Draw Media

كەركوك لە چاوەڕوانی سێشەممەدا !

كەركوك لە چاوەڕوانی سێشەممەدا !

2019-01-05 14:21:17


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
رۆژی سێشەممەی داهاتوو جارێكی تر ململانێی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك دەگاتە لوتكە، یەكێتی دەیەوێت سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەن دابنێت، بۆ ئەوەی دواجار پۆستی پارێزگاریش لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، پارتیش رێگری دەكات.
ململانێكانی یەكێتی‌و پارتی تەنیا خەڵكی سنورەكەی دابەشنەكردووە، بەڵكو بوەتە كێشە بۆ لایەنە سیاسییەكانیش، یەكێتی دەیەوێت لە سلێمانییەوە پارێزگارێك بۆ كەركوك دابنێت، پارتیش دەیەوێت لە هەولێرەوە.


كۆبونەوەكەی یەكێتی !
رۆژی 24ی مانگی رابردوو، یەكێتی نیشتمانی بانگهێشتی لایەنە سیاسییە كوردییەكانی كەركوكی كرد بۆ كۆبونەوەیەك لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە كەركوك، هەموو لایەنەكان جگە لە پارتی بەشداری كۆبونەوەكەی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتییان كرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، لەو كۆبونەوەیەدا بەرپرسانی یەكێتی لەبەردەم نوێنەری لایەنەكاندا هێرشی توندیان كردوەتەسەر پارتی‌و تۆمەتباریان كردووە بەوەی كە "رێگرە لەبەردەم ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك‌و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك".
هەر لەو كۆبونەوەیەدا یەكێتی بەفەرمی پێشنیازی بۆ لایەنە كوردستانییەكان كردووە كە پێكەوە خۆپیشاندانێكی گەورە لە كەركوك رێكبخەن دژ بە دۆخی ئێستای شارەكە‌و رێگرییەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پارێزگا، بەڵام لایەنە كوردییەكان پێشنیازەكەیان رەتكردوەتەوە‌و داوایان لە یەكێتی كردووە لەگەڵ پارتی رێككەوتن بكات بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار.


كۆبونەوەكەی پارتی !
كۆتا رۆژی ساڵی 2018 پارتی وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ كۆبونەوەكەی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كەركوك، بانگهێشتی لایەنە كوردییەكانی كەركوكی كرد بۆ كۆبونەوەیەك لە هەولێر.
كۆبونەوەكە لە وادەی دیاریكراودا لە بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە هەولێر بەڕێوەچوو، سێ لایەن بەشدارییان لە كۆبونەوەكەی پارتیدا نەكرد كە بریتی بوون لە (یەكێتی- بزوتنەوەی گۆرٍِان- كۆمەڵی ئیسلامی).
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی هەولێردا، بەرپرسانی رەخنەی توندیان لە یەكێتی گرتووە‌و تۆمەتباریان كردوەتەوە بەوەی كە "خیانەتی لە كەركوك كردووە".
لە كۆبونەوەكەدا بەرپرسانی پارتی بە نوێنەری لایەنە كوردییەكانی كەركوكیان وتووە ئەوان وەكو پارتی نایانەوێت "هیچ كەسێك لە ئەندامانی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و ئەوانەی لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر تێوەگلاون، ببن بە پارێزگاری كەركوك".
بەرپرسانی پارتی پێشنیازیان بۆ نوێنەری لایەنەكان كردووە "پشتیوانی كەسایەتییەكی بێلایەن بكەن بۆ پارێزگاری نوێی كەركوك"، لەو چوارچێوەیەشدا ناوی (عەبدولڕەحمان سدیق ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی)یان هێناوە وەكو كاندیدی بێلایەنی پارتی بۆ پۆستەكە.
هەر لە كۆبونەوەكەدا بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەكردووە، ئەوان كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ كەركوك كە هێزی سەربازی عێراق لەناو شاردا نەمابێت‌و رێگەبدرێت ئاڵای كوردستان لە شارەكەدا هەڵكرێت.


لادانی رێبوار تاڵەبانی
هەر ئەو رۆژەی كە پارتی لایەنەكانی بانگهێشتكرد بۆ هەولێر، یەكێتی لە كەركوك لەگەڵ كوتلەی عەرەب‌و توركمان كۆبوەوە.
دوای كۆبونەوەكە یەكێتی‌و كوتلەی عەرەب‌و كوتلەی توركمان راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە‌و تێیدا رایانگەیاند" رێككەوتوون لەسەر بەخشینی رێبوار تاڵەبانی لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن‌و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای بە وەكالەت، هەروەها دانانی جەمال مەولود (بەتەمەنترین ئەندامی ئەمجومەن) وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە هاوكات دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا. 

گۆڕان‌و كۆمەڵ بۆچی بەشدارییان نەكرد؟
نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی رۆژی 24ی مانگ بەشدارییان لە كۆبونەوەكەی یەكێتیدا كرد لە كەركوك، بەڵام وەڵامی بانگهێشتەكەی پارتییان نەدایەوە‌و بەشداری كۆبونەوەكەی رۆژی 30ی مانگی هەولێریان نەكرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، لەسەر مشتومڕی یەكێتی‌و پارتی لەسەر كەركوك، كێشە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دروستبووە، بەرپرسانی باڵای گۆڕان داوایان لە باژێڕوان‌و بەرپرسانی بزوتنەوەكەیان كردووە لە كەركوك بەشداری لە كۆبونەوەكەی پارتیدا بكەن لە هەولێر، بەڵام ئەوان رەتیانكردوەتەوە.
بەرپرسانی باڵای گۆڕان بۆچونیان وابووە كە نوێنەرانی گۆڕان لە كەركوك چۆن بەشدارییان لە كۆبونەوەی یەكێتیدا كردووە دەبوو هەر بەوشێوەیەش بەشدارییان لە كۆبونەوەكەی پارتیدا بكردایە‌و هاوسەنگییان رابگرتایە، بەڵام باژێڕوان‌و بەرپرسانی بزوتنەوەكە لە كەركوك دەڵێن ئەوان بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكەن لە دەرەوەی شاری كەركوك، ئەگەر پارتی لەناو كەركوك بانگهێشتیان بكات بۆ كۆبونەوە بەشداری دەكەن، بەڵام ناچن بۆ هەولێر، تەنانەت ئەگەر یەكێتیش لە سلێمانی كۆبونەوە بە لایەنەكانی كەركوك بكات، ئەوان بەشدار نابن.
سەبارەت بە بەشدارینەكردنی كۆمەڵی ئیسلامیش لە كۆبونەوەكەی هەولێر، بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا)، بەهانەی بەرپرسانی كۆمەڵ بۆ بەشدارینەكردن لەو كۆبونەوەیە ئەوە بووە كە خۆیان هەمان رۆژ واتە 30 مانگ، كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتییان هەبووە‌و نوێنەرەكانیان نەیانتوانیوە بەشداری لە كۆبونەوەكەی هەولێر بكەن.


كێشەكەی رێبوار تاڵەبانی !
رۆژی 26ی مانگی رابردوو دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك سەربە دەستەی دەستپاكی بەپێی مادەی 331ی یاسای سزادانی عێراقی حوكمی (6 مانگ) زیندانی بۆ رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت دەركرد.
(درەو میدیا) بەدواداچونێكی كرد بۆ ئەو دۆسیەیە، دەركەوت، بڕیارەكەی دادگای دەستپاكی پەیوەستە بە زیادە موچەیەكەوە كە رێبوار تاڵەبانی لەدوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی ئەنجومەن وەریگرتووە.
ساڵی 2014 حەسەن تۆران كە سەربە پێكهاتەی توركمان بوو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا خۆی كاندید كرد‌و سەركەوت بۆ پەرلەمان، دوای رۆشتنی بۆ پەرلەمان شوێنەكەی بەبەتاڵی مایەوە، تاوەكو پڕكردنەوەی شوێنەكەی، ئەنجومەنی پارێزگا رێبوار تاڵەبانی بەشێوەی "وەكالەت" وەكو سەرۆكەی ئەنجومەنی هەڵبژارد، رێبوار تاڵەبانی كە پێشتر جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بوو، هەر لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت مایەوە‌و ئەنجومەن بەتایبەتیش توركمانەكان نەیانتوانی كەسێك لە شوێنەكەی حەسەن تۆران جێگیر بكەن، لەمەشدا پارتی‌و یەكێتی هاوڕابوون‌و رێگرییان دەكرد.
(درەو میدیا) زانیویەتی، دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بە وەكالەت، لە بەغدادەوە رێبوار تاڵەبانی ئاگاداركراوە لەوەی ئەو بە "وەكالەت" لەو پۆستەدایە‌و ناتوانێت موچەی سەرۆكی ئەنجومەن وەربگرێت، بەڵام رێبوار تاڵەبانی هەر موچەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەرگرتووە‌و بەمدواییە سەرجەمی ئەو زیادە موچەیەی كە مانگانە وەریگرتووە گەیشتوەتە (82 ملیۆن) دینار.
بەپێی چەند سەرچاوەیەك كە قسەیان بۆ (درەو میدیا) كردووە، دوای ئەوەی دادگای لێكۆڵینەوەی سەربە دەستەی دەستپاكی ئاگاداركردنەوەی لەبارەی ئەو زیادە موچەیەوە بۆ رێبوار تاڵەبانی ناردووە، تاڵەبانی (82 ملیۆن) دینارە زیادەكەی گەڕاندوەتەوە، بەڵام هەر فەرمانی دەستگیركردنەكەی بۆ دەرچووە. 


سێشەممەی یەكلاكەرەوە!
رۆژی 8ی ئەم مانگە كە دەكاتە رۆژی سێ شەممەی داهاتوو، بڕیارە لەسەر خواستی یەكێتی‌و كوتلەی عەرەب‌و توركمانەكان ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە.
ئامانجی ئەم كۆبونەوەیە وەكو ئەوەی پێشتر رێككەوتنی لەسەر كراوە، ئەوەیە بەفەرمی لەناو ئەنجومەنەوە رێبوار تاڵەبانی لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن‌و سەرۆكی ئەنجومەن بە وەكالەت لاببرێت‌و جەمال مەولود لە شوێنەكەی دابنرێت.
جەمال مەولود ئەندامی لیستی حزبی شیوعی بوو لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەڵام ئێستا لەگەڵ هاوڕێكەی تری لە ئەنجومەن چووەنەتە ناو لیستی یەكێتییەوە.


یەكێتی دەتوانێت گۆڕانكاری بكات؟
ئەوەی بڕیار لەسەر گۆڕانكاری دەدات لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ژمارەیە، واتە كێ زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لایە.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە ساڵی 2005 هەڵبژێردراوە‌و سێجار وادەی یاسایی بەسەرچووە، لە (41) ئەندام پێكهاتووە، بەپێی بەزۆرینەی دەنگی (50+1)ی ئەنجومەن دەتوانرێت رێبوار تاڵەبانی لابدرێت، واتە لە كۆی (41) ئەندام دەبێت (21) ئەندام دەنگ بۆ لابردنی رێبوار تاڵەبانی بدەن.
دەنگەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەمشێوەیە دابەشبوون:
•    پێكهاتەی عەرەب: 6
•    پێكهاتەی توركمان: 9
•    لیستی برایەتی كورد:  26 ئەندام

لیستی برایەتی كورد دەنگەكان لەنێوان یەكێتی‌و پارتیدا دابەشبووە، لە كۆی (26) ئەندامی لیستی برایەتی، (12) ئەندام لەگەڵ پارتیدان، (6) ئەندام یەكێتین، (2)ی شیوعی هەن، بەڵام یەكلابونەتەوە بۆ یەكێتی، (3) ئەندام سەربە یەكگرتووی ئیسلامین، لەگەڵ ئەندامێكی عەرەب‌و توركمانێك‌و مەسیحییەك.
ئەگەر كۆبونەوەكە لە وادەی دیاریكراودا بكرێت، گرەوی گەورەی یەكێتی‌و پارتی لەناو ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر (3) كورسییەكەی یەكگرتووی ئیسلامی دەبێت، رەنگە یەكگرتوو هاوشێوەی روداوەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی، تیمەكەی لە ئەنجومەنی پارێزگا دابەشبكات‌و كەسێك یاخود دوانیان بەشداری دانیشتنەكە بكەن بۆ راگرتنی دڵی یەكێتی‌و كەسێكی تریان بایكۆت بكات بۆ راگرتنی هاوسەنگی‌و دڵی پارتی.
سەرەڕای ئەمە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی لە پشتەوە كار لەسەر نوێنەرانی عەرەب‌و توركمان دەكات تاوەكو بەشداری ئەو كۆبونەوەیە نەكەن، بەتایبەتیش دوای پاڵپشتییەكانی پارتی لە رێبوار تاڵەبانی كە سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand