Draw Media

گرێی خه‌رجیی فیعلی

گرێی خه‌رجیی فیعلی

2023-09-08 14:22:28


ته‌ڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی یاسای بودجه‌ی عێراق،‌ كه‌ی دانراو چۆن پشكی هه‌رێمی پێوه‌ كرا؟

ئامادەكردنی: جیهانگیر سدیق گوڵپی

تاكو ساڵی 2013 له ‌یاساكانی بودجه‌ی عێراقدا پشكی هه‌رێم له‌ كۆی خه‌رجیه‌كانی عێراق له‌پاش لیده‌ركردنی خه‌رجیه‌ سیادیه‌كان دیاری ده‌كرا، ئه‌وكات ڕێژه‌ی پشكی هه‌ریم 17% بوو به‌ڵام به‌هۆی زۆری خه‌رجیه‌ سیادیه‌كان و به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌رجیه‌كانی حاكیمه‌ش ڕاسته‌وخۆ به‌ كاش نادرێنه‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌ له‌بری 17% حكومه‌تی هه‌رێم ساڵانه‌ به‌ تێكڕایی نزیكه‌ی 11%ی ڕاده‌ست ده‌كرا. ساڵی 2014 عێراق یاسای بودجه‌ی نه‌بوو، به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا به‌غدا پشكی بودجه‌ی هه‌رێمی بڕی به‌و پاساوه‌ی كه‌ هه‌رێم نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غدا ناكات.
 له‌ تشرینی 2014 ڕێككه‌وتن له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا كرا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رێم ڕۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خۆی و 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركوك له‌ڕێگه‌ی بۆریه‌كانیه‌‌وه‌ ڕاده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات بۆ فرۆشتنی له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر پێدانی پشكی بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ له‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2015ی عێراقدا چه‌سپێنرا، به‌و پێیه‌ ده‌بو مانگانه‌ زیاتر له‌ (1) ترلیۆن و (300) ملیار دینار له‌بودجه‌ی عێراق  بدرێت به‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌دا.
 ڕێككه‌وتنه‌كه‌ و یاساكه‌ی بودجه‌ كه‌وتنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ڵام له‌مانگی 1ی 2015 دا به‌غدا ته‌نها 250 ملیار دیناری بۆ هه‌رێم نارد له‌مانگی 2 یش ته‌نها 491 ملیار و له‌ مانگی 3 ته‌نها 527 ملیار، ‌ به‌غدا سه‌ره‌تا هه‌ندێ پاساوی لاوه‌كیی بۆ ئه‌وه‌ ده‌هێنایه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ دوو مانگی سه‌ره‌تادا هه‌رێم كه‌متر له‌ بری دیاریكراو نه‌وتی هه‌نارده‌كردوه‌، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی هه‌ردولا كۆكبون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وه‌بو له‌مانگه‌كانی نیسان و مایسی هه‌مان ساڵدا هه‌رێم ته‌واوی پا‌به‌ندیانی جێبه‌جێكرد به‌ڵام به‌غدا هیچ كات نیوه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌یشی بۆ هه‌رێم نه‌نارد كه‌ له‌ یاسای بودجه‌دا بۆی ته‌رخان كرابوو به‌ڵكو بۆ ئه‌و مانگانه‌ ته‌نها 488 ملیاری نارد پاشتر‌ له‌وه‌یش 10%ی لێ بڕی. ئه‌وه‌بو ڕێكه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌و یاسای بودجه‌ جێبه‌جێ نه‌كرا، بۆ ئه‌وه‌یش ئه‌و كات زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ سیاسی و فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانی له‌ په‌رله‌مانی هه‌ێم و عێراقیش هاوڕا بوون.
هۆكاری هه‌ره‌ سه‌ره‌كیی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ خودی به‌غدا به‌مه‌به‌ست له‌ یاساكه‌ی بودجه‌ی ساڵی 2015 دا بڕگه‌یه‌كی دانابو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ره‌ڕای ڕاده‌ستكردنی نه‌وت و جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كانی تریش هێشتا بتوانێت به‌پێی یاساكه‌ كه‌متر له‌ نێوه‌ی شایسته‌ی هه‌رێم بنێرێت، ئه‌و بڕگه‌یه‌ش كه‌ له‌ خاڵی دوه‌م له‌ ماده‌ی (10)دا دانرابوو، بریتیبو له‌وه‌ی كه‌ به‌شی هه‌رێم دیاریبكریت له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیه‌ فیعلیه‌كانی عێراق پاش لێ ده‌ركردنی خه‌رجیه سیادیه‌كان. به‌پێی ڕاپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق خه‌رجیه‌ فیعلیه‌كانی عێراق له‌تێكڕای ساڵانی ڕابووردو له‌ (70%) تێنه‌په‌ڕیون بۆیه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ ئه‌وكات و ئێستاش ئامرازێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی 30%ی كۆی بودجه‌ عێراق به‌ده‌ربكرێت له‌ هاوكێشه‌ی هه‌ژماركردنی پشكی هه‌رێم، له‌ كاتێكدا له‌ 40%ی كۆی بودجه‌كه‌یش كه‌ بریتیه‌ له‌ خه‌رجیه‌كانی سیادی و حاكیمه‌ ئه‌وانیش له‌ هاوكێشه‌ی هه‌ژماركردنی پشكی هه‌رێم به‌ده‌رده‌كرێت، هه‌ربۆیه‌ له‌ساڵی 2015ه‌وه‌ تا ئێستا له‌ ناوه‌رۆكی یاساكانی بودجه‌ی عێراقدا ئه‌وه‌ چه‌سپێنراوه‌ كه‌ ته‌نها 30%ی بودجه‌ی عێراق پشكی هه‌رێمی لێ ده‌درێت.
به‌م پێیه‌ كۆی بودجه‌ی ئه‌مساڵی عێراق كه‌ بڕه‌كه‌ی نزیكه‌ی (199) ترلیۆن دیناره‌ پاش لێده‌ركردنی خه‌رجیه‌كانی سیادی و حاكیمه‌ و ڕه‌چاوكردنی ڕێژه‌ی خه‌رجیی فیعلیی عێراق ته‌نها 30%  واته‌ كه‌متر له‌ (60) ترلیۆن دیناری ده‌مێنێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی شایسته‌كانی هه‌رێمی لێ بدرێت، واته‌ 12.67% جارانی (60) ترلیۆن دینار ده‌كرێت كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی (7) ترلیۆن و (600) ملیار دینار بۆ كۆی ساڵی 2023، نه‌ك ئه‌و بڕه‌ی كه‌ له‌ خشته‌كانی یاسای بودجه‌دا هاتوه‌و زیاتره‌ له‌ (16) ترلیۆن دینار.
ئه‌مه‌یش به‌ واته‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ چواچێوه‌یه‌كی یاساییدا ڕاده‌ستكردنی كۆی نه‌وت و زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری داهاته‌ نانه‌وتیه‌كانی هه‌رێم به‌ڕامبه‌ر به‌ كه‌متر له‌ 4%ی بودجه‌ی عێراق، به‌ڵی كه‌متر له‌ 4%ی كۆی بودجه‌ی عێراق  بۆ 14%ی هاووڵاتیانی عێراق كه‌ له‌ هه‌رێمدان.
ئه‌مه‌ هۆكارێكی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ساڵی 2015ه‌وه‌ تا ئیستا هیچ كات جێبه‌جیكردنی یاساكانی بودجه‌ی عێراق به‌و جۆره‌ی به‌غدا ده‌یه‌وێت له‌قازانجی هه‌ریمی كوردستان نه‌بێت، هه‌رێمیش تا ئه‌و كاته‌ی توانای هه‌نارده‌كرن و فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ی هه‌بووه‌ نه‌چوه‌ ژێرباری جێبه‌جێ كردنی ئه‌و یاسایانه‌ به‌و جۆره‌ی كه‌ به‌غدا ده‌یویست. هه‌ریم خۆی نه‌وته‌كه‌ی ده‌فرۆشت و وه‌كو پێویستیش ئه‌و گرفته‌ی بۆ خه‌ڵك ڕون نه‌كردوه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵی پێویستیشی نه‌ده‌دا بۆ دروستكردنی  تێگه‌یشتنی هاوبه‌شی لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان و چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌‌.
جێگه‌ی خۆیه‌تی لێره‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین كه‌ ئێستا به‌پێی ناوه‌رۆكی یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ 2023 هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێژه‌ی 12% به‌شداری ده‌كات له‌ پێكهێنانی كۆی داهاته‌ ئاسایی و نائاساییه‌كانی عێراق به‌ڵام ته‌نها كه‌متر له‌ 4%ی بودجه‌كه‌ی پێ ده‌درێت!!

ئایا ئه‌م جۆره‌ به‌كارهێنانه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی خه‌رجیی فیعلی دروسته‌؟
هه‌ر له‌ساڵی 2015ه‌وه‌ تاكو ئێستا ئێمه‌ زیاتر له‌ ده‌ جار له‌ وتار ولێدوان و  نوسینه‌كانماندا  نادروستیی ئه‌و بابه‌ته‌ و مه‌ترسیه‌كانیمان ڕون كردوه‌ته‌وه‌ و پێمان وابوه‌ كه‌ پشت به‌ستن به‌ خه‌رجی فیعلی وه‌ك بنه‌ما بۆ خه‌رجكردنی ته‌رخانكراوه‌كانی هه‌رێم له‌ناو یاسای بودجه‌ی عێراقدا هه‌م نامۆ و نه‌گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی بودجه‌ی گشتی و ژمێریاریی حكومی هه‌میش شیاوی جێبه‌جێكردن نیه، چونكه‌ هه‌مو ژماره‌كانی یاسای بودجه‌ خه‌مڵێنراون و نابێت له‌ یاسای بودجه‌دا باس له‌ ژماره‌ی فیعلی بكرێت وه‌ك چه‌مكێكی سێنتراڵ و وه‌ك بنه‌مای ته‌رخانكردن.
ئه‌و ژماره‌ خه‌مڵێنراوانه‌ی له‌یاسای بودجه‌دا داده‌نرێن له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ فیعلیه‌كانی ساڵانی ڕابووردو و چه‌ند اعتیباریكی تر دیاری ده‌كرێن. له‌قۆناغی ئاماده‌كردنی بودجه‌ و له‌ میانه‌ی پرۆسه‌ی خه‌مڵاندندا، خه‌رجیه‌ فیعلییه‌كانی چه‌ند ساڵێكی ڕابوردو له‌گه‌ڵ هی شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای كۆتاساڵی پێش ئاماده‌كردنی بودجه‌كه،‌ ڕه‌چاو ده‌كرێن وه‌ك یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی خه‌مڵاندن بۆ بودجه‌ی نوێ، به‌م جۆره‌ هه‌ر له‌ قۆناغی ئاماده‌كردنی بودجه‌دا پاش كۆتایی هاتنی پرۆسه‌ی  خه‌مڵاندن ئیتر خه‌رجیی فیعلی ڕابووردو هیچ ڕۆڵیكی نامێنیت و، له‌ناو بودجه‌ی ئاماده‌كراودا هیچ جێگه‌یه‌كی نابێته‌وه‌.
 ته‌رخانكردن له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجی فیعلی هه‌مان ساڵیش ناكرێت و نه‌گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ ڕێساكانی بودجه‌ی گشتی و ژمێریاریی حكومی و، شیاوی جێبه‌جێكردن نیه‌، له‌م ڕوه‌وه‌ توشی ئیشكالی لۆژیكی و ته‌كنیكی و مه‌نهه‌جی ده‌بێت، چونكه‌ له‌كاتی جێبه‌جێكردنی بودجه‌دا خه‌رجیی فیعلی بۆ هه‌مان ساڵ له‌ ئارادا نیه‌، هه‌روه‌ك پێشتریش ڕونمان كرده‌وه‌ هی ساڵانی پێشتریش نابێته‌ پێوه‌ر.
 ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ته‌رازوی پێداچونه‌وه‌ی مانگانه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌كار بهێنرێت، ئه‌وه‌یش نه‌گونجاوه ‌و گرفتی زۆره‌ و شیاوی جێبه‌جێكردن نیه‌، ته‌رازوی پێداچونه‌وه‌ی یه‌كگرتوی حكومه‌ت بۆ هه‌ر مانگێك له‌ پاش كۆتا ڕۆژی مانگه‌كه‌وه‌ زیاتر له‌ 15-20 ڕۆژی ده‌وێت تاكو ئاماده‌ ده‌كرێت و یه‌ك ده‌خرێت، لێره‌دا ناكرێت هه‌مو جارێك ته‌مویل كردنی هه‌ر مانگێكی هه‌رێم 40- 50 ڕۆژ دوابخرێت تاكو ته‌رازوی پێداچونه‌وه‌ی یه‌كگرتوی عێراق ئاماده ‌ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رایی خه‌رجیی فیعلی عێراق بۆ ئه‌و مانگه‌ چه‌ند بوه‌. دیاره‌ كه‌ بڕی خه‌رجیی فیعلی هه‌رمانگێكێش له‌گه‌ڵ مانگێكی تردا جیاوازه‌ و زۆرجار بڕی جیاوازیه‌كه‌یش گه‌وره‌یه‌ بۆیه‌ به‌پێی ئه‌و شێوازی كاركردنه‌ بێت ده‌بی بۆ هه‌مو مانگێك ئه‌م رێكارانه‌ بگیرێنه‌به‌ر. له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌یشدا ته‌رازوی پیداچونه‌وه‌ی مانگانه‌ گوزارشت له‌ خه‌رجیی فیعلیی ڕاسته‌قینه ناكات‌، چونكه‌ و پێشینه‌و بارمته‌ و حساباتی ته‌واو نه‌كراو و كیشه‌ی زۆر له‌و ته‌رازوه‌دا هه‌یه‌‌‌‌.
  ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیش له‌ خه‌رجیی فیعلی هه‌مو ساڵه‌كه‌یه‌، ئه‌وه‌‌ خه‌رجیی فیعلیی دروست له‌ ژمێره‌ی كۆتایی ده‌رده‌كه‌وێت، دوا ڕۆژ بۆ ماوه‌ی ژمێره‌ی كۆتایی فه‌رمانگه‌كان بۆ هه‌ر ساڵێك ده‌كه‌وێته‌ 31/1ی ساڵی داهاتو‌، پاش ئه‌وه‌یش ڕێكخستنی ژمێره‌ی كۆتایی یه‌كگرتوو و پێداچونه‌وه‌ و په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن دیوانی چاودێریه‌وه‌ چه‌ند مانگێكی تری پێده‌چێت و نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ مانگه‌كانی كۆتایی ساڵی ساڵی داهاتوو، ئیدی چۆن ده‌كرێت له‌كاتی پێدانی شایسته‌ی هه‌رێمدا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بكرێته‌ پێوه‌ر؟ ئه‌مه‌یش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ عێراق 13 ساڵه‌ ژمێره‌ی كۆتایی نیه‌. به‌گشتی ئه‌م ڕێكاره‌ی به‌غدا بۆ پێدانی پشكی هه‌رێم ده‌یگرێته‌به‌ر ته‌واو سه‌یر و نامۆیه‌ به پرنسیپه‌كانی ژمێریایی حكومی و ‌دنیای دارایی گشتی و بودجه‌.
به‌پێی هه‌مو ڕێسا و نه‌ریت و پره‌نسیپه‌كان ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌مو یه‌كه‌كانی خه‌رج كردن مافی وه‌رگرتنی ته‌رخانكراوی په‌سه‌ندكراوی ناو یاسای بودجه‌یان هه‌بێت و ته‌رخانكراوه‌كانیان بۆ دابین بكرێت، ئینجا له‌ پاش كۆتاییی هاتنی ماوه‌ی یاسایی خه‌رجكردن ئیدی به‌پێی ژمێره‌ی كۆتایی، یان به‌پێی ڕاپۆرت و ده‌رخسته‌ داراییه‌كانی تر(له‌كاتی نه‌بونی ژمێره‌ی كۆتایی) به‌راوردی بڕی ته‌رخانكراو و بڕی فیعلی بكرێت و، به‌پێی یاساو ڕێسا داراییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ جیاوازیه‌كان بكرێت. وه‌ له‌ هیچ كاتیك و به‌هیچ پاساوێك نابێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ته‌واوی مافی خه‌رجكردنی هه‌رێمێك یان ته‌نانه‌ت فه‌رمانگه‌یه‌كیش له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجكردنی فیعلیی شوێنێكی تر یان فه‌رمانگه‌یه‌كی تر دیاری بكرێت، ئه‌مه‌ كرده‌یه‌كی نامۆ و بێ وێنه‌یه‌ له‌دنیای دارایی گشتی و بودجه‌دا.
( سه‌باره‌ت به‌و ڕێژه‌یه‌ی خه‌رجیی فیعلیی عێراقیش كه‌ له‌ڕاپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی عێراقدا هاتوه‌ زۆر جێگه‌ی تێبینیه‌و به‌دروستی نازانین و له‌ده‌رفه‌تی تردا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، لێره‌دا نه‌مان ویستوه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر له‌سه‌ر مه‌به‌ستی بنه‌ڕه‌تی ئه‌م نوسینه‌ دور بخه‌ینه‌وه‌)

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand