Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

(درەو میدیا): نادیە موراد باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2018 بڕیاریدا پارەی خەڵاتەكەی تەرخان بكات بۆ بنیادنانی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە قوربانیانی دەستدرێژی سێكسی. ئەو نەخۆشخانەیەی كە بڕیارە نادیە موراد دروستی بكات، لە قەزای شەنگال دەبێت. نادیە موراد كە خۆی یەكێكە لە قوربانیانی دەستدرێژی سێكسی لەلایەن چەكدارانی "داعش"ەوە، لە وتەیەكدا لەبەردەم هاوشارییەكانی لە شەنگال وتی: بەو پارەیەی كە دەستمكەوتووە نەخۆشخانەیەك بۆ هەموان دروست دەكەم، بەتایبەتی بێوەژن‌و ئەو كچانەی كە  روبەڕووی دەستدرێژی سێكسی بونەتەوە. نادیە سوپاسی حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستانی كرد كە رەزامەندییان لەسەر پلانەكەی دەربڕیوە‌و ئاماژەی بەوەكرد، بەمزوانە لەگەڵ رێكخراوە مرۆڤدۆستەكاندا دەست دەكات بە بنیادنانی نەخۆشخانەكە. نادیە موراد وەكو یەكێك لە قوربانییانی ئێزدی بەهاوبەشی لەگەڵ  (دینیس مكۆیگی) كە پزیشكێكی ئەفریقییە، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2018ی وەرگرت، بەهای خەڵاتەكە (ملیۆنێك دۆلار)ی ئەمریكییە. نادیە موراد یەكێك لەو (7) هەزار كچ‌و ژنە ئێزیدییانە بوو كە ساڵی 2014 رێكخراوی "داعش" دەستبەسەریكردن، بەڵام دوای سێ مانگ نادیە توانی لەدەستی چەكداران هەڵبێت، دوای هەڵاتنی نادیە رووی كردە ئەڵمانیا‌و لەوێوە هەڵمەتێكی بۆ پشتیوانیكردنی ژنانی ئێزدی دەستپێكرد.


(درەو میدیا): دووەمین كۆنفرانسی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان لە سلێمانی بەڕێوەچوو و ئەنجومەن و هاوسەرۆكانی هەرێمی سلێمانی  هەڵبژێردران. ئەمڕۆ هەینی، هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادی دووەمین كۆنفرانسی خۆی لە شاری سلێمانی دەستپێكرد. بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی " رۆژنیوز" لە كۆنفرانسەكەدا دوو پێشكەشكردنی راپۆرتی دوو ساڵ كار، هەریەك لە شەهێن محەمەد و حاجی ئازاد وەك هاوسەرۆكانی نوێی تەڤگەری ئازادی لە هەرێمی سلێمانی هەڵبژێردران و 6 ژن و 13 پیاویش بۆ ئەنجومەنی نوێی تەڤگەر لە سلێمانی هەڵبژێدران. تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان، بە باڵی سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە" لە كوردستانی باشوور ئەژماردەكرێت و لەماوەی رابردوودا بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت، لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری داخستنی بنكە و بارەگاكانیان دەركرا و بەشێك لە بارەگاكانیان بە گەرمیان و كۆیە و ناوچەكانی تر لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەخرا.


راپۆرتی: محەمەد رەئوف شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شەنگال و مەخموریان بۆردومانكردو بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی مەندەنی شەهید بوون, كە سێ ژن و منداڵێكی كچ-ن، و سیانیان ئەندامی یەك خێزانن ئەوانیش ( ئاسیا عەلی محەمەد – ٧٣ ساڵ،  نارنج فەرهان قاسم – ٢٦ ساڵ (كچی ئاسیا عەلی)،  ئەڤین كاوە مەحمود - ١٤ ساڵ ( نەوەی ئاسیا عەلی)،  ئەیلەم محەمەد عەمەر – ٢٣ ساڵ ). بە وتەی خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا " پێگەكانی پەكەكەیان لە شەنگال و چیای قەرەچوغ" بۆردومانكردووە، دەشڵێت "لە چوارچێوەی هێرشەكەدا كە لەشێوەی هەڵكوتانەسەر ئەنجامدرا، زیاتر لە 30 پێگە خاپووركران، ناوچەی چیای قەرەچووخ بۆ یەكەمجار كرایە ئامانج. لەم ئۆپەراسیۆنەدا لە باكوری عێراق، زیاتر لە 20 فڕۆكەی جەنگی هەر‌وەها ژمارەیەك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی گواستنەوەی سووتەمەنیش تێیدا بەشدارییان كردووە" توركیا هەر كات ویستبێتی هێرش و پەلاماری سەربازی بۆسەر باشوری كوردستان ئەنجامداوە بەبێ گوێدانە بڕیارە نێودەوڵەتییەكان و هەڵوێستی حكومەت و سەروەری خاكی عێراق، تەنانەت هێرشەكانی بەجۆرێك ئەنجام ئەدات وەك ئەوەی باشوری كوردستان ویلایەتێكی توركیا بێت، بەو پێیەی لە دواین ئۆپەراسیۆنی فرۆەكانیدا خاكی باشوری كوردستان و عێراقی بە قوڵایی زیاتر لە 300كم بەزاندووە، كە ئەمەش پێشێلكاری سەروەری خاكی عێراق و هەرێمە.  توركیا خۆی بە خاوەن ماڵ دەزانێت توركیا هەر كات ویستبێتی بە بەبێ گوێدانە هەڵوێستی بەرپرسانی هەرێم و عێراق ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامداوەو خاكی عێراقی بەكار هێناوە بۆ هێرش و پەلامار( لەشكركێشی سەربازی ، هێرشی فڕۆكە، سنوربەزاندن ، دانانی بنكەی سەربازی) ئێستا سوپای توركیا لە باشوری كوردستان زیاتر لە 30 بنكەی سەربازی هەیە بەسەدان تانك و زرێ پۆش و چەكی قورس و فڕۆكەخانەی سەربازی هەیە، بۆیە توركیا باشوری كوردستانی وەك ویلایەتێكی سەربە توركیا بینیوەو مامەڵەی كردووە، هەر كات ویستبێتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و لەشكركێشی و هێرشی فرۆكەی سەربازی بەكار هێناوە، كە بەپێی هەموو یاسایەكی نێودەوڵەتی ئەمە پێشێلكاری نێودەوڵەتیە، بێدەنگی بڕیاربەدەستان و ناوەندە سیاسیەكانی هەرێم و عێراق تەواو رێگەی خۆشكردووە بۆ تروكیا هەر كات بیەوێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدات.   ویلایەتی باشور  توركیای سەردەمی ئەردۆغان چاوی بڕیوەتە باشوری كوردستان و زۆرجار وەك ویلایەتێكی توركیا مامەڵەی لەگەڵ كردووە. پێی وایە لە سەردەمانێكدا سەربە ویلایەتی موسڵی دەوڵەتی عوسمانی بووە(ویلایەتی موسڵ یەكێكە لە ویلایەتەكانی دەوڵەتی عوسمانی و لە ساڵی 1879 دامەزراو هەریەك لە سلێمانی و هەولێر و كەركوكی لەخۆدەگرت و روبەرەكەی ( 75700 كم2 ) بووەو روبەرەكەی لە ساڵی 1885 دا ( 300280 ) كەس بووە). ئێستا توركیا وێرای بونی زیاتر لە 30 بنكەی سەربازی و هەواڵگری لە هەرێمی كوردستان و لەروی ئابوریشەوە ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و توركیا زیاتر لە 10 ملیار دۆلارەو نزیكەی 3 هەزار كۆمپانیای توركیا لە هەرێم كاردەكەن و رۆژانە نزیكەی 350 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بە توركیادا تێپەردەبێت بۆ جیهان بۆیە توركیا لەرووی ئابوری و سەربازی و تەنانەت سیاسیشەوە هەرێمی كوردستانی كۆنترۆڵكردووە و خەریكە دەبێتە بەشێك لە توركیا.  رێكکەوتنی توركیا و عێراق بۆ بەزاندنی سنور رێككەوتنی نێوان توركیا و عێراق نوێ نیە و مێژووەكە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە بەو پێیەی عێراق و توركیا لە ساڵی 1982 دا رێكەوتنێكیان ئیمزاكردووە كە بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاساییشی وڵاتەكانیان ئەتوانن 20 كیلۆمەتر سنوری خاكی یەكدی ببڕن بەتایبەتیش دژ بە گروپە چەكداریەكانی نەیاریان بەتایبەتیش پەكەكە، ئەم رێكەوتنەی 1982  لە ساڵی  2007   لەسەردەمی هۆشیار زێباری وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە بەڵام بەزاندنی سنوری یەكتریان لە  20 كیلۆمەتر زیادكرد بۆ 25 كم، ئەمیش زیاتر لەسەر رەزامەندی توركیا بوو، بۆ ئەوەی بتوانێت دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان سنوری عێراق و باشوری كوردستان ببەزێنێت. بەڵام حكومەتی توركیا بە سودوەرگرتن لە دۆستایەتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتیش لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ توانی بەتەواوی هەژمونی خۆی لە هەرێمی كوردستان فراونبكات و سنوری عێراق ببەزێنێت بە فیعلی بنكە و  بارەگای سەربازی و هەواڵگری بكاتەوە، ئەوەبوو لەدوای 1995 ەوە لە چوارچێوەی ( PMF  ) هێزی ئاشتی پارێزدا بنكە و بارەگای خۆی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، لە دوای روداوەكانی  31ی ئابی 1996 ەوەو لە چوارچێوەی بانگهێشتنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دژ بە هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بنكە سەربازیەكانی زیاتر كرد، دواتریش بەهۆی شەڕی داعشەوە بنكەی تری لە هەرێمی كوردستان كردەوە، كە ئێستا نزیكەی 18 بنكەی سەربازی و هەواڵگری توركیا لە هەرێمی كوردستاندان. ئەو سنوربەزاندنە سەربازیانەی توركیا بەتەواوی پێشێلكاریە خۆ ئەگەر رێكەوتنەكەیان بۆ 25 كم بێت بەڵام هێرشەكەی شەوی رابردووی فرۆكەكانی توركیا بۆ سەر مەخمور بە قوڵایی زیاتر لە 300 كم بوو.  بنكە سەربازییەكانی توركیا لە باشووری كوردستان لە باشوری كوردستان نزیكەی 18 بنكەی سەربازی و هەواڵگری ئاشكراو نهێنی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە، نوێترنیان سنوربەزاندنەكانی ناوچەی ئامێدی و گوندی بەرمیزە بوو كە لەو ناوچەیە زیاتر لە 12 بنكەیان دامەزراندووە، بەڵام زۆرترین هێنانی هێزی سەربازی توركیا بۆ باشیك بوو لە ساڵی 2016 بەبیانووی روبەرووبونەوەی چەكدارانی داعش و راهێنانی سەربازی لەوێ دوو بنكەی سەربازی كردۆتەوە، كە 1200 سەرباز، 50 تانك، 50 هەمەر، 15 تۆپی دوورهاوێژ و ، 50 هاوەنی بچووك و دەیان چەكی بچوكو  70 ئۆتۆمبێلی سەربازی لەو ناوچەیە جێگیركراون، لەگەڵ چەند بنكەیەكی هەواڵگری لە پارێزگای دهۆك. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015، ژمارەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (٣٢٣٥) ئەفسەر و سەرباز و ژەندرمەی سوپای توركیایە لەگەڵ چەندین جۆر چەك و تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا  (٥٨) تانك، (٢٧)  زرێپۆش، (٣١) تۆپ‌و (٢٦) ھاوەن، (١٧) ئاڕبیجی‌و (١٠) دۆشكە، (٤٠) ئۆتۆمبیلی سەربازیی. بەپێی راپۆرتەكە سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (١٣) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك جێگیركراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگریان تێدایە. 1.گەورەترین بنكە و بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (٥٨٠) سەرباز و (٩١) ئەفسەر و (٢٤٠) جەندرمە و  (٣٤٠) هێزی لێدان هەیە. 2.گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ‌ناحیەی بامەڕنی‌. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (٣٠) تانك، (٨) زرێپۆش، (٦) هاوەن، (٦) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدە هێنن. 3.سەربازگەی باتوفا سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (٢٠) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگریە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (٤٠٠) سەرباز و (٦) تانك و (٢١) زرێپۆش و (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە. 4.بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (٤١٤) سەرباز، (٦) تانك، (١٥) ئاڕبیجی، (٢) دۆشكە، (٦) زرێپۆش، (١١) تۆپ، (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی لێیە. 5.سەربازگەی (سینكی) (٨٠) سەرباز و تۆپێكی (١٢٠) ملمی تێدایە. 6.سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (٧٥) سەرباز، (٦) تانك، سێ دۆشكا، (٦) هاوەن، (٤) زرێپۆش هەیە. 7.سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (١٣٠) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك. 8.سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی . 9.سەربازگەی كوخی سپی 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. 10.سەربازگەی دەرەی داواتیا لە هەفتانین 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. 11.سەربازگەی (سەری زیری) (٦٠) سەربازی جێگیركردووە. 12.سەربازگەی گەلی زاخۆ (34) سەربازی جێگیركردووە. 13.سەربازگەی ئامێدی (٤٥) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە جێگیركراون. 14. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی قەزای ئامێدییە. 15. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی ناحیەی باتوفە. 16.بارەگای دەزگای سیخوری میت لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری. 17.بارەگای دەزگای سیخوڕی میت لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی. 18. بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك.  بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی داعش بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت لە كاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازیە و توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری داعش بدات..  


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ توركیا هێز بەرەو سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان دەجوڵێنێت و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاواش داوا لە حكومەتی سوریا دەكات هەڵوێستی رەسمی خۆی بەرامبەر بە هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان رایدەگەیەنێت و وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش هۆشداری دەداتە توركیا لەهەر هێرشێكی تاكلایەنە بۆسەر رۆژئاوای كوردستان. ئەنكەرە هێز كۆدەكاتەوە دوای راگەیاندنەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بۆ ئەنجامدانی هێرش لەدژی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی فورات" رۆژئاوای كوردستان"، سوپای توركیا دەستیكردووە بە رەوانەكردنی هێز و چەكی قورس بۆ سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان. بە گوێرەی میدیاكانی توركیا و رۆژئاوای كوردستان، لە كاروانێكی سەربازی كە لە 200 ئۆتۆمبیل پێكهاتبوون، لە شاری كیلیسەوە لە باكوری كوردستان چونەتە جەرابلوس لە هەرێمی شەهبای باكوری سوریا. بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو كاروانە سەربازییە چەندین تانك و زرێپۆشی لەخۆگرتووە و جگە لەوەش سوپای توركیا لە ناوچەكانی عەفرین و مارع و باب و جەرابلوس و ئەختەرین و عەزاز و راعی دەستی بە جموجوڵ كردووە و ماوەی دوو رۆژە لەو ناوچانە باری نائاسایی راگەیاندووە. سەرچاوە هەرێمییەكان راشیانگەیاند، سوپای توركیا جموجوڵی سەربازی و گواستنەوەی سەرباز و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی لە ناوچەی عەلۆك و تەل خەلەف تاوەكو نەستەلە دەستپێكردووە و جاروباریش دەنگی تەقە لە ناوچەکە دەبیسترێت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە. . واشنتۆن هۆشداریدەدات لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە هەڕەشەكانی ئەرۆدغان بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" رایگەیاند هەر كردەوەیەكی تاكلایەنە لە باكوری سوریا جێگەی نیگەرانییەكی زۆر و قبوڵنەكراوە. شۆن رۆبەرتسۆن، وتەبێژی پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەكدا وتی:" ئەنجامدانی هەر كردەوەیەكی سەربازی تاكلایەنە لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا و بە تایبەتی لە سایەی بوونی هێزەكانی سوپای ئەمریكا لەو ناوچانە جێگەی نیگەرانییەكی زۆر و هەر جۆرە كردوەیەكی لەو شێوەیە بەلای ئێمەوە قبوڵنەكراوە". وتەبێژەكەی پێنتاگۆن ئاماژیبەوەشدا كە ئەمریكا پابەندی ئاسایشی سنورەكانی توركیایە، بەڵام شەڕی دژ بە داعش تەواونەبووە و هێزەكانی سوریای دیموكرات،  هاوبەشێكی بەردەوام و پابەندی ئەمریكان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو رێكخراوە توندڕەوەدا" هەڵمەتی سەرتاسەری لە بەرامبەر هەڕەشەكانی توركیا و كۆكردنەوەی هێز لە سنورەکان، دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان هەڵمەتی سەرتاسەری دژی توركیا راگەیاند. دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لە بەیاننامەیەكدا كە ئاراستەی رای گشتی جیهانی كردووە داوا لە حكومەتی سوریا دەكات هەڵوێستی رەسمی بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی توركیا هەبێت و هەموو ئامادەكارییەكیشی بۆ رووبەڕبوونەوەی هێرش و پەلاماری توركیا راگەیاند. هاوكات دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لە بەیاننامەكەیدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی  بە تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەكات " هەڵوێستیان لە دژی پلانە دوژمنكارییەكانی ئەردۆغان " هەبێت. "هەڕەشەكانی ئەردۆغان بە جدی وەردەگرین" زوبێر ئایدار ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان " كەنەكە" رایگەیاند، هێز و رێكخراوە كوردییەكان لە وڵات و دەرەوەی وڵات رۆژی ١٥ی كانونی یەكەمی ٢٠١٨ لە برۆكسل كۆدەبنەوەو لە دژی بڕیارەكەی ئەمریكا بەرامبەر بە ٣ بەڕێوەبەری پەكەكە هەڵوێستی نەتەوەیی دەخرێتەڕوو، هەروەها لێكدانەوە بۆ هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ هێرشكردنە سەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەكرێت. سەبارەت بە هەڕەشەكانی توركیا، ئایدار لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " فوراتنیوز" وتیشی:" ئێمە هەوڵەكان و لێدوانی لەو جۆرەی  بە جدی وەردەگرین. هێشتا ئەمریكا لە هەوڵدایە هاوسەنگی لەگەڵ توركیا دروست بكات و ئەوەش بوێری بە توركیا دەدات". جەختیشیكردەوە كە ئەوان هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیا بە جدی وەردەگرن و پێویستە هەموو كەسێكیش ئەو هەڕەشانە بە جدی بزانێت و هەڵوێستی لە دژی ئەو هەڕەشانە هەبێت.


راپۆرتی: درەو میدیا لە كۆبوونەوەی نێوان وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، عومەر سەید عەلی داوایكردووە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری پێبكرێت لە كابینەی نۆیەمداو نێچیرڤان بارزانیش بە ئیجابی وەڵامی داواکەی رێکخەری گشتی گۆڕانی داوەتەوە. شەفاعەتەكەی عومەری سەید عەلی بۆ كۆمەڵ  بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" كە لە بەرپرسێكی باڵاوە دەستی كەتوە لە كۆبوونەوەی ئەمرۆِی نێوان پارتی و گۆڕان،  سەرەرای ئەوەی بەشێكی زۆری كۆبوونەوەكە تەرخانكرابوو بۆ موجامەلەی یەكتری، عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە نێچیرڤان بارزانی دەڵێت" باوكە ئەو  قسەو لێدوانانە چیە كە لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی دەیكەن، ئەوانە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لەگەڵ ئێمەبوونەوەو پێمان باشە بۆ چوار ساڵی داهاتویش پێكەوە بین"  لە وەڵامدا نێچیرڤان بارزانی بە موجامەلەوە بە عومەری سەید عەلی وتووە" رەئیمان ئیجابیە لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی"  ئەم لێدوانەی نێچیرڤان بارزانی وای لە بەرپرسانی گۆڕانكرد كە لەدوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ پارتی سەردانی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بكەن و ئەو هەنگاوەیان پێ رابگەیەنن. هەر ئەمڕۆش بەرپرسانی یەكێتی لە هەولێر بانگهێشتی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵیان كردووەو پێیان راگەیاندووە  لای پارتی داوایانكردووە دەبێت كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری پێبكرێت.  ترسی گۆڕان لە بەشداریپێنەكردنی كۆمەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی بەتەنها نەمێنێتەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا" چونكە بڕیاریداوە بچێتە حكومەتەوە" زۆر پێی باشە كۆمەڵی ئیسلامیش هاوسەفەری حكومەتی بێت، بەشێكی لە ترسی شەقام و بەشێكیشی لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستانەی چوار ساڵی رابردووی كۆمەڵی ئیسلامی كە گۆڕانی جێنەهێشت. كۆمەڵی ئیسلامیش هاوشێوەی گۆڕان، زۆرینەی سەركردەكانی لەگەڵ ئەوەدان بەشداربن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام شەقامی كۆمەڵ زۆر دژی ئەو بەشداریكردنەن، بۆیە تا ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری بەشداری یان ئۆپۆزسیۆنی نەداوە. پارتی لە نێوان یەكگرتوو  و كۆمەڵ كامیان هەڵدەبژێرێت؟ پارتی پێی وایە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە خولی پێشوو لە حكومەت و ئۆپۆزسیۆنیش موستەفید بووەو قازانجی كردووە بۆیە نابێت ئەمجارە لە هەردووكیان موستەفیدبن، بۆیە بە زۆرینەی دەنگی سەركردایەتی پارتی رەتكراوەتەوە كە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری پێبكرێت لە كابینەی نۆیەمدا.  ئەوەی ستراتیژبووە لای پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریكردنی یەكێك لەلایەن ئیسلامیەكان بووە و ئارەزوویانكردووە كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشداری بكات، نەك كۆمەڵی ئیسلامی، بەڵام كە یەكگرتوو ئۆپۆزسیۆن بونی خۆی راگەیاند، بەرپرسانی پارتی و خودی نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بە سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووە دەكات و پێیان رادەیەگەینێت كە پارتی زۆر پێی خۆشە بەشداری حكومەت بكەن و دەیانەوێت لە كابینەی نۆیەم لەگەڵیان بن، بەڵام سەڵاحەدین بەهادین پێیان رادەیەگەیەنێت كە ئەوان لە هەڵوێستەكانی رابردوویان زیانیان كردووەو نایانەوێت بەو رێگەیەدا بڕۆنەوە.   


 ( درەو میدیا): جارێكی تر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆن لەدژی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی فورات دەستپێدەكەن، ئەوەش لە كاتێكدایە ئەو ناوچانە هێزەكانی ئەمریكا تێیدا بنكە و بارەگایان هەیە. ئەردۆغانی چی وت؟ لە وتەیەكیدا كە تەلەفزیۆنی توركیا بڵاویكردەوە ئەردۆغان وتی:" لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستدەكەین بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بۆ چۆڵكردنی خۆرهەڵاتی فورات لە تیرۆریستە جوداخوازەكان". ئەردۆغان ئەو ناوچانەی ئاشكرانەكرد، كە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكە دەیانگرێتەوە تەنها ئاماژەی بەوەدا كە هێرشدەكەنە سەر ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە"دان. هاوكاری بەردەوامی ئەمریكا بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەپەگە توركیای توڕە و نیگەران كردووە و رۆژی سێشەممە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" رایگەیاند بە ئامانجی رێگەگرتن لە پێكدانانی سوپای توركیا و شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل چەند خاڵێكی چاودێری سەربازیان لەسەر سنوری نێوان رۆژئاوای كوردستان و توركیا داناوە. ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دژی رۆژئاوای كوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا، سوپای توركیا دوو ئۆپەراسیۆنی لەدژی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە و هەردووجارەكەش ناوچەكانی رۆژئاوای فوراتی گرتوەتەوەو ئەوە یەكەمجارە كە نیازی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆن بۆ خۆرهەڵاتی فورات رادەگەیەنێت. ئۆپەراسیۆنی یەكەكی سوپای توركیا هاوینی 2016 ئەنجامدرا بە ناوی " قەڵغانی فورات" و هەشت ماگی خایاند و ئازاری 2017 كۆتاییهات و ئۆپەراسیۆنی دووەمیش سەرەتای 2018 دەستیپێكرد بەناوی " چڵی زەیتون" و دوو مانگی خایان و توركیا كانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای كوردستانی كۆنترۆڵكرد و رادەستی چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریای كرد.


( درەو میدیا): ئەمڕۆ لە شاری هەولێر مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەو راگەیەنراوێكی سێ خاڵیان بڵاوكردەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەكە هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر ": توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ڕێكخستنەوەیان به ‌گوێرەی قۆناغەكە، هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی كوردستان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان". دەقی راگەیێندراوەكە: ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ چوارشەممە 12/12/2018 لە هەولێر خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە و تیایدا چەند بابەتێكی هەستیار و گرنگ خرانە بەر باس و گفتوگۆ، لەوانە: یەكەم: توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ڕێكخستنەوەیان به ‌گوێرەی قۆناغەكە، هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی كوردستان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی فیدرال و وڵاتانی دەوروبەر كە بە شێوەیەكی گشتی ئەم پەیوەندییە دووقۆڵییە لە خزمەت پێشكەوتن و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتماندا بێت. دووەم: پێكەوە هەوڵی دروستكردنی یەكگوتاریی كوردستان بدرێت بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكانەوە هەیە و چارەسەری دۆخی ئێستا بكرێ به ‌شێوەیەك لەگەڵ دەستوور بگونجێ و مافی هەموو لایەك پارێزراو بێت. سێیەم: سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و ئۆرگانەكانی دیكە، گفتوگۆ كرا و بیروڕا گۆڕدرایەوە و هەردوولا لەسەر ئەوە كۆك بون كە قۆناغەكە و هەلومەرجەكە یەكڕیزی و مشوورخۆریی هەموو لایەكی پێویستە و دەبێت‌ بە ئاراستەی جددی بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵكی كوردستان و ڕیفۆرمی پێویست لە بوارە جیاجیاكاندا بۆ دابینكردنی زیاتری سەقامگیری و دڵنیایی و بەهێزبوونی هەرێم بۆ بەرگەگرتنی تەحەدییەكان، هەنگاوی گونجاو هەڵێنرێت. مەكەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان  


راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت كەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم رادەگەیەنرێت؟ پارتی چۆن وەزارەتەكان دابەشدەكات ؟ پارتی بە چ شێوەیەك بەشداری بە بزوتنەوەی گۆڕان دەكات؟ چارەنوسی كۆمەڵی ئیسلامی چۆن دەبێت؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئاڵاون‌و (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وەڵامیان دەداتەوە.  ئەمڕۆ لە هەولێر مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوە، كۆبونەوەكە لەسەر داوای یەكێتی بەڕێوەچوو. شوێنی كۆبونەوەكە !  كۆبونەوەكە لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی بەڕێوەچوو، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرەتا بڕیاربووە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر بەڕێوەبچێت. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەرپرسانی یەكێتی وتویانە ئەگەر كۆبونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی بەڕێوەبچێت، ناتوانن كۆنترۆڵی بكەن كێ لەسەركردەكانی یەكێتی بەشداری بكات‌و كێی تر بەشداری نەكات، بەتایبەتیش پارتی بەیەكێتی راگەیاندووە كە رازی نابن هەندێك سەركردەی یەكێتی بەشداری ئەو كۆبونەوەیە بكات، بۆیە بڕیاردراوە كۆبونەوەكە ببرێتە ماڵی نێچیرڤان بارزانی. كۆبونەوە بۆچی ؟ (درەو میدیا) زانیویەتی، كۆبونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و پارتی زیاتر بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان‌و گلەیی‌و گازندە بووە لە یەكتر، نەك بۆ دابەشكردنی پۆستە باڵاكان‌و یەكلاكردنەوەی پشكی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا. پۆستەكان چۆن دابەشدەكرێن ؟ پارتی نایەوێت وەكو جاران بەشێوەیەكی "فیفتی بە فیفتی" پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ یەكێتی دابەشبكات، بەڵكو دەیەوێت بەپێی رێژە یاخود خاڵ پۆستەكان دابەشبكرێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی دەیەوێت لە كۆی (19) وەزارەتی سەرەكی و دوو وەزارەتی هەرێم پۆستەكان بەمشێوەیەدا دابەشبكرێن: * پارتی: (10) وەزارەت   * یەكێتی: (6) وەزارەت * بزوتنەوەی گۆڕان: 3 وەزارەت * پێكهاتەكان: 2 وەزارەت  موگناتیسەكەی پارتی ! پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، ئامادەكاری كردبوو بۆ ئەوەی گەڕی دووەمی دانوستانەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی دەستپێبكات، بەڵام موگناتیسی كێكی حكومەت وایكرد، هێشتا وەفدی پارتی نەگەیشتووەتە سلێمانی بۆ لای لایەنەكان، وەفدی یەكێتی چووە هەولێر‌و بڕیارە سبەینێش وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان بچێتە هەولێرو لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆببێتەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئەم كۆبونەوانەی پارتی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان، لەپێناو ئاساییكردنەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانەو پارتی نایەوێت لەم كۆبونەوانەدا بەهیچ شێوەیەك باس لە دابەشكاری پۆستەكان بكات، چونكە پارتی دەیەوێت بە پلان هەنگاو بنێت‌و پلانەكەشی دابەشكردووە بۆ چەند قۆناغێك لەوانە (سەقامگیری سیاسی- سەقامگیری ئەمنی- سەقامگیری ئابوری- روبەڕووبونەوەی گەندەڵی)، پارتی پێیوایە هەرێم سەقامگیری ئەمنی هەیە، پێویستە سەقامگیری سیاسی بەدی بهێنرێت، بۆ ئەمە پێویستیان بەوەیە لەگەڵ لایەنەكان پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە‌و دوای ئەوە دەست بە قۆناغی سەقامگیری ئابوری بكرێت لەرێگەی چاككردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد‌و زامنكردنی بەشەبودجەی هەرێم، ئەگەر پارتی بتوانێت سەقامگیری سیاسی‌و ئابوری بەدیبهێنێت، بەپێی قسەی سەرچاوەكەی (درەو میدیا) لە قۆناغی كۆتایدا دەستدەكات بە چاكسازیكردن‌و لێپێچینەوە لە گەندەڵكاران. پارتی دەست لە گۆڕان بەرنادات پارتی بەجدی كار بۆ ئەوە دەكات بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا بۆ چی پارتی سورە لەسەر بەشداریپێكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، سەرچاوەیەكی باڵای پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" پارتی لەپێناو نەهێشتنی مۆركی دوو ئیدارەیی دەیەوێت گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، چونكە ئەگەر حكومەت تەنها لە پارتی‌و یەكێتی پێكبێت، ئەوە تۆخكردنەوەی مۆركی دوو ئیدارەیی دەبێت". سەرباری ئەمە" پارتی بەڕوونی دەیەوێت سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی حكومەتی هەموو هەرێمی كوردستان بێت، جێگرەكەش وەك حكومەتی پێشوو نابێت، كە سەرۆكی حكومەتی سلێمانی بێت، بەڵكو دەبێت سەرۆكی حكومەتی داهاتوو سەرۆكی حكومەتی هەموو هەرێمی كوردستان بێت". پارتی هەرچەندە هەوڵی جدی دەدات بۆ بەشداریپێكردنی گۆڕان لە حكومەت، بەڵام هاوكات نایەوێت هیچ پۆستێكی باڵا بە گۆڕان بدات. بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا)، ئەوەی لای پارتی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دانراوە، چەند وەزارەتێكی خزمەتگوزاری‌و دەستەیەكە، دەنگۆی دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت راست نییە. سەرچاوەیەكی تر لەناو پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، زیادكردنی جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، پێویستی بە گۆڕانكارییە لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران، ئەوەش لە پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت، پارتی پێیوایە گۆڕان ئەو سەنگە گەورەیەی نییە خۆی توشی ئەو هەموو سەر ئێشەیە بكات بۆی. دابەشكردنی پۆستەكان بەمشێوەیە دەبێت: •     سەرۆكی حكومەت جێگرێكی دەبێت، بەڵام دەسەڵاتی زۆری نابێت‌و ئەو پۆستە دەدرێت بە یەكێتی. •    سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێت‌و جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی‌و جێگری دووەم بۆ پێكهاتەكان دەبێت. •    سەرۆكی هەرێم لای پارتی دەبێت‌و جێگرەكەی كە دەبێتە جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان (پێشمەرگە) دەدرێتە یەكێتی، نەك بزوتنەوەی گۆڕان، چونكە گۆڕان هێزی چەكداری نیە.  سێ سەرۆكایەتییەكە ! شێوازی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان بەپێی رێككەوتن دەبێت، هەرسێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان) پێكەوە رێككەوتنیان لەسەر دەكرێت. بەگوێرەی زانیاری (درەو میدیا)، یەكەمجار سەرۆكایەتی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخوات‌و دەستبەكاردەبێت، دواتر پەرلەمانی كوردستان یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار دەكاتەوەو سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت بەوەش دڵی گۆڕان رازی دەكات كە پێشتر داوای كردبوو، دوای سەرۆكایەتی پەرلەمان سەرۆكایەتی هەرێم (واتە بەر لە راگەیاندنی كابینەی حكومەت نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات)، پاشان سەرۆكی حكومەت (مەسرور بارزانی) كە لەبەردەم سەرۆكی هەرێمدا سوێندی یاسایی دەخوات.  چارەنوسی كۆمەڵی ئیسلامی؟ سەبارەت بە كۆمەڵی ئیسلامی، (درەو میدیا) زانیویەتی، لەدواین كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، پارتی بڕیاریداوە بەشداری بە كۆمەڵی ئیسلامی نەكات لە كابینەی نوێی حكومەت ( هەرچەندە ئێرانیەكان لەسەر خەتن بۆ رازیكردنی پارتی بە بەشداریپێكردنی كۆمەڵ)، هەر لەو كۆبونەوەیەدا  بڕیاردراوە ئەو پەیامە بە كۆمەڵی ئیسلامی بدرێت، بەڵام سەركردایەتی كۆمەڵ دابەشبووە بەسەر دوو بۆچوندا، بۆچونێك لەگەڵ ئەوەن ببن بە ئۆپۆزسیۆن و رایبگەیەنن بەرلەوەی پارتی پێیان رابگەیەنێت، بۆچونێكی تر داوا دەكەن بەشداری لە دەسەڵات بكەن. كابینەی نوێ كەی رادەگەیەنرێت؟ چاوەڕەوان دەكرێت پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی (9)ی حكومەتی هەرێم تا سەرەتای مانگی دوو بخایەنێت، بەشێك لە هۆكاری دواكەوتنی پرۆسەكە پەیوەندی بە یەكێتییەوە هەیە، كە رەنگە نەتوانن بەئاسانی لەناو خۆیاندا لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان رێكبكەون. كەركوك چۆن چارەسەردەكەن؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەبارەی چارەنوسی كەركوكەوە، پارتی پێیوایە نابێت پارێزگارێك لە كەركوك دابنرێت كە ئەندامی سەركردایەتی یاخود مەكتەبی سیاسی یەكێتی بێت، بەڵكو دەبێت كەسێكی بێلایەنی سەربەخۆی كورد دابنرێت، هاوشێوەی (عەبدولڕەحمان مستەفا) پارێزگاری پێشووتری كەركوك.  ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئایا یەكێتی بەم مەرجەی پارتی لە كەركوك قایل دەبێت یاخود نا؟


