Draw Media

بارزانی پەیامی هۆشداری بۆ یەكێتی ناردووە

بارزانی پەیامی هۆشداری بۆ یەكێتی ناردووە

2020-06-15 15:40:11



(درەو):
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر هەڵوەشاندوە، پارتی توڕەیە‌و مەسعود بارزانی پێشوەختە پەیامی هۆشداری بۆ یەكێتی ناردووە‌و وەڵامەكەشی وەرگرتوەتەوە.
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر هەڵوەشاندەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر، كە لە دانیشتنی رۆژی 7ی ئایاردا بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمان پەسەندكرا، دوێنێ لەلایەن رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانەوە واژوكراوەو هەڵوەشێندراوەتەوە.
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی رۆژی پێنج شەممەی رابردوودا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوای لە رێواز فایەق كردووە بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵوەشێنێتەوە.
بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوای ئەوە هاتووە، پەرلەمانتار سۆران عومەر نوسراوێكی ئاڕاستەی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی كردووە‌و تێیدا بۆی رونكردونەتەوە بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو لە پەرلەمان بڕیارێكی نایاسایی بووە‌و سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتییە بەپێی یاسا دەتوانێت رایگرێت‌و بەرپرسیارێتییەكەی دۆسیەكەی خستوەتە ئەستۆی یەكێتییەوە.
پارتی بەنیازە لە ئەنجومەنی شورا تانە لە بڕیارەكەی رێواز فایەق بدات سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر، ئەمە بەپێی قسە پێشەوا هەورامانی بڕیاردەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان.
بەڵام بەپێی نوسراوێك كە شوان محێدین عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی شورا رۆژی 22/4/2015 ئیمزای لەسەر كردووە، بەپێی بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (دەیەم) لە یاسای ئەنجومەنی شورا ژمارەی 14ی ساڵی 2008، تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەماندایە داوای راوبۆچوون لە ئەنجومەنی شورا بكات لەبارەی هەر بابەتێكەوە، واتە بەپێی ئەو نوسراوەی شورا، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان مافی ئەوەی نییە تانە لە بڕیارەكەی رێواز فایەق بدات سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر.
بڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر لەڕێگەی سەرۆكی پەرلەمانەوە، بەپێی قسەی هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، بۆ گەڕاندنەوەی شكۆیە بۆ پەرلەمان كە سەرۆكایەتییەكەی بەدەست یەكێتییەوەیە، هەروەها یەكێتی دەیەوێت لەو رێگەوە پەیامێك بە پارتی بدات لەبارەی ئەوەی رێگەنادات پارتی كارتی زۆرینە لەناو پەرلەمان بەئارەزووی خۆی بەكاربهێنێت‌و تەوافوق تێكبدات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لەوەی رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵوەشێنێتەوە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەڕێگەی چەند كەسێكەوە پەیامی بۆ یەكێتی ناردووە‌و ئاگاداری كردوون لەوەی ئەگەر ئەو بڕیارە لە پەرلەمان بدەن، كارێك بە یەكێتی دەكەن كە "تەوەقوع"یان نەكردبێت.
(درەو) زانیویەتی، یەكێتی پەیامەكەی بارزانی بە هەند وەرنەگرتووە‌و بەو كەسانەدا كە پەیامی بارزانییان هێناوە، پەیامیان بۆ بارزانی ناردووەتەوە‌و پێیان وتووە: هەر قسەیەكی هەیە با خۆی راستەوخۆ بیكات‌و پەیام نەنێرێت.
رۆژی 7ی ئایاری رابردوو، پەرلەمانی كوردستان لەسەر داوای فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەك پەرلەمانتار خستە دەنگدانەوە كە سكاڵای یاساییان لەسەر بوو، ئەوانەی داواكرا پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت بریتی بوون لە هەریەكە لە:
•    سۆران عومەر- ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی
•    ئومێد خۆشناو- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی
•    عەلی حەمەساڵح - سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان
•    شیرین ئەمین- ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان
فراكسیۆنەكانی (یەكێتی- گۆڕان- كۆمەڵ- یەكگرتوو- نەوەی نوێ- شیوعی- سەربەخۆكان) دژی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوون لەسەر پەرلەمانتاران، بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكردو بایكۆتیان كرد، پارتی بەدەنگی فراكسیۆنەكەی خۆی‌و بەهاوكاری كۆتاكان، بە دەنگی زۆرینە پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر هەڵگرت‌و هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەر سێ پەرلەمانتارەكەی تر رەتكردەوە.
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان دژی بڕیارەكە بوو، پێشوەخت رایگەیاند، واژۆ لەسەر بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران ناكات.
سۆران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (پەیام) سەربە حزبەكەی باسی لەوەكرد، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆمپانیا‌و بانكی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەمە مەسرور بارزانی توڕەكرد، لەڕێگەی پارێزەری تایبەتی خۆیەوە لە دادگا سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماركرد، هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر لە پەرلەمان پەیوەندی بە سكاڵا یاساییەكەی مەسرور بارزانییەوە هەبوو.
لە كۆی (111) پەرلەمانتار، (53) پەرلەمانتار دژی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوون لەسەر پەرلەمانتاران، بەڵام پارتی لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكان بەكۆی دەنگی (57) پەرلەمانتار نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە تەواوكرد‌و پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵگرت.
یەكێتی لە چوار پۆستی سەرۆكایەتی (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی حكومەت، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەری) لە هەرێمی كوردستان یەك پۆستی بەدەستەوەیە كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانە، ئەم پۆستەش لەژێر هەڕەشەی ئەو زۆرینەدایە كە پارتی لەم خولەی پەرلەماندا هەیەتی، دەیەوێت پەرلەمان لە هەژمونی زۆرینەی پارتی رزگاربكات، ئەمە یەكەمین هەنگاوی یەكێتییە بەو ئاڕاستەیەدا، دیارنییە لێكەوتەكانی چی دەبێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا لەسەر ئاستی حكومەت‌و حزبیش لەنێوان پارتی‌و یەكێتی ناكۆكی هەیە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand