له یهك رۆژدا باڵیۆزی ئهمریكاو ئێران له ههولێرن
2023-09-11 12:23:26
(درەو):
لە یەك رۆژدا باڵیۆزی ئەمریكاو ئێران هاتونەتە هەولێر بۆ ئەوەی ئاگادار بكرێن لە دۆخی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵی عێراق لەبارەی یاسای بودجەوە، بەپێی قسەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، نوێنەرانی كورد تا كۆتایی ئەم هەفتەیە مۆڵەتیان داوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، دوای ئەوە هەموو بژاردەیەك لەبەردەمیاندا كراوە دەبێت.
خاتوو ئەلینا رۆمەناوسكی باڵیۆزی ئەمریكاو ئاغای محەمەد كازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران هەردووكیان ئەمڕۆ لە شاری هەولێر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بینی. بەپێی ئەوەی لە راگەیەندراوەكانی حكومەتدا ئاماژەی بۆ كراوە، سەردانی باڵیۆزی ئەمریكاو ئێران بۆ هەولێر پەیوەندی بە پرسی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغدادەوە هەیە سەبارەت بە یاسای بودجە.
هاوكات لەگەڵ ئەم جموجوڵانەدا، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی، بەناوی نوێنەرانی كوردەوە لە هەموو فراكسیۆنەكان (جگە لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ) رایگەیاند، نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق تا كۆتایی ئەم هەفتەیە چاوەڕوانی دەكەن بۆ چارەسەركردنی پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، دوای ئەم وادەیە هەموو بژاردەیەك لەبەردەمیاندا كراوەیە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە نەكردووە ئایا نوێنەرانی كورد بە پەرلەمانتارو وەزیرەوە دەست بۆ بژاردەی كشانەوە لە بەغداد دەبەن یاخود نا، بەڵام ئەوەی تائێستا دیارە ئەوەیە هەردوو حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێم بەفەرمی شكستی دانوستانەكانیان لەبارەی پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی 2023ی عێراق راگەیاندووە.
رۆژی 26ی حوزەیرانی ئەمساڵ یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) كەوتە بواری جێبەجێكردن، لەوكاتەوە نوێنەرانی هەردوو حكومەت چوونە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوەی دانوستان، ئەنجامی دانوستانەكانی دەریخست، هەردوولا بە روانگەی خۆیانەوە لێكدانەوە بۆ پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا دەكەن، هەردوولا یەكتر تۆمەتبار دەكەن بەوەی پابەندییەكانیان لە بودجەدا جێبەجێ نەكردووە، هەولێرو بەغداد لە یاسای بودجەدا لەبارەی خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت، خەرجی نانەوتییو پاكتاوكردنی حساباتی ساڵانی رابردوو، ناكۆكن.
موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول نزیكدەبنەوە، كەچی هێشتا موچەی مانگەكانی (تەموزو ئاب)یان پێنەدراوە، ئەمەش فشارێكی توندی لەسەر حكومەتی هەرێم دروستكردووە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەرەتای بایكۆتكردنی دەوام لەلایەن فەرمانبەرانەوە دەستیپێكردووە.
حكومەتی فیدراڵی عێراق بۆ هەر سێ مانگی (9-10-11)ی ئەمساڵ مانگانە وەكو قەرز بڕی (500 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەران تەرخانكردووە، بەو ئومێدەی لەم سێ مانگەدا هەردوولا بگەنە رێككەوتنێك لەبارەی یاسای بودجەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم دەڵێ (500 ملیار) دیناری مانگانە بەشی ناكات بۆ ئەوەی خەرجی موچە دابین بكات كە مانگانە (944 ملیار) دینارە.
تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق چووە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەوێ وتی:" پابەندییە داراییەكانی سەر شانی هەرێم زۆر زیاتر لە شایستە داراییەكانی لە بودجەدا".
بریكاری وەزیری دارایی عێراق مەسعود حەیدەرە كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەمڕۆ قسەی كرد، رایگەیاند" لێكدانەوەكانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەدا دروست نییە، تەنیا پشكی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە یاساكەدا مانگانە 775 ملیار دینارە".
ئێستا كە ئیتر هەردوو حكومەت لە گفتوگۆو دانوستان ماندوو بوونو ناگەنە رێككەوتن، لە هەرێمی كوردستانەوە هەوڵی بە نێودەوڵەتیكردنی پرسەكە دەستیپێكردووە، بەتایبەتیش سەردانی ئەمڕۆی هەردوو باڵیۆزی ئێرانو ئەمریكا بۆ هەولێر.
هاتنە ناوەوەی لایەنی سێیەم بۆ چارەسەری كێشەی نێوان هەولێرو بەغداد لەكاتێكدایە لەیاسای بودجەدا رێوشوێن دانراوە بۆ ئەگەری دروستبوونی كێشە لەنێوان هەردوولادا، رێوشوێنەكە ئەوەیە لیژنەی هاوبەشی هەردوو حكومەت راپۆرتی خۆیان لەبارەی ناكۆكییەكانیان لەبارەی یاسای بودجە بەرزبكەنەوە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی پەرلەمان بڕیاری لێبدات، بەمدواییە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەم بڕگەی دەستكاریكردو رایگەیاند، ئەوەی دەسەڵاتی هەیە بڕیار لە كێشەی نێوان هەولێرو بەغداد لەسەر یاسای بودجەدا بدات پەرلەمانی عێراق نییە، بەڵكو ئەم دەسەڵاتە بە دادگای فیدراڵی دراوە.