(درەو میدیا):  مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسیيەكان " كە نیوەی هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردنیان نەكردووە، ئەوەش لاوازبوونی متمانەی خەڵكە بەسەركردایەتی‌و سیاسەت‌و بەڵێنەكانی سەرجەم لایەنەكان و ئاماژەیەكی دڕدۆنگی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و سایكۆلۆژیيە". بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ماوەیەكە زویر بووەو لە ماڵەوە دانیشتووە، لە وتارێكدا بەناوی"  كابینەی نوێ‌ و كێشە كۆنەكان" دەنوسێت " ئەم بێ‌ متمانەییە، كە جارێ‌ بە بەشداری نەكردنی هەڵبژاردن دەردەبڕدرێ‌، لەم دۆخەی عیراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەدا، پێویستە لە كابینەی نۆیەمدا، بەقوڵی لێكبدرێتەوە. ئەگینا، بەدوری نەزانین، دەروازەی دۆخەكە لەگرێژنە دەربچێ‌‌و لەم هەلومەرجەشدا، كە فەرەنسای پێشەنگێكی وڵاتانی دیموكراسی، لەسەر باج زیادكردنی سوتەمەنی، دەسوتێندرێ‌، دوور نییە، كێشە كۆنە چارەسەر نەكراوەكان، لەسایەی كابینەی نوێدا، لەم قۆناغەی گواستنەوەی دیموكراسیدا، لە كوردستانی دواكەوتودا، ئاوێتەی دۆخی نەخوازراو بن‌و، هەر ئەگەرێكی ئاڵۆزی ناوچەكەش، یان لە عیراق‌و یاخود لە كوردستاندا، كارلێك لەتەك كێشەی كۆنی پاشكەوتی مووچە بكات".  دەقی نوسینەكەی مەلا بەختیار كابینەی نوێ‌ و كێشە كۆنەكان ■ مەلا بەختیار  هەڵبژاردن، بەوشێوەیە بەڕێكرا، كە بەڕێكرا. ئێستا، ئیدی پارتی یەكەمی هەرە زۆرینەو یەكێتیی دووەم‌و گۆڕانیش سێهەم لایەنی براوەن. لایەنەكانی دیكەش، كۆمەڵی ئیسلامی پێشی دانەوە. سۆسیالیست‌و كۆمۆنیستە كوردستانییەكانیش، كورسییە تاقانەكەیان، هێنایەوە. كۆتاكانیش، دەرچێندرانەوە! رەوتە پۆپۆلیستییە لەناو قەیراندا سەرهەڵداوەكەی "نەوەی نوێ‌"یش، تاویان سەندووە. لەم هەڵبژاردنەدا پەندە خانەقینییەكە پڕ بەپێستێتی كە پێشینان فەرمویانە: گشتمان لەكین، برای یەكین. بۆ؟ -چونكە؛ لایەكی دەسەڵات، ناتوانێ‌ لایەكی دیكەی باڵادەست، بە بەڵگەوە تاوانبار بكات‌و رەخنەشیان بەرامبەر یەكدی هەس! -چونكە؛ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، سەرەنجامی سیاسەتی هەڵبەزو دابەزی رابردوویان، هەرلایەكیان بەئەندازەی پاشماوەی كاریگەریان، دەنگیان هێناگە. لەناویاندا، نەوەی نوێ‌، گەرچی لاتاریكیشە لەهەموو لایەك. -چونكە؛ رێژەی دەنگە هێنراوەكانی یەكێتیی‌و پارتی، ئەو راستییەی نەگۆڕی، كە نە پارتی بەبێ‌ یەكێتیی و نە یەكێتیش بەبێ‌ پارتی، حكومەتی زۆرینەیان پێ‌ پێكنایەت. پارتی كە زۆرینەی هێناوە، پێویستی بە یەكێتییە، یەكێتیش كە لەنیوەی پارتی كەمتریشی هێناوە، ئەمجارەش، بۆ كابینەی نۆهەم، سەلمایەوە كە هەر یەكێتییە، دەركەوت، بەزۆرینەی بادینی، دەڤەری سەوز حوكم ناكرێ‌. بەڵێ‌، نە پارتی بەسیاسەتی حاكمییەتی زۆرینە كوردستانی پێ‌ بەڕێ‌ دەچێ‌‌و نە یەكێتیش، بەزۆربەركێ‌ (موزایەدە)ی سیاسی، پارتی پێ‌ لاواز دەكرێ‌. ئەوانەی لەناو پارتی پێیانوابوو، ئەگەر دوو بەرامبەر یەكێتیی دەنگ بێنن‌و لیستی كۆتاش بكەنە دۆستی خۆیان، دەتوانن یەكێتیی بخەنە دەرەوەی بازنەكە، شكستیانخوارد. رەوتی موزایەدەخوازی یەكێتیش، كاڵفامیان دای لەتاشە بەردی هاوكێشە سیاسییە راستەقینەكان. ئۆپۆزسیۆنیش، كە پێیانوابوو، ئەگەر بتوانن زۆرینەی كورسی وەدەستبهێنن، یان خۆیان‌و تەكەتولی هەلپەرستی یەكێتیی ببنە زۆرینە، دەتوانن پارتی بچوك بكەنەوە، ئەمانیش، رێژەی دەنگەكانیان، ناچاری كردن، پاشەكشە بكەن‌و لایان داوەو بایان داوە. ئیستا، دوو هەفتەیەكمان ماوە، دەربكەوێ‌، چ لایەك دەچێتە حكومەت‌و چ لایەكیش، دەبێتە ئۆپۆزسیۆن. بەڵام بیرمان نەچێ‌ نیوەی خەڵك دەنگیداوە (قەیناكە با وابڵێین!) نیوەكەی تریشی دەنگی نەداوە (ئەگەر زیاتریش نەبن!!). لێرەدا دەمەوێ‌، سەرنجی ئەو لایەنانە بۆ ئەم راستییانە رابكێشم كە پێكەوە رێكدەكەون‌و كابینەی نۆهەم پێكبهێنن. كە ئەمەی خوارەوەیە: هەموو لایەنەكان ببینن كە، بەهەموو توانای راگەیاندن‌و، هێزی چەكدارو دەستڕەنگینی لەهەڵبژاردندا، نەتوانرا نیوەی خەڵك، لەدەرەوەی بازنەی هەڵبژاردن، كەمەندكێش بكرێنە ناو بازنەكە. ئەمە ئاماژەیەكی دڕدۆنگی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و سایكۆلۆژیە...تد. هۆی سەرەكی ئەم دڕدۆنگییە، لاوازبوونی متمانەی خەڵكە، بەسەركردایەتی‌و سیاسەت‌و بەڵێنەكانی سەرجەم لایەنەكان. كە ئەمەش، سەرەنجامی كەڵەكەبونی گرفت‌و گەندەڵی‌و ئەو بارە نالەبارەی خەڵكە.  ئەم بێ‌ متمانەییە، كە جارێ‌ بە بەشداری نەكردنی هەڵبژاردن دەردەبڕدرێ‌، لەم دۆخەی عیراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەدا، پێویستە لەكابینەی نۆیەمدا، بەقوڵی لێكبدرێتەوە. ئەگینا، بەدوری نەزانین، دەروازەی دۆخەكە لەگرێژنە دەربچێ‌‌و لەم هەلومەرجەشدا، كە فەرەنسای پێشەنگێكی وڵاتانی دیموكراسی، لەسەر باج زیادكردنی سوتەمەنی، دەسوتێندرێ‌، دوور نییە، كێشە كۆنە چارەسەر نەكراوەكان، لەسایەی كابینەی نوێدا، لەم قۆناغەی گواستنەوەی دیموكراسیدا، لەكوردستانی دواكەوتودا، ئاوێتەی دۆخی نەخوازراو بن‌و، هەر ئەگەرێكی ئاڵۆزی ناوچەكەش، یان لەعیراق‌و یاخود لەكوردستاندا، كارلێك لەتەك كێشەی كۆنی پاشكەوتی مووچە بكات، بیرمان نەچێ‌ كێشەی نێوان ئەمریكا‌و دەوڵەتانی كەنداو‌و ئێران، هەروەها كێشەی كۆمەڵایەتی، ئابوریی‌و سیاسی چارەسەر نەكراوی تەواوی ناوچەكە، ئەمە جگە لە لێكەوتەكانی بەهاری عەرەبی، هاوكات كێشەی نێوان شیعەكانی عیراق، هەروەها سوننەكانی عیراق، ئینجا ئەو رێژە كەمەی كە لەبەغداد‌و ناوچەكانی تری عیراق بەشداریان كردووە، خۆپیشاندانەكانی بەسرەو پارێزگاكانی تر، لەكاتێكدا هێشتا پاشماوەی جەنگی داعش‌و ناوچە وێرانكراوەكانی جەنگ ساڵەهای ساڵی دەوێ‌ چارەسەر بكرێن، ئەمانە دەبێ‌ هەموویان لەبەرچاو بگیرێن كە كاریگەریان لەسەر كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكەش هەیە. بێگومان یەكانگیربوونی هەموو ئەم رووداوانەو كاریگەریان لەسەر هەست‌و هەڵوێستی خەڵكی كوردستان، خرۆشانی خەڵك دەكاتە ئەنجامێكی مەترسیدار بۆ سەر هەمووان.  لەدۆخێكی نەخوازراوی واشدا، جڵەوی رووداوەكان كە لەدەست دەرچوون، نەلایەنەكانی دەسەڵات‌و، نەلایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش، ناتوانن ببنە خاوەنی شەقامی توڕە. ڕەنگە، لەهەلومەرجێكی ئاوهاشدا، چەند رابەرێكی دەركەوتووی سۆسیال-مێدیا، بۆ ماوەیەك بتوانن روداوەكان، بەئاراستەی پۆپۆلیستی‌و ئاژاوەگێڕی، رابەرایەتی بكەن. بەتایبەتی هەلپەرست‌و پۆپۆلیستە شكستخواردووەكانی كوردستان لەدەهەی رابردوودا، تاقیكردنەوەی سودبەخشیان بۆ پۆپۆلیستە دەرنەكەوتووەكان، جێهێشتووە. دەمێنێتەوە بڵێین: كابینەكانی پێشوو، قەیرانیان بەقەیران سپاردو تەقینەوەی قەیرانەكانیش، دووچاری كابینەی هەشتەم كرا. ئەمانیش ناچاری پاشكەوتی موچە بوون. بەڵام ساڵێكیشە، بەرەبەرە چارەسەریان هێنایە ئارا. دڵنیام، مێژوو، ئابوری بایۆمەتری‌و چارەسەری قەیرانی ئابوری، وەكو دەستكەوتی گەورە، بۆ كابینەی هەشتەم تۆمار دەكات


گفتوگۆی رۆژنامەوانی: فازل حەمەڕەفعەت  ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی تاكە لایەنە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستەكەدا ماوەتەوە‌و بەسەر هیچ بەرەیەكدا (دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن) ساغ نەبووەتەوە. بەرپرسانی پارتی رۆژانە پەیامی بێئومێدكەر بۆ كۆمەڵ دەنێرن‌و دەیانەوێت لەوە حاڵی بكەن كە بەشێك نییە لە كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام هێشتا بەرپرسانی كۆمەڵ بە ئومێدەوە تەماشای پارتی دەكەن‌و نایانەوێت بچنە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە. لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا (بیلال سلێمان) بەرپرسی ناوەندی حكومەت‌و پەرلەمانی كۆمەڵی ئیسلامی وەڵامی چەند پرسیارێكی (درەو میدیا) دەداتەوە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: درەو میدیا: بەمزوانە وەفدی پارتی بۆ جاری دووەم سەردانی سلێمانی دەكاتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئەمجارەش پارتی نایەوێت كۆمەڵ ببینێت، ئەمە زیاتر لە چەند جارێكە پارتی پەیامی ئەوەتان پێدەدات كە نایەوێت بەشداری حكومەت بكەن، راتان چییە ؟ بیلال سلێمان: باوەڕم بەو پەیامە نییە، من باوەڕیشم بەوە نییە شتی وا وترابێت. درەو میدیا: واتە وەفدی پارتی دەیەوێت ئەمجارە سەردانتان بكات؟ بیلال سلێمان: من نازانم لە ئێستادا پارتی سەردانمان دەكات یاخود نا، بەڵام پارتی موستەغنی (دەستبەردار) نابێت لە كۆمەڵ، بەپێچەوانەوە ئەگەر وابێت، پێموایە ئەوە هەڵەیەكە پارتی دەیكات، من ناڵێم كۆمەڵ بەشدار دەبێت یان نا، بەڵام پێموانییە پارتی پەیامی وای هەبێت. درەو میدیا: سەلیم كۆیی ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی ئەمڕۆ لە لێدوانێكدا دەڵێ" لە بەرپرسانی پارتیمان بیستووە لە حكومەت بەشداریمان پێناكەن"، ئێوە چی دەڵێن؟ بیلال سلێمان: ئەوە رەئی كاك سەلیم خۆیەتی، من كۆمێنتم لەسەری نییە. درەو میدیا: ئێمە بیستومانە بەمزوانە سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كۆدەبێتەوە‌و بڕیاری كۆتایی دەدات لەبارەی بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت، ئەمە راستە ؟ بیلال سلێمان: نەخێر، هیچ بڕیارێكمان نییە بە زوترین كات كۆببینەوە، ئێمە تا بەرنامەی حكومەتی داهاتوومان بۆ دەرنەكەوێت‌و بەرچاومان روون نەبێت، هیچ كۆبونەوەیەك ناكەین، ئێمە پێشتر كۆبونەوەمان كردووە، بەڵام تائێستا بەرچاومان روون نییە، تا بەرچاومان روون نەبێت بڕیار نادەین. درەو میدیا: خەڵك دەپرسن حیكمەت لە چیدایە كۆمەڵ بڕیارنادات ببێت بە ئۆپۆزسیۆن، لەكاتێكدا پارتی بە ئاشكرا پێی دەڵێ بەشداری حكومەتت پێناكەم؟ بیلال سلێمان: شەرت نییە هەموو حیكمەتێك باسبكرێت، كۆمەڵ بەرنامەی خۆی هەیە، سەركردایەتی حزب بەرنامەی خۆی هەیە بۆ ئەو پرسانە، كۆمەڵ بۆ ئەو قۆناغە ئەمەی هەڵبژاردووە كە سیاسەتیەتی. درەو میدیا: بەڵام دیمەنەكە لە شەقام وا دەردەكەوێت كۆمەڵی ئیسلامی بەزۆر دەیەوێت خۆی بە پاسی حكومەتدا هەڵواسێ؟ بیلال سلێمان: نەخێر، ئێمە خۆمان هەڵناواسین، ئێمە كەس خێرمان پێناكات، خەڵكی هەرێمی كوردستان دەنگی بە ئێمەداوە، ئێمە متمانەی خەڵكمان بەدەستهێناوە، ئەوەندەی كە خەڵك متمانەی پێداوین، مافی خۆمانە داوای حەق‌و مافی ئەو خەڵكە بكەین كە دەنگی پێداوین، ئەمە لە حكومەتدابوون بێت یاخود لە موعارەزەبوون، هەركامیان بوو ئێمە نوێنەری ئەو خەڵكەین. درەو میدیا: دەكرێت وا لێكبدرێتەوە ئێوە بەهۆی بوونی یەكگرتووی ئیسلامی ناتانەوێ بچنە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، یاخود ئەگەر ببن بە ئۆپۆزسیۆن ئامادەن لەگەڵ یەكگرتوو كاری هاوبەش بكەن؟ بیلال سلێمان: ئێمە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی لە رابردوودا لە چەندین قۆناغ پێكەوە بووین، هیچ كاتێك پێچەوانەی یەكتر هەڵسوكەوتمان نەبووە، لەبەرئەوە ئێمە لە حكومەتدا بین یان لە ئۆپۆزسیۆن، پێمانخۆشە لەگەڵ ئەوان لێكنزیك بین. (درەو میدیا): سەرەتا ئێوە لەگەڵ گۆڕان كۆبونەوەیەكتان كرد بۆ ئەوەی پێكەوە بڕیاربدەن لەسەر بەشداریكردن لە حكومەت، بەڵام ئێستا وا دەردەكەوێت گۆڕان لایخۆیەوە بڕیاریداوە بەشداری حكومەت بكات‌و ئێوەش خۆتان یەكلا نەكردوەتەوە، ئێستا پەیوەندییەكانتان لەگەڵ گۆڕان لە چ ئاستێكدایە ؟ بیلال سلێمان: ئێمە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەروەكو رابردوو پەیوەندییەكانمان بەهێزە، هیچ درزێك نەكەوتوەتە ناو پەیوەندییەكانمانەوە، ئەو پەیوەندیانەش بەردەوامە‌و پێكەوە هەماهەنگی‌و راگۆڕینەوەشمان هەیە، ئەو مەعلوماتانەی جەنابت باسی دەكەیت لەوانەیە هەڵەبن. درەو میدیا: واتا ئێوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان باسی ئەوەتان نەكردووە پێكەوە بڕیار بدەن لەسەر بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت ؟ بیلال سلێمان: نەخێر، پێكەوە بڕیارمان نەداوە كە پێكەوە بڕیاربدەین بچینە حكومەت، هەر حزبە‌و بڕیاری خۆی هەیە، هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختمان نییە پێكەوە، كە یەكێكمان بەشداربوو لە حكومەت ئەوی تریش بەشدار بێت، بەپپَچەوانەشەوە.


(درەو میدیا): بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدی بۆ پڕكردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشكەشكردووە‌و سبەینێ سێ ئەندامی نوێ لە ئەنجومەنی پارێزگا دەستبەكاردەبن. سبەینێ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (49) هەمین كۆبونەوەی ئاسایی خۆی دەكات. بەپێی نوسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا كە ئاڕاستەی سكرتێری ئەنجومەن كراوە، لە كۆبونەوەكەدا سێ ئەندامی نوێ بۆ ئەنجومەن سەردەكەون‌و سوێندی یاسایی دەخۆن‌و لە شوێنی سێ ئەندام دەستبەكاردەبن كە پێشتر خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و پەرلەمانی عێراق كاندیدكردووە‌و سەركەوتوون. هەر لە كۆبونەوەكەدا دەستلەكاركێشانەوەی (ئەنوەر تاهیر) جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر پشكی گۆڕان پەسەند دەكرێت. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) محەمەد شێخ وەهاب ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پڕكردنەوەی شوێنی ئەنوەر تاهیر لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، (بەرزان محەمەد ساڵح)ی كاندیدكردووە. ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبونەوەی سبەینێدا، لە فراكسیۆنی پارتی (بارزان حامد سەعید) لە جێگەی (دانا جەزا) دەستبەكاردەبێت‌و سوێندی یاسایی دەخوات، لە فراكسیۆنی یەكێتی (دیمەن رەزا رەشید) لە جێگەی (سەلمە فاتیح) دەستبەكاردەبێت، لە فراكسیۆنی گۆڕان (ئیسماعیل عەلی) لە جێگەی (غالب محەمەد) دەستبەكاردەبێت.  


( درەو میدیا): دادگای توركیا سزای ساڵێك و شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەر عوسمان بایدەمیر و لەیلا بیرلیك پەرلەمانتارانی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" دا سەپاند. بە گوێرەی میدیاكانی توركیا، هۆكاری سزادانی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ساڵی 2015 بەشداری خۆپیشاندانێكیان كردووە، كە بۆ ئیدانەكردنی قەدەغەی هاتوچۆی سەر ناوچەی سوری ئامەد و ناوچەی كەربۆرانی مێردین و جزیرە و سلۆپی رێكخرابوو. لە دانیشتنی دادگادا كە لە شرناخ بەڕێوەچوو، دادگا بە پاساوی ئەوەی لە دژی یاسای رێپێوان و خۆپیشاندان بوون، بۆ هەر یەك لە عوسمان بایدەمیر و لەیلا بیرلیك بڕیاری سزای ساڵێك و ٦ مانگ زیندانیی دەركرد.     


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت نزیكەی 20 ساڵ ئەزمونی هەبوو لە كاری دەرهێنان‌و سیناریۆی فیلمەكاندا، خۆی لە سیناریۆی هاوڕێیەكیدا كوژرا، ئەمە چیرۆكی رەحیم زەبیحی دەرهێنەری درامای "ماڵەكەی مەعروف"ە. ئێوارەی رۆژی هەینی رابردوو لە شیوێكدا لە نزیك رێگای (نیزەڕۆ)ی شاری بانە ئۆتۆمبیلێك دۆزرایەوە كە ئاگری گرتبوو. لەناو ئەو ئۆتۆمبیلەدا كەسێكی ناسراو هەبوو، كە (رەحیم زەبیحی)ی فلیمساز‌و دەرهێنەری بەناوبانگی كورد بوو لەگەڵ براكەی (كەیوان زەبیحی). ئەوە روداوێكی هاتوچۆی ئاسایی نەبوو، بەهۆی (رەحیم زەبیحی)یەوە هەرزوو هەواڵەكە سنوری رۆژهەڵاتی كوردستان‌و ئێرانی بڕی‌و گەیشتە هەموو جیهان، هەواڵی مەرگی دەرهێنەرێك كە جێپەنچەی لەسەر سینمای كوردستان‌و ئێران دیارە. چی رویدا؟ لەبارەی مردنی (رەحیم زەبیحی)ی براكەی، گێڕانەوەی جیاواز هەیە، بەڵام ئەوەی هەر لە سەرەتاوە گومانی دروستكرد، ئەوە بوو كە ئەو دوو برایە بە روداوێكی هاتوچۆی ئاسایی نەمردوون‌و دەستێك لە پشت روداوەكەوە هەیە. سەرەتا هەندێك گومانیان كرد، دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی لە پشت كوشتنی ئەو سینەماكارەی كوردەوە بن‌و لەڕێگەی رووداوی هاتوچۆوە سیناریۆی كوژرانەكەی جێبەجێ كرابێت، سیناریۆیەك كە رەنگە هەرگیز زەبیحی لە ژیانی فیلمسازی خۆیدا بیری لێنەكردبێتەوە، ئەوەی گومانەكانی زیاتر كرد، دوای مردن‌و سوتانیان لەناو ئۆتۆمبیلەكەدا تەرمی ئەو دوو برایە بە دەستبەستراوەیی دۆزرایەوە، بەڵام دوای 24 كاتژمێر لە رووداوەكە، دەسەڵاتدارانی ئێران دەستگیركردنی بكوژی دوو براكەیان راگەیاند. هەندێك سەرچاوەی نافەرمی باسلەوە دەكەن، بەر لە مردنی زەبیحی هەواڵی بە كەسوكاری داوە كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە، بەڵام ئەم زانیارییە تائێستا پشتڕاستنەكراوەتەوە. كاتی دۆزینەوەی تەرمی زەبیحی‌و براكەی بكوژەكە كێیە؟ ئەمڕۆ عەلی ئازادی یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای كوردستان بۆ كاروباری كۆمەڵایەتی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵی كۆماری ئیسلامی ئێران كە بە (ئیرنا) ناسراوە، ئاشكرایكرد، بكوژی (رەحیم زەبیحی)‌و براكەی دەستگیركراوە. بەپێی قسەی یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیس" بكوژەكە دانی بەوەدا كە پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵ رەحیم زەبیحی‌و براكەی هەبووە‌و لەوچوارچێوەیەشدا ناكۆكییەكی دارایی كەوتوەتە نێوانیان". بكوژەكە باسی لەوە كردووە" رۆژی رووداوەكە زەبیحی‌و براكەی دەعوەت كردووە بۆ قاوەخانەیەك‌و لەوێ حەبی بێهۆشكەری پێداون‌و دواتر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر بە دەوروبەری شاردا پیاسەی لەگەڵ كردوون". یاریدەدەری فەرماندەی پۆلییسی پارێزگای كوردستان یاریدەدەری پۆلیسی پارێزگای كوردستان ناوی بكوژی دوو براكەی ئاشكرانەكرد، بەڵام محەمەد فەلاحی فەرمانداری شاری بانە لە لێدوانێكدا بۆ سایتی پۆلیسی ئێران وتی: بكوژەكە ناوی (عەباس ئەكبەر مراغەیی)ە‌و دوای بێهۆشكردنیان، دوو براكەی لەناو ئۆتۆمبیلەكەیاندا بردووەتە شیوێكی كەناری رێگاكە‌و بەنزینی پێدا كردووە‌و سوتاندویەتی. فەرمانداری بانە بە هەمانێشوە باسی لە ناكۆكی دارایی كرد لە نێوان بكوژو كوژراوەكاندا، بەڵام هێشتا وردەكاری ئەو ناكۆكییە نازانرێت كە بووە هۆی مردنی یەكێك لە ناسراوترین سینەماكارەكانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان. بەگوێرەی قسەی ئاژانسی (فارس)، رەحیم زەبیحی‌و كەیوان برای لە كورسی پشتەوەی ئۆتۆمبیلەكەدا بوون‌و دەستەكانیان بەستراوەتەوە. زانیارییەكان باسلەوەدەكەن، ئەو ئۆتۆمبیلەی كە دوو براكەی تێدا كوژراوە بەناوی (هاوسەر)ەكەی رەحیم زەبیحییەوەیە. رەحیم زەبیحی كێیە؟ رەحیم زەبیحی كوڕی (مستەقا زەبیحی) یەكێك لە كەسایەتی‌و بنەماڵە ناسراوەكانی شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستانە‌و براكانی كەسانی كاسبكاری ناسراون بوون لە ناو بازاڕی بانەدا. زەبیحی ساڵی 1971 لە شاری بانە لەدایكبووە، ئەو 20 ساڵ ئەزمونی كاركردنی هەبوو لە بواری دەرهێنان‌و سیناریۆدا. یەكەمین كاری دەرهێنانی رەحیم زەبیحی لە ساڵی 2002 دا بوو بۆ كورتەفیلمێك بەناوی "هاوار"، ئەو فیلمە لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوە مشتومڕی زۆری دروستكرد. كورتە فیلمی "هاوار" بەشداری كردووە لە فێستیڤاڵەكانی كورتە فیلمدا لە (تاران- ئەسفەهان- سونی- وارش- باران- كلرمۆنت فراند فەرەنسا- هامبۆرگی ئەڵمانیا- ساوپاولۆی بەرازیل)و چەندین فیستیڤاڵی تر، وەكو باشترین كورتە فیلمی فیستیڤاڵی "كلرمۆنت فراند فەرەنسا" هەڵبژێردرا.  زەبیحی دوای كورتە فیلمی "هاوار"، كاری دەرهێنانی چەند كورتە فیلمێكی تری كرد لەوانە (سەتەلایت –  ئەو پیاوەی كە چوو بۆ گەڕان- كۆتایی جەنگ- قاچاخچی- استرس). فیلمەكانی زەبیحی بەشداری چەندین فیستیڤاڵیان كرد لەسەر ئاستی جیهان، تەوەری فیلمەكانی ئەو زیاتر لە دەوری پرسی توندوتیژی دژی ژنان‌و منداڵان‌و قوربانیانی جەنگ دەسوڕایەوە. لە هەرێمی كوردستان رەحیمی زەبیحی زیاتر دوای دەرهێنانی درامای "ماڵەكەی مەعروف" ناسرا، كە تائێستاش ئەو درامایە بینەری خۆی لەدەستنەداوە‌و بەردەوام دیمەنەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نیشان دەدرێتەوە. زەبیحی زۆرجار دەیوت" خەمی مرۆڤەكان منی كرد بە سینەماكار". ​​​​​​​ هەندێك لە چالاكییە هونەرییەكانی تری زەبیحی: •    ساڵی 2004 ئەندامی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵی كورتە فیلمی سلێمانی بووە •    ساڵی 2005 ئەندامی لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی فیلمی ئاماد بووە •    ساڵی 2005 ئەندامی لیژنەی دادوەری كورتە فیلمی رانیە بووە ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوانی سەدان كەس لە خەڵكی شاری بانە، تەرمی رەحیم زەبیحی‌و كەیوان زەبیحی برای لە گۆڕستانی "سلێمان بەگ" بەخاكسپێردرا.  


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ  هاوشێوەی پرسی بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت كە بزوتنەوەی گۆڕانی بەسەر دوو بەرەی پشتگیر و دژ دابەشكردووە، ئامادەكارییەكانی ئەو بزوتنەوەیەش بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی ناڕەزایەتی لێدەكەوێتەوە. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردوو هەڵبژاردنی  پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان كە مانگی ئایار و ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، رووبەڕووی شكستبووە و كورسییەكانی لە هەردوو پەرلەمانەكەدا بەرێژەیەكی بەرچاو كەمیكرد و ئەوەش ناڕەزایەتی هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی بزوتنەوەكەی لێكەوتەوە. لە دوای هەڵبژاردنەكان بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە دەستوری بزوتنەوەكە و كۆی جومگەكاندا بەنیازە كۆنفرانسی نیشتمانی ببەستێت و پاشان بۆ نوێكردنەوەی سەرجەم ئۆرگانەكانی، هەڵبژاردن بكرێت. لیژنەی باڵا و لاوەكی سەرەتای ئەم هەفتەیە خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كۆبووەوە و بڕیاریدا لیژنەیەكی باڵا و چەند لیژنەیەكی لاوەكی بۆ ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی پێكبهێنێت، شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دوای كۆبوونەوەكەی خانە بە میدیاكانی حزبەكەی راگەیاند:" لە كۆبونەوەی خانەی راپەڕاندندا كۆمەڵێك بابەت و تەوەری هەستیار و گرنگ تاوتوێكران و بڕیار و راسپاردەی پێویستمان بۆ هەریەك لەو تەوەر و بابەتانە دەركرد، كە گرنگترینیان لەژێر رۆشنایی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بوو بە دیاریكردنی لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنفرانسی نیشتمان".. وتیشی: "شانبەشانی ئەو لیژنە باڵایە، نۆ لیژنەی لاوەكی دیكەمان دروستكرد بۆ پێداچونەوە و هەڵسەنگاندنی هەمو ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و پێداچونەوە بە بەرنامەی سیاسی و دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان". هەنگاوەكانی خانەی راپەڕاندن دەستوریی نین هەنگاوەكەی خانەی راپەڕاندن بۆ پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی ناڕەزایەتی لێكەوتەوە و لە یەكەمین كاردانەوەدا  پەرلەمانتارێكی  ئەو حزبە دەڵێت:" ئەو هەنگاوانەی ئێستای خانەی راپەراندن دەربارەی كۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانگرێتە بەر دەستوری نین". هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ سایتی سپی میدیا دەڵێت" ئەو هەنگاوانەی ئێستا خانەی راپەراندن دەربارەی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانگرێتە بەر دەستوری نین و خانە ئەو دەسەڵاتەی نیە خۆی بكات بە لیژنەی باڵای كۆنفرانس و لیژنە فەرعیەكانیش بە سەرۆكایەتی یەكێك لە ئەندامانی خانە ببات بەڕێوە". جەختیشدەكاتەوە كە  "بە گوێرەی دەستور جڤاتی نیشتمانی بڕیارئەدات نەك خانە ، دەبێت جڤات كۆببێتەوە و بڕیار لە سەر لیژنەی باڵا و كۆی هەنگاوەكان بنێت بۆ ئامادەكاری كۆنفرانس ". پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان دەشڵێت:  "بە ڕاشكاوی دەلێم گۆڕان دەبێت گۆڕانكاری ریشەیی لە قیادە و روئیاكەیدا بكات ، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ هێشتنەوەی هەمان قیادە و روئیایە بۆ ئەوەش دەبێت ئەندامانی هەردوو جڤاتەكە هەڵوێستیان هەبێت نابێت بێدەنگ بن". پرۆگۆڕانیش قسەی هەیە ژمارەیەك هەڵسوڕاوای بزوتنەوەی گۆڕان كە زۆرینەیان لە هەندەران و لە ئەنجومەنەكانی ئەوروپای بزوتنەوەەی گۆڕانن، ماوەیەك لەمەوبەر پرۆژەیەكیان بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاراستەی لێپرسراوانی بزوتنەوەكە كرد و پرۆژەكەیان ناولێناوە " پرۆگۆڕان". پرۆگۆڕان لە دووەم هەنگاویدا بەرامبەر بە ئامادەكارییەكانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی ، بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی دەركردووە و دەڵێت:" دەستوری گۆڕان دەسەڵاتی پێكهێنانی ئەو لیژنەیەی داوە بە جڤاتی نیشتمانی، بۆیە دەستێوەردانی خانەی راپەڕاندن لەو پرۆسەیە دژە بە دەستوری گۆڕان.". ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەرامبەر بەم پێشێلكردنەی دەستور ژمارەیەكی زۆری هەڵسوڕاو و دەنگی نارەزاییان بەرز كروەتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی لیژنەكە و ئەنجامدانی ئەو ئەركە بە پێی دەستور دەكەن و پرۆگۆڕان هەمان هەڵوێستی هەیە و پشتگیری تەواوی دەنگە ناڕازییەكان دەكات". دەستوری گۆڕان و كۆنفرانسی نیشتمانی بە گوێرەی مادەی یەكەم لە بەشی سیانزەیەمی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانی پەسەندكردنی یەكەمین كۆنگرەی یەكەم ، كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجامی كۆبوونەوەی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی بنكە رێكخراوەیی و دامەزراوەكانیدا دەبەسترێت و بەرزترین دەسەڵاتی بزوتنەوەكەیە. لە مادەی دووەمی هەمان بەشیشدا هاتووە:لە هەلومەرجی نائاساییدا كۆنفرانسی نیشتمانی دەبێت بەر لە هەڵبژاردنی گشتی بە ماوەیەك ببەسترێت، بەڵام لە ئەمساڵدا بزووتنەوەكە بەبێ‌ بەستنی كۆنفرانسێك بەشداری هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كوردستانی كرد. كێ‌ داوای بەستنی كۆنفرانس دەكات؟ بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە مادەی دووەمی بەشی یانزەیەمی دەستوری ناوخۆی گۆڕان، لە هەلومەرجی نائاسایی، یان لە كاتی پێویستدا، لەسەر داوای دووسێیەكی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان نیوەی ئەنجومەنی قەزاكان دەبەسترێت و لە كاتی ئاسایشدا كۆنفرانس چوارساڵ جارێك دەبەسترێت. ئامادەكاریی بۆ كۆنفرانس دەستوری ناوخۆی گۆڕان، ئەركی ئامادەكاری بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانی خستوەتە ئەستۆی جڤاتی نیشتمانی نەك خانەی راپەڕاندن و لە مادەی دووەمی ئەو بەشەدا و لە ئەركەكانی جڤاتی نیشتمانیدا دەڵێت:" ئامادەكاری دەكات بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان". بە گوێرەی مادەی شەشەمی بەشی سیانزەیەمی دەستوری ناوخۆی گۆڕان بەمشێوەیە ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنفرانس نیشتمانی دەكرێت: یەكەم: رێكخستنی تۆماری دەنگدەران: ئەم ئەركەی خستوەتە ئەستۆی ژووری پەیجوری بزوتنەوەی گۆڕان و بە هەماهەنگی ژووری هەڵبژاردن و دیاریشیكردووە كە تەنها ئەو ئەندام و هەڵسوڕاوانەی ناویان لە تۆمەاری دەنگدەراندا نوسراوەن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆنفرانسدا مافی دەنگدانیان هەیە. دووەم: ئەو هەڵسوڕاوانەی لەم قۆناغەی هەڵبژاردندا ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا دەنوسرێت بریتین لە : •    ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی قەزاكان. •    بازنەوانەكان، ئەندامانی ئەنجومەنی بازنە، بنكەوانەكان، وێستگەوانەكان. •    رێكخەر و ئەندامانی رایەڵە بەگشتی. خۆكاندیدكردن بۆ كۆنفرانسی نیشتمانی: یەكەم: هەر هەڵسوڕاوێك بزوتنەوەی گۆڕان لەهەر ئاستێكی رێكخراوەیی دابێت، گەر مەرجەكانی تێدابێت بۆی هەیە لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا خۆی بۆ ئەندامێتی كۆنفرانستی نیشتمانی كاندید بكات. دووەم: هەر هەڵسوڕاوێك ویستی خۆی كاندید بكات، دەبێت فۆرمی تایبەت پڕبكاتەوە و پێشكەشی ژووری هەڵبژاردنی بكات. سێیەم: پاش لێكۆڵینەوە لە هەبوونی مەرجەكانی خۆكاندیدكردن ناوەكانیان ئەڕاستێنرێ. ئەركەكانی كۆنفرانسی نیشتمانی یەكەم: دانانی بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لە بوارە جیاجیاكاندا. دووەم: پێداچوونەوەی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان. سێیەم: گۆڕینی دروشمی بزوتنەوەكە یان لۆگۆكەی بەپێی گۆڕانی هەلومەرجی گشتی ئەگەر پێویستی كرد. چوارەم: پەسەندكردن و دەستكاری پلاتفۆرمەكانی هەڵبژاردنەكانی پارێزگا، هەرێم و عێراقی فیدراڵ. پێنجەم: هەڵسەنگاندنی ئەدائی نوێنەرەكانی لە دەزگا هەڵبژێدراوەكانی پارێزگان هەرێم و عێراقی فیدراڵدا. شەشەم: هەڵسەنگاندنی ئەدائی جڤاتی نیشتمانی. كۆنفرانس و هەڵبژاردن ئەوەی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حزبەكانی تری كوردستان و بگرە ناوچەكە و جیهانیش جیائەكاتەوە ئەوەیە كە هیچ هەڵبژاردنێك بۆ نوێكردنەوەی جڤاتی گشتی و نیشتمانی و خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە ئەنجامنادرێت و نوێكردنەوەی ئەو ئۆرگانە باڵایانەی بزوتنەوەكە لە پرۆسەیەكی تری جیا لە كۆنفرانس نوێدەكرێنەوە.


( درەومیدیا): لەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی  گیان لەدەستانی دەرهێنەر و سینەماكار رەحیم زەبیحی و براكەی هەرزوو گومان لەسەر گیان لەدەستدانی دروست بوو، بەتایبەت دوای ئەوەی راگەیەنرا كە بەدەستبەستراوی لەناو ئۆتۆمبیلەكەیاندا بوون و ئاگر لە ئۆتۆمبیلەكەیان بەربووە. بە وتەی سەرهەنگ ڕەسوڵ كەرەمی بەڕێوەبەری پۆلیسی بانە" بكوژی ئەو دوو برایەیان دەستگیركردووە، كە سەرەتا ئەو دوو برایەی ژەهراوی كردووە و دواتر بۆ دەرەوەی شاری بردوون و ئۆتۆمبێلەكەیانی ئاگرداوە". بەڕێوەبەری پۆلیسی بانە ئاژانسی ڕەسمی ئێران( ئیرنا)ی راگەیاندووە،  "بكوژی ئەو دوو برایە كەسێكە بە ناوی (ئەكبەر عەباس پوور) خەڵكی قەزای مەراغەیە لە پارێزگای تەورێز و هۆكاری كوشتنەكەشی گەڕاندۆتەوە بۆ كێشەیەكی دارایی لەنێوان ئەكبەر و ڕەحیم و كەیوانی برای".  هاوكات عەبدوڵڵا فەتحی جێگری كۆمەڵایەتی پۆلیسی پارێزگای كوردستان ( سنە) بە ئاژانسی میهری ئێرانی راگەیاندووە"بە هەوڵی پۆلیس و پێوشوێنگری پۆلیس ڕۆژی ڕابردوو بكوژی هونەرمەند ڕەحیم زەبیحی و براكەی دەستبەسەر بوو". ئاماژەی بەوەشداوە لە رۆژانی داهاتوودا " زیاتر لە شوناسی ئەم كەسە زانیاری بڵاو دەبێتەوە".  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand