نیولیبرالیزم یان کابوسێکی مافیایی؟
2023-09-10 10:53:40
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
(٣-٣)
زۆرجار لە کوردستاندا باس لەوەدەکرێت کە سیستمی ئابوریی وڵاتەکە سیستمێکی سەرمایەداریی نیولیبرالە. ئەوی ئامادەیەو کاردەکات، دیدگاو سیستمی نیولیبرالیزمە. بۆ بەڵگەهێنانەوە بۆ ئەمەش باس لەو پرۆسەی بەتایبەتیکردنە دەکەن کە حکومەت و حوکمڕانانی هەرێمەکە ساڵانێکە دەستیانداوەتێ و بەشێکی گەورەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانیشیان بەتایبەت کردوەو بەخشیویانە بەو شتەی لە هەرێمدا ناوی «کەرتی تایبەت»ی لێنراوە. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ئەم ناونان و دیدگایە بۆ ئەوەی لە هەرێمدا رووئەدات هەڵەیە، هەڵەیەکی گەورەش.
بەر لە هەمووشتێک ئەوەی لە هەرێمدا لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسیی و ئابورییدا باڵادەستەو کاردەکات میکانیزمەکانی قۆرخکارییەکی هەمەلایەنە. لە قۆرخکاریی سیستمە سیاسییەکەو تاپۆکردنی لەسەر چەند خێزانێکەوە بیگرە، بۆ قۆرخکردنی سەرجەمی کەرتە ئابورییە سەرەکییەکان و لەوێشەوە بۆ قۆرخکردنی کۆی ئەو ماشێنە بیرۆکراسییە گەورەیەی لە ههرێمەکەدا، بەهۆی پارەو رەیعی نەوتەوە، دروستکراوە.
بە مانایەکی دیکە وەکچۆن بواری ئابوریی بوارێکی تەواو قۆرخکراوە، بە هەمانشێوە بەشی هەرەزۆری بوارەکانی تریش، سەرجەمی دەزگاکان و پێگەکانیش، لەوەخراون هیچ «سەرەتایەکی یەکسان»یان، تێدابێت. ئەوەیشی بنەماو ژێرخانی ئەم قۆرخکارییەی راگرتوە، هێزە، هێزی رووت، هێزی سەربازیی و ئەمنیی، کە زیاتر وەک میلیشیای خێزانیی و حیزبیی تایبەت کاردەکەن، تا هێزێکی نیشتیمانیی.
بەم مانایە هێز ژێرخانی قۆرخکاریی و لەوێشەوە ژێرخانی کۆی شتەکانی دیکەیە، تا گەیشتن بە گەندەڵیی و بێباکیی و لەدەستدانی بەرپرسیاریەت لە هەموو فۆرمەکانیدا.
ئەم دۆخە وایکردوە جوڵەی سەرمایە لە هیچ شوێنێکدا، هێندەی هەرێم، سنوردارو کۆنترۆڵکراو و دەستبەسەرداگیراو، نەبێت. سەرمایە لە هەرێمدا، لە هەر بوارێکدا بکەوێتەکار، بەر هێزی ڕێکخراویی خێزانیی و حیزبیی و نوخبەویی، دەکەوێت و لەبەردەمیدا نوچئەدات. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو لۆژیکەی حوکمی کایەی ئابوریی لە هەرێمەکەدا دەکات، لۆژیکی ئابوریی خۆی نییە، بەڵکو لۆژیکی کەڵەکەکردن و پاراستنی قازانج و دەسکەوتی خێراو هەمەلایەنەی نوخبە حوکمڕانەکەیە، ئەوهشی ئەم لۆژیکە ئاڕاستە دەکات هێزە بەمانا هەرە سەرەتایی و داخراوەکەی.
ئەم دۆخە وایکردوە، لە سەرێکەوە کۆمەڵگاکە تەواو خاڵی بێت لە بوونی هەر «سەرەتایەکی یەکسان» لەناویدا، کە بتوانێت ئەگەری پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ، یان نیمچەسەربەخۆ، بخاتە بەردەستی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە. لە سەرێکی دیکەوە کۆمەڵگاکە پڕکراوە لە دەنگەدەنگ و چەنەبازییەکی کەم وێنە، کە ئیشیان ئەوەیە دەنگی راستەقینەی کۆمەڵگاکە نەبیسرێت. ئەوەی زۆرجار ڕووئەدات بەریەککەوتنی ژاوەژاو و جنێو و تۆمەتکارییەکی رۆژانە بێت، کە لە دەیان کەناڵی میدیاییەوە دەڕژێنرێتە ناو کۆمەڵگاکەوە. بە کورتییەکەی ئەوەی لەناو ئەم ژاوەژاوەدا رووئەدات، بزربوونی هەموو بابەتێکە کە پەیوەندی بە ژیانی گشتیی و خواستی گشتیی و قازانجی گشتییەوە هەبێت. بەمەش کۆمەڵگاکە لە ئەگەری هەر ململانێیەکی راستەقینە بەتاڵکرابێتەوە. سیستمە سیاسییەکەش گۆڕابێت بۆ تۆڕێک بەدەوری قازانجی ئەو خیزان و بنەماڵانەدا کە یەکەمین قسەو دواهەمین قسە لەسەر شێوازی ئەو حوکمڕانییە دەکەن.
لەناو ئەم سیستمە ئابورییەدا ئەوەی رووئەدات بێمانابوونی کارو بەرزبوونەوەیەکی بەردەوامی رادەی بێکارییە. بێمانابوونی کار مانای ئەوەیە کە شێوازێکی زۆری کارکردن لە هەرێمەکەدا توانای ئەوەی تیادانەماوە کە لانی هەرەکەمی پێداویستییەکانی ژیانێکی دوور لە زەلیلی و ئیهانەکردن دابینبکات. لەسەرێکی دیکەوە ئەو شێوازە ئابورییەی کە هەیە توانای دروستکردن و بەرهەمهێنانی کاری بۆ خەڵکی هەرێمەکە پێنییە. بەمجۆرە لەپاڵ ئەوەدا کە ئەم دۆخە بەردەوام کەرتی هەژارو بێکاری گەورە لە هەرێمەکەدا دروستەەکات، هاوکات ملیۆنێری تایبەتی سەر بە خێزان و بنەماڵە حوکمڕانەکان بە بەردەوامی دروستدەکات. بەم جۆرە دۆخە ئابورییەکە نەک تەنها هەژاریی و بێکارییەکی سیستماتیک بەرهەمدەهێنێت، بەڵکو ئەو پەیوەندییە تەندروستەیش کە پێویستە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا لەنێوان هەژاریی و دەوڵەمەندبووندا هەبێت، دەسڕێتەوە و لەناودەبات. وەکچۆن کەسانێک هەژاردەکات کە نابێت هەژاربکەون، لەوانە بۆ نموونە دەرچووی زانکۆکان، هاوکات کەسانێک دەکاتە ملیۆنێر کە نابێت ملیۆنێربن، بۆ نموونە منداڵان و دۆستە نزیکەکانی خێزانە حوکمڕانەکان. لەسەرێکەوە هەژارخستنی کەسانی بەهرەدارو بەتوانا، لەسەرێکی دیکەوە بە ملیۆنێرکردنی کەسانی بێبەهرەو بێکار.
لەناو سیستمی «نیولیبرال»دا نوخبەی سیاسیی و نوخبەی ئابوریی یەک نوخبە نین، هەردوو دەسەڵاتەکە، واتە دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی ئابوریی، لەناو یەک دەستدا کۆنەکراوەتەوە. لە ڕاستیدا ئەوەی جەوهەری نیولیبرالیزم دەستنیشاندەکات لاوازکردن و پەراوێزخستنی دەسەڵاتی سیاسییە، بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئابوریی، لاوازکردنی سیاسەت و دەوڵەتە لەبەردەم بازاڕو هیزی ئابوریی کۆمپانیا گەورەو فرە نەتەوەییەکاندا. بەڵام ئهوهی لای ئێمە رووئەدات هیچ پەیوەندییەکی بەم لۆژیکە نیولیبرالەوە نییە. لای ئێمە هەردوو دەسەڵاتەکە لەناو دەستی یەک نوخبەدا قۆرخکراوە، کە زۆرجار نوخبەیەکی خێزانییە. دەسەڵاتی ئابوریی ئەو نوخبە خێزانییەش دەرەنجامی قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسییە لەلایەن ئەوانەوە. ئەمە وادەکات هیزی یەکەم لە وڵاتی ئێمەدا دەسەڵاتی ئابوریی نەبیت، بەڵکو دەسەڵاتی سیاسەت بێت. بە پێچەوانەی نیولیبرالیزمەوە، لە وڵاتی ئێمەدا ئەوە سیاسەت و سیاسییەکان نین کە بە زمانی ئابوریی قسەدەکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەوە ئابورییە ناچارکراوە بە زمانی سیاسەت قسەبکات، سیاسەتێکی خێزانیی و بنەماڵەیی داخراو.
خواست و ویست و قازانجی ئەم بنەماڵە حوکمڕانانە بووە بە هێزی هەرە سەرهکیی جوڵاندن و رێکخستنی کایەی سیاسیی و کایەی ئابوریی بەیەکەوە. بەم شێوەیە لۆژیک و تێگەیشتن و قازانج و سایکۆلۆژیای خێزانە باڵادەستەکان سەپێنراون بەسەر هەردوو کایەکەداو بەمەش دۆخیکیان دروستکردوە هیچ یەکێک لەم دوو کایەیە نەتوانێت بە لۆژیکی ناوەکیی و سەربەخۆی خۆی کاربکات. نە لە ناو کایەی سیاسیدا لۆژیکی پاراستنی ژیانی گشتیی و خزمەتکردنی قازانج و مەسڵەحەتی گشتیی کاردەکات، نە لەناو ئابوریدا لۆژیکی بازاڕو کێبرکێی ئازاد. لە هەردوو دۆخەکەدا، لۆژیکێکی دەرەکیی، لۆژیکی قازانج و مەسلەحەتی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی حوکمڕان، بەسەر هەردوو کایەکەدا سەپێنراوەو ئەوانن هەردووکیان قۆرخدەکەن و لەناوەوە شێوازی کارکردن و ئامادەگییان ئاڕاستە دەکەن.
بەم شێوەیە کۆمەڵگاکە خراوەتەوە ناو یارییەکەوە کە دەسەڵاتی بەسەر یاساکانی ئەو یارییەداو بەسەر داوەرەکانی یاریەکەدا، ناشکێت. ئەسڵەن یارییەکە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بێداوەرە، هێزی رووت لۆژیکی ناوەکی یارییەکەیەو هێزی رووت دەرەنجامی یاریەکەش دەستنیشاندەکات.
لە دۆخێکی لەم بابهتە جگە لە یاخیبوون بەڕووی یارییەکەو جگە لە تێکدانی یاساکانی و گۆڕانی داوەرەکانی، هەموو کردەکانی تر مانەوەیە لەناو خودی یارییەکەدا، هەموو هەڵبژاردنێکیش لەناو ئەو یاریەدا بەپێویست درێژەدانە بەو یارییە کە بەر لە هەمووشتێک لەوە کەوتوە یاریی بێت و گۆڕاوە بۆ کابوسێکی سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی، تایبەت.