كابینەی نوێ توانای هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچەی دەبێت ؟
2019-01-02 17:18:04
راپۆرتی: درەو میدیا
چاوەكان رویان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە تا قەیرانی دارایی لە كۆڵی هاوڵاتیان و بەتایبەت موچەخۆران بكاتەوە، ئەویش بە هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچەو خستنەگەری پرۆژە خزمەتگوزاریەكان،رەنگە هەنگاوەكان بەو ئاراستەیە تەنها پەیوەست نەبێت بە ئیرادەی حكومەتی هەرێمەوە بەڵكو بەغدا و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ مەلەفی نەوت رۆڵی دەبێت لە چارەسەركردنی ئەو قەیرانەدا.
چاوەڕەوانی موچەخۆران
ماوەی سێ ساڵە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەشێك لە موچەكانیان بۆ پاشكەوت دەكرێت و لە ئێستاشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 15 ترلیۆن دینار قەرزاری موچەخۆرانی هەرێمە كە ( 3 مانگی تەواوەتی 2015 ، 12 نیوموچەی 2016 ، 12 نیو موچەی 2017 ، 9 نیوموچەو 3 موچەی تەواوەتی 2018 ) قەرزاری موچەخۆرانی هەرێمە، پێناچێت موچەخۆران متمانەیان بە وەرگرتنی ئەو موچە پاشەكەوتكراوەیان هەبێت، بەڵام بەتەواوی چاویان لە هەڵگرتنی پاشكەوتی موچەكانیانە.
كۆی ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم ( 1.249.481 ) یەك ملیۆن و 249 هەزارو 481 موچەخۆرە، كە لە ئێستادا بە پاشكەوتەوە مانگانە پێویستی بە ( 725 ملیار دینار) هەیە، بەڵام كۆی موچەی موچەخۆران پێویستی بە ( 897 ملیار دینار) هەیە وەك پێشتر وەزیری دارایی هەرێم ئاماژەی پێكردووە، داهاتی ئەو موچەیەی ئێستا دابین دەكرێت بۆ موچەخۆران بریتیە لە :
- داهاتی نەوت بۆ موچە: 378 ملیار دینار
- پارەی بەغداد : 317 ملیار دینار
- داهاتی ناوخۆ : 120 ملیار دینار
- پارەی ئەمریكا: 30 ملیار دینار
- كۆی گشتی : 845 ملیار دینار
- كۆی خەرجی وەزارەتەكان : 125 ملیار دینار
- پارەی ماوە بۆ موچە: 725 ملیار دینار
بەو پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها بۆ موچەی موچەخۆران پێویستی بە ( 170 ملیار دینار)ی تر دەبێت بۆ ئەوەی موچەی تەواوەتی موچەخۆران بدات بەبێ پاشەكەوتی موچە،پرسیارەكە ئەوەیە حكومەت چۆن داهاتەكەی زیاد دەكات تا بتوانێت موچەی تەواوەتی موچەخۆران بدات و پارەش بۆ خەرجی و وەبەرهێنان تەرخان بكات؟
روو لە بەغداد
پێشبینیەكان بەو ئاراستەیەن كە لە كابینەی نوێدا دۆخی دارایی حكومەت كەمێك سەقامگیری بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام ئەمە تەنیا هیواو ئومێدە، ئەوەی بەكردەوە ئەم بەرپرسیارێتییەی دەكەوێتە ئەستۆ حكومەتی داهاتووی هەرێمە، كە ئایا تەنها پشت دەبەستێت بە داهاتی ناوخۆیی خۆی یاخود رێكەوتن دەكات لەگەڵ بەغداد:
یەكەم: رێكەوتن لەگەڵ بەغداد
ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە یاسای بودجەی 2019ی عێراقەوە، دەبێت رۆژانە (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات، ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەم هەنگاوە بنێت لەبەرامبەردا مانگانە بڕی نزیكەی (500 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت. سەرباری پارەكەی بەغداد، حكومەتی هەرێم مانگانە هەندێك داهاتی تری دەستدەكەوێت كە ئەمانەن:
• حكومەتی هەرێم جگە لە رادەستكردنی نەوت بە بەغداد دەتوانێت خۆی رۆژانە نزیكەی (200 هەزار) بەرمیل نەوت بفرۆشێت، داهاتی ئەم نەوتەش دەگاتە نزیكەی (300 ملیار) دینار.
• جگە لە داهاتی نەوت، حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (120 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆی دەستدەكەوێت.
• تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (30 ملیار) دینار یارمەتیو كۆمەكی ئەمریكا وەردەگرێت.
بە پارەكەی بەغدادو كۆی داهاتەكانی ترەوە حكومەتی هەرێم لە ساڵی نوێدا دەتوانێت مانگانە نزیكەی (یەك ترلیۆن) دینار داهات كۆبكاتەوە، ئەگەر بەشێك لە موچەخۆران (زیندانیانی سیاسی- كەمئەندامانی سەنگەر) موچەكانیان بخرێنەسەر بەغداد، ئەوكات حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچەی هەموو موچەخۆران مانگانە پێویستی بە (800 ملیار) دینار دەبێت، لەم حاڵەدا حكومەتی داهاتوو دەتوانێت پاشەكەوتی موچە هەڵگرێتو سەرباری ئەوەش مانگانە بڕی (200 ملیار) دیناری بۆ بمێنێتەوە بۆ خەرجییەكانی تری بواری وەبەرهێنان.
ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەم هەنگاوە بنێت دەتوانێت كێشەی موچەی فەرمانبەرانو بوژاندنەوەی بازاڕو دۆخی خزمەتگوزارییەكان تاڕادەیەك چاك بكات.
دووەم: پشتكردنە بەغداد
ئەگەر حكومەتی هەرێم پەیوەست نەبوو بە بودجەی عێراقو ئامادەنەبوو نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئەوا كابینەی نوێ دەكەوێتە بەردەم دوو ئەگەر:
• ئەگەر بەغداد بەردەوام بوو لەسەر ناردنی (317 ملیار) دیناری مانگانە بۆ هەرێم، كابینەی نوێ لەگەڵ داهاتی نەوتدا مانگانە بڕی زیاتر لە (500 ملیار) دیناری دەستدەكەوێتو ئەوكات لەگەڵ (120 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆو (30 ملیار) دیناری ئەمریكیەكان، مانگانە كابینەی نوێ بەهەمان شێوە مانگانە بڕی (یەك ترلیۆن) دیناری دەستدەكەوێت.
• ئەگەر بەغداد (317 ملیار) دینارەكە نەنێرێت، داهاتی هەرێم نزیكدەبێتەوە لە (700 ملیار) دینارو تەنها بەشی پێدانی موچە دەكات بەشێوازی ئێستا، واتا ئەوكات حكومەت ناتوانێت پاشەكەوتی موچە هەڵگرێت پارە بۆ وەبەرهێنان تەرخان بكات.
داهاتی نەوتی هەرێم
بەدەر لە رێكەوتن یان رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەگەر بەتەواوی فایلی نەوت رێكبخاتەوەو سەرجەم داهاتەكانی كۆبكاتەوەو لەدەستێكی ئەمیندا، ئەوا بە ئاسانی دەتوانێت پاشەكەوتی موچە هەڵبوەشێنێتەوەو پارەش بۆ وەبەرهێنان تەرخان بكات.
هەرێمی كوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی 11/ 2018 بڕی 13 ملیۆن و 110 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە و داهاتەكەشی 760 ملیۆن و 380 هەزار دۆلار بووە كە دەكاتە نزیكەی ( 930 ملیار دینار)، ئەگەر 200 ملیار دیناریشی بۆ قەرزو كرێی بۆری و كۆمپانیاكان بڕوات ئەوا ( 730 ملیار دینار) ی دەمێنێتەوە، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ 120 ملیارو پارەی ئەمریكیەكان 30 ملیار دینار كۆی گشتی دەكاتە نزیكەی ( 900 ملیار دینار).كە دەتوانرێت موچەی بەبێ پاشەكەوت پێ دابینبكرێت.
بەڵام لە هەمو حاڵەتەكاندا ئەستەمە بەرپرسانی هەرێم دەستبەرداری پرۆسەی نەوت ببن و بیخەنە دەستەی بەغداوە، بەو پێیەی ئەو كەیسە كاریگەری هەیە لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و پێگەی هێزەكان و شێوازی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان.
بەڵام ئەگەرێكی تر كە جێگەی گفتوگۆكردنەو زۆرێك ئاماژەی بۆ دەكەن هەوڵی جدی پارتی و سەرۆكی پارتیە، كە دەبێت كابینەكەی مەسرور بارزانی جیاواز بێت لە رابردوو بۆیە ئەگەری هەڵگرتنی بەشێك لە قورسایی قەیرانی دارایی دەكرێت جا لە رێگەی رێكەوتن بێت لەگەڵ بەغداد یاخود كۆكردنەوەی داهاتەكانی ناوخۆ بێت.