Draw Media

كەركوك.. موچەخۆرەكانی هەرێم نیگەرانن

كەركوك.. موچەخۆرەكانی هەرێم نیگەرانن

2020-06-09 13:26:30



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت -  محەمەد رەئوف
چارەنوسی (8) هەزار مامۆستا‌و فەرمانبەری خوێندنی كوردی لە كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و بەغدادا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، مامۆستایانی خوێندنی كوردی دەیانەوێت راژەكانیان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمەوە بخەنەسەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق، حكومەتی هەرێم رازی نییە بەمە، حكومەتی عێراقیش مەرجی هەیە، لەم نێوەندەدا ئەوان بەنائومێدییەوە تەماشای دواكەوتن‌و پێنەدانی موچەكانیان دەكەن لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، دەیانەوێت دوای تەواوبونی رێوشوێنەكانی كۆرۆنا بچنە هەولێر‌و لای مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتدا شكایەت لە دۆخی ژیانی خۆیان بكەن.

خوێندنی كوردی لەناوچە جێناكۆكەكان
قەیرانی دارایی یەك لەدوای یەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕستی لە مامۆستایانی خوێندنی كوردی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكان بڕیوە.
بێ موچەیی وایكردووە، ئێستا مامۆستایانی خوێندنی كوردی لەو ناوچانە بە ئاشكرا داوا دەكەن راژەیان لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بگوازرێتەوە بۆسەر حكومەتی عێراق.
بەپێی ئەو داتایانەی كە لەبەردەستی (درەو)دان، لەناوچە جێناكۆكەكان خوێندنی كوردی زیاتر لە (113 هەزار) قوتابی‌و (8 هەزار) مامۆستاو فەرمانبەری هەیە.
پارێزگای كەركوك پشكی شێری خوێندنی كوردی ناوچە جێناكۆكەكانی بەركەوتووە، داتای ژمارەكان لە خوێندنی كوردی كەركوك بەمشێوەیەیە:
•    ژمارەی فەرمانبەر: هەزارو 100
•    ژمارەی مامۆستای سەرەتایی: 3 هەزارو 200
•    ژمارەی مامۆستای دواناوەندیی: 2 هەزارو 700
مامۆستایانی خوێندنی كوردی لەناوچە جێناكۆكەكان دۆخیان لە مامۆستایانی هەرێمی كوردستان خراپترە، ئەمان سەرباری ئەوەی موچەیان هاوشێوەی موچەی مامۆستایان لە هەرێم دوادەكەوێت، هەست بە نادادپەروەرییەكی تر دەكەن كە ئازاریی دەرونییان دەدات، ئەویش ئەوەیە مانگانە هاوتاكانی خویان كە راژەیان سەربە حكومەتی عێراقە دەبینن لەناو خوێندنگەكانیان موچە وەردەگرن، بەڵام ئەمان موچەكانیان بۆ رەوانە ناكرێت.
سەرباری ئەمە، هەندێك ئیمتیازاتی تر هەیە كە مامۆستا هاوتاكانیان كە سەربە عێراقی وەریدەگرن، بەڵام ئەمان لێی بێ بەشن، یەكێك لە ئیمتیازاتەكان ئەوەیە مامۆستایانی سەربە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە كارتی بانكیی موچەكانیان وەردەگرن، ئەم كارتە دەرفەتی وەرگرتنی هەندێك جۆر قەرزی وەكو قەرزی خانوبەرەی پێداون، بەڵام مامۆستایانی خوێندنی كوردی لەم دەرفەتانە بێبەشن.
ئێستا مامۆستاو فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لە ناوچە جێناكۆكەكان هاوشێوەی مامۆستاو فەرمانبەرانی هەرێم موچەی (4) مانگی ساڵی 2020 یان وەرنەگرتووە، پاشەكەوتی موچەی ساڵانی پێشووش ئەوانی گرتوەتەوە.

"بمانخەنەسەر بەغداد"
دواكەوتنی بەردەوامی موچەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، مامۆستایانی خوێندنی كوردی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكانی والێكردووە بە ئاشكرا داوای ئەوە بكەن راژەكانیان بخرێتە سەر بەغداد.
لە نوێترین هەنگاودا نوێنەرانی مامۆستایانی خوێندنی كوردی نوسراوێكیان بڵاوكردوەتەوە، كۆپییەكی ئەو نوسراوە دەست (درەو) كەوتووە، تێیدا دەڵێن:" داوا دەكەین راژەمان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستانەوە بگوازرێتەوە بۆسەر وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی لە بەغداد، ئەمە مافێكی رەوای خۆمانە، چونكە تێكڕای میلاكەكانی خوێندنی كوردی دانیشتووی كەركوكن‌و خوێندنگەكانیش دەكەونە ناو سنوری پارێزگای كەركوكەوە".
مامۆستا رەئوف سەعدوڵا بەرپرسی پێشووی خوێندنی كوردی لە كەركوك لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی: بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە عێراق لە بنەڕەتەوە لەسەر ژمارەی فۆڕمی خۆراك دانراوە (ژمارەی دانیشتوان)، مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركوك كەسیان فۆڕمی خۆراكیان لەسەر هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو لەسەر پارێزگای كەركوكە، بۆیە دەبێت لە كەركوك موچەكانمان وەرگرین".
مامۆستا رەئوف دەڵێ:" ئەگەر بیانوی حكومەتی عێراق بۆ بڕینی موچەی هەرێمی كوردستان ئەوەبێت كە هەرێم نەوتی رادەست نەكردووە، خۆ ئێمە لە كەركوك لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە حكومەتی عێراق حوكممان دەكات‌و نەوتەكەش دەبات".
ئەمە جاری یەكەم نییە مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركوك دژی دواكەوتن‌و پێنەدانی موچەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، هەر ئەمساڵ‌و لە رۆژی 17ی ئایاردا مامۆستایان‌و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لە كەركوك لە باخچەی "قەڵا" گردبونەوەیەكیان رێكخست.
ئەوكات‌و لەو گردبونەوەیەدا مامۆستایان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دواكەوتن‌و پێنەدانی موچەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دوو پێشنیازیان خستەڕوو:
پێشنیازی یەكەم: ئەو بڕە بودجەیەی بۆ موچەی مانگانەی مامۆستایانی خوێندنی كوردییە، مانگانە لە بەغداد لە بەشە بودجەی هەرێم ببڕدرێت‌و راستەوخۆ رەوانەی كەركوك بكرێت.
پێشنیازی دووەم: لە داهاتی پترۆدۆلار بڕە پارەیەك بۆ خوێندنی كوردی تەرخانبكرێت.

خوێندنی كوردی لە قەیراندایە
تاوەكو ساڵی 2003‌و بەر لە روخانی رژێمی سەددام حسێن، شتێك بەناوی خوێندن بە زمانی دایك لە كەركوك بوونی نەبوو، خوێندنی كوردی لە ساڵی 2003و دوای روخانی رژێمی بەعس لە كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكانی تر دەستیپێكردووە، لەوكاتەوە خوێندنی كوردی دروستكراوە‌و هەرێمی كوردستان ئەم خوێندنەی وابەستە كردووە بەخۆیەوە.
ئێستا بەپێی دەستوری عێراق هەر چوار پێكهاتەكەی كەركوك (كورد، عەرەب، توركمان‌و كلدوئاشوری) بەزمانی خۆیان دەخوێنن‌و لە پەروەردە یەكەی تایبەت بەخۆیان هەیە.
قەیرانی بەردەوامی موچە‌و پشتگوێخستنی خوێندنی كوردی ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمەوە، تەنیا مامۆستا‌و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی ئەو ناوچانەیان بێزار نەكردووە، بەڵكو بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی كوردی ئەو ناوچانەش متمانەیان بە خوێندنگە كوردییەكان نەماوە.
بەپێی راپۆرتی سایتی (كەركوك ناو) كە سایتێكی سەربەخۆیە‌و بەتایبەتی لە سنوری پارێزگای كەركوك پەخشی هەواڵ‌و زانیاری دەكات، بۆ خوێندنی ساڵی 2019-2020 ژمارەیەكی زۆر لە خێزانە كوردەكانی دانیشتووی سنوری پارێزگای كەركوك، منداڵەكانیان لە خوێندنگە عەرەبییەكان تۆماركردووە، هۆكاری ئەمە لەلایەك بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە كە خەڵكی كورد متمانەیان بە خوێندنی كوردی نەماوە بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم گرنگی پێنادات، لەلایەكی ترەوە بیر لە چارەنوسی منداڵەكانیان دەكەنەوە‌و دەڵێن ئەگەر لە خوێندنی كوردی بخوێنن، فێری زمانی عەرەبی نابن‌و لە قۆناغی زانكۆدا دوچاری كێشە دەبن بەتایبەت لەوەدا كە دواتر ناچارن لە زانكۆكانی عێراق بخوێنن.
لە كەركوك (535) خوێندنگەو (32) باخچەی ساوایان بە زمانی كوردی دەخوێنن، كێشەی میلاكاتی پێویستیان هەیە، حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2014وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ددامەزراندن‌و زیادكردنی ژمارەی موچەخۆرانی راگرتووە، ئەمەش كێشەیەكی ترە كە روبەڕووی خوێندنی كوردی بووەتەوە لە ناوچە جێناكۆكەكان.

بەغداد مەرجی هەیە !
بەغداد كە ئامادە نەبوو دوای شەڕی لەناوبردنی رێكخراوی "داعش" ئیدارەی كەركوك بەتەواوەتی رادەستی كورد بكات‌و بەشەڕ گەڕایەوە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكە، ئێستا ئامادە نییە بەبێ مەرج راژەی مامۆستا‌و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی بخاتەسەر خۆی، ئەمە لەكاتێكدایە خوێندنی توركمان‌و كلدۆئاشوری لە ئەستۆگرتووە، بەپێی قسەی مامۆستا رەئوف سەعدوڵا، بەغداد دوو مەرجی هەیە بۆ ئەوەی راژەی مامۆستا‌و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لە ئەستۆ بگرێت:
مەرجی یەكەم: خوێندنی كوردی كەركوك دەستكاری پرۆگرامەكانی بكات‌و ئەو پرۆگرامە پەیڕەو بكات كە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ خوێندنی پێكهاتەكان دیاری كردووە، ئەمە قبوڵكراو نییە، چونكە لە وانە كۆمەڵایەتییەكاندا پرۆگرامەكانی حكومەتی بەغداد وەكو پێویست باسی مێژوو و جوگرافیای كوردی تێدا نەكراوە.
مەرجی دووەم: حكومەتی بەغداد قایل بەوەی راژەی مامۆستا‌و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستانەوە بخرێتە سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بەڵام بەو مەرجەی موچەكانیان لە پشكی هەرێم ببڕدرێت، حكومەتی هەرێم بەمە رازی نییە.
ئێستا مامۆستایانی خوێندنی كەركوك لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراقدا دەستخەڕۆ بوون، دەیانەوێت دوای كۆتایهاتنی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا، سەردانی هەولێر بكەن‌و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەدا كۆببنەوە.
بەپێی قسەی خۆیان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و چەند لایەنێكی سیاسی تری كەركوك پاڵپشتی داواكاری مامۆستایانی خوێندنی كوردی دەكەن بۆ ئەوەی راژەكانیان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمەوە بگوازرێتەوە بۆسەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand