بۆچی وەفدی یەكێتیو پارتی كۆنەبوونەوە؟
2019-01-07 11:36:05
راپۆرت: درەو میدیا
لە 24ی كاتژمێری رابردووەوە بارودۆخی ناوخۆیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان جۆرێك لە شڵەژانی تێكەوتووە، بەهۆی ئەو شڵەژانەوە، كۆبونەوەی نێوان وەفدی باڵای یەكێتیو پارتی بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
بڕیار بوو كاتژمێر 10:00 بەیانی ئەمڕۆ لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر، كۆبونەوە لەنێوان وەفدی باڵای یەكێتیو پارتی بەسەرپەرەشتی مەسعود بارزانیو كۆسرەت رەسوڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام كۆبونەوەكە نەكرا.
بۆچی كۆبونەوەكە نەكرا؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەبەر دوو هۆكار ئەو كۆبونەوەیە دواخراوە بۆ كاتێكی نادیار:
هۆكاری یەكەم:
رۆژی شەممەی رابردوو كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی وادەی كۆبونەوەیەكی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دانا، بەڵام بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییەوە، كۆسرەت رەسوڵ نەچووە شوێنی دیدارەكەو لەبری خۆی (دەرباز)ی كوڕی نارد بۆ كۆبونەوە لەگەڵ بارزانی.
(درەو میدیا) زانیویەتی، دیداری دەرباز كۆسرەت لەگەڵ مەسعود بارزانی بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختی باڵەكانی تری یەكێتی بەڕێوەچووە، ئەوەش نیگەرانی دروستكردووە، بەتایبەتی لەلای بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی.
ئێستا ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی گومانیان هەیە لەوەی كۆسرەت رەسوڵ بەنهێنی رێككەوتنی لەگەڵ بارزانی كردبێت سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەجۆرێك كۆسرەت رەسوڵ پشكەكانی یەكێتی لە كابینەی نوێ بۆ كەسانی نزیك لە خۆی یەكلاكردبێتەوە، لەوانە:
• زامنكردنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بۆ (دەرباز)ی كوڕی
• زامنكردنی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كەسایەتییەكی نزیك لە خۆی
هۆكاری دووەم:
لە چەند رۆژی رابردوودا كێشەی قوڵ لەناوخۆی یەكێتی دروستبووە لەسەر پرسی دارایی، بەتایبەتیش دارایی ئیدارەی گشتی حزبو ئەوەش وایكردووە كارەكتەرەكانی حزب بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا دابەش ببن.
كێشەی سەردانەكەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بۆ لای بارزانیو كێشەی دارایی یەكێتی وایكرد مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە كە دوێنێ كۆبونەوەی كرد، لەبارەی كۆبونەوە لەگەڵ پارتیو پرسی پێكهێنانی حكومەت هیچ بڕیارێك نەدا.
پارتی مەرجی
تەوەرێكی سەرەكی كۆبونەوەكەی دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی دیاریكردنی ئەندامانی وەفدی دانوستانكار بووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی سەبارەت بە حكومەت.
(درەو میدیا) زانیویەتی، بەهۆی ئەوەی پارتی مەرجی هەیەو نایەوێت ژمارەیەك كارەكتەر لەناو وەفدی دانوستانكاری یەكێتیدا بن، مەكتەبی سیاسی نەیتوانیوە ناوی ئەندامانی وەفدەكە یەكلابكاتەوە.
پارتی تێبینی هەیە لەسەر ئەو كارەكتەرە سیاسییانەی یەكێتی كە بەوتەی خۆی لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر تێوەگلاون، نایەوێت ئەو كەسانە لەناو وەفدی دانوستانكاردا بن.