سەرۆکی حکومەت بەناوی سەرچاوەوە وەڵامی راپۆرتێکی (درەو) دەداتەوە
2020-06-04 20:31:28
(درەو):
تەلەفزیۆنی (کوردستان ٢٤) کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەندارێتی لێدەکات، رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە راپۆرتێکی (درەو) لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەی دوێنێی حکومەت.
لە رونکردنەوەکەدا، سەرچاوەکەی سەرۆکی حکومەت (درەو) بە (درۆ) ناودەبات و دەڵێ ئەم سایتە سەر بەرپرسێکی پێشووی هەواڵگریی هەرێمەو ناوەڕۆکی زانیارییەکانی رەتدەکاتەوە.
(درەو) دەقی رونکردنەوەی سەرچاوەکەی سەرۆکی حکومەت وەکو خۆی بڵاودەکاتەوەو خوێنەرانی ئاگادار دەکاتەوە بەرگری لە راستی و دروستی زانیارییەکانی ناو راپۆرتەکەی دەکات کە پشتئەستورە بە چەندین سەرچاوەی باوەڕپێکراو.
(درەو) خوێنەرانی ئاگاداردەکاتەوە، نوسین و وەڵامدانەوە بە زمانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و تۆمەتبارکردنی بە تۆمەتی بێ بنەما لەلایەن میدیاو تیمی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتەوە هەرگیز وای لێناکات بکەوێتە کاردانەوەو قسەکردن و نوسین بە هەمان زمان، (درەو) لەسەر رێبازی بابەتیبوون و بێلایەنی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری بەردەوام دەبێت و رابردوو سەلماندویەتی ناکەوێتە کاردانەوەو چوارچێوەی سیاسیەتی هیچ کەس و لایەنێک و بۆ داهاتووش هەروا دەمێنێتەوە، سەرۆکی حکومەت دەبێت لەوە تێبگات بۆ ئەوەی لەڕووی میدیاییەوە بەهێزبێت پێویستی بەوە نییە لەم کاتی قەیرانەدا مانگانە موچە بۆ سەدان کەس بەناوی رۆژنامەنوسەوە خەرج بکات، لەکاتێکدا بە هەمویانەوە نەتوانن وەڵامێکی گونجاو بۆ راپۆرتێکی (درەو) بنوسن کە بە توانای تەنیا دوو رۆژنامەنوسی سەربەخۆ بەڕێوەدەچێت.
🔹 دهقی روونكردنهوهی سهرچاوهیهكی ئاگادار لە ناو حکومەت کە تەلەفزیۆنی کوردستان ٢٤ بڵاویکردەوە:
سایتی درۆ میدیا کە هی بەرپرسێکی پێشووی دەزگایەکی هەواڵگرییە و رابردووی بنووسەکانی سایتەکەش بۆ خەڵکی زۆر ئاشکرایە ، کەچی رۆژ نییە ئەم سایتە درۆ و چەواشەکاری نەکات و راپۆرتی هاوشێوەی راپۆرتە هەواڵگرییەکانیان بڵاونەکاتەوە. لە درێژەی چەواشەکارییەکانیان بابەتێکی پڕ لە درۆیان لەبارەی کۆبوونەوەی دوێنیی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوکردووەتەوە کە گوایا سەرۆک وەزیران ئۆپشنی مووچەبڕینی خستووەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران. جێگری سەرۆک وەزیران و زۆربەی وەزیرەکانیش پێی رازی نەبوون!
بەشدارانی کۆبوونەوەکە لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە ئەوەی لە درۆمیدیادا هاتووە سەرلەبەری دوورە لە راستییەوە. جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانیش هەرگیز رێگە بەخۆیان نادەن بەو زمانەی لە درۆمیدیادا هاتووە لە کۆبوونەوەکان قسە بکەن و خۆشیان شاهیدن . هەر بڕیارێکیش لە بارەی مووچەوە بدرێت بە ئاشکرا دەدرێت و بڕیاری هەموو حکومەت دەبێت بە هەر سێ حیزبە بەشدارەکەیەوە.