تێچوو 31 دۆلارە‌و بەغداد 6 دۆلار دەدات

Draw Media

2023-09-11 10:48:10



(درەو):
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان داوای تێچوونی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەكات، تێچووی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێمی كوردستان (31) دۆلارە، بەڵام حكومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیلی نەوتی هەرێم تەنیا (6) دۆلاری تەرخانكردووەو سەرباری ئەمە ئامادە نییە خەرجی گواستنەوە دابین بكات، واتا ئەوه‌ی بەغداد دابینی دەكات (25) دۆلاری كەمترە له‌وه‌ه‌ هه‌رێم داوای ده‌كات. 
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەپێی یاسای بودجە، كۆی تێچووی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەئەستۆی حكومەتی عێراقەو پێویستە خەرجییەكانی بدات.
خەرجی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێمی كوردستان بڕی (24) دۆلارە، خەرجی گواستنەوەی هەر بەرمیلێكیش بڕی (7) دۆلار دەكەوێت، واتا پرۆسەی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی هەر بەرمیلێكی نەوتی هەرێم بە تێكرا (31) دۆلار دەكەوێت. 
لەیاسای بودجەی فیدراڵی عێراقدا، خەرجی بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق دیاریكراوە، كە بڕەكەی (6) دۆلارەو زۆر كەمترە لە خەرجی نەوتی هەرێم، سەرباری ئەمە لە بەرپرسانی عێراق ئامادە نین پارە بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم تەرخان بكەن، چونكە بەبۆچوونی ئەوان گواستنەوەی نەوت بابەتێكی فیدراڵییەو نابێت هەرێمی كوردستان بۆری تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەم بابەتەشیان لە رەشنوسی پرۆژەی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵدا چەسپاندووە، كە تائێستا لەنێوان هەرێم‌و بەغداد رێككەوتنی كۆتایی لەسەر نەكراوە‌و نەخراوەتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردن. 
كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت، بەمدواییە راگەیاند، لەدوای پەسەندكردنی یاسای بودجەی 2023ی عێراقەوە هەرێمی كوردستان رۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی پاڵاوگەی (كار) كردووە كە كار بۆ حكومەتی عێراق دەكات، بەڵام بەغداد هیچ بڕەپارەیەكی بۆ وەبەرهێنانی نەوتی هەرێم لە ماوەی رابردوودا تەرخان نەكردووە. 
خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە (6) دۆلار دیاریكراوە بۆ هەر بەرمیلێك، كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتی لە هەرێم نیگەران كردووە، بەپێی قسەی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم كۆمپانیاكان بە فەرمی ئاگاداریان كردوون كە ناتوانن بەو بڕە پارەیە نەوت بۆ هەرێم بەرهەمبهێنن. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand