سیناریۆكانی چارەنوسی موچەی فەرمانبەران
2020-06-09 16:24:18
راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت - محەمەد رەئوف
لە كۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیراندا، سێ لایەنە پێكهێنەرەكەی حكومەت (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) بڕیاری خۆیان لەبارەی پرسی دەستكاریكردنی موچەی موچەخۆران رادەگەیەنن، لە هەموو حاڵەكاندا بۆ پرسی موچە، حكومەت لەبەردەم سێ سیناریۆدایە، دەستكاریكردنی موچە، قەرزكردن یاخود دابەشكردنی موچە 60 بۆ 70 رۆژ جارێك، بڕیاربوو چوارشەممە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوە بچێت بەڵام كۆبونەوەی تایبەت بە موچە دواخراوەو كۆبونەوەی تایبەت بە روبەرووبونەوەی كۆرۆنا دەكرێت
كۆبونەوە بۆ موچە
لە كۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیراندا تەوەرێكی سەرەكی كۆبونەوەكە قسەكردن و بڕیاردانە لەبارەی موچەی مانگی (شوباتی 2020)و كۆی موچەی موچەخۆران.
ئێستا كە رۆژمێر لە مانگی (6)دایە، حكومەتی هەرێم تاوتوێی چونیەتی دابەشكردنی موچەی مانگی (2) دەكات، واتا لە 2020دا كابینەكەی مەسرور بارزانی لە كۆی (6) مانگ تائێستا (4) مانگ موچەی دابەشكردووە.
حكومەتی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و كەمبونەوەی داهاتەكانی ناوخۆ لەئەنجامی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا، دووچاری قەیرانی دارایی بووە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی تاوتوێی دۆزینەوەی رێگە چارەیەك دەكەن بۆ ئەو دۆخە داراییە سەختەی كە روبەرووی خەزێنەی هەرێم بوەتەوە، سەرباری ئەمە بڕیار دەدرێت لەسەر دابەشكردنی موچەی مانگی شوبات و شێوازی دابەشكردنەكەی.
كۆبونەوەی سبەینێ و بڕیاری موچە
كۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیران لەڕووی ناوەڕۆك و تەوەری گفتوگۆوە، درێژكراوەی كۆبونەوەی چوارشەممەی رابردووە، كۆبونەوەی رابردوو چەند پێشنیازێك بۆ دەستكاریكردنی موچەی موچەخۆران و رێكخستنەوەی بە گوێرەی ئەو داهاتانەی كە دێنە بەردەست حكومەت خرایەڕوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی كۆدەنگی لەناو ئەنجومەنی وەزیران، هیچ یەكێك لە پێشنیازەكان نەكرا بە بڕیار، چارەنووسی بڕیارەكە بەجێهێڵدرا بۆ ئەوەی هەریەكێك لە لایەنە بەشدارەكانی حكومەت (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) بۆچونی حزبەكانیان لەبارەی پێشنیازەكانی بڕینی موچەی موچەخۆران وەرگرن.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە پێشتر لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوەو كاردانەوەی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا، لە كۆبونەوەی چوارشەمەی رابردووی حكومەتدا پێشنیازێك لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە خراوەتەڕوو سەبارەت بە كەمكردنەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت نایەوێت بەتەنیا بەرپرسارێتی بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەئەستۆبگرێت، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە هەر بڕیارێك لەوبارەیەوە بدرێت، دەبێت هەرسێ لایەنی پێكهێنەری حكومەت (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) بەرپرسیارێتیەكەی لەئەستۆ بگرن و بەرگری لێبكەن.
ئەمە وای كرد وەزیرەكانی یەكێتی و گۆڕان بۆ وەرگرتنی رای حزبەكانیان لەبارەی دەستكاریكردنی موچەی موچەخۆران بگەڕێنەوە بۆ لای حزبەكانیان.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە گفتوگۆی چڕ لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا لەسەر ئەم بابەتە دروست بووە، بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر ناونیشانی چاكسازیكردن و هەندێك جارێش بەڵێنی گەڕانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی كابینەی پێشوو، بەشداری لە كابینەكەی مەسرور بارزانیدا كردووە، وەكو خۆكوژی سیاسی تەماشای بەشداریكردن لە بڕیاری بڕینی موچەی موچەخۆران دەكات لەبەردەم رایگشتیو شەقامدا، بەڵام لەلایەكی تریشەوە لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی نوێی شەراكەتدایە لەگەڵ پارتی كە یەكەم تاقیكردنەوەی دوای كۆچی دوای نەوشیروان مستەفایەو رەنگە ئەندازیارانی ئەو رێككەوتنە نەیانەوێت لەسەر بڕیارێكی حكومەت هاوشێوەی كابینەی پێشوو كۆتایی بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی بهێنن.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، چەند رۆژی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ تیمی خۆی لە حكومەت كۆبووەتەوەو ئاگاداری كردوون لەوەی بزوتنەوەكە لەگەڵ هیچ جۆرە دەستكاریكردنێكی موچەی موچەخۆراندا نیەو دەبێت لە حكومەت پێشنیازی ئەوە بكەن لە بری دەستبردن بۆ موچەی خەڵك، پەنا بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ببرێت.
كێشەی ئەم هەڵوێستەی بزوتنەوەی گۆڕان لەوەدایە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت تەنانەت بەرێككەوتن لەگەڵ بەغداد و جێبەجێكردنی تەواوی یاسای چاكسازیش، هێشتا داهاتەكانی بەردەستی بەتەنیا بەشی داببینكردنی موچەی موچەخۆران ناكات، نەك جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری یاخود خەرجی وەزارەتەكان، ئایا بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆی پۆستی وەزارەتی دارایی حكومەتی لەبەردەستدایە، ئاگاداری سەرچاوەی تری حكومەتی هەیە كە تائێستا نەگەڕێندراوەتەوە ناو خەزێنەی گشتی؟ ئەگەر هیچ داهاتێكی تر لەبەردەستدا نییە بڕیارەكەی گۆڕان بۆ رەتكردنەوەی دەستكاریكردنی موچە لەكوێوە سەرچاوەی گرتووە ؟
قوباد تاڵەبانی مێژوو دوبارەدەكاتەوە ؟
لە كۆبونەوەی چوارشەممەی رابردووی حكومەتدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران وەكو سەرۆكی تیمی یەكێتی، یەكێك لەو كەسانەبوو كە داوایكرد بڕیاری دەستكاریكردنی موچە دوابخرێت، بۆ ئەوەی بۆچونی حزبەكەیان لەبارەی ئەو بڕیارە هەستیارەوە وەربگرن.
ئەمە لە كاتێكدا بوو، هەر ئەوكات قوباد تاڵەبانی بۆچوونی سەركردایەتی و هاوسەرۆكەكانی یەكێتی لەوبارەیەوە وەرگرتبوو، بۆچونەكەش ئەوەیە یەكێتی بەهیچ جۆرێك پشتیوانی لەدەستكاریكردنی موچە ناكات.
قوباد تاڵەبانی لە كابینەی پێشووی حكومەت بە هەمان شێوەی ئێستا جێگری سەرۆك وەزیران بوو، ئەوكات ئەو یەكێك لە ئەندازیارانی بڕیاری كەمكردنەوەی موچەی موچەخۆران بوو بۆ چارەك و نیوە موچە لەژێر ناوی "پاشەكەوت"دا، هەرخۆیشی هەواڵە قورسەكەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بۆ خەڵكی كوردستان خوێندەوە، ئایا قوباد تاڵەبانی جارێكی تر بڕیاری كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران دەخوێنێتەوەو مێژوو دوبارەدەكاتەوە ؟
سبەینێ رۆژی یەكلاكەرەوەیە، تیمی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی، لەبەردەم سەرۆك وەزیران و تیمی پارتیدا بۆچونی فەرمی حزبەكانیان لەبارەی بڕیاری دەستكاری كردنی موچە رادەیەگەیەنن، رەنگە كۆبونەوەی سبەینێ دۆخی لایەنەكانی حكومەت بباتە قۆناغێكی نوێوە، بەتایبەت ئەگەر تیمی یەكێتی و گۆڕان دژی دەستكاریكردنی موچە بن و لەبەرامبەریشدا هیچ پێنشیازێكی بەدیلیان بۆ سەرۆكی حكومەت نەبێت بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی دارایی، لەحاڵێكدا خۆیان ئاگادارن ئەو داهاتانەی ئێستا لەبەردەستی وەزارەتی داراییدایە بەشی موچە ناكات.
سیناریۆكانی قەیرانی ئەمجارە
ئێستا ئەو داهاتانەی كە بۆ ئەم مانگە لەبەردەستی حكومەتی هەرێمدایە، بۆ موچەی مانگی شوبات، بەم شێوەیەیە:
• بەغداد بڕی (400 ملیار) دیناری خستوەتەسەر حسابی حكومەتی هەرێم لە بانك، ئەم پارەیە بەر لە هەرشتێك بڕی (12 ملیار) دیناری لێدەركراوە بۆ دانەوەی ئەو قەرزانەی كە پێشتر حكومەتی هەرێم لە بانكە ئەهلییەكانی كردووە، واتە پارەكە (388 ملیار) دیناری ماوەتەوە، سەرباری ئەمە حكومەتی هەرێم بۆ موچەی مانگی رابردوو بڕی (138 ملیار) دیناری لەسەرمایەداران قەرزكرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) حكومەت لەو پارەی بەغدادوە بۆی هاتووە، (138 ملیار) دینارەكەی قەرزەی سەرمایەداران داوەتەوە، واتا ئێستا لەكۆی (400 ملیار) دینارەكەی بەغداد تەنیا (250ملیار) دیناری ماوەتەوە.
• یارمەتییەكەی هاوپەیمانان بۆ هەرێم: 21 ملیار دینارە
• داهاتی نەوت: بەوتەی سەرۆكی حكومەت بۆ ئەم مانگە (30) ملیۆن دۆلارە
• داهاتی ناوخۆ: 60 ملیۆن دۆلار
واتا كۆی ئەو داهاتەی تا ئێستا لەبەردەستی حكومەتدایە (375 ملیار) دینارە، بەبێ دەستكاریكردنی موچە، حكومەت پێویستی بە (894 ملیار) دینار هەیە بۆ خەرجی موچە، ئەمە بەبێ خەرجیەكانی تر، واتا ئەو داهاتەی ئێستا لەبەردەستدایە تەنیا بۆ موچە (519 ملیار) دینار كورتهێنانی هەیە.
بەڵام سەرباری ئەمانە (درەو) زانیاری هەیە مانگی رابردوو مەسرور بارزانی جگە لە قەرزكردن لەسەرمایەداران و وەرگرتنی پارەی پێشوەختی فرۆشی نەوت، هەر مانگی رابردوو هەندێك پارەی تری لە دەرەوەی وڵات قەرزكردووە كە بڕەكەی دەگاتە (300 ملیۆن) دۆلار.
هەموو ئاماژەكان نیشانی دەدەن بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی وەكو دوو پێكهاتەی ناو حكومەتەكە رەزامەندی بدەن یاخود نا، حكومەتی هەرێم لەبەردەم
سێ سیناریۆدایە:
سیناریۆی یەكەم: دەستكاری كردنی موچەی موچەخۆران و كەمكردنەوەی بەرێژەیەك كە لەگەڵ ئەو داهاتەدا بگونجێت كە دوای رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد دەست حكومەت دەكەوێت و بەپێی زانیارییەكانی (درەو) داهاتەكە مانگانە بڕەكەی نزیكەی (500 ملیار) دینار دەبێت، لەم حاڵەشدا هێشتا بەبێ دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران حكومەت كورتهێنانی دەبێت لە دابینكردنی خەرجی موچەدا.
سیناریۆی دووەم: حكومەتی هەرێم لەدوای رێككەوتن لەگەڵ بەغداد دەستكاری موچەی فەرمانبەران نەكات و بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی خەرجی موچە پەنا بۆ وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی ببات جێبەجێبونی ئەم سیناریۆیە تا رادەیەك ئەستەمە بەتایبەت لە كاتێكدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت نیگەرانە لەو قەرزە زۆرانەی كە لە كابینەی پێشوەوە بۆی بەجێماوەو بڕەكەی بە (27 ملیار) دۆلار خەمڵاندووە.
سیناریۆی سێیەم: ئەمە سیناریۆی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانە بۆ روبەروبونەوەی قەیرانەكە، بەڵام بیرۆكەیەكی نوێ نیەو پێشتریش چەند جارێك باسكراوە، كورتەی پێشنیازەكەی رێبەر ئەحمەد كە لە كۆبونەوەی رابردوودا كەمێك سەرۆك وەزیرانیشی توڕەكرد ئەوەیە، حكومەت لەبری دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران دابەشكردنی موچە لە (30) رۆژەوە بۆ (60 تا 70) رۆژ درێژبكاتەوە، لەم رێگەیەوە حكومەت ئەتوانێت داهاتەكانی زیاتر لە دوو مانگی كۆبكاتەوەو موچەی مانگێكی پێ دابین بكات، تا ئەو كاتەی قەیرانەكە تێدەپەرێت.
ئەم سیناریۆیە خۆی ئێستا لە حاڵی جێبەجێبووندایەو موچە بە (60) رۆژ جارێك دابەشدەكرێت، بۆیە ئەگەری هەیە حكومەت بە درێژەدان بەم سیناریۆیە كۆتایی مشتومڕەكانی دەستكاری كردنی موچە بهێنێت، بەڵام بڕگەكانی یاسای چاكسازی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوەو لە رێگەیەوە بڕێك لە خەرجی موچە كەمتر بكاتەوە، بەدیاریكراویش دەستبردن بۆ بڕینی هەندێك لە درەماڵەی موچەخۆران، دەرماڵەكان بە كۆی گشتی رێژەی (56%)ی كۆی خەرجی موچە پێكدەهێنن، هەر جۆرە دەستكاریكردنێكی دەرماڵەكان قورسایی خەرجی موچە لەسەر شانی حكومەت كەمتر دەكاتەوەو كاریگەریشی لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی خەرجی موچە كەمتر دەكاتەوە.