پێنج پۆست دەبن بە چەقی ململانێكان !
2019-01-03 12:46:57
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
پێنج پۆست لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبن بە چەقی ململانێی لە دانوستانی نێوان لایەنەكاندا، چونكە ئەو پۆستانە لە یەككاتدا زیاد لە لایەنێك داوای دەكەن، لە نوێترین پەرەسەندنیشدا لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، یەكێتی نیشتمانی سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكی نوێیەو پرۆژەكە دەخاتەبەردەم پارتی.
پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان، كە دەیانەوێت پێكەوە كابینەیەكی "ترۆیكا- سێقۆڵی"ی حكومەت پێكبهێنن، هەریەكەیان لیستێكی تایبەت بەخۆی هەیە سەبارەت بە پۆستەكان، لە هەندێك شوێندا بەریەككەوتن لەنێوان خواستەكانیان هەیە لەسەر پۆستەكان.
یەكێتی پرۆژە ئامادە دەكات
بەگوێرەی نوێترین زانیاری كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئێستا یەكێتی نیشتمانی سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكە بۆ پێكهێنانی كابینەی (نۆ)ی حكومەتی هەرێم.
(درەو میدیا) زانیویەتی، پرۆژەكەی یەكێتی كۆكراوەی سێ پرۆژەیە:
• پرۆژەی یەكەم: فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی نوسیویەتی
• پرۆژەی دووەم: ئیدارەی گشتی یەكێتی ئەم پرۆژەیەی نوسیوەو زیاتر روئیایەكی ئابوری بەسەریدا زاڵە، یەكەمجارە ئیدارەی گشتی یەكێتی بەمشێوەیە بەشداری لە پرۆسەیەكی لەمشێوەیە بكاتو پرۆژەی خۆی هەبێت
• پرۆژەی سێیەم: لەلایەن كۆمەڵێك لە گەنجو كادیرانی باڵای یەكێتییەوە نوسراوەتەوە
بەپێی زانیاری (درەو میدیا)، یەكێتی لە پرۆژە كۆكراوەكەیدا دەیەوێت دۆسیەی كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكان هەروەها دۆسیەی بەغداد ببەستێتەوە بە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەوە.
ئەو پۆستانەی یەكێتی چاوی لێیەتی!
(درەو میدیا) زانیویەتی، ئێستا یەكێتی نیشتمانی چاوی لەوەیە لە كابینەی نوێی حكومەتدا ئەم پۆستانە وەربگرێت:
• سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
• جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
• وەزارەتی خوێندنی باڵا
• وەزارەتی كشتوكاڵ
• وەزارەتی پلاندانان
• وەزارەتی ناوخۆ
• وەزارەتی دارایی
• وەزارەتی تەندروستی
• سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران
• بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
• سەرۆكی سندوقی داهاتەكانی نەوتو غاز
تائێستا دیارنییە لە كۆتایی یارییەكەدا چەند پۆست بۆ یەكێتی یەكلادەبێتەوە، بەڵام باڵەكانی یەكێتی هەر لەئێستاوە كێبركێیان لەسەر پڕكردنەوەی پۆستەكان بە كەسانی سەربە خۆیان دەستپێكردووەو چەندین كەس ناوی خۆی وەكو "كاندیدی گریمانەكراو" بۆ پۆستەكان خستوەتەبەر باسو خواست.
پارتی چی دەكات؟
ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ دەستپێكردنی گەڕێكی نوێی دانوستان لەگەڵ لایەنەكان بەدیاریكراویش (یەكێتیو گۆڕان).
بەپێچەوانەی خواستی یەكێتییەوە كە دەیەوێت دۆسیەی كەركوك لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ بئاڵێنێت، پارتی دەیەوێت كەركوكو كەیسی بەغداد لە كابینەكەی مەسرور بارزانی دوربخاتەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی كابینەكە بە زوویی پێكبهێنێتو دوچاری بەربەستو مشتومڕ نەبێ.
ئەو پۆستانەی پارتی چاوی لێیەتی !
پارتی كە وەك لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن ئێستا سەرۆكایەتی هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نوێ دەكات، سەرباری ئەمە چاوی لە وەرگرتنی ژمارەیەك پۆستە لە كابینەی نوێدا، (درەو میدیا) زانیویەتی پارتی دەیەوێت ئەم پۆستانەش ببات:
• سەرۆكی هەرێمی كوردستان
• سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
• جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان
• وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
• وەزارەتی ناوخۆ
• وەزارەتی خوێندنی باڵا
• وەزارەتی تەندروستی
• وەزارەتی ئەوقاف
گۆڕان لە كوێدایە؟
بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەكی بێ پێشینەو زۆر گەرموگوڕ لەلایەن پارتییەوە بانگهێشتكراوە بۆ بەشداریكردن لە كابینەی (نۆ)، گۆڕان براوەی سێیەمی هەڵبژاردنەكانە، سەركردەكانی بزوتنەوەكە تاڕادەیەك سەرسامبوون بە گەرموگوڕی پارتی لەگەڵیان لە كۆبونەوەكاندا، بەڵام ئەمە بەتەواوەتی فریوی نەداون، ئەوان هێشتا بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەكەنو ئەزموونی چوار ساڵی رابردوویان لەگەڵ پارتی لەبیر نەكردووە.
سەرباری گومانەكان لە پێشوازییە گەرموگوڕەكەی پارتی، زۆرینەی سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابونەتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەتدا بكەن، بەڵام ئەیانەوێت ئەم نیازە پێشوەختەیە بۆ بەشداریكردن بە شاراوەیی بهێڵنەوە بۆ ئەوەی كاریگەری خراپ نەكاتەسەر رەوتی دانوستانەكانیان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان.
ئەو پۆستانەی گۆڕان چاوی لێیەتی!
لەدواین گەڕی دانوستانەكاندا، وەفدی پارتی بە پاكێجێكەوە سەردانی گۆڕانیان كرد كە تەنیا پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكەی (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان)ی لەخۆدەگرت، (درەو میدیا) زانیویەتی، گۆڕان داوای لە وەفدی پارتی كردووە هەموو پۆستەكان بكەن بە یەك پاكێج، نەك تەنیا سێ سەرۆكایەتییەكە، بڕیارە وەفدی پارتی لە گەڕانەوەیدا بۆ سلێمانی پاكێجێكی نوێ بخاتەبەردەم گۆڕان.
بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەكی گشتی لە كابینەی نوێدا چاوی لە وەرگرتنی ئەم پۆستانەیە:
• جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان
• وەزارەتی دارایی
• وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە
• وەزارەتی پەروەردە
• دەستەی وەبەرهێنان
• جێگری وەزیری سامانە سروشتییەكان
وەزارەتە جێناكۆكەكان
بەلەبەرچاوگرتنی خواستی لایەنەكان لەسەر پۆستەكان، پێدەچێت لە گەڕی داهاتووی دانوستانەكاندا بە تایبەتیش لە قۆناغی دابەشكردنی پۆستەكاندا، مشتومڕی سەرەكی دانوستانەكان لەسەر چەند وەزارەتێك چڕببێتەوە، واتە چەند پۆست و وەزارەتێك هەن كە زیاتر لە لایەنێك داوای دەكات، لەوانە:
• پۆستی وەزارەتی ناوخۆ: پۆستێكی جێناكۆكەو پارتیو یەكێتی هەردوكیان خواستیان لەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستە هەیە
• وەزارەتی تەندروستی: بەهەمان شێوە جێناكۆكەو پارتیو یەكێتی هەردوكیان داوای دەكەن
• وەزارەتی خوێندنی باڵا: پارتیو یەكێتی هەردوكیان داوای دەكەن
• وەزارەتی دارایی: پۆستێكی جێناكۆكە لەنێوان یەكێتیو گۆڕانو هەردوكیان چاویان لەسەریەتی
• جێگری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: پۆستێكی جێناكۆكە لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانیو هەردوكیان داوای دەكەن