Draw Media

شەوانی باشماخ .. بازرگانی یەكێتی لەگەڵ توركیا

شەوانی باشماخ .. بازرگانی یەكێتی لەگەڵ توركیا

2020-11-24 16:41:22


راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
یەكێتی رێگەی بازرگانی لەگەڵ توركیا كردوەتەوە، بەوهۆیەوە باشماخ بە شەویشدا ناخەوێت، داهاتی دەروازەكە بە رۆژ بۆ حكومەتە، بەشەویش بۆ ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی، رێگەی "VIP" شەوانە پێشوازی لە زیاتر لە (200) بارهەڵگر دەكات كە لە دەروازەی  بازرگانەوە دەچێتە  ناو خاكی ئێرانەوەو لەوێشەوە دەگاتە ناو سنوری خاكی هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم ئاگاداری بازرگانییە نوێیەكەیە، بەڵام بێدەنگە.. 

بازرگانی یەكێتی لەگەڵ توركیا
یەكێتی رێگەی بازرگانی لەگەڵ توركیا كردوەتەوە، لەم رێگەیەوە بەرپرسێكی یەكێتی مانگانە نزیكەی (50 ملیۆن) دۆلاری دەستدەكەوێت.
ئەم رێگە بازرگانییەی یەكێتی لەگەڵ توركیا، سەرەتاكەی لە باكوری كوردستانەوە دەستپێدەكات‌و بەناو خاكی رۆژهەڵاتی كوردستان (ئێران)دا تێدەپەڕێت‌و دەگاتە مەرزی "باشماخ" لە هەرێمی كوردستان. 
هەندێك لە سەرچاوە ئاگادارەكان لەناو یەكێتییەوە باسلەوە دەكەن، (هاوڕێ دارۆ شێخ نوری) كە پسپۆڕی بواری بازرگانییە‌و لە ئەوروپا بڕوانامەی باڵای بەدەستهێناوە، ئەم رێگەیەی بۆ بازرگانی نێوان یەكێتی‌و توركیا دۆزیوەتەوە‌و خۆی بە خاوەنی رێگەكە دەزانێت.

(هاوڕێ دارۆ شێخ نوری) ئەندامی لیژنەیەكی سێ كەسییە كە ماوەی سێ مانگە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی دروستیان كردووە، لیژنەكە كارەكەی بریتییە لە جەردكردن‌و كۆكردنەوەی دارایی یەكێتی، كە لەدوای نەخۆشكەوتن‌و دواجاریش كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژوویی یەكێتییەوە پەرش‌و بڵاوبوەتەوە‌و هاوسەرۆكەكان نازانن لە كوێوە جڵەوی بكەن‌و جارێكی تر لە دەستی خۆیاندا گرێی بدەنەوە.
یەكێتی كێشەی بازرگانی هەیە، چونكە ناوچەكەی تەنیا سنوری لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەڵام پارتی لەم بوارەدا دۆخی باشترەو سنوری بە هەریەكە لە توركیا‌و ئێران‌و سوریاشەوە هەیە.
خاڵی سەرەكی بازرگانییەكەی یەكێتی لەگەڵ توركیا دەروازەی سنوریی "بازرگان"ە لەنێوان ئێران‌و توركیا، ئەم دەروازەیە ئاسانترین‌و خێراترین رێڕەوی سنوری نێوان توركیاو ئێرانە، هەندێك بە هەرزانترین رێگاش ناوی دەبەن، كە تێچووی كەمە.
یەكێتی لەدوای ریفراندۆمەوە بیری لە نزیكبوونەوە لە توركیا كردووەتەوە، بازرگانیش بۆ گەیشتن بە توركیا رێگە نزیكەكەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، ئەم رێگە بازرگانییە، چەند هەنگاوێك پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ توركیا بردوەتە پێش.

شەوانی باشماخ  
ماوەی (18) مانگە یەكێتی لەڕێگەی بەندەری "بازرگان"ی نێوان توركیا‌و ئێرانەوە دەستی بە بازرگانی كردووە لەگەڵ توركیادا، بارەكان كە لە توركیا‌و ئەوروپاوە دێنە دەروازەی  "بازرگان"، بە پارێزگای (ورمێ)ی رۆژهەڵاتی كوردستاندا تێدەپەڕن‌و دەگەنە مەرزی (باشماخ)، یەكێتی لە مەرزی (باشماخ) رێگەیەكی تایبەتی بۆ ئەم بازرگانییە كردووەتەوە، رێگەكە ناوی لێنراوە "VIP" هەندێكیش پێی دەڵێن "هێڵی ئیدارەی گشتی" لەمەشدا مەبەستیان لە ئیدارەی گشتی یەكێتییە كە دڵی دارایی حزبەكەیە. 
هەموو ئەو كاڵایانەی كە بە رێگەی "VIP"دا دەڕۆن، لەدوای دەوامی فەرمی گومرگی باشماخ‌و بەشەودا تێدەپەڕن، واتا گومرگ ناكرێن‌و هیچ داهاتێكیان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ناگەڕێتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، شەوانە (200 بۆ 250) بار لەڕێگەی " VIP"ی مەرزی باشماخەوە دێنە ناو هەرێمی كوردستان یاخود بەپێچەوانەوە هەناردەی ئێران دەكرێن، واتا مەرزی باشماخ بەشەوانیشدا ناخەوێت‌و كار دەكات، داهاتی مەرزەكە بە رۆژ بۆ حكومەت‌و بە شەویش بۆ یەكێتییە.
ئەو بارانەی كە بە شەوان بەناو رێگەی " VIP"ی مەرزی باشماخدا تێدەپەڕن، سێ جۆرن:
جۆری یەكەم: تەڕە
مەبەست لە تەڕە، میوە‌و سەوزەواتە وەكو (سێو، ترێ، كاوهو، قەڕنابیت.. هتد).
ئەم بارانە بەشەوان‌و لە رێگە " VIP"وە بەبێ گومرگ‌و لەژێر سەرپەرەشتی ئەو كەسەی كە خۆی بە خاوەن‌و دۆزەرەوەی رێگەكە دەزانێت، تێدەپەڕێن.
جۆری دووەم: بارە موتەفەریقەكان
ئەم بارانە مەبەست لەو كاڵایانەیە كە بەشێكیان لە بنەڕەتەوە خۆیان هاوردەكردنیان بۆ هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا قەدەغەیە لەنمونەی (جگەر، هێلكە، دووگ، كەلوپەلی كارەبایی، جگەرەی مارلیبۆرۆ).
لە سەرەتای كردنەوەی رێگە بازرگانییەكەی نێوان یەكێتی‌و توركیا لەڕێگەی ئێرانەوە، شەو هەبووە تەنیا لە هێلكەدا (200) بارهەگر لە باشماخەوە هاتوەتە ناو هەرێمی كوردستان، ئەمە هێلكە توركییەكەیە كە پێشتر تەنیا لەڕێگەی مەرزی ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردەی هەولێر دەكراو لەوێشەوە رەوانەی سلێمانی‌و ناوچەكانی تر دەكرا، ئێستا لە سایەی هێڵە نوێیەكەی یەكێتییەوە، لە سلێمانییەوە هێلكە بۆ هەولێر دەنێردرێت، ئەمە لەكاتێكدایە بازاڕی هەولێر كێشەی هێلكەی توركی نییە، پارتی ئاگاداری رێگە نوێیەكەی یەكێتییە، بۆیە ماوە لەدوای ماوە هێزە ئەمنییەكانی پارتی دەستگیركردنی ئەو بارانەی هێلكە رادەگەیەنن كە لە سلێمانییەوە بەرەو هەولێر دەڕۆن.
سەرباری هاوردەكردن، شەوان (مس‌و فافۆن) لەڕێگەی مەرزەكەوە هەناردەی ئێران دەكرێن.
جۆری سێیەم: دەرمان‌و ئۆتۆمبیل‌و ئاژەڵ
ئەم سێ جۆرە كاڵایە لەوانەن كە شەوان بە رێگە " VIP"دا هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن.
(درەو) زانیویەتی بۆ هەر بارێكی دەرمان، بڕی (80 بۆ 100) هەزار دۆلار وەردەگرێت.
لەبارەی ئۆتۆمبیلیشەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانمان، شەوانە ئۆتۆمبیلی خوارو مۆدێلی رێگەپێدراو، واتا مۆدیلی (2018) هاوردە دەكرێت، لەوانە پاسی گەورەی مۆدێلی (2008) كە لە سلێمانییەوە رەوانەی بەغدادو ناوچەكانی خواروی عێراق دەكرێت، بۆ هەر پاسێك كە بە رێگە " VIP"دا تێدەپەڕێت بڕی (8 هەزار) دۆلار وەردەگیرێت.
هەموو ئەو پارانەی كە مانگانە لەرێگەی ئەم هێڵە " VIP"وە دەست خاوەنی رێگەكە دەكەوێت كە دەوترێت لەلایەن یەكێك لە هاوسەرۆكەكانی یەكێتییەوە پاڵپشتی دەكرێت، بە نزیكەی (50 ملیۆن) دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام وەكو هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، لەم پارەیە مانگانە تەنیا (8 بۆ 10 ملیۆن) دۆلاری دەگەڕێتەوە بۆ ناو قاسەكەی یەكێتی، ئەمە وایكردووە گومان لە بازرگانییەكە بكەن‌و باسلەوە بكەن داهاتەكە لەناو هەندێك لە گەورە بەرپرساندا دابەش دەكرێت. 

حكومەت ئاگادارە ؟
گەورە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم، لەوانە  مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ئاگاداری جوڵەی بازرگانی رێگەی "VIP"ین لە مەرزی باشماخ، بەڵام بێدەنگن، وەزارەتی دارایی تائێستا نەیتوانیوە جوڵەی بازرگانی شەوان لە مەرزی باشماخ رابگرێت، ئەمە دوو جۆر بۆچوون لەناو ئەو كەسانەدا دروستكردووە كە لە مەرزەكە كاردەكەن، هەندێك دەڵێن حكومەت دەسەڵاتی بەسەر مەرزەكاندا نییە‌و هێشتا دوو ئیدارەیی‌و هەژموونی حزب زاڵە، هەندێكی تر باسلەوە دەكەن، گەورە بەرپرسانی حكومەتیش لەرێگەی كەسە نزیكەكانیانەوە سودمەندن لە بازرگانی شەوانەی باشماخ، بۆیە بێدەنگن.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت یەكێك لە گلەییەكانی لە یەكێتی ئەوەیە، داهاتی مەرزەكانی بەتەواوەتی بۆ حكومەت ناگەڕێنێتەوە، لەحاڵێكدا ئەو لە سنوری پارتی بەوتەی خۆی، داهاتی ئیبراهیم خەلیلی زیادكردووە، مەسرور بارزانی باسلەوە دەكات چیتر ناتوانێت داهاتی ناوچەی پارتی لەرێگەی حكومەتەوە بنێرێت بۆ سلێمانی لە حاڵێكدا ناوچەی سلێمانی هەموو داهاتەكانی نەگەرێنێتەوە بۆ حكومەت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand