Draw Media

پەرلەمانتارێك لەدادگا بە پاسەوانەكەی دۆڕاند

پەرلەمانتارێك لەدادگا بە پاسەوانەكەی دۆڕاند

2020-12-01 11:11:41


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، لە دادگای هەولێر دۆسیەیەكی یاسایی بە یەكێك لە پاسەوانەكانی خۆی دۆڕاند، لە عێراق هەر پەرلەمانتارێك 16 كەسی بۆ دابینكراوە وەكو ستاف‌و پاسەوانی تایبەت، لە كوردستان پەرلەمانتاران سێ كەسیان بۆ دیاریكراوە، لە عێراق و كوردستانیش بەشێك لە پەرلەمانتاران پاسەوانەكانیان بۆ كاركردن لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و كاری تایبەتی ماڵەوە بەكار دەهێنن. موچەی پاسەوانی پەرلەمانتار لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان چەندە ؟ لەم راپۆرتەدا:

ناكۆكی پەرلەمانتارو پاسەوانەكەی
سەلیم شوشكەیی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی هەفتەیەك لەمەوبەرو بەدیاریكراوی لە رۆژی 24ی مانگی رابردوودا، لە دادگای هەولێر دۆسیەیەكی یاسایی بە یەكێك لە پاسەوانەكانی خۆی دۆڕاند. 
سەلیم شوشكەیی كە دوو خولە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، لە خولی پێشوودا، لەگەڵ دەستبەكاربونیدا ناوی (14) كەسی وەكو پاسەوان‌و تیمی تایبەتی خۆی تۆماركردووە.
یەكێك لەو كەسانەی كە سەلیم شوشكەیی دوای سەركەوتنی بۆ پەرلەمان كردویەتی بە پاسەوانی خۆی، كەسێك بووە بە ناوی (هیمداد عەزیز قادر)، ئەم كوڕە پێشترو لەسەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردندا، كامێرامانی تایبەتی سەلیم شوشكەیی بووە، شوشكەیی وەكو خۆی وتویەتی: وەكو وەفایەك بۆ یارمەتییەكانی ئەو كوڕە بۆ ئەو لەسەردەمی بانگەشەدا، ناسنامەی هیمدادی بردووە بۆ بەغدادو لە پەرلەمانی عێراق وەكو پاسەوانی خۆی ناوی تۆماركردووە.
بەپێی یاسا، موچەی هەر پاسەوانێكی پەرلەمانتارانی عێراق مانگانە بەتێكڕا (915 هەزار) دینارە، ئەم پارەیە (750 هەزار)ی بۆ موچەیە‌و بڕی (165 هەزار) دیناریشی وەكو دەرماڵەی خواردن بۆ پاسەوان دیاریكراوە.
بەگوێرەی نوسراوی دادگا كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، سەلیم شوشكەیی لە رۆژی 6/9/2014 بەفەرمی هیمدادی وەكو پاسەوانی تایبەتی خۆی لە پەرلەمانی عێراق دامەزراندووە، بەڵام تاوەكو مانگی یەكی ساڵی 2018 هیچ بڕە موچەیەكی پێنەداوە، سەرباری ئەمەش تاوەكو حەوت مانگی ساڵی 2018 شوشكەیی لەبری (915 هەزار) دینار كە موچەی فەرمی پاسەوانی پەرلەمانتارە، مانگانە تەنیا (600 هەزار) دیناری داوە بە هیمداد، واتە سەلیم شوشكەیی هەر مانگێك بڕی (315 هەزار) دیناری لە هیمداد بڕیوە.
لەبارەی دۆسیەكەیەوە، هیمداد بە (درەو)ی وت:" دوای ئەوەی بۆ ماوەی حەوت مانگ بڕی 600 هەزار دیناری مانگانەم لە مامۆستا سەلیم شوشكەیی وەكو پاسەوان وەرگرت، رۆژێك پێی وتم ئیتر تۆ موچەت نەماوە‌و گرێبەستەكەت هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام دواتر زانیم هێشتا ناوم لە لیستی موچەدایە‌و موچەكەشم وەردەگرێت كە مانگانە بڕی 915 هەزار دینارە، ئیتر چوین بۆ دەستەی دەستپاكی كۆمەڵی ئیسلامی‌و شكایەتمان كرد".
دەستەی دەستپاكی كۆمەڵ لەگەڵ سەلیم شوشكەیی قسە دەكات لەبارەی سكاڵای هیمدادەوە، شوشكەیی رەتیدەكاتەوە‌و دەڵێ ئەوە بوختانە، ئیتر دوای ئەمە هیمداد كێشەكە لەناو حزب دەردەهێنێت‌و بەفەرمی لە دادگا سكاڵا لەسەر سەلیم شوشكەیی تۆمار دەكات.
هەفتەیەك لەمەوبەر، دادگای بەرایی هەولێر لە بەرژەوەندی هیمداد‌و لەدژی سەلیم شوشكەیی بڕیاریدا، بڕیارەكە شوشكەیی پابەند دەكات بڕی (2 ملیۆن‌و 205 هەزار) دینار بۆ پاسەوانەكەی بگەڕێنێتەوە.
شوشكەیی لەڕێگەی پارێزەرەكەیەوە لە دادگا وتویەتی: ئەو بڕە پارەیەی كە مانگانە لە هیمدادی پاسەوانی بڕیوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەی، گەڕاندویەتیەوە بۆ كۆمەڵی ئیسلامی.
كێشەیەكی تریش لە دۆسیەكەدا هەیە، كە ئەویش رۆژی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هیمدادە وەكو پاسەوانی سەلیم شوشكەیی، نوسراوێكی پەرلەمانی عێراق هەیە كە ئاڕاستەی دادگای هەولێر كراوە باسلەوە دەكات گرێبەستی هیمداد وەكو پاسەوانی سەلیم شوشكەیی لە 1/2/2016وە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام دواتر سەلیم شوشكەیی لەڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە نوسراوێكی تری كردووە‌و وادەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پاسەوانەكەی پێش خستووە بۆ رۆژی 1/8/2015، دادگای هەولێر بەگوێرەی دواین نوسراو بڕیاریداوە‌و گرێبەستی هیمدادی لە 1/8/2015وە وەكو هەڵوەشاوە ئەژماركردووە، ئەگەر ئەم نوسراوە كاری پێنەكرایە، دەبوو سەلیم شوشكەیی بە تێكڕا بڕی زیاتر لە (8 ملیۆن) دینار بۆ ئەو پاسەوانەی بگەڕێنێتەوە.
ئەمە تەنیا كێشەی سەلیم شوشكەیی نییە، بەگشتی پەرلەمانتارانی عێراق‌و كوردستان كێشەی پاسەوان‌و تیمی تایبەتیی خۆیان هەیە.

 

ئیمتیازی پەرلەمانتاری عێراق
بەپێی بڕیاری ژمارە (282) حكومەتی عێراق، موچەی پەرلەمانتار هاوتای موچەی وەزیرە، لەبەر رۆشنایی ئەم بڕیارەدا تا ئەم ساتە موچە‌و ئیمتیازاتی پەرلەمانتاری عێراق بەمشێوەیەیە: 
•    هەر پەرلەمانتارێك مانگانە تەنیا وەكو موچەی تایبەتی خۆی بڕی (7 ملیۆن‌و 400 هەزار) دینار وەردەگرێت.
• كۆی گشتی موچەی پەرلەمانتاران كە ژمارەیان (329) پەرلەمانتارە، مانگانە (2 ملیارو 500 ملیۆن‌و 400 هەزار) دینارە.
• جگە لە موچەی خۆیان، پەرلەمانتاران موچەی ستافێكی (16) كەسییان پێدەدرێت، ئەم ستافە دوو بەشە، بەشێك پاسەوانی تایبەت‌و بەشەكەی تر فەرمانبەرو سكرتێری پەرلەمانتارن، كۆی گشتی موچەی ستافی هەر پەرلەمانتارێك مانگانە (17 ملیۆن) دینارە، دەچێتە سەر ژمارە بانكی پەرلەمانتارەكە.
• هەر (329) پەرلەمانتارەكەی عێراق بەتێكڕا (5 هەزار و 264) كەسیان وەكو پاسەوان‌و ستافی تایبەت هەیە، هەموو مانگێك بەتێكڕا (5 ملیارو 593 ملیۆن) دینار موچە بۆ پاسەوان‌و ستافی پەرلەمانتاران دەڕوات.
•    بەكۆكردنەوەی موچەی مانگانەی پەرلەمانتارانی عێراق‌و پاسەوانەكانیان كە لەبودجەی گشتی بۆیان خەرجدەكرێت، لەمانگێكدا (8 ملیارو 93 ملیۆن‌و 400 هەزار) دینار خەرجی موچەی پەرلەمانتارانە. 
•    ئەم پارەیە بەشێوەی ساڵانەش دەكاتە (97 ملیارو 120 ملیۆن‌و 800 هەزار) دینار، موچەی پەرلەمانتاران‌و پاسەوانەكانیشیان لەماوەی چوارساڵدا كە تەمەنی خولێكی پەرلەمانە، (388 ملیارو 438 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، كە دەكاتە، زیاتر لە (315 ملیۆن) دۆلار، واتە زیاتر (31 هەزارو 500) دەفتەر دۆلاری ئەمریكییان بۆ خەرجدەكرێت.
•    سەرباری ئەمە، لەگەڵ دەستبەكاربونیاندا، پەرلەمانی عێراق شوقە یان خانوو بۆ پەرلەمانتاران بەكرێ دەگرێت، بەمەرجێك كرێكە لە (3 ملیۆن) دینار زیاتر نەبێت، ئەم پارەیەش پەرلەمان دابینی دەكات‌و ناكەوێتە سەر موچەی پەرلەمانتارەكەی خۆی. 
بڕیارە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە ئێستا دوچاری عێراق بوەتەوە، لە پرۆژە بودجەی 2021ی عێراقدا موچە‌و ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران بەرێژەی 25% كەمبكرێتەوە.
سەرباری ئەمە هێشتا پەرلەمانتارانی عێراق گلەییان هەیە لەوەی موچە‌و ئیمتیازاتەكانیان بەشیان ناكات، بەوپێیەی حزبەكانیان مانگانە 50%ی كۆی موچە‌و ئیمتیازەكانیان لێوەردەگرێت‌و خۆشیان هەر لەسەر ئەو پارەیە یارمەتی خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت دەدەن، پەرلەمانتار سەرپشك كراوە چۆن ئەو ستافە (16) كەسییەكەی رێكدەخات، بۆیە زۆرێك لە پەرلەمانتاران كەسوكاری نزیكی خۆیان  وەكو پاسەوان تۆماركردووە‌و مانگانە موچەیەكی دیاریكراویان پێدەدەن بەبێ ئەوەی دەوامیان پێ بكەن، هەندێكی تر لەسەر ئەم پارەیە ستافی میدیایی خۆیان لە پەیجەكانی ناو تۆڕی كۆمەڵایەتی دروستكردووە، هەندێك پارەی (16) كەسەكەیان دابەشكردووە بەسەر زیاتر لە (30) كەسدا بۆ ئەوەی بتوانن هاوكاری چەند كەسێكی زیاتر بكەن، هەندێكیش بەشێكی زۆری پارەی ستاف بۆ خۆیان دەگەڕێننەوە‌و مانگانە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ ئەوانەی ناسنامەكانیان بەكارهاتووە بۆ وەرگرتنی پارەكە، بڕێكی دیاریكراو پارە بە كەسەكان دەدەن.

موچە‌و ئیمتیازی پەرلەمانتار لە كوردستان 
ناوەڕاستی ئەمساڵ، بەهۆی قەیرانی داراییەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێك رێژەی 50%ی موچەی پلەباڵاكانی بڕی.
پەرلەمانتار لە هەرێمی كوردستان تێكڕای موچەكەی بە موچەی بنەڕەتی‌و دەرماڵەوە (8 ملیۆن‌و 84 هەزار) دینارە، واتە هاوتاو تاڕادەیەكیش زیاترە لە موچەی وەزیر.
دوای بڕیاری كەمكردنەوەی موچەی پلەباڵاكان بەرێژەی 50% بەهۆی قەیرانی داراییەوە، چەند مانگێكە پەرلەمانتاران لە بری (8 ملیۆن) دینار، بڕی (4 ملیۆن) وەردەگرن.
هەر بەپێی یاسا، پەرلەمانتاری كوردستان سێ كەسی وەكو هاوەڵ لەگەڵدایە، ئەمانە یەكێكیان شۆفێرو دوانەكەی تر پاسەوانی تایبەتن، موچەی شۆفێرو پاسەوانان ناكەوێتە سەر موچەی پەرلەمانتار، بەڵكو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دابین دەكرێت.
لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عێراق، زۆرێك لە پەرلەمانتاران كەسوكاری نزیكی خۆیان وەكو پاسەوان دامەزراندووە، هەندێكیشیان خەڵكانی شارەزای بواری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان كردووە بە پاسەوان‌و لەبری ئەو پارەیەی مانگانە وەكو پاسەوان پێیان دەدەن، كاری پەیجی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بەو كەسانە دەكەن، و هەندێكیشیان بۆ كاری تایبەتی ماڵەوە بەكاریان دەهێنن، بۆیە هەندێكجار كێشەو ناكۆكی لەنێوان پەرلەمانتارو پاسەوانەكانیان روودەدات‌و هاوشێوەی ئەوەی لە سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی رویداوە، كێشەكە دەچێتە دادگاوە. 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەبەردەستی (درەو)دایە، مانگی حەوتی ئەمساڵ كە حكومەتی هەرێم موچەی مانگی شوباتی دابەشكردووە، زۆرینەی پەرلەمانتارانی كوردستان كە ژمارەیان (71) پەرلەمانتار بووە بڕی (ملیۆنێك‌و 500 هەزار) دینار موچەیان وەرگرتووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی:
•    50%ی موچەكەیان كەمكراوەتەوە، واتا لە (8 ملیۆن و 84 هەزار) دینارەوە كراوە بە (4 ملیۆن و 42 هەزار) دینار.
•    مانگانە بڕی (360 هەزار) دیناریان لێدەبڕێت بۆ كرێ‌و خزمەتگوزاری شوقەی نیشتەجێبوون.
•    بڕی (2 ملیۆن‌و 160 هەزار) دینار بۆ قیستی ئۆتۆمبێل دەڕوات، ئەمە بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئۆتۆمبێلیان بە قیستی پەرلەمان راكێشاوەو مانگانە قیستەكەیان دەدەنەوە. (بەپێی زانیارییەكانی درەو ئۆتۆمبیلەكان بایی نزیكەی 85 هەزار دۆلار بووە، زۆرینەی پەرلەمانتاران ئۆتۆمبێلەكەیان فرۆشتوەتەوە)
•    ئەوانەی ئۆتۆمبیلیان بەقیست راكێشاوە، كۆی  گشتی ئەو موچەیەی وەریان گرتووە (ملیۆنێك‌و 570 هەزار) دینار بووە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارانەی بە قیست ئۆتۆمبێلیان رانەكێشاوە بڕی (3 ملیۆن‌و 700 هەزار) دینار موچەیان وەرگرتووە.
•     پەرلەمانتارانی خانەنشینكراو بەهەمان شێوە رێژەی 50%ی موچەكەیان لێبڕدراوە، واتە موچەكەیان لە (6 ملیۆن‌و 560 هەزار) دینارەوە بووە بە (3 ملیۆن‌و 250 هەزار) دینار.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand