"بەبێ تەوافوق حكومەتی خۆجێی دروست ناكرێت"

Draw Media

2024-08-04 12:09:10



(درەو):
"سودانی ستایشی كردین كە وەكو كوتلەی گەورەی ئەنجومەن سورین لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار" ئەمە كاردانەوەی كوتلەی عەرەبیی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە، لەبەرامبەر سەردانی دوێنێی فراكسیۆنی پارتی و یەكێتیی بۆ لای سودانی، عەرەبەكان دەیانەوێت جەخت لەوە بكەن بە یەكگرتوویی ماونەتەوەو پەرت نەبوون، بەڵام یەكێتیی ئاماژە دەنێرێت لەبارەی ئەوەی سێ كەسیانی بەلای خۆیدا راكێشاوەو چیتر عەرەبیش وەكو كورد یەكڕیز نین. ئەمە لە كاتێكدا روودەدات دەبێت تا رۆژی 11ی ئەم مانگە پۆستی پارێزگار یەكلابكرێتەوە.

كوتلەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كاردانەوەی سەردانی دوێنێی فراكسیۆنی پارتی و یەكێتیی بۆ لای محەمەد شیاع سودانی، روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە. كوتلەی عەرەبی، كە بەر لە كورد خۆی گەیاندە لای سەرۆك وەزیران لە بەغداد، لە روونكردنەوەكەیدا دەڵێ: لە دیدارەكەیدا لەگەڵ ئێمە، سەرۆك وەزیران جەختی لەسەر ئەوە كرد بەبێ تەوافوقی هەموو پێكهاتەكان، حكومەتی خۆجێی لە كەركوك دروست ناكرێت. 
بەگوێرەی روونكردنەوەكە، لە دیدارەكەدا سودانی ئاماژەی بە رۆڵی ئەم كوتلەیە كردووە لە دەستگرتنی بە پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە، بەوپێیەی بەوتەی خۆیان ئەمان "كوتلەی گەورەی ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك"ن.
دوێنێ فراكسیۆنی پارتی و یەكێتیی بە جیا سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیان كرد لە بەغداد، یەكێتیی تاكە ئەندامەكەی مەسیحیشی لەگەڵ خۆی بردبوو، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی ئەم كورسییەی بۆ یەكلابوەتەوە، دوای بینینی سودانی، فراكسیۆنی یەكێتیی سەردانی رەیان كلدانی سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیۆنی كرد. 
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 كورسی پێكدێت، لایەنە عەرەبییەكان پێكەوە 6 كورسییان بردووە، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان وەكو حزب بەتەنیا براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو (5) كورسی بردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان (2) كورسی بردووە، پێكهاتەی توركمان (2) كورسی بردووەو هەردوو كورسییەكە لای بەرەی توركمانییە، تاكە كورسی "كۆتا"ی مەسیحی بزوتنەوەی بابلیۆنی سەربە رەیان كلدانی بردویەتی، تاكە كورسییەكەی مەسیحی یەكلابووتەوە بۆ یەكێتیی، چونكە پێشترو لە هەڵبژاردندا بە دەنگی یەكێتیی سەركەوتووە، واتا بە گشتیی ئێستا یەكێتیی 6 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای بەدەستەوەیەو پێكهاتەی عەرەبیش بە هەموو حزبەكانیانەوە 6 كورسییان هەیە، بەپێی قسەی سەرچاوە ئاگادارەكان، یەكێتیی بەمدواییە دەنگی 3 ئەندامی پێكهاتەی عەرەبی بەدەستهێناوە، بەڵام كوتلەی عەرەبی ئەمە رەتدەكاتەوەو باسلەوە دەكات هێشتا بە یەكگرتوویی ماوەتەوەو پەرت نەبووە. 
لەم نێوەندەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 2 كورسییەوە لێكتێگەیشتنی لەگەڵ بەرەی توركمانی كردووە كە ئەویش 2 كورسی هەیە، بەمە 4 كورسی كۆبووەتەوەو بە سودوەرگرتن لە یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان كە دۆخێكی تایبەتی بە كەركوك داوەو رێگری دەكات لەوەی بەبێ بەشداری هەموو پێكهاتەكانی حكومەتی خۆجێی دروست بكرێت، پارتی دەیەوێت لەرێگەی بەرەی توركمانییەوە رێگری بكات لە هەوڵەكانی یەكێتیی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگار.
لەبەرامبەردا، سەرچاوەكان لەناو یەكێتییەوە باسلەوە دەكەن، یەكێتیی ئێستا 9 دەنگی ئەنجومەنی پارێزگای زامن كردووە، 5 دەنگی خۆی+ 1 دەنگی نوێنەری مەسیحی+ 3 دەنگی كوتلەی عەرەبی، بەمەش نیسابی بۆ تێپەڕاندنی هەر رێككەوتنێكی سیاسی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان لە ئەنجومەنی پارێزگا بەدەستهێناوەو بەبێ پارتی و بەرەی توركمانی رێككەوتنەكە تێدەپەڕێنێت و پۆستێكی باڵای كەركوك بۆ بەرەی توركمانی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی خۆیان پەیوەندی بە بەرەكەی یەكێتییەوە دەكەن. 
زیاتر لە 7 مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق تەواو بووە، كەركوك تاكە پارێزگایە كە هێشتا لایەنە براوەكانی لەسەر دروستكردنی حكومەتی خۆجێی نەگەیشتوەنەتە رێككەوتن، كەركوك تائێستا بە دەرەنجامی ئەو تاكە هەڵبژاردنە بەڕێوەدەچێت كە ساڵی 2005 كراوە. 
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە لەدوای هەڵبژاردنەوە هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی رێككەوتنێك لەنێوان لایەنە براوەكانی كەركوك شكستی هێنا، بۆ فشار لەسەر لایەنەكان، رۆژی 11ی تەموزی رابردوو فەرمانیكرد یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بەڕێوەبچێت، دانیشتنەكە كرا، بەڵام وەكو ئەوەی لە یاسادا هاتوو، سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی هەڵنەبژێردرا، لەسەر داوای یەكێتیی دانیشتنەكە تا ئێستا بە "كراوەیی" ماوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدا بوو ئەگەر 11ی تەموز سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی هەڵبژاردنیان بۆ بكرایە، دەبوو تاوەكو 11ی ئەم مانگەش پۆستی پارێزگار یەكلابكرێتەوە. 
ئێستا كە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بە "كراوەیی" ماوەتەوە، سودانی فشار دەكات بۆ ئەوەی تاوەكو رۆژی 11ی ئەم مانگە لایەنەكان بگەنە رێككەوتن، ئەگەر نەگەن، وەكو خۆی وتویەتی: كەسێك بە وەكالەت لە پۆستی پارێزگای كەركوك دادەنێت، هەندێك لە سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن سودانی دەیەوێت (خالید شوانی) وەزیری داد لە پۆستی پارێزگار بە وەكالەت دابنێت، شوانی سەربە یەكێتییە، مەبە پۆستی پارێزگار بە ناڕاستەوخۆ دەداتە دەست لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لە كەركوك، بەڵام بە وەكالەت تا ئەوكاتەی لایەنەكان رێككەوتنی كۆتایی دەكەن. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand