Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

( درەو میدیا):  بڕیارە سبەی لە كۆبوونەوەیەكی گشتیدا چارەنووسی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەرورەی یەكلابكرێتەوە، كە ئێستا بەسەر سێ بۆچوندا دابەشبووە ئەوانیش بریتین لە: بۆچونی یەكەم: ئەم گروپە كە دیارترین سەركردەكانی ئارام قادرو محەمەد رەئوف و سەرگوڵ قەرەداغین, سبەی كۆبوونەوەی گشتی دەكەن و بۆچونیان وایە دەبێت هاوپەیمانی بەردەوام بێت‌و لەدوای رۆیشتنی بەرهەم ساڵحەوە جارێكی تر خۆی رێكبخاتەوە‌و ئامادەكاریی بۆ قۆناغی ئایندەی كاری سیاسی بكات، چاوەڕوان دەكرێت سبەی لە كۆبوونەوەیەكی گشتییدا بەشێك لە بەرنامەی سیاسی و لۆگۆ و ناوی هاوپەیمانی بە كەمێك دەستكارییەوە بگۆڕن. بۆچونی دووەم: ئەم بۆچونە زۆرینەی هاوپەیمانی پێكدەهێنن و زیاتر لە كۆنە یەكێتییەكان پێكهاتوون و داوادەكەن هاودیدانی هاوپەیمانی هاوشێوەی بەرهەم ساڵحی سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانێتییەكەیان بگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هاوپەیمانی بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە و ئێستاش لیژنەیان پێكهێناوە بۆ گەڕانەوە بۆناو یەكێتی و كۆبوونەوەشیان كردووە، ئەم گروپە بەشداری كۆبونەوەی سبەی ناكەن. بۆچونی سێیەم: ئەم گروپە كە پێگەی جەماوەریان بەهێز نیە لەناو هاوپەیمانی لە رۆژی 7/11/2018 ەوە حزبێكیان دامەزراندووە بەناوی ( پارتی دیموكراسی و دادپەروەری) و سكرتێرەكەی ناوی ( یاسین شێخ سەڵاح)ە، یەكەم بەیاننامەشیان خوێندەوە. ئەو سێ بۆچونەی كە لەناو هاوپەیمانێتییدا هەن سەبارەت بە چارەنوسی حزبەكەیان، دابەشبوون بەسەر سێ گروپی جیاوازدا، كە لەدوای رۆیشتنی بەرهەم ساڵحەوە لەناو هاوپەیمانیدا ماونەتەوە. گروپی یەكەم: ئەم گروپە پێكدێت لە پاشخان ئیسلامییەكان، ئەمانە لەگەڵ ئەوە نین بچنە ناو یەكێتی‌و دەیانەوێت هەرچۆنێك بێت هاوپەیمانی بمێنێتەوە‌و بەردەوام بێت. گروپی دووەم: ئەم گروپە پێكدێن لەوانەی كە لەناو یەكێتییەوە هاتوون‌و پێشتر پۆستی باڵاو مامناوەندییان هەبووە لەناو یەكێتیدا‌و ئێستا دەیانەوێت هەرچۆنێك بێ بگەڕێنەوە بۆ ناو حزبی دایك‌و پۆستەكانیان وەربگرنەوە. گروپی سێیەم: ئەم گروپە بریتین لەو گەنجە ناڕازییانەی كە بەشێكیان پێشتر یەكێتی بوون‌و  بەشێكی تریان گەنجانی ناڕازی دەرەوەی حزبەكان بوون، ئەمانە ئێستا حزبێكیان دامەزراندووە، بەڵام چاوەڕەوان ناكرێت بتوانن بەم دۆخە سیاسیی و ئابورییەوە بەردەوام بن.  ئەم گروپە ئەوانەی ناو هاوپەیمانی بوون كە داوایان دەكرد، هاودیدانی هاوپەیمانی بەشێوەیەكی راستەوخۆ‌و وەكو حزبێكی جیاواز گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتیدا بكەن بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، نەك وەكو كادری پێشووی یەكێتی.   


( درەو میدیا):  سەرۆكی كاتی پەرلەمانی كوردستان ( پیرە سەرۆك) رایدەگەیەنێت" ئەو لایەنە سیاسییەی زۆرترین ئەندامی لە پەرلەمان ھەبێت، سەرۆكی پەرلەمان لەم لایەنە دەبێت، دوو جێگرەكەیش لە ئێستادا دیار نییە." ڕێڤینگ ھروری، سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە: "دانیشتنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان  كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەرێوە بچێت دووبارە بە كراوەیی دەمێنێتەوە، تاكوو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ھەڵدەبژێردرێت، كە لە سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی پێك دێن." ھرووری، ئاماژەی بەوەشكردووە: "دوای سازانی لایەنە سیاسییەكان، كاندیدەكان بۆ ھەریەك لەم پۆستانە دیاری دەكرێن و ئەندامان دەنگی خۆیان دەدەن و ھەڵدەبژێردرێن، هەروەها ئەو لایەنە سیاسییەی زۆرترین ئەندامی لە پەرلەمان ھەبێت، سەرۆكی پەرلەمان لەم لایەنە دەبێت، دوو جێگرەكەیش لە ئێستادا دیار نییە." خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 6/11/2018 یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا و تیایدا كاندیدە دەرچوەكان سوێندی یاساییان خواردوو دانیشتنەكەش بە كراوەیی هەڵگیرا، تا سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی دیاری دەكرێن، بەو پێیەی تا ئێستا گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكان بۆ پێكێنانی حكومەت و پەرلەمان دەستی پێنەكردووە و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش پەیوەستە بەو گفتوگۆیانەوە بۆیە چاوەڕەوان ناكرێت بەم زوانە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.     


( درەو میدیا) : مەسعود بارزانی رازی نابێت وەزیری دادی عێراق بدرێتە كاندیدەكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، سەرچاوەیەكی باڵا لە بەغداوە بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند" كە دوێنێ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تەلەفۆن بۆ عادل عەبدولمەهدی و سەركردەكانی شیعە دەكات و پێیان رادەگەیەنێت كە نابێت پۆستی وەزیری داد بدرێتە كاندیدەكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان" بارزانی داواشیكردووە" ئەگەر ئەو پۆستە نەدرێتە پارتی ئەوا بدرێتە كاندیدی لایەنە ئیسلامیەكان یان بزووتنەوەی گۆڕان" هەربۆیە بەهۆی كێشەی ئەو وەزارەتی داد لە نێوان یەكێتی و پارتی و هەندێك پۆستی دیكە لە نێوان لایەنە شیعەكان، متمانەدان بە 8 وەزیری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دواخراوە.بەڵام  لەلایەن خۆیانەوە بەرپرسانی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكەن كە پۆستی وەزارەتی دادیان مسۆگەركردووە  ئەم پەیوەندیە تەلەفۆنیەی مەسعود بارزانی بەبەرپرسانی بەغداوە بۆ جاری دووەمە كە دژی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستە وزاریەكانی عێراق ئەنجامی دەدات، پێشتریش بەها ئەعرەجی رایگەیاندبوو كە مەسعود بارزانی بە تەلەفۆن عادل عەبدولمەهدی ئاگادار كردبووەوە لەوەی ئەگەر وەزارەت بدرێتە یەكێتی ئەوا بەشداری ناكەن و دەكشێنەوە. 


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بەپێی پێشبینییەكان، لە باشترین حاڵدا حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمانی داهاتووی هەرێمی كوردستان لە سێ لایەن پێكدێت، ئەگەری پێكهێنانی حكومەتی بنكەفراوان زۆر لاوازە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا چوار سیناریۆ بۆ چۆنیەتی دابەشبوونی پۆستە باڵاكان لەنێوان لایەنەكان دەخاتەڕوو. خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەم دانیشتنی خۆی كرد، بەڵام نەیتوانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێت، بەوهۆیەشەوە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت كەوتوەتە دۆخێكی نادیارەوە نازانرێت كەی شەمەندەفەری حكومەت دەگات. لایەنەكانی براوەی هەڵبژاردن نەیانتوانی لەیەكەم دانیشتنی پەرلەماندا پۆستەكان یەكلابكەنەوە، بەڵام لە پشتی پەردەوە گفتوگۆ هەبووە بۆ دابەشكردنی كێكی حكومەت، ئەوەی تائێستا دیارە ئەوەیە، پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن نایەوێت كابینەی (9)ی حكومەت كابینەیەكی بنكە فراوان بێت، بەو واتایەی زۆرینەی حزبەكان تێیدا بەشدار بن، بۆیە لە باشترین حاڵدا پێشبینی دەكرێت كابینەی نوێ لە (2 بۆ 3) لایەن پێكبێت، واتە حكومەتی (دوو قۆڵی)  یاخود حكومەتێكی (سێ قۆڵی) كە لە فەرهەنگی سیاسیدا پێی دەوترێت "ترۆیكا". لەبەر رۆشنایی ئەم زانیاریانەدا دەتوانرێت پێشبینی چەند سیناریۆیەك بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمانی داهاتووی هەرێم.  سیناریۆی یەكەم : حكومەتی ترۆیكا ئەمە بەهێزترین سیناریۆیە بۆ شێوازی حوكمڕانی داهاتووی هەرێمی كوردستان، واتا كابینەی حكومەت‌و پەرلەمان لەلایەن ئەم سێ لایەنەوە پێكبهێنرێت. پێشبینی زاڵ بۆ حكومەتی "ترۆیكا" ئەوەیە (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان) پێكەوە گالیسكەی حكومەت‌و پەرلەمانی داهاتوو رابكێشن، كە سێ لایەنی یەكەم‌و دووەم‌و سێیەمی براوەی هەڵبژاردنن. ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوتوو بێت‌و حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان لەم سێ هێزە پێكبێت، پێشبینی دەكرێت پۆستە(باڵاكان) بەم شیوەیە دابەش ببێت:  •    سەرۆكی حكومەت: بۆ پارتی  •    جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری كارگێڕی: بۆ یەكێتی •    جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی: بۆ گۆڕان •    سەرۆكی پەرلەمان: بۆ یەكێتی •    جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ پارتی •    جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ گۆڕان •    وەزارەتی نەوت‌و ناوخۆ: بۆ پارتی •     وەزارەتی دارایی: بۆ گۆڕان •     وەزارەتی پێشمەرگە: بۆ یەكێتی وەزارەت‌و دەستەكانی تریش بەوشێوەیە دابەشدەكرێن. لەم سیناریۆیەدا ئەگەری گۆڕانكاری هەیە لە پشكی لایەنەكاندا، بەتایبەت پشكی بزوتنەوەی گۆڕان. سیناریۆی دووەم: حكومەتی دوو قۆڵی  ئەم سیناریۆیە تاڕادەیەك پێشبینكراوە، بەتایبەت ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر فشاری دەنگدەرەكانی خۆی یاخود بەشداری پێنەكردنی لەلایەن پارتی‌و یەكێتییەوە، لە بەشداریكردن لە دەسەڵات بكشێتەوە. ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوێت، دەتوانرێت پێشبینی دابەشكردنی پۆستە باڵاكان بكرێت بەمشێوەیە: •    سەرۆكی حكومەت: بۆ پارتی •     جێگری سەرۆكی حكومەت: بۆ یەكێتی •     سەرۆكی پەرلەمان: بۆ یەكێتی •     جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ پارتی •     جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ كەمینەكان  •    وەزارەتی نەوت‌و ناوخۆ: بۆ پارتی •     وەزارەتی دارایی‌و پێشمەرگە: بۆ یەكێتی  وەزارەت‌و پۆستەكانی دیكەش بەوشێوە دابەشدەكرێت‌و پێشبینی ناكرێت دابەشكردنی پۆستەكان بەشێوەی "فیفتی بە فیفتی" بێت، بەڵام پێشبینش ناكرێت جیاوازی زۆر هەبێت لە پشكی پارتی‌و یەكێتیدا لە كێكی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەماندا، چونكە پارتی چەندجارێك رایگەیاندووە بەبێ یەكێتی حكومەت پێكناهێنێت. سیناریۆی سێیەم: حكومەتی چوار قۆڵی ئەمەبەست لەم سیناریۆیە ئەوەیە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەم چوارلایەنە پێكبێت (پارتی- یەكێتی- گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی). پارتی وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن چەندینجار ئەوەی راگەیاندووە كە ئەزمونی حكومەتی بنكە فراوان دووبارە ناكاتەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پێیانوایە لەكابینەی هەشتەمدا گۆڕان‌و كۆمەڵ وەكو دوو هاوبەش لە نیوەی رێگادا پارتییان لە حكومەت بەجێهێشتووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی خواستی هەیە بەشداری بكات لەدەسەڵات‌و بۆ ئەمەش لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی كردووە. ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوێت، پێشبینی دەكرێت پۆستەكان بەم شێوەیە دابەشبكرێت: •    سەرۆكی حكومەت: بۆ پارتی  •    جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری كارگێڕی: بۆ یەكێتی •    جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی: بۆ گۆڕان •    سەرۆكی پەرلەمان: بۆ یەكێتی •     جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ پارتی •    جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: بۆ كۆمەڵی ئیسلامی •    وەزارەتی نەوت‌و ناوخۆ: بۆ پارتی •     وەزارەتی دارایی: بۆ گۆڕان •     وەزارەتی پێشمەرگە: بۆ یەكێتی •    وەزارەتێك‌و دەستەیەك: بۆ كۆمەڵی ئیسلامی كێكی دەسەڵات كێكی دەسەڵات بۆ خولی نوێی حكومەت‌و پەرلەمانی كوردستان پێكدێت لە (35) پۆست، كە ئەمانە: •    پۆستی سەرۆك وەزیران •    پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری كارگێری •    پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی (ئەگەر هەیە ئەم پۆستە زیاددبكرێت) •    وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو •     وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان •    وەزارەتی پەروەردە •     وەزارەتی كارەبا •    وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئایینی •    وەزارەتی دارایی‌و ئابووری •    وەزارەتی تەندروستی •    وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی •    وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن •    وەزارەتی داد •     وەزارەتی ناوخۆ •    وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی •    وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان •    وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار •     وەزارەتی سامانە سروشتییەكان   •    وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە •    وەزارەتی پلاندانان •    وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی •    وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن •    وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان •    وەزیری هەرێم  بۆ كاروباری ژینگە •    سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم •    فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە •     فەرمانگەی میدیاو زانیاری/ وتەبێژی حكومەت •    سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران •    سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران •    دەستەی وەبەرهێنان •    فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون •    دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم •    ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان •    دەزگای گشتی كاروباری مین  


( درەو میدیا): باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەندین ملیۆن دۆلاری وەك خەڵات دیاریكردووە لەبەرامبەر زانیاری كە ببێتە هۆی دەستگیركردنی سێ‌ سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە". باڵیۆزخانەكە دەڵێت:" ئەمریكا 5 ملیۆن دۆلاری بەرامبەر بە زانیاری بۆ دەستگیركردنی موراد قەرەیلان و 4 ملیۆن دۆلار بۆ جەمیل بایك و 3 ملیۆن دۆلاری بۆ دوران كاڵكان دیاریكردووە". ئەمەش دوای سەردانی ماتیۆ پاڵمەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دێت بۆ ئەنكەرە. ماتیۆ لەو بەیاننامەیەدا كە سایتی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە توركیا بڵاویكردوەتەوە دەڵێت:" زۆر دڵخۆش بوووم بە یەكەم سەردانم بۆ ئەنكەرە لەو كاتەوەی پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكام بۆ كاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا وەرگرتووە و لەم سەردانەدا چاوم بە چەند بەرپرسێكی باڵای حكومەتی توركیا كەوت لەگەڵ سەرمایەداران، ئەندامانی پەرلەمان و بیروڕامان دەربارەی چەند پرسێكی جێگی بایەخی هەردوولا ئاڵوگۆڕكرد." ماتیۆ دەشڵێت:" ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوكاری توركیای هاوپەیمانمان لە ناتۆ لە بواری نەهێشتنی تیرۆردا بەرزدەنرخێنین و لە چوارچێوەی سەردانەكەمدا خۆشحاڵم كە پرۆگرانی خەڵاتەكان لە پێنداوی دادپەروەریی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیەنم كەسێ‌ سەركردەی دیاری رێكخراوی تیرۆریستی پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە" بە ئامانج دەگرێت و ئیدارەی ئەمریكا لە بەرامبەر دەستكەوتنی زانیاری كە ببێتە خۆی دیاریكردنی شوێنی سەركردە باڵاكانی پەكەكە: موراد قەرەیلان دەگاتە 5 ملیۆن دۆلار،  جەمیل بایك دەگاتە 4 ملیۆن دۆلارن دوران كاڵكان دەگاتە 3 ملیۆن دۆلار  تەرخاندەكات".  


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەم كۆبونەوەی خۆی گرێدا، بەڵام نەیتوانی دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێت كە پێكدێت لە (سەرۆكی پەرلەمان- جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان- جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان). سەرۆكی كاتی پەرلەمان كە بەتەمەنترین پەرلەمانتارە، لەسەر داوای فراكسیۆنەكانی (پارتی دیموكراتی كوردستان- یەكێتی نیشتمانی كوردستان- بزوتنەوەی گۆڕان- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان) بەبێ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، كۆتایی بە كۆبونەوەكە هێنا‌و دانیشتنەكەی بەكراوەیی هێشتەوە تا ئەوكاتەی دەستەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێت. هەردوو فراكسیۆنی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ- كۆمەڵی ئیسلامی) دژایەتی خۆیان بۆ هێشتنەوەی كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان بەكراوەیی راگەیاند. رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان هۆكاری سەرەكی هێشتنەوەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان بوو بە كراوەیی. نازانرێت لایەنە سیاسییەكان تا چەند هەفتەی تر دەگەنە رێككەوتن، بەڵام تا رێككەوتن نەكرێت، دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان هەر بە كراوەیی دەمێنێتەوە، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت لە دانیشتنی یەكەمدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، واتە تا رێككەوتنی سیاسی نەكرێت پەرلەمان هەر دانیشتنێك بكات، هەر بە كۆبونەوەی یەكەم ئەژماردەكرێت. لایەنەكان چی دەڵێن؟ عەلی حەمە ساڵح سەر‌وكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دوای كۆتایهاتنی دانیشتنی پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جێهێشتنی دانیشتنی پەرلەمان بەكراوەیی هیچ خیلافێكی یاسایی نیەو سەرۆكی یەكەم دانیشتن ئەتوانێت دانیشتنەكە بەكراوەیی بهێڵێتەوە. عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێ: " پەرلەمان بۆ خۆی بە شكاندنی ئەو پەیڕەوی ناوخۆییەی پەسەندی كردووە دەستیپێكردو ناكرێت دانیشتنەكە بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە".  كازم فاروق ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: سەرۆكی كاتی پەرلەمان گوێی بە پێشنیازی پەرلەمانتارەكان نەداوەو دانیشتنەكەی بەكراوەیی هەڵگرتووە، ئەمەش پێشلێكارییە دژ بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان. پێشینەیەكى خراپ! هێشتنەوەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بەكراوەیی، پێشینەیەكە كە سەرەتا لە پەرلەمانی عێراقەوە لە ساڵی 2010 دەركەوت، كاتێك زیاتر لە (5) مانگ دانیشتنی یەكەم بەكراوەیی هێڵدرایەوە، بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، بەڵام ئەوكات دادگای دەستوری عێراق دواجار بڕیاریدا لەسەر ئەوەی هێشتنەوەی دانیشتنی یەكەم بەكراوەیی كارێكی نادەستورییە، بۆیە پەرلەمانی عێراق ئەوكات لەژێر فشاری دادگای دەستوریدا پەلەی كرد‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و كابینەی حكومەت یەكلاكرایەوە. ئەم نەریتە ساڵی 2013 گواسترایەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان‌و خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی یەكەمی خۆی نزیكەی (6) مانگ بەكراوەیی هێشتەوە. هێشتنەوەی دانیشتن بەكراوەیی یاساییە؟ ئەگەر لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا هەندێك كێشە هەبوبێت لەبارەی دەستەواژەی كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان، لەم خولە نوێیەدا تاڕادەیەك تەمومژ نەماوە، چونكە رۆژی 17/7ی ئەمساڵ خولی چوارەمی پەرلەمان بەرلەوەی وادەكەی تەواو ببێت، پەیڕەوێكی ناوخۆی نوێی بۆ پەرلەمان پەسەندكرد، كە تاكە سەرچاوەی یاسایی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی پەرلەمانە. بەپێی ئەو پەیڕەوە ناوخۆ نوێیە، كە لەبەشی یەكەمدا‌و لە پێناسەكاندا هاتووە، مەبەست لە (دانیشتنی پەرلەمان) برتییە لە " كۆی گشتی ئەو كۆبونەوانەیە كە لە رۆژێكدا دەبەسترێن". بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا) بۆ پرۆتۆكۆڵی دانیشتنەكانی خولی چوارەم، ئەم پێناسەیە هیچ دەرفەتێكی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی یاسایبوون یان نایاسایبوونی هێشتنەوەی كۆبونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی نەهێشتووەتەوە، چونكە ئەم پێناسەیە بەڕوونی یەكلایكردوەتەوە كە دانیشتنی پەرلەمان دەبێت تەنیا لە یەك رۆژدا بێت، نەك یەك بۆ چەند رۆژ یاخود چەند هەفتە‌و چەند مانگێك درێژبكرێتەوە، مەبەستی (مشرع- یاسادانەر)یش لە وشەی (رۆژێك) هەمان مەبەستە، واتە هێشتنەوەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان بەكراوەیی، كارێكی نایاسایی بوو. چەند پێشێلكارییەكی تر ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان كە تاكە رێكخراوی چاودێری كارەكانی پەرلەمانە لە هەرێمی كوردستان‌و لە چوار ساڵی رابردوودا راپۆرتی وردی لەسەر هەموو كۆبونەوە‌و بڕیارەكانی پەرلەمان ئامادەكردووە، لەبارەی كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە. لە راگەیەندراوەكەدا ئینستتیوتی پەی دەڵێ" ئەوەی تێبینی كرا لە یەكەم دانیشتنی دەستپێكدا كۆمەڵێك پێشێلكاری لە یاساكان‌و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەماندا كراوە". ئینستتیوتی پەی لەم خاڵانەدا پێشێلكارییەكانی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاریكردووە: 1-    بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبوایە هەر ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆك‌و هەردوو جێگری یەكەم‌و دووەم) هەڵبژێردرایە، بەڵام جگە لە مەراسیمی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران هیچی تر نەكراو دانیشتنەكە بەكراوەیی هێڵدرایەوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی مادەی یەكەمی پەیرەو دانیشتنی پەرلەمان لە شەو و رۆژێكدایەو ناكرێت دانیشتن بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە، ئەمەش یەكەم پێشێلی پەیرەو بوو لەلایەن خولی پێنجەمی پەرلەمانەوە ئەنجامدرا. 2-    بەپێی مادەی (21) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبوایە لیژنەیەك سەبارەت بە دروستی ئەندامێتی ئەندامانی پەرلەمان پێكبهێنرێت، بۆ پێداچوونەوەی ئەو تانانەی لەسەر دروستی ئەندامێتی پێشكەشكراون. ئەمەش پێشێلێكی تری پەیرەو بوو 3-    بەشێك لە پەرلەمانتاران لەساتی سوێندخواردنەكەدا پەیوەست نەبوون بەو دەقە یاساییەی سوێند كە لە مادەی (12)ی پەیڕەودا هاتووە. 4-    لەساتی خستنە دەنگدانی پێشنیاری دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، چەند ئەندامێك ویستیان بە (نقطة نظام) خاڵی پەیڕەوی رای خۆیان دەرببڕن بەڵام لەلایەن سەرۆكی كاتیەوە رێگەیان پێنەدرا، ئەمەش پێشێلی پەیرەو بوو.


(درەو میدیا): یەكەم كۆبونەوەی خولی پێنجەم پەرلەمانی كوردستان بە سوێندخواردنی كاندیدە سەركەوتووەكان كۆتایی هات، بەڵام هیچ یەكێك لە قوباد تاڵەبانی‌و شاسوار عەبدولواحید بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد‌و سوێندیان نەخوارد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرباری سەركەوتنیان بۆ پەرلەمان، بەڵام دەكشێنەوە‌و نابن بە ئەندامی پەرلەمان. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە لیستی یەكێتی (راهی رەهبەر سەید ئیبراهیم) شوێنەكەی قوباد تاڵەبانی لە پەرلەمانی كوردستان پڕدەكاتەوە، شوێنەكەی شاسوار عەبدولواحیدیش لەلایەن (سیروان بابان)ەوە پڕدەكرێتەوە. قوباد تاڵەبانی كە لە كابینەی هەشتەمدا جێگری سەرۆك وەزیران بوو، جارێكی تر چاوی لە وەرگرتنی پۆستی حكومی باڵایە، شاسوار عەبدولواحیدیش دەیەوێت وەكو سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بمێنێتەوە.


( درەو میدیا): ئەمڕۆ كاندیدە دەرچووەكانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاساییان خواردو بوون بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، دانیشتنەكە بە سەرۆكایەتی بەتەمنترین پەرلەمانتار بەرێوەچوو. بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و حكومەت، دانیشتنەكە تەنها تایبەتكرا بە سوێندخواردنی پەرلەمانتاران‌و كۆبونەوەكە بەكراوەیی هێڵدرایەوە تا ئەوكاتەی رێككەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەكان دەكرێت لەسەر پۆستەكان. لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا گۆڕانكاری لە ژمارەو پێگەی حزبەكاندا دروستبووە، هەندێك حزب كورسییەكانیان زیادی كردووەو هەندێكی تر كەم، بەشێوەیەكی گشتی ژمارەیەكی كورسییەكانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو لە (40) كورسییەوە بۆ (24) كورسی كەمیكردووە، واتا (16) كورسی كەمیكردووەو ژمارەی كورسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لە (56) كورسییەوە بۆ (66) كورسی زیادیكردووە، واتا ئەو دوو لایەنە لە پەرلەمانی نوێدا (10) كورسی زیادیكردووە. بەپێی ئەنجامی كۆتای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی، ژمارەی دەنگ‌و كورسی لایەنەكان لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا بەمشێوەیەیە:  دەنگ و كورسی لایەنەكان  پارتی دیموكراتی كوردستان:  686،070 دەنگ-  45  كورسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان:   319،912 دەنگ-  21  كورسی بزووتنەوەی گــۆڕان:          186،903 دەنگ- 12  كورسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ:       127،115  دەنگ-  8   كورسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان:  109،494 دەنگ-  7  كورسی هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح:    79،434 دەنگ -   5  كورسی هاوپەیمانی سەردەم:           15،581   دەنگ  -  1  كورسی لیستی ئازادی:                 8،063    دەنگ   - 1 كورسی كورسی پێكهاتەكان: - هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی:   3 كورسی - گەشەپێدانی توركمانی:          2 كورسی            - چاكسازی توركمانی:            1  كورسی - لیستی میللەت:                   1 كورسی - بەرەی توركمانی:               1 كورسی - لیستی رافیدەین:                 1 كورسی - ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری، 1 كورسی - قەوارەی تاكی ئەرمەن: 1 كورسی دەنگی  بەشێك لە سەرۆكی لیستەكان بەمشێوەیەیە:  * قوباد تاڵەبانی، یەكێتی: 182 هەزار و 551 دەنگ * شاسوار عەبدولواحید، نەوەی نوێ: 106 هەزار و 289 دەنگ * عەلی حەمە ساڵح، گۆڕان: 91 هەزار و 934 دەنگ هێمن هەورامی، پارتی: 47 هەزار و 436 دەنگ * سۆران عومەر، كۆمەڵی ئیسلامی: 42 هەزار و 459 دەنگ * شێركۆ جەودەت، بەرەو ئیسڵاح: 11 هەزار و 70 دەنگ ناوی كاندیدە دەرچووەكانی پارتی 1. هێمن هەورامی: 47،436  2. هێڤیدار ئەحمەد: 32،322 3. جەلال پەرێشان: 30،444 4. سەروان محەممەد هەركی: 24،286 5. پێشەوا هەورامانی: 24،125 6. بەهجەت عەلی سپینداری: 23،636 7. سەباح مەحموود زێباری: 16،272 8. شەعبان عەلی شەعبان: 15،347 9. رزگار عیسا سوار: 13،940  10. رێڤینگ محەممەد هرووری: 13،312  11. حیكمەت محەممەد ئەبو زێد: 12،972  12. ئومێد خۆشناو: 12،536 13. شوان كەریم: 11،942 14. عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی: 11،930 15. بژار خالید عەبدوڵڵا: 11،366  16. رێبوار بابكەیی: 10،352 17. وەیسی سەعید: 10،309 18. موحسین حوسێن، 9،342 19. د. ڤالا فەرید: 8،548 20. سەفین ئاغا گەردی: 8،467 21. مەم ئەسكەندەر مەم ئەسكەندەر: 8،435 22. ئەرشەد حوسێن لۆلانی: 8،426  23. زانا مەلا خالید: 7،962 24. ئیحسان محەممەد: 7،707 25. بەهمەن عەبدوڵڵا: 7،552 26. بەختیار شوكری سلێمان: 7،548 27. جیهاد حەسەن: 7،544 28. سەعید مستەفا: 7،441 29. خەدیجە عومەر: 6،882 30. ئیدریس ئیسماعیل: 6،860 31. نزار مەلا عەبدولغەفار: 6،731 32. چیا حەمید: 6،702 33. تاهر محەممەد: 6،666 34. هەدیە موراد: 6،273 35. جوان یونس: 5،990 36. لیز فەلەكەدین كاكەیی: 5،978 37. رۆژان ئیبراهیم: 5،947 38. لەیلا عەبدولجەبار: 5،873، 39. نەجات شەعبان: 4،560 40. سەوسەن محەممەد: 4،555 41. گوڵیزار رەشید: 4،532 42. گەلاوێژ عوبێد عوسمان: 4،489 43. ژیان تاهر ئەحمەد: 4،078 44. حەسیبە سەعید: 3،962 45. گولستان باقی: 3،551 ناوی كاندیدە دەرچووەكانی یەكێتی 1. قوباد تاڵەبانی، 182،551 2. بێگەر تاڵەبانی، 8،097  3. رێواس فایەق ، 5،982  4. شنۆ ئەشقی 5،534 5. رۆژان محەممەد 5،296 6. جەمال حەوێز 3،900 7. زیاد جەبار 3،783  8. عوسمان كەریم 3،765 9. سەركۆ ئازاد 3،560  10. هەژان حەسەن 3،358 11. عەباس فەتاح 3،079 12. فەیسەڵ عەباس 2،909 13. لوقمان حەمەد 2،721  14. هێرش حەسەن 2،695 15. هاوڕێ بەنا 2،602 16. شەمۆل میرە 2،558 17. بالامبۆ محەممەد 2،476 18. كاروان عەبدولڕەحمان 2،434 19. زیكرا ئەحمەد 2،277 20. عەبدولناسر ئەحمەد 2،216 21. سەلمە فاتح 1،719   ناوی كاندیدە دەرچووەكانی گۆڕان 1. عەلی حەمە ساڵح، 91،934 2. شیرین ئەمین، 13،919 3. گۆران عومەر 7،675 4. ئامینە محەممەد 3،378 5. یاسین خزر 3،205 6. رزگار محەممەد 3،157 7. ئاشنا عەبدوڵڵا 3،121 8. جەلال محەمەد 2،803 9. شاخەوان رەئووف 2،782 10. دابان محەممەد 2،283 11. بەڵێن ئیسماعیل 1،268 12. گولیستان سەعید 825   ناوی كاندیدە دەرچووەكانی نەوەی نوێ 1. شاسوار عەبدولواحید، 106،289 2. كازم فارووق، 2،207 3. كاوە عەبدولقادر 1،694 4. دیاری ئەنوەر 1،393  5. سیپان سالم 1،355 6. مەم بورهان 1،147 7. موژدە محەممەد 1،080 8. شادی نەوزاد 561   ناوی كاندیدە دەرچووەكانی كۆمەڵ 1. سۆران عومەر، 42،459 2. عەبدولستار مەجید، 19،143 3. عوسمان كانی كوردەیی 10،862 4. هەورامان گەچێنەیی 4،179 5. موسلیم عەبدوڵڵا 4،072 6. بەدریە سیوەیلی 1325 7. شوكریە سمایل 955 ناوی كاندیدە دەرچووەكانی بەرەو ئیسڵاح 1. د. شێركۆ جەودەت: 11،070 دەنگ 2. ئیسماعیل سگێری: 9،983 دەنگ 3. ئەبوبەكر هەڵەدنی: 6،292 دەنگ 4. سەرچنار ئەحمەد: 2،084 دەنگ 5. هەلەز ئەحمەد: 1،230 دەنگ   ناوی كاندیدی دەرچووی لیستی سەردەم 1. عەبدوڵڵا مەحموود، 7،774 ناوی كاندیدی دەرچووی لیستی ئازادی (شیوعی) 1. محێدین حەسەن، 1،222 كۆتاكان هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی: 3 كورسی رومیو حوزیران 3،252 جەنان جەبار 1599 روبینە ئویلمك 815 - گەشەپێدانی توركمانی: 2 كورسی  محەممەد سەعدەدین 2،187 سارە دڵشاد، 194 - چاكسازی توركمانی: 1 كورسی مونا نەبی، 2،236 - لیستی میللەت: 1 كورسی ئازاد ئەكرەم، 346 - بەرەی توركمانی: 1 كورسی ئایدن مەعرووف، 866 - لیستی رافیدەین: 1 كورسی فەرید یەعقوب 869 - ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری، 1 كورسی كلارا عودیشو 678 - قەوارەی تاكی ئەرمەن: 1 كورسی فاهیك كەمال، 615 دەنگ


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت سبەینێ 6/11/2018 دانیشتنی یەكەم كۆبونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، بەهۆی ئەوەی تائێستا هەرێمی كوردستان دەستوری نییە، رێوشوێنەكانی بەڕێوەچوونی ئەو كۆبونەوەیە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت كە رۆژی 17/7ی ئەمساڵ پەسەندكرا. یەكەم كۆبونەوە چۆن بەڕێوەدەچێت؟ بەپێی ماددەی (3)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان " پەرلەمان یەكەم دانیشتنی خۆی لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی هەرێم، لەماوەی (10) رۆژدا، لە رێكەوتنی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردن دەبەستێت، لەكاتی ئاڕاستەنەكردنی بانگهێشتنامەكەدا، پەرلەمان بەشێوەیەكی ئاسایی لەكاتژمێر (12)ی دوای نیوەڕۆی رۆژی دوای ماوەی ئاماژە پێدراو، كۆدەبێتەوە". واتە بەپێی پەیڕەوەكە مافی بانگهێشتكردنی پەرلەمان بۆ سازدانی یەكەم دانیشتنی خولی نوێ لەدەستی سەرۆكی هەرێمدایە، بەهۆی هەڵپەساردنی دەزگای سەرۆكایەتی هەرێم بە یاسایەك، ئەنجومەنی دادوەری لەبری سەرۆكی هەرێم رۆژی یەكشەممە بانگهێشتی پەرلەمانتارانی كرد بۆ سازدانی یەكەم دانیشتنی خولی نوێ، چونكە بەپێی یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەسەڵاتی بانگهێشتكردنی بۆ یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دراوە بۆ دەسەڵاتی دادوەری. دەسەڵاتی بانگهێشتكردن بۆ سازدانی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دەسەڵاتێكی تەشریفاتییە، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەگەر سەرۆكی هەرێم یاخود دەسەڵاتی دادوەری كە ئێستا ئەو دەسەڵاتەی وەرگرتووە، بانگهێشتی دانیشتنی پەرلەمانیش نەكات، ئەوا پەرلەمان بەبێ بانگهێشتكردن دەتوانێت رۆژێك دوای ئەو وادەیەی كە بۆی دیاریكردووە كۆبونەوەی خۆی گرێبدات. هەموو كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان بە دانیشتنی یەكەمیشەوە پێویستی بە (نیساب)ی یاسایی هەیە، واتە لە كۆی (111) پەرلەمانتار دەبێت (56) پەرلەمانتار ئامادەی ساتی كردنەوەی دانیشتەكە بن. سەرباری ئەوەی ژمارەیەك لایەنی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تائێستا نیگەرانن لە ئەنجامەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام هیچ لایەنێك ئاماژەی بەوە نەكردووە كە سبەینێ بەشداری یەكەم دانیشتنی پەرلەمان ناكات. بەهۆی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و هاوپەیمانەكانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان زۆرینەن، پێشبنی ناكرێت سبەینێ هیچ كێشەیەكی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان دروست ببێت. كێ سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتن دەكات؟ بەگوێرەی بڕگەكانی ماددەی (11)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان" پەرلەمان دانیشتنی یەكەمی خۆی بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی ئامادەبوو، دەبەستێت" كە پێشی دەوترێت (رئیس السن) واتە (پیرە سەرۆك). بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی ئامادەبوو لەلایەن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بانگهێشتدەكرێت‌و دەبێتە سەرۆكی یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان. ئەركی پیرە سەرۆك بریتییە لە: •    بەڕێوەبردنی دانیشتنی یەكەم •    ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پیرە سەرۆك كێیە؟ بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی كە كۆمسیۆن هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی خولی نوێی پەرلەمان كاندیدێكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە ناوی (رێڤنگ محەمەد محەمەد عەلی)، كە لەدایكبووی (7/1/1951)ی قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆكە. رێڤنگ محەمەد كە بە "رێڤنگ هروری"ناسراوە، بە (13 هەزارو 312) دەنگ سەركەوتووە بۆ پەرلەمان. پیرە سەرۆك خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە هونەرداو پێشتر بەرپرسی رێكخراوی خێرخوازی بارزانی بووە‌ لە دهۆك و دواین كاری حزبیشی كارگێڕی لقی یەكی پارتی بووە. لەیەكەم دانیشتندا چی دەكرێت؟ بەپێی ماددەی (12)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لەیەكەم دانیشتنی خولی نوێدا كارەكان بەمشێوەیە بەڕێوەدەچن: •    سەرۆكی یەكەم دانیشتن لەبەردەم پەرلەماندا سوێندی یاسایی دەخوات •    كاندیدە هەڵبژێردراوەكان لەبەردەم پەرلەماندا سوێندی یاسایی دەخۆن •    سوێندخواردنی سەرۆكی یەكەم دانیشتن‌و كاندیدە هەڵبژێردراوەكان بەمشێوەیە دەبێت: " بەخودای گەورە سوێند دەخۆم، كە بەرژەوەندی گەلی كوردستان‌و یەكێتی خاك‌و گەل‌و شكۆو ماف‌و ئازادییەكانی هاوڵاتیان‌و سامانی گشتیی بپارێزم‌و ئەركی ئەندامێتی بەراستیی‌و دڵسۆزییەوە جێبەجێ بكەم". •    هەر كاندیدێكی هەڵبژێردراو بەناوەڕۆكی دەقی ئەو سوێندە یاساییەوە پابەند نەبێ دەبێت سوێندەكەی دووبارە بكاتەوە •    لە رێكەوتی سوێندخواردنی یاساییەوە، كاندیدی هەڵبژێردراو دەبێتە ئەندام‌و بە دەستبەكار ئەژماردەكرێت‌و گشت مافێكی ئەندامێتی دەبێت‌و هەموو ئەركەكانی ئەندامێتی دەكەوێتەئەستۆ •    ئەگەر كاندیدێكی هەڵبژێردراو بەبێ پاساوی رەوا، لەدانیشتنی یەكەمەوە بۆ ماوەی (30) رۆژ سوێندی نەخوارد، مافی سوێندخواردنی یاسایی نامێنێت، واتە ئەندامێتی لەدەستدەدات دەستەی سەرۆكایەتی چۆن هەڵدەبژێردرێت؟ بەهۆی ئەوەی تائێستا هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانەوە لەنێوان لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردن نەكراوە، دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان بەكراوەیی دەهێڵریًَتەوە‌و تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵنابژێردرێت كە پێكدێت لە: •    سەرۆكی پەرلەمان •    جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان •    جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بەڵام بەگوێرەی ماددەی (14)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پەرلەمان بەزۆرینەی رەهای ژمارەی ئەندامان‌و بەدەنگدانی نهێنی‌و راستەوخۆ دەستەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان بەم رێكارانە هەڵدەبژێرێت: •    سەرۆكی یەكەم دانیشتن (پیرە سەرۆك) دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی دەكاتەوە •    داوا لە پاڵێوراوان دەكات، خۆپاڵاوتنیان رابگەیەنن‌و دواتر دەرگای خۆپاڵاوتن دادەخات‌و پرۆسەی هەڵبژاردن دەستپێدەكات •    بەپێی پیتەكانی (ئەلفبێ) داوا لە ئەندامان دەكات بۆ پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی، بەجیا دەنگ بۆ پاڵێوراوەكان بدەن •    ئەندام ناوی پاڵێوراوی خوازیاری خۆی بۆ هەریەك لە پۆستەكان لەسەر پسوڵەیەكی تایبەت بەو هەڵبژاردنە دەنوسێت‌و بەدەستی خۆی دەیخاتە ناو سندوقی تایبەت بەو پۆستە •    سەرۆكی یەكەم دانیشتن كۆتایهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت‌و داوا لە دوو لاوترین ئەندام دەكات بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان بەسەرپەرەشتی خۆی •    ئەگەر ژمارەی دەنگەكانی دوو ركابەر یان زیاتر، بۆ هەریەك لە پۆستەكان یەكسان بوو، پرۆسەی دەنگدان دووبارە دەكرێتەوە، ئەگەر دیسان ژمارەی دەنگەكان یەكسان بوو، بەتیروپشك پۆستەكە بۆ یەكێك لە پاڵێوراوەكان یەكلادەكرێتەوە •    ئەگەر بۆ هەریەك لە پۆستەكان تەنیا یەك پاڵێوراوی بێ ركابەر هەبوو، سەرۆكی یەكەم دانیشتن راستەوخۆ بە ناوهێنان، پاڵێوراوەكە بۆ پۆستەكە بە سەركەوتوو رادەگەیەنێت •    سەرۆكی یەكەم دانیشتن ئەنجامی دەنگدان بۆ ئەندامان ئاشكرادەكات‌و داوا لە دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردراو دەكات بچنە جێگای تەرخانكراوی خۆیان لێرەدا ئیتر كاری پیرە سەرۆك كۆتایی دێت‌و كۆتایی بە یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمانیش دێت، تەنانە ئەگەر ئەو كۆبونەوەیە ماوەی چەندین مانگیش بخایەنێت.


( درەو میدیا): بەپێی راگەیەنراوێكی (گۆشەی ئابوری ژوری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان) كە ئەنوەر كەریم ئامادەی كردووە  لە مانگی ئۆكتۆبەردا هەرێمی كوردستان هەرێمی كوردستان  لە ڕێگای بۆریەوە (12.950.000) دوانزە ملیۆن و نۆسەدو پەنجا هەزار بەرمیلی ناردوە بە بۆری بۆ بەندەری  جەیهانی توركی كە رۆژانە دەكاتە (417.741  ) 417 هەزار و 741 بەرمیل. راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە نرخی بەرمیلێكی نەوت لە مانگی ئۆكتۆبەردا 76 دۆلار بووەو هەرێمی كوردستان بە 10 دۆلار كەمتر لە جیهان فرۆشتویەتی بۆ یە نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە 66 دۆلار فرۆشراوە، بەو پێیەش داهاتی مانگی ئۆكتۆبەر هەرێمی كوردستان( 854.700.00 )هەشت سەدو پەنجاو چوار ملیۆن و حەوت سەد هەزار دۆلار بووە. دەقی راگەیەنراوەكە  


راپۆرتی: ئارام مەحمود  وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی ڕایانگەیاند، ئۆتۆمبیلە سەربازییەكانی سوپای (ئەمریكا) لەڕێی گەڕان بەناوچە سنورییەكانی باكوری خۆرهەڵاتی (سوریا) و نزیك سنوری (توركیا)، چاودێری دۆخی ئەمنی ناوچەكە دەكەن، ئەوەش دوای هێرشەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوی سوپای (توركیا) دێت بۆ سەر ئەو ناوچانە.      ناوچە سنورییەكانی باكوری خۆرهەڵاتی سوریا (خۆرئاوای كوردستان) كەلەژێر دەستی (هێزەكانی سوریای دیموكرات)دایە و لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێت، بەشێوەیەكی بەردەوام لەدۆخێكی ئاڵۆزدایە ئەوەش بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەكانی (ئەنكەرە) بەئەنجامدانی هێرشی سەربازی و بۆردومانكردنی ئەو ناوچانە و پەلارماردانی (یەكینەكانی پاراستنی گەل) كە بە بڕبڕەی پشتی (هێزەكانی سوریای دیموكرات) دادەنرێت. ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی بڵاویكردۆتەوە، پەیامنێرەكەی لەناوچەی (دەرباسییە)ی هاوسنوری (توركیا) كەدووترین خاڵی پارێزگای (حەسەكەیە)ە، "مەفرەزەیەكی سوپای (ئەمریكا)ی بینیوە، كە پێكهاتبون لە سێ‌ (ئۆمبیلی گولەنەبڕ) و ژمارەیەك سەربازی (ئەمریكی)یان تیادابووە، كە بەرگی سوپای (ئەمریكا)یان لەبەردابووە و ئاڵای ئەو وڵاتەش بە بەسەر ئۆتۆمبیلەكانەوە بووە.  هاوكات (شۆن ڕاین) وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەڕانی مەفرزە سەربازییەكانی سوپای (ئەمریكا)ی  لەو ناوچانە بەشێوەیەكی نا ڕێكخراو  بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی تەئكیدكردۆتەوە كە پەیوەیستە بە پێشهاتە مەیدانییەكان لەو ناوچانە. بەگوێرەی سەرچاوەكە، لەڕۆژی هەینی ڕابردوەوە ئەوە دووەم مەرفرەزەی سوپای ئەمریكایە كە لەو ناوچەیە دەگەڕێت و چاودێری دۆخەكە دەكات.  (مستەفا بالی) وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە، بڕیارە گەڕانی یەكەكانی  سوپای ئەمریكا بەدرێژایی ئەوسنورە بێت  تا دەگاتە شاری (سەرێ‌ كانی) كە (50) كیلۆمەتر لە خۆرئاوای (دەرباسییە) دوورە، تەئكیدیشی كردوە" گەڕانی سوپای ئەمریكا لەو ناوچانە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەهەڕەشەكانی توركیا و ئامانجی گەیاندنی ئەو پەیامەیە بەتوركیا كە دەست لەدوژمنكارییەكانی هەڵبگرێت".  بەهۆی بۆردومانەكانی ئەم دواییەی سوپای (توركیا)  بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی هەردوو شاری (كۆبانی و گرێ‌ سپی) چوار شەڕڤانی (یەكینەكانی پاراستنی گەل)كوژران. حكومەتی (ئەنكەرە)بەشێوەیەكی بەردەوام هەڕەشەی ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی دەكات دژی (هێزەكانی سوریای دیموكرات) لەشاری (منبج) و ناچەكانی تر، دوای داگیركردنی شاری (عفرین) بەهاوكاری گروپە چەكدارە توندەڕەوە سورییەكانی هاوپمانی، كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن.   لەكاردانەوەی هێرشەكانی ئەمدواییەی سوپای (توركیا)، سەرەتای ئەم هەفتەیە (هێزەكانی سوریای دیموكرات) پرۆسە سەربازییەكانیان دژ بە ڕێكخراوی (داعش) بەشێوەیەكی كاتی ڕاگرت و ڕایانگەیاند، گەر حكومەتی توركیا بەردەوامبێت لەسەر پەلامارەكانی، ئەوا بەشێوەیەكی هەمیشەیی پرۆسە سەربازییەكاینان دژ بە(داعش) ڕادەگرن، وەك دروستكردنی جۆرێك لەفشار لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تا سنورێك بۆ پەلامارەكانی (توركیا) دابنێت. 


( درەو میدیا):  لە راگەیەنراوێكدا ئەبوكاروان تاكە پەرلەمانتاری حزبی شیوعی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەو پارەیە رەت دەكاتەوە كە لە كۆتایی خولەكەدا دەدرێت بە پەرلەمانتاران . ئەبو كاروان لە  راگەیەنراوەكەی ئاماژەی بەوە كردووە" بڕیارمداوە كە ئەو بڕە پارەیەی كە 48 ملیۆن دینارەو بە پێی یاسا بە هەموو پەرلەمانتارانی خولی چوارەم دەدرێت و پێشتریش بە ئەندامانی خولەكانی تر و وەزیر و پلە باڵاكان دراوە، وەرم نەگرتووەو وەریناگرم" دەقی راگەیەنراوەكەی ئەبو كاروان  بۆ /رای گشتی رێزو سڵاو بەهەموان ڕادەگەینم، كە بریارم داوە كە ئەو بڕە پارەیەی كە ٤٨ملیون دینارە و بەپێی یاسا بە ھەموو  پەرلەمانتارانی خولی چوارەم دەدریت و پێشتریش بە ئە ندامانی خولەكانی تر و وەزیروو پلەباڵاكان دراوە، وەرم نە گرتووە و وەریناگرم . ئە وە ش لەروانگە ی ھەستكردنە وە بە خراپی دۆخی ئابوری بە شێكی زوری ھاوڵاتیانە وە كە من لە ماوە ی ڕابوددودا نوینە رایە تیم كردوون . له گەل ڕیزدا  ابوكاروان/ پە رلەمانتاری خولی پێشوو فراكسیونی ئازادی(٢٠١٨/١١/٥)  


راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت وەزیرەكانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهەمان پلەو موچەو ئیمتیازی پەرلەمانتاران خانەنشین دەبن‌و ئەوانیش شەش موچە پێكەوە وەردەگرن لەگەڵ دوو پاسەوان و ئۆتۆمبیلێك. 33 وەزیر كۆی وەزیرەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆك وەزیرانیشەوە بەپێی سایتی فەرمی حكومەت (23) كەسن، لەگەڵ سەرۆكی (10) دەستەو فەرمانگەی سەربە حكومەت كە پلەی وەزیریان هەیە، واتە بەكۆی گشتی (33) كەس لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم بە پلەی وزیر خانەنشین دەبن.  موچەی وەزیر چەندە؟ كۆی موچە‌و دەرماڵەی هەر وەزیرێك پێش خانەنشینبوون (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، ئەمە جگە لەو نەسریەی كە لەبەردەستیدایە. خانەنشینی وەزیرەكان  هەر وەزیرێك بە بڕی (6 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت، كۆی گشتی پارەی خانەنشینی یەك مانگی وەزیرەكان (214 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار لە داهاتی گشتی دەبات. وەزیرەكانیش هاوشێوەی پەرلەمانتار‌و فەرمانبەرانی ئاسایی بەپێی یاسا دوای خانەنشینبوون موچەی شەش مانگی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرن، موچەی شەش مانگی خانەنشینی هەر وەزیرێك (49 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، كۆی ئەو شەش موچەیەی  كە وەزیرەكان دوای خانەنشینبوون وەریدەگرن (ملیارێك‌و  623 ملیۆن‌و 600 هەزار) دینار لە داهاتی گشتی دەبات. ئەگەرچی چاوەڕەوان دەكرێت بەشیك لە وەزیرەكانی كابینەی هەشت جارێكی تر لە پۆستە وزارییەكانی كابینەی نۆدا بمێننەوە، بەڵام (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا بە گریمانە هەموویان ئەژمار كردووە. پشكی حزبەكان لە كابینەی هەشتەمدا  •    پارتی دیموكراتی كوردستان-  13 وەزیرو پلەی وەزیرو سەرۆك وەزیران •    یەكێتی نیشتمانی كوردستان-     7 وەزیرو پلەی وەزیر  •     بزوتنەوەی گۆڕان-  5 وەزیر و پلەی وەزیر •    یەكگرتووی ئیسلامی- 4 وەزیرو پلەی وەزیر •    كۆمەڵی ئیسلامی-  3 وەزیرو پلەی وەزیر  •    شیوعی- 1 بە پلەی وەزیر پێكهاتەی كابینەی هەشتەم كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 18/6/2014 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە متمانەی پێدرا، كابینەكە لەم كەسانە پێكهاتووە. •    سەرۆك وەزیران-    نێچیرڤان ئیدریس بارزانی •    جێگری سەرۆك وەزیران-    قوباد تاڵەبانی •    وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو-     عەبدولسەتار مەجید  •    وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان- خالید عەبدولڕەحمان ئەحمەد •    وەزارەتی پەروەردە-    پشتیوان سادق عەبدوڵا  •    وەزارەتی كارەبا-    سەڵاحەددین بابەكر محەمەد •    وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئایینی-    كەمال موسلیم سەعید •    وەزارەتی دارایی‌و ئابووری-    رێباز محەمەد عبدالله محەمەد •    وەزارەتی تەندروستی-    رێكەوت حەمە ڕەشید كەریم محەمەد •    وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی-    یوسف سەمەد لوتفوللا (یوسف گۆران) •    وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن-    دەرباز كۆسرەت رەسوڵ •    وەزارەتی داد-     سینان عەبدولخالق ئەحمەد چەلەبی  •    وەزارەتی ناوخۆ-    عبدالكریم سوڵتان عەبدوڵا (كەریم سنجاری) •    وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی-    محەممەد قادر هاودیانی •    وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان-    مەحمود ساڵح حەمە كەریم  •    وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار-    نەورۆز مەولوود محەمەد  •    وەزارەتی سامانە سروشتییەكان    - عەبدوڵا عەبدولڕەحمان (ئاشتی هەورامی) •    وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە-     مستەفا قادر (مستەفای سەید قادر)  •    وەزارەتی پلاندانان-    عەلی عوسمان حاجی بەدری سندی •    وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی-    ساماڵ سەردار مەحمود •    وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن-    جونسون سیاوش ئەیۆ •    وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان-     مەولود موراد محیەدین (مەولود باوە موراد) •    وەزیری هەرێم  بۆ كاروباری ژینگە-    عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم  •    سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم-    فواد حوسین •    فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە-    فەلاح مستەفا  •    فەرمانگەی میدیاو زانیاری/ وتەبێژی حكومەت-     سەفین دزەیی •    سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران-     نێچیرڤان ئەحمەد •    سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران-     ئامانج رەحیم •    دەستەی وەبەرهێنان- رێبوار خەلیل •    فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون-    نوری عوسمان  •    دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم-    نەسرەددین سەعید سندی •    ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان-    پەخشان زەنگەنە •    دەزگای گشتی كاروباری مین-    سیراج جیهاد كورتەیەكی مێژوویی لەكابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو كابینەی هەشتەم كە چەند رۆژی داهاتوو وادەكەی تەواو دەبێت بەپێی زانیاریەكان: •    461 كەس بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو راوێژكار خانەنشین كراون •    هەزارو 98 كەس بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون كە (وەزیر- پەرلەمانتار- بریكاری وەزیر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار) دەگرێتەوە •    كۆی موچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان (60 ملیارو 900 ملیۆن) دینارە •    163 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشینكراون، 96 كەسیش بە پلەی بریكاری وەزیر •    506 كەس بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینكراون •    44 وەزیرو 60 بریكاری وەزیر‌و 260  بەرێوەبەری  گشتی‌و 75 راوێژكار بەپلەی تایبەت  خانەنشینكراون‌و لەو پلەش نەبوون


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت – محەمەد رەئوف ئەوانەی ناڕەزایەتییان دەربڕی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دژ بە یاسای چاكسازی لە موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران، بەو ناڕەزایەتییە لەبری ئەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران كەمبكەنەوە، بەپێچەوانەوە خانەنشینییەكەیان بۆ زیادیكردن، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە. رۆژی 30/12/2017 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پرۆژەیاسایەكی بەناوی "چاكسازی لە خانەنشینی‌و مووچە‌و دەرماڵە‌و بەخشین‌و ئیمتیازانەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان"ی پەسەندكرد‌و رەوانەی پەرلەمانی كوردستانی كرد. ئەم یاسایە بۆ رێكخستنەوەی موچەی خانەنشینی پلە تایبەتەكان بوو، كە چەند ساڵێك بوو لە شەقام ناڕەزایەتی دروستكردبوو، ناردنی ئەو پرۆژەیاسایە وەكو هەڵدانی "تۆپێكی ئاگرین" بوو لەلایەن حكومەتەوە بۆ ناو پەرلەمان. دوو مەرج ئەو پرۆژەیاسایەی كە حكومەت ناردی بۆ پەرلەمان لەسەر بنەمای یاسای خانەنشینی پلە باڵاكانی عێراق داڕێژرابوو، كە تێیدا دوو مەرجی بنەڕەتی دانرابوو بۆ خانەنشینبوون، كە ئەمانەن: مەرجی یەكەم: تەمەن بەپێی ئەم بنەمایە پلە تایبەتەكان لەناویاندا پەرلەمانتار دەبێت تەمەنی لە (50) ساڵ كەمتر نەبێت، بەپێچەوانەوە موچەی خانەنشینی نایگرێتەوە. مەرجی دووەم: خزمەت بەپێی بنەمایەكی تری ئەو پرۆژەیەی كە حكومەت بۆ پەرلەمانی ناردبوو، لەپاڵ ئەوەی دەبوو پەرلەمانتار تەمەنی (50) ساڵ بێت، هاوكات دەبوو ماوەی (15) ساڵ خزمەتی وەزیفی هەبێت، ئەگەر نا موچەی خانەنشینی نایدەگرتەوە. پرۆژەیاساكە بەوشێوەیە گەیشتە پەرلەمانی كوردستان، فراكسیۆنەكان راوبۆچونی جیاوازیان هەبوو، جیاوازییەكان لەسەر سێ ماددە بوون لەناو پرۆژەیاساكەدا، بەڵام چەقی ناكۆكییەكە لە ماددەی (3)دا كۆبوەوە. ماددەی (3) چی دەڵێ؟ ئەم ماددەیە داوای دەكرد یاسای خانەنشینی عێراق بكرێتە بنەما بۆ خانەنشینی پلە تایبەتەكان لە هەرێم، واتە هەر پەرلەمانتار یان پلە باڵایەك كە تەمەنی لە (50) ساڵ كەمتر بێت‌و ماوەی (15) ساڵ خزمەتی نەبێت، خانەنشین نەكرێت، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان لەگەڵ ئەم بنەمایەدا نەبوون‌و داوایانكرد مەرجی تەمەن بۆ خوار (50) ساڵ كەمبكرێتەوە. پەرلەمان یاساكەی پەسەندكرد رۆژی 28/2ی ئەمساڵ دواجار پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەی كرد بەمەبەستی پەسەندكردنی پرۆژەیاسای "چاكسازی لە خانەنشینی‌و مووچە‌و دەرماڵە‌و بەخشین‌و ئیمتیازانەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان". كۆبونەوەكە داخراو بوو، واتە بەشێوەی راستەوخۆ لە میدیاكانەوە پەخشنەكرا، رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابوری‌و كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆو وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت‌و سەرۆكی دەستەی دەسپاكی‌و سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی بەشدارییان لە كۆبونەوەكەدا كرد. دوای گفتوگۆیەكی زۆر، پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ یاساكەی پەسەندكرد. ڤیدیۆكە بڵاوكرایەوە! چەند رۆژێك دوای پەسەندكردنی یاساكە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێرشی توند بۆ سەر پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران دەستیپێكرد، خاڵی سەرەكی هێرش‌و رەخنەكانیش كورت كرایەوە لەو موچەیەی كە پەرلەمانتار بەپێی یاساكە وەكو خانەنشینی پێی دەدرێت. فشاری زۆری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ژمارەیەك لە پەرلەمانتار‌و فراكسیۆنەكانی ناچاركرد، رونكردنەوە لەبارەی یاسا پەسەندكراوەكە بڵاوبكەنەوە، هەندێك لە فراكسیۆنەكان بێبەری خۆیان لەو ماددەیە راگەیاند كە مافی وەرگرتنی موچەی خانەنشینی بەو كەسانە دەدات كە تەمەنیان لە خواروو (50) ساڵییەوەیە، لەبەرامبەر ئەم قسانەدا، جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان‌و بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان ڤیدیۆی دانیشتنەكە‌و دانگدانی پەرلەمانتارانیان بڵاوكردەوە.  بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆەكەش جارێكی تر كێشەی دروستكردەوە، هەندێك لە فراكسیۆنەكان وتیان ئەوەی بڵاوكراوەتەوە ڤیدیۆی دەنگدانی كۆتاییە لەسەر یاساكە، بەڵام ئەوان لەو بڕگەیەدا كە تایبەت بووە لە موچەی پەرلەمانتاران دەنگیان نەداوە. مەرجی تەمەن چۆن هەموار كرا؟ دوای مشتومڕێكی زۆر لەناو فراكسیۆنەكان، دواجار بەزۆرینەی دەنگ ئەو بڕگەیەی كە تایبەت بوو بە تەمەن لە پرۆژە یاساكە لابراو بەپێی ئەو گۆڕانكارییەی كە كرا، رێگەدرا هەموو پلە باڵایەك لەناویاندا پەرلەمانتاران بەبێ لەبەرچاوگرتنی تەمەن موچەی خانەنشینی وەربگرن، بەڵام وەرگرتنە موچەكە بەشێوەی هەڕەمەكی نەبوو، بەڵكو بەشێوەیەك دانرا هەر پەرلەمانتارێك بەمجۆرە خانەنشین بكرێت: •    رێژەی 25%ی كۆی موچەكەی •    رێژەی 2.5%ی كۆی گشتی موچەكەی بۆ هەر ساڵێكی خزمەت •    بۆ بڕوانامەكان بەمشێوەیە موچەی خانەنشینی دانرا: رێژەی (1%) كۆی موچە‌و دەرماڵە بۆ بڕوانامەی ناوەندی، رێژەی (2%) بۆ بڕوانامەی ئامادەیی، رێژەی (4%) بۆ بڕوانامەی دیبلۆم، رێژەی (6%) بۆ بڕوانامەی بەكالۆریۆس، (8%) بۆ بڕوانامەی دیبلۆمی باڵا‌و ماستەر، (10%) بۆ بڕوانامەی دكتۆرا  یاساكە راگیرا كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 4/3/2018 سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەژێر فشاری شەقام كارپێكردنی یاساكەی راگرت‌و جارێكی تر گەڕاندیەوە بۆ ناو پەرلەمان. جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان‌و بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گەڕاندنەوەی یاساكەیان بۆ ناو پەرلەمان راگەیاند، ئەمەش پشتئەستور بەو دەسەڵاتانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بەپێی یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم دران بە سەرۆكایەتی پەرلەمان، واتە مافی پەسەندكردنی یاساكان دوای دەرچونیان. بەمشێوەیە ئەو یاسایە دوای تێپەڕاندنی قۆناغەكانی جارێكی تر بووەوە بە پرۆژەیاسا لە خولی چوارەمەوە رادەستی خولی پێنجەمی پەرلەمان كرا كە بڕیارە چەند رۆژی داهاتوو دەستبەكارببێت، دیار نییە لە خولی نوێدا فراكسیۆنەكان چۆن كێشەكانی ناو ئەو یاسایە چارەسەر دەكەن. كێ بەرپرسە؟  بەپێی ئەو یاسایەی كە پەرلەمان پەسەندیكرد، پەرلەمانتارێكی گەنج كە تەمەنی (30) ساڵ بێت‌و تەنیا خزمەتی چوار ساڵی پەرلەمانی هەبێت‌و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت، موچەی خانەنشینییەكەی دەبوو بە نزیكەی (3 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار. بەڵام دوای راگرتنی كاركردن بەو یاسایە، پەرلەمان گەڕایەوە بۆ یاسای هەمواركراوی (خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان) كە بەپێی ئەو یاسایە هەر پەرلەمانتارێك دوای خانەنشینبوون بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەرجی تەمەن‌و خزمەت رێژەی (80%)ی كۆی موچە‌و دەرماڵەكەی پێدەدرێت، واتە هەمان ئەو پەرلەمانتارە گەنجەی كە بەپێی یاساكەی پێشتر موچەی خانەنشینی مانگانەی نزیكەی (3 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار بوو، بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەی كە دروستبوو، لەبری ئەوەی موچەكەی كەمببێتەوە، موچەكەی بۆ دوو هێندە زیادی كرد و بووە (6 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار. رەنگە هۆكاری سەرەكی ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتییەی لەكاتی پەسەندكردنی یاساكەدا لە شەقام‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروستبوو، نەبوونی رێبەرانی ڕا (القادە الرای) ی گونجا‌و و میدیای بێلایەن بێت كە نەتوانرا وەكو پێویست لێكەوتەكانی راگرتنی كاركردن بەو یاسایە‌و سود‌و زیانەكانی بۆ خەڵك روون بكرێتەوە. خەرجی پەرلەمانتاران لە بودجەی گشتی! ئێستا‌و دوای راگرتنی یاساكەی پپَشتر، هەر پەرلەمانتارێكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كە هەفتەی داهاتوو خولەكەی تەواو دەبێت، مانگانە بەبڕی (6 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار خانەنشین دەبێت‌و شەش موچەی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرێت. بەپێی یاسای خانەنشینی، هەر پەرلەمانتارێك كە خولەكەی تەواو دەبێت، خانەنشین دەكرێت‌و دوای خانەنشینبوون، موچەی شەش مانگی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرێت، ئەمە بۆ هەموو فەرمانبەرێكی ئاسایی دەوڵەتیش بەهەمان شێوەیە. موچەی هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان پێش خانەنشینبوون بڕی (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە كە دەكاتە (6 هەزارو 800) دۆلار، بە زمانی بازاڕی دراو لە كوردستان واتە (68 گەڵا). دوای تەواوبوونی خولەكەیان، هەر پەرلەمانتارێكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەبڕی (80%)ی موچەكانیان خانەنشین دەبێت، كە مانگانە دەكاتە (6 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار بۆ هەریەكەیان. (13) پەرلەمانتاری خولی چوارەم لە لایەنە سیاسییەكان جارێكی تر هەڵبژێردراونەتەوە بۆ خولی پێنجەم، بەوپێیەش لە خولی چوارەمدا تەنیا (98) پەرلەمانتار موچەی خانەنشینی وەردەگرن. كۆی گشتی موچەی مانگانەی ئەو (98) پەرلەمانتارەی كە خانەنشین دەبن (637 ملیۆن) دینارە. كۆی گشتی موچەی شەش مانگی خانەنشینی كە بەسەریەكەوە بە (98) پەرلەمانتاری خولی چوارەم دەدرێت دەگاتە (4 ملیار‌و 821 ملیۆن‌و 600 هەزار) دینار.  


( درەو میدیا): لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەرگرتنی (١٥٧٦٣) خوێندكاری تر لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەنجامی سكاڵاكانیان رادەگەیەنێت، هەروەها (٤٠٩١) خوێدكاری دیكەش كە داوای شوێن گۆڕینیان كردبوو بەپێی داواكارییەكانیان شوێنەكانیان بۆ گۆڕاوە. عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند دوای ئەوەی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و، ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ دەرچوانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی، پلانی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019) زیاد كراو دەرگای پێشكەشكردنی سكاڵا بۆ دەرچووانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی كرایەوە، لە ئێستادا وەزارەتەكەمان ئەنجامی سكاڵاكان رادەگەیەنێت كە بەم شێوەیەی خورارەوەیە: لەئەنجامی پێشكەشكردنی سكاڵادا (١٩٨٥٤) دەرچووی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی بەهەردوو خول سكاڵایان تۆماركردووە. لەو ژمارەیەدا (١٥٧٦٣) خوێندكار ئەوانەن كەناویان لەهیچ شوێنێك نەهاتبۆوە، (٤٠٩١) خوێندكاری دیكەش كە داوای گۆڕینی شوێنیان كردبوو شوێنەكانیان بۆ گۆڕدراوە. وەرگرتنی (١٥٧٦٣) خوێندكاری تر لە زانكۆ و پەیمانگەكان، كە پێشتر ناویان لە هیچ شوێن دەرنەچووبوو بەپێی ئەنجامی سكاڵاكان ناویان لەم شوێنانە گەڕاوەتەوە كە خۆیان داواكارییان بۆی پێشكەش كردبوو. لەم ژمارەیەدا (٦٧٤) خوێندكار لە دەرچووانی خولی یەكەمن. ئەنجامدانی شوێن گۆڕین بۆ (٤٠٩١) خوێندكار كە داوی شوێن گۆڕینیان كردبوو، بۆیە بەپێی داواكارییەكانیان شوێن گۆڕینیان بۆ كراوە. لە ئێستادا كۆی گشتی وەرگیراوان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) بریتییە لە (٤٣٤٢٦) چل و سێ هەزار و چوار سەدو بیست و شەش وەرگیراوی خولی یەكەم و دووەمی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی. لە وەرگرتنی (١٥٧٦٣) خوێندكار بڕیاری وەزارەت بۆ جیاوازی كەمترین كۆنمرەی وەرگرتن لەنێوان خولی یەكەم و خولی دووەم كە لە (٣) نمرە تێپەڕی نەبێت رەچاوكراوە.  دەرچووانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی دەرچووانی خولی یەكەم و خولی دووەم ئەوانەی سكاڵایان تۆماركردووە دەتوانن سەعات 9ی سەرلەبەیانی رۆژی یەكشەممەوە ڕێكەوتی (4/11/2018) بەهەمان وشەی تێپەڕ و وشەی نهێنی (پاسۆرد و یوزەرنەیم) ئەنجامی وەرگرتیان لە زانكۆو پەیمانگەكان لە وێبسایتی (www.regayzanko.com) بەشێوەی ئۆنلاین وەربگرنەوە. وەرگیراوان لەزانكۆ و پەیمانگەكان پێویستە دوای وەرگرتنەوەی ئەنجامەكان پەیوەندی بە بەش و كۆلێژەكان بكەن بۆ خۆتۆماركردن و مامەڵەكانیان بۆ دەستكردن بە پرۆسەی خوێندن.  عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی لەسەر ئەوە كردووە وەك چۆن لەماوەی رابردوو دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیمان دڵنیاكردەوە، كە ستافی وەزارەت لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ فەراهەمكردنی دەرفەتی خوێندن و چارەسەركردنی هەموو ئەو بابەتانەی كە پەیوەندارن بە وەرگرتنی قوتابیان و خوێندكاران لە زانكۆكان، لە ئێستاشدا ‌خەمخۆری و پەرۆشیی وەزارەت وەك لایەنی سەرەكی ئەم پرۆسەیە بۆ دەرچووان بە تەواوی روونبۆتەوە  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand