Draw Media

براوەی تەندەری نەوتی "حەسیرە" راگەیەندرا

براوەی تەندەری نەوتی "حەسیرە" راگەیەندرا

2021-02-03 20:39:51


 
(درەو):
بۆ یەکەمجار کۆمپانیایەک ئامادەیە بە زیانی خۆی و لەبەرژەوەندی حکومەتی هەرێم کارێک بکات، ئەمە چیرۆکی گرێبەستێکی گواستنەوەی نەوتە لە گەرمیانەوە بۆ هەولێر، کە گومانی دروستکردووە.

بۆ کێ دەرچوو ؟
کۆمپانیای (گازپرۆم)ی روسی، براوەی تەندەری گواستنەوەی نەوتی کێڵگەی "حەسیرە"ی ناوچەی گەرمیانی راگەیاند.
بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، تەندەرەکە بۆ کۆمپانیایەک دەرچووە بەناوی (جهانگیر) کە خاوەنەکەی کەسێکە بەناوی (بابان محەمەد)و چەند ساڵێکە لە بواری نەوتدا کاردەکات.
ئەم کۆمپانیایە بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک نەوت لە کێڵگەی "حەسیرە"ی گەرمیانەوە بۆ کێڵگەی "خوڕمەڵە" لەنزیکی هەولێر، بڕی (١٦ دۆلار)ی لێداوەو بەم نرخە تەندەرەکەی بۆ دەرچووە.
ئەم نرخە نوێیە بەبەراورد بە گرێبەستی پێشووی کە بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک بڕی (٢٧ دۆلار) وەرگیراوە، نرخێکی زۆر کەمە، ئەمە گومانی لەسەر پلانی کارکردنی ئەو کۆمپانیایە دروستکردووە کە تەندەرەکەی بۆ دەرچووە.
ئەم نرخە بۆ ئەوانەی چاودێری پرۆسەکە دەکەن لە کەمیدا پێشبینی نەکراوە، چونکە دەوترێت شۆفێری تانکەرەکان بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک نەوت بڕی زیاتر لە (١٦) دۆلار وەردەگرن (هەر تەنێک نەوت بریتییە لە ٧ بەرمیل)، سەرباری ئەمە ئەو کۆمپانیایەی تەندەرەکەی بۆ دەرچووە دەبێت بۆ هەر تەنێک بڕی لانی کەم (١ دۆلار) بدات بە کۆمپانیای رێکخەری شۆفێرو تانکەرەکان، لەپاڵ ئەم خەرجییەدا دەبێت بڕێک باجیش بدات بە حکومەتی هەرێم لەپای ئەو کارەی کە دەیکات، بەم خەرجییە زۆرانەوە کۆمپانیای (جهانگیر) ئەگەر هەر تەنێک بەبڕی (١٦ دۆلار) بگوازێتەوە، خەرجی کارەکەی لە داهاتەی زۆرتر دەبێت، واتە توشی زیانێکی ئابوری گەورە دەبێت و بەگوێرەی مەزەندەی (درەو) رۆژانە ئەم کۆمپانیایە بۆ هەر تەنێک بە خەرجییەکانی پێشترەوە، بڕی (٣٠ هەزار) دینار زەرەر دەکات.
ئەو نرخە کەمەی کە کۆمپانیای جیهانگیر بۆ وەرگرتنی تەندەرەکە لێی داوە، دوترێت تەنانەت لەو نرخەش کەمترە کە بەشی یاسایی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دیاری کردووە کە لەکەمترین ئاستدا (١٨ دۆلار)ە بۆ هەر تەنێک، ئەمە وای کردووە پێشبینی ئەوەبکرێت کۆمپانیاکە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی لەڕێگەی ترەوە لە نەوتی کێڵگەی "حەسیرە" سودمەند ببێت، بۆیە لەپێناو بردنەوەی تەندەرەکە بە کەمترین نرخ چوەتە ناو کێبڕکێکەوە.

لەبارەی تەندەرەکەوە
کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو (١٥) كۆمپانیا تەندەریان پێشکەش کرد بۆ وەرگرتنی گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان.
كۆمپانیای (گازپرۆمی)ی روسی کە نەوتی بلۆكی گەرمیان بەرهەم دەهێنێت، تەندەرینەکەی رێکخست.
گازپرۆم ئێستا رۆژانە نزیکەی (٣٠ هەزار) بەرمیل نەوت لە بلۆكی گەرمیان بەرهەم دەهێنێت، ئەمە گەورەترین بلۆكی نەوتیی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانییە.
نەوتی بلۆكی گەرمیان بە تانكەر دەگوازرێتەوە بۆ كێڵگەی نەوتی (خورمەڵە) لە نزیك هەولێر، لەوێشەوە دەخرێتە بۆری نەوتیی هەرێم و رەوانەی توركیا دەكرێت.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، پێشتر دەسەڵاتی پێدانی تەندرەی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان بۆ خورمەڵە، لای حكومەتی هەرێم بووە، بەڵام بەمدواییە لەچوارچێوەی گرێبەستێكدا لەگەڵ كۆمپانیای گازپرۆم، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەسەڵاتی تەندەرینی گواستنەوەی نەوتەكەی داوە بە گازپرۆم.
پێشتر كە دەسەڵاتی تەندرەین لای حكومەتی هەرێم بووە، گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان لە (حەسیرە)وە بۆ (خورمەڵە) دراوە بە كۆمپانیایەك بە ناوی (بلاك پۆڵ) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییەو خاوەنەكەی  پیاوێكە بەناوی (دانای حاجی ساڵح).
كۆمپانیای (بلاك پوڵ) پێشتر بۆ گواستنەوەی هەر تەنێك نەوت لە (حەسیرە)وە بۆ (خورمەڵە) بە تانكەر، بڕی (٣٦ دۆلار)ی لە حكومەت وەرگرتووە (هەرتەنێك نەوت حەوت بەرمیلە)، لەم پرۆسەیەدا كۆمپانیا (بلاك پوڵ) بۆ هەر تەنێك بڕی (١٠ دۆلار)ی بردووەو پرۆسەی گواستنەوەی نەوتەكەشی بە كۆمپانیایەكی تر كردووە بە ناوی (كیپ ئۆف ئۆیل) كردووەو بڕی (٢٦ دۆلار)ی بۆ هەر تەنێك بەو كۆمپانیایە داوە (زانیارییەکان باسلەوە دەکەن نزیکایەتی هەیە لەنێوان ئەو کۆمپانیایەی ئێستا کارەکە دەکات لەگەڵ ئەوەی تەندەرەکەی بۆ دەرچووە).
ماوەی زیاتر لە ساڵێكە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەسەڵاتی تەندەرینی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیانی داوە بە كۆمپانیای گازپرۆم، ئەوانەی ئاگاداری دۆسیەی نەوتن دەڵێن پێدانی دەسەڵاتی تەندەرین بە كۆمپانیا روسییەكە بەهۆی ئەوە بووە پێشتر ئەم دەسەڵاتە کە لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بووە، وەزارەت نەیتوانیوە بەباشی چاودێری تانكەرەكانی نەوت بكات و زۆرجار نەوت دزراوە، بۆیە وەزارەت كارەكەی داوە بە كۆمپانیا وەبەرهێنی نەوت تاوەكو خۆی گرێبەست بدات بە كۆمپانیاكان و لەڕێگەی دانانی كۆد لەسەر تانكەرەكان، رێگری لە دزینی نەوت بكات و چاودێری توندوتوڵ بكاتەوە.
ساڵی رابردوو كۆمپانیایەك بەناوی (EOT) نرخێكی زۆر كەمتری لە نرخی پێشوو لێداو گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیانی بۆ دەرچوو، ئەم كۆمپانیایە ئامادە بوو هەر تەنێكی نەوت بە (١٩ دۆلار) بگوازێتەوە، ئەمەش بە بەراورد بە گرێبەستی پێشووتر كە (٣٦ دۆلار) بوو، نرخێكی زۆر كەمتر لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكەوت، بەڵام كۆمپانیای (بلاك پوڵ) بەناوی داخوازی شۆفێری تانكەرەكانەوە كێشەی بۆ كاری كۆمپانیا (EOT) دروستكردو دواجار بەناچاری گرێبەستی كاركردنی (بلاك پوڵ) درێژكرایەوەو ئەمجارە بۆ گواستنەوەی هەر تەنێك نەوت بڕی (٢٨ بۆ ٣٠) دۆلاری پێدرا کە تائەم ساتە بەردەوامە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand