430 ملیار دینار بۆ موچە ئامادەیە
2020-06-15 17:05:07
درەو:
حكومەتی هەرێمی كوردستان (430 ملیار) دیناری داهاتی بۆ موچەی موچەخۆران كۆكردۆتەوە، بڕیارە بەم زوانە دەست بە دابەشكردنی موچە بكات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (درەو) كەوتووە، ئێستا ئەو داهاتەی لەبەر دەستی حكومەتی هەرێمدایە بڕەكەی گەیشتۆتە ( 430 ملیار) دینار بەم شێوەیە:
• بڕی 222 ملیار دینار پاشماوەی 400 ملیار دینارەكەی بەغداد بۆ مانگی نیسان دوای لێدەركردنی قەرزی سەرمایەداران و بانكەكان
• بڕی 85 ملیۆن دۆلار واتا نزیكەی (100 ملیار) دینار داهاتی نەوت كە رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە
• بڕی 21 ملیار دیناری هاوكاری هاوپەیمانان
• 90 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ
ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانیەوە كەرتی تەندروستی بەهۆی بێموچەییەوە مانگرتنی راگەیاند، موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی ئەوەن حكومەتی هەرێم موچەی مانگی شوباتی 2020 یان بەسەردا دابەش بكات، تا ئێستا داهاتی حكومەت بۆ دابەشكردنی موچە كە بە تێكڕا پێویستە بڕی پێویست بۆ موچە (894 ملیار) دینارە، كورتهێنانی زۆری تێدایە.
ئێستا حكومەت تەنیا بڕی (430 ملیار) دیناری لەبەردەستدایە بەپێی زانیاریەكانی (درەو) بە نیازە لەم هەفتەیەدا دەست دەستبەدابەشكردنی موچە بكات لە وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆوە دەستپێدەكات،هەوڵ دەدات دابەشكردنی موچەی وەزارەتەكانی دیكە بۆ 60 رۆژ درێژ بكاتەوەو چاوەڕێی ئەوە دەكات لە هەفتەی داهاتوودا رێككەوتنەكەی لەگەڵ حكومەتی عێراق بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەو بەشە بودجەى مانگانە لە بەغداد زامن بكات و كورتهێنانی خەرجی موچەی ئەم مانگەی پێ پڕبكاتەوە.