پەرلەمان گفتوگۆی پرۆژە یاساكانی حكومەت دەكات
2020-06-08 09:57:52
(درەو):
دوای زیاتر لە مانگێك راوەستان، پەرلەمانی كوردستان هەفتەی داهاتوو دەست بە كۆبونەوەكانی دەكاتەوە، سبەینێ دەستەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە، دوو داواكاری لەبەردەم دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندایە بۆ بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، حكومەتیش دوو پرۆژە یاسای بۆ پەرلەمان ناردووە بۆ گفتوگۆو پەسەندكردنی، پەرلەمانی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ دانیشتنەكانی، كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەستپێبكاتەوە، دەبێت پەرلەمانتاران پشكنینی كۆرۆنا بكەن.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بڕیارە پەرلەمانی كوردستان یەكشەمەی داهاتوو دانیشتنەكانی دەستپێبكاتەوە، پێش دانیشتنەكانیش تەواوی ئەندامانی پەرلەمان ئاگاداركراونەتەوە دەبێت پشكنینی كۆرۆنا بكەن.
لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكاندا، سبەینێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبێتەوە، گفتوگۆ دەكەن لەبارەی ئەو پرۆژانەی كە لە حكومەتەوە ئاڕاستەی پەرلەمان كراون، لەگەڵ داواكاری ئەندامانی پەرلەمان بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی.
ماوەی زیاتر لە مانگێكە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ئاسایی خۆی نەكردووە، 7ی ئایار لە دانیشتنێكدا پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر) لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی هەڵگیرا، سەرۆكی پەرلەمان دژی ئەم هەنگاوە بوو، رایگەیاند، تا شكۆ بۆ پەرلەمان نەگەڕێتەوە بانگهێشتی دانیشتنی پەرلەمان ناكات.
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئاگاداری سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانی كردوە كاتژمێر 12ی سبەینێ كۆبونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكاندا بەڕێوەدەچێت.
لە بانگهێشتەكەی سكرتێری پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە، كۆبونەوەكە بۆ سێ مەبەستە:
یەكەم: خۆ ئامادەكردن بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان
دووەم: ئەو پرۆژەانەی كە لەلایەن حكومەتەوە هاتوەتە پەرلەمان بەمەبەستی گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی
سێیەم: ئەو داواكارییانەی ئەندامانی پەرلەمان كە بەگوێرەی مادەی 66 بۆ خستنەڕووی بابەتی گشتی ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی كراون بۆ گفتوگۆ.
یەكێك لەو تەوەرانەی كە سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە كۆبونەوەی سبەینێدا تاوتوێی دەكات، داوایەكی (١٧) پەرلەمانتارانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانە بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی لەبارەی كەیسی (٢٧ ملیار) دۆلار قەرزەكەی حكومەت كە رۆژی٢٧ی ئایار پێشكەشیان كردووە، دوێنێش داواكارییەكی هاوشێوەی فراكسیۆنی گۆڕانی هاتەسەر كە ئەمەیان تایبەتە بە پرسی دواكەوتنی موچەی موچەخۆران.
واتە ئێستا دوو داواكاری جیاواز پەرلەمانتاران لەبەردەست سەرۆكایەتی پەرلەماندایە بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی.
ئەو پەرلەمانتارانەی كە بانگهێشتی سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری داراییان كردووە بۆ پەرلەمان، پەنایان بۆ ماددەی (66)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بردووە.
ماددەی (66) تایبەتە بە "خستنەڕووی بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆ"، بەڕای ئەو پەرلەمانتارانە بابەتی قەرزەكانی حكومەت كە مەسرور بارزانی باسی كرد، بووە بە بابەتێكی گشتیو ئێستا هەموان قسەی لەسەر دەكەن، فراكسیۆنی گۆڕانیش بەپێی هەمان ماددە حكومەتی لەبارەی پرسی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران بانگهێشتكردووە.
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یەكێك لەو كەسانە بوو رەتیكردەوە حكومەت ئەو بڕە پارەیە قەرزار بێت كە سەرۆكی حكومەت بەر لە جەژنێ رەمەزان باسی كرد، بۆ ئەمەش ئاماژەی بەوەكرد، قەرزكردن دەبێت لە پەرلەمانەوە یاسای بۆ دەربچێتو ئەو بڕە پارەیەی كە سەرۆكی حكومەت باسی كردووە، هیچ یاسایەك بۆ قەرزكردنی دەرنەچووە.
بەپێی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (66)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، (10) كەس لە ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن داواكارییەك پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن بۆ ئەوەی بابەتێكی گشتی بخرێتەڕوو، بۆ گفتوگۆ لەنێوان پەرلەمانو حكومەتدا.
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان و فراكسیۆنی گۆڕان لە بری (10) كەس، ئیمزای (29) پەرلەمانتاریان كۆكردوەتەوە، بەپێی هەمان ماددە، سەرۆكایەتی پەرلەمان دەبێت لەماوەیەكدا كە لە (14) رۆژ تێپەڕنەكات، وادەی ئەو دانیشتنە دیاری بكات.
ماددەی (66) تەنیا بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر ئەو بابەتە گشتییەی كە باسكراوە، واتە سەرناكێشێت بۆ (پرساندن) یاخود لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت یاخود كابینەكە.