وەزیرەكان راسپێردران لیستی موچە ئامادە بكەن
2020-06-17 20:41:25
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
وەزیرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەریەكەیان لیستی موچەو دەرماڵەی فەرمانبەرەكانیان ئامادە دەكەن، حكومەت دەیەوێت دەستكاری موچەو دەرماڵەی فەرمانبەران بكات، چەند پێشنیازێك هەیە، بڕیاری كۆتایی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا، لە هەموو حاڵەكاندا ئەو داهاتەی دەست حكومەت دەكەوێت ئەگەر هەمووشی بۆ موچەی موچەخۆران دابین بكرێت، بەشی (55%)ی موچە دەكاتو حكومەت ناچارە (45%)ی كۆی گشتی خەرجی موچە كەمبكاتەوە.
موچە.. كێشە گەورەكەی حكومەت
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەی ئۆنلاین كۆبووەوە، هەموو كاتی كۆبونەوەكە تەرخانكرا بۆ یەك تەوەر كە باسی داهاتەكانی حكومەتو چۆنیەتی رێكخستنەوەی بوو لەگەڵ خەرجییەكان، بەدیاریكراویش خەرجی موچەی موچەخۆران.
خەرجییەكانی حكومەت بەبەراورد بەو داهاتانەی كە دەستی دەكەوێت زۆر زیاترە، هیچ رێگایەكی لەبەردەمدا نەماوە جگە لە دەستكاریكردنی موچەی موچەخۆران، بەڵام لەبەر كاردانەوەی رایگشتی توانای بڕیاردانی نییە، ئێستا دابینكردنی موچە گەورەترین كێشەی حكومەتە.
رۆژی (3)ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەوە، لەو كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بڕیاری دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەرانی خستە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام كۆدەنگی لەسەر دروست نەبوو، بڕیاربوو لە كۆبونەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوودا بڕیار لەسەر بابەتەكە بدرێت، بەڵام ئەو كۆبونەوەیە دواخرا، ئەنجومەنی وەزیران بەباشی زانی دوای سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد لەبارەی رێككەوتن لەسەر نەوتو بودجە لەگەڵ حكومەتی عێراق كۆببێتەوەو بڕیاری كۆتایی لەبارەی دەستكاریكردنی موچە بدات.
كۆبونەوەی ئەمڕۆ
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی كۆبووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بڕیاربووە لەسەر چەند تەوەرێك گفتوگۆ بكرێت، بەڵام تەوەری داهاتو خەرجییەكانی حكومەتو پرسی دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران هەموو كاتی كۆبونەوەكەی داگیركردووە.
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا باس لەوەكراوە تەنانەت دوای رێككەوتنیش لەگەڵ حكومەتی عێراق داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم (500 ملیار) دینار دەبێت، ئەمەش تەنیا خەرجی موچەی موچەخۆران پڕناكاتەوە كە لە مانگێكدا (894 ملیار) دینارە.
مەسرور بارزانی داوایكردووە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دەستكاریكردنی موچە بدات، بەڵام وەزیرەكان وەكو پێویست وەڵامدانەوەیان نەبووە بۆ داواكارییەكەی، بۆیە بڕیاردان لەوبارەیەوە دواخراوە بۆ كۆبونەوەی رۆژی یەكشەممەی داهاتوو.
لە كۆبونەوەكەدا چەند پێشنیازێك بۆ چۆنیەتی دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران خراوەتەڕوو:
پێشنیازی یەكەم: رێژەی 50%ی دەرماڵەی فەرمانبەران ببڕدرێت كە (56%)ی كۆی موچە بۆ دەرماڵەیە.
پێشنیازی دووەم: سێ دەرماڵە بنەڕەتییەكە (بڕوانامە، خێزان، منداڵ) وەكو خۆیان بمێننەوە، بەڵام رێژەی 50%ی دەرماڵەكانی تر ببڕدرێن.
كۆبونەوەكە وەزیرەكانی راسپاردووە، هەریەكەو لە وەزارەتەكەی خۆی لیستی موچەی فەرمانبەرانو دەرماڵەكانیان ئامادە بكات، تاوەكو لەبەر رۆشنایی ئەو لیستانە دەستكاری موچە بكرێت.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەبەر رۆشنایی ئەو داهاتانەی كە لەبەردەستی وەزارەتەكەیدایە چەند ئۆپشنێكی بۆ چۆنیەتی گونجاندنی داهاتەكان لەگەڵ خەرجییەكان خستوەتەڕوو.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت پێشنیازی كردووە، بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی دەستكاریكردنی موچە دوابخرێت بۆ هەفتەی داهاتوو، بۆ ئەوەی وەفدی حكومەت سەردانی بەغداد بكاتو بەیەكجاری بەرچاویان روون ببێتەوە داهاتی حكومەت دوای رێككەوتن لەگەڵ بەغداد چەند دەبێت.
بڕیاربوو ئەمڕۆ وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد بكاتو رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ حكومەتی مستەفا كازمی ئیمزا بكات، بەڵام فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد رایگەیاند، لەسەر داوای حكومەتی عێراق كۆبونەوەكە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەگەر هەفتەی داهاتوو حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەندی عێراق رێككەوتنی كۆتایی بكەن، ئەمجارەیان لەبری قوباد تاڵەبانی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی سەرۆكایەتی وەفدی هەرێم دەكاتو دەچێتە بەغداد.
ئەو زانیارییانەی تاوەكو ئێستا لەبارەی رەشنوسی رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغداد لەبەردەستدان ئەوەیە، حكومەتی هەرێم بۆ یەكەمجار ئامادەیی نیشانداوە مانگانە بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوتو نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغداد لەبەرامبەر بەشەبودجەیەكدا كە بەغداد مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێت.
لەبارەی بەشە بودجەكەی هەرێم تائێستا رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە، هەرێم مانگانە داوای (600 ملیار) دینار دەكات، بەڵام بەغداد باسی (453 ملیار) دینارەكەی پێشوو دەكات، حكومەتی بەغداد دەرگای گفتوگۆی لەسەر ئەم بابەتە بەكراوەیی هێشتوەتەوە، پێشبینی دەكرێت داواجار پشكی مانگانەی هەرێم لە بەغداد بە (500 ملیار) دینار دیاری بكرێت.
داهاتی پێشبینیكراوی داهاتووی حكومەتی هەرێم ئەو (500 ملیار) دینارەیە كە مانگانە لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەدا لە بەغدادەوە بۆی دێت، حكومەت دەیەوێت لەسەر بنەمای ئەو داهاتە خەرجییەكانی رێكبخاتەوە، موچەی فەرمانبەرانیش بەر ئەو رێكخستنەوەیە دەكەوێت.
موچە دابەش دەكرێت ؟
ئێستا موچەخۆرانی هەرێم چاوەڕێی ئەوەن حكومەت موچەی مانگی شوباتیان بەسەردا دابەشبكات، بەڵام تائێستا حكومەت بڕیاری نەداوە، رەنگە هەر بڕیارێك لەوبارەیەوە بكەوێتە دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە لەگەڵ حكومەتی عێراق لە هەفتەی داهاتوودا.
نیوەی مانگی شەش تێپەڕیوە، موچەخۆران هێشتا موچەی مانگی دووی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، كەرتی تەندوستی كە روبەڕووی شەپۆلێكی بەهێزی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتەوە، بەشێكی زۆریان بەهۆی بێ موچەییەوە مانگرتنیان راگەیاندووە، ناڕەزایەتی دژی نەبوونی موچە گەیشتە ناو هێزی پێشمەرگەش.
حكومەتی مەسرور بارزانی كە ماوەی زیاتر لە (11) مانگە دەستبەكاربووە، لەو ماوەیەدا موچەی (9) مانگی دابەشكردووە، بەڵام لەدوای دابەزینی نرخی نەوتو بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە لەماوەی چوار مانگی رابردوودا (2) موچەی دابەشكردووەو حكومەت بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی تێیكەوتووە، دابەشكردنی موچەی لە (30 رۆژجارێك)ەوە بۆ (60 رۆژجارێك) درێژكردوەتەوە.
ئەگەر كۆی داهاتی حكومەتی هەرێم دوای رێككەوتن لەگەڵ بەغداد لە (500 ملیار) دیناری مانگانەدا رابوەستێت، ئەم پارەیە ئەگەر هەمووشی بۆ موچەی موچەخۆران خەرج بكرێت، بەبێ دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران بەشی (55%)ی موچە دەكات، بۆیە حكومەت ناچارە رێژەی 45%ی كۆی خەرجی موچە كەمبكاتەوە.
ئەمڕۆ كاتێك حكومەت لە كۆبونەوەدا بوو، تەلەفزیۆنی (كوردستان 24)ی سەربە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت رایگەیاند" ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە دەستكاری مووچەی فەرمانبەران نەكرێت، بەڵام بڕیاردراوە ئەو دەرماڵانەی نادادپەروەرییان تێدایە، رێكبخرێنەوە".
داهاتی ئێستای حكومەت
حكومەتی هەرێمی كوردستان (430 ملیار) دیناری داهاتی بۆ موچەی موچەخۆران كۆكردۆتەوە، چاوەڕەوان دەكرێت ئەو بڕە بگاتە نزیكەی (600) ملیار دینار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (درەو) كەوتوون، ئێستاو بەر لە ئیمزاكردنی رێككەوتتن لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئەو داهاتەی لەبەر دەستی حكومەتی هەرێمدایە بڕەكەی گەیشتۆتە (430 ملیار) دینار بەم شێوەیە:
• بڕی 222 ملیار دینار پاشماوەی 400 ملیار دینارەكەی بەغداد بۆ مانگی نیسان، دوای لێدەركردنی قەرزی سەرمایەداران و بانكەكان.
• بڕی 85 ملیۆن دۆلار واتا نزیكەی (100 ملیار) دینار داهاتی نەوت كە رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە.
• بڕی 21 ملیار دیناری هاوكاری هاوپەیمانان
• 90 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ
حكومەت لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە، دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی بۆ (60) رۆژجارێك درێژكردوەتەوە، تاوەكو لەم رێگەیەوە بتوانێت داهاتی دوو مانگ كۆبكاتەوەو موچەی یەك مانگی موچەخۆرانی پێ دابین بكات.