Draw Media

پێگەی حزبەكان لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا

پێگەی حزبەكان لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا

2020-06-06 17:17:48


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف  
ئەحۆل‌و شەفە تیڤی‌و فول عەشایەرو نەمران دەفەرموێت، ئەمانە ناوی ژمارەیەك پەیجن لەناو ئەو سەدان پەیجەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، كە دوێنێ كۆمپانیای فەیسبوك لە بەیاننامەیەكدا تۆمەتباریكردنی بەوەی هەواڵی "فەیك" بڵاودەكەنەوە‌و بڕیاریدا دایانبخات، ئێستا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەهێزترین بارەگاو ئۆرگانی حزبە سیاسییەكانن، پارتەكان لێرەوە شەڕی گەورەو یەكلاكەرەوەی خۆیان دەكەن، بۆ لێدانی یەكتر تەنانەت تاوەكو لای (مارك زۆكەربێرگ)ی سەرۆكی فەیسبوك دەڕۆن.

كوردستان لە بەیاننامەیەكی فەیسبوكدا
تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دوێنێ شەو (324) پەیج‌و (71) ئەكاونتی لە هەرێمی كوردستان داخست، فەیسبوك ئەو پەیج‌و ئەكاونتانەی تۆمەتباركرد بەوەی هەواڵی فەیك-یان بڵاوكردوەتەوە.
ئایا لە هەرێمی كوردستان تەنیا ئەم رێژەیە لە پەیج‌و ئەكاونت هەن كە هەواڵی فەیك بڵاودەكەنەوەو ژیانی كۆمەڵایەتی‌و دەروونی كۆمەڵگەیان خستوەتە مەترسییەوە یاخود رێژەكە زیاترە ؟ فەیسبوك چۆن ئەو پەیج‌و ئەكاونتانەی كردوەتە ئامانج‌و سەدانی تری پیشتگوێ خستووە؟

گورزێكی ئەلیكترۆنی
ئەوەی رویدا گورزێكی ئەلیكترۆنی بوو كە بەپلەی یەكەم  بەر لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كەوت، چونكە بەپێی راپۆرتی فەیسبوك، ئەو پەیجانەی كە داخراون زۆربەیان سەربە ئاژانسی زانیاری‌و خودی لاهور شێخ جەنگی بوون.
بەپێی قسەی فەیسبوك، ئەو پەیجانەی كە داخراون بڕی (270 هەزار) دۆلاریان تەنها لە سپۆنسەركردندا بابەت‌و پۆستەكانیاندا خەرجكردووە، واتە بەو بڕیارە، فەیسبوك زیانێكی ئابوری بەخۆی گەیاندووە.
ئەوانەی كە فەیسبوك سزای داون تەنیا پەیج‌و ئەكاونتەكان نین، بەڵكو (پێنج گروپ)و (31) ئەكاونتی ئیسنتاگرام-یش لەخۆدەگرێت.
كۆی ئەو پەیجانەی كە فەیسبوك رایگرتوون، نزیكەی (4 ملیۆن‌و 500 هەزار) فۆڵۆوەرو فانیان هەبووە.
سكاڵاو نیگەرانی لە خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان، هەر لە سەرەتای بەكارهێنانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە لە ساڵی 2006 هەبووە، بەڵام ئەمە جاری یەكەمە تۆڕەكە بەوشێوەیە ژمارەیەك پەیج‌و ئەكاونتی هەرێمی كوردستان بە گروپ سزابدات.
داخستنی ئەو پەیجانە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات بە قەیرانێكی دارایی سەختدا تێدەپەڕێت، ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەكی كوردستانەوە دەستیپێكردووە، حكومەت تاوتوێی دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران دەكات.

كێ لە پشت بڕیارەكەی فەیسبوكەوە بوو ؟
فەیسبوك لە راگەیەندراوەكەیدا، ناوی ئەو لایەنەی ئاشكرا نەكردووە كە سكاڵای لەسەر ئەو پەیجانە تۆماركردووە، بەڵام سەرچاوەكان لەناو یەكێتییەوە دەڵێن پارتی لەڕێگەی حكومەتی هەرێمەوە كارەكەی كردووە.
هەندێك لە سەرچاوەكان باسلەوەدەكەن، پارتی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەكارهێناوە بۆ تۆماركردنی سكاڵا یاساییەكە‌و لێدان لە نەیارە سیاسییەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هەندێك سەرچاوەی تر دەڵێن، پارتی لەڕێگەی لقی (سایبری ئەمنی نیشتمانی عێراق)ەوە  لە هەولێر سكاڵاكەی رەوانەی فەیسبوك كردووە‌و بەرگێكی فەرمی كردووە بەبەری دۆسیەكەدا تاوەكو بتوانێت كاری خۆی بكات.
فەیسبوك لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایە، كەیسەكەی داوەتە كۆمپانیای "گرافیكا"، ئەمە كۆمپانیایەكی سەربەخۆیە، لەبواری بنكۆڵكاریدا كاردەكات، وردبینی لە سكاڵاكەدا كردووە‌و راستی تۆمەتەكانی ناو سكاڵاكەی لەسەر كاری ئەو پەیجانە پشتڕاستكردوەتەوە، ئەنجامەكەی خستوەتەبەردەم بەرپرسانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك‌و ئەوانیش بڕیاریانداوە لەسەر داخستنی پەیجەكان.
پێشبینی دەكرێت لەم پرۆسەیەدا هەندێك پارەش بە خەرجدرابێت.

یەكێتی سكاڵا تۆماردەكات
فەیسبوك لە راگەیەندراوەكەیدا لەبارەی داخستنی ئەو پەیج‌و ئەكاونتانە، بەفەرمی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی تۆمەتبار كردووە، ئەمە هەندێك سەركردەكانی یەكێتی توڕە كردووە، دەیانەوێت بەشێوەیەكی فەرمی سكاڵایەك لەسەر فەیسبوك تۆماربكەن‌و داوای بەڵگەی سەلمێنەر بكەن لەو تۆمەتباركردنەدا.
سەرباری ئەمە یەكێتی لەڕێگەی حكومەتی عێراقەوە دەیەوێت ناڕەزایەتی خۆی نیشان بدات لەبارەی بەكارهێنانی سایبری ئەمنی نیشتمانی عێراق لەلایەن پارتییەوە بۆ لێدان لە ناوبانگی یەكێتی.
بڕیارەكەی فەیسبوك تەنیا، ئەو پەیج‌و ئەكاونتانەی نەكردوەتە ئامانج كە پاڵپشتی لە سیاسەتەكانی یەكێتی دەكەن‌و هێرش دەكەنەسەر نەیارانی خۆیان، هەندێك پەیجیشی داخستووە كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانن، بەڵام زۆرینەی ئەوانەی داخراون لە لایەنگرەكانی یەكێتی بوون.

حزبەكان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی !
لەدوای دەركەوتنی كاریگەری گەورەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر رایگشتی، حزبەكانیش گوتاری خۆیان لە شەقام‌و بارەگا حزبییەكانیانەوە گواستەوە بۆ ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەمە قۆناغێكی نوێی كاری حزبایەتییە كە تاڕادەیەك هەموو جیهانی گرتوەتەوە نەك بە تەنیا هەرێمی كوردستان.
سەرەتای بەكارهێنانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وەكو سەكۆیەكی بەهێز بۆ بڵاوكردنەوەی گوتاری سیاسی‌و زۆرجاریش لێدان لە نەیارە سیاسییەكان، مێژووەكەی بۆ ساڵی 2009 دەگەڕێتەوە، ئەوكات سەرەتای دەركەوتنی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز بوو لە هەرێمی كوردستان كە بزوتنەوەی گۆڕان سەركردایەتی دەكرد.
ساڵانی دواترو بەدیاریكراویش لەدوای رووداوەكانی 17ی شوباتی ساڵی 2011وە، بزوتنەوەی گۆڕان كە زۆرینەی ئەوانەی پاڵپشتییان لە سیاسەتەكانی دەكرد لە توێژی گەنجان بوون، بوون بە هێزی سەردەست‌و پلە یەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و گوتارەكانی ئەوان تۆڕەكەی داگیركرد، ئەمە بۆ ئەو قۆناغە گورزێكی بەهێز بوو كە بەر بنكەی جەماوەری هەردوو پارتی دەسەڵاتداری ئەوكات (پارتی‌و یەكێتی) كەوت.
 ساڵی 2017 نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆچی دوایی كرد، لەدوای مردنی رێكخەرەكەیەوە، لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بزوتنەوەی گۆڕان رێژەی 50%ی كورسییەكانی لە پەرلەمانی كوردستان‌و رێژەی 60%ی دەنگەكانی لەدەستدا، لەدوای ئەمە بزوتنەوەی گۆڕان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی پاشەكشێی گەورەی كرد.
ئەو ماوەیەی كە گۆڕان لە گۆڕەپانی تۆڕی كۆمەڵایەتی پاشەكشێی كرد، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تاڕادەیەك تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی كۆنترۆڵكرد، بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند، ساڵی رابردوو یەكێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان بەناوی (شادی نەوزاد)، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد‌و باسی لەوەكرد، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكەی بە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی سكانداڵی سێكسی، فشاری سیاسی لێكردووە، ئەمە كاتێك رویدا هەندێك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكە دەیانویست لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ جیاببنەوە.
شادی نەوزاد سكاڵایی یاسایی لەسەر شاسوار عەبدواحید تۆمەتباركرد، دوای ئەویش ژمارەیەك رۆژنامەنوس سكاڵایان تۆماركرد‌و رایانگەیاند، شاسوار عەبدولواحید لەڕێگەی پەیجەكانییەوە لە فەیسبوك ناوی ئەوانی زڕاندووە، هێزە ئەمنییەكان شاسوارو ژمارەیەك دەوروبەرەكەیان دەستگیركرد، دادگای چەند دانیشتنێكی كرد، شاشوارو دەستگیركراوەكانی تر ئازادكران، چارەنوسی كەیسەكە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، ئەمە سەرەتای لێپێچینەوە بوو بەشێوەیەكی ئاشكرا لەبەردەم رایگشتیدا سەبارەت بەو بابەتانەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێتەوە، ئەم رووداوە پێگەی شاسواری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لاوازكرد.
لەدوای ئاوابوونی خۆری شاسوار عەبدولواحید، لاهور شێخ جەنگی كۆنترۆڵی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی كرد، لاهور شێخ جەنگی ئێستا هاوسەرۆكی یەكێتییە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئاڵۆزە، ئەم ئاڵۆزییەی نێوان هەردوولا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رەنگی داوەتەوە، فەیسبوك وەكو دامەزراوەیەكی گەورەی جیهانی لاهور شێخ جەنگی تۆمەتباركردووە بەوەی پەیج‌و ئەكاونتی ساختە بەڕێوەدەبات.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەسەرەتاوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێگەی لاواز بوو، ئێستا بەهێزەوە پێی خۆی لەم بوارەدا جێگیركردووە، بەپێی زانیارییەكان پارتی لە ساڵی 2012دا هەندێك ئامێری تایبەت بە كاری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لە سعودیە كڕیوە، لە ساڵی 2017وە بەفەرمی دەستی بەكاركردن كردووە‌و لیژنەیەكی بەناوی (لیژنەی باڵای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان) دروستكردووە، ئەم لیژنەیە (500) كەس كاری تێدا دەكەن‌و (711) پەیجی هەیە، بەمدواییە پارتی بە ئاشكرا لە مەراسیمێكدا بەشێك لە ئەدیمی پەیجەكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی خەڵات كرد.
بەرپرسانی یەكێتیش ژمارەیەكی زۆر پەیجیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەیە كە لەرێگەیەوە شەڕی سیاسی خۆیانی پێدەكەن، وا دەردەكەوێت پارتی سەرباری ئەوەی درەنگتر پێی خستوەتە بوارەكەوە، بەڵام بەشێوەیەكی رێكخراو تر كارەكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بەڕێوەدەبات.
تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێستا گەورەترین بارەگای حزبییە بۆ لایەنە سیاسییەكان، جگە لە پارتی‌و یەكێتی، لایەنەكانی تریش چونەتە ناو تۆڕەكانەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لەسەرەتای دەركەوتنیدا ئەم تۆڕانە زیاتر سەكۆی خەڵكانی چالاكوان‌و ئەوانە بوو كە رەخنەیان لە سیستمی سیاسی وڵاتەكانیان هەبوو.
ئێستا لە هەرێمی كوردستان پارت‌و كارەكتەرە سیاسییەكان خەرجییەكی نوێیان بۆ زیادبووە، كە خەرجی بەكرێگرتنی ئەدمینە بۆ بەڕێوەبردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەمە لەلایەن دەرفەتی كاری لەناو پارتە سیاسییەكان بۆ سەدان گەنج رەخساندووە، بەڵام لەلایەكی تر پشێوی لە سەرچاوەكانی زانیاریی‌و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری راست، دروستكردووە، ئەمە دۆخێكی نوێیە كە تەنانەت دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاشی توڕە كردووە‌و دەیەوێت دەستكاری یاسای تایبەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكات.

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەیاسای هەرێمدا
لە هەرێمی كوردستان نوسین‌و بڵاوكردنەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەپێی یاسای كاری رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا ناكرێت، بۆ هەر دۆسیەیەك كە لەسەر بڵاوكردنەوە لەو تۆڕانە لە دادگا تۆمار بكرێت، دادوەرەكان بۆ بڕیاردان پەنا بۆ یاسای ژمارەی (6)ی ساڵی 2008ی (یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن) دەبەن.
بەپێی ماددەی (دووەم) لەم یاسایە:
•    هەر كەسێك گەر بەخراپی تەلەفۆنی خانەیی (موبایل) یان ئامێرێكی پەیوەندیكردنی تەلدار یان بێتەل یان ئینتەرنێت یان پۆستی ئەلیكترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەكردن یان تۆمەت هەڵبەستن یان جنێودان یان بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەكارهێنا كە ترس پەیدا دەكات یان دزەی بە گفتوگۆكردن كرد یان وێنەی چەسپاو و جوڵاو یان كورتلە نامەی (مەسج) بڵاوكردەوە كە لەگەڵ خوڕەوشتی گشتیدا ناگونجێن یان بەبێ رەخسەت‌و مۆڵەت وێنەی گرت یان كاروبارێكی وا كە شەرەف بریندار بكات یان هانی ئەنجامدانی تاوان یان كاری بەدڕەوشتی یان بڵاوكردنەوەی زانیاری پەیوەست بە نهێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی بۆ تاكەكان بڵاوبكاتەوە كە بەهەر رێگایەك بێت چنگی كەوتن هەتا ئەگەر راستیش بن، ئەگەر بەهۆی بڵاوكردنەوەیان‌و دابەشكردنیان سوكایەتی یاخود زیانیان پێبگەیەنێت، ئەوا بۆ ماوەیەك بەند دەكرێ (حبس) كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێ‌و لەپێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێ یان بە یەكێك لەو دوو سزایە سزا دەدرێت.
ئەمە رۆحی یاساكەیە كە دادوەرەكان بەكاریدەهێنن بۆ سزادانی ئەوانەی بە تاوانی بڵاوكردنەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سكاڵایان لەسەر تۆماردەكرێت.
ئەم یاسایە كێشەی بۆ كاری رۆژنامەنوسی دروستكردووە، یاسای كاری رۆژنامەگەری، نوێ نەكراوەتەوە، لەویاسایەدا بەهیچ جۆرێك باسی میدیای ئەلیكترۆنی نەكراوە، لەحاڵێكدا ژمارەی سایتە ئەلیكترۆنییە فەرمییەكان كە لە حكومەت مۆڵەتی كاركردنیان وەرگرتووە، رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت، تائێستا هەر سكاڵایەكی یاسایی كە لەسەر بڵاوكردنەوە لە سایتە ئەلیكترۆنییەكان تۆماردەكرێت، دادوەرەكان بەپێی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوسان دەكەن نەك یاسای كاری رۆژنامەوانیی، بەمدواییە كە لەناو رۆژنامەنوسانەوە نیگەرانی لەوبارەیەوە دروستبووە، لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە هەوڵێك هەیە بۆ هەمواركردنەوەی هەردوو یاسای كاری رۆژنامەگەری‌و یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان.
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ دەركەوتنیاندا لەسەرتاسەری جیهان كێشەیان بۆ یاساكانی بواری كاری رۆژنامەوانی‌و بڵاوكردنەوە دروستكرد، ئێستا میدیای كۆمەڵایەتی باسی بەسەر هەموو شتێكدا كێشاوە، وڵاتانی جیهان سەرقاڵی هەمواركردنەوەی یاساكانی خۆیانن.
بەمدواییە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر داوای هەڵوەشاندنەوەی ماددەی (230)ی یاسای ئادابەكانی پەیوەندیكردن كرد لە وڵاتەكەی.
ماددەی (230) لە یاسای ئادابەكانی پەیوەندیكردن كە كۆنگرێس لە ساڵی 1996 پەسەندیكردووە دەڵێ:
•    پێگە ئینتەرنێتییەكان وەكو سەرچاوەیەكی سەربەخۆ ئەژمارناكرێن بۆ خستنەڕووی زانیاری لەلایەن لایەنی سێیەمەوە.
•    ئەم ماددە یاساییە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەپارێزێت لە هەرجۆرە سكاڵایەكی یاسایی كە لەبارەی ناوەڕۆكی ئەو بابەتانەوە لەسەریان تۆماربكرێت، كە لەلایەن بەكاربەرەكانیانەوە بڵاودەكرێتەوە.
•    بەپێچەوانەی یاسای كاری رۆژنامەوانییەوە كە لە زۆرێك لە وڵاتان لە حاڵەتی بوونی سكاڵای یاسایدا لەبارەی ناوەڕۆكی بابەتێكی بڵاوكراوە، بەرپرسیارێتییەكە دەخاتە ئەستۆی سەرنوسەر یان نوسەری بابەتەكان، ئەم ماددە یاساییەی ئەمریكا سەرپەرەشتیارانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەپارێزێت لە هەر سكاڵایەكی یاسای كە بەهۆی بڵاوكردنەوەی بابەت لەناو تۆڕەكانیانیان لەسەریان تۆماربكرێت، واتە سەرپەرەشیاری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەكو سەرنوسەرو بەرپرسیار لەبارەی ناوەڕۆكی ئەو بابەتانە ئەژمار ناكات كە لەو تۆڕانەدا بڵاودەكرێنەوە.
ترەمپ لەگەڵ دەستبەكاربونیدا لەبری قسەكردن بۆ میدیا فەرمییەكان، تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەری وەكو سەكۆی راستەقینەو بێلایەنی خۆی بۆ قسەكردن دەستنیشان كرد، ئەو رقی لە زۆرێك لە میدیاكان بوو، بە چەواشەكار ناوی دەبردن، گرنگترین قسەكانی خۆی لە ڕێگەی تویتەرەوە دەكرد، بەڵام ئێستا ئیتر بارودۆخەكە گۆڕاوە، سەرۆك لە تویتەر توڕەیە.
تویتەر تایبەتمەندییەكی نوێی زیادكردووە، تایبەتمەندییەكە ئەوەیە هەر زانیارییەك كە بەكاربەرەكانی بڵاوی دەكەنەوە، ئەگەر تۆڕەكە لێی دڵنیا نەبێت، خوێنەرەكانی ئاگاردەكاتەوە لەوە بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییە بكەن كە بڵاوبوەتەوە.
ترەمپ تویتێكی كرد، تێدا باسی لەوەكرد دەنگدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتووی ئەمریكا ئەگەر بەشێوەی ئەلیكترۆنی بەڕێوەبچێت، ساختەكاری تێدا دەكرێت، تویتەر نیشانەی سەرسوڕمانی شینی لەسەر تویتەكەی سەرۆكی ئەمریكا دانا، واتە خوێنەرانی ئاگاداركرد لەوەی مەرج نییە ئەم زانیارییە راست بێت، ئەمە ترەمپی شێت كرد، ئەو تویتەری تۆمەتباركرد بەوەی كۆتوبەندی ئازادی رادەبڕین دەكات.
لێرەوە سەرۆكی ئەمریكا شەڕی دژ بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەگشتی راگەیاندو نازانرێت ئاكامەكەی بە كوێ دەگات.
بەگشتی لەكاتی هەر هەواڵێك بۆ هەمواركردنی یاسا بەركارەكان، هەندێك لایەنە بەرپرسەكان تۆمەتباردەكەن بەوەی هەوڵی بەرتسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین دەدات، بەڵام لەبەرامبەریشدا شەپۆلێكی زۆری داواكاری هەیە بۆ رێكخستنەوەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەچوارچێوەی یاسا بەركارەكان‌و كۆتایهێنان بەو جەنجاڵییەی كە لە سەرچاوەكانی زانیاریدا دروستیان كردووە.

ئەو پەیجانەی داخراون
كۆمپانیای "گرافیكا" كە كاری وردبینی لە پەیجەكانی هەرێمی كوردستاندا كردووە‌و فەیسبوك لەسەر بنەمای راپۆرتی ئەو، پەیجەكانی هەرێمی كوردستانی داخستووە، ناوی هەندێك لەو پەیجانەی بڵاوكردوەتەوە كە لە هەرێمی كوردستان هەواڵی فەیكیان بڵاوكردوەتەوە لەوانە:
•    پەیجی (ئەحۆل)
•    پەیجی (گشتی)
•    پەیجی (puk sat)
•    پەیجی (روماڵ)
•    پەیجی (Kirkuk press)
•    پەیجی (گەردەلوولی سەوز)
•    پەیجی (army_ctg) لە ئینستاگرام
•    پەیجی (PDK- BERAW KURDSTANEKI BAHEZ)
•    پەیجی (ALI ROJ)
•    پەیجی (Namran afarmwe)
•    پەیجی (شەفە تیڤی)
•    پەیجی (habw nabw)
•    پەیجی (فوول عەشایەر)
•    پەیجی (هەمومان ملازم ئەحمەدین)
•    پەیجی (ئەحمەو دیوانە)
•    پەیجی (كوڕانی هەولێر)
•    پەیجی (عەشیرەتی سوچی)
•    پەیجی (Leshaw)
•    پەیجی (Hawler press)
•    پەیجی (یەكێتی)
•    پەیجی (كەركوكی هەمیشە سەوز)
•    پەیجی (xor- magazine) لە ئیسنتاگرام

 

 

دۆخی حزبەكان لە توێژینەوەیەكدا
بەپێی توێژینەوەیەك كە دكتۆر ئامانج شێرڤان‌و هاوڕێكانی لە دیسكی عێراق‌و كوردستانی (ناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی) كردویانە لەبارەی دۆخی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان، دەركەوتووە:
•    بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009 راگەیاندنەكانی بە تیڤی‌و دیجتاڵ میدیاكەیەوە زۆرترین كاریگەریان لەسەر هاوڵاتیان هەبووە تا ساڵی 2013.
•    دوای ساڵی 2013 راگەیاندنی پارتی بووە بە یەكەم راگەیاندنی كاریگەر لەڕێگەی كەناڵەكان‌و ئەكاونت‌و پەیجەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە.
•    سۆسیال میدیای شاسوار عبدالواحیدو نەوەی نوێ لە ساڵی 2016-2018 لە پلەی یەكەمدا بوون لەگەڵ جیاوازیەكی كەمدا لەگەڵ سوسیال میدیای پارتی دا.
•    لە ساڵی 2018 تائێستا سۆسیاڵ میدیای باڵێكی یەكێتی بەهێزترین راگەیاندنی كوردییەو زۆرترین كاریگەریی لەسەر هاوڵاتیان هەیە، بە جۆرێك لەڕێگەی 643 پەیجی فەرمی‌و كاریگەرەوە پەیامەكانی خۆی دەگەیەنێت‌و دەستی بەسەر 64% سۆسیال میدیادا گرتووە.
•    لایەنە ئیسلامییەكان (یەكگرتوو - كۆمەڵ- بزوتنەوە) سستترین هێزی راگەیاندن‌و سۆسیال میدیان، تەنها 6%ی هێزی سۆسیاڵ میدیایان لەژێر دەستدایەو هێزە شاراوەكانی وەك مەلا كرێكارو چەند راگەیاندێكی ئەلیكترۆنی (سۆسیال میدیا) لە هی هێزە سیاسییە ئیسلامیەكان بەهێزترە.
•    سۆسیاڵ میدیای پارتی‌و گۆڕان‌و هێزە ئیسلامییەكان لە قەیرانی كاریگەریی‌و هێزو متمانەو خۆینەردان، لەبەرامبەردا سۆسیاڵ میدیای باڵێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان خاوەنی سوپایەكی ئەلیكترۆنی بەهێزە كە كاریگەری زۆری لەسەر هاوڵاتیان هەیە.
•    بەپێی توێژینەوەكە لە ساڵی 2016-2019 بینەری تیڤیەكان بەڕێژەی 21% كەمیكردوە.
•    بەپێی ئەنجامەكان 83%ی خوێنەران كەوتونەتە ژێر كاریگەریی هەواڵی ناڕاست (فەیك نیوز)و باوەڕیان پێهێناوە.
•    لەڕووی كاریگەربوون لەسەر كوردانی پارچەكانی تر، راگەیاندنی كوردستانی باشور كەمترین كاریگەریی هەبووە بەراورد بە كاریگەریی راگەیاندنی پەكەكە، لە ناو ڕاگەیاندنی باشوردا راگەیاندنی پارتی بەهێزترینان بووە لە ڕووی كاریگەریی لەسەر كوردانی پارچەكانی تر.
چوارچێوەی ئەم توێژینەوەیە، پێنج پارێزگا (هەولێر- سلێمانی- كەركوك- دهۆك- هەڵەبجە) شاری (سنەو قامیشلۆو ئامەد)و كوردانی دەرەوەی وڵات بووە.
لەكۆی 16 هەزار پەیج‌و ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە پڕ بینەرو پڕ خوێنەرترینن، 3 هەزاریان بە نمونە وەرگیراون كە بۆ شەڕی راگەیاندن و ئاڕاستەكردنی ڕایگشتی بەكارهێنراون لە ماوەی ساڵانی 2009- 2019 بەنمونە وەرگیراوە.

https://public-assets.graphika.com/reports/graphika_report_kurdistan_takedown.pdf?fbclid=IwAR2M02G3JGBsN2u9k2ydM3fv5Joy5axr9t5Rr0ToNqi5T4mg-533jKPAcQY

https://about.fb.com/wp-content/uploads/2020/06/May-2020-Detailed-CIB-Report.pdf

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand