Draw Media

داعشەكەی نێچیرڤان بارزانی‌و كۆرۆناكەی مەسرور بارزانی

داعشەكەی نێچیرڤان بارزانی‌و كۆرۆناكەی مەسرور بارزانی

2020-06-11 17:16:24



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
نێچیرڤان بارزانی بە چوار ساڵی قەیرانی دارایی (8) موچەی فەرمانبەرانی پێنەدرا، مەسرور بارزانی لە سێ مانگی قەیراندا (2) موچەی نەداوە، قەیرانە داراییەكەی كابینەی پێشوو بەهێزتر بوو یاخود قەیرانی ئێستا ؟ كابینەی پێشوو چۆن قەیرانی دارایی ئیدارە دەدا، كابینەی مەسرور بارزانی چی دەكات؟ داهات‌و خەرجییەكانی سەردەمی قەیرانی دارایی كابینەی پێشوو چۆن بوو، ئێستا چۆنە ؟

نەوت‌و داعش‌و كۆرۆنا
كابینەی مەسرور بارزانی تەمەنی لە یەك ساڵ نزیك دەبێتەوە، سێ مانگی ئەم تەمەنە بەناو قەیرانێكی سەختی دارایدا گوزەری كردووە‌و تائێستا بەردەوامە.
ئەو قەیرانەی كە كابینەی مەسرور بارزانی توشی بووە، لەو خاڵەدا لەگەڵ قەیرانی كابینەی نێچیرڤان بارزانیدا هاوبەشە كە داڕمانی نرخی نەوتە لە بازاڕی جیهانیدا، بەڵام خاڵی جیاوازییان ئەوەیە، كابینەی نێچیرڤان بارزانی شەڕی "داعش" بەرۆكی گرتبوو، كابینەی مەسرور بارزانی شەڕی "كۆرۆنا".
مەسرور بارزانی‌و كابینەكەی چۆن ئیدارەی قەیرانەكەیان داوە ئەگەر بەراورد بكرێت بە ئیدارەی قەیرانی دارایی لەسەردەمی كابینەی نێچیرڤان بارزانیدا؟

دوو قەیران‌و دوو ئاڕاستەی جیاواز
نێچیرڤان بارزانی‌و كابینەكەی ناوەڕاستی 2014 كەوتە ناو قۆناغی سەرەتای قەیرانێكی دارایی سەختەوە، "داعش" لە سنورەكانی هەرێمی كوردستان نزیكبووەوە، نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا لە (65) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دابەزی بۆ كەمتر لە (30) دۆلار، حكومەتی عێراق كە ئەوكات نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكرد بەتەواوەتی بەشە بودجەی هەرێمی بڕی، مالیكی 2014 لە پۆستی سەرۆك وەزیران دورخرایەوە‌و حەیدەر عەبادی بوو بە سەرۆك وەزیران، عەبادی لەسەر هەمان سیاسەتی مالیكی تاوەكو ساڵی 2018 بەردەوام بوو، واتە هیچ بڕە پارەیەكی بۆ هەرێم نەنارد، هاوكات رێكخراوی "داعش" ئاڕاستەی شەڕی خۆی بەرەو هەرێمی كوردستان گۆڕی، پێشمەرگە بە درێژایی (هەزارو 50) كیلۆمەتر سەنگەری لێدا بۆ بەرگری لە هەرێمی كوردستان، ئەم شەڕە هاوكات لەگەڵ قەیرانی دارایی، خەرجییەكی زۆری مانگانەی خستە سەرشانی حكومەت، لەلایەكی ترەوە پەیتا پەیتا شەپۆلی ئاوارە لە پارێزگاكانی تری عێراق‌و رۆژئاوای كوردستانەوە بەهۆی هێرشی "داعش"ەوە روویان لە هەرێمی كوردستان دەكرد، ئەوكات ژمارەی ئاوارەكان گەیشتە زیاتر لە (2 ملیۆن) كەس، ئەمەش خەرجییەكی تری بۆ كابینەی نێچیرڤان بارزانی زیادكرد لە زەمەنێكدا كە خۆی بەدەست قەیرانی داراییەوە دەیناڵاند.
گوڕی قەیرانی دارایی سەردەمی نێچیرڤان بارزانی ئەگەر بەراورد بكرێت بە قەیرانی ئێستای كابینەی مەسرور بارزانی زیاتر بووە، لە كابینەی نێچیرڤان بارزانی ئەو زیانەی كە بەر نرخی نەوت كەوت بۆ هەر بەرمیلێك (35 دۆلار) بوو، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت لە كابینەی مەسرور بارزانیدا تائێستا بۆ هەر بەرمیلێك بڕی زیانەكە (15 بۆ 20 دۆلار)ە، چونكە نرخی نەوت كە بەمدواییە‌و هاوكات لەگەڵ قەیرانی كۆرۆنا لە بازاڕی جیهانیدا شكا، نرخی یەك بەرمیل لە (50) دۆلارەوە بۆ كەمتر لە (25) دۆلار دابەزی‌و ئێستا نرخی نەوت بەرزبوەتەوە بۆ زیاتر لە (40) دۆلارو زیانەكەی كەمتر بوەتەوە.
خاڵێكی تری جیاوازی قەیرانەكە لەنێوان هەردوو كابینەكەدا ئەوەیە، كابینەی نێچیرڤان بارزانی كە توشی قەیرانی دارایی هات، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ هیچ بڕە پارەیەكی لە بەغدادەوە بۆ نەهات، بەڵام كابینەی مەسرور بارزانی لەدوای دەستبەكاربوونییەوە تاوەكو ئێستا مانگانە موچەی فەرمانبەرانی لە بەغداد وەرگرتووە‌و بڕیارە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا هاتنی ئەم بڕە پارەیە بۆ مانگەكانی تریش بەردەوام بێت.
ئەو خەرجەیەی مانگانە كابینەی نێچیرڤان بارزانی بۆ شەڕی "داعش" دەیكرد، بەبەراورد بەو خەرجییەی كە كابینەی مەسرور بارزانی بۆ شەڕی "كۆرۆنا" دەیكات زۆر زیاتر بووە (درەو لەم راپۆرتەدا وردەكاری ئەو خەرجییانە دەخاتەڕوو).

بەراوردكارییەك بە ژمارە
كابینەی نێچیرڤان بارزانی یاخود ئەوەی ناوی لێنراوە كابینەی هەشتەمی حكومەت ئەگەر بەراورد بكرێت بە كابینەی مەسرور بارزانی (كابینەی نۆیەم) لەڕووی داهات‌و خەرجییەوە لەسەرەتای دروستبوونی قەیرانی داراییدا، داتاكان بەمشێوەیە دەدوێن.
•    كابینەی نێچیرڤان بارزانی لەسەرەتای قەیرانی داراییدا مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 200 ملیار) دیناری لە بەشە بودجەی بەغداد لەدەستدا كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتەكانی حكومەت بوو، بەڵام كابینەی مەسرور بارزانی لەسێ مانگی رابردوودا كە دوچاری قەیران بووە مانگانە بەبەردەوامی بڕی (453 ملیار) دیناری لە بەغداد وەرگرتووە.
•    لە كابینەی نێچیرڤان بارزانیدا داهاتی نەوت كە بەشێوەی سەربەخۆ دەفرۆشرا، مانگانە نزیكەی (350 ملیار) دیناری بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕایەوە، ئێستاو لە كابینەی مەسرور بارزانیدا لە دواین مانگدا داهاتی نەوت كە بۆ وەزارەتی دارایی گەڕاوەتەوە (30 ملیۆن) دۆلار بووە.
•    لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا داهاتەكانی ناوخۆ لەسەرەتای قەیرانی دارایدا مانگانە دەگەیشتە (100 ملیار) دینار، بەڵام داهاتی ناوخۆ لە كابینەی مەسرور بارزانیدا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا مانگانە (60 ملیار) دینارە.
•    كابینەی نێچیرڤان بارزانی مانگانە بڕی (21 ملیار) دیناری یارمەتی لە هاوپەیمانان وەردەگرت، ئەم یارمەتییە ئێستاش بەردەوامە‌و كابینەی مەسرور بارزانی وەریدەگرێت.
•    كۆی گشتی داهاتی مانگانەی كابینەی نێچیرڤان بارزانی لەسەرەتای قەیرانی دارایدا بەبێ وەرگرتنی بەشە بودجە لە بەغداد دەگەیشتە  (600 ملیار) دینار، بەڵام داهاتی ئێستای مانگانەی كابینەی مەسرور بارزانی بەبێ پارەكەی بەغداد نزیكەی (100 ملیار) دینارە، بەو بڕە پارەیەش كە لە بەغداد وەردەگیرێت بۆ ئەم مانگە ناگاتە (500 ملیار) دینار.
•    لە كۆتایی كابینەكەی نێچیرڤان بارزانیدا كۆی گشتی داهاتی مانگانەی حكومەت گەیشتە زیاتر لە (ترلیۆنێك‌و 50 ملیار) دینار، داهاتی مانگانەی ناوخۆ لە (100 ملیار) دینارەوە گەیەندرایە زیاتر لە (300 ملیار) دینار، زیادبوونی داهاتەكانی كابینەی پێشوو دوای ئەو رێككەوتنە هات كە حكومەتی هەرێم پاش ریفراندۆم لەگەڵ حكومەتی حەیدەر عەبادی كردی، هەرێم لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا بەبێ ئەوەی نەوت رادەستی بەغداد بكات، مانگانە بڕی (317 ملیار) دیناری لە بەغداد وەردەگرت، بەر لەوەی تەمەنی كابینەكەی كۆتایی بێت، نێچیرڤان بارزانی رێككەوتنێكی تری لەگەڵ بەغداد كرد، ئەمە رێككەوتن بوو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی نوێی ئەوكات (عادل عەبدولممەهدی)، لەم رێككەوتنەشدا حكومەتی هەرێم براوە بوو، بەبێ ئەوەی هەرێم نەوتەكەی رادەست بكات، مانگانە حكومەتی عەبدولمەهدی بڕی (453 ملیار) دیناری بۆ دەنارد، هەندێك لە دۆستەكانی ئەمە بۆ پەیوەندییە باشەكانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەگێڕنەوە، بەڵام ئێستا كابینەی مەسرور بارزانی ئامادەیە مانگانە بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوت‌و نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەست بكات لەپێناو ئەوەی بەغداد هەمان ئەو بڕە پارەیەی پێبدات كە پێشتر نێچیرڤان بارزانی بەبێ رادەستكردنی نەوت‌و داهاتی ناوخۆ وەریدەگرت.
ئەمانە بەراوردكارییەك بوون لەنێوان كابینەی پێشووی حكومەت‌و كابینەی ئێستا لەڕووی داهاتەوە، ئەمەی خوارەوە بەراوردكارییەكی لەنێوان خەرجی هەردوو كابینەدا لەسەردەمی قەیرانی دارایدا:
•    كابینەی نێچیرڤان بارزانی لەسەرەتای قەیرانی دارایدا موچەی فەرمانبەرانی بەرێژەی جیاواز كەمكردەوە، ئەمەی ناونا "پاشەكەوتی موچە"، واتە پارەیەك كە بەقەرز لەلای حكومەت دەمێنێتەوە‌و دەبێت كاتێكی تر بۆ موچەخۆرانی بگەڕێنێتەوە، لەسەردەمی پاشەكەوتی موچەدا خەرجی مانگانەی حكومەت بۆ موچە لە (890 ملیار) دیناری مانگانەوە كەمكرایەوە بۆ (500 ملیار) دینار، كابینەی نێچیرڤان بارزانی لە چوار ساڵی قەیرانی دارایدا (8) موچەی فەرمانبەرانی نەدا، بەڵام كابینەی مەسرور بارزانی بە سێ مانگی قەیرانی دارایی (2) موچەی نەداوە.
•    شەڕی "داعش" (كڕینی چەك، خۆراك‌و لۆجستی‌و شەهیدان‌و بریندارانی شەڕ) مانگانە نزیكەی (70 ملیار) دینار خەرجی خستبووە سەر شانی كابینەی نێچیرڤان بارزانی، بەڵام قەیرانی "كۆرۆنا" لە سێ مانگی رابردوودا بە تێكڕا نزیكەی (20 ملیار) دینار خەرجی خستوەتەسەر شانی كابینەی مەسرور بارزانی، واتە مانگانە مەسرور بارزانیی بە نزیكەیی (7 ملیار) دینار بۆ روبەڕبوونەوەی كۆرۆنا خەرج كردووە‌و بەشێكی ئەم پارەیەش لەلایەن بەغدادەوە دابین كراوە.
•    خەرجی مانگانەی كەمپی ئاوارەكان لەڕووی سكیوریتی‌و خزمەتگوزاری‌و تەندروستییەوە لەسەردەمی كابینەی نێچیرڤان بارزانیدا مانگانە دەگەیشتە نزیكەی (10 ملیار) دینار، كابینەی مەسرور بارزانی ئەم خەرجییەی لەسەر نەماوە.
•    خەرجی وەزارەتەكان لەسەردەمی قەیرانی دارایی كابینەی نێچیرڤان بارزانیدا مانگانە (120 ملیار) دینار بوو، بەڵام كابینەی مەسرور بارزانی لە سێ مانگ قەیرانی دارایدا خەرجی وەزارەتەكانی بۆ (50 ملیار) دینار كەمكردوەتەوە‌و هێشتا داهاتەكانیشی بەشی موچە ناكات.

ئیدارەدانی قەیران
كابینەی نێچیرڤان بارزانی كابینەی بنكە فراوان بوو پێنج حزب (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان+ كۆمەڵ+ یەكگرتوو) بەشداربوون تێیدا، كابینەی مەسرور بارزانی ترۆیكایە، واتە سێقۆڵییە لەنێوان (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان).
كابینە بنكە فراوانەكەی نێچیرڤان بارزانی كاتێك توشی قەیرانی دارایی بوو، هاوكات دوچاری قەیرانێكی سیاسی گەورەش بوو كە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا كەم وێنە بوو، كە ئەویش قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بوو، ئەم قەیرانە بووە هۆی دەركردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، سەرباری فشارە زۆرەكانی قەیرانە سیاسییەكە لەوكاتەدا، نێچیرڤان بارزانی لەبڕیارەكانی تایبەت بە ئیدارەدانی قەیرانی دارایدا، حكومەتەكەی بەدورگرت لە فشارە سیاسییەكانی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم، كابینەی مەسرور بارزانی سەرباری ئەوەی بەبەراود بە كابینەی پێشوو لەڕووی پێكهاتەی لایەنە بەشدارەكانییەوە بچوكترە، بەڵام لە ئیدارەدانی قەیرانی دارایدا لەژێر كاریگەری ناكۆكییە سیاسییەكاندایە‌و خۆی بووە بەبەشێك لەسەرچاوەی ناكۆكییە سیاسییەكان بەتایبەت لەگەڵ هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی.
سێكوچكەی ئیدارەی قەیرانی دارایی لەسەردەمی كابینەی پێشوودا بریتی بوو لە هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و رێباز حەملان وەزیری دارایی، بەڵام لەپاڵ ئەمەدا ئەنجومەنی نەوت‌و غاز‌و ئەنجومەنی ئابوری كارابوون، خەڵكی پسپۆڕو نوێنەرانی پەرلەمان بەشدارییان لە دەركردنی بڕیارەكاندا دەكرد، نێچیرڤان بارزانی كابینەی پێشوو زیاتر لە (6) جار چووە بەردەم پەرلەمان، رێباز حەملان وەزیری دارایی كە ئەوكات سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو لەگەڵ قوباد تاڵەبانیدا چەندین جار بۆ گفتوگۆ لەبارەی قەیرانەكە چونە ناو پەرلەمانەوە، سەرباری ئەمە نێچیرڤان بارزانی هەفتانە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی دەكرد‌و لەبارەی بڕیارەكانی تایبەت بە روبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی قسەی بۆ رایگشتی دەكرد، بەڵام مەسرور بارزانی لەماوەی سێ مانگی قەیرانی داراییدا تەنیا یەكجار لە ڤیدیۆیەكی تۆماركراودا لەبارەی قەیرانەكە‌و هەنگاوەكانی روبەڕووبونەوەی قسەی بۆ رایگشتی كردووە، وتەبێژی حكومەت‌و سكرتێری رۆژنامەوانی مەسرور بارزانی زۆر بەكەمی وەڵامی رۆژنامەنوسان دەدەنەوە‌و ناوەڕۆكی وەڵامەكانیشیان زیاتر كاردانەوەیە، تیمی سەرۆكی حكومەت راگەیەندراوە رۆژنامەوانییەكانی حكومەت پێش هەموو میدیاكان بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی پارتی دەنێرن‌و هەر لەو میدیایانەشەوە هێرش دەكەنەسەر هەموو ئەوانەی رەخنە لە حكومەت دەگرن، هێشتا مەسرور بارزانی دوای نزیكەی ساڵێك كاركردنی لە سەرۆكایەتی حكومەت بەرگە ئەمنییەكەی فڕێ نەداوە‌و تیمەكەشی بەهەمان زمان مامەڵە لەگەڵ ئەو رەخنانەدا دەكەن كە لە حكومەت دەگیرێت.
لەسەردەمی دواین كابینەی نێچیرڤان بارزانیدا، بەهۆی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە، بەبڕیاری سەركردایەتی پارتی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ لەكارخرا، لە كابینەی مەسرور بارزانیدا پەرلەمان وەكو دامەزراوە كارایە، بەڵام لەبری ئەوەی پەرلەمان لێپرسینەوە لە حكومەت بكات، حكومەت لێپرسینەوە لە پەرلەمانتاران‌و دامەزراوەی پەرلەمان دەكات، لەبارەی قەیرانی دارایی‌و چۆنیەتی روبەڕووبونەوەی تائێستا هیچ گفتوگۆیەكی فەرمی لەنێوان حكومەت‌و پەرلەماندا نییە.    

هەنگاوی چاكسازی
مەسرور بارزانی كە وەكو سەرۆكی كابینەی نۆیەم دەستبەكاربوو، دروشمی چاكسازی‌و روبەڕبوونەوەی گەندەڵی بەرزكردەوە، تەمەنی كابینەكەی لە ساڵێك نزیكدەبێتەوە لەو ماوەیەدا تەنیا یەك هەنگاوی جددی بە ئاڕاستەی چاكسازی هەڵگرتووە كە پەسەندكردنی یاسای چاكسازی بوو لە پەرلەمانی كوردستان، ئەم یاسایەش بە میراتی لە كابینەی نێچیرڤان بارزانییەوە بۆی ماوەتەوە‌و بە كورتهێنانێكی زۆرەوە دەخرێتە بواری جێبەجێكردن، چونكە بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، پرۆژەیاساكە لە كابینەی پێشوودا ئەگەر بخرایەتە بواری جێبەجێكردن، مانگانە بڕی (120 بۆ 150) ملیار دیناری بۆ داهاتی حكومەت دەگەڕاندەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە پەرلەمان پەسەندكراوە‌و حكومەت دەیەوێت لەمانگی داهاتووەوە بیخاتە بواری جێبەجێكردن تەنیا بڕی (20 بۆ 30) ملیار دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە، ئەمە ئەگەر بەتەواوەتی هەموو ماددە‌و بڕگەكانیشی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
سەرباری یاسای چاكسازی، مەسرور بارزانی ژمارەیەك بڕیاری دەكردووە تایبەت بە رێكخستنەوەی كاروبارەكان لە خاڵە گومرگییەكان‌و باج‌و رێكخستنەوەی خەرجییەكان، نەچوەنەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
دوای نزیكەی ساڵێك لە دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی تائێستا هیچ كەسێك لەسەر دۆسیەی گەندەڵی روبەڕووی دادگا نەكراوەتەوە، بەڵام چەندین چالاكوانی مەدەنی‌و خۆپیشاندەر زیندانی كراون، ئەمە وەكو پێشینەیەكی خراپی بواری مافەكانی مرۆڤ بۆ كابینەی مەسرور بارزانی لێكدەدرێتەوە.
لەناو ئەنجومەنی وەزیرانیشدا، مەسرور بارزانی بەشێوەیەكی توند مامەڵە لەگەڵ وەزیرەكانیدا دەكات، بەپێچەوانەی نێچیرڤان بارزانییەوە كە وەزیرەكانی لە بەڕێوەبردنی وەزارەتەكانیاندا دەستكراوە كردبوو.
مەسرور بارزانی لەبری هەنگاونان بە ئاڕاستەی چاكسازی، لەیەكەم دەركەوتنیدا لە زەمەنی قەیرانی دارایی، بەرپرسیارێتی دۆخی خراپی ئێستای حكومەتی خستە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانی‌و كابینەی پێشوو، باسی لەوەكرد حكومەت (27 ملیار) دۆلار قەرزارە، ئەمە لەكاتێكدایە بەرپرسانی كابینەی پێشووی حكومەت دەڵێن ئەوان كە حكومەتیان رادەستی مەسرور بارزانی كردووە، هەرێم (22 ملیار) دۆلار قەرزاربووە، كە بەشی زۆری ئەو قەرزەش پارەی پاشەكەوتكراوی موچەی فەرمانبەران‌و كۆمپانیاكانی بواری نەوت‌و كارەبا بووە‌و بەشێكی ئەو قەرزانە هەر لەسەردەمی كابینەی پێشوودا گەڕێندراونەتەوە، دۆسیەی ئەم قەرزانە ئێستا لەبەردەم چاودێری دارایدایە‌و بڕیارە رادەستی پەرلەمان بكرێت.
دۆسیەی نەوت كە بەردەوام گومانی ناشەفافبوونی لەسەر بووە، لە كابینەی مەسرور بارزانیدا هیچ چاكسازییەكی نوێی تێدا نەكراوە، مەسرور بارزانی دوای نزیكەی ساڵێك هێشتا پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی پڕنەكردوەتەوە، پەرلەمان لە پرسی نەوتدا نازانێت لەگەڵ كێدا مامەڵە بكات، مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا لە پۆستی سەرۆكی حكومەت هەموو كەسە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت دورخستەوە، تەنیا ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هێشتەوە، ئێستا ئاشتی هەورامی یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانە بۆ كاروباری وزە، بەڵام سەرۆك وەزیران متمانەی پێی نییە.

دەستكاری موچە‌و دوو ئەزمونی جیاواز
نێچیرڤان بارزانی‌و تیمەكەی كاتێك حكومەتیان رادەستی مەسرور بارزانی كرد، بڕیاری پاشەكەوتی موچەیان هەڵوەشاندەوە‌و مانگانە (30) رۆژجارێك موچە دابەشدەكرا بەبێ پاشەكەوت، واتە قەیرانی دابەشكردنی موچە لە كۆتایی تەمەنی كابینەی نێچیرڤان بارزانیدا كۆتایی هات.
سەرباری ئەمە، ئەوكاتەی نێچیرڤان بارزانی حكومەتی رادەستی مەسرور بارزانی كردووە، كۆی گشتی داهاتی حكومەت مانگانە (ترلیۆنێك‌و 50 ملیار) دینار بووە، هەرێمی كوردستان بەبێ رادەستكردنی نەوت مانگانە (453 ملیار) دیناری وەردەگرت، پرۆژەكانی وەبەرهێنان كەوتنەوە كار، بەشێك لە قەرزی كۆمپانیا‌و بەڵێندەران گەڕێندرانەوە.
نێچیرڤان بارزانی‌و تیمەكەی كە دوچاری قەیرانی دارایی بوون، لەبەردەم رایگشتیدا سیستمی پاشەكەوتی موچەیان راگەیاند‌و بەرگەی كاردانەوەو توڕەیی شەقامیان گرت، مەسرور بارزانی بەهۆی ئەوەی نایەوێت بە شوێن پێی كابینەی پێشوودا بڕوات، لە پشتەوە گفتوگۆ لەبارەی دەستكاری موچەی فەرمانبەران دەكات لەحاڵێكدا بە (60 رۆژ جارێك) موچە دابەش دەكات، بەڵام نایەوێت بەشێوەیەكی شەفاف لەبەردەم رایگشتیدا بڕیاری دەستكاری موچە رابگەیەنێت، ئەم خۆپارێزییە لە خستنەڕووی دۆخی حكومەت بەشێوەیەكی شەفاف، لەبری هێوركردنەوە، خەڵكی توڕەتر كردووە‌و متمانەشی بە كابینەكە لاوازكردووە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand