وەبەرهێنانی خانووبەرە، کێوێک لەسەرمایە بۆ وەبەرهێنەر و زەریایەک لە نەخۆشی بۆ میللەت

Draw Media

2024-08-05 09:19:23




راپۆرتی: سان ساراڤان
 
شارەکانی هەرێم رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو فراوانبوون دەچن و  ژمارەی یەکەی نیشتەجێبوون و باڵاخانەکان  وەک گڕتاوی بوورکانەکان هەڵئەچێت و بازاڕی دروستکردنی یەکەی نیشتە جێبوون جمەی دێت. کار گەیشتۆتە ئەوەی هەر پانتاییەک بەدی بکرێت لە هەر کووچەو کۆڵانێک و چواردەوەری شاردا یەکسەر  لەلایەن دەستەڵاداران و وەبەرهێنەرەکانیانەوە بەخۆیان و سەرماییەکانیانەوە نەخشیەکی بیناسازی پێشتر ئامادەکراو بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم کردە سەرشێتانانە جگە لە پرسی قازانج و کەڵەکەبوونی سەرمایە، هیچ پرسێکی دیکەی وەک پرسی ژینگەیی و تەندروستی و کێشەکانی خزمەتگوزاری و رەچاوکردنی ژمارەی دانیشتوان وسەرچاوەکانی  ئابووری و گواستنەوە و ئاسانکاری کۆمەڵایەتی و شوێنی کاتبەسەربردن و پەروەردە و  گۆڕینی سیستمی خاک بە مێشکیانە گوزەر ناکات.
هەڵبەتە لە هەرێمی کوردستاندا لە دوای وەبەرهێنان لە نەوت و داهاتی گومرگ ئێستا بیناسازی بە پلەی باڵادا دێت بۆ دەستکەوتنی سەرمایە. زۆرینەی ئەم  بیناسازییانەی هەرێم لە ناو سێکتەر و کەرتی گشتیدا گشتیدا ڕوودەدات و داهاتەکەی  لە رووکاردا دابەشدەکرێت بەسەر چەند وەبەرهێنەرێک و پشکی شێری بۆ دەستەلادارانە. دەستبردن بۆ سێکتەری گشتی و لە پێناو بەرژەوەندی چەند کەس و چەند  پارتێکیی دەستەڵاتدار واتە  بەتاڵانبردنی سێکتەرو موڵکی  گشتی.
ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەریدەخەن لە ساڵی  ٢٠٠٦ەوە تا ئەم ساڵ، نزیکەی ٢١٤ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، کە زیاتر لە ١٠٥ هەزار ئاپارتمانەوە و زیاتر لە ٩٢ هەزار خانوو و نزیکەی ١٧ هەزار ڤێلا دروستکراون.
لەشاری سلێمانیدا  ٢٢٢بە کۆی گشتی هەزار یەكەی نیشتەجێمان هەیە بەخانوو ئاپارتمانەوە ، جگە لە باخ و ئەو ڤێلایانەی كەلە ناوچەكەدا هەڵتۆقیوون، مۆڵەت و پلانی دروستكردنی ٤٧ هەزار یەكەی نیشتەجبوونی تریان لە كاربەرێوەبەرانی سلێمانی و حكومەتی هەرێمەوە وەرگرتووە بۆ ئەم ساڵ و ساڵی ئایندە.
لە شاری هەولێردا، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا  ١٣١ پڕۆژەی نیشتەجێبوون دروستکراون کە ١٢٨ هەزار و ٥٤٢ ئاپارتمان و خانوون و ڤێلان. ئەوەی داتاکان دەریدەخەن تەواوبوونی زیاتر لە ٥٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە لە هەولێر لە ماوەی ئەمساڵدا.
ئەم پرۆسەی فراوانبوونە زۆر لەخۆڕا و رەمەکیانە دروست بووە هیچ بنەمایەکی گەشەسەندنی تیابەدی ناکرێت، بۆیە هەموو ئەم گۆڕانکارییانە ناکرێت ناوزەند بکرێت بە گەشەسەندن. چونکە گەشەسەندنی شار پرۆسەیەکی فرەلایەن و گشتگیرە لە هەموو ڕوویەکەوە.  
هەمیشە لە گەشەی شاردا وابەستەگیەکی ڕوون هەیە بە چەند پرسێکی گەورەی خزمەتگوزاری سەرەکی وپایەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و دیموکراسی و  ژینگەییەوە. گەر سەرنج بخەینە سەر پێگەی ژینگە لە گەشەی شاردا و کاریگەرییەکانی گۆڕانی ژینگەش بەرجەستە بکەین لەم فراوانبوونەدا، ئەوا دەبێت پایەکانی گەشەی  ژینگەیی لەشاردا لەبەرچاو بگیرێت کە بریتین لە: ئاو، خاشاک، ووزە، ئیکۆلۆژی، هەوا، داڕشتنی کۆمەلایەتی.
ئاو:
ئاوەدانی وابەستەیە بە ئاوەوە، بەردەوام بوونی سەرچاوە ئاوییەکانیش لەگەشەی شاردا پابەندە بە تێگەیشتن و بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی پرسەکانی پاراستنی ئاو، پاراستنی کوالیتی ئاو، خۆشگوزەرانی ناوچە ئاوییەکان، و بەڕێوەبردنی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی.
لە هەسارەی زەویدا رێژەی ئاوی پاکژ تەنها  نزیکەی لە ٣% کۆی ئاوەکانی زەوییە، لەو ڕێژەیەش تەنیا نزیکەی لە١.٢%  دەتوانرێت وەک ئاوی خواردنەوە بەکاربهێنرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە، لە بەستەڵەکەکان و جەمسەرە سەهۆڵبەندانەکاندایە  کە قەتیسیان بەستووە و لە قووڵایی زەویدا نێژراون. بۆیە زۆربەی ئەو  ئاوەی کە شیاوە بۆ  خواردنەوە لە ڕووبار و چەم و ئاوی ژێر زەویی پێمان دەگات.

ئەو  سەرچاوە ئاوییانە کامانەن لە هەرێمدا کە سوودیان  لێ وەردەگیرێت:
ئاوی ژێر زەوی: هەرچەندە هیچ داتایەکی ورد لەسەر ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵام بە گشتی دەوترێت کە ناوچەکە دەوڵەمەندە بە ئاوی ژێر زەوی بڕی ئاوی ژێر زەوی کە دەتوانرێت بقۆزرێتەوە لە یەکێک لە لێکۆڵینەوەکاندا بە (٥،٤) ملیار/ مەترسێجا خەمڵێندراوە، توێژینەوەیەکی تر ئەم بڕەی زیاتر خەمڵاندووە کە زیاتر لە (٨) ملیار/مەترسێجا، (٣.٦٤) ملیار/ مەترسێجا لە ناوچەی شاخاوی و (٤،٤٣) ملیار/ مەترسێجا لە ناوچەی نیمچە شاخاویەکانەوەیە. لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی سامانە ئاوییەکانی عێراق ئاماژە بە بوونی (٣،٧٢) ملیار لیتر/ مەترسێجا ئاوی ژێرزەویی لە ناوچە نیمچە شاخاوییەکە دەکەن.

ئاوی سەر زەوی: ڕووباری دیجلە و لقەکانی، (خابوور، زێی گەورە، زێی بچووک و سیروان)، سەرجاوەی سەرەکی ئاوی سەر زەوی هەرێمی کوردستانن. سەبارەت بە دەستکەوتنی کۆی ئاوی ڕووبارەکانی هەرێمی کوردستان کە ساڵانەی بە کوردستاندا تێدەپەڕن، لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا، کۆی ئاو (٣٦،٣) ملیار مەترسێجا بووە، (١٨،٧٦) ملیار مەترسێجا بڕی ئاوی ڕووباری دیجلە و (١٧،٥٨) ملیار مەترسێجا لە لقەکانیەوە بووە.
https://journal.uod.ac/index.php/uodjournal/article/view/1647/1052 گۆڤاری زانکۆی دهۆک،   بەرگی٢٥ ، ژمارە:١- ئازاد محمد ئەمین نەقشبەندی – ٢٠٢٢

لە هەرێمدا سوود لە ئاوی ڕووبار و دەریاچە و بەنداو و ئاوی ژێر زەوی دەکرێت بۆ خواردنەوە و پیشەسازی بەڵام ساڵانە ئەم رێژەیە لە کەمبوونەوە و پیسبووندان. گۆڕانی ژینگەیی، سیاسەتی ئاوی نێودەوڵەتی و پرسەکانی پاراستنی ئاو کاریگەری و مەترسی کردۆتە سەر کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانمان.  لە ڕووی ژینگەییەوە کاریگەریەکانی وەک کەم بارانی و پیسبوون و گەرمبوونی گۆی زەوی هەروەها لە ڕووی سیاسەتی ئاوەوە  بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکان و گۆڕینی ڕاڕەوی ئاوی سەرزەوی لەلایەن هاوسێکانەوە. لەڕووی و پرسەکانی پاراستنی ئاو بەرێوەبردنێکی نابەرپرسانە و نادادپەروەرانە هەیە لە چوارچێوەی ئەم هەرێمەدا.  

گەر هەردوو شاری سلێمانی و هەولێر بە نموونە وەرگرین لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی ئاوی پاکژ بۆ بەکارهێنانی رۆژانە، ئەوا دەبینین لە شاری سلێمانیدا سەرچاوەی ئاوی دوکان سەرچاوەکەی زێی بچوکە کە لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت و دێتە دەریاچەی دوکان، كۆی قەبارەی ئاوی دوكان ئەگەر كەم بارنی نەبێت دەگاتە  ٦،٨ كیلۆمەتر سێجا ئاو واتە لەكاتی پڕبوونی تەواوەتی ٨،٣ كم٣  واتە ٦،٨ كواردلیۆن لیتر  دەگرێت. جگە لە سوودی گەورە بۆ ناوچەو گوندەكانی دەوروبەر تا دەگاتە دەشتی كۆیەو تەقتەق و پردێ و كەركوك و تا دەرژێتە ناو ڕووباری دیجلە. لەڕێگەی بۆرییوە بە ناو كۆمەڵگای پیرەمەگرون و بازیان تێپەڕ دەبێت و دەگاتە شاری سڵێمانی و دەروروبەری. ئەو بڕەی كە دەگاتە سلێمانی و دەوروبەری ڕۆژانە دەگاتە ٢٣٠ هەزار مەتر سێجا واتە ٢٣٠ ملیۆن لتر دەدرێتە ماڵان. گەرەكەكانی سلێمانی كەژمارەیان ٢٥٠ گەرەكە، هەفتەی جارێك یان بە دەستنیشانكراوی ٤ رۆژ جارێك لە هاویندا و ٣ رۆژ جارێك لە زستاندا ئاویان بەردەكەوێت، كە ئەمەش پێویستی هاولاتیان سارێژ ناكات، زۆربری جار هاولاتیان لە ڕێگەی تەنكەرە ئاو دەكڕن. هەندێك گەڕەکیش هەیە تا ئێستا ئاوی بۆرییان بۆ ڕانەکێشراوە  رۆژان بە تەنکەر ئاو دابین دەکەن.
لە پاش ڕاپەڕینەوە رێژەییەکی بێشومار لە بیر هەڵکەنراون کە نزیکەی دە هەزار بیر دەبێت لە سلێمانی و دەوروبەری، هەر لە مەڵبەندی شاری سلێمانی نزیکەی ١٨٠٠ بیری تۆمارکراو هەیە، ئەمە جگە لەو بیرە قاچاغانەی کە ڕۆژانە هەڵدەکەنرێت. ئەوەی تێبینی دەکریت لە هەڵکەکنینی بیرەکاندا، دابەزینی ئاستی ئاوە، کە لە زۆر شوینی سلێمانیدا دەگاتە زیاتر لە ١٥٠ مەتر قولایی کە ئەمە لە ڕابرددودا بەم شێوەیە نەبووە.باڵاخانەکانیش بەبەردەوام پشت بە بیرە قوڵەکان دەبەستن.
بەهەمان شێوە لەشاری هەولێردا رۆژانە ٥٧٥ هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بەرهەمدەهێندرێت، هاوڵاتیان پشت بە دووسەرچاوە دەبەستن بۆ بەرهێنانی  ڕۆژانە ئەوانیش  پرۆژەی ئیفرازەکانی یەک و دوو و سێ و هەروەها ئاوی ژێر زەوی لە ڕێگەی بیری ئاوەوە .ئیفرازی یەک لە ساڵی ١٩٦٧ دروستکراوە  ٢٨ هەزار مەتر سێجا ئاو، ئیفراز دوو ساڵی ١٩٨٢ دروستکراوە دوو ٦٠ هەزار مەتر سێجا ئاو، ئیفراز سێ ٢٠٠٧کەوتۆتە کارەوە  رۆژانە ٢٤٠ ملیار لیتر ئاوی رووباری زێی گەورە دەچیتە ناو وێستگەکەوە، لە رۆژێکدا  ١٨٧ هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بەرهەمدەهێنێت.
ژمارەی بیرەکانیش خۆی لە دە هەزار بیر دەدات لە بیری پیشەسازی و کشتوکاڵی و ماڵانەوە.  ئاستی ئاو بەشێوەیەکیش دابەزییوە کە لە هەند شوێن  دەگاتە٤٠٠بۆ  ٧٠٠ مەتر. باڵاخانەی وا هەیە ٤ بیر زیاتری هەڵکەندووە بە قوڵاییەکی زۆر.
بەهەمان شێوەی سلێمانی زۆرینە گەڕەکە هەژارنشینە نوێیەکان رۆژانە ئاو بە تەنکەر دەکڕن وزۆرینەی گەڕەکەکانی تر بە ٤ رۆژ جارێک ئاویان بەردەکەوێت.
خاڵێکی لەمە گرنگتر ئەوەیە کە عەمباری  دوکان و ئاوەکانی ئیفراز سەر زێی گەورەیە کە  لە دوو ڕێگاوە کۆدەبێتەوە، ئاوی باراناو و ئەو سەرچاوانەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو وباکووری کوردستانەوە دێن،  لە ئەگەری بێبارانی و دروستکردنی بەنداوی زیاتر لەدیوی ڕۆژهەڵاتەو و باکوورەوە ئەوا ئاوی دوکانیش و زێی گەورە ئەم توانا سنووردارەی ئێستای لەدەست دەدات.
ئایە بەنداوەکان پاککراونەتەوە؟ لەڕووی  بەکتریا، قەوزە، ڤایرۆس و کەڕو بەڵێ پاکژکرنەوە هەیە،  بەڵام  لە ڕووی کیمیاییەوە  بێگومان نەخێر،  هیچ سیتمێکی  فلتەرەیشنیشی نییە بۆ پاکردنەوەی مادە قورسەکان. لە ڕووی تەندروستیشەوە، مێژووی بەکارهێنانی ئاوی هەر بەنداوێک لە ٢٥ بۆ ٥٠ ساڵە بەپێی جۆری بەنداوەکەش دەگۆڕێت، کۆنکرێت بێت یان گڵ، واتە بە تێپەڕبوونی کات ئەم ئاوانە لە ڕووی کیمیاییەوە پیس دەبن و مادە قورسەکانی وەک (کادمیۆم، کرۆم، مس، مەنگەنیز، لێد یان رەساس، نیکل)کۆدەبێتەوە.
 ئەگەر بەڕێوەبردنی ئاوی بەنداو  بەشێوەیەکی زانستی پاکنەکرێتەوە لەم مادە قورسانە ئەوا ئەم کاریگەرییە تەندروستیانەی دەبێت:

 

پرسیارە جەوهەرییەكە ئەمەیە: لە ئەگەری زیادبوونی ٧٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە سلێمانی و  زیادبوونی ٥٠ هەزار یەکەی نیشتەجبوونلە هەولێر ، دابەشكردنی ئاو چەند جار ئەبێت لە هەفتەیەكدادەبێت؟ وەلامەكەی ئاسانە ڕەنگە بگاتە یەك جار لە هەفتەیەك یان زیاتر لە هەفتەیەك.
ئایا ئێمە خاوەنی  تێگەیشتنێکی ڕوونین سەبارەت بە گرنگی ئاو لە ژیانماندا لەسەر ئاستی  تاک و کۆمەڵگا و ئیدارەی هەرێم؟
پێناچێت تاک و کۆمەڵگا دیدێکی ڕوونیان هەبێت، بەتایبەتی  لە تێگەیشتنی قەیرانی ئاو، ئەو  ئاڵەنگارییەی کە ڕووبەروی مرۆڤایەتی و زیندەوران بۆتەوە لە کەمبوونەوەی ئاودا لە ناوچەکەماندا، بە بەڵگەی ئەوەی تاکەکان لەم هەرێمەدا تا ئێستاش ئۆتۆمبێلەکانیان بە ئاوی پاکژ دەشۆن و تانکی ئاوەکانیان بە هەمیشە سارێژەو لەسەری دەروات و بەفیڕۆدانێکی گەورەش بەدی دەکرێت لەبوارەکانی پیشەسازیدا.
 لەسەر ئاستی حکومەت و هەرێمدا و  لە ڕووی فراوانبوونی شارەوە، سیستەمێکی ڕوون نییە کە چۆن ئاو بەڕێوەببرێت، ئەوەتا  یەکەکانی نیشتەجێبوون تاو دەسێنن و ڕۆژانە هەزارەها یەکە دروستدەکرێت بەبێ ئەوەی هەژمار بۆ بڕی  ئاوی  سەر زەوی و ژێر زەویدا بکرێت ، هەروەها  کواڵیتی ئەو ئاوەی کە شیاوە بۆ خواردنەوە بە هەند وەربگیرێت.لە هەندێک جێگەدا زێراب و پاشماوە نەوتییەکان تێکەڵ بە سەرچاوە ئاوییەکانمان دەبن کە دەبنە هۆکاری سەرچاوەی پیسبوونی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەویش دروستبوونی بوونی  دەیەها نەخۆشی کوشندە.
تێگەیشتن لە ئاو لەهەموو ئاستەکانەوە زۆر گرنگە چونکە دەبێتە هۆکاری بەستەنەوەی  کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فەرهەنگیش،  بە دروستبوونی قەیرانی ئاو کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و   فەرهەنگییەکانیش پەرە دەسێنن.
کەواتە رۆژ بەرۆژ شارەکانی هەرێم تینووتر دەبن، مرۆڤەکان رۆژانە دەرژێنە سەر شەقامەکانی  هەولێر و سلێمانی و گەرمیان داوای ئاوی رۆژانە دەکەن. سەرچاوە ئاوییەکانی کەم بونەتەوە و ژەهراوی دەبن، خەلک لە تینوتیدا ئەپرسن :ئەی چارەسەر؟


خاشاک:
بەهۆی فراوانبوونی پرۆژەی بیناسازییەوە قەیرانی خاشاک و تەندروستی زیاتر دەبێت
جیهان ساڵانە زیاتر لە ٢ ملیار تۆن پاشماوەی ڕەق بەرهەم دەهێنێت و ئەم رێژەیە لە زیاد بووندایە بە هۆی چالاکیییەکانی مرۆڤبەێی لێکۆڵینەوەی شارەزایان "پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ئەمە بەڕێژەی لە ٧٠ % زیاد بکات".
لە هەرێمی کوردستاندا رۆژانە ٨ هەزرا تۆن خاشاکی ڕەق لە دەشتەکان و سەرچاوە ئاوییەکانماندا کەڵەکە دەبن وکاریگەری مەترسیدار دەکاتە پێکهاتەکانی سیستمی خاک و ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی و هەواکەی، ئەمە جگە لە پاشماوە شلەکانی وەک گازوایل و بەرهەمە نەوتییەکان و زێرابەکان. زبڵخانەکانی تانجەرۆ کە ٥ کم دوورە لە شاری سلێمانی و زبڵخانەی کانی قرژاڵە(٣٠٠لەسەر ڕووبەری دۆنم) کە تەنها ٧ کم دوورە لە هەولێرەوە بوونەتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و زیندەوەرەکانی تر. رۆژانە زەوییەکشوتکاڵییەکان ژەهراوی دەکەن و سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەویش تا بێت پیستر دەکەن. هەروەها  بەهۆی سوتانیەوە بڕێکی زۆر لە گازی ژەهراوی وەک میتان و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژرێت و رێژەی گازە گەرمە خانەییەکایش زیاتر دەکەن.
تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بەڕێوەبردنی خاشاکانە نەدۆزراونەتەوە لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتان لەناو پێشکەوتنە خێراکانی پیشەسازی و تەکنەلۆژیادا ڕیسایکلکردنیان پلانی پێشینەی گەشەی شارە.پرۆژەکانی ڕیساکڵکردنەوە لە هەرێمی کوردستاندا  هێندە زۆر نین تا بارتەقای ئەم بڕە بن و زۆر بێئاگاییانە خاشاک پشتگوێ خراوە و تەکنیکى (لاندفیڵ) واتە بەژێرخاککرنەوە بەکار دەهێنرێت، کە تەکنیکێکی زۆر باو و نادروستە ، هەزارەها مەتر داگیر دەکات ، بەس بەتەنها زەوی داگیر ناکات، کشتوکاڵ ژەهراوی دەکات، ئاو پیس دەکات، هەوا پڕ دەکات لە ژەهر و کاریگەر دەکاتە سەر بایۆدایڤێرستی.

جۆرەکانی خاشاک بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن دەکرێت:



پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بە زیاد بوونی ئەم پرۆژە بیناسازییانە چەند خاشاکی تر لە ژینگەکەماندا زیاد دەبن، چ ڕێکارێکی بەڕێوەبردن بۆ خاشاک بە گەڕ دەخرێت؟ و کاریگەرییە نەرێننیەکانی تێکچوونی خاک و ئاو و هەوا گەشە دەکات و تا چەند مرۆڤ و دەوروبەر دەخاتە مەترسیەوە ؟
رۆژانە ٨ هەزار تۆن لەخاشاک!  خاشاک تا بینەقاقای شارەکان گەشتووە و خەڵک لەناو خاشاکی کانی قرژاڵە و تانجەرۆدا زبڵدانەکانی تردا گوزەر دەکەن،  نەخۆشییەکان کە بەهۆی خاشاکەوە تەشەنەی سەندووە لە خۆراک و ئاو هەوای شارەکانی هەرێمدا وەک پێخەف ئاڵاوەتە باڵامان. خەلک دەپرسن ئەی ئەم هەموو نەخۆشیانە لە پای چی؟  

ووزە
كەباس لە ووزەی بەرهەمهێنراو دەکرێت یەکسەر سووتەمەنییە بەردینییەکان وەک خەلوز و گاز و بەرهەمەکانی نەوت گووزەر دەکات بە هزرماندا، ئەگەر چی سووتەمەنی بەردینی لەسەردەمی کاربۆنفرۆس  کە ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر لە پاشماوەی دەوڵەمەند بە کاربۆنی ئاژەڵ و ڕووەکەکان دروست بوون و لە ژێر زەوی قەتیس بوون و بوونەتە هۆکاری شیبوونەوە و پاڵەپەستۆ و گەرمکردنی ژێر زەوی، بەڵام هەر لەسەرەتای شوڕشی پیشەسازییەوە تاوەک ئێستا بۆتە هۆکارێکی گرنگ کە مرۆڤ پشتی پێبەستووە بۆ سەرچاوەی فێنکی ، گەرمایی،ڕووناکیی، هاتوچۆ و بزاوتکردن، کارەبا و ماددە کیمیاییەکان.
سەرچاوە ووزەییەکانی هەرێم نزیکەی ٣٠ ساڵە بۆتە داهاتی چەند کەسێکی فەرمانرەوا لە ناوچەکەدا، داتاکانی کۆمپانیای دیلۆیت ئاشکرای دەکەن، لەڕووی بەرهەمهێنانی ساڵانەی نەوت، بەرهەمهێنان لە ساڵی ٢٠١٩دا گەشتۆتە لوتکە و ١٧٠ ملیۆن بەرمیل بەرهەم هاتووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣  بەرهەمهێنانی نەوت گەشتۆتە ٩٣،٧ ملیۆن بەرمیل.

 


هەرجی دەربارەی بەرهەمهێنانی گازیشە کۆمپانیای دانەگاز کە گەورەترین کۆمپانیای تایبەتی بەرهەمهێنانی گازە لە رۆژهەڵاتی ناویندا لەراپۆرتی دارایی ساڵی ٢٠٢٣ـی بڵاوکردەوە کە  لە هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە رۆژانە ٥٢٠ ملیۆن پێی سێجا. کە وەم رێژەیە بە بەراورد بە ٢٠٢٢ بە رێژەی ٨٪ بەرزبووەتەوە.
پیشەسازی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سروشتی کۆمەڵێک رێکار و کار و ئامێریسازی بەرفراوان لەخۆدەگرێت، لە قۆناغی بیرەوە تا هێڵەکانی کۆکردنەوەی غازی سروشتی و دامەزراوەی پرۆسێسکردن، تا تانکی هەڵگرتن، و بۆری گواستنەوە و دابەشکردن.
ئەم پیشەسازییە سەرچاوەیەکی بەرچاوی دەردانی چەندەها گازی کوشندەیە وەک:
میتان:

 


دەردانی پێکهاتە ئۆرگانییە هاڵاوەکان ((VOCs:

 



کێشەکانی ووزە و ژینگەی ئێستامان  پەیوەندییەکی نزیکی هەیە و سەرجەم کێشە ژینگەییەکان کە ڕاستەوخۆش بە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی وزەوە هەیە کە بریتین لەکێشەی  پیسبوونی هەوا، گۆڕانی کەشوهەوا، پیسبوونی ئاو، پیسبوونی گەرمی و فڕێدانی پاشماوەی ڕەق. کاتێک سووتەمەنی بەردینی دەسوتێنرێت، کاربۆنی هەڵگیراو و گازە گەرمخانەییەکانی دیکە دەردەچن بۆ بەرگەهەوا و هۆکاری سەرەکی پیسبوونی هەوای شارەکانە.


جگە لەوەی کە سەرچاوەکانی ووزە سەرچاوەی داهاتێکی بێئەندازەن بۆچەند ماڵباتێک بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو ووزانە وەک پێویست ماڵەکانی هەرێمی ڕووناک نەکردۆتەوە و سەرچاوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی نەیتوانییوە رۆژانە کارەبای تەواو دابین بکات بۆ هاولاتیان،   هەر لەبەر ئەم هۆکارە بۆ دەستەبەر کردنی چەند کاتژمێرێک لە کارەبا پەنا براوەتە بەر  موەلیدەی کارەبای گەڕەکەکان وپیشەسازییەکان، ئەم موەلیدانەش بەبەرددەوامی گازە ژەهراوییەکان دەکەنە گەرووی تاکیی ئەم کۆمەڵگایەوە،کە بۆتە سەرچاوەی زۆرێک لە نەخۆشییە کوشندەکان.

پرسیارەکە ئەوەیە لەدوای فراوانبوونی شار و پڕکرنی بە باڵەخانەو ئەپارتمانت ئەبێت پێدانی کارەبا چۆن بێت؟ چەند موەلیدەی کارەبایی تر بخەینە شارەوە؟
زیاتر لە ٣٠ ساڵە تاکی ئەم هەرێمە خەون بە  (گەرمایی,  فێنکی ، ڕووناکی, هاتوچۆ , ووزەی کارەباوە) دەبینن. نادادپەروەری وایکردووە ئەوەی بۆ هاولاتی خەونە بۆ وەبەرهێنەر مافی ئاساییە. ئەی چارەسەر؟ هەربۆیە ووزە لەم دەڤەرەدا بۆتە نەفرەتێکی گەورە نەک نیعمەت.

ئیکۆلۆژیا:
ئیکۆلۆژی بریتییە لە کارلێکەکانی نێوان سەرجەم  زیندەوەران وپەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ژینگە فیزیکییەکاندا لەوانە توخمە فیزیاییەکانی وەک ئاو و بەرد و خاک و هەوا و  پێکهاتەی ئەندامی و نائەندامی و فرە جۆری بایلۆجیەکان.
هەروەها ئیکۆلۆژی زانیاری و تێگەیشتنە  دەربارەی ئیکۆسیستەمەکان و چۆنێتی پاراستنی سەرچاوەکانی زەوی و بەکارهێنانی پێکهاتەکان و کارکردنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ڕووەک و بوونەوەرەکان و جیهانی دەوروبەریان و پاراستنی هاوسەنگی نێوان ئەم پێکهاتانەیە.
 ئیکۆسیستەمەکان کاتێک تەندروستن کە پێکهاتە سەرەتاییەکانیان وەک خۆیان بن بەڵام هەندێک فاکتەر هەن کە ئیکۆسیستەم دەشێوێنێت لەوانە گەشەسەندنی شارەکان و کارکردنی نەرێنی لەسەر  سیستەمی سروشت  و ئاگرکەوتنەوە و لافاو و لەناوبردنی زیندەوەران.
گەورەترین هۆکاری تێکدانی ئیکۆسیستەم لە کوردستاندا لە دوای ساڵەکانی ٢٠٠٦ وە پەرەی سەندووە ئەویش لەڕێگای ئەو پەلکێشییە ناپەساندانەیە کە لە گۆڕینی سیستەمی خاک دەستی پێکردووە تا ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە. خاکە کشتوکاڵییەکانی دەشتی شارەزوور کە رۆژانێک بوون خۆراکی ٩٠ ملێون کەسیان دابین دەکرد، هەروەها دەشتەکشتوکاڵییەکانی دەوروبەری شاری هەولێر کە سەرچاوەی گوزەران و بەرهەمی کشتوکاڵی بوون بۆ ناوچەی هەولێر و دەوروبەری ، لە ئێستادا ئەم دەشتانە بوونەتە شوێنی نیشتەجێبوون و باڵاخانەو کارگەی پیشەسازی. ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەریدەخەن لە ساڵی  ٢٠٠٦ەوە تا ئەم ساڵ، نزیکەی ٢١٤ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، کە زیاتر لە ١٠٥ هەزار ئاپارتمانەوە و زیاتر لە ٩٢ هەزار خانوو و نزیکەی ١٧ هەزار ڤێلا دروستکراون.
گەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی ئەوا بەڕوونی وەم پەلکێشانانە لە م وێنانەدا دەدەکەونکەسارەکان چۆن فراوانبوون لەسەر ئەژماری دەشتە کشتوکاڵییەکان وسەرچاوە ئاوییەکان و چیا و شاخەکان.
شاری سلێمانی:



شاری هەولێر:


 ئەم گۆڕانکارییانە وای کردووە تەندروستی خۆراک و بەرهەمی کشتوکالیش بە جۆرێک کەم بکات کە  کە زۆرینەی بەرووبومە کشتوکاڵییەکان هاوردە بکرێن لە وڵاتانی دەووروبەر و هیچ کوالیتیەکی ستانداردی خۆراکی تەندروستی تیا نەکرێت، هەرچی بەرهەمە ناوخۆیەکانیشە  سەدان مادەی زیانبەخشی کیمیایی و قڕکەری تێدا بەکاردەهێنرێت تا زووتر گەشە بکات، کە ئەمانە بوونەتە سەرجاوەی زۆرێک لە نەخۆشییە کووشندەکان.
لەگەڵ فراوانبوونی شارەکاندا رێژەی ستانداردی سەوزایی بە جۆرێک کەمی کردووە کەناوچە سەوزاییەکان فریای ئەو پەلکێشانانە ناکەون کە لە شارەکاندا ڕوودەدەن، بەپێی ووتە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێژەی سەوزایی لە شاری سلێمانی ١٢%، هەولێر بووەتە ١٩،٥٪ و دهۆکیش  ١٣،٦ %.ئەگەر چی بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە دەبێت ڕێژەی سەوزایی لە سارەکاندا لە ١٥% بێت بەڵام لە گەڵ گۆڕانە ژینگەییەکاندا ئەم ڕێژەیە ستاندارت نییە،چونکە ژمارەی دانیشتوان و پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ووزەی بەردین کاریگەری زۆری هەیە، بۆیە توێژینەوەکان ئاماژە بە لانیکەم ٩مەتر دووجا  شوێنی سەوزایی بۆ هەر تاکێک دەکەن  و فەزای سەوزی شارەکان( UGS) ی لە باشترین حاڵەتدا دەبێت  ٥٠ مەتر دووجا سەوزایی بێت بۆ هەر تاکێک. ژمارەی دانیشتوانی ناو قەزای  سلێمانی بە بەکرەجۆ و تانجەرۆو بازیانیشەوە دەگاتە نزیکەی ٩٩٢،٩٢٢  کەس، بۆیە هەرگیز سەوازیی پێویست فەراهەم نەبووە بۆ ئەم ڕێژەیە لە دانیشتوان. بە هەمان شێوە گەر ناوەندی شاری هەولێریش ٢ ملێۆن کەسێکی تێدایە بژی ئەوا ئەو ڕێژە سەواییەی کە ئێستا هەیە هەرگیز ناگاتە رێژەی ستاندارد.
هەرچی ئەو سەوزاییانەشە کە هەیە لە هەرێمی کوردستاندا یا تەلبەند کراوەوە و سیفەتی سروشتی لێسەندراوەتەوە کە ڕێبەندی لە گوزەرانی ئاژەلی کێوی دەکات و مەترسی دەخاتە سەر هەموو ژیانیان، یا پڕ کراوە بە درەختی نامۆ بە سروشتی ناوچەکە، کە بەداخەوە بڕێکی زۆری داری داگیرکەری بۆ هێنراوە کە زیانی گەورەی بە سەوازیی ناوچەکە گەیاندووە.
چاوی سەرمایە سەوزایی و ئاژەڵ و بوونەوەرە هەمەجۆرەکان نابینێت. گۆیژە تەخت بێت بە ئەو چی، دەشتە کشتوکاڵییەکانی هەولێرو شاخەکانی ناوچەی دهۆک بگوڕن بۆ بیناسازی بە ئەو چی، سەرچاوە گەشتوگوزارییەکان وئاوییەکان داگیر بکەن بە ئەو چی، سروشت تەلبەند بکەن بە ئەو چی، زیندەورو باڵندە ڕەو بکەن و لەناوچن بە ئەو چی.

هەوا:
هەوا پێکهاتووە لە چەند تێکەڵەیەکی نەبینراوی گازەکان کە دەوری زەوی دەدەن. نایترۆجین و ئۆکسجین نزیکەی لەسەدا ٩٩ی هەوای زەوی پێکدەهێنن، هەوای وشکی ستاندارد لە نایترۆجین، ئۆکسجین، ئارگۆن، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، نیۆن، هیلیۆم، کریپتۆن، هایدرۆجین و زینۆن پێکهاتووە. هەڵمی ئاو ناگرێتەوە چونکە بڕی هەڵمەکەی بە پێی شێ و پلەی گەرمی دەگۆڕێت. مرۆڤ و ئاژەڵەکانی تر پێویستیان بە ئۆکسجین هەیە بۆ ئەوەی بژین، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە گازێکە کە ڕووەکەکان پشتی پێ دەبەستن، کەمتر لە سەدا ٠.٠٤ پێکدەهێنێت.
ڕووەک و گیاندار هەریەکەیان ئەو گازانە بەرهەم دەهێنن کە ئەوی دیکە پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بژی. ڕووەکەکان پێویستیان بە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەیە- مرۆڤ و ئاژەڵەکانی تر دووەم ئۆکسیدی کاربۆن وەک پاشماوە هەناسە دەدەن. مرۆڤ و ئاژەڵەکانی تر پێویستیان بە ئۆکسجین هەیە- ڕووەکەکان ئۆکسجین بەرهەم دەهێنن لە کاتی پرۆسەیەکی گرنگدا کە پێی دەوترێت فۆتۆسێنتێز، کە وزەی خۆر دەکاتە ماددە خۆراکیەکان.
وەک پێشتر ئامژەمان پێکردووە هەندێک گاز لە هەوادا لەئەنجانی تەقینەوەی گڕکانەکانەوە سەرچاوە دەگرن و  هەڵمی ئاو و  گازەکانی تری وەک یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و دووەم ئۆکسیدی گۆگرد بەرهەمدەهێنن کە بۆ زۆربەی زیندەوەران ژەهراوین و ژینگە پیسدەکەن، بەڵام گەورەترین زیان کە بۆتە هۆکاری گەرمبوونی گۆی زەوی مرۆکردە، بە هۆی بەرهەمهێنانی ووزەی بەردین و سووتانی دارستانەکانەوە دێت.   
بەداخەوە پیسبوونی هەوا کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو هەوایە کەبۆتە سەرچاوەی  هەناسەدانمان. پیسبوونی هەوا کاتێک ڕوودەدات کە بەرهەمە زیانبەخشەکان وەک پاشماوەی گازی ئۆتۆمبێلەکان وکارگە و پیشەسازییەکان  بچنە ناو هەواوە. ئەم پیسکەرانە دەتوانن بە تەم و مژ، کە تێکەڵەیەک لە دوکەڵ و تەم، بەرگەهەوا دابخەن. هەروەها دەتوانن هەوری ژەهراوی تۆز دروست بکەن.
پرسیارک دێتە گۆڕێ کە ئایا گەر هەوا چەند گازێکی نەبینراو بێت ئەی ئەو قەتماغەیە چیە لە ئاسمانی شارەکانی هەرێمدا دەبینرێت؟

بە سانایی وەلامەکەی ئەمەیە: لە شاری  سلێمانیدا ٦٨٠ هەزار ئۆتۆمبێلی تایبەت و گشتی و بارهەڵگرو ماتۆرسکیلی تۆمارکراو هەیە و زیاتر لە یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل لە شاری هەولێر هەیە هەزارەها کارگە و پیشەسازی و پاڵاوگەی نەوت لەناو جەرگەی شارەکانی هەرێمدا بوونیان هەیە ئەمە جگە لەبوونی نزیکەی ٧  هەزار  موەلیدەی کارەبا دابینکراوە بۆ ماڵان و کارگەکان لە ٢٥٠ کەیڤییەوەKVA دەستپێدەکەن و تاوەکو ١٢٥٠ کەیڤ. هەرموەلیدەیەکی کارەبا بەپپێ ئەم خشتەیە پێویستی بە سووتانی ئەم بڕە گازوایلە هەیە:

  لە کاتی سووتانی یەک لەسەر پێنجی ٥\١ هەر لیترێک گازوایل بڕی ١ کیلۆ و  ٨٠٠ گرام گازی ژەهراوی دەخاتە هەواوە ئەمە جگە لە پاشماوەی سووتانی بەنزینی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل کە لە هەرێمدا بوونیان هەیە.
 ئەنجامی سووتانی ووزەی گازوایل دەبێتە هۆی دەردانی چەند جۆرێک گازی کوشندە، دیارترینیان گازی (یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و هایدرۆجینی سەلفاید- گۆگرد) کە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە و بەهۆی زوو تێکەڵبوونیش لەگەڵ خوێندا دەبنەهۆی تووشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجە و نەخۆشی قوورس.
پانتایی و ئاسمانی شارەکانی هەرێم  بۆتە قەتماغەیەک لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازە ژەهراوییەکان بەهۆی دەرئەنجامی پیشەسازی وتەلارسازییەکانەوە، چونکە تا تەلار سازی بەردەوامبێت ژمارەی موەلیدە و ئۆتۆمبێلەکان و کارگەکان زیاتر دەبن. نادادپەروەریش وای کردووە کە مرۆڤە هەژارەکانی  ئەم ناوچەیە تەنانەت  لە نەخۆشخانەکاندا و لەکاتی نەخۆشییە سەختەکانیشدا  ناتوانێت هەوایەکی پاکژ هەلمژێت. خەڵک رۆژانە بە هۆی پیسکردنی هەواوە وەک گەڵای پایزەی دارەکان هەڵدەوەرن. کێ بەرپرسیارە؟


دارشتنی کۆمەلایەتی:
دیزاینی کۆمەڵایەتی لەبەرچاوگرتنی دیدگا و پێداویستییەکانی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەیەک، دیزاینی کۆمەڵگە ئامانجی دڵنیابوونە لەوەی کە هەموو کەسێک دەتوانێت بە ئاسانی و دادپەروەرانە دەستی بەو سەرچاوانەی کە پێویستیانە بۆ ژیانێکی تەندروست. دەکرێت تەلارسازی کاریگەری گەورەی هەبێت لەسەر داڕشتنی کۆمەڵایەتی وە بە ئەم دەستەواژەیە بەپێچەوانەشەوە هەر ڕاستە.
دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە فشارەکانی نەبوونی پێداویستی سەرەتایی لە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تری گوزەران وای لە خەڵک کردووە پەنا بەرێتە بەر ژیانکردن لە ناو ئەو جۆرە بیناسازییەی وەک کۆمەڵگای بچووک و ستییەکان هاتوونەتە گۆڕێ. ژمارە بێشومارەی باڵاخانەکان وا دەکات خەڵک ڕاپێچ بکەن بۆ ئەوەی خانووەکانیان بە جێبهێڵن و روو بکەنە ناو بینایی ستوونیەوە. لە رابووردودا خانوو بریتی بوو لە ماڵ و باخ و خزمەتگوزرەییەکانی تری وەک ئاو و ئاوەڕۆ و پەیوەندی کۆمەلایەتی لەگەڵ هاوسێ و گەڕەکەکەدا.کە خانووت هەبووبێت واتە باخت دەبێت و بژاردەی تایبەت بە خۆت دەبێت و سەربەخۆییت دەبێت، پەیوەندییەکانت بەئاستێکی ئاسۆیی گەشەی کردووە.
لەئێستادا ڕاکردن بەدوای خزمەتگوزاری سەرەتاییدا وای لە خەڵک کردووە هەموو سەرنجێکی لەسەر خۆی بێت و هەستی کۆمەڵایەتی وونبکات و کێبڕکێی کۆمەڵایەتی دروست ببێت و پەیوەندییەکان فشەڵبکاتەوە.
 ئەم دیزایینەی بیناسازیییەی لە هەرێمدا روودەدات پەیوەندییەکان سەر لە نوێ دادەرێژێتەوە،پەیوەندیی مرۆڤەکان بەرەو هێڵی ستوونی دەبات، کەشخەکان لە نەدەارەکان جیادەکاتەوە و پێشبڕکی کۆمەڵایەتی قورستر دەکات و خزمەتگوزاری تا دێت کەمتر ببنەوە. ئەم گۆڕانانە لە پێناو کێدا؟


سەرئەنجام دەرهاویشتەکانی ئەم فراوانبوون و پەلکێشانە لە بیناسازیی و یەکەی نیشتەجێبونانە لە هەرێمی کوردستانداوادەکەن کە  شارەکان جگە لە باڵەخانەی کۆنکریتی، هەرێمێکی  پڕ لە پەتا و نەخۆشی و ئێسکەپەیکەرمان بۆ بمێنێتەوە و شارەکان ببنە شاری تارمایی

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand