Draw Media

مەسرور بارزانی سێ ئۆپشن بۆ بڕینی موچە دەخاتەڕوو

مەسرور بارزانی سێ ئۆپشن بۆ بڕینی موچە دەخاتەڕوو

2020-06-04 18:10:54



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
مەسرور بارزانی سێ ئۆپشنی بۆ بڕینی موچەی موچەخۆران خستەڕوو، قوباد تاڵەبانی ئیمزای لەسەر نەكرد، تەنانەت وەزیری ناوخۆش كە دۆستی سەرۆك وەزیرانە، ناڕازیی بوو، بەڵام بڕینی موچە بڕیارێكی "حەتیمی" سەرۆكی حكومەتەو جگە لەجێبەجێكردنی هیچ رێگەیەكی تری لەبەردەمدا نییە، ئەمە كرۆكی كۆبونەوەی دوێنێی حكومەت بوو كە باس نەكرا، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری بڕیاری بڕینی موچە بڵاودەكاتەوە.

موچە بە كاتی هەرێم !
ئێستا كاتی دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانە بەكاتی هەرێمی كوردستان، بەهۆی قەیرانی داراییەوە رۆژژمێری دارایی هەرێم لەهیچ شوێنێكی تری دنیا ناچێت.
بەپێی رۆژژمێرە داراییەكەی هەرێم، ئێستا كە سەرەتای مانگی حوزەیرانەو گەرمای هاوینە، حكومەت موچەی مانگی شوبات واتە وەرزی زستان دابەشدەكات، كابینەی مەسرور بارزانی تەنیا لە ساڵی 2020 دوو مانگ لە دابەشكردنی موچە دواكەوتووە.

موچە دابەشدەكات ؟
كابینەی مەسرور بارزانی كە تەمەنی تەنیا (10) مانگە، روبەڕووی سەختترین قەیرانی دارایی بوەتەوە، سەرچاوەی قەیرانی ئەمجارە جگە لە دابەزینی نرخی نەوت بە پلەی یەكەم، لە ئاستێكی تردا هۆكارەكەی بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە، كە كاریگەری لەسەر داهاتەكانی ناوخۆ دروستكردووە.
بۆ موچەی مانگی (1)ی ئەمساڵ كە بەر لە جەژنی رەمەزان دابەشكرا، حكومەت بە وەرگرتنی قەرزێك لە سەرمایەداران‌و وەرگرتنی پارەی پێشوەختەی فرۆشی نەوت لە كۆمپانیاكان، ئەو كورتهێنانەی پڕكردەوەی كە لە داهاتەكانی تایبەت بە دابەشكردنی موچەی موچەخۆراندا هەیبوو.
مانگی رابردوو كە حكومەت موچەی مانگی (1)ی 2020ی دابەشكرد، داهاتەكانی حكومەت بەمشێوەیە بوو:
•    پارەكەی بەغداد: 453 ملیار دینار
•    داهاتی فرۆشی نەوت: 60 ملیۆن دۆلار
•    داهاتی ناوخۆ: 60 ملیۆن دۆلار
•    یارمەتی دارایی هاوپەیمانان: 21 ملیار دینار
•    وەرگرتنی پارە بەشێوەی پێشینە لە كۆمپانیاكانی نەوت: 150 ملیۆن دۆلار
•    وەرگرتنی قەرز لە سەرمایەداران: 138 ملیار دینار
تێكڕای داهاتی مانگی رابردووی حكومەت گەیشتە نزیكەی (900 ملیار) دینار، حكومەت مانگانە تەنیا بۆ خەرجی موچەی موچەخۆران پێویستی بە (894 ملیار) دینار هەیە‌و لەو مانگەدا داهاتەكانی خەرجی موچەیان پڕكردەوە، بەڵام بۆ ئەم مانگە كە حكومەت دەیەوێت موچەی مانگی شوبات دابەشبكات، داهاتەكانی چۆنن ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەو داهاتانەی كە تائێستا لەبەردەستی حكومەتدان بەمشێوەیەن:
•    بەغداد بڕی (400 ملیار) دیناری خستوەتەسەر حسابی حكومەتی هەرێم لە بانك، ئەم پارەیە بەر لە هەرشتێك بڕی (12 ملیار) دیناری لێدەبڕێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزانەی كە پێشتر حكومەتی هەرێم لە بانكە ئەهلییەكانی كردووە، واتە پارەكە (388 ملیار) دیناری ماوەتەوە، سەرباری ئەمە حكومەتی هەرێم بۆ موچەی مانگی رابردوو بڕی (138 ملیار) دینار لەسەرمایەداران قەرزكردووە‌و بەڵێنی پێداون لەماوەی مانگێكدا بۆیان بگەڕێنێتەوە، ئەگەر ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە، پارەكەی بەغداد بەسەوزی لەجێی خۆیدا تەواو دەبێت‌و نابێت بە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ موچەی ئەم مانگە.
•    یارمەتییەكەی هاوپەیمانان بۆ هەرێم: 21 ملیار دینارە
•    داهاتی نەوت: بەوتەی سەرۆكی حكومەت بۆ ئەم مانگە (30) ملیۆن دۆلارە
•    داهاتی ناوخۆ: 60 ملیۆن دۆلار
كۆی گشتی ئەو داهاتەی تائێستا لەبەردەستی حكومەتدایە نزیكەی (520 ملیار) دینارە، ئەم بڕە پارەیە ئەگەر لەسەرچاوەی ترەوە زیادەی بۆ پەیدا نەكرێت (بەپێی زانیارییەكانی درەو، مانگی رابردوو سەرۆكی حكومەت بڕی 300 ملیۆن دۆلاری لە دەرەوەی وڵات بە قەرز وەرگرتووە)، ئەوا حكومەت بۆ موچەی مانگی شوبات داهاتەكەی بڕی (370 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت، ئەمە سەرباری ئەوەی كە بەشی دابینكردنی بڕی (45 ملیۆن) دۆلاری مانگانە بۆ خەرجی وەزارەتەكانیش ناكات، پارەی خەرجی وەزارتەكان بەر لە قەیرانی دارایی مانگانە (250 ملیۆن) دۆلار بوو، واتە قەیرانی دارایی (200 ملیۆن) دۆلاری لێكردوەتەوە.

كۆبونەوەكەی دوێنێ‌و پرسی موچە
دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، حكومەت دوای كۆبونەوەكە راگەیەندراوێكی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە بڵاوكردەوە، راگەیەندراوەكە بەهیچ جۆرێك باسی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ موچەی فەرمانبەراندا نەكرد، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پرسی دەستكاریكردنی موچە یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبونەوەكە بووە.
چەند سەرچاوە ئاگادار نزیك لە ئەنجومەنی وەزیران بە (درەو)یان راگەیاند، لە كۆبونەوەی دوێنێدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وتویەتی: ئەگەر لەگەڵ حكومەتی بەغدادیش بگەینە رێككەوتن، هێشتا داهاتەكانمان بەشی خەرجی موچە ناكات، بۆیە ناچارین دەستكاری موچەی موچەخۆران بكەین.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی‌و تیمەكەی سێ ئۆپشنیان لەبارەی چارەنوسی موچەوە خستوەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران كە ئەمانە بوون:
•    ئۆپشنی یەكەم: سەقفی موچەی واتە بەرزترین ئاستی موچە لە هەرێمی كوردستان لە (2 ملیۆن) دینار زیاتر نەبێت‌و هیچ كەسێك لەو بڕە زیاتر موچە وەرنەگرێت تەنانەت پلە باڵاكانیش.
•    ئۆپشنی دووەم: تەنیا موچەی بنەڕەتی بەسەر كۆی موچەخۆراندا دابەش بكرێت، ئەمە هەموان بگرێتەوە، فەرمانبەرانی ئاسایی‌و پلەباڵاكانیش.
•    ئۆپشنی سێیەم: بۆ وەزارەتی ناوخۆ سەرەڕای موچەی بنەڕەتی، چەند دەرماڵەیەكیان بۆ خەرج بكرێت، بۆ ئەوەی لەم بارودۆخەدا پارێزگاری لە شكۆی دامەزراوەكانی حكومەت بكەن (پێشبینی روودانی خۆپیشاندان كراوە، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ بەدەر كراوە لە كەمكردنەوەی تەواوەتی موچە).
ئەم سێ ئۆپشنە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا خرانەڕوو، بەڵام نەبوو بە بڕیاری كۆتایی، چونكە بەپێی ئەوەی (درەو) زانیویەتی، سەرباری ئەوەی مەسرور بارزانی سوربووە لەسەر ئەوەی ئەم ئۆپشنانە بكرێن بە بڕیار، بەڵام قوباد تاڵەبانی جێگری رەتیكردوەتەوە‌و داوای كردووە بڕیارەكە بۆ ماوەی هەفتەیەك دوابخرێت تاوەكو وردەكاری زیاتری تێدا بكرێت، قوباد تاڵەبانی لە كابینەی پێشوودا بڕیاری پاشەكەوتی موچەی راگەیاند، رەنگە نەیەوێت جارێكی ترو لەو كابینەیەدا لە دیمەنێكی لەوجۆرەدا دەربكەوێت.
گفتوگۆی ناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی ئۆپشنەكانی سەرۆك وەزیرانەوە بەمشێوەیە بوون:
•    مەسرور بارزانی: دەستكاریكردنی موچە كارێكی حەتیمەو دەبێت بكرێت، چونكە هیچ رێگەچارەیەكی دیكەمان نییە.
•    قوباد تاڵەبانی: هەفتەیەك بڕیارەكە دوابخرێت بۆ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتر بەخەڵك بدرێت لەبارەی بڕیارەكەوە.
•    رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ: با كەمێك ئەم بڕیارە دوابخەین لەبەرئەوەی ناڕەزایەتی زۆر هەیە‌و خەڵك بڕیارەكەی پێ قبوڵ ناكرێت، یان ئەوەی دەستكاری موچە نەكەین‌و دابەشكردنی موچە بۆ 60 بۆ 65 رۆژ دوابخەین.
•    قسەكەی رێبەر ئەحمەدی وەزیری ناوخۆ، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی توڕەكردووە‌و بەتوندی وەڵامی داوەتەوە‌و وتویەیتی: دەبێت ئەو كارە هەر بكرێت.
•    مەسرور بارزانی بەهانەی بۆ بڕینی موچەی موچەخۆران بەوە هێناوەتەوە، كە ئەو خۆی وەكو سەرۆكی حكومەت ماوەی دوو مانگە موچەی وەرنەگرتووە.
•    ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵاو بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ كە هەردوكیان سەربە یەكێتین، وەڵامی سەرۆكی حكومەتیان داوەتەوە.
•    یەكێك لە وەزیرەكانی یەكێتی بە مەسرور بارزانی وتووە: ئێوە خۆتان ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتین‌و باوكتان سەرۆكی پارتییە، پێویستتان بە پارەی موچە نییە، بەڵام وەزیرەكان پێویستیان بە موچەی مانگانەی خۆیان هەیە.
•    ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە پاڵپشتی لەو ئۆپشنانە كردووە كە سەرۆكی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی موچەی موچەخۆران باسی كردووە، چونكە كاتێك سەرۆكی حكومەت پرسیاری لێكردووە لەبارەی داهاتەكانی، وتویەتی داهاتەكان بەشی موچە ناكەن.
ئێستا مەسرور بارزانی‌و تیمەكەی پارتی لە حكومەت گەیشتونەتە بڕوای تەواوەتی بەبێ دەستكاریكردنی موچەی موچەخۆران، چانسی رزگاربوون لە قەیرانی دارایی لەئارادا نییە، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وتویەتی: دەبێت بەپێی ئەو پارەی كە دوای رێككەوتنمان لەگەڵ حكومەتی عێراق لە بەغدادەوە بۆمان دێت، موچەی موچەخۆران رێكبخەینەوە.

لەبارەی رێككەوتنی هەولێر- بەغداد
رۆژی (24)ی مانگی رابردوو، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق ئیمزای لەسەر نوسراوێك كرد، بەپێی ئەو نوسراوە حكومەتی عێراق بڕی (400 ملیار) دیناری رادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، ئەمە بڕە پارەی هەرێمی كوردستان بوو بۆ مانگی نیسانی رابردوو، دواین بڕە پارە بوو كە حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵی 2019دا بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرێت.
كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق كە مستەفا كازمی سەرۆكایەتی دەكات، لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت‌و قەیرانی كۆرۆنادا دەستبەكاربوو، بەنیازی دانانی بودجەیەكی تایبەتە بەدۆخی خراپی دارایی خۆی، كازمی لەگەڵ دەستەكاربوونیدا كاركردنی بە یاسای بودجەی ساڵی 2019 راگرت، بودجەیەك كە وادە یاساییەكەی شەش مانگە تێپەڕیوە.
كازمی پێشنیازی رێككەوتنێكی نوێی خستوەتەبەردەم حكومەتی هەرێم، رێككەوتنە نوێیەكە بڕی ئەو پارەیە دیاری دەكات كە بەغداد لە مانگی داهاتووەوە بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەوەی ئێستا لەسەر مێزی گفتوگۆیە لەنێوان وەفدی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی بەغداد، لەبارەی رێككەوتنە نوێیەكەوە ئەمەیە:
•    بەغداد داوا دەكات هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕی (250 هەزار) بەرمیل رادەستی كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق بكات‌و رێژەی 50%ی داهاتی ناوخۆش (داهاتە نانەوتییەكان) رادەستی بەغداد بكات.
•    لەبەرامبەر رادەستكردنی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە‌و 50%ی داهاتی ناوخۆ، حكومەتی هەرێم مانگانە داوای (600 ملیار) دینار بودجە لە بەغداد دەكات، تائێستا بەغداد بەمە قایل نەبووە‌و باسی ناردنی تەنیا (453 ملیار) دینارەكەی پێشتر دەكات، ئێستا گفتوگۆ هەیە، دەرفەتی رێككەوتن (15) رۆژی ماوە، ئەگەر تا ئەوكات نەگەنە رێككەوتن بەغداد بۆ مانگی داهاتوو هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم نانێرێت، پێشبینی دەكرێت دواجار بەغداد رەزامەندی بنوێنێت لەسەر (500 ملیار) دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان.
بەپێی ئەم هاوكێشە نوێیە، لە هەموو حاڵێكدا، دوای رێككەوتن لەگەڵ بەغداد، داهاتی حكومەت مانگانە (500 ملیار) دینار دەبێت‌و فرەچەشنی لە سەرچاوەكانی داهاتدا نامێنێت‌و تاكە سەرچاوەی گرنگ پارەكەی بەغداد دەبێت.
مەسرور بارزانی دەیەوێت، موچەی موچەخۆران لەگەڵ داهاتە نوێیەكەدا رێكبخات‌و بەپێی ئەو داهاتە موچەی دابەشبكات.
مەسرور بارزانی لە وتارەكەی بەر لە جەژنی رەمەزاندا وتی: رێژەی 80%ی داهاتی حكومەت دەڕوات بۆ موچەی موچەخۆران، موچەخۆران خۆیان رێژەی 20%ی خەڵكی كوردستان پێكدەهێنن.
حكومەت ئێستا تەنیا بۆ موچەی موچەخۆران (واتە بە فەرمانبەرانی فیعلی‌و خانەنشینانەوە) مانگانە پێویستی بە (894 ملیار) دینار هەیە، ئەگەر كۆی داهاتی لەمەودوای كە مانگە (500 ملیار) دینارە تەرخان بكات بۆ موچە، هێشتا مانگانە (394 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت، ئەمە ئەو هاوكێشەیەیە كە وای لە مەسرور بارزانی كردووە بڵێت" دەستكاریكردنی موچە، كارێكی حەتمییە كە دەبێت بكرێت".
سەرباری دەستكاریكردنی موچە، حكومەت یاسای چاكسازی جێبەجێ دەكات‌و لەناو یاسای چاكسازیدا بڕگەی تایبەت بە دەستكاریكردنی دەرماڵەی فەرمانبەران دەخاتە بواری جێبەجێكردن، ئەمە بڕێكی زۆر لە موچەی فەرمانبەران كەمدەكاتەوە.
بەپێی قسەی د. عەبدولحەكیم خەسرۆ سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، (25) جۆر دەرماڵەی جۆراوجۆر بۆ فەرمانبەران‌و مووچەخۆران خەرج دەكرێت، 56%ی پارەی موچە بەگشتی بۆ دەرماڵەكان دەڕوات، بەمشێوەیە:
•    16%ی موچە بۆ دەرماڵەی جێگیر خەرج دەكرێ
•    40%ی موچە بۆ دەرماڵەی ناجێگیر خەرج دەكرێ
•    لیستی پەسەندكراوی دەرماڵەكان 25 جۆرە، (4) جۆریان جێگیرو (21) جۆریان ناجێگیرە.
سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی باسی لەوەكرد، لەسەر بابەتی دەرماڵە زێدەڕۆیی زۆر كراوە، خەڵكێك هەندێك دەرماڵە وەردەگرن، كە لە بنەڕەتدا نابێت ئەو دەرماڵانە وەربگرن، چونكە مافی ئەوان نییە، بۆیە دەرماڵەكان رێكدەخرێنەوە، بەجۆرێك دادپەروەری تێدا بێت، بۆ نموونە دەرماڵەی مەترسی بە كەسێك دەدرێت، كە فیعلەن مەترسی لەسەر بێت، نەوەكو هەرچی هەیە دەرماڵەی ترسناكی پێ بدرێ.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand