راپۆرتی: نیاز عەبدوڵا – محەمەد رەئوف كەمپەینی( هەڵمەتی دادپەروەری) لە موچەو ئیمتیازاتی پلە تایبەتەكان داوا دەكات چاكسازی لە لوتكەی هەڕەمی دەسەڵاتی سیاسییەوە بكرێت، بە بڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پرۆژە یاسای چاكسازی لە موچەو خانەنشینیدا رادەگیرێت. هەڵمەتی دادپەری چیان دەوێت؟ ئەمڕۆ سییەمین گردبونەوەی (هەڵمەتی دادپەروەری) بۆ دادپەروەری لە موچەو ئیمتیازاتی پلە باڵاكان و نزیككردنەوەی لە موچەی فەرمانبەرێكی ئاسایی، كە لە ئێستادا جیاوازیەكی زۆر لە نێوانیاندا هەیە. لە بەیاننامەی سییەمین گردبونەوەی (هەڵمەتی دادپەروەری)دا ئاماژە بەوەكراوە كە" موچەی بنەڕەتی پلە باڵاكان بۆ نیوەی ئێستای كەمبكرێتەوە, بۆ ئەوەی جیاوازی موچە كەمبكرێتەوە لە كوردستان كە بەرزترین رێژەیە لە جیهان" ئەوان ئاماژە بە موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان دەكەن كە ناعەدالەتیەكی زۆری تێدایە" یاسای خانەنشینی پلە باڵاكان بە ئاستێك رێك بخرێت لە 2 ملیۆن زیاتر نەبێت بۆ ئەوانەی تەمەنی خانەنشینی دەیانگرێتەوە, ئەوانی دیكش بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان, ئەوەشی كاری نەبووە, بە پێی بڕوانامەو پسپۆرییەكەی دابمەزرێت" زیاتر لە ( 2 هەزار) خانەنشینی پلە تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەیە كە مووچەكانیان لە( 4 ملیۆن و 500 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تا 9 ملیۆن و 500 هەزار دینار)، موچەی مانگانەی وەزیر و پەرلەمانتارێك ( 8 ملیۆن و 200 هەزار ) دینارە، هەر وەزیر و پەرلەمانتارێك بە (80%)ی كۆی موچەكەی خانەنشین دەكرێت، بە بێ رەچاوكردنی تەمەن و ساڵی خزمەت، كە دەكاتە ( 6 ملیۆن و 560 هەزار) دینار. عەلی مەحمود ناسراو بە "عەلی سیاسی" چالاكی مەدەنی و سەرپەرشتیاری ( هەڵمەتی دادپەروەری) كە كەم خۆپیشاندان و گردبونەوە هەیە لە پایتەختی هەرێمدا ئەوی تێدا نەبینرێت، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ماوەی 10 ساڵ و دوو مانگە ( هەڵمەتی دادپەروەری) بەردەوامە، ئەمیش لە پێناو دادپەروەری لە موچەو خانەنشینیدا، كە موچەی سەرۆكی عێراق و هەرێم لە موچەی زۆرێك لە وڵاتانی دونیا زیاترە، موچەی پەرلەمانتارێكی هەرێم 30 هێندەی موچەی پەرلەمانتارێكی تونسە سێ هێندەی موچەی پەرلەمانتارێكی توركیایە، موچەخۆرێك كە تازە دابمەزرێت (140 هەزار دینار )وەردەگرێت موچەی پەرلەمانتارێك(80 ) هێندەی كەسێكی تازە دامەزراوە، بەڵام موچەی سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ كرێكارێكی ئاسایی 6 ئەوەندەو نێوە" بەشدارر عوسمان، كە لە 2010 برا رۆژنامەنوسەكەی (سەردەشت عوسمان) تیرۆركرا و بەشداری كەمپەینی ( هەڵمەتی دادپەروەریە) بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ناعەدالەتی گەورە لە موچەدا هەیە، هۆكاری سەرەكی ئەو ناعەدالەتیەی لە كۆمەڵگەی كوردیدایە لە هەڕەمەكانی سەرەوە دەستپێدەكات لە كۆمپانیای نەوت و باغ و ڤێلای بەرپرسان و داگیركردنی زەویەوە دەستپێدەكات بۆیە ئێمە ئێستا رومان لە دەسەڵاتدارانی كوردستانە لە سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان و چینە دەسترۆیشتووەكانی داوامان وایە ئەگەر دەسەڵاتداران دەیانەوێت چاكسازی بكەن دەبێت، لە چینە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانەوە دەستپێبكرێت دادپەروەری لەوێوە دەكرێت نەك لەسەر چینی رەشوروت" ئەو پێی وایە "ئەو كابینەی ئێستا لەسەر حوكمەو بانگەشەی چاكسازی و دژە گەندەڵی دەكات بەڵام ئەو كارانەی دەیكەن زیاتر روكەشن و نەیانتوانیوە كەس بدەنە دادگا" كەمپەینی ( هەڵمەتی دادپەروەری) لەماوەی (١٠)ساڵی كاركردن و بەردەوامی زیاتر لە (١٢٠٠ )واژووی چین و توێژە جیاوازەكانی خەڵكی كوردستانی بە ئامانجی ئەنجامدانی چاكسازی لە سیستەمی مووچە و خانەنشینی پێشكەش بە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران كردووە. پرۆژە یاسای چاكسازی رادەگیرێت پرۆژە یاسای "چاكسازی لە خانەنشینیو موچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق" كە لە خولی پێشووی پەرلەمان پەسەندكراو دواتر بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵكو ناكۆكی حزبەكانەوە پەسەندكرنەكەی رەتكرایەوەو حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستانیش لیژنەیەكی بۆ پێكهێناوە، لە ئێستادا كارەكانی بە سستی بەرێوە دەچێت و بە پێی بەدواداچونەكانی ( درەو میدیا)ش كارەكانی راگیراوە. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە( درەو میدیا)ی راگەیاند" پرۆژە یاسای چاكسازی " راگیراوە، چەند رۆژێك پێش ئێستا ژمارەیەك بەرپرسی خانەنشینكراوی پارتی دیموركاتی كوردستان دەچنە لای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و داوای لێدەكەن ئەو پرۆژە یاسایە رابگرێت، چونكە ئەو پرۆژە یاسایە زیان بە بەشێكی زۆری پێشمەرگەو بەرپرسە خانەنشینكراوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەگەیەنێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش بەو پرۆژەیە نیگەران بوون چونكە زیان بە زۆرینەی پێشمەرگەو بەرپرسە خانەنشینكراوەكانیان دەگەیەنێت، هەربۆیە مەسعود بارزانی داوای راگرتنی ئەو پرۆژەیەی كردووە. لە ئێستادا لیژنەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ "پرۆژە یاسای چاكسازیەكە" پێكهاتووە كار و كۆبونەوەكانیان ناكرێت یاخود بەسستی بەڕێوە دەچێت و لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستانیش كە لە فراكسیۆنەكانی ( پارتی، یەكێتی، گۆڕان، پێكهاتەكان) پێكهاتوە، تا ئێستا كۆنەبۆتەوە. لەبارەی یاساكەوە پرۆژەی یاسای "چاكسازی لە خانەنشینیو موچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق" كە لە (24) ماددە پێكهاتووە، بەپێی وتەی زۆرێك لە پەرلەمانتاران بە پەسەندكردنی ئەم پرۆژە یاسایە، مانگانە زیاتر لە (100 ملیار) دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە. ئەم یاسایە كە پێشتر لە پەرلەمان پەسەندكراو دواتر هەڵوەشێندرایەوە، لەكاتی خۆیدا نیگەرانی زۆری دروستكرد، ئەوكات نیگەرانییەكان زیاتر لەسەر چەند خاڵێك چڕبووبونەوە: • یاساكە كەمترین موچە بۆ هەر فەرمانبەرێك بە (300 هەزار) دینار دیاریكردبوو، پەرلەمان داوای دەكرد كەمترین ئاستی موچە (400 هەزار) دینار بێت، حكومەت رەتیدەكردەوە بەوپێیەی لەناو قەیرانی دارایدا بوو. • موچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارو پلە باڵاكان كە لە یاساكەدا بە زیاتر لە (4 ملیۆن) دینار دیاریكرا بوو، ناڕەزایەتی لە شەقام دروستكرد، بەڵام لایەنی باشی یاساكە ئەوە بوو كە دەرگای بۆ هەموو پلە باڵاكان (وەزیرو پەرلەمانتار) كردبووەوە كە ئەگەر موچەی خانەنشینی رەتبكەنەوە، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشوویان، بەمەش بەهانەی هەموو ئەوانەی دەبڕی كە باسیان لەوەدەكرد موچەی خانەنشینی زۆریان ناوێتو دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشوویان، بەڵام یاسا رێگەیان پێنادات. • حكومەتی هەرێمیش كێشەی لەگەڵ دەرماڵەكاندا هەبوو، دەیویست لە یاساكەدا كەمبكرێنەوە، بەڵام لیژنەكانی پەرلەمان پێیانوابوو ئەگەر لەناو یاساكەدا ڕێكبخرێت زۆربەی دەرماڵەكان نامێنن، بۆیە پەرلەمان دەیوت چۆن پێشتر حكومەت خۆی بە بەڕێنمایی دەرماڵەی ڕێكخستووە، دەبێت هەر بەوشێوەیە خۆی كەمیبكاتەوە، حكومەت دەیویست لیكەوتەكانی بڕیارەكە بخاتە ئەستۆی پەرلەمان، پەرلەمانیش تۆپەكەی هەڵدایەوە گۆڕەپانی حكومەت. سەرباری ناڕەزایەتیو ناكۆكییەكان، یاساكە خاڵی گرنگی تێدابوو بەئاڕاستەی چاكسازیو بەرژەوەندی گشتی، پەرلەمانی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا كە رۆژی دوای پەسەندكردنی یاساكە دەریكرد، لایەنە باشەكانی یاساكەی لەم خاڵانەدا كورتكردوەتەوە (ئەم رونكردنەوەیە پێش هەڵوەشاندنەوەی پەسەندكردنی یاساكە دەرچووە): * زامنكردنی مافی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەو موچەیەی لە ماوەی رابردوو بە ناوی پاشەكەوت لێیان بڕدراوە، بەشێوەیەك بخرێتە سەر حیسابی بانكیی فەرمانبەرانو لە داهاتووش بە پەیڕەوێكی تایبەت شێوازی مامەڵەپێكردنی رێكبخرێتو فەرمانبەران بتوانن بەكاری بهێنن. * ئەوە جێگیركراوە كە هیچ خانەنشینێك نابێت لە سێ سەد هەزار دینار كەمتر مووچەی خانەنشینی وەربگریت. * هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی پلەباڵاو پلەتایبەتەكان كە رۆژێك لە رۆژان ئەم پۆستانەیان نەبینیوە. * راستكردنەوەی موچەی خانەنشینی یان هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی سەرجەم ئەو كەسانەی كە بەدەر لە یاسا یان بە پلەی بەرزتر لە پلەی شایستەی خۆیان خانەنشینكراون. * یەكخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیو فەرمانگەو یەكە كارگێڕییەكان كە موچەی خانەنشینییان لێ خەرج دەكرێت بە سەربازیو مەدەنی لەناو بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بە وەزارەتی دارایی. * یەكخستنەوەی یەكەكانی ژمێریاریی سەربە یەكەی حەفتاو هەشتا لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، كە ئەمە هەنگاوێكی گرنگو پیرۆزە بەرەو یەكخستنی تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. * دانانی میكانیزمو كاتی دیاریكراو بۆ پاككردنەوەی لیستی شەهیدانو زیندانیانی سیاسیو كەمئەندامانی سەنگەر، لە رێگای پێكهێنانی لیژنەی تایبەتمەند كە ئەمە خواستی خەڵكی كوردستانە. * دەستنیشانكردنی ژمارەی پاسەوانی بارەگاو دامەزراوەو پلەباڵاكانی هەرێم لەچوارچێوەی پەیڕەوێك كە حكومەتو پەرلەمان لەماوەی شەست رۆژ پەسەندی دەكەن. * رێكخستنەوەی دەرماڵەكانو زیاتر لە یەكجار سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بە ئیستسناكردنی كەسوكاری شەهیدانو خاوەن پێداویستیی تایبەت. * دروستكردنی سندوقی خانەنشینیو قەدەغەكردنی خەرجكردنی هەر بڕە پارەیەك لەم سندوقە. * سەبارەت بە خانەنشینیی پلەباڵاكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمو حكومەتو پەرلەمانو وەزیرو پەرلەمانتارو وەكیل وەزیرو راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتیو سەرجەم پلە تایبەتیەكان، میكانزمێك پەسەندكراوە بە بەراورد بە یاسا بەركارەكانی پێشوو كە هەبوون بۆ خانەنشینكردنی ئەمانە رێژەیەكی زۆری خانەنشینییان كەمكراوەتەوەو هەوڵدراوە ساڵانی خزمەتو بڕوانامەو تەمەن لە بەرچاو بگیرێتو لە رێژەی بیستو پێنج لە سەد لە موچەكەیان دەستپێدەكات بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار پەنجا ساڵە نابێت لە شەست لەسەدی مووچەكەیان زیاتر بێتو ئەوانەشی لە پەنجا ساڵ زیاترن نابێت لە حەفتا لە سەدی موچەكەیان زیاتر بێت، لە كاتێكدا پێشتر هەمویان بە هەشتا لە سەد خانەنشین دەكران، هەروەها خانەنشین بوون ئارەزوومەندانەیەو هەریەك لەم پلەتایبەتانە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر وەزیفەی پێشووی خۆیان. خانەنشینی پلەباڵاكان ئێستا هەر پلەباڵایەك بەدیاریكراوی (وەزیرو پەرلەمانتاران)ی خانەنشینكراو بەبێ جیاوازی (تەمەن، ساڵی خزمەت) بەرێژەی 80%ی كۆی موچەكانیان خانەنشینكراون، كۆی موچەی وەزیرو پەرلەمانتار (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، واتە موچەی خانەنشینی هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك لە یەك مانگدا (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینارە. بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە ئێستا لەبەردەستدایە، موچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتاران لەچوارچێوەی یاسای خانەنشینی عێراقدا چارەسەری بۆ دیاریكراوە. بەڵام پێشتر پەرلەمانی كوردستان بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان وەكو ئەوە جێگیرنەكرد كە لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەیە، لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەركەسێك تەمەنی نەگەیشتبێتە تەمەنی خانەنشینیو ماوەی 15 ساڵ خزمەتی نەبێت، موچەی خانەنشینی نایگرێتەوە. پەرلەمانی كوردستان بەر لە هەڵوەشاندنەوەی یاساكە، پرۆژەكەی بەوجۆرە پەسەندكرد " هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك كە تەمەنی لەسەرو 50 ساڵیەوە بێت، بەرێژەیەك خانەنشین دەبێت كە 70%ی موچەكەی زیاتر نەبێت". 70%ی موچە، واتە وەزیر یان پەرلەمانتارێك كە هەموو پێوەرەكانی خانەنشینبوونی تێدابێت مانگانە (5 ملیۆنو 740 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەرگرێت. بەڵام ئەگەر تەمەنی لەخوار 50 ساڵیەوە بێت، بەپێی ئەوەی پەرلەمانی خولی پێشوو پەسەندی كرد، دەبێت پلەباڵاكان بەرێژەیەك خانەنشین بكرێن كە لە 25%ی موچەكانیانەوە دەستپێدەكات بۆ رێژەی 60%. واتە ئەگەر كەسێكی پلەباڵا بەرێژەی 60%ی موچە خانەنشین بكرێت، مانگانە بڕی (4 ملیۆنو 920 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەرگرێت، ئەوانەشی كە هیچ پێوەرێكی خانەنشینبونیان تێدا نییە بەرێژەی 25%ی موچەكانیان خانەنشین بكرێن كە مانگانە دەكاتە (2 ملیۆن) دینار. بەپێی قسەی پەرلەمانتار سۆران عومەر بۆ (درەو میدیا)، موچەی خانەنشینی بۆ هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم، بە خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارانەوە بۆ ساڵێك (75 ملیار) دینارە. روون نییە ئایا خولی نوێی پەرلەمانو كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەسەر چ میكانیزمێك سەبارەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان رێكدەكەون. خانەنشینی سەربازی بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كێشەی سەرەكی ناو پرۆژەیاساكە، پرسی خانەنشینی سەربازییە. لە هەرێمی كوردستان (244 هەزارو 656) خانەنشین هەیە، كە (133 هەزارو 435) خانەنشینی بواری سەربازییە بەرێژەی (54%). خانەنشینی سەربازی بەجۆرێك كاریگەری لەسەر بودجە هەیە كە بەپێی بەدواداچونەكانی پەرلەمانتار سۆران عومەر، لە مانگی 11ی 2012دا (64 هەزارو 967) خانەنشینی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستاندا هەبووە، بەڵام لە 2013دا ئەم رێژەیە بەرزبوەتەوە بۆ (92 هەزارو 641) خانەنشین، واتا تەنها لە ساڵی 2013دا كە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبووە (27 هەزارو 674) كەس زیادیكردووە. بەپێی قسەی پەرلەمانتار سۆران عومەر، موچەی خانەنشینی سەربازی بۆ یەك مانگ (100 ملیار) دینارە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لە پرسی چاكسازیكردن لە لیستی خانەنشینی سەربازیدا، یەكێتی نیشتمانی كورستان زەرەرمەند دەبێت، چونكە پارتی پێش هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی رێكخراوەكان كە تایبەت بوو بە بڕینەوەی موچە بۆ كادیرانی حیزب، زۆربەی كادیرو لایەنگرانی خۆی بەشێوەی یاسایی گواستوەتەوە بۆسەر خانەنشینی وەزارەتەكانی تر، بەڵام یەكێتی ئەم كارەی نەكردووەو لەحاڵی پەسەندكردنی یاساكەدا روبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی لایەنگرانی دەبێتەوە، سەرباری ئەمە خانەنشینەكانی پارتی زۆربەیان دۆسیەی یاساییو خزمەتیان بۆكراوە، بەڵام خانەنشینەكانی یەكێتی زۆربەیان ئەم دۆسیە یاساییەیان نییە.
درەو میدیا: حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ بژاردەی ئامادەكردووەو دەیخاتە بەردەم حكومەتی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت و موچەی موچەخۆرانی خۆرانی هەرێمی كوردستان. ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و فوئاد حسین وەزیری دارایی حكومەتی عێراق گەیشتنە هەولێر بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی رادەستكردنی نەوتی هەرێم و پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی 2020 ی عێراق. بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستی ( درەو میدیا) كەوتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان نایەوێت نەوتەكەی رادەستی عێراق بكات و موچەی فەرمانبەرانیش لە بەغداوە بەردەوام بێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا بیر لە سێ بژاردە دەكاتەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ پرسی نەوت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم: • حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەرجێك بڕی ( 250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد دەكات، كە ئەو ( 24 ملیار) دۆلارەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی قەیرانی داراییدا قەرزی كردووە، بخرێتە سەر قەرزە سیادیەكانی عێراق كە كردویەتی. بەغدا تاوەكو ئێستا (60 ملیار) دۆلاری قەرزكردووە و 17٪ی پشكی هەرێم بووە بەڵام نەیداوە . • هەرێم (250 هەزار) بەرمیل نەوتەكە رادەستی بەغداد ناكات بەڵام ( 250 هەزار) بەرمیل نەوتەكە كەمبكرێتەوەو پارەكەی لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت و ئەوی دیكەی رادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات. • حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە گفتوگۆكانی دێنێت لەگەڵ بەغداد و داهاتەكانی ناوخۆی رێكدەخاتەوەو بەتایبەتی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی باج و سەندنی باج لەو كۆمپانیایانەی كە تا ئەمڕۆ باجیان نەداوە، لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی باڵای پێكهێناوە بەناوی( لیژنەی كۆكردنەوەی داهاتەكان) رۆژی دووشەممە 2019/9/16 بەسەر پەرشتی مەسرور بارزانی كۆبونەوەو سەرۆكی حكومەتی راگەیاند" لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆمان لەبارەی كۆكردنەوەی داهاتەكان و رێكخستنەوەی باج و گومرگەكان و كاراكردنی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان كرد و جەختمان كردە". لە ئێستادا عادل عەبدولمەهدی لەژێر فشارێكی زۆری لایەنە عێراقیەكاندایە، بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ رادەستكردنی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێم بە سۆمۆ، بەڵام چاوەڕەوان ناكرێت بۆ پرۆژە بودجەی 2020ی عێراق عادل عەبدولمەهدی بتوانێت بەرگەی ئەو فشارە زۆرەی لایەنە عێراقیەكان بگرێت.
درەو میدیا: ئەمڕۆ ( عومەر محەمەد) بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان بە تۆمەتی وەركرتنی بەرتیل(رشوە) دەستگیركرا. سەرچاوەیەك لە گەرمیان بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند: نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەرێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان بە مادەی (307) لە یاسای سزادانی عێراق كە تایبەتە بە وەرگرتنی بەرتیل(رشوە) راگیراوەو لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە، بەڵام ئەو بە كەفالەت ئازاد نەكراوە چونكە ئەو مادەیە كەفالەت نایگرێتەوە. لە كاتی لێكۆڵینەوەدا عومەر محەمەد ئەو تۆمارە دەنگیەی رەتكردۆتەوە كە لەماوەی رابردۆدا بڵاوكرایەوەو وترا دەنگی كە دەنگی ناوبراوە و باس لە وەرگرتنی بەرتیل دەكات. لەماوەی دوو رۆژدا ئەمە دووەم بەڕێوەبەری گەرمیانە كە دەستگیر دەكرێت، دوێنێ بەتۆمەتی داخڵكردنی كەلوپەلی بەسەرچوو، حسین ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان دەستگیركراو
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا لە دەروازەی گومرگی باشماخەوە (4) ئۆتۆمبیلی جۆری (رۆڵز رۆیس) هاتوەتە ناو هەرێمی كوردستانەوە كە یەكێكە لە گرانبەهاترین ئۆتۆمبیلەكان لەسەر ئاستی جیهان، چەند رۆژێكە داخڵكردنی دوو ئۆتۆمبیلی گرانبەها كێشەی لەو دەروازە سنورییە دروستكردووە، بەپێی قسەی پەرلەمانتارێك بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە دەرەوەی یاسا ئۆتۆمبیلی مۆدیل كۆن هاوردە دەكات، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێم دەڵێ دەبێت وەزیری داراییو ناوخۆ پێكەوە گفتوگۆ بكەنو كێشەكە چارەسەر بكەن. دوو ئۆتۆمبیل لە كۆنتێنەرێكدا رۆژی 25ی مانگی رابردوو، دوو ئۆتۆمبیلی گرانبەها لە جۆرەكانی (رۆڵز رۆیس)و (رانج رۆڤەر) لەناو كۆنتێنەرێكدا گەیشتە ناو دەروازەی باشماخ. بەرلەوەی كۆنتێنەرەكە بە ئۆتۆمبیلەكانی ناوییەوە بگاتە ناو گۆڕەپانی گومركەكە، هێزێكی ئاسایشی گومرگ لەكاتی پشكنینی كۆنتێنەرەكە لە ئامێری "سۆنار"، دەستیان بەسەر هەردوو ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكەدا گرت، بڕیاربوو ئەم دوو ئۆتۆمبیلە بەشێوە نایاسایی "قاچاخ" بەناو گومرگەكەدا دەربازبكرێنو بهێنرێنە ناو سنوری هەرێمی كوردستانەوە. هەردوو ئۆتۆمبیلەكە (رۆڵز رۆیسو رانج رۆڤەر)، مۆدێلی كۆننو بەپێی یاسای كارپێكراوی گومرگ هێنانەناوەوەیان قەدەغەیە، بەپێی یاسا تەنیا ئەو ئۆتۆمبیلانە بۆیان هەیە بهێنرێنەناو هەرێمەوە كە مۆدێلیان بۆ سێ ساڵی كۆتایی دەگەڕێتەوە واتە مۆدێلەكانی (2017- 2018- 2019). سكاڵایەكی یاسایی ! بەپێی ئەو زانیارییەكانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، دوای ئەوەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی گومرگی باشماخ كە ناوی (عەقید ئەحمەد)ە، ئۆتۆمبیلەكان رەوانەی ئاسایشی سلێمانی كردووە، لە سلێمانی (رۆڵز رۆیس)ەكە رادەستی خاوەنەكەی كراوەتەوە كە كەسێكە بەناوی (ر-س)، رانج رۆڤەر-ەكەش لای ئاسایش ماوەتەوە. سەرچاوەیەكی ئەمنی باڵا لە سلێمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لیوا مەریوان كەمال سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ داوای لە (عەقید ئەحمەد) بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەكە كردووە، ئەو دوو ئۆتۆمبیلە بگەڕێنێتەوە بۆ دەروازەكە، چونكە بەشێوەی نایاسایی داخڵكراونو گورمرگ نەكراون، بەڵام بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی باشماخ رەتیدەكاتەوە. لە لێدوانێكدا تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری دەروازەی گومرگی باشماخ چیرۆكی هاتنەناوەوەی دوو ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكەی پشتڕاستكردەوەو رایگەیاند:" بەپێی یاسا دەبێت ئەو دوو ئۆتۆمبیلە بگەڕێنەوە بۆ ناو گومرگو لەوێ بەپێی یاسای گومرگی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت". بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان ئاگاداری كێشەیەكە، ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" گومرگی باشماخ رێوشوێنی یاسایی گرتوەتەبەرو دەبێت ئۆتۆمبیلەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ گومرگەكە". ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان لە هەرێم هەرێمی كوردستان پابەندە بە جێبەجێكردنی یاسای ژمارە (23)ی ساڵی 1984ی یاسای گومرگی عێراقەوە، ئێستا ئەم یاسایە لە عێراقو هەرێمی كوردستان بەركارە. بەپێی پێناسی گومرگی نوێی عێراق، ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان بریتین لەو ئۆتۆمبیلانەی كە لەسەر ئاستی جیهان كۆدی ژمارە (87032420)و (87032422)یان هەیەو (پلەیەك ساڵۆن یاخود ستەیشن)نو قەبارەی مەكینەكەیان (8 بستن) بەرەو سەرەوەیە. ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە ئەم جۆرە تایبەتمەندییانەیان تێدایەو گرانبەهان بریتین لەمانە: • رۆڵز رۆیس • فراری • لابوركینی • لیمۆزین • مارسیدس G كلاس • رانج رۆڤەر • پۆرش • لێكزز بەگوێرەی پێناسی گومرگی، ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلانە ئەگەر مۆدیلیان لەچوارچێوەی مۆدێلە رێگەپێدراوەكاندا بێت، واتە مۆدێلی سێ ساڵی كۆتایی بن، ئەوا لەكاتی هاوردەكردنیان، لە گومرگەكانی هەرێم رێژەی 15%ی ئەو بەهایەیان لێوەردەگیرێت كە لە پێناسی گومرگیدا بۆیان دیاریكراوە. لە پێناسی گومرگیدا هاتووە، بەهای ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان لەنێوان (80 هەزار) دۆلارەوە دەستپێدەكات بۆ (90 هەزار) دۆلار، بەزمانی بازاڕی دراو لە هەرێمی كوردستان واتە بەهاكەیان لەنێوان (8 دەفتەر بۆ 9 دەفتەر) دۆلاردایە. ئەگەر ئۆتۆمبیلێك بەهاكەی، بڕی (8 دەفتەر) دۆلاری لەسەر ئەژماربكرێت، رێژەی 15%ی ئەم بەهایەی وەكو گومرگ لێوەردەگیرێت، كە دەكاتە (120) وەرەقە. ئەو دوو ئۆتۆمبیلەی كە ئێستا كێشەی لە دەروازەی باشماخ دروستكردووە، ئەم یاسایە نایگرێتەوە، چونكە لە بنەڕەتەوە بەپێی مۆدێلەكانیان نابێت هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێن، واتە بەرلەوەی گومرگ بكرێن، دەبێت سزای دارایی بەسەر خاوەنەكەیدا بسەپێندرێت كە هەوڵی دەربازكردنی داون لە دەرەوەی یاسای كارپێكراو. بەپێی زانیارییەك كە لە سەرچاوەیەكی باڵاوە لە وەزارەتی دارایی دەست (درەو میدیا) كەوتووە" لەسەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا لە دەروازەی باشماخەوە (4) ئۆتۆمبیلی (رۆڵز رۆیس)و (45) ئۆتۆمبیلی (رانج رۆڤەر) هاتونەتە ناو هەرێمی كوردستانەوە". بازرگانی ئۆتۆمبیل لە كوردستان كێشەی ئەو دوو ئۆتۆمبیلە لە دەروازەی باشماخ، دواین ئەلقەی زنجیرەیەك كێشەی گەورەتری بواری بازرگانی ئۆتۆمبییلە لە هەرێمی كوردستان. لە هەرێم بازرگانی ئۆتۆمبیل یەكێكە لەو بازرگانیانەی كە هاوشێوەی دۆسیەی نەوتو بوارەكانی تر ناشەفافەو لەلایەن حزبو دەستڕۆیشتووەكانی ناو حزبەوە قۆرخكراوە. دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژانە روبەڕووی چەندین حاڵەتی فشاری پشتی پەردەی بەرپرسانی سیاسی حزبیو حكومی دەبنەوە، كە هەوڵی تێپەڕاندنی نایاسایی ئۆتۆمبیل دەدەن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێك لەو ئۆتۆمبیلە (رۆڵز رۆیس)انەی كە لەمساڵدا لە دەروازەی باشماخەوە هاتوەتە ناوەوە، بە نوسراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم داخڵكراوە، ئۆتۆمبیلەكە بۆ كەسێك بووە كە مامۆستای زانكۆ بووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، شەوی 8ی ئەم مانگە، دەروازەی (پەروێزخان)ەوە هەوڵدراوە (20) ئۆتۆمبیل هاوردەی ناو هەرێم بكرێت بەبێ پێدانی گومرگو دەركردنی نوسراوی فەرمی، ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلانە لە گومرگەكە دەستیان بەسەردا گیراوەو فشاری زۆر هەیە بۆ ئەوەی داخڵی ناو هەرێم بكرێن. لەكاتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا، (درەو میدیا) ئاگاداركرایەوە لەوەی لەسەر سكاڵای دەستەی دەستپاكی، بەتۆمەتی داخڵكردنی كەلوپەلی بەسەرچوو، حسین ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان دەستگیركراوە. رۆژی (4)ی ئەم مانگە، دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیی:" بەرۆژی روناكو بەناو دەروازەكاندا، ئۆتۆمبێلی مۆدێل كۆن دەهێنرێتە ناوەوەی هەرێمو بەئیمزایەكی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ جەلالی شێخ كەریم بە بەرچاوی ئەو خەڵكەوە رەقەمی بۆ دەكرێت". ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" بەپێی یاسا ئۆتۆمبیلی مۆدێل كۆن نابێت هاوردە بكرێت، دەبێت وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی پێكەوە گفتوگۆی لەسەر بكەنو چارەسەری بكەن". لەبارەی رۆڵز رۆیسەوە ! رۆلز رۆیس "Rolls-Royce" یەكێكە لە گرانبەهاترین جۆرەكانی ئۆتۆمبیل لەسەر ئاستی جیهان، هەر لە سەرەتای دروستكردنیەوە، ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلە كە ئینگلیزییە، جێگای سەرەنجی چینی ئۆرستۆكراتی نوێی جیهان بووە. ئەم ئۆتۆمبیلە لە ساڵی 1946وە دەستكراوە بە دروستكردنی، لەناوچەی مێژوویی "كرو" لە باكوری ئینگلتەرا دروستدەكرێت، شێوازی دروستكردنەكەی نەریتییە واتە لەرێگای مەكینەوە نابەسترێت، بەڵكو پارچەكانی بەشێوازی دەستیی كۆدەكرێنەوەو پێكەوە دەبەسترێنەوە. ساڵی 1931 كۆمپانیای رۆلز رۆیس لەگەڵ كۆمپانیای "بنتلی" یەكیگرت، كە ئەمیش بەهەمان شێوە كۆمپانیایەكی بەریتانی بوو، بەر لە كۆتایی سەدەی رابردوو، رۆلز رۆیس بوو بە موڵكی كۆمپانیای (BMW)ی ئەڵمانی، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ونبوونی ئەو ماركەیەی كە ئینگلیزەكان خۆیان دایانهێنابوو، لەدوای ساڵی 2003وە (BMW) بەتەواوەتی بوو بە خاوەنی كۆمپانیای رۆڵز رۆیس، ئیتر لەو كاتەوە ئۆتۆمبیلی رۆلز رۆیس لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوەتی ناوبانگی دەركردو كۆمپانیاكە چەندین ئۆتۆمبیلی بە تایبەتمەندی جیاواز بۆ پادشاو سەرۆكو سەرمایەدارە گەورەكان عەرەب دروستكرد، بەمدواییە هەندێك لە سەرمایەدارەكانی هەرێمی كوردستانیش چاویان خستوەتەسەر ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلەو هاوردەی دەكەن بۆ بەكارهێنانی تایبەت بە خۆیان. بەپێی بەیاننامەیەك كە كۆمپانیاكە لە كانونی دووەمی 2014 بڵاویكردوەتەوە، ئەم كۆمپانیایە لە ساڵی 2013دا بەڕێژەی 1,5% ئاستی فرۆشی زیادی كردووە. بەیاننامەكە ئاشكرایكردووە، لە ساڵی 2013دا كۆمپانیاكە (3 هەزارو 630) ئۆتۆمبیلی رۆلز رۆیسی فرۆشتووە، ئەمە لەكاتێكدایە لە ساڵی 2012 فرۆش كەمتربووەو (3 هەزارو 575) ئۆتۆمبیل فرۆشراوە. ئەوكات نرخی هەر ئۆتۆمبیلێكی رۆلز رۆیس زیاتر لە (200 هەزار) یۆرۆ بووە، واتە نزیكەی (272 هەزار) دۆلاری ئەمریكی، بەزمانی بازاڕی دراو لە هەرێمی كوردستان ئەمە دەكاتە (27) دەفتەر دۆلار. ساڵی 2014 كۆمپانیای رۆڵز رۆیس سكاڵای یاسایی لەسەر هاوڵاتییەكی خەڵكی ئیماراتی عەرەبی تۆماركرد، ئەو پیاوە كە ئۆتۆمبیلێكی رۆڵز رۆیسی هەبوو، بە ئۆتۆمبیلەكەی گژوگیای بۆ ئاژەڵەكانی دەگواستەوە، كۆمپانیاكە وەكو سوكایەتی بە ئۆتۆمبیلەكەی ئەم هەڵسوكەوتەی لێكدایەوە. ئەم كۆتۆمبیلە كۆمەڵێك تایبەتمەندی تێدایە كە وایكردووە بە نرخێكی گران بەها بفرۆشێت، لە دیارترین تایبەتمەندییەكان رۆڵز رۆیس ئەمانەن: • فراوانی بزوێنەرەكەی 6,75 لیتر • هێزی بزوێنەرەكەی 6500 سی سی-یە كە دەكاتە توانای راكێشانی 453 ئەسپ • 8 گێڕی خێرایی هەیەو لە یەك كاتژمێردا 240 كیلۆمەتر دەبڕێت • سیستمی سەلامەتی ئەلیكترۆنی تێدا جێگیركراوە بەبەرزترین ئاست • چەندین تایبەتمەندی تری ورد كە پێكەوە بەهای ئۆتۆمبیلەكەیان بەرزكردوەتەوە
درەو میدیا: ئەمڕۆ خانەی نوێی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان یەكەمین كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا" بەهەمو توانایەوە پشتگیری نوێنەرانی بزوتنەوەكە دەكات لە كابینەی حكومەت و دەسەڵاتی خۆجێی" دەرگاش بەروی هەڵوسڕاوە رەخنەگرەكانیدا دەكاتەوە" خانەی راپەڕأندن جەختی لەسەر واڵا كردنی هەمو دەرگاكان بەسەر هەمو ئەو هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەی گۆڕان كردەوە، كە رەخنەو تێبینیان هەیە، یان بە هۆكاری جیاوازەوە دوركەوتونەتەوە لە كاروباری بزوتنەوەكە. گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گۆڕانخوازانە بۆ پێكەوە كاركردن، لە سەرەكیترین ئەركەكان و كارنامەی خانەی نوێ دەبێت" راگەیەنراوێك لەلایەن خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئەمڕۆ دووشەمە، ١٦/٩/٢٠١٩ خانەی راپەڕاندن، یەكەمین كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا. خانەی راپەڕاندن پێش هەمو شتێك سوپاسێكی گەرمی ئەندامانی پێشوی خانە دەكات، كە لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا، دڵسۆزانەو خەمخۆرانە ئەركەكانیان بەجێگەیاند. بە هیواین لە ئایندەشدا، پشتیوان و یارمەتیدەری خانەو ھەردو جڤات بن و پێكەوە ئەركە تازەكانی بزوتنەوەكە ببەینە پێشەوە. كۆبونەوەی خانە جەختی لەسەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە كرد: یەكەم: پەیوەست بە پەیوەندیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكاندا، كۆبونەوەكە جەختی لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندیە سیاسیەكانی كردەوە لەگەڵ ھەردو حزبی بەشدار لە كابینەی حكومەتدا. بەهێز كردنی ئەو پەیوەندیانە هۆكارێكی باش دەبن بۆ هاوكاریكردن و بردنە پێشەوەی ئەركەكانی كابینەكەو بەهێزكردنی گیانی پێكەوە كاركردن و بەجێگەیاندنی ئەجیندای چاكسازی حكومەت. لەهەمان كاتدا بە گرنگی دەزانین پەیوەندی پتەوی دۆستانەمان لەگەڵ هێزەكانی تری دەرەوەی كابینە، كە ساڵانێك هاوكار و هاوپەیمانی یەكتر بوین، پەرە پێبدەین و پتەوتری بكەین و راوێژ و گفتوگۆی بەرهەمهێنەری بەسودمان لەگەڵیاندا هەبێت. دووەم: خانەی راپەراندن، بەهەمو توانایەوە پشتگیری نوێنەرانی بزوتنەوەكە ئەكات لە كابینەی حكومەت و دەسەڵاتی خۆجێی، لە پێناو خزمەتی ھاوڵاتیان و جێبەجێكردنی بەرنامەی گۆڕان لە حكومەت، ھەروەھا چاودێریەكی وردی كارەكانیان ئەكات. لەهەمان كاتیشدا پشتگیری تەواوی كابینەی حكومەت ئەكات لە پێناو سەرخستنی بەرنامە چاكسازیەكەی، بە جۆرێك لە خزمەت باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بەهێزكردنی كەرتی ئابوری و ژێرخانی كۆمەڵگاو پرۆسەی چاكسازی و دژایەتی گەندەڵیدا بێت. سێیەم: پەیوەست بە ناوخۆی بزوتنەوەكەوە، خانەی راپەڕاندن جەختی لەسەر واڵا كردنی هەمو دەرگاكان بەسەر هەمو ئەو هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەی گۆڕان كردەوە، كە رەخنەو تێبینیان هەیە، یان بە هۆكاری جیاوازەوە دوركەوتونەتەوە لە كاروباری بزوتنەوەكە. گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گۆڕانخوازانە بۆ پێكەوە كاركردن، لە سەرەكیترین ئەركەكان و كارنامەی خانەی نوێ دەبێت. خانە بە گوێرەی دەستوری بزوتنەوەكەو راسپاردەكانی هەردوو جڤات، لە نزیكترین ماوەدا، ئامادەكاری بۆ هەردوو پرۆسەی كۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆیەكان ئەكات. هاوكات بە گوێرەی پلانێكی تۆكمە، كار لەسەر بەهێزكردنی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە ئەكات، بەتایبەت دانان وھەڵبژاردنی رێكخەرو ئەندامی ژورەكان و باژێڕوانەكان، بە ئاراستەی بەهێزكردنی دامەزراوەی ناوخۆیی گۆڕان بۆ راپەڕاندنی ئەركە گرنگ و هەستیارەكانی قۆناغی داهاتوی بزوتنەوەكەمان. لە كۆتاییدا بزوتنەوەی گۆڕان جارێكی تر جەخت لەسەر پابەند بون بە پرەنسیپە بناغەییەكانی بزوتنەوەكە دەكات لە پێناو عەدالەت و چاكسازی و ئازادیەكان و دژایەتی گەندەڵی و بە سیستەم كردنی دەزگاكان و كاركردنی بێوچان لە پێناو باش كردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان. خانەی راپەڕاندن / بزوتنەوەی گۆڕان ١٦/٩/٢٠١٩
ئامادەكردنی: نیاز عەبدوڵا ناوهندی كهلتووری چۆمان رایدەگەیەنن لەلایەن قائیمقامیەتی قەزای چۆمانەوە بایكۆتكراون و دەست وەردەداتە کاروباری میدیاییەوە، قایمقامی قهزای چۆمانیش رەتیدەكاتەوەو دەڵێت" له خۆڕا تووشی ههڵچوون بوونه ئهگهرنا ئهو مهوزوعه ئهساسی نییه". ناوهندی كهلتووری چۆمان ئهمڕۆ له بهیاننامهیهكدا رایانگهیاند "ماوەی ساڵ و نیوێکە قائیمقامیەتی قەزای چۆمان ئێمەی بایکۆت کردوە و، دەست وەردەداتە کاروباری میدیایی". له بهیاننامهكهی ناوهندی كهلتوری چۆمان كه ئاراستهی پهرلهمانی كوردستان و ئهنجومهنی وهزیران و سهندیكای رۆژنامهنووسان كراوه، هاتووه "ماوەی ساڵ و نیوێکە قائیمقامیەتی قەزای چۆمان ئێمەی بایکۆت کردوە، بەلای ئێمەوە بایکۆت کردن ئاساییە، بەڵام ئەوەی جێگەی رەخنەکردنە بەڕێزیان دەست وەردەداتە کاروباری میدیایی و ئەوە دەکاتە پێشمەرجی بەشداریکردنی لەبەرنامەیەک کە نابێت هیچ لە میوانەکان ستافی ناوەندی کەلتوریی چۆمان بن". ئهحمهد قادر قایمقامی قهزای چۆمان به (درهو میدیا)ی وت "ناتوانم لێدوان بدهم، چونكه ئهو بابهته ئهساسی نیه و له خۆوه قسهیان كردووه بهڵگهیان نییه و با بهڵگهیان بنووسن، له خۆڕا تووشی ههڵچوون بوونه ئهگهرنا ئهو مهوزوعه ئهساسی نییه". پێشهوا چۆمانی بهڕێوبهری ناوهندی كهلتوری چۆمان به (درهو میدیا)ی وت "لهسهرهتای دامهزراندنمانهوه داوای ههماههنگی و پشتیوانیمان له قایمقامكردووه بۆئهوهی بهیهكهوه خزمهتی قهزاكه بكهین، بهڵام ئهو لهبری هاوكاری، ئهو دهزگا راگهیاندنانهی دهیانهوێت ئێمه له بهرنامهكانیان یان راپۆرتهكانیان قسه بكهین مهرجی ناوبراو ئهوهیه كه ئێمه تیایدا قسه نهكهین و دهرنهكهوین، تهنانهت له ساڵیادی دامهزراندنی ناوهندهكهمان بڕیارمان وابوو خهڵاتی ساڵانهمان ببهخشین به بهرگری شارستانی چۆمان، بهڵام قایمقام دهستتێوهردانی كرد و خهڵاتهكهیان رهتكردهوه، ئێمه وهك كۆمهڵێك گهنج بێ هیوایی و نهبوونی دهرفهت پاڵی به ئێمهوهنا له رێگای ئهم ناوهندهوه به ههموو دهنگ و رهنگێكی جیاواز خزمهت بكهین".
درەو میدیا: بەمەبەستی یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك یەكێتی سەردانی نەوەی نوێ دەكات. وەفدەكەی یەكێتی بەسەرۆكایەتی رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی بووە بۆلای جوڵانەوەی نەوەی نوێ و لەلایەن هیمداد شاهین بەرپرسی دیسكی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە پێشوازی لێكراوەو كۆبونەوە . هیمداد شاهین لەدوای كۆبونەوەكە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: بۆ بەشداریكردنی نەوەی نوێ لە لیستی هاوبەشی لایەنە كوردیەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەڵام ئێمە پێشتر بڕیارمانداوە بە لیستی سەربەخۆ بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا تاوتوێی پێشنیازەكانی ئەوان دەكەین لەدوای دروستبونی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە ئەمە یەكەم سەردانی وەفدی باڵای یەكێتیە بۆ لای ئەو جوڵانەوەیە
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان نایەوێت نەوت رادەستی بەغداد بكات، ئەو بەشوێن رێككەوتنێكی هاوشێوەی ئەوەدا دەگەڕێت كە لە بودجەی 2019دا كرا، واتە دەیەوێت نەوت رادەستنەكاتو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لە بەغداد وەرگرێت، پەرلەمانتاران مەترسییان هەیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكەوێتەوە بەردەم هەڕەشەی "پاشەكەوتكردن"ەوە، بەڵام وتەبێژی حكومەت دەڵێ:" ئەگەری رێككەوتن زیاترە لە ئەگەری رێكنەكەوتن، كێشە بۆ موچەی فەرمانبەران دروستنابێت". ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی نوسینەوەی رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی 2020ە، نەوتو پشكی هەرێمی كوردستان جارێكی تر پرسی گەرمی بودجەكەیە. مەسرور بارزانی نەوت رادەستناكات ! رۆژی 8ی ئەم مانگە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكان پەرلەمانی عێراقو چەند كەسێك لە ئەندامانی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە. ئەم كۆبونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی پرسی كێشەی نەوتو بودجە بوو لەنێوان هەرێمو بەغداد، مەسرور بارزانی نوێنەرانی كوردی ئاگاداركردەوە لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكان نێوان هەردوولا. چەند كەسێك لە بەشداربوانی ئەو كۆبونەوەیە كە (درەو میدیا) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە قسەی لەگەڵ كردوون، باسیان لەوەكرد، لە كۆبونەوەكەدا سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵ پرسیاری لە مەسرور بارزانی كردووە سەبارەت بەوەی "ئایا حكومەتی هەرێم نەوت رادەستی بەغداد دەكات یاخود نا ؟". مەسرور بارزانی بە راشكاوی وتویەتی:" نەخێر، نەوت رادەست ناكەین". دواتر جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو هەمان پرسیاری كردووە، ئەمجارە مەسرور بارزانی رونكردنەوەی زیاتری داوەو وتویەتی:" ئێمە 450 هەزار بەرمیل نەوت رەوانە دەكەین، 50 هەزار بەرمیلی بۆ كۆمپانیاكان دەڕوات، 75 هەزاری بۆ بەكارهێنانی ناوخۆییە، ئەوەی دەمێنێتەوە بەشی ئەوە ناكات بیدەین بە بەغداد". لەبارەی بەهانەی مەسرور بارزانییەوە بۆ رادەستنەكردنی نەوت، رێبوار كەریم پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق لە وتارێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردوەتەوە نوسیویەتی:" لە گفتوگۆكانی ئێستادا قسەی سەرەتای حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە نەوت نادات بە بەغدا، بیانوشی بۆ ئەم بابەتە بریتیەلەوەی دەڵێ نەوت گرنگ نیە، بەڵام بەغدا دەیەوێ ئیرادەمان بشكێنێتو هیچ دەسەڵاتێكمان نەبێت". لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە مەسرور بارزانی وتبێتی "نەوت رادەستی بەغداد ناكەین". جوتیار عادل وتی:" ئێمە وتومانە حكومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك ئامادەیە مافە دەستورییەكان هەرێم بچەسپێنێ، ئامادەشین لەگەڵ حكومەتی عادل عەبدولمەهدی رێكبكەوین بەمەرجێك بەپێی مافە دەستورییەكان بێت". رۆژی چوارشەممەی رابردوو جوتیار عادل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی كە لەبەردەستدان، حكومەتی عێراق بڕی 80 ملیار دۆلار قەرزاری هەرێمی كوردستانە، كە شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمە بەپێی دەستور. هەندێك لە پەرلەمانتارانی عێراقی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، لێدوانەكەی جوتیار عادل لەبارەی 80 ملیار دۆلارەكەوە وەكو پەڵپو بەهانەیەك لێكدەدەنەوە بۆ رادەستنەكردنی نەوت بە بەغداد، ترسیان هەیە ئەمجارەش موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كوردستان بكەوێتەوە بەر مەترسی. بەڵام جوتیار عادل بە (درەو میدیا) وت:" ئەمە راست نییە، حكومەت بەرلەوەی دەستبەكاربێت، سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی هەرێم سەردانی بەغدادیان كرد، ئێمە نیازمان هەیە رێكبكەوین، بەبێ ئەوەی سازش لە مافە دەستورییەكانی خۆمان بكەین". "ئەگەری رێككەوتن زیاترە لە رێكنەكەوتنو ئێمە گەشبینین، ئیشاڵا كێشە بۆ موچەی خەڵك دروست نابێت، خەڵكی ئێمەش دەزاننو چاوەڕوانی ئەوە لە حكومەت دەكەن سازش لە مافە دەستورییەكان هەرێم نەكات" ئەمە قسەی وتەبێژی حكومەت بوو لەبارەی چارەنوسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمەوە. كورد دواین چانس تاقیدەكاتەوە كۆتایی ئەمساڵ، كۆتایی كاركردنە بە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق، بودجەیەك كە لە سایەیدا تاڕادەیەك دۆخی ئابوریو دارایی هەرێمی كوردستان دوای قەیرانێكی سەخت، بوژانەوەی رێژەیی بەخۆوە بینی. ساڵی 2017 هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆییو جیابونەوەی لە عێراق كرد، مەسعود بارزانی كە سەركردایەتی ریفراندۆمەكەی كرد، كۆتاییەكانی مانگی 11ی ساڵی 2018 سەردانی بەغدادی پایتەختی عێراقی كرد، لە دوای ریفراندۆمەكەوە ئەوە یەكەمجار بوو بارزانی سەردانی بەغداد بكات. بارزانی لەو سەردانەدا بناغەی قۆناغێكی نوێی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی دانا، بەتایبەتی چارەسەركردنی پرسی نەوتو بودجە لە نێوان هەولێرو بەغداد. ئەوكات (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد:" لەو سەردانەدا بارزانی رێككەوتنێكی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە لەبارەی پرسی نەوتو بودجەی هەرێمی كوردستانەوە". ئەم رێككەوتنە دواتر بوو بە بناغەی چەسپاندنی بڕگەیەك لە بودجەی گشتی ساڵی 2019ی عێراق بەناوی "بڕگەی ج". بڕگەی (ج) لە ماددەی (10)ی یاسای بودجەی ساڵی 2019 عێراق دەڵێ:" ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتە فیدراڵییەكانیو رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد نەكرد، وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە پێدانی خەرجییەكانی هەرێم كە لەناو بودجەی عێراقدا دانراون، جگە لە موچەی فەرمانبەرانو موچەی پێشمەرگە". نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق لەڕێگەی چەسپاندنی ئەم بڕگەیەوە توانیان بۆ ماوەی یەكساڵ زامنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكەن، تەنانەت ئەگەر هەرێم نەوتیشی رادەستی بەغداد نەكرد. نوێنەرانی پێكهاتەی شیعە قایل بوون بەوەی، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت ئەگەر نەوتیش رادەستنەكرا، ئەمە بڕیارێك بوو كە لە ئاستێكی باڵاو لە پشتی پەردەوەی یەكلاكرابووەوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو سیاسەتمەدارانی عێراق دوای ریفراندۆمو گەڕانەوەی كورد بۆ چوارچێوە عێراقییەكەی، هەوڵیاندا چانسێكی نوێ بە كورد بدەن، چانسێك كە دیارنییە لە بودجەی 2020دا ئەگەری دووبارەبونەوەی هەیە یاخود نا ! كورتەیەك لەبارەی كێشەكەوە ساڵی 2014 نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بڕی، مالیكی پێدانی پشكی هەرێمی بەستەوە بەوەی هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، كۆتایی 2014 حەیدەر عەبادی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت، عەبادی بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتەكەی نوری مالیكیو جەختی لەسەر رادەستكردنی نەوتی هەرێم دەكرد، واتە بودجەی هەرێم نەدەنارد، تاوەكو دوای ریفرامدۆمو رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"، ئەوكات عەبادی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی سیاسیدا لە نەورۆزی 2018وە تاوەكو پەسەندكردنی بودجەی 2019، مانگانە بڕی (317 ملیار) دیناری بۆ هەرێمی كوردستان دەنارد، بەبێ ئەوەی هەرێم نەوت رادەستی بەغداد بكات. ئۆكتۆبەری 2018، عادل عەبدولمەهدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بودجەی 2019 لە سایەی عەبدولمەهدیدا پەسەندكرا، بەپێی ئەو بودجەیە حكومەتی عێراق لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا مانگانە بڕی (454 ملیار) دینار رادەستی هەرێم دەكات، ئەمە تەنها پارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، نەك پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق. یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق، هەرێمی كوردستان پابەند دەكات، رۆژانە بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی ناوەندی بكات، بەڵام حكومەتی هەرێم تائێستا نەوتی رادەستی بەغداد نەكردووە، سەرباری رادەستنەكردنی نەوت، كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە مانگانە (454 ملیار) دینارە، نەبڕیوە، ئەم رێككەوتنەیە كە تائێستا كاری پێدەكرێتو لەگەڵ پەسەندكردنی بودجەی 2020دا وادەیی كارپێكردنی تەواو دەبێت. عەبدولمەهدی لەژێر فشاردایە بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەژێر فشاری توندی لایەنە سیاسییەكانی عێراقدایە سەبارەت بە پرسی رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان. عەبدولمەهدی لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ رادەستی كردنی نەوت، روبەڕووی رەخنەی توندبووەوە، بەڵام لەماوەی یەكساڵی رابردوودا خۆی لەبەردەم فشارەكاندا راگرت. رۆژی 11ی ئەم مانگە، سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێكدا وتی:" پێویستە لەسەر هەرێم كوردستان رێز لە پابەندبوونەكانی بگرێت سەبارەت بە هەناردەی نەوتو پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا، دەبوو حكومەتی هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات، بەڵام تائێستا پابەندی ئەوە نەبووە". ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی 2020ە، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئەگەری دووبارەكردنەوەی بڕگەیەك هاوشێوەی بڕگەی (ج)ی یاسای بودجەی 2019 لە بودجەی ساڵی نوێدا ئەگەرێكی لاوازە، زۆرینەی پەرلەمانتارانی پێكهاتەی شیعە دژی ئەوەی چیتر بەغداد بەبێ رادەستكردنی نەوت، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت. داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم ئەگەر بەهێز ئەوەیە، ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت رادەست نەكات، حكومەتی بەغداد بەتەواوەتی هاوشێوەی سەردەمی نوری مالیكی، ناردنی پارە (تەنانەت موچەی فەرمانبەرانیش) بۆ هەرێمی كوردستان راگرێت. بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئێستا بەدوای رێگەچارەیەكی هاوشێوەی ئەوەدا دەگەڕێن كە لە بودجەی 2019دا چەسپێندرا. ئێستا كە بودجەی ساڵی نوێی عێراق پەسەندنەكراوە، داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیەیە: • 454 ملیار دینار كە لە بەغدادەوە دێت. • 378 ملیار دیناری مانگانە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی دەكات بۆ پێدانی موچە. (وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئێستا نەماوەو جلەوی نەوت لەدەستی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتدایە) • 120 ملیار دینار كە داهاتی ناوخۆیە. • 22 ملیار دینار كە یارمەتی ئەمریكایە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە. كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كورستان لە مانگێكدا ئێستا (974 ملیار) دینارە (ئەوەی مانگانە دەچێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی)، بۆ پێدانی موچەی موچەخۆران حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە (881 ملیار) دینارە، واتە حكومەتی هەرێم بەو داهاتەی كە مانگانە دەستیدەكەوێت دەتوانێت موچەی فەرمانبەران دابین بكات. بەڵام ئەگەر نەوت رادەست نەكاتو پارەكەی بەغداد رابگیرێت، داهاتی مانگانەی حكومەتی بۆ (520 ملیار) دینار دەبێت، ناتوانێت موچەی موچەخۆران دابین بكات، واتە جارێكی تر موچەخۆران دەخاتەوە بەردەم ئەگەر پاشەكەوتكردنی موچەكانیانەوە (هاوشێوەی ئەوەی لەسەردەمی دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانیدا رویدا).
راپۆرتی: نیاز عەبدوڵا به هۆكاری "نادهستوریبوونی" یاسای ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی پارێزگاكانی عێراق، ئهمڕۆ پهرلهمانی كوردستان له دادگای فیدڕاڵی عێراق سكاڵای یاسایی له دژی سهرۆكی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق تۆماركرد. سهردار ههركی پارێزهری راسپێردراو لهلایهن پهرلهمانی كوردستان بۆ تانه لێدان له یاسای ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی پاریزگاكانی عێراق به (درهو میدیا)ی راگهیاند "ئهمڕۆ له بهغداد به نوێنهرایهتی پهرلهمانی كوردستان داوام له دادگای فیدڕاڵی عێراق له دژی محهمهد حهلبوسی سهرۆكی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق تۆماركرد". لهبارهی ناوهڕۆكی لائیحه پێشكهشكراوهكه به دادگای فیدڕاڵی عێراق، سهردار ههركی وتی "لائیحهكه له 7 لاپهڕه لهگهڵ 9 خاڵی سهرهكی و 15 خاڵی لاوهكی پێكهاتووه، كه چهند سهرپێچییهكی دهستووری تیدایه، دیارترینیان ئهویه یاساكه رێڕهوهی یاسایی خۆی وهرنهگرتووه و ئهو پێشنیارانهی خراونهته دهنگدانهوه پێچهوانهی ماددهكانی 128 و 129 و 131ه له پهیڕهوی ناوخۆی ئهنجوومهنی نوێنهران، ئهمهش دهبێته سهرپێچییهكی زهق له له ماددهی 51ی دهستووری عێراق". ههركی پێیوابوو "هۆیهكانی ههمواری یاساكه لهلایهن ئهنجوومهنی نوینهرانی عێراق بهمجۆرهی ئێستا سیاسییه زیاترلهوهی هۆیهكی یاسایی بێت" و "یاساكه چهندین دژ یهكی ههیه و ئهنجام ئهمه زیان به گهلی عێراق دهگهیهنێ". مهترسییهكانی ماددهی 12ی یاساكهی خستهروو بهوهی "داوا دهكات بهراورد بكرێت له نێوان دهفتهر نفوس و پسولهی خۆراكی دهنگدهر و ئهگهر موتابق نهبن ناوهكهی لادهبرێت و دهنگدهری كهركوك مافی دهنگدانی نابێت". بۆیه پێمانوایه هۆیهكان سیاسییه زیاترلهوهی هۆیهكی یاسایی بێت، ئهمه جگه لهوهی چهندین دژ یهكی له یاساكه ههیه و ئهنجام ئهمه زیان به گهلی عێراق دهگهیهنێ. پارێزهره راسپێردراوهكهی پهرلهمانی كوردستان وتیشی "لهم رۆژانه سهرۆكی ئهنجوومهنی نوێنهران تهبلیغ دهكرێت و پاش تهبلیغ كردنی لهماوهی 15 رۆژی لهبهردهسته بۆئهوهی وهڵامی لائیحهی ئێمه بداتهوه، كه وهڵامیشی دایهوه یهكسهر رۆژێك بۆ دادبینی كردن دیاری دهكرێت، ئهگهر وهڵامی نهدایهوه لهو ماوهیه ئهوا دادگا خۆی رۆژێك دیاری دهكات و دهبێت ههردوولامان بچین بۆ دادبینی". 22ی تهمموزی ئهمساڵ ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق یاسای ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی پارێزگاكانی ههمواركردهوه، بهڵام 4ی ئهیلول لیژنهی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێم له پهرلهمانی كوردستان رایگهیاند سكاڵای یاسایی له دژی یاسای ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی پارێزگاكانی عێراق تۆماردهكهن.
(درەو میدیا): عومەر سەید عەلی بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرایەوە، بۆ پۆستی رێكخەری گشتی دوو كاندید هەبوو، عومەر سەید عەلی (28) دەنگی هێناو ركابەرەكەی كە شۆڕش حاجی بوو (12) دەنگی بەدەستهێنا. لەبارەی رێكخەری گشتییەوە بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، رێكخەری گشتی ئەركو دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: • سەرپەرشتی كۆبونەوەكانی خانەی راپەڕاندنو جڤاتی نیشتیمانی دەكات. • لە بەردەم جڤاتی نیشتیمانیدا بەرپرسیارە. • لە كاتی ئامادەنەبونیدا، یەكێ لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رادەسپێرێ بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی. عەدنان عوسمان بە سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا، بۆ پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانی دوو كەس كاندید بوون، عەدنان عوسمان (22) دەنگی بەدەستهێنا، ركابەرەكەی كە زمناكۆ جەلال بوو (21) دەنگی بەدەستهێنا. بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتیمانی ئەركو دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: • دیاریكردنی كاتو شوێنو كارنامەی كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتیمانی. • تۆماركردنی كۆنوسی كۆبونەوەكان، تۆماركردنی بڕیارو راسپاردەكانیو گەیاندنی بە جێگەی پەیوەندیدار. جەلال جەوهەر بە سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان هەڵبژێردرا، جەلال جەوهەر هیچ ركابەرێكی نەبوو، بە (33) دەنگ هەڵبژێردرا. بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان ئەركو دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: • هەماهەنگی نێوان فراكسیۆنەكانو دامەزراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان. بۆ پۆستی سكرتێری كاروباری باژێرەكان ئاسۆ رەحیمو شەمال عەبدولوەفا كاندیدبوو، لە گەڕەی یەكەمی هەڵبژاردندا هەردوكیان بە (21) دەنگ یەكسان بوون، دواتر هەڵبژاردن دووبارە كرایەوەو شەمال عەبدولوەفا بە (22) دەنگ بە رامبەر بە (20) دەنگ هەڵبژێردرا. بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری باژێڕەكان ئەركو دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: • رێكخستنی پەیوەندی رۆژانەی نێوان باژێڕوانو باژێڕەكانو خانەی راپەڕاندنو وەڵامدانەوەی نامەو پەیام و پرسیارەكانیان. دەرباز محەمەد بە سكرتێری كاروباری ژورەكان هەڵبژێردرا، ئەم پۆستە دوو كاندیدی هەبوو، دەرباز محەمەد (24) دەنگی هێنا، ركابەرەكەی كە گەیلان عومەر بوو (19) دەنگی بەدەستهێنا. بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری ژورەكان ئەركو دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: • هەماهەنگی نێوان ژورەكانو خانەی راپەڕاندنو دامەزراوەكانی گۆڕان. برزۆ مەجید بە سكرتێری كاروباری خەڵك هەڵبژێردرا، چوار كەس بۆ ئەم پۆستە كاندید بوون، برزۆ مەجید (23) دەنگ هەڵبژاردنەكەی بردەوە. بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، سكرتێری كاروباری خەڵك ئەركو دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: • پێشوازیكردنی ئەوانەی رۆژانە سەردانی مەكۆی سەرەكی دەكەن. • گوێگرتن لە پێشنیاز، رەخنە، ئامۆژگاری، سكاڵاكانی خەڵكو گەیاندنی بابەتەكانیان بە جێگەی پەیوەندیدار. رۆژی 12ی ئەم مانگە جەمال حاجی محەمەد بە دەنگی (27) كەس لە ئەندامانی جڤاتی گشتی وەكو سەرۆكی جڤاتەكە هەڵبژێردرا، جەمال حاجی محەمەد یەكەمین كەس بوو كە كورسییەكی خانەی راپەڕاندنی نوێی بزوتنەوەی گۆڕانی زامن كرد كە پێكهاتووە لە (7) كورسی. خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا.
درەو میدیا: ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دوو ساڵی تر عومەری سەید عەلی بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردەوە لەبارەی رێكخەری گشتییەوە بەپێی ئەوەی لە دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، رێكخەری گشتی ئەركو دەسەڵاتەكانی ئەمانەن: • سەرپەرشتی كۆبونەوەكانی خانەی راپەڕاندنو جڤاتی نیشتیمانی دەكات. • لە بەردەم جڤاتی نیشتیمانیدا بەرپرسیارە. • لە كاتی ئامادەنەبونیدا، یەكێ لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رادەسپێرێ بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی.
(درەو میدیا): وادەی وەرگرتنی فۆڕمی كاندیدبوون كۆتایی هات، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لە ناوو بزوتنەوەی گۆڕان دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئەم كەسانە فۆرمی كاندیدبوونیان بۆ شەش پۆستەكەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەرگرتووە، كە بڕیارە رۆژی شەممە لە دەنگدانێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەدا یەكلابكرێنەوە: كاندیدەكان بۆ پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانی: • عەدنان عوسمان • زمناكۆ جەلال كاندیدەكان بۆ سكرتێری كاروباری باژێڕەكان: • ئاسۆ رەحیم • شەماڵ عەبدولوەفا كاندیدەكان بۆ پۆستی سكرتێری كاروباری ژورەكان: • دەرباز محەمەد • گەیلان شێخ عومەر كاندیدەكان بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان • جەلال جەوهەر كاندیدەكان بۆ سكرتێری كاروباری خەڵك: • عومەر حەمە حسێن (عومەری مریەم) • قارەمانی كۆیە • برزۆ مەجید • كاوەی مامە عەبە • مونیرە عوسمان • ئاوارە سلێمان بەپێی دەستوری رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، ئەم خانەیە لە (7) كەس پێكدێت، یەكێك لە ئەندامەكانی سەرۆكی جڤاتی گشتییە كە ئەمڕۆ هەڵبژێردراو (جەمال محەمەد) وەكو سەرۆكی نوێی ئەو جڤاتە یەكەمین كەس كاتی ئەندامبوونی لە خانەی نوێی راپەڕاندن بڕی. رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە بەپێی دەستور یەكێكە لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەیەكەمینجار لە مێژووی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا، لەم هەڵبژاردنەدا دوو كەس كاندیدن بۆ پۆستی رێكخەری گشتی كە ئەوانیش هەریەكە لە: • عومەر سەید عەلی- رێكخەری ئێستا بزوتنەوەكە • شۆڕش حاجی- ئەندامی ئێستا خانەی راپەڕاندن
(درەو میدیا): كاتژمێر چواری ئەمڕۆ دەرگای خۆ كاندیدكردن بۆ پۆستەكانی رێكخەر و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان داخرا. بەپێی زانیارییەكانی( درەو میدیا) بۆ پۆستی رێكخەری گشتی، بۆ یەكەمجار دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا، یەكەمجارە لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕاندا دوو كەس ركابەرایەتی دەكەن لەسەر بردنەوەی پۆستی رێكخەری گشتی، ئەوانیش هەریەك لە : • عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی ئێستای بزوتنەوەكە • شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندن عومەر سەید عەلی 1975 بووەتە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵە 1976 لەلایەن حكومەتی عێراق لە 11ی تەممووز سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا 1979 بەر لێبوردنی گشتی كەوت و ئازادكرا 1980 بەھۆی بۆردوومانی فڕۆكەوە ، لە كێوەڕەش بریندار بووە 1992 بووەتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان 2002 بوە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی 2009 لەگەڵ نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراندووە 2017 بوە بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان د. شۆڕش حاجی 1958 لەدایك بووە 1976 پەیوەندیكردووە بە كۆمەڵەی رەنجدەرانەوە 1979 پەیوەندیكردووە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە 1990 بە بڕیاری یەكێتی نێردراوەتە دەرەوەی وڵات 2008 لە لەندەن رەوتی گۆڕینی دیموكراسی( رەگ)ی دامەزراند 2010 بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2017 بۆتە ئەدامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان 1996 – 2009 مامۆستا بووە لە زانكۆی لەندەن دكتۆرای لە زانستە سیاسیەكان بەدەستهێناوە لە بەریتانیا
درەو میدیا: ئەمڕۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگر و سكرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕیوەچوو، جەمال محەمەد بە سەرۆكی جڤاتی گشتی و عەلی عەبدوڵا بە جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی و پێشڕەو رەئوف بە سكرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێژردران. بەر لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، د. رەئوف عوسمان، سەرۆكی پێشوی جڤاتی گشتی وتارێكی پێشكەشكردوو رایگەیاند: ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەشێك لە داخوازیەكانی جڤاتی گشتی جێبەجێبكردایە هەرگیز لە 24 كورسی پارلەمانەوە نەدەبوو بە 12 كورسی و رۆژی بەم رۆژە نەدەگەیشت. بەهەڵبژاردنی وەك سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، جەمال محەمەد راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە (7) ئەندام پێكدێت، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو (14/9/2019) هەڵبژاردن بۆ رێكخەری گشتی و پێنج ئەندامەكەی دیكەی خانەی راپەڕاندن بكرێت، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا 49 ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداربوون لەكاتێكدا ژمارەی ئەندامانی لە هەندێك قۆناغدا گەیشتبووە نزیكەی (70 )ئەندام، ئەگەرچی بەپێی دەستوری گۆڕان نابێت ئەندامانی جڤاتی گشتی لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی زیاتر بن، واتا نزیكەی ( 20 )ئەندامی جڤاتی گشتی دەستیان لەكار كێشاوەتەوەو وازیان هێناوە بەهۆی نیگەرانی لە هەڵوێستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و بەشێكیشیان چونەتە دەرەوە وڵات، رۆژی رابردوو (7) ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەستلەكاركێشانەوەیان خستە بەردەم رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان. سەبارەت بە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئەو (7) ئەندامەی جڤاتی گشتی ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە " خۆی هۆكاری سەرەی ئەوەی كە ئەم حەوت كەسە دەستمان لەكاركێشایەوە ئەوەبوو كە ڕۆژی 2ی مانگ جڤاتی گشتی كۆبونەوەی كرد داوامان لێكردن لەپێناوی یەكڕیزیدا ئەم هەڵبژاردنە مەكەن و درێژی بكەنەوە بۆ كۆتایی ساڵ بەڵام ڕۆژی دواتر جڤاتی نیشتمانی بڕیارەكەیان خستە بواری جێ بەجێ كردنەوە كە ئەمڕۆ جڤاتی گشتی هەڵبژاردن دەكەن وە 14ی مانگیش جڤاتی نیشتمانی، كەواتە كە بەقسەمان ناكەن و هیچ بۆچونێكمان وەرناگرن واتای وایە ئێمە هیچ نین ئەمە!، جڤاتی گشتی چیە؟ بەشی هەشتەمی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە كۆنفرانسی ساڵی 2013 پەسەندكراوە، تەرخانكراوە بۆ جڤاتی گشتی، لە مادەی یەكەمی بەشی هەشتەمی دەستورەكەدا هاتووە: جڤاتی گشتی چەتری پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی، دامەزراوەی راوێژكاری بوارەكانی كاری، سیاسی، رێكخراوەیی، كارگێڕی، دارایی، و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە. ئەركەكانی جڤاتی گشتی ئەركەكانی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بریتیە لە دانانی نەخشەی كارو هاوكاری جڤاتی نیشتیمانی بەراوێژ و راسپارە دەربارەی:. • هەڵسەنگاندی پلانی گشتی جێبەجێكردنی بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان • هەڵسەنگاندی پەیوەندیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی كوردستان، عێراقی فیدراڵ، ناوچەیی، جیهانی، لەگەڵ حزب و رێكخراوە سیاسیەكان. • ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ، پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی هەر دامەزراوەیەكی تر. پێكهاتەی جڤاتی گشتی یەكەم: جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەو كەسایەتیە گشتیانەی كە لە ماوەی تەمەنیان لە یەكێ لە بوارەكانی ژیاندا بەرپرسیارێتی دیاریان هەبووە، لەوانە: • كەسایەتی سیاسی • كەسایەتی زانستی • كەسایەتی كۆمەڵایەتی دووە: ژمارەی ئەندامانی جڤاتی گشتی نابێ لە ژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی زیاتر بێت. خانەی راپەڕاندن چییە ؟ بەپێی دەستوری ناوخۆیی، خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بریتییە لە "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا". كۆتایی ساڵی 2013 بزوتنەوەی گۆڕان دوای چوار ساڵ لە دروستبوونی، بۆ یەكەمینجار كۆنگرەی كرد، كۆنگرەكە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، لەو كۆنگرەیەدا بزوتنەوەی گۆڕان یەكەمین دەستوری كاركردنی خۆی پەسەندكرد، بەپێی ئەو دەستورە بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندن درا، بەڵام ئەم خانەیە تاوەكو دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا دروستنەكرا. 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی كە ئەوكاتیش وادەی یاسایی بەسەرچوو بوو، بەڵام بە بڕیارێكی رێكخەری كۆچكردووە وادەكەی درێژكرایەوە، (7) كەسی وەكو ئەندامی خانەی راپەڕاندن هەڵبژارد كە ئەمانە بوون: • عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە • عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەتو ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشەو بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوەو لەوكاتەوە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان شوێنەكەی پڕنەكردوەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە عوسمان حاجی مەحمود بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیانددووە) • جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری جڤاتی نیشتمانی • جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان • محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری ژورەكان (بەمدواییە خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید كرد، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی كە دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكەی لەلایەن جڤاتەوە پێدرابوو، مستەفا سەید قادری كاندید كرد، ئەمە محەمەد تۆفیق رەحیمی نیگەران كرد، بەپێی زانیارییەكانی درەو میدیا، عومەر سەید عەلی بۆ دورخستنەوەی لە پۆستی رێكخەری گشتی مستەفا سەید قادری بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندیدكردووە. • شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سكرتێری كاروباری خەڵك • رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سەرۆكی جڤاتی گشتی
درەو میدیا: ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجەی راگرت و ئەمڕۆش ئەنجومەنی مەڵبەندی هەڵەبجەی یەكێتی رێككەوتنەكەی رەتكردەوە. بەپێی زانیارییەكانی( درەو میدیا) لە كۆبونەوەی شەممەی رابردووی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجەی بەسترایەوە بە دابەشكاری پۆستەكانی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و ناوچەی باڵەكانی. لە كۆبونەوەكەدا سەركردایەتی یەكێتی نیگەران بوون لەو رێككەوتنەی كە لە رۆژی 2019/9/2 لە نێوان لایەنەكانی هەڵەبجە كراوە بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی ئەو پارێزگایە، بەوەی پارتی لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و ناوچەی باڵەكانی كە یەكێتی دەنگی زۆری هێناوە تیایاندا، هیچ پۆستێك بە یەكێتی نەدراوە، بۆیە پێویست ناكات پۆست بدرێتە پارتی، پێیان وابووە كە یەكێتی لەبەرامبەر پارتی و لایەنە نزیكەكانی پارتی دەبنە كەمینە لە پارێزگای هەڵەبجە . سەرچاوەیەك لە مەڵبەندی هەڵەبجەی یەكێتی بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند ئەمڕۆ ئەنجومەنی مەڵبەندی یەكێتی لە هەڵەبجە كۆبونەتەوەو بەكۆی دەنگ رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجەیان رەتكردۆتەوە، ئەویش لەبەر رۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەیان . رەتكردنەوەی رێككەوتنی لایەنەكانی هەڵەبجە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان دوای هۆشدارییەكی پەرلەمانتارێكی یەكێتی (سەركۆ ئازاد گەڵاڵی)هات بۆ مەكتەبی سیاسی سەركردایەتی حزبەكەی كە لە سایتی(درەو میدیا) بڵاوكرایەوە سەبارەت بە بەدەستەوەدانی پارێزگای هەڵەبجە بە پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندبوو" پارتی لە هەڵەبجە پۆست بارانكراوەو زۆرینەی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە لای پارتی و هاوئاوازەكانێتی". رێككەوتنی لایەنەكانی هەڵەبجە لە 2/9/2019 ئەنجومەنی پارێزگا 25 كورسی • لیستی خزمەت( یەكگرتوو 4 – كۆمەڵ 3) 7 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا • لیستی یەكێتی 6 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا • لیستی گۆڕان 5 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا • لیستی پارتی 3 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا • لیستی بزوتنەوە 2 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا • لیستی شیوعی و سۆسیالیست 1 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا • كاكەییەكان 1 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا بەرێوەبەرە گشتیەكان • لیستی خزمەت( یەكگرتوو 2 – كۆمەڵ 2) 4 بەڕیوەبەری گشتی • لیستی یەكێتی 4 بەریوەبەری گشتی • لیستی گۆڕان 3 بەریوەبەری گشتی • لیستی پارتی 3 بەریوەبەری گشتی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە * پارێزگاری هەڵەبجە - یەكێتی * جێگری پارێزگار - گۆڕان * جێگری پارێزگار - یەكگرتوو * قایمقامی ناوەند - گۆڕان * ناحیەی خۆرماڵ بكرێتە قەزا - پارتی * ناحیەی بیارە - گۆڕان * ناحیەی بەمۆ - سۆسیالیست * ناحیەی سیروان - كۆمەڵ