سلێمانی: خاوەنی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون دەستبەسەرە
2020-12-01 17:41:32
(درەو):
خاوەن پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە سلێمانی دەستبەسەرە، دانیشتوانی پرۆژەكە سكاڵایان لەسەر تۆماركردووە بەهۆی ئەوەی پابەندی بەڵێنەكانی نەبووە لە دروستكردنی پرۆژەكەدا.
بەهۆی جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانیو خراپی مامەڵەكردنەوە، دانیشتوانی پرۆژەی "شاری ئەوین" لە سلێمانی، سكاڵایان لەسەر خاوەنی پرۆژەكەیان تۆماركرد.
خاوەنی پرۆژەكە كە ناوی (عەلی ئەمین شێخ ئەحمەد)ە، ئێستا لە بنكەی پۆلیسی "چوارچرا" دەستبەسەرە.
پرۆژەی "شاری ئەوین" لە ساڵی 2010 دەستكراوە، ژمارەیەك بەڵگەنامە لەبەردەستی (درەو)دایە، كە دەریدەخات لەگەڵ دروستكردنی ئەم پرۆژەیەدا، كێشەو گرفت لە پرۆژەكەدا هەبووەو بەشی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانیو لیژنەی پرۆژەكانی پارێزگای سلێمانی چەندینجار خاوەنی پرۆژەكەیان لە كەموكورتییەكانو ناڕەزایەتی دانیشتوانەكەی ئاگاداركردووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو كارنامەیەی كە دیاریكردووە، هەر لەسەرەتاوە پرۆژەی "شاری ئەوین" بەڵێنی بە دانیشتوانی پرۆژەكە داوە ئەم خزمەتگوزاریانە دابین بكات:
• جگە لە خانووەكان (قوتابخانەی بنەرەتی، قوتابخانەی ئامادەیی، بنكەی تەندروستی، دایەنگا، باخچەی ساوایان)
• جۆرەها باخچەو پارك و شاری یاری
• كارەبا بە كێبڵی ژێر زەوی هێڵی سەرەكیو مۆلیدەی ئەهلی
• تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ
• مۆڵو سوپەرماركێتو هەموو جۆرە بازاڕێك
• سیستەمی دابەشكردنی غاز بۆ هەموو ماڵێك
• پانی شەقامی لاوەكییەكان لە 12 مەتر كەمتر نیە هەتا 30 مەتر
بەڵام بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، كە لەگەڵ ژمارەیەك دانیشتوانی پرۆژەی "شاری ئەوین" قسەی كردووە: لەو بەڵێنانەی كە وەبەرهێنەر بە دانیشتوانی پرۆژەكەی داوە، نزیكەی رێژەی (95%)ی بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكردووە.
بە وتەی دانیشتوانی پرۆژەكە:
• لە پرۆژەكەدا تائێستا ( قوتابخانەی بنەرەتی، قوتابخانەی ئامادەیی، بنكەی تەندروستی، دایەنگا، باخچەی ساوایان) دروست نەكراوە، دانیشتوانی پرۆژەكە خۆیان دوو خانویان بەكرێگرتووەو مانگانە هەر كەسێكیان لە گیرفانی خۆی بۆ هەر قوتابیەك (10 هەزار) دینار دەدات، تەنانەت لەو كاتەشدا كە دەوام نیە.
• بەپێچەوانەی ئەوەی خاوەن پرۆژەكە لەسەرەتاوە بەڵێنیداوە، لە پرۆژەكەدا هیچ پاركو سەوزاییو شاری یاریی تێدا نیە.
• تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆی پرۆژەكە زۆر خراپەو بە پارەی دانیشتوانی پرۆژەكە دروستكراوە، هەر خاوەن خانویەك (150 دۆلار)ی داوە بۆ راكێشانی ئاو، پرۆژەیەكی ئاوەڕۆ و زێرابی قڕكە بەناو پرۆژەكەدا دەڕواتو سندوقی بۆ نەكراوە.
• بەپێچەوانەی ئەوەی خاوەن پرۆژەكە بەڵێنی داوە، پرۆژەكە هیچ جۆرە مۆڵو سوپەرماركێتو بازاڕێكی تێدا نیە.
• سیستەمی دابەشكردنی غاز بۆ هەموو ماڵێك دابین نەكراوە.
• خاوەن پرۆژە تەنیا لە دروستكردنی شەقامەدا بەڵێنەكەی خۆی بردوەتەسەر.
• سەعاتی كارەبایی بە (38 هەزار) دینارە، بەڵام خاوەنی كۆمپانیاكە (200 دۆلار)ی بۆ هەر خانویەك وەرگرتووە بۆ (600) ماڵ.
• مانگانە (25 هەزار) دینار خزمەتگوزاری خۆڵو خاشاك وەردەگرێت، لەكاتێكدا شارەوانی خۆی خۆڵو خاشاك فڕێ دەدات.
(درەو) لە بەدواداچونەكانیدا بۆ كەموكوڕییەكانی ئەو پرۆژەیە، چەندین دیكۆمێنتی دەستكەوتووە، كە زۆربەیان نوسراوی ئاگاداركردنەوەو خستنەرووی كەموكوڕییەكانی پرۆژەكەن لەلایەن دامودەزگا فەرمییەكان حكومەتی هەرێمەوە.
لە رۆژی 15/7/2014 بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی نوسراوێكی ئاڕاستەی فەرمانگەی دادنوسی سلێمانی كردووەو تێیدا رایگەیاندووە، پرۆژەی "شاری ئەوین" چەندین كێشەو كەموكورتی تێدایە، بۆیە لیژنەیەكمان پێكهێناوەو داوا لە بەڕێزتان دەكەین (انزار) هۆشداری ئاڕاستەی وەبەرهێنەرو خاوەنی پرۆژەكە (عەلی ئەمین شێخ ئەحمەد) بكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەو كەموكوڕیانە.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لە 1/10/2020، نوسراوێكی بۆ پارێزگای سلێمانی ناردووە سەبارەت بە پرۆژەی "شاری ئەوین" باس لە چەندین كەموكوڕیو كەمتەرخەمی دەكات:
- جێبەجێنەكردنی بینای بازرگانی ناو پرۆژەكە بەهۆی كەمتەرخەمی وەبەرهێنەرەوە
- بونی كێشەی ئاوەڕۆ كە بەناو پرۆژەكەدا دەڕواتو نەكراوە بە سندوقی
- وەبەرهێنەر كەمتەرخەمە لە جێبەجێكردنی سەوزاییو مزگەوت
لە رۆژی 3/11/2020 لیژنەی پرۆژەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواداچونی بۆ كێشەو داواكاری دانیشتوانی ناو پرۆژەی شاری ئەوین كرد:
هەتا ئێستا بەشە بازرگانیەكانی ناو پرۆژەكە درووست نەكراوە كە بەپێی گرێبەستەكە ئەركی كۆمپانیای جێبەجێكارە دروستی بكات، بەفەرمی ئاگاداری وەبەرهێنەر كراوەتەوە بەڵام پابەندنەبووە بە جێبەجێكردنیەوە.
لەناو پرۆژەكە كۆمپانیای پاسەوانی (سكویریتی) دانراوە دانیشتوانی پرۆژەكە داوا دەكەن كە سكویریتی نەمێنێت، چونكە رێگریان لێدەكەن لەكاتی بردنەژوورەوەی كەلوپەلەكانیان پێویستە لەماوەی یەك مانگدا كۆمپانیای پاسەوانی (سكویریتی) نەمێنێت.
بەپێی نوسراوێك كە دەست (درەو) كەوتووە كۆمپانیای سكویریتی كە ئەركی پاراستنی پرۆژەكەیە، بەڵام ئەو كۆمپانیایە كرێی خزمەتگوزاریو ئاو و كارەبا كۆدەكاتەوە، نوسراوەكە واژۆی بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی بەسەرەوەیە كە نوسیویەتی: ئێوە بۆتان نیە بچنە سەرماڵانو ئێوە ئەركی پاراستنی ئەو ماڵانەتان لە ئەستۆیە ئەگەر وا كاردەكەن نابێ لەوێ بمێنن.
بەڵام تا ئێستا ئەو كۆمپانیایە هەرلەوێن و بەردەوامە لەكاركردن.
لە 30/9/2020 بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان سلێمانی نوسراوێكی ئاڕاستەی خاوەنی پرۆژەكە (عەلی ئەمین شێخ ئەحمەد) كردووەو رایگەیاندووە: بۆ دواجار ئاگادارت دەكەینەوە كە وەبەرهێنەر ناتوانێت رێگر بێت لە ئەنجامدانی ئەو گۆڕانكاریانەی كە بە رێكاری یاسایی دەكرێنو رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمانی وەرگرتووەو بەپێچەوانەوەی روبەروی مامەڵەی یاسایی دەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی یاساییو كارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لە 6/10/2020 ئاگاداركردنەوەی ناردووە بۆ خاوەنی پرۆژەكە (عەلی ئەمین شێخ ئەحمەد) لەبەرامبەر وەرگرتنی قیستی موتەراكم لە دانیشتوانی پرۆژەكە، ئاگاداریان كردووەتەوە كە نابێت داوای قیستی موتەراكم یان هەموو قیستەكان بكات لەبەر ئەوەی خزمەتگوزارییەكانی ناو پرۆژەكە تەواو نەكراوە.
بە پێی وتەی دانیشتوانی پرۆژەكە قەرزی موتەراكم چەند قیستی تێدا مابێت لەكاتی فرۆشتنو یان گۆڕینی ناوی خاوەنەكەی هەر لایەنێك (500 دۆلار) وەردەگرێت كە نایاساییەو سەرەڕای ئەوە چی پارەی قیستیش مابێت ئەویش وەردەگرێت.
لەبەرامبەر ئەو كێشەو گرفت و كەموكوڕییانەدا، ژمارەیەك لە دانیشتوانی "شاری ئەوین" سكاڵایان لەسەر خاوەنی پرۆژەكە (عەلی ئەمین شێخ ئەحمە) تۆماركردو لە ئێستادا خاوەنی پرۆژەكە لە بنكەی پۆلیسی "چوارچرا" دەستبەسەرە.