چارەنوسی موچە لەبەردەم سێ ئۆپشندا
2020-11-27 14:07:33
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
هەفتەی داهاتوو حكومەتی هەرێم تاوتوێی دابەشكردنی موچەی مانگی (10)ی ئەمساڵی فەرمانبەران دەكات، حكومەتی مستەفا كازمی هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە ئایا (320 ملیار) دینارەكەی هەرێم دەنێرێت یاخود نا؟ ئەگەر پارەكەی بەغداد نەگات، سێ ئۆپشن لەبەردەم حكومەتی هەرێمدایە، بەهێزترینیان ئەوەیە حكومەت قەرز بكات بۆ ئەوەی ئاستی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران 18% زیاتر نەبێت، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
چارەنوسی موچەی مانگی 10
دواین رۆژەكانی مانگی 11یە، هێشتا حكومەتی هەرێم بڕیاری نەداوە لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی موچەی مانگی 10ی ئەمساڵ.
موچەی مانگی 9ی ئەمساڵی فەرمانبەران لە رۆژی 17ی مانگی رابردوودا دەست بە دابەشكردنی كرا، یەكەمین وەزارەت كە موچەی وەرگرت تەندروستی بوو، واتا بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ (40) رۆژ بەسەر دابەشكردنی موچەكانیادا تێپەڕێوە.
بەگشتیو بۆ هەموو فەرمانبەرانی هەرێم لە وەزارەتە جیاوازەكان، وادەی دابەشكردنی موچە (30) رۆژ تێپەڕیوە.
بۆچی موچە دواكەوت ؟
دواكەوتنی دابەشكردنی موچەی مانگی (10)ی فەرمانبەرانی هەرێم پەیوەندی بە پەسەندكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی داراییەوە هەیە لە پەرلەمانی عێراق، كە هەندێك بە یاسای "قەرز" ناوی دەبەن، ئەم یاسایە كە درەنگانی شەوێكی دوو هەفتە لەمەوبەر لە پەرلەمان پەسەندكرا، بەپێچەوانەی رێككەوتنی مانگی ئابی نێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەرێمی كوردستان ناچاركرد لەبەرامبەر وەرگرتنی بەشە بودجەی خۆی لە داهاتەكانی عێراق، بڕێك لە نەوتەكەی رادەستی حكومەتی ناوەند بكات.
بەهۆی دەرچوونی ئەم یاسایەوە، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، حكومەتی مستەفا كازمی (320 ملیار) دینارەكەی موچەی فەرمانبەرانی بۆ حكومەتی هەرێم نەناردووە، كە بەپێی رێككەوتنی مانگی ئاب، دەبێت تا پەسەندكردنی یاسای بودجەی 2021 مانگانە بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرێت.
پێشتر مستەفا كازمی لەڕێگەی وتەبێژەكەیەوە ئاماژەی بەوەكرد ناردنی (320 ملیار) دینارەكەی هەرێم بەهۆی یاسای قەرزەوە كێشەی بۆ دروست نابێتو بەردەوام دەبێت، بەوپێیەی ئەو پارەیە لە بنەڕەتەوە پارەی نەوتی هەرێمی كوردستانی لێدەركراوە، بەڵام ئەمە روینەداو هێشتا كازمی پارەكەی نەناردووە.
رۆژی 15ی ئەم مانگە حكومەتی عێراق دەستی بە دابەشكردنی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەران كرد، بەگوێرەی لیستی مانگی پێشووی موچە، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لیستی موچەی وەزارەتەكانی عێراقدا سێیەم وەزارەت بوو، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق ئەمجارە پارەكەی بۆ هەرێم نەنارد، ئێستا حكومەتی كازمی موچەی مانگی 11 دابەشدەكات، واتا (320 ملیار) دینارەكەی هەرێم لە لیستی موچەی مانگی (10)ی حكومەتی عێراقدا سڕاوەتەوە.
حكومەتی هەرێم هێشتا بە فەرمی وەفدی بۆ دانوستان لەبارەی چارەنوسی (320 ملیار) دینارەكە نەناردووە بۆ بەغداد، بەڵام پەیوەندی لەنێوان بەرپرسانی هەرێمو حكومەتی ناوەند هەیەو هێشتا حكومەتی كازمی وەڵامی فەرمی نەداوەتەوە.
بەگوێرەی ئەوەی باسدەكرێت، كازمی وتویەتی بەدوای دەرەچەیەكی یاساییو سیاسیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بەردەوامی بدات بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
حكومەت چی دەكات بۆ موچە ؟
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە هەفتەی داهاتووەوە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەست بە گفتوگۆ دەكات لەبارەی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانەوە.
كۆبونەوەی هەفتەی داهاتووی حكومەتو چارەنوسی چۆنیەتی دابەشكردنی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێم، وەڵامی حكومەتی عێراق لەبارەی ناردن یان نەناردنی (320 ملیار) دینارەكە، یەكلای دەكاتەوە.
جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند:" چاوەڕێین حكومەتی عێراق 320 ملیار دینارەكە بنێرێت، ئەگەر نەینێرێت، حكومەتی هەرێم چەند ئۆپشنێك تاوتوێ دەكات".
(درەو) زانیویەتی، ئەو داهاتەی كە ئێستا بەبێ (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد لەبەردەستی حكومەتی هەرێمدایە، نزیكەی (370 ملیۆن) دۆلارە، كە بەدینار دەكاتە نزیكەی (450 ملیار) دینار.
ئەگەر حكومەتی هەرێم هاوشێوەی مانگی (9)، بەلێبرینی 18%وە موچەی فەرمانبەران دابەشبكات، ئەوا بۆ دابینكردنی موچەی مانگی (10)، پێویستی بە (730 ملیار) دینار هەیە، ئەو پارەیەی ئێستا لەبەردەستی حكومەتدایە (450 ملیار) دینارە، ئەگەر (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد نەیەت، ئەوا حكومەت بۆ موچەی مانگی (10) بڕی (280 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت.
كورتهێنان چۆن پڕدەكرێتەوە ؟
هەر بڕیارێك لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی موچەی مانگی (10)ی فەرمانبەرانی هەرێم، هاوشێوەی مانگەكانی تر بەكۆدەنگی لەناو ئەنجومەنی وەزیران یەكلادەكرێتەوە، ئەمە بۆ ئەوەیە دەرفەت بۆ هیچ یەكێك لەلایەنە بەشداربووەكانی حكومەت نەمێنێتەوە لەبارەی پرسی موچەوە موزایەدە بەسەر یەكتردا بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە هەفتەی داهاتوودا، ئەنجومەنی وەزیران چەند بژاردەیەك لەبارەی میكانیزمی دابەشكردنی موچە تاوتوێ دەكاتو دەیخاتە دەنگدانەوە.
ئەگەر بەغداد (320 ملیار) دینارەكە نەنێرێت، حكومەت (280 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بۆ دابەشكردنی موچە بە لێبڕینی 18%وە، ئەم كورتهێنانە چۆن پڕدەكرێتەوە ؟ ئەوەی تاوەكو ئێستا هەیەو دەست (درەو) كەوتووە، ئەگەر پارەكەی عێراق نەگات، حكومەت (سێ ئۆپشن) لەبارەی دابەشكردنی موچەی مانگی (10)وە تاوتوێ دەكات:
• ئۆپشنی یەكەم: بەگوێرەی ئەو داهاتەی لەبەردەستدایە كە (450 ملیار) دینارە، دەست بە دابەشكردنی موچە بكرێت، كۆی خەرجی موچەی موچەخۆران لە هەرێمی كوردستان مانگانە (894 ملیار) دینارە، ئەگەر حكومەت بەپێی ئەو داهاتەی ئێستا لەبەردەستیدایە موچە دابەشبكات، دەبێت ئاستی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە 18%وە بۆ 50% بەرزبكاتەوە، ئەم ئۆپشنە ئەستەمەو پێناچێت حكومەت بەهیچ جۆرێك دەستی بۆ ببات.
• ئۆپشنی دووەم: حكومەت هەرێم قەرز بكات بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی كە بۆ خەرجی موچە هەیەتی، ئێستا داهاتی بەردەست (450 ملیار) دینارە، ئەگەر حكومەت بە لێبرینی 18%وە موچە دابەشبكات پێویستی بە (730 ملیار) دینار هەیە، واتە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچەی ئەم مانگە بڕی (280 ملیار) دینار قەرز بكات، ئەمە یەكێكە لە ئۆپشنە بەهێزەكان كە پێشبینی دەكرێت حكومەتی هەرێم هاوشێوەی حكومەتى بەغداد بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچە، پەنای بۆ ببات، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا حكومەتی هەرێم تەواوی كورتهێنانەكەی بەقەرز پڕ دەكاتەوە یاخود بەشێكی كورتهێنانەكە، بە واتایەكی تر ئایا 18% بەرزدەكاتەوە بۆ رێژەی لە سەرو 39%ەوە كە ئەمە هەنگاوێكە رەنگە كاردانەوەی موچەخۆرانی بەدوایوە بێت.
• ئۆپشنی سێیەم: حكومەتی هەرێم هاوشێوەی سەرەتای دەركەوتنی قەیرانی دارایی لەم كابینەیەدا، پەنا بۆ درێژكردنەوەی وادەی دابەشكردنی موچە ببات لە (30 رۆژ)ەوە بۆ (60 رۆژ)، ئەمەش لەپێناو كۆكردنەوەی داهاتی دوو مانگ بۆ دابینكردنی موچەی مانگێكی فەرمانبەران، ئەمەش ئۆپشنێكە كە جێبەجێكردنەوەی تاڕادەیەك ئاستەمە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بڕیاریدا مانگەكانی دابەشكردنی موچە رێكبخاتەوەو بەبڕیارێك سەرشانی كابینەكەی لە موچە پاشەكەوتكراوەكانی كابینەی پێشوو و موچە دواكەوتووەكانی كابینەكەی خۆی، پاككردەوەو لە مانگی (10)دا موچەی مانگی (9)ی دابەشكرد بەهیوای ئەوەی بتوانێت بەهۆی (320 ملیار) دینارەكەی بەغدادەوە مانگانە لەوادەی خۆیدا موچە دابەش بكات.