Draw Media

كۆبونەوەكانی گۆڕان‌و پارتی بەبێ باسی چاكسازیی

كۆبونەوەكانی گۆڕان‌و پارتی بەبێ باسی چاكسازیی

2021-01-27 16:02:34


 
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
(درەو) كۆنوسی چەند كۆبونەوەیەكی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دەستكەوتووە، لە هەموو ئەو كۆبونەوانەدا وەفدی گۆڕان داوای پڕكردنەوەی پۆستەكانی لە پارتی كردووە‌و بەهیچ شێوەیەك باسی ئەنجامدانی چاكسازی لە حكومەتدا نەكراوە، پارتی بەڵێنی بە گۆڕان داوە پۆستی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی پێبدات‌و شوێنێكی تر بۆ جەبار یاوەر بدۆزێتەوە، لە یەكێك لە كۆبونەوەكاندا، وەفدی گۆڕان داوای وەرگرتنەوەی پۆستی ئەو كەسانەی كردووە كە لەسەر گۆڕان دانراون‌و دواتر بوون بە پارتی.

كۆبونەوە لەپێناو پۆستدا
سێ مانگ دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، چووە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوە لەگەڵ تیمی پارتی.
لە سەرچاوەیەكەوە لەناو تیمی حكومەتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، (درەو) كۆنوسی ئەو زنجیرە كۆبونەوانەی نێوان تیمی گۆڕان‌و پارتی دەستكەوتووە‌و هەندێكیان بڵاودەكاتەوە.
بەگوێرەی ئەوەی لە كۆنوسەكاندا دەردەكەوێت، لەو كۆبونەوانەدا گۆڕان‌و پارتی تەنیا لەسەر پڕكردنەوەی پۆستەكان قسەوباسیان كردووە‌و بەهیچ جۆرێك نەچونەتەسەر بابەتی چاكسازی‌و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حكومەت.  

گفتوگۆ لەبارەی پۆستەكانی گۆڕان
رۆژی 14ی تشرینی یەكەمی 2019 تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت لەگەڵ تیمی پارتیدا كۆبوەتەوە، نوێنەرەكانی گۆڕان لەم كۆبونەوەیەدا بریتی بوون لە هەریەكە لە:
•    دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە
•    ئاكۆ حەمەكەریم راوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیران
نوێنەری پارتی لە كۆبونەوەكەدا بریتی بوون لە هەریەكە لە: 
•    ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
•    شەعبان شەعبان سكرتێری تایبەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت
بەگوێرەی ئەو كۆنوسەی كە لەبەردەستی (درەو)دایە، لەم كۆبونەوەدا، نوێنەرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەم داواكارییانەیان لە نوێنەرەكانی پارتی كردووە: 
•    بەدیهێنانی ئیستحقاقی بزوتنەوەی گۆڕان (پۆست) لە هەموو دامەزراوەكانی هەرێمدا بەتایبەتیش لە ئەنجومەنی شورا، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران‌و دەستەكان.
•    رێككەوتنی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێری نێوان گۆڕان‌و پارتی جێبەجێ بكرێت‌و ئیستحقاقی گۆڕان تەواو بكرێت.
•    تیمی پارتی لە حكومەت ئاماری سەرجەم بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكارەكان لە هەموو جومگەكانی دەسەڵات بدات بە گۆڕان نەك تەنیا ئاماری بەڕێوەبەرو راوێژكار لەناو وەزارەتەكان.
•    تیمی گۆڕان داوای پۆستی بەرپرسی سێ نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە لە دەرەوەی وڵات، لەوانە نوێنەرایەتی بەریتانیا‌و بەلجیكا. 
لەم كۆبونەوەیەدا تیمی پارتی لە حكومەت بەمشێوەیە وەڵامی داواكارییەكانی تیمی گۆڕانیان داوەتەوە: 
•    ئێمە تەنیا رێككەوتنی نێوان پارتی‌و گۆڕان جێبەجێ دەكەین‌و دەسەڵاتی دانوستانمان نییە‌و پێویستە ئەو پرسانە لەئاستی باڵادا یەكلایی بكرێنەوە. 
•    تیمی پارتی داوای ناوی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیان كردووە بۆ پۆستی بریكاری وەزارەتەكان‌و پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی‌و سەرۆكی سندوقی نەوت‌و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە.
•    تیمی پارتی وتویانە" پێویستمان بەكاتە بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ یەكێتی بكەین‌و داوامان لە یەكێتی كردووە دوو كەس دیاری بكەن بۆ ئەوەی لیژنەیەكی هاوشێوەی ئەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتیش دروست بكەین".
•    تیمی پارتی بەڵێنیانداوە لە دانیشتنی داهاتوودا ئاماری ژمارەی بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكارەكان بدەن بە تیمی گۆڕان.
•    تیمی پارتی وتویانە بەپێی بەركەوتی هەڵبژاردن، دوو نوێنەرایەتی دەرەوە بەر بزوتنەوەی گۆڕان دەكەوێت لە ئێستادا سوید‌و روسیا چۆڵە، گۆڕان دەتوانێت ناو پێشكەش بكات، تیمی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمەی رەتكردوەتەوە.

بەڕێوەبەرە گشتییەكان
بەگوێرەی ناوەڕۆكی ئەو كۆنوسە، لە هەرێمی كوردستان‌و لەسەر ئاستی وەزارەتەكان (120) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی هەیە‌و پۆستەكان تا ئەوكات بەمشێوەیە دابەشبووە:
•    (65) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لای پارتییە كە دەكاتە 54%ی تێكڕای پۆستەكان
•    (43) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لای یەكێتییە كە دەكاتە 36%ی تێكڕای پۆستەكان
•    (2) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لای بزوتنەوەی گۆڕانە كە دەكاتە 1%ی تێكڕای پۆستەكان. 
•    (1) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لای یەكگرتووی ئیسلامییە
•    (3) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لای مەسیحییەكانە
•    (1) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لای حزبی شیوعییە
بەگوێرەی ناوەڕۆكی ئەو كۆنوسەی كە تیمی گۆڕان لە حكومەت بۆ خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكەیان نوسیوە، پێشبینی دەكەن دابەشكاری پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكان لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەمشێوەیەی لێ بێت: 
•    (72) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بۆ پارتی‌و هاوپەیمانەكانی كە بەتێكڕا (54) كورسییان لە پەرلەمان هەیە
•    (28) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بۆ یەكێتی كە خاوەنی (21) كورسییە لە پەرلەمان
•    (16) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كە (12) كورسییان لە پەرلەمان هەیە
تیمی بزوتنەوەی گۆڕان نوسیویانە، بزوتنەوەی گۆڕان (16) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بەردەكەوێت، دوانیان ئێستا دەوام دەكەن (دارایی‌و بازرگانی)، سەرباری ئەمە دوو پۆستی تری بەڕێوەبەری گشتییان بەردەكەوێت، یەكێكیان لە (پەرلەمان)‌و ئەوی تر لە (فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە)، بەمشێوەیە بەوتەی ئەوان گۆڕان (18) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لە كابینەی ئێستای حكومەتدا بەردەكەوێت.

پۆستی راوێژكارەكان
هەر لەو كۆنوسەدا كە ئاڕاستەی خانەی راپەڕاندنی حزبەكەیان كردووە، تیمی گۆڕان لە حكومەت دەڵێن، لەسەر ئاستی وەزارەتەكان (74) پۆستی راوێژكار هەن كە بەمشێوەیە دابەشبوون:
•    (26) پۆستی راوێژكار لای پارتییە
•    (14) پۆستی راوێژكارلای یەكێتییە
•    (1) پۆستی راوێژكاری لای یەكگرتووە
•    گۆڕان هیچ پۆستێكی راوێژكاری نییە
•    (28) راوێژكار بەتاڵە
•    ئەوەی دەمێنێتەوە هی لایەنەكانی ترە
تیمی گۆڕان لە حكومەت ئەوكات وتویەتی پۆستی راوێژكارەكان بەگوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەمشێوەیە گۆڕانكارییان تێدا دەكرێت: 
•    (44) پۆستی راوێژكار بەڕێژەی 60%ی كۆی پۆستەكان، بۆ پارتی دەبێت
•    (17) پۆستی راوێژكار بەڕێژەی 23.3%ی كۆی پۆستەكان، بۆ یەكێتی
•    (10) پۆستی راوێژكار بەڕێژەی 13.3%ی كۆی پۆستەكان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان
تیمی گۆڕان لە حكومەت، لەناو كۆنوسی خۆیان لە كۆبونەوەكەیاندا لەگەڵ تیمی پارتی نوسیویانە، لەسەر ئاستی وەزارەتەكان بزوتنەوەی گۆڕان (10) پۆستی بەردەكەوێت لەگەڵ دوو راوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیران‌و سێ راوێژكاریشی لە پەرلەمان هەیە. 

ئەو گۆڕانانەی بوون بە پارتی  !
رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2019 جارێكی تر تیمی گۆڕان لە حكومەت لەگەڵ تیمی پارتی كۆبوەتەوە، بەگوێرەی ئەو كۆنوسەی لەبەردەستی (درەو)دایە، لەم كۆبونەوەیەدا، بەهەمان شێوەی كۆبونەوەی پێشتر (دانا عەبدولكەریم‌و ئاكۆ حەمەكەریم) نوێنەرایەتی گۆڕانیان كردووە‌و (ئومێد سەباح‌و شەعبان شەعبان) نوێنەرایەتی پارتییان كردووە.
تیمی گۆڕان لەم كۆبونەوەیەدا داوای ئەم شتانەیان لە پارتی كردووە: 
•    لەم هەفتەیەدا پارتی هەیكەلیەتی هەموو وەزارەتەكان بدات بە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكلاكردنەوەی پشكەكانی.
•    لە كۆبونەوەی داهاتوودا بزوتنەوەی گۆڕان ناوی هەموو كاندیدەكانی خۆی بۆ پۆستەكان كە یەكلابونەتەوە بدات بە وەفدی پارتی.
•    وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی كۆببێتەوە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەكان كە لە رێككەوتنەكەدا ناڕوونە یان باس نەكراوە، بەتایبەتیش نوسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە‌و ئیستحقاقی گۆڕان لە دامەزراوەكانی تر.
•    تیمی گۆڕان داوای گەڕاندنەوەی بەرپرسەكانی گۆڕانی كردووە لە حكومەت كە لە كابینەی پێشوودا پارتی لە پۆستەكان دەریكردوون، تیمی پارتی بەڵێنیداوە ئەم بابەتە لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت باس بكات.
•    تیمی بزوتنەوەی گۆڕان داوای وەرگرتنەوەی پۆستی ئەو راوێژكارانەی پەرلەمانی كردووە كە لەسەر پشكی گۆڕان لە خولی پێشوودا پۆستەكانیان وەرگرتووە‌و ئێستا بوون بە پارتی. 
•    تیمی گۆڕان داوای پشكی بەڕێوەبەری گشتییان كردووە لە پەرلەمان، تیمی پارتی پێی وتوون ئێستا یەك بەڕێوەبەری گشتی هەیە، كە كرا بە سیان دانەیەكیان دەدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان، لەو پێنج بەڕێوەبەرایەتییەی كە ئێستا لە پەرلەمان هەیە گۆڕان پشكی خۆی وەرگرتووە‌و لەمبارەیەوە تەنسیق لەگەڵ عەلی حەمەساڵح سەرۆكی ئەوكاتی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كراوە.
•    بۆ كۆبونەوەی داهاتوو بزوتنەوەی گۆڕان ناوی هەموو سزادراوە سیاسییەكانی ئامادە بكات بەمەبەستی گەڕاندنەوەیان. 

"شوێنێك بۆ جەبار یاوەر ئەدۆزینەوە" 
دوای چەند كۆبونەوەیەكی تر، رۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2019 سەرلەنوێ تیمی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی لە حكومەت كۆبونەتەوە، تیمی گۆڕان بە هەمان شێوە لە (دانا عەبدولكەریم‌و ئاكۆ حەمەكەریم) پێكهاتوون، بەڵام تیمی پارتی كەمی كردووە‌و ئەمجارە تەنیا (ئومێد سەباح) ئامادەیە. 
لەم كۆبونەوەیەدا، ئومێد سەباح بە تیمی گۆڕانی وتووە نوسراوی سزادراوە سیاسییەكانی گۆڕان ئامادەیە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆسەر كارەكانیان، بەڵام پرسیاری كردووە لەبارەی لیستێكی سزادراوان كە گۆڕان ئامادەی كردووە‌و ناوی (33) كەسی تێدایە، بە تیمی گۆڕانی وتووە" ئایا ئەمانە فەرمانبەرن یان كادری حزبی ؟"، ئاماژەی بەوەكردووە ناتوانن ئەو سێ ئەفسەرە بگەڕێننەوە چونكە ئەوانە سەربە عێراقن‌و لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە.
لەم كۆبونەوەیەدا، بەگوێرەی كۆنوسەكەی كە لەبەردەستی (درەو)دایە، ئومێد سەباح بەڵێنی بە تیمی گۆڕان داوە هەریەكە لە (هێمن ئەنوەر، عەلی بابەكر، هاوار رەئوف) كە سەربە گۆڕانن، بگەڕێنێتەوە بۆسەر كارەكانیان كە پێشتر دەركراون. 
سەبارەت بە پۆستەكانی تری گۆڕان لە حكومەت، ئومێد سەباح بە تیمی گۆڕانی راگەیاندووە" چاوەڕێمان بكەن با لەگەڵ یەكێتی دابنیشین، چونكە دەبێت ئاڵوگۆڕ بە هەندێك پۆست بكرێت، یەكێتی ئێستا سەرقاڵی كۆنگرەیە‌و ئامادەی دانیشتن نییە"، داوای كردووە بۆ خێراكردنی پڕكردنەوەی پۆستەكان كۆبونەوەی سیقۆڵی لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕاندا بكرێت. 
ئومێد سەباح داوای لە تیمی گۆڕان كردووە ناوی كاندیدەكانی خۆیان بۆ پۆستەكانی (سەرۆكی سندوقی نەوت)‌و (یاریدەدەری سەرۆكەی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی)‌و (ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە)، لەبارەی پۆستی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەوە كە تائێستاش جەبار یاوەر لەو پۆستەدایە، ئومێد سەباح بە تیمی گۆڕانی وتووە" كاندیدی خۆتان بنێرن ئێمە شوێنێك بۆ جەبار یاوەر ئەدۆزینەوە"، دوای زیاتر لەساڵێك لەو بەڵێنانەی كە لەم كۆبونەوەیەدا پارتی بە گۆڕانی داوە، هێشتا گۆڕان ئەو سێ پۆستەی پڕنەكردوەتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand