پەرلەمان و دەزگا تەریبەکان بە پەرلەمان

Draw Media

2024-08-04 09:29:40



بەرەو هەڵبژاردن - بەشی دووهەم

مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

 

یەکێک لە ئاکارە هەرە سادە و سەرەکییەکانی دیموکراسیەت ئەوەیە کە ئەو کەسانەی دەنگیان پێدەدرێت و هەڵدەبژێردرێن بۆ پەرلەمان، بێگومان لەناو هەڵبژاردنێکی دادپەروەر و بێ گزیی و تەزویردا، پیویستە ببن بە "بەهێزترین بڕیاردەرانی» ناو سیستمە سیاسییەکە، نەک لە دەرەوەی ئەواندا بازنەی تری دەسەڵات بوونیان هەبێت، لەوانەی هەڵبژێردراوان و لە پەرلەماندا کۆبوونەتەوە بڕیاردەری بەهێزتر و دەسەڵاتدارتربن. دیموکراسیەت تەنها یەک بڕیاردەر دروستدەکات، ئەویش ئەوانەن کە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەچنە ناو پەرلەمان.

بەم مانایە لە دیموکراسیەتدا پەرلەمان بەهێزترین دەزگای ناو سیستمە سیاسییەکەیە، پەرلەمەناتاران دەسەڵاتدارەکانی ناو سیستمەکەن و لە دەرەوەی ئەواندا بنکەی تری دەسەڵات بوونی نییە کە خواست و بڕیارەکانی بەسەر پەرلەماندا بسەپێنێت. لە دەرەوەی پەرلەماندا نابێت بازنەی تری دەسەڵاتی سەربازیی، دەسەڵاتی بیرۆکراتیی، یان دەسەڵاتی ئۆلیگارشیی تەریب بە دەسەڵاتی پەرلەمان، بوونی هەبێت، یان دەسەڵاتیان لە دەسەڵاتی پەرلەمان بەهێزتر و بڕیارەکانیان لە بڕیاری پەرلەمان کاریگەرتربێت.  پەرلەمان بۆ ئەوەی ببێت بە پەرلەمانێکی راستەقینەم پێوسیتە ئەو مەرجە سەرەکییەی تێدابێت، واتە ببێتتە شوێنی کۆبوونەوەی "بەهێزترین بڕیاردەرانی» ناو سیستمە سیاسییەکە.
 
لەم ڕوانینەدا پەرلەمان ئەو شوێنەیە کە گرنگترین و بەهێزترین پۆستە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ناو وڵاتەکە لەخۆی دەگرێت، جا چ ئەوانەی دەزگاکا سەرەکییەکانی حوکمڕانیی دەگرنەدەست یان ئەوانەی دەبن بە ئۆپۆزیسیۆن. پۆستەکانی دەسەڵاتیش پێشتر لە ڕێگای ململانێ و کێبڕکێیەکی راستەقینە و یاساییەوە و بەدەنگی ڕاستەقینەی خەڵک، پڕکراونەتەوە. بەم مانایە دیموکراسی نەک تەنیا پێویستی بە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە و کێبڕکێکارانە هەیە، بەڵکو پێویستی بە ڕێکخستنی بازنە و پێگەکانی دەسەڵاتیش هەیە، بەجۆرێک لەدەرەوەی پەرلەماندا سێنتەری تری دەسەڵات و بڕیاردان بوونی نەمێنێت تەریب بە دەسەڵاتی پەرلەمان یان بەهێزتر و کاریگەرتر لە پەرلەمان. لە دیموکراسیەتدا پەرلەمان سێنتەری سیستمە سیاسییەکەیە و ئەو شوێنەیە بڕیارە گەورە و بچوکەکانی تیادا دەدرێت.

ئەوەی لە هەرێمدا هەیە و کاردەکات پەرلەمان نییە بەو مانایەی باسمانکرد، پەرلەمان لە هەرێمدا نەک تەنها شوێنی بڕیادەرە هەرەبەهێزەکانی ناو سیستمە سیاسییەکە نییە، نەک ئەو سێنتەرە سەرەکییەی دەسەڵات نییە کە دەسەڵاتەکانی دەرەوەی خۆی دەکاتە دەسەڵاتی پەراوێزی لاواز و سنوورێکی گەورە بۆ کاریگەریی و نفوزیان دادەنێت، بەڵکو خودی پەرلەمان خۆی هەڵقە هەرە لاوازەکەی بڕیاردن و دەسەڵاتدارێتییە لە هەرێمدا.

ئەزموونی داخستنی پەرلەمانیش لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥دا بۆ ماوەی دوو ساڵ، بە بڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم و سەرۆکی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان، راستیی ئەو دۆخە تاڵ و تاریکەی بوونی پەرلەمانمان نیشئنئەدات. کە بارزانی پەرلەمانی داخست، هێشتا پەرلەمان لە پێگە لاواز و پەراوێزییەکەی خۆیەوە، دەیتوانیی هەندێک کێشە بۆ سیستمە سیاسییە خێزانیی و بنەماڵەییەکە دروستبکات. سیستمە سیاسییەکەی کوردستان، بەڕادەیەک نایاسیی و تاکڕەو و نابەرپرسیار بوو، تەنانەت گیریشی بەدەست ئەو پەراوێزەوە بچووکەشەوە دەخوارد کە خۆی وەک دیکۆرێکی دیموکراسیی بۆ ئەزموونە سوڵتانیەکە، دروستیکردبوو. داخستنی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی پارتییەوە لابردنی ئەو پەراوەزە بچووکەی دەسەڵات بوو کە بەتەواوی کۆنترۆڵ نەکرابوو. کاراکردنەوەی پەرلەمان لە ٢٠١٨دا دوای بە دیکۆرکردنی تەواوەتی دەزگاکە بوو. لەو ساتەوە تا ئەمڕۆ پەرلەمان لەناو رۆڵە دیکۆرییەکەی خۆیدا خنکێنراوە. ئەم دۆخە بە ئاستێک گەیشتوە نزیکەی ٧٠ لەسەدی خەڵکی کوردستان لە دواهەمین هەڵبژاردندا بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد. زۆرینەیەکی کۆمەلایەتی دروستبووە پەرلەمان بەلایانەوە جگە لە شوێنێک بۆ دەوڵەمەندبوونی شەخسیی پەرلەمانتارەکان خۆیان، شتێکی دیکە نەبێت.ئەم  دۆخەی پەرلەمان لەچەند ساڵی رابردوودا بە ئاستێکی تراژدیی وا گەیشتوە چەندان دەنگی ئاسایی ناو کۆمەڵگاکە داوای داخستنی هەمیشەیی پەرلەمان، بکەن.  

لە هەرێمدا چەندان دەزگا و ناوەندی بڕیاردان لە دەرەوەی پەرلەماندا هەن کە زۆر لە پەرلەمان بەهێزترن و بەشێوازی هەمەجۆر بڕیارەکانی خۆیان بۆ پەرلەمان دەنێرن بۆئەوەی پەرلەمانتاران لە دەنگدانێکی شانۆییدا رەوایەتی بەو بڕیارانە ببەخشن. لە دۆخێکی لەو باباتەدا پەرلەمان جگە لە دیکۆرێکی ناشیرین بۆ سیستمە سیاسییە خێزانیی و بنەماڵەییە داخراوەکە، شتێکی دیکە نییە. هەندێک لە دیارترینی ئەو دەزگایانەش بریتین لە:

١- بارەگای بارازانی. هەمووان دەزانن ئەم بارەگەیە نە پێگەیەکی فەرمیی هەیە و نە بەشێکە لە سیستمە سیاسییەکەی ناو هەرێم، کەچی دەسەڵاتدارترین و بڕیاردەرترین دەزگای سیاسیی ناو هەرێمەکەیە. کۆی بڕیارە گەورە و سەرەکییەکان لەو بارەگەیەدا دەدرێت و لەوێوە دادەبەزێت بۆ ناو سیستمە سیاسییەکە. کێشێی ئەم بارەگەیە تەنها ئەوە نییە کە پێگەیەکی یاسایی نییە و بەشێک نییە لە سیستمە سیاسییەکەی هەرێم، بەڵکو لەوەشدایە هیچ میکانیزم و توانایەکیش نییە بتوانێت ئەم بارەگایە بەرامبەر بە بڕیارەکانی بەرپرسیاربکات، یان چاودێریبکرێت و تووشی لێپرسینەوە ببێت.

٢- دەباشانی ناوچەی سەوزیش هەمان رۆڵی بارەگای بارزانی دەبینێت و ئەویش بازنەیەکی دەرەکی دەرەوەی دەسەلاتی پەرلەمانە و بڕیارەکانی زۆنی سەوز لەوێ دەدرێن، نەک لە پەرلەمان.

٣- مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان و کەسەر خاوەن هێزەکانی ناو حیزبەکان. کە هەموویان لە دەرەوەی پەرلەمان و سیستمە سیاسییە فەرمیەکەدان و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکان لە کاریگەریی هەموو پەرلەمانتارەکان بەسەریەکەوە زیاترە.
 
٤- ئینجا ئەو هەم و لق و مەڵبەند و ناوچە حیزبییانە کە بەبێ بڕیاری ئەوان زۆر کاری حکومیی و زۆرکاری ماشێنە بیرۆکراسییەکەش، بەڕێوەناچێت.

بە کورتییەکەی، پەرلەمان لە هەرێمدا هەرچییەک بێت شوێنی "بەهێزترین بڕیاردەرانی» ناو سیستمە سیاسییەکە نییە. پەرلەمان کاتێک مانای دەبێت، بتوانێت لەڕێگای هەڵبژاردن و نوێنەرایەتیکردنی خەڵکەوە دەستکاری نەخشە سیاسییەکان و دابەشبوونی هێزەکان و هاوکێشەکانی دەسەڵات بکات، بتوانێت یاسا دەربکات بۆ جۆرێک لە حوکمڕانیی کە ڕێزی یاسا بگریت، چاودێری حوکمڕانان بکات تا ئەو شوێنەی هێزی لێپرسینەوە و لابردنی دەسەلاتدارەکانی هەبێت. بەڵام هیچ یەکێک لەمانە نە لە توانای پەرلەمان و پەرلەمانتارانی هەرێمدایە، نە فۆرمی ئەو حوکمڕانییەش کە هەیە ئەم ڕۆلە لە پەرلەمان قبووڵدەکات.
پەرلەمان لە هەرێمدا هەڵقەیەکی لاوازی ناو سیستمێکە کە بڕیارەکانی لەناو بارەگا و ژووری داخراو و دیوەخان  و لق و مەڵبەندەکاندا پیادەدەکرێت. پەرلەمانی ڕاستەقینە شوێنی گفتوگۆی ئاشکراو و کراوەیە، شوێنی لێپرسینەوەی بینراو و بەرچاوە، شوێنی پیادەکردنی ئاشکرای ئەو سیاسەتانەیە کە لە وڵاتەکەدا پەیڕەوی دەکرێت. لەهەر شوێنێکدا سیاسەتکردن بەنهینی بوو، رێکەوتنەکان لە ژووری نهێنیدا بوون، کۆنتراکتەکان بەنهێنی بەڕێوەچوون، پەیوەندییەکان بەنهێنی بوو، پەرلەمان هەشبێت، دەزگایەکی مرد و بێئاکار و بێئیش و بێکاریگەرییە.

 پەرلەمان لە هەرێمدا وەک دەزگایەکی پەراوێزیی توانای کردنەوەی ئەو داخرانە خێزانیی و بنەماڵەیی و شەخسییەی نییە کە سیستمە سیاسیەکە بەڕێوەدەبات. پەرلەمان ناتوانێت دەسکاریی پێگەی سەربازیی و ئەمنیی و میدیایی و ئابوورییە دوو هێزە حوکمرانەکە بکات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand