Draw Media

یەكێتی و پارتی دەیگەیەننە "مریشكە رەشە"؟

یەكێتی و پارتی دەیگەیەننە "مریشكە رەشە"؟

2019-01-04 18:32:09



راپۆرتی: محەمەد رەئوف
ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك دوو هێزی دەسەڵاتدارو خاوەنی زۆنی تایبەتی خۆیان، گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار، كە لە ناكۆكی سیاسیەوە سەری كێشاوە بۆ ناكۆكی ئەمنی و دەستگیركردنی كادرانی یەكتر، هاوشێوەی شەڕی ناوخۆ و سەرەتاكانی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان. 
پرسیاری جدی ئەوەیە كە ئایا بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسیەكانی نێوان ئەو دوو حزبە رێگە دەدات ناكۆكیەكانی نێوانیان بگاتە ئاستی تەقینەوەو سەربكێشێت بۆ دوو ئیدارەیی؟

قوڵبونەوەی ناكۆكیيەكان
رۆژی 2ی ئابی 2018 پەیوەندیەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گەیشتە لوتكە، ئەویش دوای دۆڕاندنی كاندیدەكەی پارتی ( د. فوئاد حسێن) بە كاندیدەكەی یەكێتی ( د. بەرهەم ساڵح) لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقدا، كە دەرەنجامی توڕەیی پەنگخواردووی سەركردەكانی پارتی بوو بەرامبەر بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی لەسەر روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، كە پارتی پێی وایە " بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی خیانەتیان لە بارزانی و ئەنجامی ریفراندۆمكردووە".
ناكۆكیەكان بەبێ چارەسەرماونەتەوەو لە پشتی پەردەشەوە ئێسكی یەك دەشكێنن، بەتایبەتیش لە پرسی وەزارەتەكانی كورد  لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی و دانانی پارێزگاری كەركوك، ئێستاش ئەو پەیوەندییانە لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا رەنگیداوەتەوەو لەو پەڕی خراپیدایە، بەو پێیەی پارتی دەیەوێت بە زوویی كابینەی نۆیەمی حكومەت پێك بهێنرێت و یەكێتیش دەیەوێت ناكۆكیەكانی نێوانیان كۆتایی پێبهێنرێت و رێكەوتنێكی نوێ لە نێوانیاندا بكرێت ئەوكات گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت بكەن.
ناكۆكیەكانی نێوان ئەو دووهێزە گەیشتۆتە ئاستێك كە بەشێك لە كادرانی هەردولا ئاماژە بە ئەگەرەكانی دوو ئیدارەیی دەكەن و سەرەتاكەشی بە گرتن و دەستگیركردنی كادرو لایەنگرانی هەردوولا دەستی پێكردووە.

لە ناكۆكی سیاسیيەوە بۆ ناكۆكی ئەمنی
شەوی 2/3ی 1ی 2018  ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر لە دوو هەڵمەتی جیادا هەڵیانكوتایە سەر ماڵی (پێشڕەو وەیسی) كارگێڕی مەڵبەندی 3ی هەولێری یەكێتی‌و رفاندیان، هەمان شەو هێزێكی دیكەی ئاسایشی پارتی لە گەڕەكی (رۆشنبیری)ی شاری هەولێر چونەتە سەر ماڵی (لێزان بەكر) كادری یەكێتی‌و هەوڵی رفاندنیانداوە.
ئەم دوو هەڵمەتە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بردە قۆناغێكی ترەوە كە ئەویش چونەوە ناو روداوەكانی شەڕی ناوخۆیە، چونكە هەرزوو تارق نوری، بەرێوەبەری ئاساییشی هەولێر ئەو راستییەی دركاند، كە دەستگیركردنی ئەو كادرەی یەكێتی پەیوەندی بە دەستگیركردنی  كادرێكی پارتیەوە هەیە لە گەرمیان كە كوڕی ( ئەكبەری حاجی رۆستەم)ە فەرماندەی سەربازی پارتی.
ئێستا بۆ هەردوولا رونبۆتەوە كە دەستگیركردنی كادری لایەكیان دەستگیركردنی كادری لایەكەی دیكەی بەدوادادێت، كە ئەمەش ئاماژەیەكی رونە بەوەی كە هەرێمی كوردستان لەرووی "دیفاكتۆ"وە دوو ئیدارەی حزبییەو یەكێتی لە زۆنی سەوزو  پارتی لە زۆنی زەرد حوكم دەكات .
بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا ئەم ناكۆكیانەی نێوان ئەم دوو هێزە كە رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت لە كوێدا دەوەستێت؟

بەرژەوەندیيەكان ناكۆكیيەكان خامۆش دەكات؟
هەرچەندە  ئاماژەی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بە ئاراستەیەكی رۆشندا نارۆن، بەڵام چاوەڕەوانی ئەوە ناكرێت بگاتە بنبەست"مریشكە رەشە" بەو پێیەی ئەم دوو هێزە چەندین بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و بارزگانی لە نێوانیاندا هەیەو ئەستەمە رێگە بدەن ئەو بەرژەوەندیانەیان بكەوێتە مەترسیەوە، چونكە  بە دووركەوتنەوەیان لەیەك بەشێكی زۆری بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و كەسییەكانیان دەكەوێتە مەترسیەوە.

یەكەم: بەرژەوەندیە سیاسیەكان
ئەم دوو هێزە لە پرۆسەی حكومەتداریدا خاوەنی دەیان پۆستی باڵای سیاسین كە بەشێكیان پارێزگاری لە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەكانیان دەكەن ، لە داهاتوشدا  ژمارەیەكی زۆری پۆستی باڵا چاوەڕەوانی هەردوولا یان دەكات، لەوانەی 
بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، پۆستەكانی ( سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، وەزیری نەوت و دارایی و ناوخۆ و پەیوەندیەكانی دەرەوە) 
بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پۆستەكانی( سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەكی زۆری وەزیر و پۆستی باڵا).
بە دووركەوتنەوەیان لەیەكدی پێگەی هەرێمی كوردستان بەرەو لاوازی دەڕەوات و خۆشیان ئە راستییە دەزانن كە ئەوكات بەغداد هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە مامەڵەیان لەگەڵ دەكات. 
 
دووەم: بەرژەوەندی ئابوری
لەروی ئابورییەوە سەرەرای فرۆشتنی بڕیكی زۆری نەوت و غاز، كە مانگانە داهاتێكی زۆریان دەستدەكەوێت و بەشێكی بۆ حزبەكانیانە، هەرلایەكیان خاوەنی 2 خاڵی گومرگی نێودەوڵەتی و دەیان دەروازەی دیكەن، ئەمە سەرەرای داهاتی ناوخۆ كە لەناوچەی زۆنی زەرد مانگانە بە نزیكەی 70 ملیار دینار و لە زۆنی سەوزیش بە 60 ملیار دینار مەزەندە دەكرێت، ئەمە سەرەرای پشكی هەرێم لە بەغداوە كە رەنگە بەناكۆكی دوو ئیدارەیی ئەو سەرچاوانەی داهات كەمببنەوە و زیانی ئابوری بكەن.

سێیەم: بەرژەوەندییە كەسییەكان
ژمارەیەكی زۆری كارەكتەری ناو ئەم دوو هێزە سەرقاڵی بازرگانی گەورەن و كۆنترۆڵی بازاڕەكانی هەرێمیانكردووە، كە سودیان لە پەیوەندی نێوانیان وەرگرتووەو هەردولا چاوپۆشیان لەیەكدیكردوون، بەشێك لە كارەكتەرەكانیانی نێوانیان سەرقاڵی فرۆشتنی نەوت و پشكی نەوت و پاڵیوگەی نەوتن، كە كۆنتاكت و پەیوەندی زۆر لە نێوان كارەكتەرەكانی نێوان ئەم دوو هێزە هەیە.
بۆیە ئەستەمە بەرژەوەندیە كەسێكانی نێوان ئەم دوو هێزە رێگە بدەن، پەیوەندی نێوانیان بە بنبەست بگات و بگاتە ئاستی جیابوونەوەو دابڕانی یەكدی( مریشكە رەشە). 

چوارەم: فاكتەری هەرێمایەتی
ئەگەرچی وڵاتە دراوسێ و هەرێمایەتیەكان نایانەوێت هەرێمی كوردستان بەهێز بێت، بەڵام ناشیانەوێت هەرێمێكی پارچەپارچە لەناوچەكەدا هەبێت، بەو پێیەی ئەوان بەرژەوەندی خۆیان هەیە لەم ناوچانە، كە هەرێمی كوردستان دەچێتە چوارچێوەی سنوری ململانێی دەوڵەتە هەرێمایەتییەكانەوە، بەوەی ئێستا ئێران كە هەیمەنەی لەناوچەی سەوز هەیە، بەڵام بەهەمان شێوە پەیوەندیەكانی لەگەڵ ناوچەی زەرد باشەو دەیەوێت هەرێمێكی یەكگرتوو هەبێت و نایەوێت سەرئێشەیەكی دیكە لە سنورەكانی هەبێت، چونكە ئەم دوو هێزە ئەو وەزیفەیەی بۆ دەبینن كە دەیەوێت.
هەرچی دەوڵەتی توركیاشە سەرەرای هەژمونی خۆی كە لە ناوچەی زەرد هەیەتی، بەڵام دەشیەوێت هەیمەنەی لەناوچەی سەوز هەبێت و لەوێوە پیلانە ستراتیژیەكانی خۆی جێبەجێ بكات، كە ئەویش پرسی ئابوری و بازرگانی و ئەمنیە، بۆیە بۆ توركیاش هەرێمێكی یەكگرتوو باشتر و رونتر مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت وەك لە هەرێمێكی پارچەپارچە بوو، كە رەنگە بەلای توركیاوە لاوازی هەرێم رێگە خۆش بكات بۆ فراوانبوونی هەژمونی پەكەكە تیایدا.
وڵاتە زلهێزەكانیش لەگەڵ ئەوەن كە هەرێمی كوردستان ئیستقراری ئەمنی و سیاسی هەبێت، ئەویش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە ئابوری و بازرگانی و پاراستنی كۆمپانیا زەبەلاحەكانیان لە ناوچەكەدا. 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand