تا سێ مانگی تر پەرلەمانی كوردستان كۆنابێتەوە
2020-12-01 19:10:22
درەو:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتوون پەرلەمانی كوردستان تا مانگی ئازاری 2021 كۆنەبێتەوەو بڕیاری كۆتاییش دەدەنە دەست سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باس لە روداوەكانی ناوپەرلەمانی كوردستان و كۆبونەوەكەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان كراوەو پێیان باش بووە، تا بارودۆخی نێوانیان بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە،كۆبونەوەی پەرلەمان رابگیرێت، بڕیاری كۆتاییش دراوەتە دەست سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی كۆبونەوە یان ئەنجامنەدانی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان .
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) رایەكی بەهێز هەیە كە لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێم بە شێوەی زارەكی بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی راگەیاندووە لە ئێستادا وەزیرەكان نانێرن بۆ پەرلەمان، بۆیە كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان تا 1/3/2021 رادەگیرێت، لەبەر ئەوەی لە 1/1 ەوە تا 1/3 پشووی پەرلەمانە، واتا لە ئێستاوە تا 1/3/2021 كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان رادەگیرێت.
هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی، وەفدێكی تیمی حكومی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پرسی لامەركەزی لە سلێمانی بوون و لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان بە جیا كۆبونەوە، وەفدەكەی پارتی كە لە (پشتیوان سادق، ڤالا فەرید، ئومێد سەباح) پێكهاتبوون و تایبەت بوون بە پرسی لامەركەزی لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بەشداری بەشێكی كۆبونەوەكەی كردووەو رایگەیاندووە: ئێمە وەك یەكێتی تا سەری ساڵ چاوەڕێ دەكەین بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی نێوانمان و دەمانەوێت لامەركەزی بۆ هەموو كوردستان بێت نەك تەنها بۆ پارێزگای سلێمانی.