کازمی پارەکە دەنێرێت
2020-11-28 16:12:32
(درەو):
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە لەم هەفتەیەدا وەکو دواجار بەر لە پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان واتە (٣٢٠ ملیار) دینارەکە بنێرێت، کازمی ئاماژەی ئەرێنی بۆ ناردنی پارەکە لە عامری و مالیکی و حەکیمەوە وەرگرتووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانە کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە بەغداد دەست (درەو) کەوتوون، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە لە چەند رۆژی داهاتوودا (٣٢٠ ملیار) دیناری موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بخاتە سەر ژمارە حسابی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بڕیاری کازمی بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران، دوای پەیوەندی تەلەفۆنی چەند کەسێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دێت لەگەڵ سەرکردەی لایەنە شیعەکانی عێراق بە دیاریکراویش (هادی عامری) سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح.
کازمی دەیەوێت رەزامەندی لایەنە شیعەکان وەرگرێت بۆ ناردنی پارەکە، ئەمە بۆ ئەوەیە خۆی لە توڕەیی ئەو لایەنانە لەناو پەرلەمانی عێراق بپارێزێت، کە بەمدواییە بە کۆدەنگی یاسایەکیان بەناوی یاسای "قەرز" پەسەندکردو لەو یاسایەدا ناردنی هەر بڕە پارەیەکیان لەلایەن حکومەتی کازمییەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەستەوە بەوەی، هەرێم بڕێک لە نەوتەکەی رادەستی عێراق بکات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەغدادەوە دەست (درەو) کەوتوون، کازمی وەکو دواجارو بەر لە پەسەندکردنی پرۆژە بودجەی ٢٠٢١، چەند رۆژی داهاتوو ئیمزا لەسەر ناردنی (٣٢٠ ملیار) دینارەکە دەکات بۆ هەرێمی کوردستان، واتە دوای ئەمجارە بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەپێی ئەو بڕە دەبێت کە لە بودجەی ٢٠٢١دا بڕیاری لەسەر دەدرێت.
بۆ ناردنی (٣٢٠ ملیار) دینارەکەی هەرێم، کازمی ئاماژەی ئەرێنی لە هەریەکە لە هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاساو عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە وەرگرتووە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی (درەو)، هێشتا موقتەدا سەدرو هاوپەیمانێتییەکەی (سائرون) هەروەها حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی (النصر) ناڕازین پارەکە بنێردرێت.
کازمی پێشتر رایگەیاند، بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەدوای دەرەچەی "یاسایی و سیاسی"دا دەگەڕێت، رەنگە دەرەچە سیاسییەکەی کەمێک بۆ کرابێتەوە.
سەبارەت بە دەرەچە یاساییەکەش، کازمی ئەم چەند رۆژەی دیاریکردووە بۆ ناردنی پارەکە، ئەم رۆژانە پەرلەمانی عێراق کۆبونەوەی نییەو پەرلەمانتاران لەنوسینگەی پارێزگاکان دەوام دەکەن، بەمەش خۆی لە هەر کاردانەوەیەکی کتوپڕو خێرای پەرلەمان دەپارێزێت، بەڵام سەرباری ئەمە پیشبینی دەکرێت هەندێک لە پەرلەمانتارو لایەنە شیعەکانی عێراق وەکو موزایەدەی سیاسی بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەیاننامە لەدژی کازمی دەربکەن و تۆمەتباری بکەن بەپێشێلکردنی یاسای "قەرز"، ئەمەش بەهانەی ئەوەی یاساکە ناردنی هەر بڕە پارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان بەستەوەتەوە بەوەی هەرێم بڕێک لە نەوتەکەی رادەستی بەغداد بکات.
ئەگەر کازمی پارەکە بنێرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بۆ ئۆپشنەکانی تر نابات و موچەی مانگی (١٠) هاشێوەی مانگەکانی تر بەرێژەی لێبڕینی ١٨٪وە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکات، بەپێچەوانەوە ئەگەر (٣٢٠ ملیار) دینارەکەی بەغداد نەگات، حکومەتی هەرێم بۆ موچە بڕی (٢٨٠ ملیار) دینار کورتهێنانی دەبێت و بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە دەبێت پەنا بۆ قەرزکردن ببات، ئەگەر قەرز نەکات جگە لە بەرزکردنەوەی ئاستی لێبڕینی موچە لە ١٨٪ بۆ نزیکەی ٤٠٪، هیچ ئۆپشنێکی تری لەبەردەمدا نابێت.
بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی دۆخی دارایی ئێستای حكومەتی هەرێم كلیك لەسەر ئەم راپۆرتەی خوارەوە بكە