Draw Media

"بنكەی نهێنی ئەمریكییەكان لە هەولێرو سلێمانی داخران"

"بنكەی نهێنی ئەمریكییەكان لە هەولێرو سلێمانی داخران"

2019-01-05 11:47:04


(درەو میدیا):
روسیا لەڕێگەی میدیاكانییەوە چەند زانیارییەكی نوێی لەبارەی سەردانەكەی ئەمدواییەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق ئاشكراكرد‌و بەپێی ئەو زانیارییانە بەر لە سەردانەكە، بنكە نهێنییەكانی ئەمریكا لە هەولێر سلێمانی داخراون.
كەناڵی (روسیا تودەی) زمانحاڵی حكومەتی روسیا چەند زانیارییەكی نوێی لەبارەی پشتی پەردەی سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق بڵاوكردەوە.
كەناڵەكە لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمریكییەوە لە عێراق، باس لەوەدەكات، بەرلە سەردانە نهێنییەكەی ئەمدواییەی ترەمپ بۆ عێراق، ئەمریكییەكان ژمارەیەك رێوشوێنیان گرتوەتەبەر.
بەپێی قسەی كەناڵەكە، ناوەڕاستی مانگی رابردوو ئەو هێزە ئەمریكییانەی كە لەسەر سنوری عێراق- سوریا بوون، كشاونەتەوە، بەڵام رۆژێك بەر لە سەردانەكەی ترەمپ بۆ بنكەی (عەین ئەسەد) عێراق جارێكی تر گەڕێندراونەتەوە بۆ شوێنەكەیان.
سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە" ئەو كارمەندە عێراقییانەی كە لەگەڵ هێزە ئەمریكییەكان لە بنكەی عەین ئەسەد كاردەكەن، رۆژی سەردانەكەی ترەمپ بۆ بنكەكە، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی بزانن، مۆڵەتی زۆرەملێیان پێدراوە".
كەناڵەكەی لە بەشێكی تری راپۆرتەكەیدا دەڵێ" بەر لە رۆژێك لە سەردانەكەی ترەمپ بۆ عێراق، بنكەی نهێنی ئەمریكییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و هەولێر داخراوە‌و هەموو نوسراوەكانی ناو ئەو بنكانە گواستراونەتەوە‌و دواتر بنكەكان كراونەتەوە".
بەپێی راپۆرتەكە، كارمەندانی عێراقی كە لەو بنكە نهێنیانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، چەند رۆژێك بەر لە سەردانەكەی ترەمپ بەدۆخێكی سەختدا تێپەڕیون‌و هەندێكیان دەركراون‌و هەندێكی تریان بەبێ هۆكار گواستراونەتەوە بۆ بنكەی تری ئەمریكییەكان.
"كاتێك ترەمپ گەیشتوەتە بنكەی عەین ئەسەد، سەركردەیەكی عێراقی كە ناسنامەكەی نەزانراوە، نوسراوێكی داوە بە دۆناڵد ترەمپ كە ژمارەیەك ئیمزای لەسەر بووە".
راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە" حكومەتی عێراق ئاگاداری سەردانەكەی ترەمپ نەبووە، تاوەكو بەر لە دوو كاتژمێر لە گەیشتنی ترەمپ، ئەوكات عادل عەبدولمەهدییان ئاگاداركردووە لە سەردانەكە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand