Draw Media

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دواین ئاگادارکردنەوە بە پەرلەمانتارەكانی دەدات

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دواین ئاگادارکردنەوە بە پەرلەمانتارەكانی دەدات

2021-01-30 18:45:38


(درەو):
شوێنی ئەو ئەندامانەی خانەی راپەڕاندن کە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە بە هەڵبژاردن پڕدەکرێتەوە، ئەو پەرلەمانتارانەی پابەند نین بە سیاسەتی گۆڕانەوە دواین ئاگادارکردنەوەیان پێدەدرێت، ئەمە بڕیارەکانی کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو.
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەکە لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی کۆبووەوە.
جڤاتی نیشتمانی کە بەپێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەکەدا، بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو) له کۆبونەوەی ئەمڕۆدا لەبارەی بارودۆخی ناوخۆیی حزبەکەوە، چەند بڕیارێکی داوە کە ئەمانەن:
یەکەم: جڤاتی نیشتمانی بەدەنگدان شوێنی ئەو ئەندامانەی خانەی راپەڕاندن پڕدەکاتەوە کە بەمدواییە دەستیان لەکارکێشاوەتەوەو بریتین لە هەریەکە لە (جەلال جەوهەر، شەماڵ عەبدوەلوەفا، عەدنان عوسمان)، بەگوێرەی بڕیارەکەی جڤاتی نیشتمانی دەبێت ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەکە ناوی ئەو کەسانە وەرگرێت کە خۆیان بۆ ئەو سێ پۆستە بەتاڵەی خانەی راپەڕاندن کاندید دەکەن و دواتر سیڤی ئەو کەسانە بخاتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی بەمەبەستی هەڵبژاردنیان بۆ پۆستەکان.
دووەم: جڤاتی نیشتمانی بڕیاریداوە بزوتنەوەکە دواین ئاگادارکردنەوە بە ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی حزبەکە لە پەرلەمانی کوردستان بدات، ئەگەر ئەوان پابەندنەبوون بە سیاسەتەکانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، لە قۆناغی دواتردا رێوشوێنی دەرکردنیان لە بزوتنەوەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و بەشێک لە فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان بەتەواوەتی پەیوەندی ئۆرگانی خۆیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان دابڕیوەو بەردەوام رەخنە لە بزوتنەوەکەیان دەگرن و بەپێچەوانەی رێککەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان و پارتی مامەڵە دەکەن، ئەمەش پارتی لە سەرکردەکانی گۆڕان نیگەران و توڕە کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، رۆژی ١٧ی ئەم مانگە پارتی بەفەرمی لەڕێگەی سیداد بارزانی برای مەسعود بارزانییەوە پەیامێکی گەیاندوەتە مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم لە پشکی گۆڕان، لە پەیامەکەدا سیداد بارزانی داوای لە مستەفا سەید قادر کردووە، بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی لەبارەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی عێراق روون بکاتەوە کە بەوتەی ئەو "چونەتە بەرەی نەیارانی کوردەوە".
دوای پەیامەکەی سیداد بارزانی، کۆبونەوەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە بەڕێوەچوو، له کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا، بڕیاردان لەسەر چارەنوسی فراکسیۆنەکەیان لە بەغداد بدرێته دەست جڤاتی نیشتمانی.
بەر لە کۆبونەوەی خانەی راپەڕاندن، چەند رۆژێک عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی گۆڕان لەگەڵ کەسانی دەوروبەری خۆیدا تاتوێی بڕیاری دەرکردنی پەرلەمانتارەکانی بەغدادی کرد لە ریزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام دواجار نەتوانی بڕیار لەوبارەیەوە بدات.

هەواڵی پەیوەندیدار

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand