بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی 

Draw Media

2021-02-01 11:23:16



مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) 
 

ھەفتەی ڕابردوو وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی داوای لە مامۆستایانی ئایینی هەرێمی کوردستان کرد وتاری ھەینییان، بۆ ڕۆژی 29 کانونی دووهەم، تایبەت بکەن بە ڕەخنەکردنی ئەو کورتە فیلمە ئێرانییەی کە بە ناوی”توکل“ بڵاوکرایەوە. ئەو کورتە فیلمە لە هەموو ڕوویەکەوە فیلمێکی خراپ و پڕوپاگەندەئامێز بوو، بەڵام پەیامەکەی پشتەوەی سەرۆکەکانی پارتی توڕەکرد و وایلێکردن بێنە سەر خەت. 
فیلمەکە باس لە ساتەوەختی ھێرشی داعش بۆ سەر مەخمور و هەڕەشەی پەلاماردانی ھەولێر و دھۆک دەکات. فیلمی ”توکل“ وێنەیەکی نێگەتیڤی سەرۆکی ئەوسای هەرێم، مەسعود بارزانی نماییشدەکات کە چۆن لەدواچرکەساتەکانی نائومێدبوونی لە ئەمریکا و وڵاتانی تر، بیر لە هەڵهاتن و تەسلیمبوون دەکاتەوە، بەڵام قاسم سلێمانی وەک قارەمانێکی ئەفسانەیی بە هەلیکۆپتەرێکەوە دێتە هەولێر و مەسعود بارزانی ڕزگاردەکات. ئەم فیلمە ناڕەزایەتییەکی گەورەی پارتی دیموکراتی کوردستانی لێکەوتەوە و وەزارەتی ئەوقافیش، کە وەزیرەکەی لە پشکی پارتییە، ئەرکی بەرگریکردنی لە مەسعود بارزانی وەک سەرکردەیەکی سیاسیی و سەربازیی، بە وتاربێژی مزگەوتەکان سپارد. 
پارتی کە خاوەنی ئیمپراتۆرییەتێکی میدیایی گەورەیە، ھەم کوڕەکەی بارزانی و ھەم برازاکەی کە هەردوو جومگە گەورەکەی سەرۆکایەتی حکومەت و هەرێمیان بەدەستەوەیە، خاوەنی کەناڵی تەلەفیزیۆنی شەخسیی تایبەت بە خۆیانن و پارتیش وەک حیزب خاوەنی چەندان کەناڵی تەلەفیزیۆنیی ساتەلایت و تەلەفیزیۆنی ناوخۆیی و رادیۆیە. جگە لەمانە چ کەسە باڵادەستەکانی ناو خێزانە سیاسییەکەی پارتی و چ پارتی خۆشی وەک حیزب، دەیان ڕۆژنامە و گۆڤاریان ھەیە  و تەمویلی ژمارەیەکی زۆریش لە سایت و پەیجی خاوەندار و بێخاوەن دەکەن. 


واتە لەکاتێکدا پارتی کە خاوەنی ئەم ھەموو دەزگا و کەناڵە میدیایانەیە و بودجەیەکی گەورەی داهاتی گشتییان تیادا سەرفدەکات، کەچی لەڕێگای وەزارەتی ئەوقافەوە فشار لە وتاربێژی مزگەوتەکان دەکات، بەرگریی لە مەسعود بارزانی بکەن و ەک موقەدەسێکی سیاسیی مامەڵەی بکەن . ئەم پەنابردنەی پارتی بۆ مزگەوت، لە کاتێکدا ئەو ئیمپراتۆریەتە میدیاییە گەورەیەی ھەیە، تەنھا یەک ڕاستییمان پێدەڵێت: ڕووتبوونەوەی تەواوی خورافەتی ھەیمەنەی ئەم ھێزە و بەزۆر سەپاندنی بڕیارەکانی لەڕێگای ھێزەوە، لەوانەش بەزۆرسەپاندنی خواستی بەپیرۆزناسین و مامەڵەکردنی سەرۆکەکەی بەسەر خەڵکی ھەرێمەکەدا. ھەروەھا ھێما بە گەیشتنی ئەم ھێزە دەکات بەو ڕاستییەی کە نە میدیاکەی و نە پیاوە گەورەکانی ڕیزی یەکەمی حیزبەکە و نە مەقەڕ و ئۆرگانەکانی و نە ئەو لەشکرە گەورەیە لە نووسەران کە کڕیونی، لانی ھەرەکەمی متمانەیان لەناو کۆمەڵگادا نەماوە، ئەوەی ڕەنگە مەلایەک بتوانێت بۆ ئەوانی بکات، کادر و سەرکردە قاتلەبەر و ئۆرگانە زۆرەکانی حیزبەکە و نووسەرەکانی بۆیان ناکرێت. 
لەسەرێکی دیکەوە ئەم پەنابردنە بۆ مزگەوت ھێمایە بۆ قەیرانێکی قووڵ و ھەمەلایەنی پرۆژەی سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا. بەر لەم پەنابردنە بۆ مزگەوت دەرکەوتێکی گەورەی تری ئەم قەیرانەمان لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەماندا بینیی. لەو ھەڵبژاردنەدا نزیکەی حەفتا لەسەدی دانیشتوانی ھەرێم بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کرد و رەفزیانکرد دەنگ بەو دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییە بدەن کە خێزان و کەسایەتییە بە موقەدەسکراوەکان بەڕێوەیدەبەن. ئەگەر نەچوون بۆ دەنگدان و بایکۆتکردنی ھەڵبژاردن ھێمابێت بۆ ڕەفزی ڕاستەوخۆی زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێمەکە بۆ سوڵتانیزمی سیاسیی و مۆدێلی حوکمڕانیی و سیاسییەکانی ناوی،  چوونەدەرەوەی نوێژکەرێک دوای تەکاندنی بەرماڵەکەی، لە مزگەوتی ئیسرا و میعراج لە ھەولێر، ھەمان ھێمایە بۆ فەشەلی سەرتاسەریی ئەم سیستەمە سوڵتانییە و ئەم سیاسەتە تازەیەی پەنابردن بۆ مزگەوت.
ئەگەرچی ئەم ساتەوەختە لە زیاد لە ئاستێکدا ساتەوەختێکی شۆڕشگێڕانە نییە، قەیران ھەیە بەرامبەر بەوە بکەر و ڕێگای دەرچوون لە قەیران بوونیان نییە، بەڵام بێبەشیش نییە لە کردەی بەرگرییکردنی بەردەوام و ھەمەجۆر. بەرجەستەترین فۆرمی ئەم بەرگرییکردنە بەرامبەر بەم سیاسەتە تازەیەی پارتی بۆ ئاراستەکردنی مزگەوتەکان، لە ھەڵسوکەوتی ئەو پیاوە نوێژکەرەدا دەرکەوت، کە لەناو مزگەوتەکەدا ھەڵسایەوە سەرپێ، بەرماڵەکەی تەکاند و مزگەوتەکە بەجێھێشت. لەوکاتەدا وتاربێژی مزگەوتەکە خەریکی پیادەکردنی داواکەی پارتی و پڕوپاگەندەکردنە بۆ سەرۆکەکەی. ئەم فۆرمە لە بەرگریکردن دەرکەوتێکی پڕدەلالەتی ئەو قەیرانی حوکمڕانییەیە کە سیستەمە سوڵتانییەکەی تێکەوتوە. سوڵتانیزمی سیاسیی وەک سیستەمێک کە تیایدا دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزانی سیاسیی، کرۆکی سیستمەکە و ئاراستەکەری کردەی سیاسیی و چەمکی ھەرە سەرەکیی ناو زۆرینەی کایەکانە.

 مزگەوت و کەنیسە و سیناگۆگ و پەرستگا و شوێنە دینییەکانی تریش، بەشێکی سەرەکیی پێکھاتی ئاینەکانن. ئەم دەزگایانە، ئەگەرچی لە ھەر دینێکدا بەشێوەیەکی جیاواز ڕێکخراون، بەڵام ھەموویان بەرجەستەکەری ڕووکارە مادیی و کۆمەڵایەتییەکەی دینن. مزگەوت وەکچۆن شوێنێکە بۆ کۆبوونەوەی بڕواداران بۆ پیادەکردنی دیندارییان، لەھەمانکاتدا دەزگایەکیشە دەکرێت بۆ مەبەستی ئابوریی و سیاسیی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی بەکاربێت. لە مێژووی سەدەی بیستەمی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەتی لەدوای بەھێزبوونی دیاردەی ئیسلامی سیاسییەوە، مزگەوتەکان لە دوو دۆخدا ڕۆڵێکی سیاسیی گەورەیان پێبەخشراوە و وەک دەزگایەکی سیاسیی دەستبەکرابوون.
 یەکەمیان ئەو دۆخەیە کە تیایدا دەوڵەت بە ئەرکە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی خۆی ھەڵناسێت و سیاسەتێکی دیاریکراویشی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەژاریی و نەداریی و گەندەڵیی نەبووبێت و خۆی لەو ئەرکە سەرەکیی و بنەڕەتییە دزیبێتەوە . لەم دۆخەدا و لە زۆر شوێندا مزگەوت بووە بە یەکێک لەو دەزگا سەرەکییانەی بڕێک لەو ئەرکانەی جێبەجێکردوە و ئەو درز و کەلێنانەی پڕکردۆتەوە کە غیابی دەوڵەت دروستیکردون. کێشەکە لەوەدابووە زۆربەی جار ئەو ھێزانەی بەو کارانە ھەستاون ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی بوون و لەپشتی ئەم شێوازە لە بەکارھێنانی مزگەوتەوە تەماحێکی سیاسیی ئامادەبووە. ئەم دۆخەش مزگەوتی گۆڕیوە بۆ بکەرێکی نادەوڵەتیی کە کۆمەڵێک لە ئەرکەکانی دەوڵەت ئەنجامدەدات، ئەوانەشی کە ئەو کارانەیان لە مزگەوتدا ئەنجامداوە، گۆڕیوە بۆ بکەری سیاسیی. بەمەش مزگەوت وەک دەزگایەکی سیاسیی، وەک دەسەڵاتێکی تەریب بە دەسەڵاتی دەوڵەت داڕشتراوەتەوە و خۆشی ڕەھەندێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی گەورەی وەرگرتوە. 
دوومیان دۆخی نەبوونی ئازادیی سیاسیی و باڵادەستی سیستەمی تاکحیزبییە. لە زۆر شوێنی ئەم ناوچەیەدا کاتێک سیستەمی تاکحیزبیی و فشاری سیاسیی گەورە ئامادەبووە، سیاسەت گۆڕاوە بۆ چالاکییەکی نھێنیی یاساغکراو. لەبەرئەوەی ڕێگەنەدراوە بە ئاشکرا پارتی سیاسیی دروستبکرێت، بۆیە پەنا بۆ بەکارھێنانی مزگەوت براوە وەک شوێنێک ئەو ڕۆڵە سیاسییە ببینێت. لەم دۆخەشدا مزگەوت ڕۆڵی ڕووبەرێکی سیاسیی بینیوە لەناو فەزایەکی دژەسیاسەتدا و بووە بە شوێنێک بۆ بەرھەمھێنانی چالاکەوانی دینیی سیاسیی دژەدەوڵەت. 
لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا سەرجەمی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی، لە ئیخوانەکانەوە بۆ جیھادیست و سەلەفییەکان، مزگەوتیان وەک شوێنێک بۆ کاری سیاسیی بەکارھێناوە. لە ھەرێمەکەی خۆماندا ھەم هێزە ئیسلامییەکان و ھەم پارتی و یەکێتیش مزگەوتیان نەک تەنھا بۆ مەبەستی سیاسیی بەکارھێناوە، بەڵکو وەک درێژکراوەی لەشی خۆیان لەناو دونیای ئیمانداراندا مامەڵەیانکردوە. دەسەڵاتی کوردییش مەلا و بکەری دینیی گوێڕایەڵی سەر بە پارت و بنەماڵە سوڵتانییەکان دروستکردوە. ئەوەی پارتی ھەفتەی ڕابردوو ئەنجامیدا، لەسەرێکەوە ھەم درێژکراوەی ئەم سیاسەتی بەسیاسییکردنەی مزگەوتە، ھەم ھێمای نائومێدبوونە لە دەزگاکانی خۆی لەوەدا بتوانن بە خەڵک بگەن و کاریگەرییان لەسەر بەجێبھێڵن. بەڵام  ئەوەی ڕۆژی ھەینی ڕابردوو لە مزگەوتی ئیسرا و میعراج لە ھەولێر ڕوویدا، فەشەلی ئەم سیاسەتی گەڕانەوەیە بۆ مزگەوت و شکستی هەیمەنەی سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا نیشانداین. 


پیاوی بەرماڵەکە ھێما بۆ دروستبوون و ئامادەگیی جۆرێک لە ئیماندار دەکات بەگژ ئەوەدا دەچێتەوە مزگەوت لە دەزگایەکی دینییەوە بگۆڕن بۆ دەزگایەکی حیزبیی، ئیمان و دینداریی خۆیان و سیاسەتی ئەم یان ئەو حیزبی سیاسیی بەیەکتری تێکەڵبکرێت. بەرماڵتەکێنەکە مۆدێلێکە لە بکەری دینیی کە دژی داڕشتنەوەی فیگەری مەلایە لە وتاربێژەوە بۆ کادێرێکی حیزبیی و خوداپەرستییش بگۆڕدرێت بۆ شەخسپەرستیی. 
ھەروەھا دژی ئەوەیە ئەوەی لەناو مزگەوتێکدا دەگوترێت کۆپی ھەمان ئەو شتە بێت کە لەناو بارەگا حیزبییەکاندا دەگوترێت. دروستبوونی ئەم بکەرە دینییە، کە دینی وەک دین دەوێت و خوداشی وەک خودا دەوێت نەک وەک سەرۆکی پارتێکی سیاسیی، فەشەلێکی بەرچاوی سیاسەتی بەگشتییکردنی گوێڕایەڵیی و ئیتاعەتکردنی ھێزە سوڵتانییەکان و درێژکراوە دینییەکانیان، نیشانئەدات. 
ستراتیژییەتی سەرەکیی سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا، وەک ھەر سیستەمێکی دەسەڵاتگەر، بریتییە لە دروستکردنی تاکەکەسێکی گوێڕایەڵ و بێئیرادەیە، کەسێک دەسەڵات چی ویست و چی چاوەڕێکرد بەوجۆرە بجوڵێتەوە و لەو ئاسۆیەدا بیربکاتەوە. سوڵتانیزم لە ھەرێمدا خەون و بەرنامەی دروستکردنی مۆدێلێک لە مرۆڤی ھەیە، ئەبەدیبوونی ڕژێمە سوڵتانییەکە و خواست و چاوەڕوانییەکانی و مەزن خۆنمایشکردنی بکەرەکانی، بەناوەکیی بکات و لەناو کەسایەتی خۆیدا بیانچێنێت. واتە ئەم سیستەمە دروستکردنی تاکەکەسیی گوێڕایەڵ، خودێکی ناڕەخنەیی، بوونەوەرێکی بێ کردەی بەرگریی، ستراتیژی کارکردنەکانی ئاراستەدەکات و ئەو مۆدێلی خودسازییە سەروەردەکات کە دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەکە بۆ دروستکردنی ”سیستەمی براگەورە“ و ”بنەماڵەی موقەدەس“ پێویستی پێیەتی. 
ئەوەی ئەو خاوەن بەرماڵە لە مزگەوتی ئیسرا و میعراج لە ھەولێر بە ھەموومانی نیشانیدا، فەشەلی ئەم سیاسەتی خودسازییەیە کە ئامانجی یەکەم و کۆتایی بریتییە لە دروستکردنی مرۆڤی گوێڕایەڵ. ئەو ھەموو سەرنج و گرنگیپێدانە بەرفراوانەیش کە بەم خاوەن بەرماڵە و ھەڵوێستەکەی درا، بە تایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، پابەستە بە بەرجەستەبوونی ڕاستەوخۆی ئەم فەشەلە گەورەیەی دروستکردنی مرۆڤی گوێڕایەڵ لەناو یەکێک لە کۆنترۆڵکراوترین شارەکانی کوردستاندا و لەلایەن یەکێک لە پارتە ھەرە دەسەڵاتگەرەکانی ناو مێژووی سیاسیی ئێمەوە. 
لەپاڵ ئەم ڕاستییە سادەیەدا دەشێت ئەو گرنگیپێدانە گەورەیە بە کردەی ھەستان و بەرماڵتەکاندن و جێھێشتنی مزگەوتەکە لەلایەن ئەم نوێژکەرە ناڕازییەوە، بۆ ئەم خاڵانە بگەڕێینینەوە. 
یەکەم: بوونی بڕێکی گەورە لە بەرگریکردن لە ئاکاری ئەو کەسەدا بەرامبەر بە ”مەقەڕکردن“ی مزگەوت و گۆڕینی شوێنێکە لە ”ماڵی خودا“ەوە بۆ ”ماڵی حیزب“. ھەروەھا ناڕازیبوون بەرامبەر بە گۆڕینی شوناسی کەسی ئیماندار بۆ کادێرێکی حیزبیی گوێڕایەڵ. 
دووھەم: سەندنەوەی پیرۆزیی لە بنەماڵە سوڵتانییەکان و پەکخستنی موقەدەسبوونی سیاسییان لەڕێگای کێشانی ھێڵێکی شاقوڵییەوە لەنێوان موقەدەسی سیاسیی و موقەدەسی دینیدا، جیاکردنەوەی بەموقەدەسکراوی سیاسیی لە موقەدەساتی دینیی. 
سێھەم: پاکژکردنەوەی ویژدان و تێگەیشتنی دینیی تاکەکەسی ئیماندار لەو تێوەگلانە ناشیرینانەوە کە دین بە گوێڕایەڵییکردن و بە تەسلیمبوون بە دەسەڵاتدارانەوە، گرێئەدات. ئەوەی بینیمان بە پلەی یەکەم ئیتاعەتنەکردنی ئیمام و وتاربێژێکی دینیی بوو، لەڕێگای ئەویشەوە ئیتاعەتنەکردنی ئەو فۆرمانە لە دینداریی کە داوای تەسلیمبوونی تاکەکەس دەکەن. 
چوارھەم: ناڕەزاییدەربڕین بەرامبەر بە گۆڕینی بکەری دینیی ناو کایەی دین، بۆ بکەرێکی سیاسیی حیزبی کە سنوورێک لە نێوان دین و سیاسەتدا ناھێڵێتەوە. 
پێنجەم: دەرکەوتنی جۆرێک لە کردەی بەتاکەکەس و بەخودبوون کە تەسلیمی ئەو ڕژێمانەی خودسازیی نابێت کە تەماحی  باڵادەستبوونیان ھەیە و داوای تەسلیمبوون لە مرۆڤ دەکەن. ئەوەی بینیمان بکەرێک بوو تەحەدای ئەو گوتاری تەسلیمبوونەی کرد و بوون و ئامادەگیی ئەم گوتاری تەسلیمبوونەشی لەناو مزگەوتدا وەک شتێکی ناسروشتیی و نەگونجاو مامەڵەکرد. ھەموو ئەمانەش بەبێ ئەوەی گوێبداتە دەرەنجامی کارەکەی و ئەو کێشانەی کە دەتوانێت بۆی دروستبکات. 
شەشەم: بوونی ڕەھەندێکی ڕۆمانسییانەی گەورە لەو کردەی تەحەداکردنە تاکەکەسییەدا. ئەوەی بینیمان تاکەکەسێکی بڕوادار بوو خۆی لەو ژینگە و جەماعەتە دینییە دابڕیی کە لەناویاندایە و ”نا“یەکی تاکەکەسانەی ووت لە ڕەوتێکدا کە بۆ ”بەڵێ“گوتن دروستکرابوو. 
بە کورتییەکەی، هەڵوێستی بەرماڵتەکێنەکە و کردەکەی بەرگرییکردنێکی بوێرانە بوو، لە ئیرادە و ئیمانێکی ئازادەوە ھاتبوو، وێناکردنێکی تایبەتی دین و سیاسەتی لەپشتەوە بوو، کە بەسەریەکەوە پێماندەڵێت، مزگەوت شوێنی عیبادەتە نەک سیاسەت. ئەگەر موقەدەسێک ھەبێت دەبێت خودابێت نەک سەرکردەیەکی سیاسیی. هەرچی ئەو ڤیدیۆیەشە کە دواتر بڵاوکرایەوە، دەچێتە خانەی ئەو تەکنیک و پیلانانەوە کە سیستمە دەسەڵاتگەرەکان بۆ شکستپێهێنان و بێنرخکردنی کردە و ئەخلاقیاتی بەرگرییکردن بڵاویدەکەنەوە.

بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا

بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی

بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو 

بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون 
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا

بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل 

بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand