Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

درەو: درەو: لە بەغداد گفتوگۆ لەسەر یاسای نەوت و غاز دەكرێت بەپێی ئەو رەشنوسەی دەست (درەو) كەوتووە، شتێك نامێنێت بەناوی نەوتی غازی هەرێمی كوردستان. چوارشەمە لە بەغداد گفتوگۆ لەسەر یاسای نەوتی غاز دەكرێت، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سبەینێ كۆبوونەوەیەكی گرنگ بە ئامادەبوونی سەركردە سیاسییەكان وهونەرییەكان لە وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و یاساییەكان ئەنجام دەدرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر یاسای نەوت و غاز، لە كۆبوونەوەكە رەشنوسی یاسای نەوت و غاز گفتوگۆدەكرێت، هەندێك دیدگا هەیە پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە. بەپێی رەشنوسی یاسای نەوت وغازی عێراق كە وێنەیەكی دەست (درەو) كەوتووە لە بڕگەی یەكەمی ماددەی پێنجدا دەڵێت، ئەنجومەنێك پێكدێت بە ناوی (ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت و غاز) بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یان هەر كەسێك كە ئەو دیاری دەكات، ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە پێك دێن لە: 1-  وەزیری نەوتی عێراق 2-  وەزیری دارایی عێراق 3-  وەزیری پلاندانانی عێراق 4-  پارێزگاری بانكی ناوەندی 5-  وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم 6-  پارێزگاری سێ پارێزگا لەو پارێزگایەنەی نەوت بەرهەم دەهێنن و لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا نین، لەو سێ پارێزگایە پارێزگاری بەسرە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنەكە دەبێت و دوو پارێزگاكەی تر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە شێوەی خولی و ساڵانە دەستنیشانی دەكات. 7-  شارەزاكانی بواری نەوت و غاز كە نابێت ژمارەیان لە (3) شارەزا تێپەڕ بكات، بۆ ماوەی سێ ساڵ لە لایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە لەو ئەنجومەنە دادەمزرێن. لەبڕگەی دووەمی هەمان ماددەدا واتە ماددەی پێنج دەڵێت، ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت و غاز لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی ئەنجومەنەكە لانی كەم مانگی جارێك كۆدەبنەوە، بڕیارەكانی ئەم ئەنجومەنە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند دەكرێت. بە پێی ئەم بڕگەیە بێت كورد تەنها یەك ئەندامی هەیە لە ئەنجومەنەكە، ئەویش (وەزیری سامانە سروشتییەكان)ە، بەو جۆرە هەرێمی كوردستان بە تەنها یەك ئەندام لەو ئەنجومەنەدا ناتوانێت رێگە لە تێپەڕبوونی هیچ بڕیارێكی ئەنجومەنەكە بگرێت لە كاتێكدا بڕیارەكان بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجومەنەكە تێدەپەڕێت. لە بڕگەی یەكەمی ماددەی هەشتی رەشنوسی پرۆژە یاسای نەوت و غازدا هاتووە كە وەزیری نەوتی عێراق ئیدارەی سەرجەم كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز دەكات لە هەموو كۆماری عێراقی فیدراڵیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتدا، بەپێی ئەم ماددەیە بێت هەموو كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی هەرێم دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە. لە ماددەی هەشتەمی رەشنوسی پرۆژە یاساكە دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراقی دیاریدەكات لە بڕگەی یەكەمی ماددەی هەشتدا هاتووە كە وەزیری نەوتی عێراق ئیدارەی سەرجەم كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز دەكات لە هەموو كۆماری عێراقی فیدراڵیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتدا، بەپێی ئەم ماددەیە بێت هەموو كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی هەرێم دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە. لە بڕگەی هەشتەمی ماددەی هەشتدا دەڵێت وەزارەتی نەوت دەسەڵاتی دانوستاندنی لەگەڵ دەوڵەتانی تر، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ئیقلیمییەكان هەیە سەبارەت بە رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان و هاوشێوەكانی هەیە. لە بڕگەی نۆیەمی ماددەی هەشتدا وەزارەتی نەوتی دەستنیشانكردووە كە نوێنەرایەتی عێراق بكات لە سەرجەم كۆڕبەندە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكاندا سەبارەت بە نەوت و غاز، بەپێی ئەم بڕگەیە بێت چیتر هەرێمی كوردستان ناتوانێت راستەوخۆ نوێنەری لەو كۆڕبەندە نێودەوڵەتییانەدا هەبێت كە سەبارەت بە نەوت و غاز دەبەسترێت، چیتر هەرێم ناتوانێت لەگەڵ هیچ لایەنێكی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بابەتی نەوت و غاز بڕیاری هەبێت .  ماددەی نۆیەم، دەسەڵاتەكانی دەستەی هەرێم، واتە لایەنی پەیوەندیداری هەرێم بە نەوت و غاز دیاریكردووە، لە بڕگەی یەكی ئەو ماددەیەدا دەڵێت، هەرێم پێشنیاری چالاكی و پلان بۆ دەسەڵاتەكانی فیدراڵی دەكات تا بخرێتە چوارچێوەی پلان و بەرنامەكانی حكومەتی ناوەندەوە لە پرۆسەی نەوتدا، هاوكاری حكومەتی ناوەند دەبێت لە پێدانی راوێژ بۆ تەواوكردنی پلانەكان، بە پێی ئەم بڕگەیە حكومەتی هەرێم یاخود ئەو دەستە تایبەتمەندەی هەرێم لە نەوت و غازدا تەنها مافی پێشنیاریان هەیە. ماددەی دەیەم دەسەڵاتی پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت دیاری دەكات، لە بڕگەی یەكەمی ئەو ماددەیەدا هەمان دەسەڵاتی هەرێم دراوە بە پارێزگاكان كە لە چوارچێوەی پێشنیاركردن تێناپەڕێت، واتە هەرێم و پارێزگان هاوتای یەك دانراون ماددەی (24) رەشنوسی پرۆژە یاساكە تایبەتە بە گواستنەوە، لە بڕگەیە یەكەمی ماددەكەدا دەڵیت،"بۆرییە سەرەكییەكان خاوەندارێتییەكەی بۆ حكومەتی عێراقی دەگەڕێتەوە" بە پێی ئەم دەقە بێت هەرێمی كوردستان مافی خاوەندارێتی بۆرییە سەرەكییەكانی نەوتی نامێنێت.    


راپۆرت: درەو لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ناكۆك بوون، یەكێتیی هێشتا داوای فرەبازنەیی‌و دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان دەكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەش، یەكێتیی داوای 50 بە 50 دەكات، لەسەر پرسی دروستكردنی لیستی كورد لە كەركوك هیچ رێككەوتنێكیان نەكرد، ئەمە كرۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان وەفدی باڵای پارتی‌و یەكێتیی بوو لە "دەباشان"ی سلێمانی، كۆبونەوەیەك كە بەبێ رێككەوتن كۆتایی هات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. كۆبونەوەیەكی بێ ئەنجام وەفدی باڵای پارتی‌و یەكێتیی سێیەم كۆبونەوەی خۆیان دوای ماوەیەك گرژی ئەنجامدا، كۆبونەوەكە لە "دەباشان"ی سلێمانی بوو، دوای كۆبونەوەكە راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، وا نیشانیاندا رێككەوتوون، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، هێشتا پارتی‌و یەكێتیی لەسەر بابەتە گرنگەكان ناكۆكن. دوای ئەو گرژییانەی كە لەنێوان هەردوو حزب لەسەر یاسای بودجەی گشتی عێراق دروستبوو، رۆژی 26ی ئایاری ئەمساڵ وەفدی باڵای پارتی‌و یەكێتیی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە هەولێر كۆبونەوە. رۆژی 9ی ئەم مانگە، جارێكی تر كۆبونەوە، ئەمجارەیان وەفدی یەكێتیی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی چووە پیرمام بۆ كۆبونەوە لەگەڵ پارتی، ئەم كۆبونەوەیە تێكچوو، بافڵ تاڵەبانی بە نیگەرانییەوە هاتە دەرەوە‌و بە میدیاكانی وت:" یەكێتیی هێزە، یەكێتیی بە بێدەنگی نامێنێتەوە، هەر شتێك رووبدات لەمەودا وەك خۆی وەڵام دەدرێتەوە". وا دەركەوت بافڵ تاڵەبانی لە قسەی ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی توڕە بووە كە هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی پارتی‌و یەكێتیی قسەی كردووە‌و وتویەتی:" یەكێتیی قەبارەی جارانی نەماوە"، بەڵام بەر لە سالار عوسمانیش، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت چەندجارێك هێرشی كردبووە سەر یەكێتیی‌و وەكو "خیانەتكار" ناوی هێنا بوو، هەموو ئەمانە كاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی كۆبونەوەكە بێ ئەنجام كۆتایی بێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە دەباشان بەڕێوەچوو، كۆبونەوەی سێیەم بوو، پرسی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان‌و كێشەی هەردوو حزب لە وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ كراون.   ناكۆكییەكانی لە وەزارەتی پێشمەرگە رۆژی 23ی ئەم مانگە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆبونەوەی دەوری خۆی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدا، لەم كۆبونەوەیەدا هاوپەیمانان رایانگەیاند" ئامانجی بنچینەیی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەهۆی بارودۆخی سیاسی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە هێواشی بەڕێوە دەچێت". هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند" چاوەڕوانین، هەرێمی كوردستان ویستی سیاسی نیشان بدات بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییەكان، پێش پێداچوونەوەو هەڵسەنگاندنی ساڵانە، كە لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا دەكرێت، بەتایبەت لە دانانی وەزیرێكی كاتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە". واتا هاوپەیمانان دەیانەوێت لەماوەی یەك مانگی داهاتوودا، پارتی‌و یەكێتیی كێشەی نێوانیان لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بكەن‌و بەشێوەی كاتی كەسێك بەوەكالەت لە شوێنی (شۆڕش ئیسماعیل) دابنرێت، كە ئابی 2022ەوە دەستی لە پۆستی وەزیری پێشمەرگە كێشاوەتەوە. كێشەی پارتی‌و یەكێتیی لە وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتوەتە دۆخێك، لیوا روكن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە پشكی یەكێتیی بە (دەنگی ئەمریكا)ی راگەیاندووە" پەیوەندی نێوان تیمی یەكێتی‌و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پچڕاوەو ڕێزو حورمەت نەماوە، وەزعێكی زۆر خراپە". وەزارەتی پێشمەرگە ئێستا وەزیری نییە، ململانێكە لەنێوان بریكاری وەزیرو ئەمینداری وەزارەتدایە، یەكەمیان سەربە پارتی‌و دووەم سەربە یەكێتییە. عەبدولخالق باپیری بریكاری وەزیری پێشمەرگە نوسراوی دەركردووە‌و دەڵێ هاوشێوەی هەموو بابەتەكانی تر، دەبێت پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشێوەی (57%) بۆ پارتی‌و (43%) بۆ یەكێتیی دابەش بكرێت، بەختیار محەمەد ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی داوەتەوە‌و نوسراوی كردووە كە بریكار دەسەڵاتی نییە بڕیارێكی لەو جۆرە بدات. یەكێتیی‌و پارتی بەر لە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە‌و هێزەكانی هاوپەیمانان، پشكی خۆیان لە وەزارەتی پێشمەرگە زامن بكەن.   بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتیدا، وەفدی یەكێتیی بە وەفدی پارتییان راگەیاندووە" دابەشكردنی پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت 50 بە 50 بێت‌و بڕیاری بریكاری وەزیری پێشمەرگە دۆخەكەی شێواندووە‌و یەكێتیی بە 57 بە 43 رازی نییە". لەبەرامبەردا وەفدی پارتی گلەییان لە یەكێتیی هەبووە لەوەی سەرقاڵی دروستكردنی هێزی ئەمنی نوێن‌و دەیانەوێت لەبواری ئەمیندا لەبری حكومەتی هەرێم مامەڵە لەگەڵ بەغداد بكەن. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی یەكێتیی گلەیی ئەوەی لە پارتی كردووە، كە رێگری دەكەن لە دانانی كەسێك بە وەكالەت بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە، كە پشكی یەكێتییە‌و ئێستا پۆستەكە بەبەتاڵی ماوەتەوە، پارتی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبات، یەكێتیش دەیەوێت وەزارەتی پێشمەرگە بكات بە وەكالەت. هەڵبژاردنی كوردستان لە گفتوگۆی ئەمڕۆدا سەردانی وەفدی پارتی بۆ سلێمانی لەكاتێكدایە ئەم رۆژانە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی مەرسومێكی نوێ بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەربكات. نێچیرڤان بارزانی بە نوسراوی فەرمی داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد پرۆسەی هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوە ببات، كۆمسیۆن وەڵامی دایەوە‌و رۆژی 18ی شوباتی 2024ی دیاریكرد، ئێستا سەرۆكی هەرێم دەیەوێت بە مەرسومێك رۆژی 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكات، بەڵام بەبێ پشتیوانی یەكێتیی نایەوێت جارێكی تر سەرچڵی بكات‌و مەرسوم دەربكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا لە ماوەی رابردوودا دووجار مەرسومی بۆ هەڵبژاردن دەركردووە‌و هەڵبژاردنیش نەكراوە. راگەیەندراوی كۆتایی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەڵێ" هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین لەو كاتەی لەلایەن سەرۆكی هەرێم دیاریدەكرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان"، ئەم دەقە نیشانی دەدات پارتی‌و یەكێتیی لەسەر هەڵبژاردن نەگەیشتونەتە رێككەوتن، چونكە دەڵێن دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان وادەی هەڵبژاردن دیاری بكرێت. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتییدا، هاوشێوەی دانوستانەكانی بەر لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان، وەفدی یەكێتیی جەختی لەسەر ئەوە كردووە هێشتا گرفتیان هەیە لەسەر كورسی كۆتای پێكهاتەكان‌و شێوازی سازدانی هەڵبژاردن". سەرباری ئەوەی ئێستا پەرلەمانی كوردستان نەماوە بۆ ئەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكاتەوە، بەڵام هێشتا یەكێتیی داوای ئەوە دەكات هەڵبژاردنی داهاتوو بەشێوەی فرە بازنە (4 بازنەی هەڵبژاردن) بەڕێوەبچێت‌و سەرجەم كورسییەكانی پەرلەمان (111 كورسی) دابەش بكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا بە (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكانیشەوە. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، وەفدی پارتی جارێكی تر جەختیان لەسەر ئەوە كردوەتەوە كێشەیان نییە لەگەڵ ئەوەدا هەڵبژاردنەكە بەشێوەی چوار بازنە بەڕێوەبچێت، واتا هەر پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن، بەڵام چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن، هێشتا لەلایەن پارتییەوە ناڕەزایەتیی لەسەرە، واتا پارتی‌و یەكێتیی گەڕاونەتەوە بۆسەر هەمان دۆخی ناكۆكییەكانیان بەر لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان. بەر لەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە 30 ئایاری ئەمساڵدا هەڵبوەشێتەوە، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی كۆتاكان ناكۆك بوون‌و نەگەیشتنە رێككەوتن، تەنانەت نێوەندگیری نەتەوە یەكگرتووەكانیش سودی نەبوو، پارتی قایل بوو بەوەی (2) كورسی كۆتاكان بدات بە سنوری پارێزگای سلێمانی، كورسییەكی مەسحییەكان بۆ كۆیە‌و كورسییەكی توركمان بۆ كفری، بەڵام یەكێتیی قایل نەبوو، داوای چوار كورسی دەكرد، دوو كورسی مەسیحی‌و دوانی توركمان بۆ سنوری سلێمانی. بەهۆی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەموار نەكراوەتەوە، هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێت بە یاسا كۆنەكە بكرێت، ئەمە دڵخوازی یەكێتیی نییە، چونكە یاسا كۆنەكە شێوازی هەڵبژاردنی لە كوردستان بەشێوەی (یەك بازنە) دیاریكردووە، سەرباری ئەمە یاسا كۆنەكە (11) كورسییەكەی پێكهاتەكان هەر لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەهێڵێتەوە‌و هیچ كوردسییەك بە سنوری سلێمانی نادات. زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵای لەسەر (5) ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كردووە، رۆژی 6ی مانگی داهاتوو واتا هەفتەی داهاتوو، دادگای فیدراڵی عێراق یەكەم دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم سكاڵایە بەڕێوەدەبات. هەڵبژاردن لە كەركوك بڕیاربوو لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتیدا، تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكان تایبەت بێت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ناوچە جێناكۆكەكان. ئەمڕۆ وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی هات، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتی درێژكردەوە. ئێستا پارتی‌و یەكێتیی‌و لایەنە سیاسییەكانی تر تەنیا ماوەی هەفتەیەك دەرفەتیان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی خۆیان وەكو هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە دیاریكراویش لە كەركوك تۆمار بكەن. یەكێتیی كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستداوە، دەیەوێت جارێكی تر ئەم پۆستە وەربگرێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستی بە دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكەی كوردی هەیە لە كەركوكدا، بەڵام پارتی كە خۆی وەكو براوەی جەماوەریی دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەزانێت، هەرجۆرە یەك لیستییەك لەگەڵ یەكێتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك رەتدەكاتەوە. راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتیی لە دەباشان، خۆی بوارد لە باسكردنی پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە پارتی بۆ هەڵبژاردن لە كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان بەشێوەی بەتەنیا بەشدار دەبێت.  


درەو: ئامادەكردنی: جیهانگیر گوڵپی داهاته‌ نانه‌وتیه‌كان یه‌كێكن له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌ پاش په‌سه‌ند كردنی یاسای بودجه‌ی 2023 بونه‌ته‌ گرفت له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا، ئه‌مه‌یش به‌هۆی جیاوازیی تێڕوانینی هه‌ریه‌ك له‌و دو لایه‌نه‌وه‌یه‌ بۆ بابه‌ته‌كه. پرسی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی داهاته‌ نانه‌وتیه‌كانی هه‌رێم بۆ به‌غدا بابه‌تێكی نوێ نیه‌ و تاكو ساڵی 2013 كاری پێكراوه‌ به‌ڵام پرسه‌كه‌ تاكو ئه‌وده‌م ئاڵۆز نه‌كراوه‌ و نه‌كراوه‌ته‌ كێشه‌، وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌پاش 2013ه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیی به ئه‌‌رك و شایسته‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ بوبێت یاساكانی بودجه‌ی عێراق وه‌ك پیویست جێبه‌جێ نه‌كراون، بۆیه‌ ئێستا ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌ك پرسێكی نوێ ده‌بینرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش ئه‌و ده‌قه‌ی كه‌ ڕاده‌ستكردنی داهاته‌ نانه‌وتیه‌كانی هه‌رێم بۆ به‌غدا ده‌كاته‌ مه‌رجی ناردنی پشكی بودجه‌كه‌ی له‌ پێش 2021ه‌وه‌ له‌یاساكانی بودجه‌دا وه‌ك مه‌رج به‌و ڕاشكاویه‌ تێكستی له‌سه‌ر نه‌ده‌كرا، ته‌نها له‌یاساكانی بودجه‌ی ئه‌م دوساڵه‌ی دواییدا به‌و جۆره‌ هاتوه‌، بۆیه‌ ئاڵۆزبونی ئه‌و پرسه‌ له‌ ئێستادا وه‌ك بابه‌تێكی نوێ ده‌بینرێت. له‌ ئێستادا گرفته‌كه‌ له‌ جیاوازیی تێڕوانیی هه‌ریه‌ك له‌ هه‌رێم و به‌غدایه‌ بۆ داهاته‌ نانه‌وتیه‌كان و ڕاده‌ست كردنیان به‌به‌غدا و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌شێكیان بۆ هه‌رێم. تێڕوانینی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم بۆ داهاته‌ نانه‌وتیه‌كان: به‌پێی یاسای بودجه‌ی 2023 كه‌ هه‌مان ده‌ق له‌یاسای بودجه‌ی 2021یش هاتبو، هه‌رێم پابه‌نده‌ به‌وه‌ی كه‌ داهاته‌ نانه‌وتیه‌كانی ڕاده‌ستی گه‌نجیه‌نه‌ی عێراق بكات به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی... له‌ ڕوانگه‌ی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمه‌وه‌ به‌گشتی ئه‌و داهاته‌ نانه‌وتیانه‌ی كه‌ ده‌بێ بدرێنه‌ به‌غدا ته‌نها بریتین له‌ داهاتی ده‌روازه‌ سنوریه‌كان و داهاتی فه‌رمانگه‌ ئیتیحادیه‌كان كه‌ له‌هه‌رێم كارده‌كه‌ن، وه‌ ده‌بێ 50%ی كۆی ئه‌و داهاتانه‌و به‌تایبه‌تیش داهاتی ده‌روازه‌ سنوریه‌كان پاشتر له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم ‌ ئه‌وه‌یش به‌پێی ماده‌ی 21ی یاسای بودجه‌ی 2023 و ماده‌ی 29ی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی.  تێروانینی كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا بۆ داهاته‌ نانه‌وتیه‌كان: تێڕوانیی كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر جیاوازه‌، ئه‌وان پێیان وایه‌ كه‌ داهاته‌ نانه‌وتیه‌كان كۆی داهاته‌كان ده‌گرنه‌وه‌ جگه‌ له‌ داهاته‌ نه‌وتیه‌كان، وه‌ داهاتی گشتیی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری فه‌رمانگه‌كانیش ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و داهاتانه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها ئه‌و فه‌رمانگه‌ ئیتیحادیانه‌ی كه‌ له‌هه‌رێم كارده‌كه‌ن، وه‌ كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا پێیان وایه‌ كه‌ داهاتی گومرگی هیچی ناگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم و ئه‌و 50%یه‌ی داهاتی ده‌روازه‌كان كه‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم داهاتی گومرگی ناگرێته‌وه‌ به‌ڵكو هه‌ندێ داهاتی تری ده‌روازه‌كان ده‌گرێته‌وه‌، له‌خواره‌وه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی ماده‌ی 29ی یاسای كارگێڕی دارایی و چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی تر ئه‌و تێڕوانیه‌ ڕونتر ده‌كه‌ینه‌وه‌: ده‌قی ماده‌ی 29ی یاسای كارگێڕی ئیتیحادی : ئه‌م داهاتانه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌خرێنه‌وه‌ سه‌ر حسابی پارێزگاكان( به‌ پارێزگانی هه‌رێمیشه‌وه‌): 1- %50ی ڕسوم و باجی ئیتیحادی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و فه‌رمانگانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت كه‌ به‌ ناوه‌ندی تمویل ده‌كرێن(الدوائر الممولە مركزیا) له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك، ئه‌مه‌یش به‌ده‌ره‌ له‌و بڕانه‌ی كه‌ له‌داهاته‌كانی باج و ڕه‌سمی گومرگی به‌ده‌ستهینراون. 2-  پشكی پارێزگا له‌ داهاتی ده‌روازه‌ سنوریه‌كان و پترۆدۆلار. 3- داهاته‌ ناوخۆییه‌كان كه به‌ده‌ست هاتون‌ به‌پێی یاساو ته‌شریعاته‌ ناوخۆییه‌كان ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌رچون. 4- داهاته‌كانی تایبه‌ت به‌ فه‌رمانگه‌كانی شاره‌وانی (ئاو و ئاوه‌ڕۆ نه‌خشه‌دانی ئاوه‌دانی – التخطیط العمرانی- ...) وه‌ دوباره‌ ته‌رخان ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی كه‌ داهاته‌كه‌یان تێدا به‌ده‌ست هێنراوه‌. تێروانیی جیاوازی هه‌ریه‌ك له‌ هه‌رێم و به‌غدا بۆماده‌ی 29 له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دایه‌: یه‌كه‌م/ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ له‌ده‌قی خاڵی یه‌كه‌می مادده‌كه‌دا هاتووه‌ هه‌ریه‌ك له‌ هه‌رێم و به‌غدا تێروانیی جیاوازیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌م دوو بابه‌ته به‌م جۆره‌ی خواره‌وه‌‌: أ‌- له‌ ڕوانگه‌ی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمه‌وه‌ فه‌رمانگه‌كانی ته‌مویلی مه‌ركه‌زی (المموله‌ مركزیا) ته‌نها ئه‌و فه‌رمانگه‌ ئیتحادیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌رێم كارده‌كه‌ن وه‌ك فه‌رمانگه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌و كارتی نیشتیمانی..هتد، به‌ڵام له‌ڕوانگه‌ی كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا ئه‌و فه‌رمانگانه‌ كۆی فه‌رمانگه‌ حكومیيه‌كان ده‌گرنه‌وه‌ جگه‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانی ته‌مویلی ذاتی (الادارات المموله‌ ذاتیا)، فه‌رمانگه‌كانی ته‌مویلی ذاتیش به‌پێی خاڵی شازده‌یه‌م له‌ ماده‌ی (1) له‌یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی بریتین له‌و كۆمپانیا گشتیانه‌ی كه‌ خاوه‌ندارێتیان هی ده‌وڵه‌ته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیيه‌ گشتیانه‌ی كه‌ كه‌سێتی مه‌عنه‌وی و سه‌ربه‌خۆیی دارایی و كارگێڕیان هه‌یه‌و پشت به‌داهاتی خۆیان ده‌به‌ستن بۆ ته‌مویلی بودجه‌كه‌یان، به‌م جۆره‌ پێی تێروانینی به‌غدا كۆی باج و ڕسومی ئیتیحادی له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری فه‌رمانگه‌ حكومیيه‌كانی پاریزگاكان ده‌درێته‌وه‌ به‌ به‌غداو له‌وێوه‌ی پاشتر 50%ی ده‌گه‌ڕێنریته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان. ب‌- به‌پێی تێروانیی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم له‌كۆی داهاتی ده‌روازه‌ سنوریيه‌كان كه‌ ده‌درێته‌ به‌غدا ده‌بێ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ 50%ی بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، به‌ڵام به‌پێی تێڕوانیی كاربه‌ده‌ستانی به‌غداو به‌پێی ده‌قی خاڵی یه‌كه‌ی ماده‌ی 29ی یاساكه‌ی سه‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ داهاتی باج و ڕه‌سمی گومرگی ناگرێته‌وه‌، واته‌ داهاتی باج و ڕه‌سمی گومرگی 100%ى بۆ به‌غدا ده‌بێت، ئه‌م بابه‌ته‌ پێشینه‌ی هه‌یه‌و له‌پێش ده‌رچونی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی هه‌ر به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه‌. له‌ماده‌ی 22ی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2012 داهاتبوو كه‌ پێویسته‌ وه‌زیری دارایی ئیتیحادی 50%ی داهاتی فیعلیی ده‌روازه‌ سنوریيه‌كانی پارێزگاكان ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2011 به‌ده‌ستهاتوه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان، به‌ڵام له‌ ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی داریی هه‌رێم بۆ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2013دا هاتوه‌: حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ساڵی 2010 بڕی 305 ملیارو بۆ ساڵی 2011 بڕی 326 ملیاری دیناری له‌ داهاتی ده‌روازه‌ سنوریيه‌كان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ به‌غدا به‌ڵام به‌غدا له‌به‌رامه‌ردا ته‌نها 8 ملیار بۆ ساڵی 2010و 16 ملیار بۆ ساڵی 2011ی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ هه‌رێم، كه‌ ته‌نها ده‌یكرده‌ نزیكه‌ی 4%و 2%، ئه‌وه‌یش به‌پشتبه‌ستن به‌ ڕینمایی وه‌زاره‌تی دارایی ئیتحادی به‌نوسراوی ژماره‌ 10989 له‌ 27/2/2012 ئه‌نجامدرابوو، كه‌ تێیدا هاتبوو له‌ داهاته‌كانی ده‌روازه‌ سنوریيه‌كان ته‌نها چه‌ند جۆرێكیان 50%یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان كه‌ بریتین له‌مانه‌: - ڕه‌سمی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی هاوڵاتیی به‌ڕه‌گه‌ز عیراقی .... - ڕه‌سمی گه‌شتیاران به‌فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نی له‌ڕێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانی فڕۆكه‌وانیی گشتی مه‌ده‌نی... - كرێی خزمه‌تگوزاری نیشتنه‌وه‌و حه‌واندنه‌وه‌ی فڕۆكه‌. - ڕه‌سمی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌ عێراق ده‌چنه‌ ده‌رێ له‌ ڕێگه‌ی ده‌سته‌ی گشتی گومرگ. - ڕه‌سمی دوباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی ناوچه‌ سنوریه‌كان. به‌وجۆره‌ داهاتی ڕه‌سم و باجی گومرگی به‌ده‌ركرابوو له‌وه‌ی كه‌ هیچی بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم و پاریزگاكان.   دوه‌م/ سه‌باره‌ت به‌خاڵی دوه‌می ماده‌ی 29 تایبه‌ت به‌ پشكی پارێزگاكان له‌ داهاتی ده‌روازه‌ سنوریيه‌كان، هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ی ڕونكردنه‌وه‌مان له‌ خاڵی (ب) له‌سه‌ره‌وه‌ به‌غدا پێیوایه‌ كه‌ ئه‌و پشكه‌ داهاتی گومرگی ناگرێته‌وه‌ ته‌نها چه‌ند جۆرێكی تری داهاتن كه‌ ده‌بێ 50%یان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان ئه‌وانیش زۆر كه‌من. سێیه‌م/ خاڵی 3و 4 ی ماده‌ی 29 له‌ ڕواڵه‌تدا واده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هیچ گرفتێك یان جیاوازیه‌ك له‌ تێروانیی هه‌ردولادا نه‌بێت له‌سه‌ری ئه‌گه‌ر له‌ كاتی جێبه‌جێكردن گرفتی بۆ دروست نه‌كرێت. به‌گشتی بابه‌تێك كه‌ جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌لای كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان كۆی داهاته‌كانی حكومه‌ت ده‌گرنه‌وه‌و پێویسته‌ بچنه‌وه‌ گه‌نجینه‌ی فیدراڵی به‌ به‌غداو پاشتر له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی به‌غداوه‌ به‌پێی ماده‌ی 29ی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، به‌و پێیه‌یش هه‌ندێ له‌ داهاته‌كانی هیچی نادرێته‌وه‌ به‌ هه‌رێم و پاریزگاكان، هه‌ندێك جۆری تر له‌ دهاته‌كان هه‌موی ده‌دریته‌وه‌ به‌ هه‌رێم و پاریزگاكان، هه‌ندێ جۆری تریش 50%ی ده‌گه‌ڕێنریته‌وه‌ بۆ هه‌ریم و پارێزگاكان. بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه‌ كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا پێیانوایه‌ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان هه‌موو داهاته‌كان ده‌گرێته‌وه‌ جگه‌ له‌ داهاتی نه‌وتی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و به‌ڵگانه‌ی سه‌ره‌وه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌یش ده‌ده‌ین كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مینداریه‌تی گشتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و وه‌زاره‌تی دارایی ئیتیحادی له‌وه‌ڵامی دادگای ئیتیحادیدا (له‌ كه‌یسی بڕیاردان له‌سه‌ر نایاسایبوونی ناردنی 200 ملیاره‌كه‌) سه‌باره‌ت به‌ڕاڤه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ كۆی داهاته‌كان ده‌گرێته‌وه‌ جگه‌ له‌ داهاتی نه‌وتی. به‌پێی تێروانیی كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا له‌ عێراقی فیدراڵی ئێستادا 100%ی كۆی داهاته‌كان داهاتی ئیتیحادین و ده‌بێ بگه‌ڕینرێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا پاشتر له‌وێ به‌پیی تێروانینی خۆیان و به‌پی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی به‌شێكی كه‌میان ده‌نێرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم. ڕاسته‌ به‌غدا زه‌مینه‌سازیی یاسایی كردوه‌ بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ به‌ مه‌ركه‌زیكردنه‌ی داهاته‌كان نه‌ك له‌گه‌ڵ فیدراڵیه‌تدا ناگونجێت، به‌ڵكو زۆر زۆر خراپتره‌ له‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ یاسای ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی له‌ساڵی 1974 سه‌باره‌ت به‌سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كانی ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی له‌ ماده‌ی هه‌شته‌م ده‌قی له‌سه‌ر كردبوو به‌جۆرێك كه‌ جگه‌ له‌و پشكه‌ی كه‌ له‌ بودجه‌ی گشتییه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ ته‌رخان ده‌كرا یازده‌ جۆر له‌ باج و ڕسوم و داهاتی جۆراوجۆر بۆ ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی دانرابوون، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و یاسایه‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ به‌ته‌واو ڕه‌تكرایه‌وه‌و هیچ حسابێكی بۆ نه‌كرا.


مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە کێشە گەورەو سەرەکییەکانی ناو دونیای ئێمە باڵادەستی ئەو شێوازەیە لە پارتی سیاسیی کە بە «پارتی سەرکردە» ناودەبرێت، بە عەربی «الحزب القائد». لە بنەڕەتدا تیورەی «پارتی سەرکردە» تێزێکی چەپڕەوانەیەو لە کەلەپوری لینینیزمەوە سەرچاوەی گرتوە. لە دیدگا لینینیەکەدا ئەوەی رۆلی سەرکردە دەبینێت «نوخبەیەکی شۆڕشگێر»ە کە لەناو پارتێکی سیاسیی پێشڕەودا خۆیان ڕێکخستوە، هەڵگریی تاقە تێگەیشتن و لێکدانەوەیەکی زانستییانەی واقیعن و دەزانن مێژوو بە چ ئاقارێکدا ئاڕاستە بکرێت. ئەم نوخبە شۆڕشگێرە بەرهەمهێنەری لێکدانەوەی زانستییانەی دیاردەکانەو لەڕێگای ئەم لێکدانەوانەشەوە، پێشڕەوایەتی کۆمەڵگا دەکات. کێشه‌ی ژمارە یەکی ئەم دیدگایە لە دونیای ئێمەدا تەنها لەوەدا نییە کە فیکر لەناو ژیانی سیاسیدا غائیبەو پارتە سیاسییەکان پارتی بێ فیکرو بێبەرنامەو بێ جیهانبینین. بەڵکو لەوەدایە کە هەردوو پارتە حوکمڕان و باڵادەستەکە، ئەوانەی سەرکردایەتی ئەو پارتانە دەکەن و جڵەوی کۆی بڕیارەکانیان لەدەستدایە، کورتبۆتەوە بۆ باڵادەستی چەند خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسیی کە خۆیان بە سەرۆکی ئەبەدیی حیزبەکەو وەک خاوەنی ئەبەدیی وڵاتەکەو وەک سەروەری ئەبەدیی میلەتەکە دەزانن. دوای خۆشیان منداڵ و براو برازاو نەوەکانیان درێژە بە هەمان خاوەندارێتی دەده‌ن. ئەمەش یەکێک لە لەعنەتە سیاسییە گەورەکانی ناو دونیای ئێمەیە: «لەعنەتی تەوریسی سیاسیی». ئەم تەوریسەش بەکردەوە مانای تەوریسی مۆدێلی «حیزبی قائید» خۆی، بە هەموو مەترسییەکانییەوە لە دونیای ئێمەدا.   بە کورتییەکەی، سیستمی «حیزبی قائید» لە هەرێمەکەی ئێمەدا سیستمی بە قائیدبوونی کەسانی سەر بە چەند خێزانێکی سیاسیی دیاریکراوە، کە ئەرکی ژمارە یەکیان بریتییە لە پاراستنی پێگەی ئەو خێزانەو هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەو شێوازانەدا کە هەیمەنەی ئەو خێزانانە لەناو حیزب و حکومەت و دەزگا ئەمنیی و سەربازییەکاندا بپارێزن. لەم مۆدێلەدا، خێزانە سیاسییەکان حیزبەکان قووتئەدەن و حیزبەکانیش خودی کۆمەڵگاو دەوڵەت و کۆی دەزگا بیرۆکراسییەکان قووتئەدەن. هاوکات قووتدانی حیزب بۆ ئابوریی وڵاتەکەو لەم ڕێگایەشەوە قوتدانی سوپاو دەزگاکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان. بەم شێوەیە تێکەڵەیەکی سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی و ئەمنی دروستدەبێت کە لۆژیکی باڵادەستیی ئەو خێزانانە ئاڕاستەی دەکات. بەمەش حیزب لەوەدەکەوێت ئامرازیی سادەترین گۆڕانکاریی پۆزەتیڤ بێت کە بشێت قازانجی کۆمەڵگای تێدابێت، بەڵام زیانی بنەماڵە حوکمڕانەکان. بەڵام سیستمی «حیزبی قائید» سیستمێکە توانایەکی گەورەی دروستکردنی دەمامکی هەیە،  دەتوانێت بە شێوازی جیاواز روخسارە راستەقینەکانی خۆی بشارێتەوە. دەمامک یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی حوکمڕانییەکەیان. حیزبی قائید جارێک، بە زمانێکی چەپگەرانە، بەناوی جەماوەرو خەڵکی زەحمەتکێشەوە قسەدەکات، جارێکی تر بەناوی نەتەوەو نیشتیمانەوە، کەیش پێویستی کرد بەناوی خوداو موقەدەساتی میلەتەوە، جارێکی تریش بەناوی دیموکراسیەتەوە، کە بێگومان بەتاڵکراوەتەوە لە هەر توانایەکی راستەقینەی کێبەرکێی سیاسیی و دەستگۆڕکێی دەسەڵات. حیزبی قائید لە قۆناغێکدا بەناوی خەڵک و میلەت و نەتەوەوە بەگژ دیاردەی فرەحیزبیدا دەچێتەوە، کەچی جارێکی تر، ڕێک بەپێچەوانەی ئەوەوە، باس لە گرنگیی هەڵبژاردن و پەرلەمان و فرەحیزبی دەکات، بەڵام هەموویان لەناو دونیایەکی بە تەزویرو فێڵ و فشاری جۆربەجۆر گەمارۆدراودا. جگە لەمانە تێزی «پارتی سەرکردە» تێزێکە هەڵگرەکانی خۆیان بە کەسانی شۆڕشگێر دەزانن، حیزبەکە خۆیشی حیزبی دەستەیەکی شۆڕشگێرو نەبەردو پێشڕەوی کۆمەڵگایە. ئەم دەستەیە خۆیان وەک بەشە زیندو و دڵسۆزو خوێندەوارو بیرکەرەوەکەی کۆمەڵگا دەناسێنن، بۆیە کاتێک دەسەڵات وەردەگرن، ئیتر ناڕۆن و بەشێوازی جیاواز خۆیان دەسەپێنن و لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە. «حیزبی قائید» تەنها خۆی بە پێشرەوی کۆمەڵگاو بە نوێنەری ئەمڕۆکەی کۆمەڵگاکە نازانێت، بەڵکو نوێنەرایەتی خەون و ئامانج و ئایندەی کۆمەڵگاکەش داگیردەکات. خۆی بە نوێنەری خواست و ویستی ئەو نەوانەش دەزانێت کە هێشتا لەدایکنەبوون. هەرچییەکیش ئەوان وتیان و بەرگریان لێکرد، دەبێت هەم ئەوانەی ئێستا لەژیاندان و هەم ئەوانەی هێشتا لەدایکنەبوون، وەک هەقیقەتێکی رەها وەریبگرن. ئەوەی شوێنی لەسەر وەستانە، ئەم مۆدێلە لە پارتی سیاسیی لەو ساتەدا کە بەناوی خەڵک و میلەت و نەتەوەو دین و ئێستاو ئایندەوە قسەدەکات، هاوکات بڕیار لەسەر شێوازی حومکڕانەیەکە لە ژووری داخراو و بارەگای تایبەت و کۆبوونەوە خێزانییە داخراوەکاندا، ئەنجامئەدرێت. ئەوەی غائیبە دەزگایە بە مانای دەزگا، عەقڵیەت و بەهاو یاسای دەزگاییە کە لەژێر سێبەری دۆخی سایکۆلۆژی کەسە خاوەن دەسەڵاتەکانی ناو خێزانە سیاسییەکاندا کارنەکەن. ئەوەی ئەنجامئەدرێت سڕینەوەی  کۆی تواناو سێنتەرەکانی هێزو لێپرسینەوەیە، لە دەرەوەی بازنە تەسکە خێزانییە داخراوەکاندا. لەسەرێکی دیکەوە دۆخی «حیزبی قائید» دۆخی غیابی تەواوەتی ئۆپۆزیسیۆنە. ئۆپۆزیسیۆنێکی راستەقینە کە دیدگایەکی بۆ دەسەڵات و حومکڕانیی هەبێت جیاوازو لە دەرەوەی حوکمی بنەماڵە سیاسییەکاندا، ئۆپۆزسیۆنێک سیاسەت بداتەوە بە کۆمەڵگا خۆی و تاکەکەسەکان وەک بوونەوەری سیاسیی دروستبکاتەوە. ئۆپۆزیسیۆنێک لە هەوڵی بەرهەمێنانی کایەیەکی سیاسیی و ئابوریی و سوپایی تازەدابێت و بەرامبەر بە هەر خاڵێکی دەسەڵات خاڵێکی چاودێریکردن دروست و سەروەر بکات. بێگومان چاودێریکردن کاتێک مانای هەیە کە دەزگایی و یاسایی بێت. دەزگای تایبەت هەبێت کاری سەرەکیی چاودێریکردنی دەسەڵات و دەسەڵاتداران بێت، یاسا هەبێت دەسەڵات بەرامبەر بە هەڵەکانی و بەرامبەر بە توانای خراپبەکارهێنانی، بەرپرس و تاوانبار بکات. مەبەست لە چاودێریکردنی دەسەڵات  تەنها رێگرتن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و ئەنجامدانی گەندەڵیی، نییە، بەڵکو رێگەگرتنیشە لەوەی دەسەڵات بۆ ماوەی درێژ، یان بۆ هەمیشە، لە دەستی خێزان و بنەماڵە، یان کەمینیەکی بچوکدا کۆبکرێتەوەو لەم ڕەگایەوە هەموو کایە سیاسییەکە مۆنۆپۆڵبکرێت. لەم ئاستەدا مەسەلەی چاودێریکردنی دەسەڵات و رەخنەکردنی خراپبەکارهێنانەکانی، لەوە رزگاری دەبێت، تەنها کاری کۆمەڵەک ڕۆشنبیرو چالاکەوان و هەندێک دەزگای کۆمەڵگای مەدەنیی بێت، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە میکانیزمەکانی کارکردنی دەسەڵاتدارێتییەکە خۆی، لەناو عەقڵیەت و شێوازی حوکمڕانییەکە خۆیدا ئامادەدەبێت. وەک وتم تێزی «پارتی سەرکردە» لە بنەرەتدا تێزێکی چەپڕەوانەیەو لە کەلەپوری لینینیزمەوە هاتوە، باس لە رۆڵی نوخبەیەکی پێشرەو لە گۆڕانکاریی کۆمەڵگادا دەکات، بەڵام ئەم تێزە لە کۆمەڵگای ئێمەدا سەری کراوە بەناو عەقڵیەت و سایکۆلۆژیای «تەوریسی سیاسیی»دا. پارتی سەرکردە مانای دەسەڵات سەرەتا بۆ «باوک»ە سیاسییەکانی ناو خێزانە سیاسییەکان، دوای ئەوانیش بۆ «منداڵە» سیاسیی و ناسیاسییەکانی هەمان خێزان و بنەماڵە.    


درەو: بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا بەغداد پارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت كە بڕەكەی زیاتر لە (900) ملیار دینارە. لەدوای رێككەوتنی نێوان وەفدی هەرێم و بەغداد، پێنجشەممەی رابردوو ئومێد سەباح سەرۆكی وەفدی هەرێم رایگەیاند لە زووترین كاتدا بەغداد تەمویلی هەرێمی كوردستان دەنێرێت و دەستبەدابەشكردنی موچە دەكرێت، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا بەغداد بڕێك پارە بنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان. بە پێی لبێكدانەوەكان ئەو بڕەی بەغداد بۆ موچەی دەنێرێت، مانگانە (775) ملیار دینار بۆ موچەخۆران و (112) ملیار دینار بۆ خانەنشینان و (19) ملیار دینارە بۆ پێشمەرگە، كە دەكاتە (906) ملیار دینار. كۆی موچەی مانگانەی موچەخۆرانی هەرێم كە ( ملیۆنێك و 255) هەزار موچەخۆرە بڕی(912) ملیار دیناری پێویستە، كە مانگانە (462) ملیار دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی مەدەنییە بەرێژەی (51%) و  (450) ملیار دیناری بۆ موچەی موچەخۆرانی سەربازیییە بەرێژەی (49%)،، كە ژمارەی هێزە ئەمنییەكان (433) هەزار كەسە بە (پێشمەرگە، ناوخۆ، ئاسایش، خانەنشینی سەربازی). بە پێی یاسای بودجەی عێراق و خاڵی دووەمی رێككەوتنی نێوان وەفدی هەرێم و بەغداد، هەرێمی كوردستان سەرەڕای نەوتەكەی دەبێت تەواوی داهاتە نانەوتییەكانیش رادەستی بەغداد بكات پشتبەست بە( یاسای ئیدارەی مالی)، لەبەرامبەردا بەغداد شایستەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت لەگەڵ گەڕانەوەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان كە بەنزیكەی (65) ملیار دیاری كراوە بۆ هەرێم. 🔸ئەو پارەیەی بڕیارە لە بەغدادەوە بێت: 🔹بۆ موچەی فەرمانبەران ساڵانە ( 9 ترلیۆن و 300 ملیار دینار) مانگانە دەكاتە (775) ملیار دینار. 🔹بۆ موچەی خانەنشینی، ساڵانە ( ترلیۆنێك و 346 ملیار) دینار، مانگانە دەكاتە (112 ) ملیار دینار. 🔹بۆ موچەی پێشمەرگە، ساڵانە (228) ملیار دینار، مانگانە دەكاتە (19 ملیار) دینار. 🔹كۆی گشتی ئەو پارەیەی بڕیارە لە بەغدادەوە بێت ساڵانە (10 ترلیۆن و 874 ملیار) دینارەو مانگانە دەكاتە (906) ملیار دینار. 🔸لەبەرامبەردا پابەندییەكانی هەرێم: 🔹هەرێم رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ دەكات كە داهاتەكەی بە (ترلیۆنێك و 92 ملیار) دینار خەمڵێندراوە. 🔹رادەستكردنی (100%) داهاتی نانەوتی و گەڕانەوەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بۆ هەرێم كە داهاتی دەروازە سنورییەكان بە (130) ملیار دینار خەمڵێندراوە، واتا (65) ملیار دینار بۆ هەرێم دەگەڕێندرێتەوە 🔸پێویستی هەرێم بۆ موچەی موچەخۆران: ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ( ملیۆنێك و 255 هەزارو 273) كەسە، موچەی مانگەیان (912 ) ملیار دینارە،  ئەو ژمارەیە دابەش بووە بەسەر دوو بەشدا: 🔹فەرمانبەران: 752 هەزارو 959 فەرمانبەری فیعلی كە 60%ی كۆی موچەخۆران پێكدێنن 🔹خانەنشینی و شەهیدان و كۆمەڵایەتی: 502 هەزارو 364 كەسە رێژەی 40%ی موچەخۆران پێكدێنن 🔸فەرمانبەران پێكهاتووە لە : 🔹مەدەنی : 430 هەزارو 231   🔹سەربازی: 217 هەزارو 979 🔹 پۆلیس و ئاساییش:: 104 هەزارو 699 🔹كۆی گشتی: 752 هەزارو 959 كۆی موچەی مانگانەیان  نزیكەی (730 ملیار) دینارە بەرێژەی (80%) 🔸خانەنشینی و شەهیدان و كۆمەڵایەتی: 🔹خانەنشینی ( سەربازی و مەدەنی): 246 هەزارو 269 🔹كۆمەڵایەتی: 159 هەزارو 159 🔹شەهیدان: 96 هەزارو 937 🔹كۆی گشتی: ( 502 هەزارو 364 هەزار) كۆی موچەی مانگانەیان نزیكەی (182 ملیار) دینارە بەرێژەی (20%) 🔸ژمارەی هێزە ئەمنییەكان 🔹پێشمەرگەو ناوخۆ: 217 هەزارو 979 كەس 🔹 پۆلیس و ئاساییش:: 104 هەزارو 699 كەس 🔹 خانەنشینی سەربازی: 110 هەزارو 729 كەس كۆی گشتی هێزی سەربازی: 433 هەزارو 407 كەس 🔸موچەی مانگانەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان: 🔹وەزارەتی ناوخۆ : 178 ملیار و 489 ملیۆن دینار 🔹وەزارەتی پێشمەرگە: 133 ملیار و 61 ملیۆن دینار 🔹ئەنجومەنی ئاساییش و دەزگا: 62 ملیارو 997 ملیۆن دینار 🔹خانەنشینی سەربازی: 75ملیار و 630 ملیۆن دینار 🔹كۆی گشتی: (450 ملیارو 177 ملیۆن) دینارە، دەكاتە 49%ی كۆی موچەی موچەخۆران كە بۆ مانگێك (912 ملیار) دینارە 🔹 بۆ كۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لای بەغداد بە (682) هەزار فەرمانبەر دیاریكراوە،  مانگانە (775) ملیار دینار دیاریكراوە، لە كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم (85%) دەكات. 🔹بۆ كۆی موچەی خانەنشینان كە (246) هەزار خانەنشین هەیە (سەربازی و مەدەنی) لە هەرێم، مانگانە (112) ملیار دیناری لە بەغدادەوە تەرخانكراوە كە هەرێم مانگانە پێویستی بە (116) ملیار دینارە، واتا (96%)ی كۆی موچەی خانەنشینانە. 🔹بۆ كۆی موچەی پێشمەرگە كە لە هەرێم (120) هەزارە، مانگانە (19) ملیار دینار دیاریكراوە كە مانگانە پێویستی بە (133) ملیار دینارە، واتا (19) ملیاری بەغداد دەكاتە رێژەی(14%)ی كۆی موچەی پێشمەرگەیە، بە  (31) ملیاری هاوپەیمانانەوە دەكاتە مانگانە (50) ملیار دینار بۆ پێشمەرگە رێژەی (38%)ی كۆی موچەی پێشمەرگەیە. بەو پێیە لە كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم كە (912) ملیارە، (112) ملیاری خانەنشینی و (19) ملیار دیناری پێشمەرگەی لێدەربكرێت، كە دەكاتە (131) ملیار دینار، ئەوەی دەمێنێتەوە (781) ملیار دینارە، ئەوەی بەغداد دەینێرێت (775) ملیار دینارە، واتا تەنیا (6) ملیار دیناری كەمترە لە كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.    


