساڵانێكی دورودرێژی جەنگی یەمەن، نائومێدوبوون لەوەی بتوانن لەڕێی درێژەدان بەجەنگ، هەژموونی حوسییەكانی هاوپەیمانی ئێران لە یەمەن كۆتایپێهێنن، وێڕای ئەوەی لەوەش نائومێدبوون كە ئەمریكا‌و وڵاتانی ئەوروپا پشتیوانی جدی بكەن لەیەكلایكردنەوەی جەنگەكە. سعودییەو ئێران دوو سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی وزەن بۆ چینییەكان، باشبوونی پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتەو پاراستنی سەقامگیری لەناوچەكە بۆ پەكین پرسێكی زۆر هەستیارەو، زامنی پاراستنی سەرچاوەكانی وزە بۆ چین دەكات. لەپاڵ ئەمەدا، چین ناوبژیوانێكی متمانەپێكراوە لەڕووی سیاسییەوە بەلای هەریەكە لە ریازو تارانیشەوە، لایەنداری هیچ لایەنێك نییە لەسەر حسابی لاكەی تر، بەپێچەوانەی ئەمریكا‌و وڵاتانی خۆرئاوا، كە لە ململانێیەكی توندان لەگەڵ ئێران‌و گەمارۆێكی ئابوری قورسیان بەسەردا سەپاندووە، چینییەكان جگە لەپەیوەندی بارزگانی‌و دۆزینەی بازاڕی نوێ بۆ كاڵاكانیان‌و دابینكردنی ئاسایش بۆ ناوچەكانی سەرچاوەی وزە، هیچ ئامانجێكی سیاسی‌و سەربازی ئاشكرایان نییە، وەك ئەمریكا‌و خۆرئاواش مێژوویەكی سەربازی‌و داگیركارییان لەناوچەكەدا نییە. بەگوێرەی بەیاننامەی (10)ی ئازاری نێوان ریازو تاران، كە لە پەكین ئیمزا كرا، هەردوو وڵات رێككەوتون لەسەر دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوانیان‌و كردنەوەی باڵیۆزخانەكانیان لەماوەی دوو مانگدا، هەردوو وڵات رێككەوتون لەسەر چالاككردنی هاوكاری ئەمنیی نێوانیان‌و ڕێزگرتن لە سەروەری یەكترو دەستوەرنەدان لەكاروباری ناوخۆی یەكتر. ئێران‌و چین رۆژی 14ی شوباتی رابردوو، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئێران سەردانی پەكینی كرد، (شی جین بینگ) سەرۆكی چینی بینی، پێكەوە گفتوگۆیان كرد جێبەجێكردنی ئەو یاداشتە ستراتیژییەی كە هەردوولا لە 2021دا ئیمزایان كرد، یاداشتێك كە پەیوەندییەكانی ئێران‌و چین لەماوەی 25 ساڵی داهاتوو دیاری دەكات، ئەمە لەپاڵ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو پرسانەی كە هەردوولا بەیەخی هاوبەشیان بۆی هەیە. بەگوێرەی قسەی میدیا فەرمییەكانی ئێران، پەكین‌و تاران لە چەند ساڵی رابردوودا (20) یاداشتی هاریكارییان لە بوارەكانی گواستنەوە بەدیاریكراویش هێڵی ئاسن، وزەو ژێرخان بەبەهای نزیكەی (12 ملیار) دۆلار ئیمزا كردووە. بەپێی قسەی ئەوانەی چاودێری دۆخی پەیوەندییەكانی ئێران‌و چین دەكەن، نزیكبونەوەی ئەمدواییەی ئێران لە چین یەكێك لە پاڵنەرەكانی بریتییە لە سەركەوتن بەسەر قەیرانی كەمی دراوی قورس، كە بەهۆی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا‌و خۆرئاواوە گرفتی گەورەی بۆ ئێران دروستكردووە. لەو رێككەوتنانەی كە ئێران لەگەڵ چین ئیمزای كردووە، بە (ریاڵ)ی ئێرانی‌و (یوان)ی چینی مامەڵە دەكرێت، ئەمە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری ئەو سزایانەیە كە خۆرئاوا بەسەر ئابوری ئێرانی‌دا سەپاندووە. لەپاڵ پەیوەندی ئابوری‌و سیاسی، ئێران‌و چین پەیوەندی سەربازیشیان هەیە، بەگوێرەی قسەی یەكێك لە گەورە بەرپرسانی ئێرانی، پەكین یەكێكە لە كڕیارە سەرەكییەكانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێران‌و تاران بەنیازی ئەوەیە 15 هەزار فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە چین بدات. لەبارەی پەیوەندی هەردوو وڵات لە بواری وزەدا، هیچ ئامارێكی فەرمی لەبارەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین لەبەردەستدا نییە، ئەمەش بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوەیە لەسەر هەناردەی نەوتی ئێرانی، بەڵام لایەنی چینی سەرباری سزا سەپێندراوەكانی ئەمریكا بەردەوامە لەسەر هاوردەكردنی نەوتی ئێران. بەگوێرەی دواین راپۆرتی كۆمپانیا تایبەتمەندەكان لەبارەی رۆشتنی نەوت لەسەرتاسەری جیهان، قەبارەی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران بۆ چین زیادیكردووە‌و گەیشتوەتە نزیكەی (یەك ملیۆن) بەرمیلی رۆژانە. لە بواری هەناردە نانەوتییەكانیشدا، چین بە هاوبەشی یەكەمی بازرگانی كۆماری ئیسلامی ئەژمار دەكرێت، بەپێی قسەی روحوڵا لەتیفی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان‌و گەشەپێدانی هەناردە لە (هۆبەی ئێران بۆ پیشەسازی‌و كانەكان‌و بازرگانی)، قەبارەی بازرگانی ئێران‌و چین لەم مانگانەی دوایدا (25 ملیار) دۆلاری تێپەڕاندووە. سعودیە‌و چین رۆژی 8ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو، (شی جین بینگ) سەرۆكی چین سەردانی سعودیەی كرد‌و سێ رۆژ لەو وڵاتە مایەوە، ئەمە بە گەورەترین چالاكی دیپلۆماسی چین لەگەڵ جیهانی عەرەبی لە مێژووی هاوچەرخی چیندا لێكدرایەوە. سەرۆكی چین لەم سەردانەدا بەشداری لە لوتكەی وڵاتانی هاریكاری كەنداو و لوتكەی عەرەبی- چینی‌دا كرد، سەركردەی وڵاتانی عەرەبی بینی. لەم سەردانەدا سەرۆكی چین لەگەڵ شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعودیە رێككەوتنی شەراكەتی ستراتیژی گشتگیری ئیمزا كرد، بەپێی ئەم رێككەوتنە سەرۆكی هەردوو وڵات پابەندی خۆیان نیشانداوە بەوەی كۆبونەوەی نیوە ساڵانە بكەن، هەروەك یاداشتی لێكتێگەییشتنیان ئیمزا كردووە بۆ هاوتاكردنی دەستپێشخەری (پشتێن‌و رێگای"ی چین لەگەڵ "روانگەی سعودیە بۆ 2030". كۆمپانیاكانی سعودیە‌و چین ئیمزایان لەسەر (34) رێككەوتننامە كردووە بەبەهای (30 ملیار) دۆلار لە بوارەكانی وزەی سەوزو تەكنەلۆژیای زانیاری‌و ژێرخاندا. پەیوەندی چین لەگەڵ وڵاتانی هاریكاری كەنداو بەشێوەیەكی سەرەكی جەخت لەسەر وەبەرهێنان لەبواری ژێرخان‌و بازرگانی كاڵا‌و نەوت دەكات، بەڵام ئەمساڵانەی دوایی بوارەكانی تەكنەلۆژیا‌و ئاسایشیشی گرتوەتەوە، لە ساڵی 2005وە چین چەندین گرێبەستی وەبەرهێنانی گەورەی لەگەڵ وڵاتانی هاریكاری كەنداو بە بەهای (116 ملیار) دۆلار ئیمزا كردووە، رێژەی یەك لەسەر سێی ئەم گرێبەستانە لەگەڵ سعودیەدا بووە. ئێستا ئیتر چین بە هاوبەشی یەكەمی بازرگانی سعودیە ئەژماردەكرێت‌و بەهای بازرگاكانی نێوانیان لە ساڵی 2021دا گەیشتوەتە (80 ملیار) دۆلار‌و ساڵی رابردوو سعودیە نزیكەی (5.5 ملیار) دۆلار سەرمایەگوزاری‌و گرێبەستی لە دەستپێشخەری "پشتێنە‌و رێگا"ی چینییەوە دەستكەوتووە، هەروەك چین بازاڕی گەورەی پێشوازیكردنە لە نەوتی سعودیە، تەنیا لە ساڵی رابردوودا رێژەی نزیكەی 40%ی تێكڕای هاوردەی نەوتی چین لە وڵاتانی هاریكاری كەنداوەوە بووە، نیوەی ئەم رێژەیەش بە تەنیا بە سعودیەوە هەناردەی چین كراوە. پەیوەندییەكانی سعودیە لەگەڵ چین تەنیا لە بواری ئابوری‌دا كورت نەبوەتەوە، سەردانەكەی ساڵی رابردووی سەرۆكی چین بۆ سعودیە بۆ جەختكردنەوە بوو لەسەر ئەوەی ریاز دەیەوێت پێگەی خۆی وەكو هێزێكی نێودەوڵەتی نیشان بدات‌و زۆرترین سود لە بایەخی ئەم پێگەیە وەربگرێت بەتایبەتیش لە زەمەنی جەنگی روسیا- ئۆكراینادا. لە هەموو ئەم جموجوڵانەشدا، سعودیەكان دەیانەوێت ئەڵتەرناتیڤی جۆراوجۆر بۆ هاوپەیمانێتییەكانیان لەسەر ئاستی جیهان بدۆزنەوە‌و چیتر بەتەواوەتی پشتئەستور نەبن بە ئەمریكا، بەتایبەتیش كە بەرپرسانی ریاز بۆیان دەركەوتووە، هەڵبژاردنی پەیوەندی لەگەڵ یەكێك لەو دوو جەمسەرە (ئەمریكا‌و چین) باجەكەی قورس دەبێت‌و دەخوازن هەردوولا رابگرن. سعودیەكان هاوكات لەگەڵ پەرەپێدانی پەیوەندی ئابوری لەگەڵ چین، دەیانەوێت پارێزگاری لە پەیوەندییە ئەمنییەكانیشیان بكەن لەگەڵ ئەمریكا، پێیانوایە ئەمە وەڵامدانەوەیەكی باشە بۆ ئەو گۆڕانكارییەی كە لە ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا روویداوە‌و ریازی توشی دوودڵی كردووە لە پابەندبوونی ئەمریكا بە پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە لە هەڕەشەكانی ئێران. لەلایەكی ترەوە، رێككەوتنە 25 ساڵییەكەی ئێران لەگەڵ چین، سعودیەكانی نیگەران كرد، بۆیە هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە قورسایی كەنداوی عەرەبی لە بازنەی پەیوەندییەكانی چیندا بەهێز بكەن، بۆ ئەوەی پاڵپشتی چین بۆ ئێران كۆتوبەند بكەن، بەتایبەتیش لە بواری دۆسیە ئەتۆمییەكەی ئێران‌دا. سەرباری هەموو ئەمانە، پەیوەندی لەگەڵ چیندا، دەرفەتی جۆراوجۆری ئابوری بۆ سعودیە فەراهەم دەكات، ئەمە هاوكایە لەگەڵ بیروبۆچوونەكانی (محەمەد بن سەلمان) شازادەی جێنشینی سعودیە كە هەوڵ بۆ فرەجۆركردنی ئابوری سعودیە‌و راكێشانی سەرمایەگوزاری بیانی دەدات لە بوارەكانی ژێرخان‌و پیشەسازی‌و تەكنەلۆژیادا. لە لایەنی چینیشەوە، ئەو گۆڕانكارییەی كە بازاری وزەی جیهانی لەدوای جەنگی روسیا‌و ئۆكرایناوە بەخۆیەوە بینیوە، وایكردوە بەرپرسانی پەكین بیر لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بكەنەوە، كە ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە سەرچاوەكانی وزە، ئەم پەیوەندییەش بەتەنیا لەگەڵ سعودیەدا نییە، بەڵكو لەگەڵ قەتەریشدایە كە رێككەوتنێكی ستراتیژی بۆ ماوەی 27 ساڵ لەگەڵدا ئیمزا كردووە بۆ هاوردەكردنی غازی شل. چین لەم پەیوەندییانەدا لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەیەوێت بەشێوەیەكی ستراتیژی گرەنتی گەیشتنی وزە بكات بۆ ئابورییە گەورەكەی، بەتایبەتیش ئەگەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا سەبارەت بە (تایوان) بگاتە حاڵەتی سەپاندنی سزا لەلایەن وڵاتانی خۆرئاواوە. جگە لەمە، بەردەوامبوونی هاتنی وزە لە ناوچەی كەنداوەوە، توانای ئەوە بە پەكین دەبەخشێت لە دانوستانەكاندا پارێزگاری لە نرخی هاوردەی نەوتی روسی خۆی بكات لە نزمترین ئاستدا. هەڵوێستی ئەمریكا‌و پەیوەندییەكانی لەگەڵ چین! لەبارەی رێككەوتنەكە، جۆن كیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاش لە كۆشكی سپی وتی:" سعودییەكان لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێرانییەكان، واشنتۆنیان ئاگاداركردووە، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هیچ رۆڵێكی نەبووە لەو رێككەوتنەدا". "ئەوەی بەلای واشنتۆنەوە گرنگە، كۆتایهێنانە بەجەنگی یەمەن‌و راگرتنی هێرشەكانە بۆ سەر سعودییە.. واشنتۆن چاودێری دەكات تا بزانێت ئێران پابەند دەبێت بەڵێنەكانی دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە لەگەڵ سعودییە". بەدرێژایی چەندین دەیەی رابردوو ریاز هاوپەیمانێكی ستراتیژی واشنتۆن بووە، بەڵام كوژرانی رۆژنامەنوس (جەمال خاشوقچی) لە كۆنسوڵگەری سعودیە لە ئەستەنبوڵ لەساڵی (2018)دا پەیوەندییەكانی واشنتۆنی دووچاری شڵەژان كرد، بەتایبەت دوای هاتنی جۆ بایدن بۆ سەر دەسەڵات‌و بەڵێنەكانی بۆ پێداچونەوە بە پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ سعودیەدا. لەلایەكی ترەوە، بڕیاری رێكخراوی "ئۆپێك پلەس" كە سعودییە سەركردایەتی دەكات، بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بەرپرسانی كۆشكی سپی توڕەكردو پەیوەندییەكانی ریازو واشنتۆنی دووچاری ئاڵۆزییەكی نوێ كرد. دروستبوونی جۆرێك لە ئاڵۆزی لە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن‌و ریاز لەكاتێكدایە، پەیوەندییەكانی چین لەگەڵ وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەفراوانبووندایە، لەچوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ زیادكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەناوچەكە، ئەمە سەرباری هۆشدارییەكانی واشنتۆن لەبارەی زیادبوونی بەشداری چین لەژێرخانی ئابوری هەستیار لە وڵاتانی كەنداو. لەگەڵ ئەوەی چین بەردەوام واپیشانداوە نایەوێت ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە كە ئەمریكا لەناوچەكە دروستیكردووە، بەڵام گەورەبوونی قەبارەی بەرژوەندییەكانی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و بەشداریكردنی لە چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان، وەك جۆرێك لەدەستوەردانی راستەوخۆ دادەنرێت لەناوچەكانی هەژموونی ئەمریكادا. هاتنەناوەوەی بەردەوامی چین بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەواتای ئەوە نایەت پەكین هەوڵی گۆڕینی هاوكێشەی ئاسایشی هەرێمی نادات لە ناوچەكەدا، بەڵام بابەتی ئەمنی ناوچەكە هێشتا لەژێر كۆنترۆڵی ئەمریكادایە‌و پێناچێت بەمزوانە لەمڕووەوە ركابەرێكی راستەقینەی بۆ دروست ببێت. دەتوانرێت خۆبەدورگرتنی پەكین لە تێوەگلانی ئەمنی لە ناوچەكە بۆ چەند هۆكارێك بگەڕێندرێتەوە، بە پلەی یەكەم سیاسەتی دەرەوەی چین كە زیاتر جەخت لەسەر گەشەپێدانی ئابوری دەكاتەوە‌و ئەمە وایلێدەكات خۆی بەدوور بگرێت لە پێكهێنانی هاوپەیمانێتی ئەمنی بەردەوام لە دەرەوەی سنور، بەجۆرێك چین رابكێشێتە ناو ململانێ درێژخایەنەكان‌و ئەمە سەربكێشێت بۆ دروستكردنی قەیران‌و وەبەرهێنانی چینی رابگرێت. ئەمە وای لە توێژەران كردووە پێیانوابێت چین نایەوێت رۆڵی ئەمریكا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێت، ناوچەیەك كە بەردەوام لە ناسەقامگیریدایە، بەپێچەوانەوە چینییەكان سود لە رۆڵی ئەمریكا لەم ناوچەیە وەردەگرن بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری‌و برەودان بە بەرژەوەندییە ئابورییەكانیان. لەبری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، چینییەكان ناوچەی زەریای هیندی‌و ئارامیان دیاریكردووە وەكو ئەولەویەتی خۆیان بۆ روبەڕووبونەوەی چالاكییەكانی ئەمریكا‌و ئەو ناوچانە بە گۆڕەپانی سەرەكی ململانێی نێوان پەكین‌و واشنتۆن ئەژمار دەكرێن. بەڵام پەیوەندی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و چین لە بواری وزەو ژێرخاندا، سەرچاوەی سەرەكی نیگەرانی ئەمریكایە، ترسیان هەیە چین لەم رێگەیەوە بۆ داهاتوو بە تەواوەتی جێ پێی خۆی لە ناوچەكەدا قایم بكات، بەتایبەتیش ئەگەر وڵاتێكی وەكو سعودیە چوارچێوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ چین بەرزبكاتەوە بۆ هاوكاری لە بواری ئەتۆم بەمەبەستی پارێزگاریكردن لە هاوسەنگی هێز لەگەڵ تاران‌دا، ئەمەش لە ئەگەری نادیاربوونی چارەنوسی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ خۆرئاوادا، هەرجۆرە زیادبوونێكی چالاكی ئەتۆمی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەڕەشەی گەورە دەبێت لەسەر ئایندەی هەژموونی ئەمریكا لە ناوچەكەدا. دیارنییە كاردانەوەكانی ئەمریكا چی دەبن، رەنگدانەوەكانی تەنها لەسەر لەقاڵبدانی چین دەوەستێت یاخود كاریگەری لەسەر ئایندەی سعودییەش دەبێت، كە هەندێك پێیانوایە لەدوای پشتگوێخستنی داواكانی ئەمریكا بۆ زیادكردنی بەرهەمی نەوت‌و توندوتۆڵكردنی پەیوەندییە بازرگانی‌و ئابورییەكانی لەگەڵ چین، دەسەڵاتدارانی سعودییە سەرچڵیان كردووە بە پەیوەندییە مێژوییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا. لە چەند مانگی رابردوودا پەیوەندییەكانی واشنتۆن‌و پەكین ئاڵۆزی زۆری بەخۆوە بینیوە، لەوانە ئاشكراكردنی باڵۆنە سیخوڕییەكەی چین لە ئاسمانی ئەمریكا‌و خستنەخوارەوەی، هەڵوەشاندنەوەی گەشتەكەی ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ پەكین كە بڕیاربوو تێیدا هەردوو وڵات پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە. ئەمانە لەپاڵ دانیشتنەكانی لیژنەی تایبەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی هەڕەشەكانی چین لەناوچەكانی هەژموونی ئەمریكادا لەسەرتاسەری جیهان، ئەمە سەرباری ئاڵۆزی كۆنی نێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە تایوان‌و پاڵپشتییە سیاسی‌و سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ تایوان. هەروەك ئەمریكا رێككەوتنێكی ئەمنیشی لەگەڵ فلیپین ئیمزا كردووە‌و بەپێی ئەم رێككەوتنە كەشتیگەلی ئەمریكا دەتوانێت بەندەرەكانی فلیپین بەكاربهێنێت، ئیدارەی جۆ بایدن هەناردەكردنی تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی بۆ چین بەرتەسككردوەتەوە لەنمونەی قەدەغەكردنی مامەڵەكردن لەگەڵ گەورە كۆمپانیا چینییەكانی بواری تەكنەلۆژیا (كۆمپانیای هواوی). هەروەك ئیدارەی بایدن هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر چیندا دەكات ئەگەر ئەو راپۆرتانەی راست بن كە باسلەوە دەكەن پەكین دەیەوێت چەك بە روسیا بدات بۆ شەڕەكەی دژی ئۆكراینا، هەواڵگری ئەمریكا پێشبینی ئەوەی كردووە (شی جین بینگ) سەرۆكی چین دەیەوێت بەمزوانە سەردانی روسیا بكات‌و ڤلادیمیر پۆتین ببینێت. لەبارەی بڵاوبونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناشەوە، ئەمریكا‌و چین ناكۆكن، دواین راپۆرتەكانی ئەمریكا باسلەوە دەكەن كارگەكانی چین هۆكاری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی (كۆڤید-19) بوون نەك بازاڕەكانی ئاژەڵی زیندوو، لەبەرەنجامی ئەم راپۆرتانەدا ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا داوا دەكەن لێپێچینەوە لە چین بكرێت.