(درەو):  بزوتنەوەی گۆڕان ئۆفەری هاوپەیمانێتیی لەلایەن پارتی‌و یەكێتی‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و لاهور شێخ جەنگییەوە پێگەیشتووە، بەڵام هێشتا خۆی یەكلانەكردوەتەوە، 30 ئەم مانگە وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆتایی دێت، ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاری خۆی لەوبارەیەوە ئامادە دەكات.  جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، راسپاردەی خۆی لەبارەی یەك لیستی لایەنە كوردییەكان لە كەركوك‌و ناوچەكانی ماددەی 140ی ئاڕاستەی جڤاتی نیشتمانی كرد. جڤاتی نیشتمانی كە باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ كۆدەبێتەوە‌و بڕیاری خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئامادە دەكات.  جڤاتی گشتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا وەكو ئەنجومەنی پیرانە، جڤاتی نیشمانیش ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی بزوتنەوەكەیە، كۆبونەوەی ئەم دوو ئۆرگانەی گۆڕان لەكاتێكدایە بڕیاری ئەم هەفتەیە جارێكی تر مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان‌و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆببنەوە.  پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ بڕیارێك لەبارەی یەك لیستی لە ناوچە جێناكۆكەكان نەدات‌و چاوەڕوانی دەرەنجامی كۆبونەوەكەی پارتی‌و یەكێتیی بێت.  چڕبونەوەی كۆبونەوەی حزبەكان لەكاتێكدایە، رۆژی 30ی ئەم مانگە وادەی تۆماركردنی ناوی لیست‌و هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كۆتایی دێت‌و لایەنە كوردییەكان هێشتا نەگەیشتونەتە هیچ رێككەوتنێك.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن پارتی‌و یەكێتیی‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و لاهور شێخ جەنگییەوە دەستپێشخەریی پێگەیشتووە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەڵام گۆڕان خوازیارە لە هاوپەیمانێتییەكدا بەشدار بێت كە پارتی‌و یەكێتیی تێدا بن، نەك هەریەكەیان لە بەرەیەك بن.  بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا بەشدارەو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیە، لە حكومەتی خۆجێی سلێمانیش هاوبەشی یەكێتیی‌و نایەوێت بۆ هەڵبژاردن بكەوێتە بەرامبەر هیچ یەكێك لەم دوو حزبە سەرەكییەوە، بەهۆی دابەزینی ئاستی جەماوەریشەوە، نایەوێت بە تەنیا بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە.    


(درەو): ئەم هەفتەیە مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتیی بۆ جاری سێیەم كۆدەبنەوە، ئەمجارەیان مەكتەبی سیاسی پارتی دەچێتە سلێمانی‌و پرسی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان‌و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە دەبێت.  بەپێی هەواڵێك كە سایتی (كوردستان 24)ی نزیك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەزاری سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی پارتییەوە بڵاویكردوەتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بروسكەیەكی بۆ مەكتەبی سیاسی  پارتی ناردووەو تێیدا داوای كۆبوونەوەی كردووە‌و پارتی وەڵامی بروسكەكەی داوەتەوەو ئامادەیی خۆی بۆ كۆبوونەوە دەربڕیوە. رۆژی 18ی ئەم مانگە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نوسراوی فەرمی وەڵامی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی دایەوە، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 18ی شوباتی 2024دا.  لەسەر ئەم بنەمایە، سەرۆكایەتیی هەرێم لە گفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان‌و دەیەوێت مەرسومێك دەربكات‌و رۆژی 25ی شوبات وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكات، بەڵام هێشتا ئەو مەرسومەی دەرنەكردووە.  رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەدەچێت، ئەم هەڵبژاردنە پارێزگاكانی كوردستان ناگرێتەوە، پارتی‌و یەكێتیی بەجیا سەرقاڵی دانوستانن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تر بەمەبەستی پێكهێنانی لیستی هاوبەش‌و هاوپەیمانێتی لەناوچە جێناكۆكەكان.  رۆژی 30ی ئەم مانگە دواین وادەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنە بۆ وەرگرتنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان، هێشتا لایەنە كوردییەكان هیچ هاوپەیمانێتییەكان بۆ كەركوك‌و ناوچەكانی تر رانەگەیاندووە، ئەمەش بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتییەوە.   بەر لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتن یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەنەوە‌و شێوازی هەڵبژاردن لە یەك بازنەییەوە بگۆڕن بە فرەبازنەیی (4 بازنەی هەڵبژاردن)، لەسەر كورسی كۆتای پێكهاتەكانیش پارتی قایل بوو بەوەی لە كۆی (11) كورسی (3) كورسی تەرخان بكات بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی، بەڵام ئەم رێككەوتنە لە پەرلەمان پەسەندنەكراو یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكرایەوە، بۆیە هەڵبژاردنی داهاتوو بە یاسا كۆنەكە بەڕێوەدەچێت‌و كورستان یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێت‌و كورسی پێكهاتەكانیش هەر لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەمێنێتەوە، ئەمە ئەو شتەیە كە دڵخوازی یەكێتیی نییە‌و رەنگە گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.  لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشەوە، یەكێتیی كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستداوە، دەیەوێت لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ پارتی سەرلەنوێ ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، بەڵام پارتی كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە گوتاری میدیایی خۆی لەسەر بە "خیانەتكار"ناساندنی یەكێتیی لە كەركوك هەڵچنیوەو دەیەوێت لەم رێگەیەوە لە پێگە مێژووییەكەی یەكێتیی بدات لە كەركوك، بەئاسانی ئامادە نییە رێككەوتن بكات بۆ رادەستكردنەوەی پۆستەكە بە یەكێتیی. لە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا، پارتی قایل بوو بەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بە یەكێتیی بداتەوە، ئەمەشی لەسەر كاغەرێك ئیمزا كرد، بەڵام دواتر بەڵێنەكەی نەبردەسەر‌و پەرلەمانی عێراق ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندەوە، یەكێتیی چانسی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری لەرێگەی دەنگدانی ئەنجومەنەوە لەدەستدا.    


درەو: کارکردن لە کێڵگەی نەوتی (چیا سورخ) لە گەرمیان رادەگیرێت، کۆمپانیای (پێت ئۆیڵ) کارمەندەکانی ئاگادار کردوەتەوە نەگەڕێنەوە بۆ کارکردن، حكومەتی هەرێم پارەی كۆمپانیاكەی نەداوە. سەردار محەمەد، بەڕێوبەری ناحیەی قۆرەتو لە گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی راگەیاندووە: کۆمپانیاکە بەفەرمی لە سەری مانگەوە (١ـی ئاب) کارەکانی رادەگرێت، بەهۆی خەرج نەکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکە، سەرجەم کرێکارەکان تەنها ژمارەیەکی کەم نەبێت ئاگادار کراونەتەوە نەگەڕێنەوە بۆ کارکردن لەو وادەیەوە، چونکە بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی کۆمپانیاکە رادەگیرێت . یەكێك لەو كرێكارانەی لەو كێلگەیە كاردەكات بە رادیۆی دەنگی وتووە:  ئەمڕۆ ئیزن دراوین و کۆمپانیاکە پێی وتوین لە سەری مانگەوە مەیەنەوە بۆ دەوام.   بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، بەرهەمی نەوتی ئەو کێڵگەیە دەدرێتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و رەوانەی دەرەوە ناکرێت، هەربۆیە کاتێک بەهۆی داخستنی بۆڕیی نەوتی هەرێم لەلایەن تورکیاوە بەرهەمهێنانی نەوت لە سەرجەم کێڵگەکانی هەرێم راگیرا، لە چیاسورخ بەردەوام بو، بەڵام راگرتنی ئەمجارەی بەرهەمی کێڵگەکە پەیوەندیی بەوەوە هەیە حکومەت پارەی بەکۆمپانیای پیت ئۆیڵ نەداوە لەبەرامبەر کارکردنی لەم ماوەیەی پێشوی دا، ئەویش رەتیکردوەتەوە بەردەوام بێت لە کارکردن.   کێڵگەی نەوتی چیاسورخ ده‌كه‌وێته‌ سنوری ناحیه‌ی قۆره‌تو لە ئیدارەی گەرمیان‌، لەلایەن کۆمپانیای پیت ئۆیڵی تورکییەوە کاری بەرهەمهێنانی نەوتی تێدا دەکرێت، بەپێت زانیارییەکان بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە لەنێوان (١٥٠٠-٢٠٠٠) هەزار بەرمیل نەوت دابوە.  


(درەو): كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا هۆشداری دەدەن لەوەی، ئەگەر راوەستانی هەناردەی نەوت بەردەوام بێت، پیشەسازی نەوت لە هەرێم زیانی پێدەگات‌و رەنگە نەتوانن وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراقدا كوردستانی پێوە پابەندكراوە، رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنن.   كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە بە (APIKUR) ناسراوە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، چوار مانگ بەسەر داخستنی بۆریی عێراق-توركیا (ITP)دا تێدەپەڕێت. داخستنی بەردەوام كاریگەری بەرچاوی لەسەر وەبەرهێنانی بیانی لە كوردستان هەیە‌و داخستنی درێژخایەنیش هەڕەشە لە هەزاران هەلی كار لە هەرێم دەكات. ئەو كۆمپانیایانەی كە لە كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستاندا ئەندامن بریتین لە كۆمپانیاكانی (DNO- Genel Energy- Gulf Keystone Petroleum- HKN Energy - ShaMaran Petroleum). بەیاننامەكەیان باسلەوە دەكات، كۆمپانیاكان پلانەكانی خەرجكردنیان لە ناوچەكەدا بەنزیكەی 400 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2023دا كەمكردووەتەوە، سەرباری ئەمە پێداچوونەوە بۆ پلانی خەرجییەكانیان لە ساڵی 2024دا دەكەن.   كۆمەڵەكە دەڵێ:" بەبێ دڵنیابوون لەوەی كەی بۆری نەوتی عێراق- توركیا دەكرێتەوە، یان كەی پرۆسەی پارەدان بۆ هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێدەكاتەوە، كۆمپانیا ئەندامەكانمان ناچاربوون هەنگاو بنێن بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكانیان، ئەمەش بوەتە هۆی دەركردنی سەدان كارمەند".  كۆمەڵەكە هۆشداری دەدات لەوەی" ئەگەر پچڕانی بۆرییەكان بەردەوام بێت، ئەوا وەبەرهێنانی بیانی زیاتر كەمدەبێتەوە، ئەمەش لە بەرامبەردا هەلی كار زیاتر دەخاتە مەترسییەوەو توانای گەیاندنی پیشەسازیش بۆ پێشكەشكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەخاتە مەترسییەوە، كە بەگوێرەی یاسای بودجەی 2023 بۆ 2025ی عێراق داواكراوە". كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان بەناو كۆمپانیا بیانییەكانەوە بانگەواز لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە هەوڵەكانیان دوو هێندە بكەن بۆ چارەسەركردن راوەستانی هەناردەی نەوت لەكاتێكی گونجاودا.  دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس‌و یەكلابوونەوەی ئەو سكاڵایەی كە عێراق دژی بەكارهێنانی بۆرییەكانی نەوت لەسەر توركیای تۆماركردبوو، توركیا لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی كوردستانی راگرت، لەوكاتەوە تائێستا هەناردەی نەوتی كوردستان دەستی پێنەكردوەتەوە، ئەمە سەرباری رێككەوتنی هەردوو حكومەتی بەغدادو هەولێر بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردە.  سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، توركیا دەیەوێت عێراق لێخۆشبوونی بۆ بكات لەو (ملیارو 500 ملیۆن) دۆلارەی كە دادگای پاریس وەكو قەرەبوو بەسەریدا سەپاندووە.  یاسای بودجەی 2023ی عێراق كە تا 2025 كاری پێدەكرێت، چارەسەری بۆ ئەم دۆخە دۆزیوەتەوە‌و دەڵێ" ئەگەر نەتوانرا نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكرێت، ئەوا دەبێت هەرێم رۆژانە بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق بكات بەمەبەستی بەكارهێنانی لە ناوخۆدا".  بەپێی قسەی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەمدواییە هەرێم رۆژانە 50 بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق دەكات بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی.  سەرباری ئەمە، یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق نرخی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كوردستان بەو نرخە دیاریكردووە كە لە وەزارەتی نەوتی عێراق هەیە، ئەمەش هەرێمی كوردستان روبەڕووی كورتهێنان دەكاتەوە، چونكە نرخی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان زیاترە لە عێراق.  هەموو ئەمانە ئاڵنگارین لەبەردەم كاری كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان، دوێنێ هەردوو حكومەتی هەرێم‌و فیدراڵ رێككەوتنێكیان ئیمزا كرد، بەگوێرەی رێككەوتنەكە لەبەرامبەر پێدانی بەشە بودجە، هەرێمی كوردستان ناچار دەكات بەتەواوەتی پابەند بێت بە هەموو ماددەو بڕگەكانی تری یاسای بودجەوە.   


(درەو): حكومەتی هەرێم لە یاسای بودجەدا قایل بوو داهاتی نەوتەكەی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات، لە دانوستانی جێبەجێكردنی یاسای بودجەشدا داهاتە نانەوتییەكانی بەرێژەی 100% رادەستی بەغداد كرد.  ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق لەزاری سەرچاوەیەكی حكومییەوە ئاشكرایكرد، بەغدادو هەولێر ئیمزایان لەسەر رێككەوتنێك كردووە سەبارەت بە پابەندبوونی تەواوەتی بە جێبەجێكردنی دەقەكانی یاسای بوجەی گشتی، بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت حكومەتی هەرێم نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بكات.  سەرچاوە حكومییەكە دەڵێ:" ئەوەی لە ماددەی 12/دووەم/ج هاتووە جێبەجێ دەكرێت، حكومەتی هەرێم نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەكات‌و دواتر وەزارەتی دارایی عێراق قەرەبووی حكومەتی هەرێم دەكاتەوە لە خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی ئەو نەوتەی لە هەرێمی وەردەگرێت، بەپێی ئەوەی لە دەقی یاساكەدا هاتووە، بەگوێرەی خەرجی بەرهەمهێنان نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان ئەژماردەكرێت".  باسلەوە دەكات" بەگوێرەی رێككەوتنەكە، حكومەتی هەرێم هەموو داهاتە نانەوتییەكانی بەرێژەی 100% رادەستی بەغداد دەكات‌و دەخرێتە حسابی وەزارەتی دارایی عێراق لە بانكی ناوەندیی، ئەمەش بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی، دواتر وەزارەتی دارایی بەگوێرەی ماددەی 21/ دووەمی یاسای بودجە، هاوشێوەی پارێزگاكانی عێراق رێژەی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بۆ هەرێم دەگەڕێنێتەوە". "رێككەوتنەكە پێكهێنانی لیژنەیەك لە هەردوولا لەخۆدەگرێت بۆ چاودێركردنی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم‌و بەگوێرەی یاسای بودجە دەبێت لیژنەكە لەماوەی مانگێكدا كارەكانی تەواو بكات" سەرچاوەكە وا دەڵێ.  ئاماژە بەوە دەكات، بەپێی ماددەی 12/دووەم/ه لە یاسای بودجە، بەو مەرجە پارە بە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان   دەدرێت كە حكومەتی هەرێم بەردەوام بێت لە جێبەجێكردنی یاسای بودجە بەتایبەتی ماددەی 12/دووەم/ 1،ب،ج، د، بەگوێرەی ئەو میكانیزمەی رێككەوتنی لەسەر كراوە.   


(درەو): "هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە پێدانی پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان هاوشێوەی بەغداد، داهاتە نانەوتییەكانی دەخاتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم، تا ئەو كاتەی هەرێم پابەند دەبێت بە رێككەوتنەكەو بەغداد بە پێی یاسای بودجە تەمویلی هەرێم دەكات" ئەمە بەشێكە لە خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد كە لەلایەن د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و كازم حەسەنی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراقه‌وه‌ ئیمزای له‌سه‌ر كراوه‌. شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، لەگەڵ شاندی حكومەتی ئیتیحادی كۆبووه‌ته‌وە سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای بودجه،‌ بەمەبەستی ناردنی شایستە داراییە‌كانی هەرێمی كوردستان، لە دەرئەنجامی كۆبوونەوەكە هەردوولا گەیشتنە رێككەوتن و كۆنوسێكی هاوبەش لەنێوان هەردوو شاندەكە واژۆ كرا. بەپێی زانیارییه‌كانی (درەو)، بە ئامادەیی د. فوئاد حسێن یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و كازم حەسەنی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابوری رێككه‌وتنه‌كه‌یان ئیمزاكردووه‌.   (درەو) زانیویه‌تی، رێككەوتنەكەی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ لە (5) خاڵ پێكهاتووە ككه‌ ئه‌مانه‌ن:  یەكەم؛ حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند كراوە، پارەی ئەو كۆمپانیا نەوتیانە بدات كە لە كه‌رتی نەوتی هەرێم كار دەكەن، لەسەر بنەمای ئەو نرخەی كە نەوتی عێراقی پێ بەرهەمدەهێندرێت و  كۆمپانیا نەوتییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق كاری پێدەكەن. دووه‌م؛ هەرێمی كوردستان داهاتە نا نەوتییەكانی دەخاتە هەژمارێكی وەزارەتی دارایی عێراق، لەگەڵ ئەوەی وەفدی هەرێمی كوردستان لێكدانەوەی تریان هەیە بۆ ئەو بابەتەو دەیانەوێت تەنیا 50%)ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان لە هەرێم رادەستبكەن. سێیه‌م؛ دوای ئەوەی هەرێم داهاتە نانەوتییەكانی رادەستكرد، وەزارەتی دارایی عێراق، 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم. چواره‌م؛ لیژنەیەكی هاوبەش پێكدەهێنرێت بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم، بۆ ئەوەی بزانرێت، چەند لەو داهاتە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق و چەندی بۆ هەرێم بگەڕێندرێتەوە. پێنجه‌م؛ كاتێك هەرێم پابەند دەبێت بەو خاڵانەی سەرەوە، وەزارەتی دارایی عێراق هەڵدەسێت بە تەمویلكردنی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی ٢٠٢٣، تا ئەو كاتەی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پاندبوونی بەو خاڵانە.    


شیكاری: درەو پشت بەست بە دواین هەڵبژارنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکوک؛ کورد بە یەکڕیزی لە کەرکوک براوەی یەکەم دەبێت بە مسۆگەر کردنی (6) کورسی، پێکهاتەی عەرەب (4) کورسی و تروکمانیش (2) کورسی بەدەستدەهێنێت و (3) کورسیش بە خۆڵەمێشی دەمێنێتەوە و بێگومان کورد پشکی تێیدا دەبێت. بە پەرتەوازەییش لایەنە کوردییەکان، کوتلەی گەورەی نێو ئەنجومەن لەدەست دەدەن، بەپێی یاسای هەڵبژاردن پۆستی پارێزگار بۆ ماوەیەکی نادیار و درێژ لە لایەک و ئومێدی پێکهاتەی کوردیش لە کەرکوک دەدۆڕێنن. یەکەم؛ پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی یاسای هەڵبژاردندا ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، لە كۆتایی (2019)دا بەپێی هەمواری دوەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەلایەن پەرلەمانەوە كۆتایی بە كارەكانیان هێنرا، وەک بەشێک لە وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەوكاتی بەغدا و چەند پارێزگایەكی دیكە. لەو کات بەدواوە بەردەوام هەوڵ هەبووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق. دواجار پەرلەمانی عێراق لە )27ی ئازاری 2023) بە زۆرینەی دەنگ هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان و قەزاكانی پەسەند كرد، بەپێی ئەو هەموارە، تەنیا یاسایەک بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەرکاردەبێت، ئەویش یاسای ژمارە (12) ی ساڵی (2018)ی هەموارکراو دەبێت. هەموارەكە چەندین گۆڕانكاری لە هەردوو هەڵبژاردنەكەدا كردووە، بە تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا كە بۆ (10) ساڵ دەچێت لە عێراق ئەنجام نەدراوە، لە پارێزگای کەرکوکیش (18) ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوە نەچووە، بەشێكی گۆڕانكارییەكان لە نێو یاساکە پەیوەستن بە ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، تۆماری دەنگدان و دەنگدانی ئاوارە لە كەركوك. لە ماددەی (5) ی هەمواری یاساكەدا هاتووە؛ "ئەنجومەنی وەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وادەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەئەمساڵدا دیاریدەكات، كە ئەو وادەیە لە 20ی كانونی یەكەمی 2023 تێنەپەڕێت". لە سەر بنەمای ئەو دەقە یاساییە رۆژی (20/6/2023)دا نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە؛ "ئەنجومەنی وەزیران ڕۆژی (18ی کانونی یەکەمی 2023)ی وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دیاریکردوە". ئەوەشی تایبەتە بە پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ماددەی (35)ی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی (2018) هەڵوەشێنراوەتەوەو چەند بڕگەیەكی یاسایی جێگەی گرتووەتەوە. لە بڕگەی یەكەمی ماددەی (13)ی هەموارەكەدا هاتووە؛ "كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە هەماهەنگی وەزارەتەكانی (ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی و پلاندانان) لەگەڵ نوێنەرانی هەموو پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانی پارێزگای كەركوك لە پەرلەمان وردبینی بۆ تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاكە دەكات لەسەر چەند بنەمایەك". بەپێی بنەمای یەكەمی وردبینییەكە؛ ئەو هاوڵاتیانەی لەچوارچێوەی سەرژمێری ساڵی (1957) تۆماركراون، جگە لە هاوڵاتیانی ناحیەکانی (زاب و سەرگەڕان)، ناویان لەتۆماری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەبێت كە لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان پشتی پێدەبەسترێت. لە بنەمای دوەمدا هاتووە؛ ئەو هاوڵاتییانەی راگوێزرابون و گەڕاونەتەوە و رێكارەكانی لیژنەی تایبەت بە ماددەی (140)ی دەستوریان تێپەڕاندووە یان رێكارەكانی ئەو لیژنەیە تێدەپەڕێنن، ئەوا ناویان لە تۆماری دەنگداندا دەبێت. هەروەها بنەمای سێیەمی وردبینی تۆماری دەنگدەران باس لەوە دەكات؛ هاوڵاتیانی نیشتەجێبی پارێزگای كەركوك كە لەڕێی كۆبۆنی خۆراك پێش ساڵی (2003)ەوە دەتوانن نیشتەجێبونیان لە سنورەكەدا بسەلمێنن، مافی دەنگدانیان دەبێت. بڕگەی دووەمی ماددەی (13)ی پەیوەست بە كەركوك لە هەموارەكەدا هاتووە؛ "ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابنە بنەمای یاسایی و ئیداری په‌یوه‌ست به‌ دیاریكردنی داهاتووی كه‌ركوك". ته‌واوی پارێزگای كه‌ركوك، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسیشی له‌ چوارچێوه‌ی مادده‌ی (140)ی ده‌ستوردایه‌ له‌رێی سێ قۆناغی ئاساییكردنه‌وه‌، سه‌رژمێری و راپرسی. لە بڕگەیەكی دیكەی یاسای هەڵبژاردندا هاتووە كە حوكمەكانی ماددەی (13)ی تایبەت بە كەركوك تەنیا بۆ یەك خولی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانە. بەپێی بڕگەی چوارەم و كۆتایی ئەو ماددەیە؛ "دەسەڵات بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت. كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان". ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر لە ماددەی (35)ی هەمواركراوی یاساكەدا كە ئێستا هەڵوەشێنراوەتەوە، دەبوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا رێكارێك دابنێت بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌ باڵاكانی كه‌ركوك، به‌ده‌ر له‌ پۆسته‌ فیدراڵییه‌كان، بە رەچاوكردنی پشكی نه‌ته‌وه‌كان. پارێزگای كەركوك، لە دوای ساڵی (2003)ەوە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵه‌بانی، سكرتێری ئەوکاتی یەكێتیی پۆستەكانی لەسەدا (32) بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب ‌و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان، به‌ڵام چەند ساڵێكە ناكۆكی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش هه‌یه. هەروەها هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان، زنجیرەیەك گۆڕانكاری دەربارەی دەنگدانی ئاوارە ناوخۆییەكانی ناو كەمپ و دەرەوەی جێگیركردووە، لە ماددەی (3)دا هاتووە؛ "ئاوارە ئەو عێراقییەیە كە لە دوای (9 ی كانونی یەكەمی 2013) لە شوێنی هەمیشەیی خۆیەوە بۆ شوێنێكی دیكەی ناو وڵات ئاوارە بووە". بەپێی ماددەی (16)ی هەموارەكە، ماددەی (47)ی یاسای ژمارە (12)ی (2018) هەڵدەوەشێنرێتەوە و چەند بڕگەیەكی دیكە جێگەی دەگرێتەوە، لە بڕیەكیاندا هاتووە كە؛ "تۆماری دەنگدەرانی ئاوارە پشت بە دوایین ئاماری رەسمی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران دەبەستێت و ئاوارەی ناو كەمپ، مافی ئەوەی هەیە لە كەمپەكەوە دەنگ بۆ دائیرەی هەڵبژاردنی زێدی خۆی بدات". لە هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا؛ "كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا زیاتر لە نیوەی نامێنێت بەراورد بە پێشتر، بەڵام ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان و دابەشكارییان بەپێی پارێزگاكان، وەك خۆی دەمێنێتەوە. بەپێی بڕگەی دوەم لە ماددەی (9) ی هەموارە نوێیەكە؛ "ئەنجومەنی پارێزگا لە 12 كورسی پێكدێت، بۆ هەر 200 هەزار كەسێك كورسییەكی دیكە زیاد دەكرێت كاتێك ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكە لە ملیۆنێك كەس تێپەڕێت، ئەوەش پاڵپشت بە ئاماری وەزارەتی پلاندانان بۆ ساڵی 2019". لەو دابەشكارییەدا ئەنجومەنی پارێزگای كه‌ركوك دەبێتە (16) كورسی، كە كورسییەكی بۆ كۆتای كریستیانە، ئه‌وه‌ش به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ زیاتر له‌ (ملیۆنێك و 600 هه‌زار) كه‌س، لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنی (2005) ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە (41) کورسی پێکهاتبوو. بەپێی ماددەی (19)ی هەموارەكە هیچ پەرلەمانتار یان ئەندامێكی ئەنجومەن یان حزب یاخود كوتلەی براوەی هەڵبژاردن ناتوانێت بگوازێتەوە بۆ هاوپەیمانی یان حزب یاخود كوتلەی دیكە تا دوای پێكهێنانی حكومەت یان هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەكانی. هەر پارێزگایەك یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێت، بەپێی ماددەی (12) لە یاسا هەموارەكە، كە لە هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەماندا هەر پارێزگایەك كرابوو بە چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن. بەپێی ماددەی (7)ی هەموارەكە لەمەودوا یەكلاكردنەوەی كورسییەكانی هەڵبژاردن و دابەشكاری دەنگەكان بەپێی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو (1.7 – 3 – 5 - 7 – 9 .....هتد) دەبێت. دووەم؛ بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە نێوان یەکڕیزی پەرتەوازەییدا لەبەر رۆشنایی ئەو چوارچێوە یاساییەی لە بەشی پێشتردا ئاماژەمان پێدا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بە تایبەتیش لە پارێزگای کەرکوک لە دۆخێکی تەواو جیاوازدا بەڕێوە دەچێت، بەتایبەتیش ئەم هەڵبژاردنە بۆ پێکهاتەی کورد لە کەرکوک چارەنوسسازەو بۆ بەشداریکردنیش لەبەردەم چەند ئەگەرێکدایە و هەر ئەگەرێکیش لێکەوتەی خۆی هەیە بۆ پێکهاتەی کورد لە کەرکوک، کە لەم بەشەدا لەسەر بنەمای دەنگی پێکهاتە و لایەنەکانی بەشدار لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو، لەو پارێزگایە لێکدەدەینەوە. 1.    پێگەی پێکهاتەکان لەسەر بنەمای یەکڕیزیان لە پارێزگای کەرکوک بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکوک کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو _ کە پارێزگاکە لە سێ بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو وردەکاری ئەنجامە پەسەند کراوەکە هاوپێچی ئەم ڕاپۆرتەیە_ لە سەر ئاستی هەرسێ بازنەکەی هەڵبژاردن (409 هەزار و 494) دەنگی ڕاستەقینە بەدەستهاتووە، بەجۆرێک؛ پێکهاتەی کورد زۆرینەی دەنگەکانی پارێزگاکەی بردووەتەوە بە (160 هەزار و 370) دەنگ، پێکهاتەی عەرەب بە پلەی دووەم دێت بە (120 هەزار و 672) دەنگ و پێکهاتەی تروکمان پلەی سێیەمی هەیە بە (45 هەزار و 773) دەنگی و سەربەخۆکانیش (82 هەزار و 679) دەنگیان بەدەستهێناوە (لێرەدا بە دەنگی خۆڵەمێشی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین). بڕوانە خشتەی ژمارە (1).   ئەگەر پێکهاتەکان (کورد، عەرەب و تروکمان) هەر یەکەو بە لیستێکی سەربەخۆ و بەیەکڕیزی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکەن، بەپێی ماددەی (7)ی هەموارەكە یەكلاكردنەوەی كورسییەكانی هەڵبژاردن و دابەشكاری دەنگەكان بەپێی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو (1.7 – 3 – 5 - 7 – 9 .....) پەیڕەو بکرێت. ئەوا پێکهاتەی کورد (6) کورسی مسۆگەر دەکات و پێکهاتەی عەرەب (4) کورسی و تروکمان (2) کورسی و (3) کورسیش بە خۆڵەمێشی دەمێنێتەوە و بێگومان کورد پشکی تێیدا دەبێت وەک لە گریمانەی یەکەم ڕونکراوەتەوە. گریمانەی یەکەم 2.    پێگەی پێکهاتەکان لەسەر بنەمای پەرتەوازەیی کورد لە پارێزگای کەرکوک تا ئێستا لایەنە کوردییەکانی پارێزگای کەرکوک نەگەیشتوون بە هیچ هاوپەیمانێتی یاخود لیستێکی هاوبەشی پێکهاتەی کورد، لە ناوچە جێناکۆکەکان، بە تایبەتیش لە پارێزگای کەرکوک. بۆیە ئەگەر تا کاتی دەرگا داخستی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بەڕووی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان لیستی هاوبەشی کورد تۆمار نەکرێت، ئەوا ئەم بژاردەیە بۆ پێکهاتەی کورد نزیک دەبێتەوە لە بەدیهانتی. پاڵپشت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکوک کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو، لە سەر ئاستی هەرسێ بازنەکەی هەڵبژاردن (409 هەزار و 494) دەنگی ڕاستەقینە بەدەستهاتووە، بەجۆرێک؛ پێکهاتەی کورد دەنگەکانی دابەشبووە بەسەر (یەکێتی (82 هەزار و 286) دەنگ، پارتی (49 هەزار و 538) دەنگ، نەوەی نوێ (25 هەزار و 391) دەنگ، بزوتنەوەی گۆڕان (2 هەزار و 481) دەنگ، سۆسیالست (425) دەنگ، زەحمەتکێشان (249) دەنگ و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی بەهۆی ئەوەی کاندیدیان نەبووە بۆیە هیچ دەنگێکیان بەدەست نەهێناوە)، پێکهاتەی عەرەب (120 هەزار و 672) دەنگ و پێکهاتەی تروکمان (45 هەزار و 773) دەنگی و سەربەخۆکانیش (82 هەزار و 679) دەنگیان بەدەستهێناوە (لێرەدا بە دەنگی خۆڵەمێشی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین). بڕوانە خشتەی ژمارە (2).   ئەگەر کورد بە پەرتەوازەیی و پێکهاتەکانی (عەرەب و تروکمان) هەر یەکەو بە لیستێکی سەربەخۆ و بەیەکڕیزی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکەن، بەپێی ماددەی (7)ی هەموارەكە یەكلاكردنەوەی كورسییەكانی هەڵبژاردن و دابەشكاری دەنگەكان بەپێی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو (1.7 – 3 – 5 - 7 – 9 .....) پەیڕەو بکرێت. یەکێتی (3) کورسی و پارتی (2) کورسی و نەوەی نوێ (1) کورسی بەدەستدەهێنێت و (بزوتنەوەی گۆڕان، سۆسیالست، زەحمەتکێشان و ئیسلامییەکان) هیچ کورسییەک نابەنەوەو پێکهاتەی عەرەب (4) کورسی و تروکمان (2) کورسی و (3) کورسیش بە خۆڵەمێشی دەمێنێتەوە وەک لە گریمانەی دووەمدا ڕونکراوەتەوە. گریمانەی دووەم ئەگەر لە دەرەنجامی گریمانەی دووەم (کە پەرتەوازەیی کورد) نیشان دەدات، ورد ببینەوە، ئەوا جیاوازی ئەوتۆ بەدیناکرێت لە گەڵ (یەکڕیزی کورد) لە ڕووی ژمارەی کورسییەوە، بۆ پێکهاتەکانی کەرکوک بە کورد و پێکهاتەکانی دیکەشەوە، بەڵام بۆ پێکهاتەی کورد دوو خاڵی هەرە لاواز ئەوە دەبێت کە؛ یەکەم؛ لاوازی لایەنە کوردییەکان دەردەخات بۆ گەیشتن بە لێکنزیکبوونەوەیەکی هاوبەش، بەتایبەت لە پرسێکی گرنگی نەتەوەیی و پەیوەست بە "خاک"، ئەگەری قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانیش زیاتر دەکات بە تایبەت لە ڕەنگدانەوەی دەبێت لە سەر دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیش، سەرباری ئەوەی جۆرێک لە بێهیوایی لای هاوڵاتیانی کورد لە پارێزگای کەرکوک دروست دەکات و دوور نییە ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی ڕێژەی بەشداری کورد لە هەڵبژاردن. دووەم؛ بەپێی ماددەی (19)ی هەموارەی یاساکە "هیچ پەرلەمانتار یان ئەندامێكی ئەنجومەن یان حزب یاخود كوتلەی براوەی هەڵبژاردن ناتوانێت بگوازێتەوە بۆ هاوپەیمانی یان حزب یاخود كوتلەی دیكە تا دوای پێكهێنانی حكومەت یان هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەكانی". ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی گەورەترین کوتلەی نێو ئەنجومەنی پارێزگا، کانیدی خۆی پێشکەش بکات بۆ پۆستی پارێزگار، بێگومان ئەو کوتلەیەش پێکهاتەی کوردی نابێت، ئەگەر کورد بە پەرتەوازەیی بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکات. هاوپێچەکان ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە پارێزگای کەرکوک -    ئەنجومەنی نوێنەران یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکانی ژمارە (12)ی ساڵی 2018ی لە (26/3/2023). -    کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021. https://ihec.iq/12986-2/ -    کەرکوک ناو، وردەكاری گۆڕانكارییەكانی یاسای هەڵبژاردن، (ڕاپۆرت)، 11/5/2023. https://kirkuknow.com/ku/news/69421 -    درەو میدیا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، (ڕاپۆرت)، 22/6/2023. https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=13180    


(درەو): لەسەر سكاڵای حاجی (كامیل)، دادگای سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ حاجی (عیرفان) دەركرد، ئەم دوو پیاوە هەردووكیان خۆیان بە رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەناسێنن، دادگا‌و فەرمانگەی حزبە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق هێشتا ئەم ناكۆكییەی یەكلانەكردوەتەوە. فەرمانی دەستگیركردن بۆ رابەری بزوتنەوە دادگای سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەركرد. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، فەرمانی دەستگیركردنەكە لەسەر سكاڵایەكە كە (كامیل حاجی عەلی)ی تۆماریكردووە، حاجی كامیل رۆژی 11ی ئایاری ئەمساڵ بەفەرمی خۆی وەكو رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی ناساند، ئیتر لێرەوە ناكۆكیی نێوان هەردوو حاجییەكە كەوتە قۆناغێكی نوێوە.  رۆژی 5ی شوباتی 2022 كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا تەنیا یەك كاندید هەبوو بۆ پۆستی رابەری گشتی كە ئەویش كامیل حاجی عەلی بوو، بەڵام بەهۆی ئەو سەقفەی بۆ دەنگی رابەر دانرابوو، وەكو رابەر دانەنراو حاجی (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) وەكو رابەری بزوتنەوەكە مایەوە. ئەم دۆخە ناكۆكییەكی نوێی لەناو بزوتنەوەدا دروستكرد، كامیل حاجی عەلی و لایەنگرەكانی ئەنجامی كۆنگرەكەیان رەتكردەوە، هەردوو تەرەفی ناكۆك كێشەكانیان بردە فەرمانگەو حزب و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كۆمسیۆن هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە لەبارەی ئەوەی كام یەكێك لەو دوو تەرەفە دەبێت بە خاوەنی ناوی (بزوتنەوەی ئیسلامی)، بەڵام ئێستا ئەم دوو تەرەفە دوو بزوتنەوەی ئیسلامییان دروستكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە جیابونەوەی تەواوەتی، كۆبونەوەیەك لەنێوان هەردوو حاجییەكەدا بەڕێوەچووە، لەم كۆبونەوەیەدا حاجی كامیل تەئكیدی كردوەتەوە كە باڵەكەی ئەو جیابونەوەی خۆیان رادەگەیەنن، ئیتر مشتومڕ دروستبووە، ئێستا حاجی كامیل بانگەشەی ئەوە دەكات لە كۆبونەوەكەدا حاجی عیرفان هەڕەشەی كوشتنی لێكردووە‌و بۆ ئەمەش لە دادگا سكاڵای تۆماركردووە.  سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان ده‌ڵێن، سكاڵا یاساییه‌كه‌ نوێ نییه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی حاجی عیرفان نه‌چووه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا، بۆیه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچووه‌. لەبارەی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە بزوتنەوەیەكی ئیسلامی كوردستان ساڵی 1987 لەلایەن مەلا (عوسمان عەبدولعەزیز) لە ئێران دامەزراوەو تا ئێستا (12) كۆنگرەی بەستووە. ئایاری 2001 عەلی باپیرو ژمارەیەك لەسەركردەكانی تری ئەم بزوتنەوەیە جیابونەوە‌و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیان راگەیاند كە ئێستا ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ (كۆمەڵی داگەریی كوردستان).  دوای كشانەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی بەعس لە هەرێمی كوردستان، یەكەم شەڕی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان ساڵی 1993 لەنێوان بزوتنەوەی ئیسلامی‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا روویدا، لەم شەڕەدا یەكێتی رابەری گشتی بزوتنەوە (عوسمان  عەبدولعەزیز)ی دەستگیركرد‌و دواتر لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئازادی كرد‌و بارزانی لە پیرمام پێشوازی لێكردن، لەچوارچێوەی هەوڵێكی ئێرانییەكاندا دوای یەكەمین شەڕی ناوخۆیی، بزوتنەوەی ئیسلامی‌و یەكێتی نیشتمانی كۆتاییان بە شەڕ هێناو رێككەوتنیان كرد، لەوكاتەوە تاوەكو ساڵی 2001 ناوچەی هەڵەبجە‌و خورماڵ‌و هەورامان بوو بە ناوچەی جێ هەژموونی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و لەو ساڵەدا لەچوارچێوەی شەڕی "دژ بە تیرۆر"دا، هێزەكانی ئەمریكا هێرشیان كردەسەر هەندێك گروپ كە لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوبونەوە، (عەلی عەبدولعەزیز) دووەم رابەری بزوتنەوەی ئیسلامیشیان دەستگیركرد، ئیتر لێرە بەدواوە بزوتنەوە ناوچەی هەژمون‌و هێزی چەكداری خۆی لەدەستدا‌و كۆمەڵی ئیسلامیشی لێ جیابووەوە.  رۆژی 11ی ئایاری ئەمساڵ، لایەنگرانی حاجی كامیل لە هۆڵی هونەر لە شاری سلێمانی ویستیان كۆنگرە رێكبخەن، بەڵام رێگەیان پێنەدرا سندوقی دەنگدان دابنێن، بۆیە لە باخچەی هۆڵی هونەردا بەشێوەی "بەیعەت"، حاجی كامیلیان وەكو رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی ناساند.  لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستاندا كە ساڵی 1992 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی لەژێر ناوی "لیستی ئیسلامی" بەشداریكرد‌و (49 هەزارو 108) دەنگی بەدەستهێنا، كە رێژەی 5%ی تێكڕای دەنگەكانی ئەو هەڵبژاردنەی پێكدەهێنا.  ساڵی 2009 لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستاندا ئەم بزوتنەوەیە (27 هەزارو 147) دەنگی بەدەستهێناو دوو كورسی پەرلەمانی بردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010ی پەرلەمانی عێراقدا ژمارەی دەنگەكانی كەمیكرد‌و تەنیا (7 هەزارو 481) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە.  ساڵی 2013 لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، بزوتنەوەی ئیسلامی (21 هەزارو 834) دەنگی بەدەستهێنا‌و یەك كورسی بردەوە.  بەپێی داتاكانی بەردەستی (درەو)، لە ساڵی 1992 بۆ 2013 دەنگی بزوتنەوە لە هەڵبژاردنەكاندا لە (49 هەزار) دەنگەوە بۆ (21 هەزار) دەنگ كەمیكردووە، واتە نزیكەی 50%ی دەنگەكانی خۆی لەدەستداوە. لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری كرد‌و هیچ یەكێك لە كاندیدەكانی سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، لەهەمان ساڵدا كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بایكۆتی هەڵبژاردنی كرد‌و بەشداری نەكرد. ده‌قی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنه‌كه‌:


(درەو):  ئەندامێكی لیژنەی نەوت‌و غاز لە پەرلەمانی عێراق باس لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵ دەكات سەبارەت بە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ.  عەلی سەعدون لامی ئەندامی لیژنەی نەوت‌و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، هیچ بەرەوپێشچوونێك لەبارەی یاسای نەوت‌و غازەوە نییە‌و ناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵ لەبارەی یاساكە بەردەوامە.  لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق، عەلی لامی دەڵێ:" دیارترین خاڵی ناكۆكی نێوان هەرێم‌و بەغداد بریتییە لە بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە، كورد داوا دەكەن هەرێم ئیدارەی ئەو كێڵگە نەوتییانە بدات".  بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارە، جگە لە بەڕێوەبردنی كێڵگەكانی نەوت، هەرێم‌و بەغداد لەبارەی میكانیزمی بەبازاڕخستنی نەوتەوە ناكۆكن، ئایا سۆمۆ بیفرۆشێت یان هەرێمی كوردستان، ئەمە جگە لە ناكۆكی سەبارەت بە داهاتەكانی نەوت.  "گفتوگۆو دانیشتن لەسەر مێز باشترین چارەسەرە بۆ لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونەكان، ئەندامانی لیژنەی نەوت لە پەرلەمان چاویان بە لەتیف رەشیدی سەرۆك كۆمارو محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران‌و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان كەوتووە، هەموویان پاڵپشتی خۆیان بۆ پەسەندكردنی یاسای نەوت‌و غاز دەربڕیوە بەمەبەستی تێپەڕاندنی كێشەیەكی گرنگ" عەلی لامی وا دەڵێ.  بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارە، لیژنەی نەوت‌و غازی پەرلەمانی عێراق داوای دیداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردووە بەمەبەستی گوێگرتن لە بۆچونەكانی‌و گفتوگۆكردن‌و لێكنزیككردنەوە، بەڵام ئەم دیدارە تائێستا نەكراوە. یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ یەكێك لەو یاسا گرنگانەیە كە ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوریی هەمیشەیی عێراق دەبوو لە پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغداد ئەم یاسایە تائێستا پەسەند نەكراوە.  كابینەی محەمەد شیاع سودانی یەكێك لە بەڵێنەكانی بۆ كورد ئەوە بوو، دوای دەستبەكاربوونی حكومەت، لەماوەی شەش مانگدا ئەم یاسایە ئاڕاستەی پەرلەمان بكات بەمەبەستی پەسەندكردنی، بەڵام جارێكی تر ناكۆكی هەرێم‌و بەغداد رێگر بووە لەوەی لەوادەی دیاریكراودا یاساكە لە پەرلەمان پەسەندبكرێت.  هەرێمی كوردستان بەهۆی نەبوونی یاسای نەوت‌و غاز لە عێراق، ساڵی 2007 یاسای نەوت‌و غازی تایبەت بەخۆی دەركردو بەپێی ئەو یاسایە نەوتی هەناردەی دەرەوە كرد، بەڵام ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی یاساكەی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، ئێستا ئیتر زیاتر لە حكومەتی فیدراڵ، حكومەتی هەرێم چاوی لە دەرچوونی یاسای نەوت‌و غازە لە پەرلەمانی عێراق، چونكە بەبێ بوونی ئەم یاسایە پرۆسەی نەوت‌و غازی هەرێم هیچ كەڤەرێكی یاسایی نابێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، توركیا لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرتووە.  حكومەتی هەرێم دەیەوێت لە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵدا بەشێك لەو دەسەڵاتانە بگەڕێنێتەوە كە بەمدواییە بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق‌و بڕیاری دادگای پاریسەوە لە كەرتی نەوتدا لەدەستیداوە، لایەنە شیعەكانی عێراقیش كە پێكهێنەری سەرەكی حكومەتی سودانین، بەئاڕاستەی پێچەوانەدا فشار دەكەن‌و دەیانەوێت نەوتی هەرێم بخە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی بەغدادەوە.    سه‌ره‌تای شوباتی ئه‌مساڵ، وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ چوونه‌ ناو دانوستانه‌وه‌ بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر یاسای نه‌وت و غاز، به‌ڵام به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و)، دانوستانه‌كه‌ بێ ئه‌نجام بووه‌، چونكه‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق دژی ئه‌وه‌یه‌ له‌ یاسای نه‌وت و غازدا ده‌سه‌ڵاتی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت، فرۆشتنی نه‌وت و به‌ڕێوه‌بردنی كێڵگه‌كان بدات به‌ حكومه‌تی هه‌رێم، سه‌رباری ئه‌مه‌ دژی ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێم یاسای نه‌وت و غازو ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و غازی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت، بۆری نه‌وتی خۆی هه‌بێت.   


شیكاری: درەو 🔻 پاڵپشت بە داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی ساڵانی (2018 - 2022)؛ 🔹لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان (2779) كەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە (30) هەزار كەسیش برینداربوون. 🔹 (70 هەزار و 303) روداوی هاتوچۆ تۆمارکراون، کە (73%)ی لە پارێزگاکانی عێراق و (27%)یان لە سێ پارێزگاکەی هەرێم رویانداوە. 🔹 لە نێو روداوەکانی هاتوچۆ (16 هەزار و 183) کەس گیانیان لەدەست داوە، کە (83%) یان لە پارێزگاکانی عێراق و (17%)یان لە پارێزگاکانی هەرێم تۆمار کراون. 🔹 لە بارەی بریندارانی روداوەکانی هاتوچۆوە، ژمارەکە گەیشتووە بە (85 هەزار و 266) کەس کە (64%)یان لە عێراق و (36%)یان لە سێ پارێزگاکەی هەرێم تۆمارکراون. یەکەم؛ ئامارە تۆمارکراوەکانی روداوەکانی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان 2018 – 2022 تا دێت ئاماری روداوەکانی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، روو لە هەڵکشان دەکەن و بەپێی بەدواداچونێک بۆ روداوە تۆمارکراوەکانی هاتوچۆ و کۆکردنەوەی داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی ساڵانی (2018 - 2022)، واتە لە (5) ساڵی ڕابردوودا (70 هەزار و 303) روداوی هاتوچۆ لە سەرتاسەری عێراق تۆمار کراوە، کە (50 هەزار و 973) روداویان بە ڕێژەی (73%) لە (15) پارێزگاکەی عێراق تۆمارکراون و (19 هەزار و 330) روداویشیان بە ڕێژەی (27%) لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. زۆرترین ژمارەی ڕوداوی هاتوچۆی لە پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2022) تۆمار کراوە، بەڵام زۆرترین روداوی هاتوچۆی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2019) بووە. بەڵام بە تێکڕا لە هەرێم و عێراق زۆرترین روداوی تۆمار کراو لە ساڵی (2022) بووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)) دووەم؛ ئاماری "گیان لە دەستدان"  لە نێو ئامارە تۆمارکراوەکانی روداوەکانی هاتوچۆ  لە عێراق و هەرێمی کوردستان 2018 – 2022 هەر بەپێی داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی ساڵانی (2018 - 2022)، واتە لە (5) ساڵی ڕابردوودا لە چوارچێوەی روداوە تۆمارکراوەکانی هاتووچۆدا (16 هەزار و 183) کەس لە سەرتاسەری عێراق گیانیان لەدەست داوە، کە (13 هەزار و 404) کەسیان بە ڕێژەی (83%) لە (15) پارێزگاکەی عێراق تۆمارکراون و (2 هەزار و 779) کەسیشیان بە ڕێژەی (17%) لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. زۆرترین ژمارەی گیان لەدەستدان لە نێو ڕوداوەکانی هاتوچۆی لە پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2022) تۆمار کراوە کە ژمارەیان (3 هەزار و 21) کەس بووە، بەڵام زۆرترین گیان لەدەستدانی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2018) بووەو (665) کەس گیانیان لەدەستداوە. بەڵام بە تێکڕا لە هەرێم و عێراق زۆرترین گیان لەدەستدان بە روداوی تۆمار کراو لە ساڵی (2021) بووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)). سێیەم؛ ئاماری "بریندابووان"  لە نێو ئامارە تۆمارکراوەکانی روداوەکانی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان 2018 - 2022 پاڵپشت بە داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی ساڵانی (2018 - 2022)، واتە لە (5) ساڵی ڕابردوودا لە چوارچێوەی روداوە تۆمارکراوەکانی هاتووچۆدا (85 هەزار و 266) کەس لە سەرتاسەری عێراق بریندربوونە، کە (54 هەزار و 380) کەسیان بە ڕێژەی (64%) لە (15) پارێزگاکەی عێراق تۆمارکراون و (30 هەزار و 886) کەسیشیان بە ڕێژەی (36%) لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. زۆرترین ژمارەی برینداربوون لە نێو ڕوداوەکانی هاتوچۆی لە پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2022) تۆمار کراوە کە ژمارەیان (12 هەزار و 677) کەس بووە، بە هەمان شێوە زۆرترین برینداربونی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022) بووەو ژمارەکە گەیشتووە بە (7 هەزار و 250) کەسی بریندار. هاوکات بە تێکڕا لە هەرێم و عێراق زۆرترین بریندار بە روداوی هاتوچۆی تۆمار کراو لە ساڵی (2022) بووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)).    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand